+ گوڵاڵە سدیق وشەی موزایەدە لە زمانی ئابوری یان بازاڕدا، بەواتای بەرزکردنەوەی ئاشکرای نرخی کاڵایەکە بەمەبەستی فرۆشتنی ئەو کاڵایە، وە هەمیشە ئەو کەسەی کاڵاکە دەکڕێت، ئەو کڕیارەیە کە زۆرترین نرخ دادەنێت وە هیچ یەکێک لە ڕکەبەرەکانی ناتوانن یان نایەنەوێت لەو نرخە زیاتر بدەن بەو کاڵایە. بەڵام لەڕوی سیاسیەوە موزایەدەکردن بەو شێوازی مامەڵەکردنە دەوترێت حزبێکی سیاسی بەسەر حزبە ڕکەبەرەکانیان دەکات بە مامەڵەکردن بەپرسێکی دیاریکراوەوە و ئەم پرسە دەخاتە گۆڕەپانی سیاسی دەوڵەتەوە و هەندێک خەڵک یان زۆرینەی خەڵک لەگەڵ تەوژمە سیاسیەکەی خۆی دەجوڵێنێت. وە هەندێکجار وا ڕێدەکەوێت لەناو یەک حزبی سیاسیدا کەسانێک یان چەند کەسانێک دەست دەکەن بەم شێوازە لە موزایەدەکردنە بەسەر ئەو حزبە سیاسیەی خۆی کاری تێدا دەکات، وە یان موزایەدە بەسەر حزبەکەی و ئەو هاواڵانەی خۆیدەکات کە هەمان کاریان پێ سپێردراوە! ڕۆژانێک لەهەرێمی کوردستان لەدوای شەڕی ناوخۆوە خەڵک لەهەمو شت نائومێد ببون، ناڕەزایەتییەکان نەدەبیستران و کپکرابون، دەنگە ئازاکان پەرتەوازە و ناڕێکخراو بون، خەڵک بەشێوازی با کڵاوەکەت با نەیبات دەژیا. ئەگەر ڕیتمی موزایەدە یان پۆپۆلیستی بۆ سەردەمێک لەسەردەمەکانی کاری سیاسی لەهەرێمی کوردستاندا زەرورەتێکی حەتمی بوببێت، ئەوا لە ئێستا نەک زەرورەتی حەتمی نیه بەڵکو وەک عەیبەیەکی لێهاتوە، چونکە ڕۆژگارێک پێویست بو حزب ئەو دەنگانە بارز بکات هەتا گڕو تین بدات بەو دەنگە خەفەکراوانە کەلەناو هەناوی خەڵکدا قەتیس مابون. ئاشکرایە لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا، شێوازی هەڵبژاردن نیمچە کراوەیە، واتە دەنگدەری عێراقی لەسەر ئەساسی مەزهەب یان حزب دەنگ بە نوێنەرەکەی خۆی دەدات، واتە کاتێک دەنگدەرێک دەنگ بە کاندیدێک دەدات پێش ئەوەی کاندیدە دڵخوازەکەی خۆی دیاریکردبێت ئەوا حزبە دڵخوازەکەی دیاریکردوە، واتە حزب و مەزهەب ئامانجی دەنگدەرە نەک کاندید. لەبەرئەوە تۆی نوێنەری خەڵک، پێش ئەوەی نوێنەری خەڵک بیت ئەوا نوێنەری حزبەکەتی، لەهیچ وڵاتێکی دیموکراسی نیه نوێنەرێک لە ڕیتمی کارکردنی حزبەکەی خۆی لابدات، ئەگەر هاتو لادان ڕویدا ئەوا توشی لێپرسینەوە دەبێتەوە لەلایەن حزبەکەیەوە. کاتێک نوێنەرێک موزایەدە بەسەر حزبەکەی خۆیدا دەکات، هەمو ئەوانەی کاری سیاسی دەکەن لە هەمو پاڵنەرەکان و ڕاستیەکانی ئەو ڕوداوە ئاگادارن کە موزایەدەکەی لەسەردەکرێت، بەڵام هەتا ئێستا هەندێک حزبی سیاسی نەک نەیانتوانیوە میکانزمێک جێبەجێ بکەن بۆ نەهێشتنی موزایەدەکە، بەڵکو ڕاستی بابەتەکەش ناخەنە بەردەم خەڵک تا بەو موزایەدانە چاوبەس نەکرێن. نزیکەی 10 ساڵە هەمو کەموکوڕییەکانی حکومداری خراونەتە بەرچاوی خەڵک، بابەت نیه لە تەلەفزیۆنەکانەوە چەندەها بەرنامەی لەسەر نەکرابێت، کێشەو گرفت نەماوە سەدان پسپۆڕی بوارەکەی قسەی لەسەر نەکردبێت، لەبەرئەوە خەڵک هەموی بە دەردەکە ئاشنا بوە، هەموی دەرمانەکەی دەوێت، فەرمو تۆی نوێنەریش دەرمانی بکە. پێویستە لەسەر حزبەکان ( بەتایبەت حزبە بەشداربوەکانی حکومەت) بوار بۆ ئەم جۆرە موزایەدەکردنانە نەهێڵن و چارەسەریان بکەن( هەندێک بابەت دەکرێت بەکەرەستەی موزایەدە لەگەڵ یاساکەی پێچەوانەیە و یەکناگرنەوە)، چونکە خەڵک بەتەواوەتی هیلاکە و چیتر بەرگەی ماڵوێرانی و برسێتی ناگرن، وە لەڕابردودا بینیمان خەڵک جگە لە نەمانی خزمەتگوزارییەکان و چارەکە موچە هیچ سودێکی تریان لە بەرهەمی موزایەدەکردن نەبینی. ئومێدەوارین نوێنەرەکان بە پڕۆژە و فکر و کارکردن خۆیان لەدڵی خەڵک خۆشەویست بکەن، نەک بە موزایەدەکردن و لادان لەپرەنسیپی ئەو حزبەی کە بەهۆیەوە دەرچون.
+ د.شێركۆ حەمەئەمین دوای زیاتر،لە نۆ مانگ سەرئەنجام کابینەی نۆیەم ئەمڕۆ متمانەی وەرگرت و دەست بەکاربو،ئەم کابینەیە ئومێدی زۆری لەسەر هەڵچنراوەو زۆری پێداوتراوە،گوایەحکومەتێکی بەهێزە بۆ کوردستانێکی بەهێز،ئەمڕۆسەرۆکی حکومەت هێڵەگشتیەکانی کارنامەکەی خوێندەوە،کەتەنیا خاڵی جیاوازی،لەوانەی پێش خۆی بەش بەش کرابو،بەڕونیش هەندێ بابەتی خستبوەڕو. سەرەتا سەرنجێکی کورت،لەبارەی هەمواری یاسای ژمارە ۳ ساڵی ۲٠٠۹ ئەنجومەنی پارێزگاکانەوە دەخەینەڕو،کە سەرەتایەکی زۆر خراپ بو. _ درێژکردنەوەی ویلایەتی کاری ئەنجومەنی پارێزگاکان و بەیاساییکردنی دانانی پارێزگار،لەدەرەوەی ئەنجومەنی پارێزگا،بەجۆرێك ئەندامی ئەنجومەن نەبێت،ئەمە سەرەتایەکی زۆرخراپەو پشتکردنە بنەمای لامەرکەزییەت و شەرعیەتی خەڵکە،ئاخر چۆن دەبێت، پەرلەمانێک خۆی بەدەنگی خەڵك هەڵبژێردرابێت، بەڵام دەنگ بەوەبدات،پارێزگار بەبێ دەنگدانی خەڵک ئەو پۆستە وەربگرێت؟!ئەمەبەجۆرێک بڕوانەبونە،بەدەنگی خەڵک. ئەمەهەنگاوێکی زۆر خراپە و حەزی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانیش لای لایەنەکانی دەسەڵات پیشان دەدات،کە لەوتووێژەکانیشیاندا ناڕاستەوخۆ باسیان کردوە. سەرنجەکان،لەبارەی کارنامەی حکومەت: ۱_ وەک لایەنەکانی بەشداری حکومەت،بەتایبەتی،لە ئەندامانی شاندی دانوسانکاری بزوتنەوەی گۆڕان دەیانوت،کارنامەکە بڕگە بڕگە دەنگی ،لەسەردەدرێت،بەڵام ئەمەوادەرنەچو، تەنیاهاوشێوەی کابینەکانی پێشو،سەرۆکی حکومەت ،وەک وتارێک خوێندییەوە،لەلایەکی ترەوە و پێشتریش وترا،جێگری سەرۆکی هەرێم هاوشێوەی سەرۆکی هەرێم ،لەپەرلەمانەوە،بەدەنگدان متمانە وەردەگرێت،ئەمەش جێبەجێنەکرا! ۲_ بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان دەبو کارنامەی حکومەت،لە بەردەستی پەرلەمانتاراندا بوایە، کە پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان ئەم خاڵەش جێبەجێنەکراو کەسیشیان هیچیان نەوت. ۳_ وەک ستانداردی باو و گرەنتی جێبەجێکردنی کارنامەکەش ،کە واش دەوترا ،دەبو زەمەنبەندی،بۆ جێبەجێکردنی کارنامەکە دیاری دەکرێت،ئەمەش نەکراوەو هیچ زەمەنبەندی دیارینەکراوە. ٤_ خاڵی دو لە بەشی کارگێڕی هێڵەگشتیەکانی کارنامەی حکومەت ،تەرشیقکردنی هەیکەلی دامەزراوەکانی حکومەتە،بەڵام هەر لەسەرەتای کاری کابینەکەو کاری سەرۆکایەتی هەرێم،بەزیادکردنی جێگری دوەم و دامەزراندنی چەندین وەزارەت و پلەوەزیری نوێ هێندەی تر بارگرانی،بۆ بوجە زیادکرا و دەرگای زیاتری بەهەدەردان کرایەوەوهەڵاوسانی حکومەت زیاتر دەکات و پێچەوانە ئەو خاڵەی کارنامەکەشە! ٥_بەوردبونەوە،لە شێوازی متمانەدان،بە سەرۆکی حکومەت و زۆرینەی وەزیرەکان چاوەڕێی ئەوە ناکرێت،پەرلەمان بتوانێت، چاودێری ڕاستەقینەی حکومەت بکات،ئەم حکومەت خۆی،لەسەرو پەرلەمانەوە دەبینێت.
+ د.كامهران مهنتك جیاوازی نێوان ئهو حزبانهی حكومهتیان پێكهێنا، هێنده كهم بۆتهوه بهشی ئهوه ناكات وهك حیزبی جیاواز كاربكهن!. بۆیه زۆرباشتره، ههموو حزبهكانی تر لهجیاتی ئهوهی لهرێگای باڵ و كهسهكانیانهوه به نهینی بچنه ناو پارتی و یاری به ویژدانی خهلك بكهن، راستهوخۆ ببنه پارتی. خۆ ئهگهر وهك بانگهشهتان بۆ كردووه ئهگهربه ئاشكرا پارتی بوون عهیبێكی گهوره بێت، ئهوا به نهێنی پارتی بوون ریسواییه!. بۆیه پهژیوان ببنهوهو بڕۆنهوه ناو پارتی با ههر عهیبهكهتان بێته سهر نهك ریسواییهكه. دڵنیابن ئهو ههنگاوهتان له ههموو روێكهوه خزمهت به خۆتان و به كورد دهكات و رهنگ بێت زیانیش به پارتی بگهیهنێت، خزمهت به خۆتان دهكات لهبهرئهوهی لهو شهرمهزاریه دهروونیه رزگار دهبن، كه لهسهرهوه ئۆپۆزسیۆن یاخود ركابهری پارتی بن، له ژێرهوهش سیخورو پیاوی ئهوبن، كه رهنگ بێت ئهوه بارێكی زۆر زۆر گران بێت ئێجگار ماندووتان بكات!!! له جیاتی ئهوهی رووی راستهقینهتان ورده ورده ئاشكرا بێت، كه ئێستا به تهواوی پهردهتان له روو ههلمالدراوه!، له جیاتی ئهوهی به نیو نیگاو به دزیهوه دڵداری لهگهڵ پارتی بكهن!، خۆتان جورئهتتان ههبێت ئهو پهردهیه به یهكجاری لهسهر رووتان ههڵمالن، راستهوخۆ بهرامبهر مهعشوقهتان بووهستن. دڵنیابن بهر له ههموو كهسێك خۆتان دهحهسێنهوه، ئاخر هیچ شتێك له نیفاق و دوو روویی زیاتر ئازاری مرۆڤ نادات!. بوێر بن، چۆن بهشهو پارتینهو لهناو دهسهڵاتن، واز لهوه بێنن به رۆژ ببنه ئۆپۆزسیۆن و خهلك فریو بدهن، به رۆژیش ههرپارتیه حهیاتهكه بن باشتره، لهبهرهئهوهی حزب ههرچهنده ناشرین بوو بێت، ئهگهر مرۆڤ به پیاوانهو وهك خاوهن پڕهنسیپێك كاری بۆ بكات، تۆزێك بواری ریزگرتن بۆ خۆی دێڵێتهوه!. واز لهو گهمه قیزهونه بێنن و پیاوی چابن به رۆژیش ببنهوه پارتی. ئاخر ئهگهر له رێگای پارتیهوه ببنه وهزیرو پۆست و پلهو پایه وهربگرن، زۆر پیاوانهتره لهوهی به زمانه ماتماتكیكه به خستنهبهری پارتی ئهو پۆستانه وهربگرن!. ئێوه ههر خۆتان بشارنهوه، باوهڕبكهن رهنگی پارتیهتیتان به ئاشكرا پێوه دیارهو رهنگی پارتیتان گرتووه!. ئهمڕۆ لهناو وهزیرهكانی كابینهی نۆیهمدا تهنیا پارتیم دهبینی، جا پارتیه راشكاوانهكان، یاخود دهمامكدارهكان!. بوونتان به پارتی سهرباری ئهوهی لهو ریسوابوونهتان رزگار دهكات، سوودی بۆ خهڵكی كوردستانیش دهبێت، لهبهرئهوهی له رووی ئابوریهوه پارهیهكی زۆر دهگهڕیتهوه بۆجهی ههرێم، كه ئێستا به ناوی بۆجهی حیزب و كڕین و فرۆشتنی ئهندامهكانی یهكتر به ههدهری دهدهن!. دڵنیابن به ئاشكرا پارتی بوونتان زیانێكی زۆر گهوره به پارتی دهگهیهنێت، ئهگهر ئێوه رقتان لهو حیزبهیهو شهڕی دهكهن، وهك بانگهشهی بۆ دهكهن. لهبهرئهوهی ئهو كاته پارتی راشكاوانه حكومهتیكی تاك حزبی پێكدههێنیت و بواری ئهوهی لێدهسهنرێتهوه، كه باس له فره حزبی و دیموكراسیهت بكات. ههرچهنده من پێم وایه رهنگ بیت ئهو خاڵه لای ئێوه له ههموو خالهكانی تر گرنگتر بێت ههرگیز نهتانهوێت پارتی ئهو جله ئالو واڵایهی دیموكراسی لهسهر ههلماڵرێ. چونكه بێشكهو لانهی راستهقینهی خۆتانهو نان و كاسبیهكهی ئێوه لهسهر ئهم خاڵهیانه !!!. بهڵام ئهگهر به زهیشتان به پارتی دێتهوه ناتانهوێ بیخهنه ئهو ههڵوێستهوه، ئهوه ههر لهبهرخاتری دوو خالهكهی تر ببنه پارتی. خهڵكیش رزگار دهكهن له گهڕهلاوژهی رهخنهگرتن له بنهمالهی بارزانی. شهرمی ناوێ ئێوه خۆتان له ههموو خهڵكێك زیاتر دڵبهندن پێیان و ههموو شهڕهكانی ئێوه لهسهر نۆرهگرتن بووه بۆ به خزمهت گهیشتنیان و زیارهت كردن و دهست ماچكردنیان، شهڕ كردنتان لهگهڵ ئهو بنهمالهیه شهڕی نێوان خۆشهویستانه!. ههموو ئهو گهڕهلاوژانهی له ماوهی رابردوودا سهری خهڵكتان پێهێشاندو ماڵی خهلكتان پێ وێران و نانبڕاو كرد، ههر لهسهر ئهوه بوو نۆرهكهتان كهمیك بچێته پێشهوه. بۆیه تكا دهكهم ئهگهر ههمووتان ببنهوه یهك حزب، ئهوه له ههموو ئهو نۆره بڕین و شهڕكردنه رزگارتان دهبێت، هیوادارم گوێ لهم پهیامهی من بگرن و به راشكاوی و به رۆژی رووناك بگهڕێنهوه ماڵه گهورهكهتان!.
+ عەلی کەریمی لە چەند رۆژی رابردوو لەناکاو دوو رووداو بوو بە جێی مشتوومڕ و لێکدانەوەی جیاواز لە ناو گەلی کوردستان لە رۆژهەڵات بە گشتی و چالاکانی سیاسی و لەشکری ناو تۆڕەکانی فەیسبوک و سایتەکانی ئینترنێت بە تایبەتی. ئەوانیش "کۆنگرەی ناودارانی کورد لە سنە" و مفاوزاتی ئەم چوار حیزبە بوو لە گەڵ بەرپرسێکی ئێران بە نێوندگیری رێکخراوەیەکی (NGO)ی نۆروێژی. نەفسی وتووێژ باوەڕ ناکەم لە دنیای سیاسەت و بگرە غەیرە سیاسەتیشدا کەس نکۆلی لێ بکات و بە تەواوی رەدی کاتەوە، بەڵام ئەوەی ئەم رۆژانە لە نۆروێژ کرا دەبێ چی ناو لێبنێین جیا لە فێل و موئامرەی رژیمی مەلایان. چل سالە کۆماری ئیسلامی، گەلی کورد لە ئێران بە هەموو شێوەکانی دڕندەیی و بێبزەیانە دەچەوسێنێتەوە و تەنانەت لە مافی پەیا کردنی نان بۆ زگی برسیی بێ بەش کراون و رۆژانە کۆڵبەران دەکوژرێن. چالاکی سیاسی و لاوان دەچنە بەندیخانە و سەریان بە دارەوە دەکرێت، رێکخراوگەلی جیاوازی سیاسی بوونی نییە و کوردستان هەروا وێران و مەحروومە لە ئاوەدانی و سەرمایەگوزاری. حیزبەکانی رۆژهەڵات لەوپەڕی نایەکگرتوویی و پارچە پارچە بوون و دوورکەوتنەوە لە خەڵک دان بە تایبەت ئەم چوار حیزبەی روویان تێکراوە بۆ ئەو مەبەستە. هەر چالاکێکی سیاسی و بە ئەزموون و مێژووزان، بە باشی ئەم راستییە دەزانێت حکومەتەکانی ئێران و بە تایبەت کۆماری ئیسلامی ئەگەر لە زەعف و فێڵ نەبێ هەرگیز مل بۆ موفاوزات راناکێشن و بە درێژایی مێژوو دەوڵەتی عەجەم بە فێڵ و موئامرە مفاوزاتی لە لایەنی بەرامبەری خۆی بردۆتەوە. بە دەیان نموونەی زەق هەیە، لەوانە کە زۆر کۆن نین، قەوام لە گەڵ قازی محەمەد و براکەی سەدری قازی، دەستەی نوێنەرایەتی کورد لە ١٩٧٩ بە رابەری شێخ عێزەدینی حوسێنی لە مەهاباد، شەهید کردنی دوکتور قاسملو لە ڤیەنای نەمسا لە سەر مێزی گفتوگۆ، سادق شەرفکەندی لە برلین و... هتد. لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا کە ئێران لە سەد لاوە کەوتووەتە گەمارۆ و کەس ئارەزوو بە حاڵی ناخوازێت و حاڵی لە شڕ شڕترە بۆ دەبێ بێتە پای مێزی دانیشتن و بۆ دەبێ کورد مل بدا بەم ویست و فێڵە؟! کۆماری ئیسلامی تادێ گەرووی فشارەکانی لێ تەنگتر دەبێ و هەربینا کەوتە سەر ئەژنۆیان، دەنگی نارەزایی ژنان و چالاکانی سیاسی ناوخۆ ئیتر چیتر ناشاردرێتەوە و هەر دێ و گەورەتر دەبێ، کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لە گرانی شتومەک و باری گوزەران هاواریان دەگاتە عاسمان، گەمارۆی ئابووریی و نارەزایی خەڵک پشتی دەوڵەتی چەماندۆتەوە و لە زۆر شوێن و کاتدا ئیتر کونتروڵ لە دەستی تەنانەت چوماقبەدەستەکانی سەرجادەشیدا نەماوە و لە رووی ناچاری و زەعفەوە زۆر شتیش قبووڵ دەکا. هەموو باش دەزانین لە ئەگەری هەر ئاڵوگۆڕێک، کوردستان یەکەم شوێنە بۆ راپەڕین و سەرهەڵدان و بە چەشنی موغناتیس بۆ کۆکردنەوەی هەموو دژبەرانی ئاخوندەکان چ ناوخۆ و چ دەرەوەی ئێران. بە دەیان هۆکار، ئەمڕۆ تاران دەبێ لە حەولی دەستەمۆکردنی کوردستان دابێ و خەتەر و پیلانی دوژمنانی ناوخۆی تا بۆی دەکرێ کەم کاتەوە، کوردستان و خەڵکەکەی دەکرێ "پاشنەی ئاشیل"ی بن و لەوێرا ئاگر تەشەنە بکا و هەموو ئێران بگرێتەوە. تاران ئەمڕۆ پێویستی بە رای گشتی جیهان و بە تایبەت ئوروپا هەیە بۆ بەرژەوەندیی خۆی و دژی ئەمریکا، بۆیە حەول دەدا رای گشتی بە هاتنەوەی تەنانەت هونەرمەندێک بۆ سنە و "کۆنگرەی ناوداران" و یان هێنانە سەر مێزی گفتگۆی سەرانی کورد بە دنیا بڵێ من هیچ کێشەی ناوخۆ و تەنانەت دیمۆکراسی و مافی گەلانم نییە و ئەوە ئەمریکایە گێچەل بە میللەتی مەزلوومی ئێران دەکا و جیهان نابێ قبووڵی بکا، بەم رێیە بە خەیاڵی خۆی دەتوانێ دەنگی پشتیوانی بۆخۆی بکڕێت و بە خەڵکی کوردی رۆژهەڵاتیش بڵێ فەرموون با هەموو لە ژێر سێبەری ئیسلام بەیەکەوە بژین، ئەوەتا هونەرمەند دوای چل ساڵ هاتەوە و چووینە پێشوازی با سەرانی کوردیش هەروەک ئەو بەخێر بێنەوە و پێشوازیان لێدەکەین! لە لایەکی تر سەرانی کۆماری فێڵ و درۆ، لە حەولی دابەشکردنی ریزەکانی کوردا هەنگاویان ناوە و بە داخەوە ئەم چوار حیزبە کەوتنە داوی ئەو موئامرەیەش، بە بەشدار نەبوونی لایەکی گەورەی کۆمەڵەی (حیزبی کۆمۆنیست) و پژاک هەر لە ئێستاوە ئاژاوەیەکی لەناو ریزەکانی چالاکانی فەیسبووک ناوەتەوە و ئەگەر فەیسبووک تۆپخانە و قەناسەی هەبا لە مێژ بوو ئاگری شەڕ تاکیانی نەهێشتبوو، کەواتە کۆماری ئیسلامی لە ئێستاوە مەبەستێکی خۆی کە لێکدابڕانی کورد بوو پێکاوە. کوردی رۆژهەڵات ئەمڕۆ پێویستی بە یەک گوتاری و یەکگرتوویی لەگەڵ هەموو ئۆپۆزیسۆنی ئێران هەیە، کەچی ئێران بەم هەنگاوە لەگەڵ ئەم چوار حیزبە، کورد لە هەموو ئۆپۆزسیۆنی ئێران جیا دەکاتەوە و دوژمنایەتیان لە نێواندا خۆش دەکا. خودی ئەم چوار حیزبە کە هەڵگری ناوی دیمۆکرات و کۆمەڵەن و دەزانێ هێژموونی ئەم ناوانە ئێستاش لەناو خەڵکدا هەیە و هیچ نەبێ ناوەکان بۆ خەڵک خۆشەویست و جێی رێز و حورمەتن، سوک دەکا و ئەوەتا لە ئێستاوە هەر چوار حیزب کەوتوونە بەر لافاوی رەخنە و بێزاری کۆمەڵانی خەڵک و قەڵەم بەدەستان و هیچ نەبووە لە ناو خۆیانیشیاندا بوونە دوو دەستە و یەک دەڵێ گفتوگۆ هەبووە و یەک دەڵێ نەبووە و تا دێ هەر چوار لا لە لای خەڵک بێ ئێعتبارتر دەبن. بە کورتی ئەوەی لەم دەنگۆیانەی ئەم چەند رۆژی رابردوویەدا قازانجی کرد کۆماری ئیسلامی بوو و ئەوەشی بە بێ ئەوەی هیچی دەستکەوتبێ و قازانجێکی نەک بۆ خەڵک بۆ خۆدی خۆشیان دەستەبەر کرد بێ و تەنیا هێنانی کەسایەتی ئەم چوار لایەنە بوو بۆ سەر دم و زاری دۆست و دۆژمن و دوور کەوتنەوەیان بوو لە زمان حاڵی بزاڤی بە حەقی گەلی کورد! رای دۆستانەی من بۆ ئەم چوار حیزبە ئەوەیە هەتا زوویە و زیاتر نەبوونە مقاشی یاری سەرانی کۆماری ئیسلامی، ئەوەندە نەچنە پێش کە رێی پاشگەزبوونیان لێ ببەسترێ و لە داوی فێڵاوی سەرانی ئاخوند کەون، بکشێنەوە و تەنیا بە شاهیدی کۆمەڵانی خەڵک و بەشداری بەرفراوانی نوێنەرانی خەڵکی رۆژهەڵات مل بۆ گفتگۆ راکێشن و شەرتی بچوکیان بۆ موزاکرە، فەزایەکی کراوەی سیاسی و ئازاد بوونی هەموو بەندکراوە سیاسییەکان و کۆتایی هینان بە کوشتنی لاوان و کۆڵبەران بێ، ئامادەسازی بێ بۆ فەزایەکی ئاشتەوایی و لێک تیگەیشتن و گەڕانەوە بۆ شارەکان و هەڵبژاردن و دیاریی کردنی نوێنەرانی راستەقینەی خەڵک، ئەوەش هەموو دەزانین لە محاڵاتە و لە ژێر سێبەری دەستوری ئێران و حکومەتی ولایەتی فەقی لە نامومکین و موعجیزە دەچێ تا واقع!
+ كەمال چۆمانی هیچ وەزیرێک، تەنانەت سەرۆک وەزیران و جێگرەکەیشی، هەروەها سەرۆک و جێگر و سکرتێری پارلەمانیش، هیچیان نە بە لێهاتویی خۆیان دانەنراون، نە لەڕێی میکانیزمی دیموکراتیکانەوە هەڵبژێردراون. کەسیشیان خاوەنی روئیایەک نین لەو بوارەی پۆستەکانیان وەرگرتوە. تەنها دو-سێ کەسی پاڵێوراویش بۆ پۆستەکان لە بوارەکەی خۆیاندا پسپۆڕییان هەیە، یان لەو بوارەدا کاریان کردوە و باکگراوندێکیی مەعریفیی و ئەزمونییان هەیە. لە چوار ساڵی رابردودا حکومەتی هەرێمی کوردستان بە قەیرانێکی سەختی ئابوریی و داراییدا رەتبو، کەچی کابینەی نوێی حکومەت هیچ وەزیرێکی نییە پسپۆڕی ئابوریی و دارایی بێت و ئەزمونێکی کردەیی قوڵ و وردی لەو بوارە هەبێت. هەر بۆیە، چاوەڕێکردن لە کابینەیەکی وا کە بتوانێت؛ -سیاسەتی نەوت بخاتە خزمەتی نیشتیمان نەک بنەماڵە و حیزبەکان، - پێشمەرگەی میلیشیا و ئاساییشی چەوسێنەر بەنیشتیمانیی و پرۆفێشناڵ بکا، - بازاڕ لە دەستی چەتەکان بهێنێتە دەرەوە و بازرگان و بزنسمانە نیشتیمانییەکان رۆڵی تێدا ببینن، - باج بخرێتە سەر کۆمپانیاکان و دەوڵەمەندەکان، - دیموکراسیی پێشبخرێت و میدیای گەوجێنەری حیزب و کەسەکان و سێبەر بکرێتە میدیای پرۆفێشناڵ و نیشتیمانیی، - سنورێک بۆ بەتایبەتکردنی خوێندن و تەندروستیی دابنێت، - پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بۆ وڵاتییان فەراهەمبکات، - زەویی داگیرکراوی نیشتیمان بگێڕێتەوە بۆ حکومەت و گەل، - پەیوەندییە عێڕاقیی، هەرێمیی و جیهانییەکان بەنیشتیمانیی بکات، - دەرفەتی کار بۆ دەیان هەزار بێکار دروستبکات و دەرفەتی یەکسان بۆ وڵاتییان دابینبکا، - عەدالەتی کۆمەڵایەتیی و ئابوریی دابینبکات، - کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی گەشەپێبدا، - گواستنەوەی گشتیی ناو شارەکان و نێوان شارەکان دابینبکا، - کێشەی نیشتەجێبون چارەسەربکات، - باڵانسی جێندەریی دروستبکات، - کێشەی رێگاوبان و ئاو و ئاوەڕۆ چارەسەربکات -نامەوی دەیان کێشەی تر ریزبکەم- چاوەڕوانییەکی بێهودەیە. چاوەڕوانییکردن لەو کابینەیە کە نە خودی کابینەکە و نە خودی بەرپرسانی کابینەکە روئیایەکی رونیان نییە بۆ ئەوەی حوکمڕانییەکی دیموکراتیک، شەفاف، خزمەتگوزار، پێشکەوتو و بەرپرسیار لەبەردەم وڵاتییان و پارلەماندا، چاوەڕوانییەکە جگە لە رەشبینیی هیچیتری بەدوادا نایەت. لەگەڵ هەمو ئەوانەشدا، ئەو کابینەیە بە هەمو پێوەرێک لە کابینەکەی پێشوتر باشتر دەبێت، نەک لەبەرئەوەی کابینەیەکی باش دەبێت، بەڵکو لەبەرئەوەی خراپترین کابینە لە مێژوی حوکمڕانیی هەرێمی کوردستاندا، تەنانەت لە مێژوی ناوچەکەشدا، کابینەی هەشتەمی نێچیرڤان بارزانیی بوە. ئەو کابینەیە ئەگەر بتوانێت بۆ ساڵی ٢٠٢٠ کێشەی بودجە و نەوت لەگەڵ بەغداد بەتەواوی چارەسەربکات، ئەوا هەنگاوێکی باش دەنێت بۆ ئەوەی وڵاتییان کەمێک متمانەیان بە بازاڕ و داهاتوی هەرێمی کوردستان بۆ بگەڕێتەوە. ئەو کابینەیە بەتەواوی لەبن دەستی مەسڕوڕ بارزانیی دەبێت. گۆڕانێکی بەهێز و میدیایەکی ئازادی چاونەترس و کۆمەڵگایەکی مەدەنیی چالاکیش نەماوە تا سنورێک بۆ سەرۆکی حکومەت دابنێت. بارزانییش نە بڕوای بە دیموکراسیی هەیە، نە بڕواشی بە میدیای ئازاد و ئازادییەکان هەیە، هەر بۆیە؛ مەترسییەکی گەورە لەسەر بەرتەسکترکردنەوەی زیاتری فەزای ئازادیی هەرێمی کوردستان هەیە. ئەو کابینەیە نوێیە لەسەر بنەمای ئەو عەقڵییەتەیە کە نزیکەی سێ دەیەیە حکومڕانیی هەرێمی کوردستان وێران دەکات.
+ عەبدوڵای مەلا نوری کاتێک دکتۆر نەخۆشێک بەنج دەکات پێش ئەوەی تیغی نەشتەرەکە بخاتە سەر جەستەی چەند جارێک جەستەی دەبزوێنێ، بە ئامانجی ئەوەی بزانێت تا چەندە بەنجەکە کاریگەری تەواوی داناوە. پاش دڵنیابون لە سڕبونی ئیدی بە ئارامی تیغەکەی دەخاتە سەر گۆشتەکەو دەیبڕێ و کارەکانی تری تەواو دەکات. بێ دەنگی لە ئاست درێژکردنەوەی ویلایەتی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک لە لایەن پەرلەمانەوە، ئاماژەن بۆ ئەوەی لە ناو خەڵکدا هیچ رەدفعلێکی کاریگەر نەماوە تا حیزبەکان و دەسەڵات سڵی لێ بکەنەوە. بە مانایەکی تر حیزبەکان وەک جەستەیەکی سڕو بێ گیان لە خەڵکی کوردستان دەڕوانن و بە ئارەزوی خۆیان بێ بەزەییانە چەقۆی دەسەڵاتخوازی و خۆسەپێنی لە وردە دەمارەکانی دیموکراسی و ئازادی و ئیرادەی ناو خەڵک دەدەن و نایانەوێت جارێکی تر ئەم جەستە شەکەتە ببزوێت و بکەوێتەوە سەر پێ. سەرنج بدەن؛ گەیشتوین بە دۆخێک زۆرینەی هێزەکان لە یەک دەچن، هێندە فریودەرانەو بە خوێن ساردیەوە قسە لە سەر پرسەکان دەکەن هەست دەکەی یەکن. هەست دەکەی دەسەڵات زیاد لە دەمێکی بۆ درۆکردن و زیاد لە ناو و رەنگێکی بۆ چاوبەستکردنی خەڵک هەیە. هەست دەکەی ئێستا روە راستەقینەکەی دەسەڵات لە پشودایەوە روە ساختەو بەردەستەکانی کارەکانی ئەو هەڵدەسوڕێنن. دەسەڵات لەوەدا سەرکەوت هێزەکانی تریش بکات بە خۆی، خەڵکیش بکات بە بارمتەی نانی رۆژ، ئێستا خەمی سەرەکی زۆرینەی خەڵک پەیداکردنی نانە. خەمی قوت و بێ کاری وای لە خەڵک کردوە لە خەمی دیموکراسی و ئازادیدا نەبێ، لە خەمی داگیرکاری و شکاندنی کەرامەتدا نەبێ، چیتر سیستمێکی حکومڕانی دادپەروەر لە ئەولەوێتی ئەودا نەبێ. ئەمە بەو مانایە نیە خەڵک حەزیان لە حکومڕانیەکی باش نەبێ، وەلێ حەز شتێکەو ئیرادە شتێکی تر، کاتێک ئیرادە بەرجەستە دەبێ کە تێکۆشانی راستەقینەو چالاکی و بەرەنگاری هەبێ. دونیا نە بە دانیشتن و نە بە دوعاو نە بە هەوڵێک و دوان ناگۆڕێ. ئینسان بە قەدەر خەونەکانی پێویستی بە هەوڵ و سەرکێشی و یاخی بون و تاقیکردنەوە و قوربانیدان هەیە. دەسەڵات دۆخێکی وەها فریودەرانەی دروست کردوە تێکۆشان وەک کارێکی بێ هودە ببینرێت. ئێستا دەسەڵات بە چاوی منداڵێکی برسی و لاوازەوە لە خەڵک دەڕوانێ، کە چاوەڕێی تیکەیەک نانە. دەیەوێت ئەم منداڵە برسیە بە جۆرێک پەروەردە بکاتەوە جارێکی تر بیر لە سەرکێشی نەکاتەوە. دەیەوێت ئەو قەناعەتە لە ناخی خەڵکدا بچەسپێت یان دەبێ قبوڵی ئەم دەسەڵاتە بکەن یان برسێتی و مردنێک کە لە سێ ساڵی رابردودا پیشانمان دراو هێشتا لە بەرچاومانە. ئەوەی ئێستا رودەدات ویستی گروپێکی سەردەستە، دۆخێکی دروستکراوی بە زۆر سەپێنراوە. مێژوی ئەو گەلانەی لە ئێستادا لە لوتکەی خۆشگوزەرانیدان پڕە لە ئەزمونی تاڵی حکومڕانی، بەڵام پڕیشە لە داستانی بەرگری و تێکۆشان. دەردی کوشندە بێ ئیرادەیی و پاساوهێنانەوەیە بۆ تەسلیم بون بە ئەمری واقع یان پێت وابێ ئەرکی سەرشانی خۆت جێبەجێکردوە. گفتوگۆی هەمە لایەنەی ئەم دۆخە پێویستەو، دەرگای چارەسەرمان بە رودا دەکاتەوە.
+ رێبوار کەریم وەلی (1) پارتی و یەكێتی لە كاتێكدا لەسەر دانانی پارێزگارێكی (شاعیر و یەكێتی) بۆ كەركووك رێككەوتن كە ئەوە نزیكەی دوو ساڵە پارتی لە میدیای رەسمی و ناڕەسمیی خۆیدا، 16ی ئۆكتۆبەری 2017 بە گەورەترین خیانەت و، ئەوانەیشی كە ئەنجامیانداوە بە خائین و خاكفرۆش وەسف دەكات. لای پارتی هێشتا دكتۆر نەجمەدین كەریم "پارێزگاری شەرعیی كەركووك"ـە، كەركووك داگیركراوە، پارتی بایكۆتی هەڵبژاردنە گشتییەكانی كردووە و هێشتا وجودی رێكخراوەیی لەو شارەدا نییە، بەڵام لەگەڵ یەكێتی رێكدەكەون لەسەر دانانی كەسێك بە پارێزگاری كەركووك! ئەوانەیشی كە لەكۆتاییدا بڕیار لەسەر ناوەكەی دەدەن، ئەوانەن كە پارتی بە خائین وەسفیان دەكات! خوێنی ئەو هەموو شەهیدە، ئەو هەموو تەعریب و دەغڵودانی جووتیارە كە سووتان لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە، زۆر بە ئاسانی لەبیر كرا. پارتییەك كە پێیوابوو جارێكی دیكە كەركووك نادرێتەوە بە یەكێتی، ئەمڕۆ بەوە مەمنوونە كە ئەو كەسەی دەبێتە پارێزگار كەسێك نەبێ لە 16ی ئۆكتۆبەر بەشدار بووبێ! پارتی تەنها لەبەر ئەوەی یەكێتی بەشداربێت لە متمانەدان بە كابینەی نۆیەمی حكومەت هەموو تەنازولێكی كرد، لە كاتێكدا ئەوە ئاخیر جارە كە پارتی بتوانێ زۆرینەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكی بەدەستەوە بێت و هەر هەڵبژاردنێك بكرێت، پارتی ناتوانێ ئەو زۆرینەیە مسۆگەر بكاتەوە. دانانی كەسێكی كوردی بەهێز بۆ ئیدارەدانی ئێستای كەركووك زەروورەتە، بەڵام مادام پارتی ئەوەی دەزانی كە دەبێ (لە رێككەوتنەكەیان لەگەڵ یەكێتیدا هاتووە) كەسێكی یەكێتی بۆ پارێزگاری كەركووك دابنرێت، بۆ ئەو هەموو دەستی دەستییەیان كرد؟ بۆ هێشتیانەوە بۆ خولەكی كۆتایی؟ بۆ لە ساڵێك پێش ئێستاوە ئەوەیان نەكرد تا رێگر بن لەو هەموو تەعریب و سوكایەتییەی لە كەركووك بە كورد دەكرێت؟ ئینجا رۆڵی حیزبەكانی دیكەش لەو پرۆسەیەدا جێگەی سەرسوڕمانە كە بەتایبەتی دەبوو لانیكەم بزووتنەوەی گۆڕان هەڵوێستێكی لە مەسەلەی دانانی پارێزگاری كەركووكدا هەبێت. هاوكات بێدەنگیی حزبەكانی ئۆپۆزیسیۆنیش جێگەی تێڕامانە كە بە هەموویان چارەنووسی كەركووكیان تەسلیمی یەكێتی و پارتی كرد و بچووكترین لێدوانیان لەوبارەیەوە نییە. دانانی پارێزگار بە دەنگی زۆرینەی پارتی لەو بارودۆخەدا، سپیكردنەوەی دراوی 16ی ئۆكتۆبەرە، بەڵام هیچ نەبێ ئیتر یەكێتی ناتوانێ ئۆباڵی دۆخی كەركووك بخاتە ئەستۆی پارتییەوە و بڵێ رێگر بووە لەوەی پارێزگارێكی كورد شارەكە بەڕێوەبەرێت. ئەستێرەی بەختی تاڵەبانییەكان (2) دوایین حەملەی كۆسرەت رەسوڵ بە بەربژێركردنی شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ بۆ جێگری سەرۆكی حكومەت، هاوكێشەكانی ناو یەكێتی ژێرەوژوور كرد. پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت كە دەمێكە دەگوترا بۆ قوباد تاڵەبانی مسۆگەر بووە، ئیتر دەبوو لەناو سەركردایەتیی یەكێتی یەكلا بێتەوە، قوباد تاڵەبانی نەیویست بچێتە ناو ئەو كێبڕكێیەوە، بۆیە رازی بوو بەوەی كە تەنیا پۆستەكەی بمێنێتەوە و تەدەخولی هیچی دیكە نەكات، ئەو پێشتر رای وابوو كە دەبێ تیمی یەكێتی لەناو حكومەت ئەو دیارییان بكات. كۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح دابەشكارییەكی 50 بە 50یان لەناوخۆی خۆیان كرد و جگە لە ماڵی تاڵەبانی، هەموو لایەك پێی رازی بوون بە كەركووكییەكانیشەوە. بەڵام مەسەلەكە تەنها لە پێگەی قوباد تاڵەبانیدا كورت نابێتەوە. هەرچەندە سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە وتاری ماڵئاوایی لە كابینەی هەشتەمدا، زۆر وەسفی قوباد تاڵەبانی كرد و جۆرێك بوو لە دڵنەوایی و نیشاندانی ئەهەمییەتی ئەو لە پرۆسەی حوكمڕانیدا، كەچی ئەوە بە تەنها قوباد تاڵەبانی نەبوو كە لە ململانێی ناوخۆیی حزبەكەیدا لاواز دەركەوت، بگرە لاهوری ئامۆزاشی كە تا ساڵێك بەر لە ئێستا خاوەنی پێگەیەكی یەكجار بەهێز بوو، تەنانەت چاوی لەوە بوو كە جێگەی مامی بگرێتەوە، هیچیەك لە كاندیدەكانی بۆ پۆستە وەزارییەكان لە كۆبوونەوەی سەركردایەتیی یەكێتیدا دەنگیان نەهێنا، هەموو ئەوانەی دەنگیان پێدرا كاندیدی سەرۆك دكتۆر بەرهەم ساڵح و كۆسرەت رەسوڵ بوون. بەوپێیە بێت، سەرباری ئەوەی كە لە یەكەم دانوستاندنەكانی پێكهێنانی حكومەتەوە، لاهور لە زۆربەی دانیشتنەكانی نێوان پارتی و یەكێتیدا بەشدار بووە، بەڵام هیچ كەسێك لە سەركردایەتی یەكێتی كە سەر بە باڵی لاهور بوون، لەو كابینەیەدا نابن كە مەسروور بارزانی سەرۆكایەتیی دەكات. ئەوە بە سودفە بووە یان بە رێككەوتن! زەروورەتی حزبێكی نوێ (3) زۆر دەگوترێ كە كوردستان پێویستی بە حزبێكی نوێ نییە. لە دوو ساڵی رابردوودا دوو حزبی نوێ هاتنە ناو كایەی سیاسی، یەكێكیان سەرۆكەكەی جێیهێشت، ئەوەی دیكەیان حزبەكە سەرۆكەكەیان جێهێشت! هەردووكیان دوو جووڵەی تاكتیكی بوون و نەیانتوانی وەك سەرەتای درووستبوونی بزووتنەوەی گۆڕان گەرموگوڕی و جموجۆڵ بخەنە ناو كایەی سیاسییەوە. ئێستا دوای هەڵبژاردنەكانی بەغدا و كوردستان لە 2018دا، ئۆپۆزیسیۆن تا راددەی تەسلیمبوون بێ كاریگەرییە و بەتایبەتیش پارتی نەك هەر لە كوردستان، بگرە لە بەغداش هەموو كارتەكانی لە دەستیان دەرهێناوە. سێ حزبە سەرەكییەكەی كوردستان (یەكێتی، گۆڕان و پارتی) لە ترسی تەقینەوەی خیلافاتی ناوخۆیان جورئەتی بەستنی كۆنگرەیان نییە. ئەگەرچی فەرمانگەی كاروباری حزبەكان لە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، بە نامەی رەسمی داوایان لێدەكات تا پێش هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، حزبەكان دەبێ كۆنگرەیان بەستبێ، بەڵام لەپێناوی نەبەستنی كۆنگرەدا، ئیش لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنەكان دەكەن! حزبێكی نوێ بۆ كوردستان پێویستە، چونكە ئەگەر لایەنێك نەتوانێ ناڕەزایەتییە كپكراوەكانی ناو كۆمەڵگا ئاراستە بكات و ئەو نائومێدییەی لە حزبە تەقلیدییەكان درووست بووە، نەكاتەوە بە ئومێد بۆ گۆڕانكاری و باشتركردنی ژیانی خەڵك، رۆژێك دادێ لە كونێكەوە دەتەقێتەوە و ئەوكاتە بەری پێ ناگیرێت.
ئومێد حەمەعەلی هەمواری یاسای پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لەپەرلەمان ئێمە دەزانین هەلبژاردنەکان لەهەرێم نەیانتوانیوە گوزارشت لە دەنگ و سەنگی راستەقینەی جیاوازییەکانی کۆمەلگەی کوردستان بکەن, ئەمەش بەو حوکمەی دەسەڵات و ئەو حیزبانەی هێز و پارە و دامەزراوەکانیان لەبندەستە بەردەوام لەڕیگەی تەزویر و بەکارهێنانی سامان و دامەزراوەکانی ولاتەوە سەنگی سیاسی خۆیان بەرزکردۆتەوە و ڕایانگرتووە. بەڵام بەشیوەیەکی ڕیژەیی تەنیا ئەم تروسکاییە دیموکراتییانە هەندێ جار چاوەروانی ئەوەیان لێ دەکرا هەنگاوێک لەپرۆسەی سیاسی پێشبخەن, یان بگۆڕن, تەنانەت ئەو پارتە ساسییە سەرەکییانەی ئێستا لەپەرلەمانن بانگەشەی خەباتی پەرلەمانییان هەلگرتووە, یان پیداگرییان لەسەر لامەرکەزییەت و حکومەتە خۆجێییەکان کردووە لە نوێنەرایەتیکردنی خەڵک و خزمەتکردنیاندا, بەڵام ئەمرۆ لە هەمواری یاسای پاریزگاکاندا بەتەواوی دژی ئەو پرەنسیپانە وەستانەوە. ترسناکی هەموارەکە: یەک, ریگە دەدات پارێزگار لەدەرەوەی ئەنجومەنەوە بهێنرێت و دەنگی پێبدرێت, ئەمەش وادەکات پارێزگار ئەو کەسەنەبێت کە خەڵک دەنگی پێدەدات. تەنانەت پێشنیاری ئەوە کرا , کە ئەم حاڵەتە تەنیا بۆ ئەم خولەی ئەنجومەنی پارێزگاکان بێت, بەڵام رەتکرایەوە. دوو, هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پاریزگاکان بەکاتێکی نادیار سپێردرا, هەرچەندە پێشنیارێک هەبوو کە تەنیا بۆ یەک ساڵ ماوەی ئەنجومەنی پاریزگاکان درێژبکریتەوە, بەڵام بەداخەوە ئەم پێشنیارەش بەزۆرینەی دەنگ رەتکرایەوە. ئەمەش ئەو خواستە دەردەخات کە هیزە سیاسییەکان بۆ دواخستنی هەموو هەلبژاردنەکان هەیانە و رەنگە بە چوارساڵ و زیاتریش ئاوڕ لەئەنجامدانی هەڵبژاردن نەدەنەوە, کە هیوادارم ئەو خواستە نادیموکراتییە شکستبهێنێت. سێ, جارێکی تر و وەک زنجیرەی تەواوکاریی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم, ئەم یاسا تازەیە نزیکبوونەوە و تێکەڵاوبوون و لێکچوونی نێوان پارتە سیاسییەکانی تۆخکردەوە و زیانێکی سەربار و گەورەیە بۆ سەر ئەو زیانە قووڵە کارەساتبارانەی قەبوڵکردنی یاسای سەرۆکایەتی بە خەون و بانگەشەی دیموکراتیکردنی ژیانی سیاسی هەرێمی گەیاندووە.
+ مەحموود یاسین كوردی بە هەموو پێوەرێك دەست نیشانكردنی وەزیرو تیمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە كابینەی نۆییەم سەركەوتنێكی گەورە بوو بۆ كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی ئەو حیزب، چونكە جگە یەكلاكردنەوەی یارییەكە لە بەرژەوەندی باڵەكەی هاوكات توانی باڵی (قصر السلام) وەكو باڵی سێیەم بە سەرۆكایەتی بەرهەم ساڵح سەرۆككۆماری عێراق زیندووبكاتەوە بەڵانس بۆ نێو باڵەكانی یەكێتی بگەڕێنێتەوە هەر بۆیە كەسێكی دیاری بنەماڵەی برایم ئەحمەد گومانی هەبێ ئەو كۆبوونەوەی سەكردایەتی یەكێتی هی حیزبەكەیان نەبێ بەڵكو كۆبوونەوەی (ناوەندی بڕیار) بێت كە ئەوە ناوەندەی یەكلاكردنەوەی پۆستەكانی سەرۆكی پەرلەمان و حكومەتی هەرێم لە بەرژەوەندی باڵی كۆسرەت رەسوڵ ئەو تاكتیكە سیاسییەی خولەكی كۆتای بەرامبەر ماڵی مام جەلال بەكاری هێنانە ئەوەیش بە هێنانە پێشەوەی پرسی كاندیدكردنی شاڵاوی كوری، نەك تەنیا قوباد تاڵەبانی بەڵكو تەواوی سەركردایەتی حیزبەكەی توشی شۆك كرد، چونكە پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت لە نێو یەكێتی و پارتی كەمترین قسەی ناكۆكی لە سەر بوو تەنیا دوو كاندید هەبوو ئەوەیش قوبادو قوباد بوو!، هەرچی جێگری سكرتێری گشتی پەنای بۆ برد بریتی بوو لە پلانی (باشترین بەرگری هێرشكردنە) بەرامبەر ماڵی مام جەلال پەیڕەو كرد ئەویش كاتێك مەترسی خستە سەر كورسی جێگری سەرۆكوەزیران بە جۆرێكیش چووبووە نێو كۆبوونەوەكە كە پرۆسەكە لەبەرژەوەندی شاڵاوی یەكلاببێتەوە، چونكە لە كۆبوونەوەی سەركردایەتی یەكێتی كۆسرەت رەسوڵ گوتبووی : پێم ناخۆشە رۆژێك لە رۆژان خەڵكانێك بڵێن كوڕی كۆسرەت لە كۆڕی مام جەلال بردەوە یقن كوڕی مام جەلال لەبەرامبەر كوڕی كۆسرەت رەسوڵ دۆڕا”. هەر بۆیە داوای لە شاڵاوی كوڕی كردبوو بكشێتەوە بۆ ئەوەی ماڵی مام جەلال نەشكێنن، لە دوای ئەم قسەیە ماڵی مام جەلال تێگەیشن ناتوانن هەموو سەرۆكایەتی و وەزارەكان ببەن. خاڵێكی دیكەی سەركەوتنی كۆسرەت رەسوڵ لە پڕۆسەی دیاریكردنی كاندیدەكانی یەكێتی پشكی كەركووكییەكان، چونكە دوو لە پۆستەكان دراوەن بە كەركووكییەكان كە ئەوانەی پارتی قبوڵیان ناكات ببەن پارێزگاری كەركووك گوایە عەرابی ١٦ی ئۆكتۆبەر بوونە، بەڵام ناردنی ناوی فەرمی كاندیدەكانی یەكێتی بە ئیمزای جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی بۆ راسپێردراوەی كابینەی نۆییەم لە ئێوارەی ٧/٧ دانانی خالید شوانی بە وەزیری هاوئاهەنگی هەولێر و بەغداو دانانی رەوەندی مەلا مەحموود بە سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان پارتی خستۆتە مەوقیفێكی قورەسەوە ئەگەر پارتی ئەو دوو كەسە رەتبكاتەوە ئەوا ریسەكە جارێكی دیكە دەبێتەوە خووری، چونكە سەرۆكی راسپێردراوەی كابینەی نۆییەم یەك مانگی لەبەردەستە تا كابینەی وەزاری پێشكەشی پەرلەمان بكات تا هەینی ١٢ی مانگ كاتی ماوە پارتی و. سەرۆكەكەی لە هەموو كەس زیاتر خوازیاری درواستبوونی حكومەتن، جگەلەوە لایەنەكانی دیە خواخوایان بوو یەكێتی بە زووترین و بەبێ كێشە كاندیدەكانی یەكلا بكاتەوە ئێستا ئەگەر پارتی بەو دوو كەسە رازی نەبێ بە تایبەت (رەوەند مەلا مەحموود ) كە جێگری بەرپرسی مەڵبەندی كەركووكی یەكێتییە بە لێدوان و قسە تووندەكانی لە سەر ریفڕاندۆم و ١٦ی ئۆكتۆبەر ناسراوە ئەوا بێگومان جارێكی دیكە بۆ یەكێتی ئاسان نییە كاندیدەكانی یەكلابكاتەوە و یاخود هەمواری بكاتەوە. لە دانانی ئەو دوو كەركووكییە كۆسرەت رەسوڵ دوو دەستكەوتی گەورەی هەیە یەكەم: مەوزوعی كوردستانی و ستیراتیژی بوونی كەركووك لە لای جەماوەری حیزبەكی لە كەركووك دوپاتدەكاتەوە. دووەم: كۆتای یاخود مەوزوعی هێلی سووری پارتی لە سەر (قارەمانەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر) بە قەولی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دەهێنێ یاخود كاڵی دەكاتەوە، ئەمەش یەكێتی لەو قەیرانە رزگار دەكاتەوەو گرێ كوێرەری كەركووكیش بۆ یەكێتی دەكاتەوە. كشانەوەی دەرباز كۆسرەت رەسوڵ ... لە دوا ساتەكانی ناردنی ناوی كاندیدەكانی یەكێتی دەرباز كۆسرەت رەسوڵ وەزیری ئاوەدانكردنەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كاندید بوونی بۆ پۆستی وەزیری پلاندان لە بەرژەوەندی كادیرێكی هەولێری كشایەوە، ئەو كارەی ئەو جێگای هەڵوەستەیە چونكە وەزیری پلاندان ئەندامی ئەنجوومەنی نەوت و. غازی هەرێمەو یەكێكە لە وەزارەتە ستراتیژی و سیادەییەكان، بەڵام كشانەوەی دەرباز كۆسرەت رەخساندنی دەرفەت بۆ كەسێكێ دیكەو راگرتنی هاوسەنگی نێوان شارەكانی بایەخدانی زیاتر بە هەولێر هەنگاوێكی دروستە بەوەی ناكرێ هەرچی پلەو پۆست هەیە بۆ نەوەی دووەمی سەركردە سیاسییەكان بێت خەڵك و. گەنجی دیكەش بێ بەش بكرێ ئەوانەی لە كۆسرەت رەسوڵ نزیكن دەڵێن ئەو نانێكی هەبێ لەگەڵ هەولێرئییەكان لەتی دەكات دەبێ كورەكانیش ئەو سیاسەتە بەرنەدەن چونكە بەهێزی ئەوان لە (مسقگ الرأس) دەبێت !
رێبین عومەر ئەوەی دوێنێ سەپا بەسەر دۆخی یەكێتیدا تەواو ناهاوسەنگ بوو لە بەرامبەر بە راگرتنی هاوسەنگی یەكێتی ناو یەكێتی ، دوێنێ سەرۆكی گروپی ناوەندی بریار و سەرۆكی هاودیدەكانی توانیان باشترین یاری لە غیابی هێرۆخان ئەنجام بدەن و تەواوی ئەو كەسانە بە ویستی خۆیان تاعین بكەن كە نزیك لەخۆیانن، یارییەكی زۆر زیرەكانەیان ئەنجام دا تا دۆخێكیان دروستكرد كە خودی قوباد تاڵەبانی نەشتوانێت دادكۆكی لە برادەرەكانی بكاو و تێیان گەیاند كە كات ماراسۆنی دەڕوات و تەنها دەتوانیت داكۆكی لە مانەوەی خۆت بكەیت ، بە شێوەیەكی ماراسۆن ئاسا پۆستەكانیان لەناو خۆیان بەشكردو بێ گوێدان بە هاوسەنگی ناوخۆی و هاوسەنگی نێو شارەكان پۆست و پلەو پاییەكانیان تەخشان و پەخشان كرد، ئەوەی دوێنێ لە كودەتایەكی خێرا دەچوو كەبەسەر هاوسەنگیی یەكێتی ناو یەكێتی كرا، بێ گوێدانە وەرگرتنی كۆمەڵێك سیڤی زۆر و لێوەشاوەیی و لێهاتووی لەسەر بنچینەی مەحسوبییەت لە سەر كورسییەكی تاڵەبانی و لە غیابی هێرۆخان دۆخی بەرژەوەندی و درێژكردنەوەی سیستمی قۆرخ كاریان بەسەر دۆخی یەكێتی سەپان.
چیا عەباس گۆڕان هێزێک بو کاری بۆ گۆرانکاری و چاکسازی لە هاوکێشەی دەسەڵاتی سیاسی و حوکمرانی پارتی و یەکێتیدا دەکرد. بۆیە هەر لە سەرەتاوە لە گەڵیاندا توشێ کێشە و کێشمەی زۆر بو، گەیشتە ئاستی بەکارهێنانی هێز بەرامبەر بە گۆڕان، سزای سیاسی، نانبرین، دەستگیرکردنی هەرەمەکی و ئەزیەتدانی مەقسودی گۆرانخوازان و گەمارۆدانی گۆڕان لە هەمو بوارەکاندا. کاتێک گۆڕان بەشداری لە کابینەی هەشتدا کرد توانی بەشێکی ئەم فشار و ناهەقی و گەمارۆدانە کەم بکاتەوە، بەڵام نەتوانرا بەشێک لە کارنامەکەی لە حوکمرانیدا بەدیبهێنرێت، روداوەکانی دواتر بۆ هەمو ئاشکرا و زانراون. هەرچۆنێک بێت زەمەن وەرچەرخاندنی خۆی کرد، کاک نەوشیروان وەفاتی کرد، لە دوای خۆی ئیرسی سیاسی و رێکخراوەیی و مەعنەوی و مادی بەجێهێشت. هاوکارەکانی کاک نەوشیروان بزوتنەوەی گۆڕان یان هێناوەتە لێواری هەڵوەشاندنەوە و زیندو بەچاڵکردنی خەون و ئاواتەکانی گۆرانخوازان، زیادە بۆ ئەمەش کورەکانی کاک نەوشیروان نامۆ بە باوەر و پرەنسیپەکانی باوکیان و لە سایەی بازنە دەسەڵاتدارە لاوازەکانی گۆڕاندا سەرقاڵی چەسپاندنی دەسەڵاتێکی رەهای نێپۆتیزم* کە هێدی هێدی شێوازی پاترۆناجی** لە خۆ گرتوە. بەرامبەر بەم دۆخە رێژەی زیاتر لە ٦٠% ی دەنگدەرانی گۆڕان بایکۆتی هەڵبژارنەکانیان بۆ پەرڵەمانی عێراق و کوردستان کرد، پێگەی پەرلەمانی گۆرانیش بۆ نیوە دابەزی. بەشێکی زۆر لە هەڵسوراوان لە وڵات و دەرەوە هەڵمەتێکی نارەزایان دەستپێکرد. لە سەرەتاوە کرۆکی ئەم هەڵمەتە بە ئاراستەی چاکسازی و گۆرانکاری لە ناو بزوتنەوەکەدا بو، بۆیە پرۆژە و پەیامەکانیان ئاراستەی بازنەکانی دەسەڵاتی گۆڕان بو و ئەوانیشیان بە هۆکاری سەرەکی ئەو دۆخە زانیوە. لەم هەڵمەتەدا هەم چاوپۆشی لە کورەکانی کاک نەوشیروان دەکرا و هەروەهاش کەمتر تیرەکانی نارەزاکان ئاراستەیان دەکرا. ئەم شێوازە لە نارەزایەتی دەربرین نەک هەر هیچی باشی لێ دروێنە نەکرا، بەڵکو لە مەقامی یەکەمیشدا بە سودی کورەکان شکایەوە، چونکە بەلای ئەوان ئەقڵیەتی بازنەکانی دەسەڵاتی گۆڕان، تایبەت خانەی راپەراندن، دیاردەیەکی بەتەمەنچوی کلاسیکیە کە تەمەنی سیاسی بەپەلە رو لە ئاوابونە، کوتانەوەی بەردەوامی ئەو ئەقڵیەتە ئاوابونەکە خێراتر دەکات. بەدەستگرتن بەسەر شادەمارەکانی گۆڕاندا: سەرچاوەکانی داهات، راگەیاندن، پەیوەندیەکان لە ئاستی کوردستان و نێودەوڵەتیدا، کورەکان کار بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی رەهای خۆیان بەسەر بزوتنەوەکەدا دەکەن. پرۆژەی بەشداری گۆڕان لە حکومەت لە چوارچێوەی ئەو پلانە دەرناچێت، چونکە پێگەیەکی چەور و گەرم لە حوکمرانیدا دابینی زۆر شتی تری شاردراوە دەکات، هەرچەندە کاراکتەرەکانی دەسەڵاتی گۆڕان هەوڵیکی زۆر دەدەن ئەو بەشداریکردنە بە پرۆسەی چاکسازیەوە گرێدەن، بەڵام متمانەی جەماوەری گۆڕان پێیان رۆژ دوای رۆژ بەرەو داکشانی پەلە و خەستتر دەروات. ئێستا کە ئەرکی دانانی دوا خاڵەکان لەسەر وشەکانی ئەو پلانە زۆر نزیکبۆتەوە و شەری گەرمی دانانی وەزیر و گوزیری پاشکۆی ئەم و ئەو بە ناوی گۆرانەوە دەکولێت، پێویستە بەرەی نارەزا هەم ئاورێکی واقیعی لە ئەزمونەکانی دو ساڵی رابوردوی بداتەوە و هەروەها بیرێکی جدیش لە پلانی کۆنکرێت بۆ ئایندە بکاتەوە. لە هەنگاوە سەرەتاییەکان بە گۆڕانی گردەکە و کورەکانی کاک نەوشیروان بە دەنگێکی رون و بیستراو بوترێت هەرچیتان هەیە و کردوە و دەیکەن پیرۆزی خۆتان بێت و خۆتان لێی بەرپرسیارن، دەستکردنەوە بۆ پارە و رەحمەتی ئێوە و هەر لایەکی تریش شێوەیەکە لە پاشکۆیەتی نە داوای دەکەین و نە لامان پەسندە و نە قبوڵیشی دەکەین و نە لە خەسڵەتە رەسەنەکانی گۆڕانبونە، بێگومان ئایندەش وەڵامی زۆری پرسیارەکانمان لەم روەوە دەداتەوە. هەنگاوێکی سەرەتایی تریش ماڵئاواییە لە چەمکی "نارەزا" ، چونکە چیتر هیچ ئومێدێک بە چاکسازی لە ناو گۆڕانی گردەکە نەماوە تا بەرەی نارەزا داواکاری بکات، بۆیە ئەرکی سەرەکی سازدانی بەرەیەک، پلاتفۆرمێکی دیموکراسیە بۆ گۆرانکاری لە سەر ئاستی کوردستان. کۆکردنەوەی سەرجەم گروپە یاخیبوەکان و گرێدانیان بەیەکەوە لە سایەی کارنامەی ئەو سەکۆیەدا و بەگەرخستنی راگەیاندنێکی هێمنی واقیعی و ئەقڵانی بەشێکی گرنگی ترە لە ئەرکەکان. دوای دارشتنی چوارچێوەی رێکخراوەیی پلاتفۆرمەکە بریار لە هەنگاوە سیاسیەکانی ئایندە بدرێت بە ئەگەری بەشداریکردن لە سەرجەم هەڵبژاردنەکان لە کوردستان و عێراقیشدا. وێرای ئەم راستیانەش گۆرانخواز و هەڵسوراوە دڵسۆزەکان لە هەر شوێن و بەرەیەکدا کاربکەن هەمو کاتێک بە ئەرکێکی ئەخلاقی و وەفایی خۆیان دەزانن بەردەوام بەرگری لە پرەنسیپە بنەرەتیەکانی هزری گۆڕانکاری و چاکسازی بکەن، چونکە بەلایەنی کەمەوە ساڵانێکی درێژی تەمەنیان بە هەمو توانا و دڵسۆزیەوە کاریان بۆ کردون و بۆتە مێژویەک کە وەک کۆرپەیەکی خۆیان گۆش وگەورەیان کردوە و ناکرێت و ناشێت بسرێنرێتەوە. رۆتەردام: ٦ی جولای ٢٠١٩ Nepotisme * ( لاتینی بە مانای ئەوەی نەوەی خانەوادەیەک سودمەند دەبن، جا چ لە رێگەی دەسەلات، کۆمپانیای گەورە، ئەندامانی خێزان یاخود دۆستەکان لە پۆستی هەستیاردا دابمەزرێن و کاریان پێ راسپێرن، نێپۆتیزم شێوەیەکە لە گەندەڵی). Patronage ** ( پەیوەندیەکی کۆمەڵایەتی لاسەنگ، پێگەیەکی باڵادەست سودمەندی بە پێگەیەکی خواروتر دەبەخشێت بەرامبەر وەلاو و خزمەتی تایبەت، زۆربەی کات پاترۆناجی فەرمی نیە و لە غیابی سیستەم و یاسادا یاخود پشتگوێخستنیان سەرهەڵدەدات، ئەم دیاردەیە لە سیستەمە سیاسیەکانی دنیادا بونیان هەیە، بە نمونە لە سەدەی نۆزدەمدا لە بەریتانیا). ..
+ سەرتیپ وەیسی كەریم بۆ ههر پۆستێكی سهرۆكایهتی و وزاری ژمارهیهك كاندید ههبوون، بڕیاریشبوو ئهنجومهنی سهركردایهتی بهشێك لهكاندیدهكان به دهنگدان یهكلایبكاتهوه، بهڵام دوای خۆ كاندیدكردنی شاڵاو كۆسرهت ڕهسوڵ بۆ پۆستی جێگری سهرۆكی حكومهت، لهماوهی 24 كاتژمێردا قوباد تاڵهبانی زۆرترین سازشی بۆ بهرامبهرهكانی كرد له پێناو كشانهوهی شاڵاو كۆسرهت، دواجار ههمووانی كرده قوربانی پۆستهكهی خۆی و بهرههم ساڵح و كۆسرهت رهسوڵ بردیانهوه. باڵی كۆسرهت رهسوڵ و بهرههم ساڵح له دابهشكردنی پۆستهكان یاریهكی جوانیان كرد توانیان جگه لهوهی سهرۆكی پهرلهمان و جێگری سهرۆكی ههرێم بهدڵی خۆیان یهكلایبكهنهوه، له ههمانكاتیشدا ( وهزیری خوێندنی باڵاو پلاندان و ڕۆشنبیری و دهستهی گهشت و گوزارو دهستهی مینیان ) له بهرژهوهندی خۆیان مسۆگهر بكهن، ئهوهی بۆ ماڵی مام جهلالیش مایهوه تهنها پۆستهكهی قوباد تاڵهبانی و بێگهرد تاڵهبانی بوو( كه لهسهر حهزی خۆی نییه ). گروپی كهركوكییهكانی نێو مهكتهبی سیاسیش وهزیرێكی ههرێم و دهستهیهكیان مسۆگهركرد، كه ئهوانیش بهشێكیان له كۆسرهت ڕهسوڵهوه نزیكن. ههرچی وهزیری پێشمهگهریه، كه شۆِریش ئیسماعیل، وهكو ئهندامی مهكتهبی سیاسی بردی، بهڵام ناوبراو له جیاتی پۆستی وهزیر گرینكترین شوێنی جێهێشت له حزبهكهیدا، كه ئهویش دهزگای ههڵبژاردنه، به تایبهت له كۆنگره ئهو شوێنه ڕۆڵی گرینگی دهبێت، ئهم چوونهی شۆڕش ئیسماعیلیش به دڵی باڵهكهی كۆسرهت و بهرههم ساڵحه، چونكه له كاتی دروستبوونی ناوهندی بڕیاریش سێ ساڵ لهمهوبهر، یهكێك له داواكارییهكانیان وهرگرتنه ئهو شوێنه بوو. تاوهكو هێرۆ ئیبراهیم ئهحمهد له گۆڕوپانهكهدا بوو، زۆرترین ئهو كهسانهی له فراكسیۆنهكان و تیمی حكومهت بوون نزیكی ئهوانبوون، بهڵام له دوای بێدهنگی باڤڵ تاڵهبانی و لاهور شێخ جهنگی، بهڕێوهبردنی یاریهكه لهلایهن قوباد، سهرهنجام گهورهترین دۆڕاو خودی قوباد تاڵهبانی بوو، له ههمانكاتیشدا گهورهترین براوه ماڵی كۆسرهت ڕهسوڵ و بهرههم ساڵح بوون. كۆسرهت رهسوڵ و بهرههم ساڵح توانیان به كاندیدكردنێكی تاكتیكی شاڵاو، ههموو شتێك له بهرژهوهندی خۆیان كۆتایپێبهێن، چونكه بهر له كۆبوونهوهی ئهنجومهنی سهركردایهتی لیستی كاندیدهكانیان به دڵی خۆیان شۆرت لیست كرد، پۆستی جێگری سهرۆكی حكومهتیشیان به لاوازی پێشكهشی قوباد تاڵهبانی كرد؟!!!
+ لەتیف مستەفا با حیسابێک بکەین : ١- لە شۆڕشی ئەیلول لە ساڵی ١٩٦١ تا ساڵی ١٩٧٥ لە ھەموو ئەوناوچانەی لە ژێر دەستی شۆڕشدا بوون خەڵک لە کولەمەرگی و مەمرەو مەژیدا ئەژیا ، تەنەکەیەک نەوت بە ٦٠٠ فلس بوو ڕۆژانەی کرێکارێک ئەگەر ئیشێک ھەبوایە بە ٣٥٠ فلس بوو ، بەرپرسەکانی شۆڕشیش لە ئەندامی ڕێکخراوەوە تا سەرەوە ژیانی پاشایانە دەژیان ،ماڵمان لەماوەت بوو بیرمە چۆن ئەو کاتیش خەڵک باسی زوڵم و دزی و ڕاوو ڕوتی ھەندێک لە بەرپرسەکانیان دەکرد ٢- لەساڵی ١٩٧٥ کە ئاشبەتاڵ كرا تاوەکو ١٩٩١ کە لەژێر دەستی دوژمنی بەعسی فاشیدا بوین ،سەرەڕای چەوسانەوەی نەتەوەیی ،بەڵام ھەرزانی و فەرحانی ھات و کەس فەقیر و برسی نەما ، جگە لە دیکتاتۆریەت و نەبونی ئازادی خەڵک لە ھیچی کەم نەبوو ، عەدالەتێکی کۆمەڵایەتی ھەبوو،تا ڕادەیەک ھەژاری و بێکاری نەما ٣- لە ساڵی ١٩٩١ تاساڵی ٢٠٠٣ کە دوبارە ڕزقی خەلک کەوتەوە بەردەستی بازرگانانی کوردایەتی وشۆڕش دوبارە خەلک برسی بونەوەو و بە کوێرەوەری ژیانیان بەسەر دەبرد چەندین کەس بە غازی خەڵوز خنکان ، بەرپرس و ژن و منداڵەكانیشیان ڵەو پەڕی خۆشگوزەرانی و کەیف و سەفاو سەفەری ولاتان بوون ٤- لەساڵی ٢٠٠٣ تا ٢٠١٤ کە دوبارە موچەو پارەمان لە بەغدای دوژمنەوە بۆ دەھات جارێکی تر بوژاینەوەو ھەرزانی ڕوی لە ولات کردو فەقیر ئاھێکی بەبەردا ھاتەوە ٥ - لە ساڵی ٢٠١٤ بەدواوە کە دوبارە موچەو قوتمان کەوتەوە ژێر دەستی پارێزەرانی مافی خەڵک و کوردایەتی جارێکی تر قوتیان بڕین سوکایەتی نەما پێمان نەکەن خۆشیان لەوپەڕی سەڵتەنەت و عەنعەنتدا دەژیان ٦- لە ساڵی ٢٠١٩ ەوە سەرەڕای ئەوەی جارێکی تر بەغدای دوژمن پارەی خەڵک و موچەخۆران بەتەواوی دەنێرن کەچی ئەوەندە چاو قایمن خیانەت و دزی ھەم لە خەڵک و ھەم لەبەغداش دەکەن و بە حەرامی بەقوڕگی خۆیان کۆمپانیاکانیان و دەست وتاقم و بنەماڵەو كوڕو نەوەكانی خۆیانیدا دەکەن ،ئەگەر یەکێکیش بچێ بەبەغدا بڵێ تەخوینی دەکەن بەو حیسابەی سەرەوە بۆمان دەردەکەوێت ئێمە بەتایبەتی چینی زۆرینەی میللەت ،ھەرکاتێک لە ژێر دەسەڵاتی بەناو خەباتگێڕانی مافی خەڵکی کوردستاندا بوبین برسی کراوین و سوکایەتیمان پێکراوە ، ھەرکاتێکیش لە ژێر دەستی دوژمندا بوبین و قوتمان بەدەست ئەوان بوبێت تێرو پڕبووین ئەوەی سەیریشە لە ساڵی ١٩٦١ یشەوە بەوە ھەڵماندەخەڵەتێنن کە ئەوان بۆ مافەکانی ئێمە خەبات دەکەن ئەم نوسینە بۆ جوانکردنی ڕوی سەدام و ڕژێمەکەی نیە ،بەڵکو بۆ پیشاندانی ڕوی ڕاستەقینەی ئەمانە
ژوان ئەحمەد سەعید قوباد تاڵەبانی لە كابینەی نوێی حكومەت دوردەخرێتەوە!! دوو رۆژە كادرانی یەكێتی بە نوسینو بڵاوكردنەوەی وێنەی قوباد تاڵەبانیو دەربڕینی پشتیوانی بۆی، سۆشیال میدیاو مەجلیسو دانیشتنە دۆستانەو حزبیەكانیشی گەرم كردوە. باسی گەرم ئەگەری پاسیڤ كردنی قوباد تاڵەبانی یە لە كابینەی نوێی حكونەتی هەرێم، بەو پاساوەی هیچ كەسێك لە كابینەی پێشوو بۆ ئەم كابینەیە دانەنرێت. قوباد تاڵەبانی سەركەوتوو بوە؟؟ كابینەی پێشووی حكومەتی هەرێم، كابینەیەكی ئیفلیج بوو، بە هەموو پێوەرێك شكستی هێنا لە بەدیهێنانی خواستی خەڵك، قوباد تاڵەبانیش بەشێك بوو لەو كابینەیە، بەڵام ئایا شكستەكە وەك یەك بەر هەموان دەكەوێ؟؟ شكستی كابینەی پێشوو بەشێكی خودیو بەشێكی زۆری بابەتی بوو، كەسیەكان دیارن كە بەرژەوەندیو بازرگانی هۆكارەكەیەتی كە بەشێك لە بەرپرسانی حكومەت خزاو و گلاونەتە سەفقەی پیسی گەندەڵیو چەتەیی. خودیەكانیش پەیوەستە بە ئەو قەیرانە داراییە توندەی هەرێمی گرتەوەو پاشانیش بابەتی ریفراندۆمو روداوەكانی 16 ئۆكتۆبەرو رۆژانی دواتری. بەڵام لەم نێوەندەدا، قوباد ئەگەرچی تیمەكەی لەگەڵیدابون بە ئەوانەش كە قوباد تاڵەبانی ئێستا پشتیوانیان دەكات قاشیل بون، بەڵام وەك خۆی چەند كارێكی گرنگی كرد لە نمونەی بایۆمەتریو سیستمی خزمەتو رێكسختنەوەی چەند دامەزراوەیەكی گرنگی حكومەت لە شێوەی بەرێوبەرایەتی هاتوچۆ. كێ ئەتوانێت قوباد فەرامۆش بكات قوباد لە هەڵبژاردندا سەركردایەتی كەمپەینی هەڵبژاردنی یەكێتی كرد، دەنگێكی گەورەو زۆری بۆ یەكێتیو خۆیشی مسۆگەر كرد. ئەگەرچی ئەو رێژەی دەنگەش بە هیچ شێوەیەك شاشەنی حزبێكی وەك یەكێتی خاوەنی مام جەلالو قوربانیو شەهیدو سەروەری نیە، بەڵام لەو دۆخەی ئەو كاتە ، هیمەتی قوبادو لیستەكەی بە ئەنجامێكی تارادەیەكی باش گەیاند، بەڵام بەو نزیكەی 200 هەزار دەنگەوە، كێ ئەتوانێ قوباد بكاتە دەرەوەی هاوكێشەكان: - كەسێك لە یەكێتی دەتوانێت، كە لانیكەم بوێری ئەوەی هەبێ خۆی سەرۆكایەتی تیمی یەكێتی بكاتو نیوەی قوباد دەنگ بهێنێت!! - كەسێ: ئەتوانێت قوباد فەرامۆش بكات، كە هێ،دە بوێر بێت بێـە ناو خەڵكو لە نەفرەتو نارەزایی خەڵ: نەترسێت!! - كەسێك ئەتوانێت كە لانیكەم وەك قوباد ئەگەر شەرعیەتی حزبیشی نەبێـ، ئەوا شەرعیەتی جەماوەریو هەڵبژاردنی هەبێت كە سەركردایەتی ئێستای یەكێتی لە جێگری سكرتێر بۆ خوارەوە هیچیان نەیانماوە. - كەسێك دەتوانێت كە لە پشت لابردنی قوبادەوە مەرامی خودیو خێزانی نەبێتو بە حەق بۆ یەكێتی كاربكات، نەك بۆ پاسیڤ كردنی كەسێكو دانانی كەسێك لە خزمو خوێشی خۆی. -- خاتیمەش، كەسێك ئەتوانێت كە لە كۆنگرە نەترسێت، وەك چۆن لە هەڵبژاردن ئەترسێت، هیمەت بكات بۆ كۆنگرەو بە ئازایانە لە مەنگەنەی هەڵبژاردنی كۆنگرە بە رویەكی سپی، ویژدانێكی ئاسودە، پەرێزێكی پاك بێتە بەردەم كادرانی یەكێتی، نەك بە فێڵو گزی دەرچوبێت. یەكەباری خۆم، پێم خۆش نەبوەو خۆش نیە قوباد لە حكومەتدا بێت، یەكەم لەبەر ئەوەی قوباد لە حزبەوە پلەكانی سەركەوتن بەدەست بێنێت بۆ هەر پۆستێك نەك بە پشت بەستن بە بنەمای بنەماڵەییو ناوی جەنابی مام جەلال، دوەمیش هەتا هەوڵەكانی لەپاڵ هەوڵی ئێمە بۆ كۆنگرە تینێكی زیاتر ببەخشێت بەو ئاراستەیەی هەیە بۆ كۆنگرەو راست كردنەوەی ئەو رێچكەیەی سەركردایەتی ئێستای یەكێتی خواری كردوە، بەڵام ناكرێو ناشێت بەم شێ,ەیەش هەوڵی فەرامۆش كردنی بدرێت، بكرێتە دەرەوەی هاوكێشەی حكومەت، تەنیا بۆ ئەوەی خزمێك لاببرێتو خوێشێك دابنرێت، جگە لەوەی ئەوەی بڕیار لەسەر لادانی قوباد دەدات، با هێندە جوامێر بێت لە هەڵبژاردنی داهاتوو خۆی سەركردایەتی تیمی یەكێتی بكات، ئەو كاتە نەك 180 هەزار دەنگ، بەڵكو ئەگەر هیمەتی كادران نەبێ 100 دەنگی ڕوتی بۆ یەكێتی پێ كۆناكرێتەوە. بۆیە هێندەی تر خۆتانو یەكێتیش خوارتر مەكەن بەم بڕیارە پیلانگێڕیانە ئەی سەركردایەتی یەكێتی كە هیچتان سەری كردە نینو زۆرینەتان كردەتان بۆ خۆتانو گیرفانی خۆتانو كوڕو كچەكانتانە نەك یەكێتیو یەكێتیەكانو خەڵك.
د. سەنگەر سەید قادر دوای ٣ مانگ لە خۆپیشاندان و كوژرانی زیاتر لە ١٥٠ خۆپیشاندەر ئێستا بە نێوەندگیری ئەسیوپیا و یەكێتی ئەفەریقا ئەنجومەنی سەربازی سودان و نوێنەری خۆپیشاندەران و هێزە سیاسیەكان گەشتنە ڕێككەوتن بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی كاتی ناوەڕۆكی ڕێكەوتنەكە بریتیە لە پێكهێنانی ئەنجومەنێكی باڵا بۆ ماوەی ٣ساڵ كە لە ١٥ كەس پێك دێت و ٧ ژەنڕاڵی سوپا و ٧ نوێنەری خۆپیشاندەران و هێزە سیاسیەكان ئەندام دەبن تیایدا،سەرۆكایەتی ئەنجومەكە سێ مانگ بۆ شەش مانگ جارێك لە نێوان ئەنجومەنی سەربازی و نوێنەری خۆپیشاندەراندا دەستا و دەست دەكرێت تا كاتی پێكهێنانی ئەو ئەنجومەنە باڵایە، ئەنجومەنێكی یاسادانانی كاتی لە سوپا و نوێنەری خۆپیشاندەران و هێزە سیاسیەكان پێكدەهێنرێت بۆ بەڕێوەبردنی دەسەڵات و حكومەت، دواتر ئەنجومەنی باڵا حكومەتێكی هاوبەشی سەربازی و مەدەنی پێكدەهێنێت ئەوەی لە ڕێكەوتنەكەی ئێستا دەخوێندرێتەوە سوپا بە فەرمی دەسەڵاتی خۆی سەپاند و لە هەمانكاتدا هەوڵێكیشە بۆ فریودانی خۆپیشاندەران و لایەنە سیاسیەكان، هاوشێوەی سیناریۆكەی میسر كاتێك خۆپیشاندەران سارد بونەوە و سوپا ژەنڕاڵەكان بەتایبەت محمد حمیدتی هێزێكی سیاسی دادەمەزرێنێت و ئەو نیوە دەسەڵاتەی دراوە بە هێزە مەدەنیەكان لێیان وەردەگیرێتەوە چونكە سوپا و دەزگای هەواڵگری و میلیشیاكانی حمیدتی ئابوری سودانیان دابەش كردوە بەسەر خۆیاندا، بەجۆرێك بازرگانی و دەرهینانی ئاڵتون بۆ محمد حمیدتی فەرماندەی ملیشیاكانی جەنجەویدە كە دەستی گرتوە بەسەر كانەكانی جبل عامردا كە یەكێكە لە گەورەترین كانە ئاڵتونەكانی جیهان ژەنڕاڵەكانی سوپاش دەستیان گرتوە بەسەر كەرتی كشتوكاڵ و كەرتی پیشەسازی دا، هەرچی دەزگای هەوڵگریشە دەستی گرتوە بەسەر كەرتی بازرگانی دا بەتایبەت بازرگانی ئۆتۆمبیل و جگەرە و هاوردەكردنی خۆراك و دەرمان پێداویستی پزیشكی ئەمەش وا دەكات ئەستەم بێت سوپا بە ئاسانی دەسەڵات ڕادەستی حكومەتێكی مەدەنی بكات و بەشداری پێكردنی نوێنەری خۆپیشاندەران و هێزە مەدەنیەكان لە دەسەڵاتدا كاتیە و لە ڕووی واقعیەوە هیچ دەسەڵاتێكیان نابێت.
