کاروان عەلی شامار ئەگەر بابەتی شرۆڤەی ئاڵنگارییەکانی ناوچەکە بکرێ، یەقین دەبی لەوەی بەھۆی لێدوان و کردەوەکانی بارزانییەوە کوردستان بەگشتی و دەڤەری سلێمانی بەتایبەت دەرگیری دەیان ئافاتی جۆراو بۆتەوە، وەلێ سەرباری ئەوانەش بەشێک لە بەرپرسانی زۆنی سەوز بێدەنگیان ھەڵبژاردوە ناوبەناو بۆ سپیکردنەوەی رویان لێدوانێکی شەرمنانە دەدەن. بەڵام سەنگاویەک کە ھەموو تەمەنی خۆی کردۆتە قوربانی بۆ حیزب و گەلەکەی حەتمەن وەک ئەوان نابێ و بەو میتۆدەی ئەوانیش نادوێ. لەمێژە ئەو فاکتە سەلمێنراوە کە ھەر جۆرە سەودایەک لەگەڵ پارتی زادەی ھزرو لۆجیک بێ ئەوا باتیلە، گومانی تێدا نییە لێدوانەکەی دوێنێی سەنگاوی لە ھەمبەر پارتی و ماڵبات، جگە لە کەمینەیەک لە بزنس و بەرژەوەندخوازو پۆستخوازەکان نەبێ، کە بازاریان شێواوە! بەکامی دڵی یەکێتیە دڵسۆزەکان بوو. کەواتە ئیدیۆمەکەی تەواو کاڵا بەقەد باڵای بارزانیە! سەنگاوی بە تەنھا خۆی بارتەقای ھەموو پارتی و ماڵباتی بارزانی خەبات و بەرخودانی کردوە، تەنانەت ئەوێ رۆژێ کە بریاری ئاشبەتاڵ دراو زیاتر لە (١٥٠) ھەزار چەکدار تەسلیمبونەوە، بارزانی وتی کاری من تەواو! ئەو لەگەل ھاورێکانی لە شۆرشی نوێدا خەباتی پارتیزانیان دەستپێکردو شاخەکانی کوردستانیان کردە دوا مەنزڵیان و دروشمی کەم ژیان و کەڵژیانیان دەگوتەوە، وە بون بەچراو جارێکی تر ئومێدیان کردەوە بەبەری نائومێدیدا! خولاصە، بێرێزی بەرامبەر محمود سەنگاوی بێرێزیە بەرامبەر بە ھەموو سەروەرییەکانی یەکێتی، چلۆن پارتی بە ھەموو ئیمکانیەتیەوە بەرگریدەکا لە بێمۆرالترین کادیرەکانی و دەیان بەکرێگیراویش ھاندەدا بۆ سوکایەتی بەکاک محمودەکان، دەبێ یەکێتیەکانیش نرخاندنیان ھەبێ و ئەرزش و ستایشی یەک لە سیمبولە جوان و دیارەکانیان بکەن
بەشی دووەم سەرکەوت شەمسەدین لە پەرلەمانی عێراق بە حوکمی پێگە دەستوریەکەی پەرلەمانتار ئەتوانێ بێ ئەوەی هیچ گرفتێ بۆخۆی دروست بکات و وەک فەرمانبەر دەوامی خۆی بکات، و خۆشی لە میدیا بەدور بگرێت و حزب چی پێوت هاوکاری بکات، خۆشی بە بێدەنگی ببێتە شەریکی تاڵانکاری و زۆرینەی خەڵکیش هەر نەزانێ کێن و چی دەکەن و بایەخیان چییە. هەر ئەتوانن بزانن لەو دەیان پەرلەمانتارە چەندیان لای خەڵک زانراون و پرۆژە و ئیشەکانیان دیارە؟ چەندیان ئامادەیە بە راشکاوی روبەروی زوڵم و تاڵانکاری ببێتەوە و ژیانی خۆی بخاتە مەترسی ئەو هەموو مافیایە بکاتە دوژمنی خۆی؟ بەڵام بۆ ئێمەمانان کە پێش سیاسەت و کاری پەرلەمانتاری ئەمسەنگەری دژ بە حوکمی بنەماڵە و دژ بە چەواشەکاری و تاڵانکاری سنگمان ناوە بە لولەی تفەنگەکانی دەسەڵات، ئێستا لە پێناو ئەو ئەرکەی پێمان سپێردراوە وەک نوێنەری خەڵک، لە پێناو قوتی هاوڵاتیان، لە پێناو مافی موچەخۆران، لە پێناو پارەی خوراوی خانە نشینان نەک ئاوڕ بۆ تەخوینکردن و پەلامارەکانی چەکلەکانتان نادەینەوە، بەڵکو ئێستا ئەزانین کە لەسەر رێگەیەکی حەقو دروستین. ئێستا ئەزانین کە چەکلەکانی حزب کەوتنە گیانمان ئنجا دەزانین ئەرکێکی ئاینی و ئەخلاقی و نیشتیمانمان جێبەجێکردوە وەلەسەر ئەم رێگەیەش بەردەوام ئەبین. هەنگاوەکانیشمان لە بەغداد ناوەستێ، بەڵکو شوێن کۆمپانیا و معتەمەدەکانتان ئەکەوین و ئەم چەند ساڵەی لێرەین ستراتیژمان گێڕانەوەی قوتی خەڵک و دەرهێنانیەتی لە دەستی ئێوە کە جگە لە قاچاغچییەکی بێ مۆڕاڵ هیچی تر نەبون. ئێوە وەزیر و وەکیل وەزیر وەر بگرن بۆ دەستخستنی گرێبەستی ملیۆنان دۆلاری و سەفقەی کرین فرۆشی پۆست و دەنگی پەرلەمانتارەکانتان بکەن، ئێمەش یەک بە یەک ریسەکەتان لێ ئەکەینەوە بە خوری و جێگەی موعەتەمەدەکانتان لە بەغداد دەلەرزێنین. دەبێت کارێک بکەین چیتر ئەو بێمنەتیەی کوردستان تان بیر بەینەوە. بەڵام بۆ ئەم کارە پشتیوانی خەڵک و کەسانی خاوەن ویژدانمان پێویستە، چونکە ئەوان بە هەموو هێزی خۆیان خەریکی دێواندنی ئێمەن و خەڵکی سادە و بەش مەینەت وا تێ ئەگەیەنن کە ئێمە کارێکی دژ بە ئەوان ئەکەین، بۆیە ئەم شەرە بە تەنیا ناکرێ و پێویستمان بە کۆمەکی بەرەی خەڵک و راستی یە لە بەرامبەر بەرەی چەواشە و تەخوین، چونکە ئەم هەنگاوانەی ئێمە هێشتا سەرەتایە. ئەم بەرەیە پێویستی بە کۆبونەوەی حزبی و رێکەوتنی پێنج قۆڵی و چوار قۆڵی نیە بەلکو پێویستی بە کۆبونەوە و کارکردنی هەمو ئەو دەنگانە هەیە کە دەسەڵاتی بنەماڵە، کە دژی چەتەگەری و خەونی نیشتیمانێکی هەیە کە نەوەکانمان شانازی پێوەبکەن، ئیتر ئە دەنگانە لە ناو پەرلەمانبن یان دەرەوەی پەرلان گرنگ نیە، چونکە ئەوەی نوسەرێک یان چالاکوانێکی سەربەخۆ و رۆژنامەنوسێکی ئازا ئەتوانێ بیکات زەحمەتە بە پەرلەمانتارێک بکرێت. ماویەتی...
گوڵاڵە سدیق کاتێک دەوڵەتێک (دەوڵەتە بەرخۆرەکان) پشت ببەستێت بەیەک سەرچاوەی سەرەکی بۆ داهات، ئەوا بە ئابوری ئەو دەوڵەتە دەوترێت ئابوری تاک سەرچاوە، هەمیشە سەرچاوەکان سروشتین و پێویستی بە ڕەنج یان تێکۆشانێکی زۆر نیە بۆ ساغکردنەوە و گۆڕینەوەیان بەپارەی نەختینەیی، وە هەمیشە سەرچاوەکان لەدەرەوەی دەوڵەتە بەرهەمهێنەکەوە ساغ دەکرێتەوە. لەزانستی سیاسی و تیۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان، لە دەوڵەتی تاک سەرچاوەدا دەسەڵات دەست دەگرێت بەسەر ئەو سەرچاوەدا بەشێوەیەکی قۆرغکاری مامەڵەی لەگەڵدا دەکات و هەر لە موڵکداریی و دابەشکردن و فرۆشتنیشەوە. ئابوری تاک سەرچاوە لەڕوانگەی هەندێ دەوڵەتەوە (دەوڵەتە بەرهەمهێنەکان) بە سەرچاوەیەکی دارایی یەدەک تەماشادەکرێت و بە خەزێنەیەکی دارایی گرنگی دادەنێن و هەمیشە کار لەسەر پاراستنی دەکەن، نەک بەکارهێنان و فرۆشتنی بەشێوەیەکی هەڕەمەکی و بێ بەرنامە. ئابوری تاک سەرچاوە بەپێی شێوازی ساغکردنەوەی بەرهەمەکە و بەدەستهێنانی داهات بە دوو شێوە پۆلێن دەکرێن: ١ـ داهاتی دەرەکی: مەبەست لەو ئابوریەیە کە بەرهەمەکە لەدەرەوەی دەوڵەتە بەرهەمهێنەکەوە ساغ دەکرێتەوە، ئەویش بەهۆی هەبونی ئەو جیاوازییە زۆرەی کە لەنێوان بڕی تێچون و داهات هەیە، وە ئەو جیاوازییە کارناکاتە سەر گرانبونی نرخ و بەدەستهێنانی سەرچاوەکە لەدەوڵەتە بەرهەمهێنەکەدا. ئەو سەرچاوانەی کە بەئابوری تاک سەرچاوەی دەرەکی هەژماردەکرێن بریتین لە: نەوت و غاز، کانزاکان، گەشتوگوزار، حەواڵە داراییە دەرەکییەکان، هاوکارییە دەرەکییەکان (کەلەڕێگەی ڕێکخراوەکانەوە دەدرێت بە مەبەستی کاروچالاکی بۆ دەوڵەتی سودمەند)، هێڵی گواستنەوە ستراتیجیەکان وەک ( نۆکەندە ئاوییەکان و هێڵەکانی گواستنەوەی نەوت و غاز لەڕێگەی وشکانی ئەو دەوڵەتانەی بۆرییەکەی پێدا ڕۆشتوە، هێڵی ئاسنی). دەوڵەت دەتوانێت بەهەر ڕێگەیەک لەم ڕێگایانە داهاتی دەست بکەوێت و لەناوخۆی وڵاتدا خەرجی بکات. داهاتی ناوخۆیی: مەبەست لێی ئەو داهاتەیە کەلەڕێگەی ساغکردنەوەی بەرهەمەکە لەناوخۆی وڵات دەست دەکەوێت ئەو بەرهەمانەی کە بەئابوری تاک سەرچاوەی ناوخۆیی هەژماردەکرێن بریتین لە خزمەتگوزارییە حکومیەکان، خزمەتگوزارییە بانکییەکان، وەبەرهێنانی خانوبەرە، خزمەتگوزارییە پیشەسازی و کشتوکاڵییەکان. لەناوچەکە بەگشتی و عێراق و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، دەوڵەت بۆ دابینکردنی بودجە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پشتی بە ئابوری تاک سەرچاوە بەستوە، بەتایبەت نەوت کە وەک تاکە سەرچاوەی داهات سەیردەکرێت بۆ خەمڵاندنی بودجە و پڕکردنەوەی پێداویستیەکانی دەوڵەت وەک داهاتی دەرەکی. وە هەرچی کۆمپانیاکانی خانوبەرە هەیە لەکەرتی تایبەتدا پشت دەبەستن بەو پارەی خزمەتگوزارییانە وەک داهاتێکی ناوخۆیی تاک سەرچاوە.
ئاراس فهتاح بهیاننامهكهی ئهمڕۆی بزوتنهوهی گۆڕان پرۆسهی "عاقڵبوون"ی كۆتایی ئهم رێكخراوه سیاسییهیه كه له دوای مردنی رێكخهره گشتییهكهیهوه به خێراییهكی ترسناك له عهقڵهوه بۆ غهفل و له ڕادیكاڵییهتهوه بۆ تهسلیبوون ههنگاو دهنێت. ئهم سیاسهته نوێیهی بزوتنهوهكه بهرجهستهكردن و بهدیهێنانی تهواوی ئهو گوتارهی پارتییه كه دهڵێت گۆڕانی دوای نهوشیروان عاقڵ دهبێت. سیاسهتی حیزبه كوردییهكان لهم چركهساته مهترسییدارهدا كه بێدهنگیی و سهركزكردن و خۆگێلكردن خهسڵهته سهرهكییهكانی پێكدههێنن، گهر نوزهیهكی تێدا مابێت، دهنگ و ماندووبوونی چهند پهرلهمانتارێكی تهرهكهوتووه له بهغدا و ههولێر. ئهم پهرلهمهنتارانهی ههندێ له هێزه سیاسییهكان كه ژمارهیان به پهنجهی دهست دهژمێردرێت، وهك جهنگاوهرێكی تهنهاكهوتوو دژ به خێزانییكردنی دهسهڵات و بهتاڵابردنی نهوت و مووچهی هاونیشتیمانیانیان له پهرلهمانی عێراق و ههرێم كاردهكهن و خهبات بۆ شهفافییهت و مافه خوراوهكانیان دهكهن. ههندێك له پهرلهمهنتارهكانی گۆڕان له بهغدا دهمێكه گۆشتێكی زیادهن به جهستهی سیاسیی بزوتنهوهكهیانهوه. ئهم بهیاننامهیهش هێمایهكی ئاشكرایه بۆ بڕینی دوا گۆشتی زیادهی سهر جهستهی سیاسیی گۆڕان له ساڵۆنی تهجمیلی پارتی دیموكراتی كوردستان و دروستكردنی كولتووری بێدهنگیی ناو گۆڕستانێكی سیاسیی. له ساڵانی ڕابردوودا لهگهڵ كاك مهریوانی هاوڕێم چهندین وتاری شیكارییمان لهسهر پرۆسهی گهشهكردنی ئهم بزوتنهوهیه و كێشهكانی نووسیوه. لێرهدا هێما به دوانیان دهكهم. له ساڵی ٢٠١٧ له وتارێكدا بهناوی (بزوتنەوەی گۆڕان: گیرخواردن لەنێوان گوتاری ڕوخاندن و ھیچنەکردندا) باسمان له بوونی ململانێكانی ناو بزوتنهوهكه كرد كه ئهوكات بهتهواوی یهكلانهبووبووهوه. ئهوكات نووسیمان: „بزوتنەوەی گۆڕانی دوای نەوشیروان مستەفا بووە بە ھێزێکی چەقیو لە نێوان رادیکالیزم و ھیچنەکردندا. بووە بە ھێزێک کە لە نێوان ھیوایەکی موغامیرانەی بیرلێنەکراوە و بێھیواییەکی شکستپەرستدا قەتیسماوە. بزوتنەوەیەکە لە نێوان خواستی ریفۆرمی بنەڕەتیی تا ئاستی شۆڕشکردن و لە نێوان ترسان و بوون بە برابچووک و سەیرکەرێکی وەڕسبووی ڕووداوەکاندا گیریخواردووە. بەبۆچوونی ئێمە کێشەی سەرەکیی ئەم بزوتنەوەیە گریخواردنیەتی بەدەست ئەم دابەشبوونەوە؛ دۆشدامان و چەقبەستن لەنێوان بژاردە پەڕگیرەکاندا. ھەندێکیان پێیان وایە یان ئەوەتا دەبێت ھێزی ئەوەت ھەبێت بتوانیت سەری ڕەش و دەباشان بگریت، یان کە ئەوەت نییە لەسەر مۆدێلی یەکگرتوی ئیسلامیی لەبەردەم خواستەکانی دوو بنەماڵەکەی ناو پارتی و یەکێتیدا، نووچبدەیت. چەقین لەنێوان ئەم دوو دۆخە پەڕگیرەدا بنبەستیی سیاسیی ئێستای بزوتنەوەی گۆڕانە. ئەمەش تەواو ناکۆکە بە سیاسەتکردن وەک چالاکییەکی عەقڵانیی، سیاسەتی عەقلانیی ھەرگیز ھەڵبژاردن نییە لەنێوان دووجۆر لە بژادەی پەڕگیردا. بەڕای ئێمە لەنێوان شۆڕش و تەسلیمبووندا زۆر کردەی سیاسیی و کۆمەڵایەتی و میدیایی ھەیە کە پێویستە بکرێت، بەڵام ئەمە نەک ھەر نەکراوە بەڵکو بیریشی لێنەکراوەتەوە.“ لهدواوتاریشماندا بهناوی (بزوتنەوەی گۆڕان: شكستی نوخبەیەکی سیاسیی نوێ) باسمان له ساغبوونهوهی ئهم ململانێیه كرد و شیكاری ئهوهمان كرد كه „بزوتنهوهی گۆڕان بوو بە وێنەیەکی تری پرۆژەی دروستکردن و بەھێزکردنی خێزانە سوڵتانییەکانی ناو ھەرێم. نوخبە سیاسییە تازەکەی ناو گۆڕانیش بەشێوەی جیاواز لەم پرۆژەیەوە ئاڵاون“... لهدیدگای ئێمهدا „لەماوەی دە ساڵدا گۆڕان لە ھێزێکی سیاسیی تازە و ڕادیکاڵەوە گۆڕا بۆ ھێزێکی نیمچە سوڵتانیی کە تەوریسی سیاسیی بەشێکی زۆری ئاکار و جوڵە و ھەڵوێستە سیاسییەکانی دەستنیشاندەکات. بهبۆچوونی ئێمه بزوتنهوهی گۆڕان به مانا سیاسییه تهقلیدییهكهی خیانهتی له ستراتیژی ههنووكهیی و سیاسهتی ئێستای خۆی نهكردووه، بهڵكو به پێچهوانهوه زۆر ڕاستگۆیانه پهیڕهوی ئهو سیاسهته نوێیهی تهوریسی سیاسیی و بهخێزانییكردنی حیزب دهكات كه لهدوای مردنی نهوشیروان مستهفاوه بۆی ماوهتهوه. ئهم كولتووره له داهاتوودا تهنها متمانهی دهنگدهر به ئهخلاقیی سیاسیی و چهمكی ئۆپۆزیسیۆن لهقناكات، بهڵكو كۆی پرۆسهی سیاسیی و خهباتی پهرلهمانتارییش دهخاته ژێر پرسیاری گهورهوه.“
ئاریان فەرەج پاش سەردانی پارتی، مەسرور بارزانی سەردانی سلێمانی كرد، جیا لە یەكێتی و گۆڕان، چووە دیدەنیی كاكە حەمەی حاجی مەحمود و حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستانیش. سەردان و كۆبونەوەكەی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو لەگەڵ پارتی، نە چاوەڕوانیی لای رای گشتی دروست كرد و نە نەتیجەكەشی نائاسایی بوو، ئاخر پارتی جیا لە پەرۆشیی بۆ هەرچی زووتر پێكهێنانی كابینە، لە دەستنیشانی كاندیدەكانیشیدا بێ كێشە و دەستوبرد و ئاسانكارە و بۆیەش دەكرێ بگووترێت، رۆژی یەكەمی هەنگاوەكان لە سەردانی سلێمانییەوە دەسپێكرا. ئاماژەكانی رۆژی یەكەم، بە گشتی ئومێدبەخش بوون. لایەنەكان جددییەتیان بۆ ناردنی سی ڤی كاندیدانیان لە وادەی دیاریكراودا نیشان دا، جیا لەوەی تەئكیدیان لە پابەندبونیان بە رێكەوتنەكانیان لەگەڵ پارتی كردەوە كە بەرەنجامی چەند مانگێك گفتوگۆی چڕوپڕ و لە هەندێك قۆناغیشدا بەكێشە و بێشەبوون، مەسرور بارزانی دیدارەكانی بە گرنگ ناوبرد و لەو بارەیەوە گووتی: لە دیدارەكاندا ئەو هەستەمان بەدیكرد كە هەمووان خوازیارن كابینە لە وادەی خۆیدا رابگەیەنرێت. بابەتی كەركوك كە لە یەك لە دیدارەكاندا، پێدەچێ بابەتی باس بووبێت، هەوڵ دەدرێت پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت چیتر ئاستەنگ و دوانەخات، ئەو پرۆسەیەی كە سەرۆك وەزیرانی راسپیردراو لە توێتێكدا ناویناوە( بەجێگەیاندنی ئەركی هاوبەشی هەمووان). مەسرور بارزانی لەو بارەیەوە دڵنیایی بەخشی و یەك لە ئەندامانی وەفدە هاوڕییەكەشی تەئكیدی كردەوە كە پارتی پابەندی هەموو رێكەوتنەكانە لەگەڵ یەكێتی كە یەك لەوانە تایبەتە بە ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك بە دانانی پارێزگاریشەوە، ئەو كەركوكەی كە پارتی گەر لە خەڵكی دیكە بۆی پەرۆشتر نەبێت، لەوان كەمتر پەرۆشی نییە. كەواتە گەر ئاستەنگ نەیەنەپێش، لایەنەكان لە یەكلاییكردنەوەی كاندیدەكانیاندا پرۆسەكە مەحتەل نەكەن، رێكەوتن و تەفاهوماتی پێشتر، بایی هێندە زەمینەخۆشكەرن كە لە وادەی یاساییدا و بەر لەوەش كە پەرلەمان داخڵی پشوو بێت، كابینەی نوێ متمانە وەرگرێت و دەستبەكار بكات. ئاماژەیەكی دیكەی رۆژی یەكەم، یەكلاییكردنەوەی وەزیری شەهیدان بوو بۆ حزبی سوسیالیست، ئەو هەنگاوەی رای گشتی و هەموو كوردپەروەران و شەهیدپەروەران دەستخۆشی و ئافەرینیان لێكرد، پەیام و تەعبیرێكی پڕ مەغزاش بوو لە دید و تێڕوانینی پارتی و سەرۆكی راسپێردراوی كابینەی نوێ.
ئاری محهمهد ههرسین له ئهنجامی شهڕی ناوخۆ له ساڵهكانی نهوهد، ههرێمی كوردستان بو به دوو ئیداره. له دوای پڕۆسهی ڕزگاركردنی عێراق له ساڵی ٢٠٠٣ باس له یهكگرتنهوهی ئهم دوو ئیدارهیه دهكرێت. قهوارهیهكی جوگرافی سیاسی (ئیتر دهوڵهتكی سهربهخۆ بێت یان ههرێمێك) چوارچێوهیهكی تهعریف كراوه كه له ڕوی دهزگای ههواڵگری، سوپا، ئابوری و پهیوهندیهكانی دهرهوه مهركهزیهتی تێدا بهدیدهكرێت. ئهو مهركهزیهتهیه كه یهك ئیدارهیی لهو دهوڵهته یان لهو ههرێمهدا دهڕهخسێنێت. با بزانین له ههرێمی كوردستان یهك ئیداره ههیه یان دوان؟ دهزگای ههواڵگری: دهزگای پاراستن و زانیاری كه دوو ناوهندی ههواڵگرین له ههرێمی كوردستان ههتا ئێستا یهكیان نهگرتۆتهوه. بڕواناكهم بۆ ڕاستی و دروستی ئهم قسهیه كهس پێویستی به بهڵگه ههبێت. سوپا: ئێمه له ههرێمی كوردستان وهزارهتێكمان ههیه بهناوی وهزارهتی پێشمهرگه، بهڵام نه وهزیری پێشمهرگه و نه سهرۆكی ههرێم (كه به قانون فهرماندهی گشتی هێزه چهكدارهكانه)، دهسهڵاتیان بهسهر ههموو هێزه چهكدارهكانی ههرێمی كوردستاندا نیه. به نموونه یهكهی ٧٠ و ٨٠ فهرمان له دوو مهرجهعی جیاواز وهردهگرن. به ههمان شێوه بهرگری و فریاكهوتن و هێزهكانی زێڕهڤانی (كه ههردوكیان سهر به وهزارهتی ناوخۆنى) دوو مهرجهعی جیاوازیان ههیه. وابزانم بۆ ئهمهشیان پێویست به بهڵگه هێنانهوه ناكات. ئابوری و ژێرخانهكهی: سهرچاوهی سهرهكی داهاتی ههرێمی كوردستان فرۆشتنی نهوت، داهاتی تری ناوخۆ (به پلهی یهك خاڵه سنوریهكان) و بهشه بوجهكهمانه كه له بهغداوه دێت و، خهرجی سهرهكی حكومهتی ههرێم به پلهی یهكهم مووچهی فهرمانبهرانی ههرێمه. تهنیا ئابوریهكی هاوبهش و یهكگرتوو كه لهم ههرێمهدا ههبێت دابهشكردنی مووچهی ئهو لهشكره فهرمانبهرهیه كه له ئهنجامی نهبوونی یهك ئیدارهییهوه دروست بوه. پتهوكردن و پهرهپێدانی ژێرخانی ئابوریش لهمدیو و ئهودیوی دێگهڵه بهبهرچاوی ههموانهوه دیاره، كه نهك ههر وهك یهك نیه، بهڵكو لێكچونیان زۆر لهیهكهوه دووره. پهیوهندیهكانی دهرهوه: بهپێی قانون و ڕێساكان دهبوو ههرچی پهیوهندیهكانی ههرێمه لهگهڵ دهرهوهدا و لهگهڵ حكومهتی ناوهند له ڕێی سهرۆكایهتی ههرێم و فهرمانگهی پهیوهندیهكانی دهرهوه بێت. بهڵام هیچ ههماههنگیهك له نێوان پهیوهندیهكانی دهرهوهی ئیدارهی سلێمانی و حكومهتی ههرێمدا نیه و، یهك ئهجێندا و یهك تێگهیشتن له گۆڕێدا نیه. ئیتر پێویست ناكات هیچ كهسێك ههڕهشهی دوو ئیدارهیی بكات. چونكه له ئێستادا دوو ئیدارهیی بوونی ههیه و تهنیا ئهوهیه به فهرمی ڕانهگهیهندراوه. ئێمهمانانیش كه له ڕابوردودا باسی دوو ئیدارهیمان دهكرد، تهنیا داواكار بووین به فهرمی ڕابگهیهنرێت، بۆ ئهوهی ههر ڕۆژه و كهسێك ههڵنهسێت ههڕهشهی دوو ئیدارهیی بكات و میللهتهكهمان توشی دڵهڕاوكێ بكات.
محەمەد گەردش بانێکەو دوو هەوا، ئەمە حاڵی هەرێمەکەمانە لەزۆرێک لە ئاستەکاندا، وەک بە یاسایکردنی شتی نایاسایی یان ئاسایکردنی شتی نائاسایی، کە بۆتە دیاردەیەکی وەها، بەشێوەیەک لەبری ئەوەی بیر لە بنبڕکردنی بکرێتەوە، بەڵکو بەپێچەوانەوە لەلایەن بەرپرسەکانەوە بیر لە برەوپێدانی ئەکرێتەوە. بەشێوەیەکی گشتی ئەو نەخۆشانەی ڕوو لە نەخۆشخانە ئەکەن حاڵەتەکانیان دووجۆرە، یەکێکیان حاڵەتی کتوپڕە کە بەحاڵەتی (گارئە) ناسراوەو دەسبەجێ پێویستی بە چارەسەرە، کە ئەگەر چارەسەرکردنی دوابکەوێ باری تەندروستی خراپتر ئەبێ. ئەوی تریان ئەوانەن کە بە حاڵەتی ئیستیشاری ناسراوە، ئەمانە دەکرێ چارەسەرکردنیان دوابکەوێ بێ ئەوەی ناساغیەکەیان زیادبکات. بەگشتی هەر لەسەر ئەم بنەمایەشە کە نەخۆشخانەکان تایبەت دەکرێن بە وەرگرتنی ئەو دوو حاڵەتە، واتە نەخۆشخانەی تایبەت بەحاڵەتی کتوپڕ کە نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن ئەگرێتەوە، وە نەخۆشخانە ئیستیشاریەکان بەجیا. بەڵام سەیر لەودایە ئەوە بۆ ماوەی چەند ساڵێکە دیاردەی تێکەڵاوکردنی ئەو دووحاڵەتە جیاوازە لەیەک نەخۆشخانەدا بەدی دەکرێت کە بۆتە هۆی سەرلێشێواندنی نەخۆش لەلایەک و کارمەندانیش لەلایەکی دیکە، لەبەرئەوەی شێوازی هەڵسوکەوت و چارەسەری هەریەک لەو دووحاڵەتە تایبەتمەندیی خۆی هەیەو لەحاڵەتی تێکەڵبوونیدا مافی یەکێکیان دەدرێت بەوی تر. ئەم دیاردەیەش لەژێر ناوی کردنەوەی بەشی ئیستیشاریە لەو نەخۆشخانانەدا کە تایبەتن بەحاڵەتی کتوپڕ، لەکاتێکدا کە دەبوو (بەشێوازی ئاسایی) ئەو حاڵەتانە نەخۆشخانەی تایبەت بەخۆیان هەبێت و جیاوازبن، نەک تێکەڵبکرێت بەنەخۆشخانەکانی فریاکەوتن، دواتریش (لەبەر عەیبە) لەسەر قائیمەی مانگانەکەی بەپارەی هاوسەرگیریی ناوببرێ نەک پارەی ئیستیشاری. ئەم ئیستیشاریانەش بەهەر بەهانەیەک دروستکرابن، ئێستا بۆنچڕوکی گەندەڵیی لێ بەرزدەبێتەوەو بۆتە هۆی ئیستیغلالكردنی کەرتی گشتی بۆ بەرژەوەندی تایبەت، بەوپێیەی نەخۆشخانە حکومیەکان بە بیناو ئامێرو کەرەستەو زۆرجاریش کارمەندەکانیشی خراونەتە خزمەت ئەو بەناو ئیستیشاریانەوە. ئەم گەندەڵیەش لەو کاتانەدا زەقتر دەبینرێ کە ئامێرو کەرەستەکان لەکار دەکەون، کەچی هیچ بودجەیەک لەبەردەستا نابێت بۆ چاکردنەوەیان، لە کاتێکدا هەر بە خودی ئەو کەرەستانە مانگانە چەندین ملیۆن دینار داهات پەیدا دەکرێ . گەندەڵیی ئەم بەناو ئیستیشاریانە هەر بەوەوە نەوەستاوە، بەڵکو هەندێ جار ئەو پزیشکانەی (بۆ نمونە) کاری تێدا دەکەن، لەو پزیشکانەن کە لەپێشدا نۆرینگەی تایبەت بەخۆیان هەبووە، بەڵام لەبەر کەمیی داهات و زۆریی خەرجی، دەهێنرێتە یەکێک لەم بەناو ئیستیشاریانەو مانگانە چەند ملیۆن دینارێک (جگە لە موچەکەی) وەردەگرێ بێ ئەوەی هیچ مەسرەفێکی بکەوێتە سەرشان، هەموو ئەمانەش لەکاتێکدایە کە (ڕەنگە) ئەو نەخۆشخانەیە پێویستی بەو جۆرە پسپۆڕیە نەبێ. لەوەش خراپتر ئەوەیە کە نەک پزیشکی پسپۆڕ بەڵکو ئەو پزیشکانەی کە هێشتا لەقۆناغی خوێندندان و پسپۆڕیان وەرنەگرتوەو لە نەخۆشخانەکاندا (کە نەخۆشخانەی فێرکارین) ئەوانیش پارەی ئەو جۆرە ئیستیشاریانەیان بۆ بڕاوەتەوە، کە بێگومان هەمووی لەسەر حیسابی گیرفانی نەخۆش لەلایەک و موڵکی گشتی (کەخۆی لەنەخۆشخانەی حکومی و ئامێرو کەرەستەکانیدا) لەلایەکی دیکە، دەبینێتەوە. جا مەینەتی نەخۆش هەرئەوەنیە، بەڵکو مەینەتی ئەوکاتە دەسپێدەکات کە ئەوجۆرە پشکنینەی بۆ دەنوسرێ کە ناسراوە بە (ئەشیعەی تەنوریی)، چونکە ئەگەر لە بەیانیاندا بۆی ئەنجام بدەن (کە کاتی دەوامی حکومیی پزیشک و کارمەندە) ئەوا سەرەی چەند مانگێکی بۆ دائەنرێت، بەڵام ئەگەر نەخۆشەکە بیەوێ زوو بۆی ئەنجام بدرێ، ئەوا هەمان نەخۆش لە هەمان نەخۆشخانە لەلایەن هەمان پزیشک و کارمەندەوەو لەمان ڕۆژدا بۆی ئەنجام ئەدەن، بەڵام پارەی وەسڵەکەی دەبێتە نزیکەی سێ ئەوەندەی بەیانیان و تائێستاش چارەنوسی ئەوپارانە وەک مانگی پشت هەور وایە. کە ئاشکرایە هەموو ئەمانە لەژێر پێناسەی گەندەڵیدا جێیان دەبێتەوە کە بریتیە لە بەکارهێنانی موڵکی گشتی و حکومی بۆ بەرژەوەندیی تایبەت. لەگەڵ ئەوەشدا لەبری بنبڕکردنی ئەم گەندەڵیە، ئێستا دەنگوباسی کردنەوەی زیاتری ئەم بەناو ئیستیشاریانە لەئارادایە لە نەخۆشخانەی شارو مناڵان لە سلێمانی (بۆ نمونە)، یان تەرخانکردنی هەندێک لەبەش و کارمەندەکانیان، بەبێ ڕەزامەندیی کارمەندەکان، لەکاتێکدا کارکردن لە ئیستیشاریە فەرمیەکاندا ئیختیاریە نەک ئیجباریی. هەر بەهۆی ئەم بەڵای بەناو ئیستیشاریانەوەیە کە دەرمانێکی زۆرو هەروەها پشکنینی بێ سود بۆ نەخۆش دەنوسرێ، کە هەم دەرمانەکان بەفیڕۆ دەچن هەم ڕێژەی پشکنینی نێگەتیڤ (واتە هیچی تیا دەرنەکەوتوە) چەند هێندە زیادی کردووە، کە سەرەنجام دەبێتە هۆی بەهەدەردانی سامانی گشتی بەڕێژەی چەند هێندە. سەیر لەوەدایە بۆ دەبێ کارەکانی ئەم (حکومەتە) هەر دەبێ تێکەڵ بەگەندەڵیی بکرێ ؟! یانی نەدەکرا هەر نەخۆشخانەو ئیشی تایبەت بەخۆی بکا، یان کەسێ نەبوو بەم بەرپرسانە بڵێ ئەم ئیشەتان ڕووی حکومرانیی هەرێمەکەتان ناشرینتر ئەکات، وەک لە قورئاندا هاتووە ( أَڵیۡسَ مِنكُمۡ رَجُلٞ رَّشِیدٞ) . وەک دەوترێ: قولی ڕەش و سپی لە بواردا دەردەکەوێ، با بزانین کابینەی نوێ (کە پێکهات) لەگەڵ پارلەمانتاران ئەمجارە لایەک لەم گەندەڵیە دەکەنەوە یان ئەوانیش لەسەر بنجی خۆیان ئەڕوێنەوە !
سەرتیپ جەوهەر پێكهێنانی حكومەتی هەرێم گەیشتووەتە دووڕیانێكی سەخت، گەیشتووەتە رۆژی خۆی و تێپەڕیووە، ئەگەر نەتوانرێت رێكەوتنەكە وەكو خۆی جێبەجێبكرێت، بەدڵنیاییەوە كاریگەریی راستەوخۆ و روونی دەبێت لەسەر كۆی بارودۆخی سیاسی و حوكمڕانیی لە هەرێمی كوردستان. ئەو رێگرییەی هەیە روونە، ئەگەر كاندید بۆ پارێزگاری كەركوك دەستنیشان نەكرێت، ئەوا پێكهێنانی حكومەت بە عەمەلی رووبەڕووی گرفتی جددی دەبێتەوە، تاكە رێگریش لەبەردەم كردنەوەی ئەم گرێیە، بەلاڕێدابردن و خۆدزینەوەی لایەنی سەرەكیی راسپێردراوە بۆ پێكهێنانی حكومەت لە چارەسەری ئەو پرسە! هۆكارەكەیشی بێگومان روونە، بۆیە دەبێ پێشبینی كاردانەوە و ئاڵۆزبوونی دۆخەكە بكرێت. تائێستا وەك ئەوەی دەبینرێت وادەردەكەوێت ئەو لایەنە هیچ پڕۆژە یان دەریچەیەكی بۆ چارەسەری كەركوك لەدوای شكستی ریفراندۆمەوە پێ نەبێت، هیچ وەڵامێكی بۆ لێكەوتەكانی ریفراندۆم و رووداوەكانی دواتر پێ نەبێت، دوای ئەو دۆخەش كەبەسەر كوردستان بەگشتی و كەركوك بەتایبەتیدا هات، ئاساییە سێبەری ئاڵای عیراق شەقامەكانی پایتەخت تاریك بكات و لەئاست سرودی نەتەوەیی و نیشتمانیی «ئەی رەقیب» كڕو كپی ببینین! خراپتر لەمەش ئێستا كە گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم دەكرێت، یەكێتی مەرجی یەكلاییكردنەوەی پارێزگاری كەركوكی خستۆتەڕوو، هیچ كام لەوانەی كە پێشتر بەدروشمی نەتەوەیی و ئاڵای كوردستان و سەربەخۆییەوە كردبووە بنێشتە خۆشە، هیچ هەڵوێستێكیان لەبارەی چارەسەركردنی پرسی كەركوكەوە نییە! هێشتا روون نییە گرفت و گرێی دانانی پارێزگاری كەركوك تێدەپەڕێت یان نا، بەڵام كەركوك لەبەردەم بارودۆخێكی زۆر مەترسیداردایە، مەترسییەكە تەنها بوونی حاكمێكی عەرەبی بە وەكالەت نییە كە بڕیارو رەفتاری شۆڤێنیستانە دەدات و دەردەكات، بەڵكو ئەو واقیعەیە كە 18 مانگی داهاتوو رووبەڕووی ئەو شارە دەبێتەوە. یەكەمیان بەهۆی كارانەبوونی ئەنجومەنی پارێزگاكەوە بەهۆی ئامادەنەبوونی فراكسیۆنی پارتی لە لیستی برایەتی، ئەگەری سەرپشككردن و پێدانی دەسەڵات بە راكان سەعید (پارێزگاری بەوەكالەت) بە خەرجكردن و مامەڵەپێكرنی ئەو بودجە گەورەیەی پارێزگای كەركوكە كە بە سەدان ملیۆن دۆلار مەزندە دەكرێت! پێشبینی دەكرێت راكان بەشێكی گەورەی ئەو بودجە گەورەیە لە خزمەتی پڕۆژەی شۆڤینزمی عەرەبیی و دووبارە تەعریبكردنەوەی ئەو شارەدا خەرج بكات و ئەو پارەیە تەخشان و پەخشان بكات و زیانێكی گەورە بە ئایندەی كورد لەكەركوك بگەینێت. دووەمیشیان، بڕیارە لە 2020 سەرژمێریی گشتیی لە عیراق بكرێت، بێگومان ئەگەر ئیدارەی شارەكە بەدەست كوردەوە نەبێت، چارەنووسی كوردستانی بوونی كەركوك دەكەوێتە دۆخێكی زۆر مەترسیدارەوە بەتایبەتی لەئێستاوە هەوڵی زۆر هەیە كە دەستكاریی تۆماری نیشتەجێبوون و گێڕانەوەی عەرەبی هاوردە بۆ شارەكە. بەدڵنیاییەوە لەوانەیە دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك لەم قۆناغەدا، كۆی گرفت و كێشەكانی كەركوك چارەسەر نەكات، بەڵام خۆ دەتوانێت بەشێك لە كێشەكانی كەركوكی روبەڕوو بكرێتەوە و هەوڵەكانی داگیركردنی زەویی كوردو گواستنەوەی فەرمانگە و گۆڕینی بەڕێوبەرانی كورد رابگرێت، هەروەك پۆلیسی شارەكە لەژێر فەرماندا دەبێت و بەشێك لە جموجۆڵی شارەكەی دەكەوێتە دەست، بەڵام ناكرێت لە دوورەوە بەبێ هیچ بیانوویەك یان پڕۆژەیەك، یان بوونی دەنگی جەماوەریی لە شارەكە! رێگریی لە دانانی پارێزگار بكرێت!
كەمال چۆمانی لەناو پارتیی و یەکێتییدا، دەستەواژەیەک لەبارەی هەردو سەرۆکەکەیان زۆر بەکاردەهێنرێت؛ هەردوکیان لەبارەی جۆری سیاسەتکردنی ئەو دو سەرۆکەیان بە 'سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک' پێناسە دەکەن. یەکێتییەکان و پارتییەکان پێیان وایە سەرۆکەکەیان سیاسەتی حەکیمانەیان پەیڕەو کردوە بۆیە ئەو دوانە بەیەکەوە باشتر کێشەکانیان چارەسەردەکردن. ئەمەش تەنانەت وای لە قوباد تاڵەبانیی کردوە بە دیار خەمی چارەسەرکردنی کێشەکانی یەکێتیی و پارتییەوە، پەخشانە-نامەیەک بۆ باوکی کۆچکردوی بنوسێت. یان نێچیرڤان بارزانیی لە گوتاری سەرۆکایەتییدا زۆر جەخت لە 'سیاسەتی حەکیمانە'ی سەرۆکەکەی بکاتەوە. هەروەها مەسڕوڕیش پێیوایە درێژەپێدەری 'سیاسەتی حەکیمانە'ی باوکی دەبێت. زۆر بە کورتی: سیاسەتی حەکیمانەی تاڵەبانیی و بارزانیی، تەنها سیاسەتی شەڕنەکردن بوە. واتا، ئەو دو بەڕێزە، لەلایەن لایەنگرانیانەوە بونەتە خاوەنی چەمکی 'سیاسەتی حەکیمانە' تەنها لەبەرئەوەی؛ - لە ١٩٩٢ هەڵبژاردنێکی گاڵتەجاڕییانە ئەنجامدەدەن، دواتریش نەتیجەکان قبوڵناکەن. رێکدەکەون کە حکومەتی فیفتی-بە-فیفتی پێکبێنن. دواتر تێهەڵدەچنەوە و دەست بە شەڕی ناوخۆ دەکەن و هەزاران کەس لە یەک دەکوژن، دەیان هەزار کەس ماڵوێران و دەربەدەر دەکەن، دیلی شەڕ دەکوژن. - پێکەوە لە ١٩٩٨ شەڕیان راگرتوە و چیتر یەکتریان نەکوشتوە. - لە ٢٠٠٥ حکومەتی هەرێم یەکیگرتۆتەوە و بارزانی گوتویەتی دەبێت سەرۆکی هەرێم بێت وەک خۆی دەیەوێت، لە بەرانبەردا تاڵەبانییش بۆتە سەرۆک کۆمار. - دواتر رێککەوتننامەی ستراتیژییان کردوە و کوردستانیان بەتەواوی دەستەڵاتدارێتیی -هەرێم و بەغداد و دەرەوە- و سەرچاوە سروشتییەکانیان دابەشکردوە بە رێژەی پەنجا-بە-پەنجا.. ئەو دو بەڕێزە کێشەکانیان چارەسەرنەکردون، بەڵکو قەیران و کێشەکانیان بە قەیران و کێشەی تر تێپەڕاندون. سیاسەتی حەکیمانەی ئەو دو بەڕێزە ئەوەیە دۆخێکی هێند خراپیان بۆ گەلی کوردستان دروستکردوە کە بە سیاسەتی 'یەکتر نەکوشتن و شەڕنەکردن' بڵێین 'سیاسەتی حەکیمانە.' لەو پۆستەی فەیسبوکدا، تەنها ویستم چەند خاڵێکی جەوهەریی لە مێژوی سێ دەیەی رابردوماندا ئاماژە پێ بکەم کە چۆن 'سیاسەتی حەکیمانە'ی ئەو دو بەڕێزە مێژوی ئێمەیان بۆ سێ دەیەی تریش وێران کردوە، ئەگەرنا، دەتوانین تەواوی سیاسەتی ئەو دو بەڕێزە هەڵبسەنگێنین لەدوای ١٩٩٢ کە چۆن کوردستانیان توشی ئەو قەیرانانە کرد، دواترینیشیان 'سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک' لە مەسەلەی ریفراندۆمدا.
زانا تۆفیق بەگ زۆرن ئەو بۆچوون و خوێندنەوە و لێکدانەوانەی لەسەر ئاستی دونیا بۆ کاندیدکردنی کەسانی ھەواڵگری بۆ پێکھینانی کابینەی حکومەت ھەیە. بەشێکیان زۆر بە قووڵی بە ھەنگاوێکی بە ھێز و پتەوی دە زانن بۆ دروست کردنی حکومەت، بەشەکەی تریان بە پێچەوانەی ئەو بۆ چوونەوەن، بە پاساوی ئەوەی کە گوایە دە بێتە ھۆی بەرتەسک کردنەوەی مەوداکانی ئازادی رێگری لە بیروبووچوونی ئازاد و دروست کردنی سیستەمێکی (میلیتێر) واتە سەربازی. ھەوڵدەدەم لە پشت ھەردوو بۆچوونەکەوە لێکدانەوە و باری سەرنجی خۆم بۆ شێوازی دروستکردنی دەزگاکانی سیستەمی بەڕێوەبردن و ئامادەسازی بۆ دروستکردنی کابینەی نوێ ھەرێم لە لایەن بەرێز (مەسرور بارزانی ) بخەمە ڕوو. ١. ڕە نگە گرنگترین خاڵ کە نا چاربین ئاماژەی پێ بکە ین برتییە لە و پاڵنەرانەی لە کا بینەی نوێ دا پێویستە گوڕانکاری بە سەر فوڕمی کابینەی حکومەت دا بکرێت. لە شێوازی بەڕیوەبردنی دەزگاکانی ئەم کا بینە نوێ یە جیاوازتر بێت لە قۆناغی کارکردنی بەرێز (نێچرڤان بارزانی) لە ڕوو چۆنایەتییەوە نەک چەندایەتی چۆنکە کابینەی پێشوتر توانا ی ڕووبەڕوو بوونەوەی کێشە سیاسیەکانی ناو خودی دەزگاکانی حکومەتی نەبوو. بە تایبەتی لە بیروکراتیەتی خزمەتگوزاری ھاووڵاتیان شێوازی سیستەمی کارکردنیدا، ئەم کێشەیە ببووە ھۆکاری بێ بڕوایی و تاقەت پڕۆکێنی ڕۆتیناتی کاری دەزگاکانی حکومەت بۆ ھاونیشتمانیان نەمانی بێ متمانەی لە بەرامبەر کابینەی ھەشت و تیمی ئەنجومەنی وەزیرانی پێشوو. ٢.دەزگای چاودێری دارایی لە کابینەی پێشودا ڕاپۆرتەکانی لەلایەن سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران تەنانەت پەرلەمان ھیچ نرخ و سەنگێکی وای نەبوو چۆنکە بە پێی دوا ڕاپۆرتی( ڕقابەی مالی) سەبارەت بە ھەدەردانی سامانی گشتی زیاتر لە دووھەزار کەیسی گەندەڵی رووبەڕووی دادگا کراوەتەوە نە دەزگای جێ بەجێ کردن نە پەرلەمان وەکو دەزگایەکی تەشریعی چاودێری بە دواچوون و فشاری بۆسەر دەزگاکانی حکومەت نەکردوە، پێویستە لەم کابینە دا دەزگاکانی چاودێری دارایی ھاوتەریب لەگەڵ دەزگاکانی جێبەجێ کردن مولاحەقاتی یاسایی ئەوخەڵکانە بکرێ کە تۆمەتبارن بە دوسیەی گەندەڵی. ٣. پێداگری لەسەر ئەو ڕاستییەی کە ئایا بەرێز (مەسرور بارزانی ) تا چ ئەندازەیەک دە توانێت ڕووبەڕووی ئەو تەنگەژەو ئاستەنگانە ببێتەوە کە وەکو میراتێکی کە ڵکە بووی کابینەکانی پێشوترە بۆی بەجێ ماوە . یەکێک لەو جیاکاریانەی بەرێز (مەسروربارزانی) لەگەڵ کابینەکانی پێشوودا ھەیەتی جگە لەوەی کە لە ناو پارتی خاوەن بڕیاردەرێکی موتڵەقە، ھاوکات بەرپرسی دەزگایەکی ھەستیاری وەکو ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمە. ئەم پیاوە وورد و درشت ئاگاداری ھەموو ئەو تەحەدیانەیە کە لەو دیو سنورەکانی ھەرێمی کوردستان دینە ناوەوە، ھاوکات مەلەفی زۆربەی زۆری ئەو بەرپرس و کەسایەتیانەی کە تێوەگلاون لە دزی کردن و کاری جاسوسی و بە ھەدەردانی سامانی نیشتمان لە ناو وەزارەتەکان دەزگاکانی سەربە ئەنجومەنی وەزیران چەندان کۆمپانیا و کاری بازرگانی ساختە لە ناو پڕۆژەکانی کابینەی پێشوتردا . لە دیدی منەوە بۆ ئەوەی سەرەتایەکی موفەق و متمانەدار ھەبێت لای ھاونیشتمانی دەبێت جگە لەوەی کە کاری جدی بکات بۆ دروست کردنی رێژەیەکی نیسبی لە عەدالەتی نیشتمانی و دروست کردنی ژێرخانێکی تۆکمە بۆ بەرز کردنەوەی ئیکۆنۆمی تاک لە کوردستان، چۆنکە جگە لەوەی کە خاوەنی کۆمەڵێ تایبەتمەندێتی تری ھەیە بۆ ئەوەی لە خاڵی سەرکەوتن و جێبەجێ کردنی ئەجندای کارەکانی نزیک بێتەوە وەکو ئەوەی کە خاوەن تەجرەبەیەکی زیاتر لە دەساڵ کارکردنی کاری کۆکردنەوەی زانیاریە لە ناو دەزگاکانی ئەنجومەنی ئاسایش و ھەڵگری بڕوانامەی گەورەترین زانکۆکانی دونیایە لە شاری (واشنتن ستی) ئەم باکگراونەدە دەتوانێت کاری زور گرنگ و جدی بکات بۆ نزیک بوونەوە لە ئامانجی داھاتووی حکومەتی ھەرێم بە مەرجێک ئەو تیمە نزیکانەی کە لەگەل بەرێزی داکار دەکەن دیسانەوە لە تیمە کۆنەکانی ڕابووردوو نەبن، چۆنکە کاری نوێ پێویستی بە کۆمەڵی پێداویستی نەوعی نوێ ھەیە بۆ ئامانجێکی دیارکراوی سەرکەوتوو کەجیاوازتر لەوانەی پێشوو.
+ د. دیاری ئەحمەد مەجید لێكۆڵینەوە دەربارەی (نوخبەی سیاسی) ( Political elite)یەكێكە لەو مەیدانە گرنگانەی زانستی كۆمەڵناسی سیاسی، كە گرنگیەك و سەنگ و بایەخ و پێگەیەكی تایبەتی هەیە، لەبەرئەوەی نوخبەی سیاسی ڕۆڵێكی ئێجگار گەورەو كاریگەر دەبینێت لە ئاڕاستەكردن و بەڕێوەبردنی زۆر كایەی ژیانی كۆمەڵ، پێش هەموویان سیاسەت ئینجا بۆ سەرجەم بوارەكانی تر : هەر لە ئابوری و سیستەمی حوكمڕانی و دەستنیشانكردنی میكانیزمەكانی دروستكردنی بڕیار و دامەزراوەی یاسایی و دادگەری تا دەگاتە كایەی ڕۆشنبیری و ئایدیۆلۆژیا و بیرو باوەڕ و دیاریكردن و لەچوارچێوەدانی كولتوری سیاسی كۆمەڵگا. نوخبە وەك گوتمان كارەكتەرێك یان كارەكتەرگەلێكی ڕۆڵكاریگەر و جێدەست دیار و بڕیاردەری سەرجەم كایەكانی ژیانی سیاسی كۆمەڵە، جا لەبەرئەوەی هەر كایەیەكی ژیانی كۆمەڵ بگریت نوخبەی تایبەت بە خۆی هەیە; وەك نوخبەی سیاسی، نوخبەی ئایینی، نوخبەی ئەدەبی، نوخبەی وەرزشی، نوخبەی هونەری .....هتد، هەر كامێكیان لە كۆمەڵدا ڕۆڵی تایبەت بە خۆی دەبینێت لەو مەیدانەدا، كە تیایدا شارەزایە و پێیەوە خەریكە. بۆ نمونە: نوخبەی ڕۆشنبیری ڕۆڵی كاریگەر دەبینێت لە كایەی ڕۆشنبیری و كۆمەڵی مەدەنیدا، دەبێت ئامانج لە كارەكانی پێشخستن و بەرگریكردن بێت لە بیروڕاو ئازادیەكانی، لە ڕۆشنبیری و برەوپێدانی. بەهەمان شێوە نوخبەكانی تر هەریەكەیان جێدەست و ئەرك و پێگەی دیاریكراوی خۆیان هەیە . بەگشتی نوخبە لەم سەردەمەدا بۆتە باسێكی گرنگ كە سەدان لێكۆڵینەوەی لەبارەوە دەكرێت و دەنووسرێت، هەر لەبەر ئەو گرنگیەشە لە ئێستادا ئەم باسە چیتر تایبەت نەماوە بە زانستی كۆمەڵناسی سیاسیەوە بە تەنها، بەڵكو بۆتە جێگەی بایەخی لێكۆڵینەوەكانی بوارەكانی سیاسەت بەگشتی و ئابوریناسی و كۆمەڵناسی و زۆر مەیدانی تریش. تێڕوانین بۆ نوخبە و دروستبوونی بەپێی بیر و ئایدیۆلۆژیا و سیستەم و كولتورە سیاسیە جۆراوجۆرەكان دەگۆڕێت. لای چەپ و سۆشیال دیموكراتەكان نوخبە مانا و واتا و ئەركێكی جیاوازی هەیە وەك لەلای ڕاستڕەو و كۆنخوازەكان ونابێت بیریشمان بچێت، كە بە ڕێگەو شێواز و میكانیزمی جیاوازیش دروستدەبن. بەهەمان شێوە لای بیری ئایینگەرایی و هەندێ لە سیستەمە كۆمەڵایەتیە جیاوازەكان نوخبە ماناو شێوازی دەركەوتنی جیاوازی هەیە. ئاشكرایە فەزاو مەوداو ئاستی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئایینی و پەروەردەیی و زانستی كۆمەڵگاش زۆر گرنگن بۆ پەیدابوون و گەشەسەندنی نوخبەو چۆنێتیان و تێڕوانین بۆیان، بۆ نمونە; لە فەزای نەبوونی دیموكراسی و ئازادیدا نوخبە بە شێوازێك درووست دەبێت و ئەركی بۆ دیاری دەكرێت جیاواز لەو ئەتمۆسفێرە سیاسیانەی ئازادی و دیموكراسی تیا بەرقەرارە. یان نەبوونی ژیریاری (وعی) و ئاستی خوێندەواری و ڕۆشنبیری نزم یان بەرز ، ڕۆڵی گرنگ دەگێڕن لە شێوازی پەیدابوون و مامڵەدا لەگەڵ نوخبە و كارەكتەرە كاریزماییەكانیدا. دیارە لەناو نوخبەشدا كەسانی خاوەن كاریزما پەیدادەبن، جا سەرۆكی ووڵاتە هی كۆمەڵێكی ئیتنی یان ئایینیە یان هێزێكی سیاسیە، توانا جۆراوجۆرەكانی ئەو سیفەتەی پێدەبەخشن، گەر ئەو توانایانە خۆڕسكبن ( زانا ولێزان و زیرەك و قسەزان و بیرمەند...)، یان لە ڕێگەی هێزەوەبن (دەسەڵات و هێزی سەربازی و پارە و میدیا ....)، لەوێشەوە كولتوری ”بە بتكردنی سەركردە” یان پەرستنی درووست دەبێت ئەوی پێیدەڵێن (Leadership cult). ئەم جۆرە كولتورە زۆرتر لەناو ڕژێمە دیكتاتۆریەكان و كولتورە باوەكاندا زاڵە و درووست دەبێت یان دەسەپێنرێت، بۆ نمونە; لەسەردەمی ڕژێمە كۆمۆنیستەكانی سۆڤیەت و چین و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و ڕژێمەكانی ووڵاتانی عەرەبی و زۆر شوێنی تری جیهاندا، لەڕێگەی دەستگاكانی ڕاگەیاندن و كولتوری سیاسی سەپێنراو و سیستەمی پەروەردەیی ئاڕاستەكراوی ئایدیۆلۆژیەوە ”خۆشەویستی و ڕێزی سەركردە” فەرز دەكرا بەسەر هاووڵاتیاندا. بۆ ئەو مەبەستەش چەندین میتۆدی جیاجیا پەیڕەو دەكرا، وێنە هەڵواسین و پەیكەر دروستكردن و ناونانی شوێن و ووتنەوە و نووسینی ووتەكانی سەركردە و بڵاوكردنەوەی لە شوێنە گشتیەكاندا و بە مانشێتكردنی لە دەستگاكانی مێدیادا. زۆر جار تەنانەت ئەو كاتانەی كە خۆیان، واتە سەركردەكان هێشتا لە ژیاندا بوون. لەهەمان كاتدا یاساغكردنی هەموو جۆرە ڕەخنەگرتن و گاڵتەپێكردن و باسكردن بەخراپەی سەركردە و دانانی سزای گەورە لەسەر پێشێلكارانی، بۆ ئەوەی ئەو كارەكتەرانە بچوك نەكرێنەوە (ستالین، هیتلەر، ماوتسی تۆنگ، سەدام.....) لەو نموونانەن. لە هەمان كاتدا شایانی وەبیرهێنانەوەیە، كە لەگەڵ ئەو حاڵەتەی سەرەوەدا، هەندێ ساتەوەختی مێژوویی هەیە، كە تیایدا سەركردەو كەسایەتی كاریزمایی وا دەركەوتوون، كە هیچ جۆرە دەسەڵاتێك و هێزێكی ماددیان نەبوە، بەڵام لەگەڵ توانا خۆڕسكەكانیاندا لە ڕێگای ئاكار و كار و كردەوە جوانەكانیان و پەیامە مرۆڤایەتیەكانیانەوە، توانیویانە هێز و كولت و گەورەیی و ڕێز و خۆشەویستیەكی زۆر بۆ خۆیان بەدەست بێنن و هەڵسوكەوتیان ببێت بە ڕێباز و نموونە بۆ ئاكار و لاساییكردنەوەی نەوەكانی دوای خۆیان ( غاندی، جیڤارا، مارتین لوتەر كینگ، ماندێلا ......). ماوەتەوە بڵێین لە كۆمەڵە دواكەوتوەكاندا لەگەڵ خۆسەپاندنی بەزۆری نوخبەو كاریزماو ڕێباز بەسەر كۆمەڵانی خەڵكدا، لەڕێگەی دیكتاتۆریەتەوە لە لایەك و لە ئەنجامی نەبوونی ژیریاری (وعی) كۆمەڵ و بوونی بەرژەوەندی ماددی گەورەی چەند توێژێكی سەربەدەسەڵات لە لایەكی ترەوە، كولتوری بت دروستكردن و پەرستنی كەس و سەركردە و تەنانەت كەسوكاری سەركردەكەش دروست دەبێت لەژێر ناوی بەردەوامی ”ڕێباز” ەوە، یان ”ئاڵا هەڵگرەوە” یان بە ناو و نازنازی ترەوە، كە جگە لە سەپاندنی دەسەڵات و فریودان و هەڵخەڵەتاندن و بەردەوامیدان بە گەندەڵی و هەوڵدان بۆ پاراستنی بەرژەوەندی شەخسی و خێزان، هیچ تروسكاییەكی شانازی لەو ڕێبازەدا نابینرێت، یان ئەوەی كە جوانیش بوە بەهۆی زۆر ئاكاری ناشرینەوە سڕاوەتەوە. ئاخر كاتێك كردار و ئاكاری سیاسەتمەدارێك و مێژووەكەی دەبێت بە ڕێباز و قوتابخانە بۆ نەوەی داهاتوو، كە بەلایەنی كەمەوە بەشی زۆری جێگەی شانازی زۆربە بێت، داهێنانی نوێی تیادابێت، كولتورێكی پێشكەوتووی داهێنابێت، بەهای مرۆڤانەی بەرهەم هێنابێت، پەیامێكی جیهانانەی بەخشیبێت، مێژوو پێوەی خەریك بێت، نەك لەسەر بنەمای دۆگمای عەقائدی و دواكەوتنی كوێرانە و دەروێشایەتی ناعەقلانیانە و نالۆژیكانە بۆ حیزب و سەركردە و نوخبەكەی، یان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ماددی هەوڵ بدرێت قودسیەت و شەرعیەت بە ”سەركردە” و ”ڕێبازەكەی” بدرێت. غاندی و جیڤارا و مارتین لوتەر كینگ و ماندێلا قوتابخانەیان داهێناوە و پەیامی مرۆڤانەیان هەڵگرتوە، بوونەتە ڕێباز ، نەك میللەتەكانی خۆیان لەسەری دەڕۆن، بەڵكو هەموو جیهان و مرۆڤایەتی شانازیان پێوە دەكەن و هەوڵ دەدەن لەسەر ڕێچكەی ئەوان بڕۆن و میللەتان بە ئاواتەوەن سەركردەیەكی وایان تیا هەڵكەوێت، نەك ئەوانەی ”ڕێ-باز” ئاسا (لەسەر ڕیتمی كۆترباز و مێباز ....)، بازی (یاری) بە سیاسەت و خەباتەوە بكەن و لە هەموو بەهایەك بەتاڵیكەنەوە و بیكەن بە بازرگانی تەنها بۆ بەرژەوەندی خۆیان و كەسوكاریان و چواردەورەكەیان و دەستوپێوەندەكانیان، ئینجا بە خەبات و ڕێبازیش بە میللەتی بفرۆشنەوە. پێموایە كاتی ئەوە هاتوە بە سەرجەم ئەو درووشم و زاراوانەدا بچینەوە، كە چەندین دەیەیە میللەتێكیان بەلاڕێدابرد و پێهەڵخەڵەتاند و ئیتر بەراووردێك بكەین لە نێوان ”ڕێ-باز” و ”ڕێباز”دا.
هانا چۆمانی پەرلەمان وەک گەورەترین دەستەڵات لەهەرێمی کوردستان، ناکرێت ببێتە شوێنێک بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادی راگەیاندن و ئازادی رادەربڕین و رخنە، چونکە ئەو خۆی ئەو یاساییەی دەرکردوە کە رۆژنامەنوسان ئازادن و هەروەها لە کوردستانیش نابێت کەس لەسەر کاری رۆژنامەنوسی دەستگیربکرێت و ئازادی تاک و مافەکانی مرۆڤیش پارێزراوبن، جگە لەوە یاسای بەدەستهێنان مافی زانیاری دەرکردوە، کەچی کار بەو یاساییە وەک خۆی ناکرێت!. ئەگەر لە وەزارەتێک یا فەرمانگەیەک کە لێرسراوی یەکەمی سەر بەهەر لایەنێک بێت ، ئەوا تارادەیەک راهاتووین کە ئەگەر رێگریکردنیش بکرێت، لەسەر حیزبەکە هەژمار دەکرێت، بەڵام ئەی ئەگەر لە پەرلەمانی کوردستان ئەوە رووبدات لەسەر کێ هەژمار دەکرێت؟! چونکە زۆرینە حیزبەکان لە پەرلەمانن و نوێنەر و فراکسیۆنیان هەیە. لەسەردەمی بەڕێزان عەدنان موفتی و کەمال کەرکوکی و ئەرسەلان بایز و یوسف محمد و جەعفەر ئیمنیکی هاوکاری زۆری رۆژنامەنوسان کراوە سەرەڕای تێبینیەکان، بەڵام ئەم خولە جۆرێک جیاکاری و بەرتەسککردنەوەی کاری میدیایی هەیە لە پەرلەمانی کوردستان لە بەرژوەندی چەند کەناڵێک و میدیاکرێکی دیاریکراو کە هیچ خولێک بەوجۆرە نەبووە بە شایەدی رۆژنامەنوسانیش ئەوە ئێستا گەشتوتە ئاستێکی خراپ. رۆژنامەنوس و میدیا و کامێرامان هەیە لە پرسگەی یەکەمی پەرلەمان روماڵ و وێنەگرتن دەکات هەتا ژووری سەرۆک و جێگرەکان هیچ رێگریەک نیە، کەچی لەولاوە دەیان میدیاکاری تر داوادەکەن کە تەنیا بڕۆنە لای فراکسیۆنەکان، کەچی دەڵێن موافەقەی ئەمنی دەوێت و برۆن بیهێنن و کەچی هەر رێگەنادەن، بەجۆرێک ناتوانت تەنیا بەبێ مۆبایلیش بچیتە ناو پەرلەمان نەک بە کەل و پەلە رۆژنامەوانیەکانەوە . لە دانیشتەکانی چەند مانگی رابردووی پەرلەمانی کوردستان ، دەبوو ئێمە لەدەرەوە چاوەروانی رەحمەتی پەرلەمانتارێک بکەین تا بێتەخوارە و لێدوانێک بدات کەچی میدیا و میدیاکار هەیە تا ئەوسەری پەرلەمان بەبێ وەستان دەڕوات کەس لێی ناپرسێت بۆ؟ئێمە نازانین پەرلەمان بۆ وای لێهاتووە؟ کە دەشپرسین بۆ دەڵێن موافەقەی هەیە. ئێستا لەم خولەی پەرلەمان بەداخەوە ئەمنیەتێکی توند هەیە لە ناو پەرلەمان و هیچ کاتێک وەک ئێستا نەبووە وئەگەر دۆخەکە وا بەردەوام بێت لەپەرلەمانی کوردستان شتێک بوونی نابێ بەناوی ئازادی کاری میدیایی و مافی دەستکەوتنی زانیاری وە باسی ئەوش ناکەم کە تا ئێستا رۆژنامەنوسان لەو دەزگا گەورەیە شوێنیکی شیاویان نیە بۆ دانیشتن و لێدوان وەرگرتن و چاوپێکەوتنی رۆژنامەوانی، هاوشێوەی پەرلەمانەکانی تری وڵاتانی دەوروبەر و تەنانەت بەغداش.
د. سەنگەر سەید قادر ١-ئێران جمی كارتەری لە سەرۆكایەتی ئەمەریكا دورخستەوە: تەنها لە دوای چەند مانگێك لە ڕووخانی ڕژێمی شای ئێران بەهۆی ئەوەی ئەمەریكا پێشوازی لە شای ئێران كرد و ڕێگەی دا بچێتە ئەمەریكا، وەك ناڕەزاییەك ژمارەیەك لە خوێندكارانی زانكۆ لە ١٩٧٩/١١/٤ باڵوێزخانەی ئەمەریكایان لە تاران گەمارۆدا و ٥٢ كارمەندی ئەمەریكی باڵوێزخانەكەیان بۆ ماوەین٤٤٤ ڕۆژ بە بارمتە گرت جیمی كارتەری سەرۆكی ئەوكاتی ئەمەریكا لەو كاتەدا هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بوو لە ئەمەریكا بۆیە هەوڵی دا لە ئۆپەراسیۆنێكی نهێنی دا بارمتەكان ئازاد بكات و لە ١٩٨٠/٤/٢٤ پێنج فرۆكەی هەلیكۆپتەری نارد بۆ ڕزگار كردنی بارمتەكان بەڵام پێنج فڕۆكەكە تێكشكێنرا و ١١ سەربازی ئەمەریكی بە دەستی ڕژێمی ئێرا كوژران و پرۆسەی ڕزگار كردنەكە شكستی هێنا دواتر لە ١٩٨١/١/١٩ بەپێی ڕێكەوتنامەی جەزائیر لە بەرامبەر پارەدا بارمتەكان ئازاد كران شكستی پرۆسەی ڕزگار كردنەكە و كوژرانی سەربازە ئەمریكیەكان توڕەی زۆری لای هاوڵاتیانی ئەمەریكی دروستكرد و بەوهۆیەوە جیمی كارتەر هەڵبژاردنە سەرۆكایەتیەكەی ساڵی ١٩٨٠ شكستی هێنا لەبەرامبەر ڕۆناڵد ڕیگاندا كە دواتر ئەم ڕووداوە بە ڕووداوی ( نەفرەتەكەی ئێران ) لەسەر جیمی كارتەر ناسرا ٢-ئێران ٢٤١ سەربازی ئەمەریكی لە بەیروت كوشت: لە دوای ئەو ڕوداوە سەرەڕای هاتنە سەركاری ڕۆناڵد ڕیگان بەڵام پەیوەندیەكانی ئەمەریكا و ئێران زیاتر ئاڵۆزبوو بەهۆی هاوكاری ئەمەریكا بۆ ڕژێمی سەدام لە جەنگی عێراق-ئێران دا، وەك تۆڵەكردنەوە ئێران بەهاوكاری حیزبوڵای لوبنان هێرشیان كردە سەر كەشتی گەلی و بنكە سەربازیەكانی ئەمەریكابەیروت لە هێرشەكەدا ٢٤١ سەربازی ئەمەریكی كوژران كە هێرشە بە خوێناوی ترین هێرشی تیرۆرستی دادەنرێت دژی هاوڵاتی و سەربازانی ئەمەریكی لە دوای هێرشی ١١ سێبتەمبەرەوە، دوای هێرشەكە ئەمەریكا ناچاربوو هێزەكانی لە لوبنان بكێشێتەوە و هاوكاریەكانیشی بۆ سەدام كەم بكاتەوە ئەو ڕووداوەش بوو بەشكستێكی گەورە بۆ ڕۆناڵد ڕیگانی سەرۆكی ئەمەریكا. دواتر لە ساڵی ١٩٨٨ لەسەروبەندی كۆتای هاتنی شەڕی عێراق و ئێراندا بۆ تێكدانی گفتوگۆ و دانوستانەكانی ڕاگرتنی شەڕ لەنێوان ئێران و عێراق كەشتی فڕۆكە هەڵگری (ڤینسن) ئەمەریكا لەڕێگەی موشەكەوە فڕۆكەیەكی نەفەرهەڵگری ئێران لە ئاوەكانی كەنداو خستە خوارەوە بەوهۆیەوە ٣٠٠ سەرنشینی فڕۆكەكە بونە قوربانی، ئەمەریكا دەیویست عێراق مەتبار بكات بەڵام شكستی هێنا و دانی بەهێرشەكەدا ناو ڕایگەیاند بەهەڵە فڕۆكەكەی كردوەتە ئامانج دوای ١٢ ساڵ و لە ساڵی ٢٠٠٠ كەشتی فڕۆكە هەڵگری ڤینسن كە فڕۆكە ئێرانیەكەی كردبووە ئامانج لە كەناراوەكانی بەندەری عەدەنی تەمەن كرایە ئامانج و بەوهۆیەوە ٢٢ سەربازی ئەمەریكی كوژران و كەشتی فڕۆكە هەڵگری ڤینسن تێكشكا، كە ئێران تۆمەتباركرا بەوەی لەپشت هێرشەكەووبووە. دوای ساڵێك لەوهێرشە ڕووداوەكانی ١١ سێبتەمبەر ڕویاندا، كە هەردوو تاوەری بازرگانی جیهانی لە نیۆرك بە فڕۆكە هێرشیان كرایەسەر و تەقینرانەوە، ئەگەرچی لەوكاتەدا ڕێكخراوی قاعیدە بەرپرسیارێتی هێرشەكەی گرتە ئەستۆ، بەڵام بەپێی ئەو بەڵگانەی كەلە ماڵەكەی ئوسامە بن لاندا لەدوای كوشتنی لەساڵی ٢٠١١ دۆزرانەوە ئێران هاوكاری قاعیدەی كردوە لە هێرشەكانی ١١ سێبتەمبەردا، محمد عەتای داڕێژەری پلانی هێرشەكە پێش هێرشەكان چەند جارێك سەردانی ئێرانی كردوە *ئێران شكستی بە پلانی دوو جۆرج بۆشی كوڕ و باوك هێنا : ئێران وەك چۆن لە پشت شكستی جیمی كارتە و ڕۆناڵد ڕیگانەوە بوو ئاواش لەپشت شكستی پلانی جۆرج بۆشی باوكەوە بوو بۆداگیركردنی عێراق لەساڵی ١٩٩٠، چونكە لەدوای دەرپەڕاندن و تێكشكاندنی سوپای عێراق لە كوەیت ئەمەریكا دەیویست عیراق داگیر بكات بەڵام لەكاتی نزیكبوونەوەی هێزەكانی سوپای ئەمەریكا لەشاری بەسرە شیعەكانی باشوری عێراق بەهاوكاری ئێران ڕاپەڕینیان كرد بەوهۆیەوە ئەمەریكا پلانی داگیركردنی عێراق و ڕووخاندنی ڕژێمی سەدامی ڕاگرت چونكە ئەمەریكا مەترسی ئەوەی هەبوو ئێران دەست بەسەر عێراقدا بگرێت بەڵام دوای ١٣ ساڵ جۆرج بۆشی كوڕ ئەوهەڵەیەی ئەنجامدا كە جۆرج بۆشی باوكی ساڵی ١٩٩٠ خۆی لێ پاراست، ساڵی ٢٠٠٣ لە چوارچێوەی پلانی ستراتیژی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورەدا ڕژێمی صەدامی ڕووخاند بەوەش ئیران بەهاوكاری شیعەكانی هاوپەیمانی بەتەواوی دەستی بەسەر عێراقدا گرت و چەندین میلیشیای چەكداری دروستكرد كە دژی ئەمەریكیەكان دەجەنگان كە دیارترینیان جەیشی مەهدی بوو كە بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژانەمەی واشنتن پۆست زیاتر١٢٠٠ سەربازی ئەمەریكی بەدەستی میلیشیاكانی هاوپەیمانی ئێران كوژراون، پڕۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورەی جۆرج دەبلیوبۆش شكستی پێهێنراو ساڵی ٢٠١٠ ئەمەریكا بەناچاری لە عێراق كشایەوە وێستگەیەكی تری ململانێكانی ئەمەریكا و ئێران سوریای دوای ساڵی ٢٠١١ و بەهاری عەرەبی بوو لەسەردەمی دەسەڵاتی باراك ئۆبامادا، كە ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی ڕژمی سوریایان گەیاندە لێواری مەرگ و شەڕ و ڕووبە ڕووبونەوەكان گەشتنە گەڕەكانی دیمەشتی پایتەخت و بەشار ئەسەد تەنها سەدا٢٠% خاكی سورریای لەژێردەستدابوو، بەڵام ئێران و ڕوسیا دەستیوەردانیان لە سوریادا كرد، بەتەنها ئێران١٣٠ هەزار چەكدار و ملیشای مەزهەبی ڕەوانەی سوریا كرد و ڕێمەكەی بەشار ئەسەدیان لە ڕووخان ڕزگار كرد ٣-ترەمپ و قۆناغی شەڕی ڕانەگەیەنراو لەگەڵ ئێراندا لە دوای هاتنە سەركاری دۆناڵدترەمپ لە ساڵی ٢٠١٦ ململانێكانی ئێران ئەمەریكا گەشتە لوتكەی ئالۆزی بەجۆرێك لە مێژووی ٤٠ ساڵەی ململانێكانی ئێران و ئەمەریكادا هاوشێوەی نەبووە، هەر لەسەرەتای دەستبەكاربوونیەوە ترەمپ كۆمەڵێك ڕێوشوێنی دژی ئێران گرتەبەر و لە ساڵی ٢٠١٨ لە ڕێكەوتنامەی ئەتۆمی ئێران. كشایەوە و سزای ئابوری توندی بەسەر ئێراندا سەپاندووە بە جۆرێك هەناردەی نەوتی ئێرانی بەڕێژەی سەدا ٧٣% كەمكردوەتەوە ٤-ترەمپ و شكاندنی ئەفسانەی هێزی ئێران: لەماوەی مانگی ڕابردوو ململانێكانی ئێران و ئەمەریكا چوتە قۆناغی شەڕی ڕانەگەینراوەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ ئەو لێبوردنەی بە كۆمەڵێك وڵاتی دابوو بۆ كڕینی نەوتی ئیرانی هەڵیوەشاندەوە، دوابەدوای ئەو بڕیارە هێرشكرایە سەرباڵۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغداد و لەتەقینەوەیەكیشدا لە ناوچەی سەوزی بەغداد چوار كارمەندی باڵای ورزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا كوژران و بۆرینسەرەكی نەوتی سعودیە تەقینرایەوە و چوار كەشتی نەوت هەڵگری نەرویژی و سعودی و ئیماراتی لە گەروی هورمز كرانە ئامانج، ئەمەریكاش لە زاری مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەوە ئێرانی بەوە تۆمەتباركرد كەلە پشت هێرشەكانەوە بووە لەدواین پێشهاتیشدا ڕۆژی پێنج شەمەی ڕابردوو هێرش كرایە سەر دوو كەشتی نەوت هەڵگر لە كەنداوی عومان كە نەوتی یابانیان هەڵگرتبوو، هێرشەكە لەكاتێكدا كە شینزۆ ئابێی سەرۆك وەزیرانی یابان لەگەڵ علی خامەنەئی دا لە گفتوگۆدا وەك نێوندگیر لەنێوان ئەمەریكا و ئێراندا، بەوەش هەوڵی گەشتنە سەرمێزی گفتووگۆ و دانوستان شكستی هێنا و لە نویترین لێدوانیشدا مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ئێوارەی ئەمڕۆ ڕایگەیاند كە سەرقاڵی گفتووگۆكردنن لەسەر چەند پێشنیارێك بۆ وەڵامدانەوەی ئێران و هێرشی سەربازی بۆسەر ئێران یەكێكە لە ئەگەرەكان سێ ساڵی ڕابردووی ململانێكانی ئێران و ئەمەریكا دەرخەری ئەو ڕاستیەن كە دۆناڵد ترەمپ بەهێزترین و كاریگەرترین سەرۆك بووە بەراور بە شەش سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا( جیمی كارتەر- ڕۆناڵد ڕیگان- جۆرج بوش- بین كلیتۆن- جۆرج دەبلیو بۆش- باراك ئۆباما)، توانیویەتی لە ڕێگای سزای ئابوریەوە دەسەڵات و هەژموونی ئێران تاڕادەیەك سنوردار بكات، لە ئێستاشدا ئێرانی خستوتە دۆخێكی ئاڵۆزی ئابوری و سیاسی و ئەمنیەوە كە وەك ڕابردوو ناتوانێت بەردەوامبێت لە فراوانخوزی و سەپاندنی هەژمونی خۆی بەسەر ناوچەكەدا
رێبوار کەریم وەلی (1) لە نێوان 28ی مایس (رۆژی دەنگدان بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان) و رۆژی 10ی حوزەیران (رۆژی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان) هیچ گۆڕانكارییەك بەسەر هەڵوێستی پارتی بەرامبەر بە داواكارییەكانی یەكێتیدا نەهات. تەنانەت ئەگەر چەند رۆژێك پێش دەنگدانەكە پارتی و یەكێتی لەسەر ئاستی زۆر باڵاش كۆبوونەوەیان هەبووبێ، لەو 12 رۆژەی نێوان ئەو دوو بۆنەیەدا داواكارییەكانی یەكێتی بۆ كۆبوونەوە لەلایەن پارتییەوە رەتكرانەوە، بەڵام تەلەفۆنێكی سەرۆكی هەڵبژێردراوی هەرێمی كوردستان بۆ سەرۆككۆمار و بانگهێشتكردنی بۆ مەراسیمی سوێندخواردنەكە، هەموو شتێكی گۆڕی. ئەوەش دەریخست كە ئەو هەموو مانگەی یەكێتی خۆی دەهێنا و دەبرد و دەستی دەستیی بە پڕۆسەكە دەكرد، كوێی هێشاوە! دەرهێنانی مەرجی داننان بە سەرۆككۆمار لە پڕۆسەی دانوستاندنەكانی نێوان پارتی و یەكێتی، وایكرد سەرۆككۆماریش هەموو قورسایی خۆی بخاتەگەڕ و ئاراستەی پڕۆسەكە بەو ئاقارەدا ببات كە خۆی لە كۆتاییدا وەكو چەقی بڕیاردان دەربكەوێتەوە. ئەگەر یەكێتی تا پێش سوێندخواردنەكە لەژێر كاریگەریی سەرۆككۆماردا بە بیانووی جۆربەجۆر بایكۆتی یەكەم دانیشتنی پەرلەمان و دەنگدان بە سەرۆكی هەرێمیان كردبێ، ئەمجارەیان سەرباری هەموو گوشارە ناوخۆییەكان، هەر دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی، سەرۆككۆمار بڕیاری خۆی دا كە بەشداریی مەراسیمەكە دەكات و تەنانەت لە دەرەوەی مەكتەبی سیاسیش، فراكسیۆنی یەكێتی ئاگادار كردبووەوە كە دەبێ ئەوانیش بەشدار بن! پەرلەمانتارێكی یەكێتی لە بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنیدا سەبارەت بە بەشدارییان لە مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا گوتی "بۆ نیشاندانی نیەتپاكی" بەشدار بوونە و دیارە ئەو نیەتپاكییەیان رۆژی دواتریش كە سەرۆكی حكومەت لەلایەن پەرلەمانەوە بۆ پێكهێنانی كابینە ناوزەد كرا، هەر بەردەوام بوو! راستییەكەی ئەوە كاتێك "نیشاندانی نیەتپاكی" بوو كە فراكسیۆنی یەكێتی بایكۆتی دەنگدان بە سەرۆكی هەرێمیان نەكردبایە، چونكە بەپێی هەر دوو رێككەوتنەكە، لێرە بەدواوە ئیتر ئەگەر یەكێتی بیەوێ لە حكومەتدا بەشدار بێت، ناچارە بەشداریی دانیشتنەكانی پەرلەمان بكات و دەنگیش بە كاندیدەكانی پارتی و گۆڕان بدات، ئەگەرنا هیچ كاندیدێكیان بە دەنگدان لە پەرلەمان دەرناچێت. ئەگەر لە رۆژی یەكەمەوە پارتی دەرگاكانی بەسەر سەرۆككۆماردا دانەخستبایە، نە ئەو پڕۆسەیە دەگەیشتە ئێرە و نە كەسیش پێویستی بە "نیشاندانی نیەتپاكی" دەبوو. دابەشكردنی كەركووك یان پارێزگاری كورد؟ (2) مەسەلەی پارێزگاری كەركووك پێش ئەوەی كێشەی نێوان پارتی و یەكێتی، یان كێشەی كورد و نەتەوەكانی دیكەی وەكو عارەب و توركمان بێت، كێشەی ناوخۆی یەكێتییە. چونكە تا 16ی ئۆكتۆبەر كەركووك لەلایەن كەسێكەوە بەڕێوە دەبرا كە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بووە و مام جەلال لە دەرەوەڕا هێنابووی. بەڵام بەشێكی یەكێتی بە هەموو هێزییەوە ئیشی بۆ لادانی ئەو پیاوە دەكرد و لە 16ی ئۆكتۆبەریشدا كردیانە واقیع و لایانبرد. لە پڕۆسەی دانوستاندنەكانی نێوان پارتی و یەكێتیدا، یەكێتی مەسەلەی دانانی پارێزگارێكی یەكێتیی بۆ كەركووك كردە كراسەكەی عوسمان، بەڵام لەڕاستیدا ئەوە داواكارییەكی جەوهەری نەبوو، چونكە ئێستا مەكتەب سیاسییە كەركووكییەكان دەبێ باش لەوە تێگەیشتبن كە لەو پڕۆسەیەدا بۆ مەرامێكی دیكە بەكارهێنراون و خۆشیان باش دەزانن. دانانی پارێزگارێكی كورد و ئەویش یەكێتی بۆ كەركووك هێندە ئاسان نییە، یەكێتی هەر لە رۆژی یەكەمەوە ئەوە دەزانێت و زۆریش هەوڵی بۆ داوە، بەڵام كە نائومێد بووە، كردوویەتیە بیانوویەك لە بەرامبەر پارتیدا. ئێستا ئەگەر پارتی و یەكێتی لە خەمی كەركووكدان و دەیانەوێ بەر بە تەعریب بگرن، دەبێ بە دوای چارەسەرێكی دیكەدا بگەڕێن. دوای 14 ساڵ لە نووسینەوەی دەستوور، دەركەوت ماددەی 140 فەشەلی هێناوە و سەرۆك بارزانیش چەندینجار ئەوەی دووپات كردووەتەوە. كەواتا رەنگبێ ئەو چارەسەرەی مام جەلال پێشنیازی كرد كە كەركووك وەكو برۆكسەلی لێ بكرێت (دابەش بكرێت بەسەر سێ ناوچەی نەتەوەیی) و لە چوارچێوەی سیستەمێكی فیدراڵدا خۆیان بەڕێوە ببەن، رەنگبێ باشترین چارەسەر بێت. هەڵبژاردنەكان لەناوخۆی نەتەوەكاندا بكرێت و شارەكەش بەپێی جوگرافیای دانیشتووانەكەی (ئەوەی حاڵی حازر) بەسەر سێ ناوچەی كوردی، عارەبی و توركمانیدا دابەش بكرێت. پڕۆسەیەكی قورس دەبێ، بە تایبەت لە مەسەلەی موڵكداری و سنووردا، بەڵام چارەسەرێكی هەتاهەتاییە و ئیدارە و دابەشكردنی سەروەت و سامانیش ئەگەر بە یاسایەك رێكبخرێت، هیچ گرژییەك لە نێوان پێكهاتەكاندا ناهێڵێت. رێزلێنان لە نەوشیروان مستەفا (3) مەرگی نەوشیروان مستەفا، هاوكێشەی سیاسیی ناو هەموو هێزە سیاسییەكانی كوردستانی تێكدا. تا ئەو لە ژیاندا بوو، هەمووان حیساب و كتابی خۆیان لەسەر هەڵوێستی ئەو بنیات دەنا. كە ئەو نەما ئیتر دەرفەت بۆ دەركەوتنی كارەكتەری تازە، یان ئەوانەی پێشتر لە سێبەردا بوون هاتە كایەوە. پارتی و گۆڕان لە 23ی حوزەیرانی 2015 وە پەیوەندییان تێكچوو، بەڵام لە سەرەتای 2018 وە (دوای وەفاتی نەوشیروان مستەفا) پەیوەندییەكانیان ئاسایی كردەوە. ئێستا گۆڕان بەهێزترین هاوپەیمانی پارتییە و تاكە هێزە كە رێگە نادات پڕۆسەی سیاسی لە كوردستان پەكی بكەوێت و ساحێبی قەول و قەراری خۆیەتی. بەڵام تا ئەم دەققەیەش جگە لە سەرۆك نێچیرڤان بارزانی، هیچ شاندێكی پارتی سەردانی مەزاری نەوشیروان مستەفایان نەكردووە و تەنانەت لە ساڵڕۆژی وەفاتیشیدا، هاوخەمی لەگەڵ گۆڕاندا دەرنەبڕدراوە. گۆڕان لەژێر گوشارێكی زۆردایە و پێویستە پارتی لاپەڕەیەكی نوێ لەگەڵ گۆڕاندا بكاتەوە. رێزلێنان لە رەمزەكان، پەیوەندییەكان پتەوتر دەكات.
ئارام سەعید حزب چیە، چۆن دروست دەبێت ؟ لەوەتەی دوو گوێمان رواون بیستومانە کە ژمارەیەک نوخبەی سیاسی لە شوینێک کۆئەبنەوەو خۆیان رێکدەخەن بۆ بەدەستهێنانی دەسەلاتی سیاسی، جا لە رێگەی هەلبژاردن و پارلەمانەوە بێت یان بە رێگەی شۆڕش، ئەمە لە سەدەی نۆزدەوە لە ئەمریکا و ئەوروپا هەیە، و لە کوردستانی باشوریش لەدیرزەمان هەیە. بۆچی حزب دروست دەبێت؟ لەبەرئەوەی ئەندامانی دامەزرینەر دەیانەوێت لە ڕێگەی چالاکی سیاسیەوە بەرنامەیەکی دیاریکراو یان ئایدۆلۆژیایەک ژیان و گوزەرانی خەلک باش بکەن، ئەو بەرنامەیەی هەیانە بۆ خزمەتی خەڵکە. کێ داینەمۆیە؟ بێگومان ئەگەر حزب هاولاتیان پشتگیری نەکەن هەر ئەو نوخبەیە دەبن و نەدەتوانن لە هەلبژاردن سەرکەوتوبن نە لە شۆڕش. خەڵک بۆ پشتگیری دەکات؟ بۆ ئەوەی خەونەکانیان بۆ خۆیان یان نەوەکانی داهاتویان بێتە دی لەریگەی ئەو حزبەوە. حزب بەچی یاسایەک خۆی رێک دەخات؟ لەبەغدا فەرمانگەی پارتەسیاسیەکان هەیە کە سەربە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانە لەویوە مۆڵەت وەردەگیریت و دەبیت و ئەرکێتی چاودێری بکات لەوەی پارتەکان کۆنگرەیان لە کاتی خۆیاندا بکەن! پارتە سیاسیەکان کاتی مۆڵەت وەردەگرن کە پەیرەوەکانیان بەپێی یاسا پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و دیموکراسی نوسرابێت، بەلام ئەو فەرمانگەیە ئەم ئەرکە جێبەجێ دەکات؟ ئایا دەتوانن بە حزبی دەعوە بڵێن کۆنگرەتان دواکەوتوە و دەبێت بیکەن؟ یان حزبەکانی تر؟ . لە کوردستان پێدانی مۆڵەت بەپێی یاسای ژماره(١٨,١٧)ی ساڵی ١٩٩٣ی پەرلەمانی کوردستان. یاساکە هەیە بۆ پێدانی مۆڵەت و واژۆکردن بۆ پارتە سیاسیەکان دەبیت ئەنجومەنی وەزیران + وەزیری ناوخۆ رەزامەند بن بەڵام کێ ئەو لێپرسینەوەیە ئەکات لە حزبە سیاسیەکان ئەنجومەنی وەزیران یان وەزارەتی ناوخۆ بیت بەڵام ئایا لێپرسینەوە دەکەن؟ حزبەکان پەیرەوپرۆگرامیان هەیە و جێبەجێی ناکەن، وادەی کۆنگرەیان دەبێت دوای دەخەن، ئەی ئەگەر حزبێک کۆنگرەیەک نەکات بۆ هەلبژاردنی نوێی ئەندامەکانی خۆی بە پەیڕەوی خۆی پابند نەبێت چۆن دەتوانێت بەشداری حوکمڕانیەکی دیموکراسی بێت؟ جەند حزب هەیە لە کوردستاندا کۆنگرەی لەکاتی خۆی لایداوە؟ لە کۆتاییدا کێشەی ئێستای کوردستان نەبونیی حزب نیە بەڵکو حزب زۆرە، کێشەی سەرەکی ئەوەیە حزب لە ئەرکی سەرەکی خۆی لایداوە، بۆیە لەم قۆناغەدا پێویستمان بە حزبی تازە نیە کە یاسایەک نەبێت کاروباری حزب رێکبخات ویاسا لەسەرو حزبەوە نەبیت سودی نیە. حزب موڵکی گشتیەو مولکی دامەزرینەران و ئەدامی پلە باڵا نیە، بۆیە دامەزراندنی هەر حزبێکی تربەم شیوازە هیچی باشتر نابێت لەوەی هەیە. خەلک پشتگیری کرد بۆ مافەکانی بەلام ئێستا حزب بوە بە بار بەسەر خەڵکەوە. لەناو ئەندامانی هەموو حزبەکانی ئێستادا خەلکی نارازی هەیە کە ئومێدی ئەوەیان لەدەستداوە حزبەکانیان ئەرکە ئەسلیەکانی خۆی جێبەجی بکات... بۆیە ئەو جولەیەی پێویستە بکرێت شتێکی ترە،حزبێکی نوێ نیە، حزب بەخیو ناکرێت، موچە و بودجەی ئەوێت، شیوازێکی تر لە کارکردن گرنگە کە رەنگە روخساری ئەو جولەیە لە ماوەی داهاتوو لەناو هەناوی کۆمەڵگەدا خۆی دەربخات، کۆمەلگەی ئێمە پێویستی بە گفتوگۆ و دیبەیتی بەردەوامی فیکری و سیاسیە تا رێگە چارەیەک بۆ قەیرانی ئێستای بدۆزێتەوەووەڵامی پرسیارە گرنگەکان بدرێتەوە، ئەوەش هەردەبێت بە شیوازی مەدەنیانە خۆراگری بێت چونکە شۆڕش لە باشترین حاڵەتدا نوخبەیەکی تر دەکاتەوە بە حوکمڕان کە هیچیان باشتر نابێت لەوەی ئێستا.
