+ مەلا فرمان لە وڵاتی عێراقی فیدرالدا لە دەستوری هەمیشەیی وڵات زمانی عەرەبی و کوردی دو زمانی فەرمی وڵاتن. ئەم فەرمیبونە، خوێندکاری وڵات ناچار دەکات بە شارەزابون لە هەردو ئەم دو زمانە فەرمیە. لە هەندێ وڵاتی ئەوروپی کە هاوشێوەی عێراقن یان لە ناو یەکێتی ئەوروپان بۆ فێربون و شارەزابونی تەواو لە زمانی ئینگلیزی ئیجباریە. بۆ هەندێ بەشی وەک یاسا و زانستی سیاسی جگە لە ئنگلیزی و زمانی دایک پێویستە شارەزای فرەنسی یان ئەڵمانی بێت ( هۆڵەندا بە نمونە)، لەم ساڵانەی دواییدا بە هۆی گەشتوگوزارەوە خواستی فێربونی زمان لە زیادبوندایە. گاریگەری تەکنەلۆژیاش جێ پەنجەی دیارە. لە هەرێمی کوردستان لە کەرکوک و لەو شوێنانەی بە زمانی کوردی دەخوێنن، لاوازی تەواو لە شارەزایی لە زمانی عەرەبی بە خوێندکارانەوە دیارە. تەنانەت بە خوێندکارانی ١٢ ئامادەییەوە، واتە قۆناغی چون بەرە و زانکۆ. هۆکار چیە؟ پرۆسەی فێربونی زمانی بیانی لە سیستەمی پەروەردەی هەرێم لە لایەکەوە لە روی ناوەڕۆکەوە زۆر لاوازە، لە لایەکی ترەوە لە پێداویستیەکانی فێربونی زمان کەموکوڕی زۆر هەیە، بە نمونە: 1- وەک زمانی بیانی مامەڵە لە گەڵ زمانی عەرەبی ناکرێت، ئەگەر سەرنج بدەین بەرنامەی فێربونی زمانی عەرەبی لەگەڵ زمانی ئنگلیزی زۆر جیاوازە. هەڵەکە بەم شێوەیەیە: مناڵ فێری زمانی دایک دەبێت بەم هەنگاوانە: گوێگرتن.. گوێگرتن، گوێگرتن، گوێگرتن تا گوێچکەی دەکرێتەوە .. پاشان قسەکردن..قسەکردن ، قسەکردن تا زمانی دەکرێتەوە لە هەردو ئەم هەنگاوەشدا سەیرکردن و بینین و هەستکردن و بۆن بەردەوامە. دوا قۆناغیش خوێندنەوە و نوسینە. بەڵام لە فێربونی زمانی بیانی لە هەرێم رێک بە پێچەوانەوەیە. ( مناڵێک لە دەربەندیخان تەنها لە تەنەفزیۆنەوە بە باشی فێری زمانی ئەڵمانی بوە، زۆربەشمان تەنها لە رێگەی فیلمی میسری و گۆرانیەکانەوە فێری لەهجەی میسری بوینە). 2- کەرەستەکانی وەک تەسجیل و لاپ‌تۆپ و سیدی و تەلەفزیۆن وەک پێویست دابین نەکراوە. دەبینین لەسەر پەرتوکە ئنگلیزیەکان وێنەی سیدی کێشراوە کەچی لە بەردەست نیە. بۆ ئەو وێنەیە هەنگاوێکی باشە بەڵام دەبێت تەواو بکرێت. ئەمە بۆ هەردو زمانی عەرەبی و ئنگلیزی وەک یەکە. 3- مامۆستاکان وەک پێویست لە ئاستی ئەو ئەرکە نین، خوێندکارێکی ٦ بنەڕەتی بۆی گێڕامەوە ( ئەم خوێندکارە لە یەکێ لە وڵاتە ئەوروپیەکانەوە گەڕابوەوە، لە سلێمانی لە یەکێ لە قوتابخانەکان وەردەگیرێت، لە وانەی ئنگلیزی مامۆستاکە بە فۆنەتیکی هەڵە ئنگلیزی دەخوێنێتە، خویندکارەکەش پێی دەڵێت مامۆستا بەهەڵە وشەکان دەخوێنیتە، ئێمە لەو وڵاتە وا قسە ناکەین، مامۆستاکە لەبری ئەوەی قەناعەتی پێ‌بکات لە پۆلدا پێی دەڵێت " تۆ درۆ دەکەیت، من راستی دەخوێنمەوە". لەم کاردانەوەیە مناڵەکە دڵی شکا و گەڕایەوە بۆ ئەوروپا. بۆ دایکان و باوکان، مامۆستایان هەندێ لەوانەی کە نابێ بکرێت: 1- بە هیچ شێوەیەک لە داڕستنی بابەتیک نابێت هاوکاری واتابی بکرێت، وەک ئەوەی باوە بۆی دەنوسرێتەوە و خوێندکار لەبەری دەکات. 2- مامۆستا چەند داڕشتنیک بۆ خوێندکار دەنوسێتەوە تا لەبەری بکات بۆ تاقیکردنەوە. ئەمە رێگەیەکی زۆر هەڵەیە و پێویستە نەک هەر قەدەغە بکرێت بەڵکە سزادانی لەسەر بێت. چونکە ئەمە توانای بیرکدنەوە و داهینان لای خوێندکار دەکوژێت. لەبری ئەمە پێویستە لە ماڵ و لە قوتابخانە خوێندکار لەسەر داڕشتن پرۆڤە بکات و زیاتر چیرۆک بەو زمانە بخوێنێتەوە. 3- هاوشێوەی کاردانەوەی ئەو مامۆستایە.
+ فەهمی نەبی "ئەو دوژمنە نەناسی تێناگەی کە تۆ بۆ ملی ئەو رێگایەت گرتۆتەبەر" ئەمە گوتەی یەکێک لە چالاکوانەزیندانیەکانی پەکەکەیە،کاتێک لەنێو زیندانی سەربازی ژمارە ٥ ی دیاربەکر قسە بۆ ھەڤاڵەکانی دەکات،ئەوان دژ بە سیاسەتی نەتەوەپەرستی تورک چەخماخەی شۆڕشیکی نوێیان لێدا،کەمال ئەتاتورک لە ساڵی ١٩٢٢ کاتێک کۆماری تورکیا دادەمەزرێنێ توانەوەی نەتەوە و پێکھاتەکانی تورکیا لەنێو بۆتەی یەک زمان و یەک نەتەوە کە تورکە دەکاتە سیاسەتی دروستکردنی کۆمارێک کە تەنانەت دروشمی نەتەوەپەرستی "چەند بەختەوەرە ئەوەی دەڵێ من تورکم" وەک دروشمی بەیانیان لە خوێندنگە و شوێنە حکومیەکان دەسەپێنێت،تۆ تا لاپەڕەی زوڵمی تورک لە کورد ھەڵنەدەیەوە لەوە تێناگەی ئەوەی ئەمڕۆ پەکەکە دەیکات خەباتێکی چەند ڕەوا و پیرۆزە،فیلمی (١٤ ی تەمموز) کە لە دەرھێنانی (ھاشم ئایدەمیر) ە چیرۆکی راستەقینەی زیندانی سەربازی ژمارە ٥ ی دیاربەکرە،کە لە ساڵی ١٩٨١ بەدواوە گروپێکی چالاکوانی کوردی رێکخستنەکانی پەکەکە لەو زیندانە بە (٨٠) جۆر ئەشکەنجەی جیاواز،روبەڕوی خراپترین جۆری ئەشکەنجە دەبنەوە،بەڵام ئەوان خەبات و چالاکیان نەوەستاند،تۆ کە ئێستا شایەدی بینیی گڕ لەجەستەبەردانی چالاکوانێکی کورد دەبیت لە باکوری کوردستان ئیلھامی ئەو خەباتە دەگەڕێتەوە بۆ (مەزڵوم دۆغان) کە لەرۆژی نەورۆز لەھەمان گرتوخانە ئاگر لەجەستەی خۆی بەردەدات،دوای ئەو چوار ھەڤاڵی تریان ئاگر لەجەستەی خۆیان بەردەدەن،تۆ کە دەبینی خەباتگێڕانی (ھەدەپ) ە مان لە خواردن دەگرن دەبێ بیزانی ئیلھامی ئەو خەباتە دەگەڕێتەوە بۆ قارەمانیەتی ھەڤالانی پەکەکە لە،زیندانی سەربازی دیاربەکر،ئەو کاتەی لەبەرامبەر ئەو ئەشکەنجە قورسەی فەرمانداری زیندانەکە بەناوی (ئەسەد ئۆکتای) خەباتگێڕانی کورد دەست بە مانگرتن لەخواردن دەکەن تا دەگاتە ئەوەی (کەمال پیر دوای ٥٦ رۆژ مانگرتن لەخواردن شەھید دەبێ) (محمد خیری دورمووش دوای ٦٠ رۆژ ماننگرتن لەخواردن شەھید دەبی) (عاکف یەلماز دوای ٦٤ رۆژ مانگرتن لەخواردن شەھید دەبێ) (عەلی چیچەک دوای ٦٦ رۆژ مانگرتن لەخواردن شەھید دەبێ) دوای ئەوە بەڕێوەبەرانی زیندان بەناچاری ملکەچی خواستی زیندانیان دەبن و ئەشکەنجەیان لەسەر ھەڵدەگرن،لەم زیندانە لەنێوان ساڵەکانی ١٩٨٠ تا ١٩٩٠ زیاتر لە (١٠٠٠٠) کەس روبەڕووی (٨٠) جۆری ئەشکەنجە بونەوە،لەو ژمارەیە (٨٢) کەس شەھیدبوون و سەدانیشیان ئیفلیج بوون،نزیکەی (٦٠) جۆر سرودی نەتەوەپەرستی تورکی بەزیندانیان لەبەردەکرا،رۆژنامەی THE TIME لە ساڵی ٢٠٠٨ ئەم گرتوخانەیەی لەریزی (١٠) لە خراپترین گرتوخانەکانی دونیا ناوزەد کرد،لە ناوەڕاستی ئەم ساڵ ھەدەپ توانی (٦٨) شارەوانی لەھەڵبژاردن بباتەوە،بەڵام کاتێک بە فشاری ھێز سێ سەرۆک شارەوانی گەورە لادەبرێن ،ئیدی تەماشاکەرانی خەباتگێڕی کورد لە دورەوە دەخاتە بەردەم رەوایەتی دان بە ھەڵبژاردنی دوو جۆر لە خەبات بۆ مانەوە لە باکوری کوردستان،خەباتی چەکداری ھەڵدەبژێری تورک دەتکوژێ،سندوقی ھەڵبژاردنیش ھەلدەبژێری ئەو ھەر دەتکوژێ،ژ بەر ھندێ ئەگەر ویستت تانە لە خەباتی پەکەکە بدەی سەیری فیلمی (١٤ ی تەمموز) بکە،فیلمێک گرینگە ھەموو کوردێک بیبینێ.
+ ئاوات عەبدوڵا بۆتە باو دوای ئەوەی كەسێك دوردەخرێتەوە یان پلەو پۆستێكی پێ نادرێت دەكەوێتە ڕەخنەو گازندە لەحزبەكەی، لەماوەكانی ڕابردودا باوی عەبدولڕەزاق شەریف بوو ئەم پرۆسەیەی بەڕێوە دەبرد، دوای ئەوەی لەگۆڕان دەركرا دەستی كرد بەبڵاوكردنەوەی ڕەخنەكانی، لەكاتی خۆیدا باسمان لەوەكرد ئەو ڕەخنانە هیچ ئەرزشێكی نیە، لەبەرئەوەی كات‌و تەوقیتەكەی ئەرزشی نیە، بۆچی لەكاتی خۆیدا ئەو ڕەخنانە ناگرن كەپێویستە بگیرێت، بۆ دوای ئەوەی خۆتان دەستان لەبنی هەمانەكەوە دەردەچێت دەست دەكەن بەقسەكردن؟! ئەمڕۆش هەمان پەتا سەردارقادری گرتۆتەوە، دوای تێپەڕینی زەمەنو تەوقیتی ڕەخنەكە دەستی كردووە بەقسەكردن لەبارەی خانەی ڕاپەڕاندن‌و ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەكەی، قسەكە لەسەر ئەوەنیە ڕەخنەگرتن لەگۆڕانو هەیكەلی بەڕێوەبردنەكەی شتێكی گرنگ نیە، بەڕای من زۆر گرنگە ڕەخنەی توند‌و زانستی لەسەركردایەتی ئێستای گۆڕان بگیرێت، پرۆسەی ڕەخنەگرتن بەلای منەوە زۆرگرنگە، بەڵام هەمیشە دەمەوێت بپرسم كێ ڕەخنە دەگرێو لەكەیو چۆن‌و لەبەرچی ڕەخنە دەگریت، ئەمانە بەلای منەوە لەخودی ڕەخنەكان گرنگترن. ڕەخنەگرتن كاتێك دەتوانێت ماهیەتو قورسایی هەبێت كەلەپێناو خودی ڕەخنەگرتنو هەڵسەنگاندنی بابەتێكدا بێت نەك لەبەرئەوەی خودی خۆت لەپۆستو پلە بێ بەش كراویت دەست بكەیت بەڕەخنەگرتن، ئەگەر پێشتر عەبدولڕەزاق شەریف لەگۆڕان دەرنەكرایە ئایا (ئیتر قسەی دەكرد)، ئەگەر سەردارقادر پۆستوپلەی حكومی پێبدرایە، ئایا باسی لەقەیرانی بەڕێوەبردنی گۆڕان دەكرد، یاخودجورئەتی ئەوەی دەكرد ڕەخنە لەسەركردایەتی حزبەكەی بگرێت؟ بۆیە من بڕوام وایە نابێت شتەكان تێكەڵ بكرێن، ڕەخنەگرتنو پرۆسەی هەڵسەنگاندنو خوێندنەوە بۆ پرۆسەی سیاسی‌و حزبێكی سیاسی شتێكی ئێجگار گرنگ‌و بەهادارە، بەڵام دەبێت كڕوزانەوەو بۆڵەبۆڵو دەردەدڵ لەڕەخنە جیابكرێتەوە، ئەوەی یەكەمیان میتۆدێكی زانستی‌و بیركردنەوەیەكی عەقڵانی‌و قوڵی پێویستە، بەڵام ئەوەی دووەمیان هیچ پێویستی بەخستنە سەرپەڕە نیە، چونكە ئەوە گلەییو جۆرێك لەپەڵپ گرتنە بۆ پلەو پۆست كەدەكرێت لەكۆبونەوە حزبیەكانی خۆتاندا باسی بكەن‌و لەشێوەی ڕەخنەو بەناوی نوسینەوە سەری خەڵكی پێوە نەهێشێنن،( چونكە لەڕابردودا كەلەپلەو بەرپرسیاریدا بوون سەری خەڵكتان چاك هێشاندووە)
+ د. شێرکۆ حەمەئەمین رۆژی ۲٠۱۹/۸/۱۹ ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە،بەسەرپەرشتی وەزیری نوێی پەروەردە کۆبونەوەولەیەکەم کۆبونەوەدا چەند بڕیارێکیان دەرکرد،یەکێک لەو بڕیارانە هەڵوەشاندنەوەی ،بە ئینگلیزی خوێندنی بابەتەکانی زانست و بیرکاریە،لە قۆناغی بنەڕەتی،بەوردبونەوە،لەیەکەم کۆبونەوە،دەرکەوت وەزیری نوێش هاوشێوەی ئەوانی پێش خۆی،بەهەڵوەشاندنەوەی کاری وەزیرەکانی پێش خۆی دەستی پێ‌کرد،سەرباری دەست خۆشی،لەم بڕیارە،کەدروستە و لەجێی خۆیدایە،بەندە بەبڕیارێکی گونجاوی دەزانم و پشتگیری دەکەم،بەڵام ،دەکرێت ئەم سەرنجانە بخرێتەڕو: ۱_ هێندەی تر ئەو ڕاستیە تۆخ دەکاتەوە،لەم هەرێمەدا بڕیار بەبێ لێکۆڵینەوە دەدرێت و میزاج ڕۆڵی سەرەکی تێداهەیە،بڕیاری بە ئینگلیزیکردنی بابەتەکانی زانست و بیرکاری قۆناغی بنەڕەتی،لە کۆنگرەی پەروەردەیی ئایاری ۲٠۱٥ درا،بەشی زۆر ئەوکەسانەی ئێستالەوەزارەتن و لەکۆبونەوەی ۲٠۱۹/۸/۱۹ بەشداربون،ئەوکاتیش هەرکەرتی پەروەردەبون و ئەندامی کۆنگرەبون،ئەوکات،بۆلەگەڵی بون؟ئێستا بۆ هەڵی دەوەشێننەوە؟ بەدڵنیایی نە ئەو کات بڕیارەکە دراسەکراوبو،نە ئێستاش،کە هەڵیان وەشاندەوە،چونکە تەنیا چل ڕۆژە وەزیری نوێ دەست بەکاربوە،ئایا لەم ماوەدا ئەم بڕیارە چۆن گەڵاڵەبو؟ئەمە دەیسلمێنێت،وردبونەوەو وتووێژی زانستی لە بڕیارەکانی وەزارەتدا زۆر لاوازە. بەپێی زانیاری بەندە،ئەوکات پێشنیازی لەو جۆرەکراوە،لەبری بەئینگلیزی خوێندن تەنیا زاراوەکان فێربکرێن،بەڵام پێشنیازەکە وەرنەگیراوە. ۲_ئەگەر دەڵێن،زەمینەی بۆ نەڕەخسێنراوە و مامۆستای پێویست نیە و بۆی دابین نەکراوەو لەڕوی نەتەوایەتی و زمانی دایکەوە زیانی گەیاندوە،ئەی بۆ پێش ئەم بڕیارە،ئەم بابەتانە نەخرانەڕو؟دڵنیام دڵسۆزانی پەروەردە ئەم کەموکورتی و مەترسیانەیان،بە وەزارەت و بەرپرسانی پەروەردە گەیاندوە،ئەی بۆ گوێیان لێ نەگیراوە ؟! واتە،نەئەو کات ڕونکرایەوە،لەبەرچی ئەو بڕیارە درا،نە ئێستاش ڕونکرایەوە،لەبەرچی و بۆچی بڕیارەکە ڕاگیرا؟ ۳_ ساڵانە نزیکەی ۱۳ ملێۆن دۆلار بەچاپی کتێب دەدرێت،چونکە تائێستا وەزارەت چاپخانەی خۆی نیە،کە دەتوانێت ،بە نزیکەی ٤٠ملێۆن دۆلار دابمەزرێنێت،بۆناکرێت؟ وەڵامەکەی لاحکومەتە؟لەکاتێکدا تاساڵی ۲٠۱٤ ساڵان لە نێوان۲٥_٤٠ ملێۆن دۆلار بەچاپی کتێب دراوە! پرسیارەکە ئەوەیە ،ئاخۆ چەند پارە،لە چاپکردنی کتێبی بابەتەکانی بیرکاری و زانست‌دا بەهەدەردرا؟ پێویستە ئەم بابەتە بکرێتە سەرەتای ئەوەی،لەمەودوا هیچ بڕیارێک ،بەبێ توێژینەوەی ورد‌و هەڵسەنگاندنی لایەنی ئەرێنی و نەرێنی و ئاکامی بڕیارەکان نەدرێت،پێویستە پرۆسەی وردی گەڵاڵەکردنی بڕیار هەبێت ومیزاجی کەسی ڕۆڵی نەبێت.
نەوزادی موهەندیس نمونەش تەقینەوە ئەتۆمیەكەی ڕوسیا.. • پاراستنی ژینگە خۆشبەختانە لەم قۆناغی نوێگەراییەدا وەك بنەمایەكی زۆر مرۆڤدۆستانە هاتۆتە ناو كایەی گفتوگۆ‌و مشتومڕەكانی نێوان سەركردە و وڵاتان و كۆمەڵگا و تاكەكانیش ، و بەدەیان و سەدان حیزبی سیاسی و ڕێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی لەپێناو پاراستنی ژینگەی گۆی زەویدا دروست و دامەزراون، لەڕێگەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەكان و فشارەكانیان بۆ سەر حكومەتەكان گەلێك كاری گەورەیان ئەنجامداوە بۆ پاراستنی ژینگەی گۆی زەوی و بەردەوامبوونی ژیانێكی پاكوخاوێن بۆ مرۆڤایەتی.. چونكە دوای ڕشتن و فڕێدانی سەدان و هەزاران تەن لە خۆڵ و خاشاك و پاشماوە و پاشەڕۆ ژەهراوی و تیشكدەرەكان و خستنیان بۆ ناو هەوا و ئاو و خاكەوە لەلایەن كارگە گەورە پیشەسازیەكانەوە ژینگەی زەوی و مرۆڤایەتی بەرەو پیسبوون و لەناوچوون و زیانگەیاندنی گەورە چووە،بۆیە ئەم قۆناغە وادەخوازێت و ئەوەشی كردۆتە بنەماو چەسپاندویەتی كە كۆمەڵگای نوێگەرا پێویستە ڕێز لە پاكوخاوێنی ژینگەی مرۆڤایەتی بگرێت و هەریەكە بە قەوارە و گاریگەری و ڕۆڵی خۆی هەستێت بە پارێزگاریكردن و پاگڕاگرتنی ئەو ژینگە مرۆڤایەتیە،چونكە تا ژینگەی زەوی پاك و خاوێن نەبێت و دوور نەبێت لە پیسوون و ژەهراویبوون ئەوا تاكی ساغڵەم و تەندروستیش نایەتە بوون. • یەكێك لەو هۆكارانەی كە دەبێتە هۆكاری سەرەكی بۆ پیسبوونی ژینگە و مەترسی گەورەش دروستدەكات بۆ سەر ژیان و مان و بوونی تەنانەت زیندەوەران و ڕوەك و ئاژەڵەكانیش جیا لە مرۆڤەكان و كۆمەڵگا مرۆڤایەتیەكان و هۆكارێكە كە ڕێگری لێناگیرێت و سنورەكان ناناسێت و هەموانیان تێدەپەڕێنێت و تەنانەت لە سنوری وڵاتانی ناوچەیەك یان هەرێم و كیشوەرێكیشدا نامێنێتەوە بەڵكو زۆر لەوە دوورتر دەڕوات كە مرۆڤ بیری لێدەكاتەوە،وەكو چەكە كوشندە كیشوەربڕەكان وایە و تەنانەت لەوانیش مەترسیدارترە ،چونكە چەك و ڕۆكێت و تەقەمەنیە سەربازیەكان ئەوانەی كە هەڵگری كڵاوەی ئەتۆمی نین تەنها بۆ ماوەیەكی دیاریكراو كاولكاری و زیان و مەترسیەكانیان بەردەوام دەبێت بەڵام بڵاوبونەوەی تیشكە مەترسیدارە ئەتۆمیەكان بۆ سەدان ساڵ و بگرە زیاتریش كاریگەریە خراپەكانی لەسەر ئاو و خاك و هەوای ناوچە و هەرێم و كیشوەرێكیش بەجێدێڵێت و كاریگەری زۆر خراپتریش دەكاتە سەر نەوەو وەچەكانی مرۆڤ و ئاژەڵ و ڕوەكەكانیش. • هەربۆیە ئەركی وڵاتانی گەورەی پیشەسازی و خاوەن چەك و بۆمبی ئەتۆمین كە ڕێگە بگرن لە زیاتر بڵاوبونەوەی چەكی ئەتۆمی و نەهێڵن بكەوێتە دەست هەر وڵات و سەركردە و ڕژێمێك كە نرخی بەها بەرزەكانی مرۆڤایەتی نازانن و ڕێزیان لێناگرن. • بەڵام بەداخەوە تازە بەتازە ململانێ ناڕەواكانی ئەمریكا و ڕوسیا وەكو دوو زلهێزی بواری چەك و ڕۆكێتی بالیستی و مامناوەنج مەودا و ئەتۆمی كەوتونەتە خۆ بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێكەوتنەكانی نێوانیان بۆ ڕێگەگرتن لە زیاتر بڵاوبونەوەی چەكە مەترسیدارەكان بۆ سەر ژینگەی گۆی زەوی و مرۆڤایەتیش بەگشتی. هەریەكەیان لەهەوڵی داهێنان و دروستكردنی چەكی نوێی پڕ مەترسیدان و گەرەكیشیانە دابەشی بكەنە سەر وڵاتان و كیشوەرەكانی سەر بە نفوز و خولگەی خۆیان لە ئەوروپا و ئەفریقیا و ئاسیادا. • نوێترین نمونەش بریتیە لە تاقیكردنەوەیەكی شكستخواردووی ڕۆكێتێكی هەڵگری كڵاوەی ئەتۆمی لەلایەن ڕوسیاوە كە بریتی بوە لە هەڵدانی ڕۆكێتێك لە جۆری (( پۆریفیستنیك)). • پرسیار لێرەدا ئەوەیە،ئەم جۆرە چەك و ڕۆكێتە چیە؟ مەترسی و كاریگەریە خراپەكانی چین بۆ سەر ژینگە و مرۆڤایەتیش؟ ئاژانسی وزەی ئەتۆمی حكومی ڕوسیا ڕایگەیاند ((ڕوساتۆم)) كە شارەزاكان سەرقاڵی تاقیكردنەوەی بزوێنەری ڕۆكێتێكی ئەتۆمی بوون. لە بەرامبەر سەكۆیەك لە ناوچەی جەمسەری باكور لە چوارچێوەی ئەو تاقیكردنەوە سەربازی و دەریاییانەی كە ڕوسیا ئەنجامیان دەدات، لەئەنجامی ئەو تاقیكردنەوەیەدا پێنج لە ئەندازیارە ئەتۆمیەكانی ڕووس بونە قوربانی و سێ ئەندازیاری تریش لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن،لەئەنجامی تەقینەوەی ئەو بزوێنەرە لە شاری سارۆڤ كە دەكەوێتە دووری 373 كیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی شاری مۆسكۆی پایتەختەوە،كە كارگەیەكی كڵاوەی ئەتۆمی جەنگی ڕوسیای تیادایە. پێشتریش ڕوسیا ڕۆكێتی جۆری كرۆزی تاقیكردۆتەوە كە بەوزەی ئەتۆمی كاردەكات و ناوی ((پۆریفیستنیك)) بوە. ئەم تاقیكردنەوە سەرنەكەوتوە كارەساتێكی ئەتۆمی مەترسیداری لێكەوتەوە و لە ئەنجامدا تیشكێكی ئەتۆمی بۆماوەی 40 خولەك لێ بەرزبۆتەوە لە شاری سیفیرودفینسك كە 40 كم لە ڕۆژهەڵاتی گۆڕەپانی تاقیكردنەوەكانەوە دوورە لە نینوكاسا لە دەریای سپی‌دا. لێپرسراوانی شارەكە دەڵێن كە ئاستی تیشكەكان گەیشتۆتە 2 مایكرۆسیڤێرت لە كاتژمێرێكدا ((یەكەی پێوانەی بڕی تیشكدانەوەیە))،دواتر دابەزیوە بۆ ئاستی ڕێگەپێدراو كە بریتیە لە 11ر0 مایكرۆسیڤێرت،هەردووك ئاستەكە بە بچووك دادەنرێن و ناتوانن ببنە هۆی نەخۆشی لەئەنجامی بەركەوتن بەو تیشكدانەوەیە. • بەڵام ئایا ئەم ڕاگەیاندن و گوتانە تا چەند ڕاستن؟ ئایا بۆ دڵنیاكردنەوەی دانیشتوانی ناوچەكەیە یان بۆ خۆدەربازكردنە لە قەرەبووكردنەوەی ژیان و پاكڕاگتنی ژینگەی ناوچەكەیە؟ بەڵام شارەزا ڕوسی و ڕۆژئاواییەكان دەڵێن لە ڕاستیدا ئەو تاقیكردنەوەیە پەیوەستە بە ڕۆكێتی 9 ئێم730 پۆریفیستنیك كە بەڕوسی مانای ((باڵندەی نوئە دێت كە بچوكترین باڵندەی دەریاییە)). پێشتریش سەرۆك پۆتین لەساڵی 2018دا و لەبەردەم پەڕلەمانی وڵاتەكەیدا باسی لەم ڕۆكێتە كردبوو و پەیمانی ناتۆش دەڵێت ئەو ڕۆكێتە بریتیە لە جۆری ئێس ئێس سی-9 سكایفوڵ. مارك گالیۆتی،چاو‌دێر و شیكەرەوەی دیاری ڕوسیا دەڵێت(( ئەم سیستەمی پاڵدانە ئەتۆمیە بریتیە لە ئاڵنگاریەكی تەكنەلۆجی زۆر گەورە)).و زیاتری لەسەر دەڕوات و دەڵێت (( مەسەلەی خێرایی هەیە لەبەرامبەر كێشی ئەو سیستەمەدا،سەرەڕای مەترسی ئەوەی ئەم ڕۆكێتە بۆ هەر جێگەیەك بڕوات ئەوا پاشماوەی تیشكی بەجێدەهێڵێت)).و ئەوەشی ڕاگەیاند كە(( ئەم پڕۆژەی ڕۆكێتە لەمێژە لەلایەن ڕوسیەكانەوە كاری بۆ دەكرێت و لە ئێستادا لەسەر ڕەفەكان دەرهێنراوە و كاری لەسەر دەكرێت و وەبەرهێنانیان تیادا ئەنجام دەدرێت)). ئەم جۆرە سیستەمی پاڵدانی ڕۆكێتیە(( سیستەمێكی دیاریكراو نیە لەڕووی ماوەوە و ڕەنگە تەقینەوەكەی نیونوكاسا چەكێكی جیاوازتریشی لەخۆگرتبێت كە توانای هەڵگرتنی كڵاوەی ئەتۆمیشی هەیە)). • جۆری نوێ لە ڕۆكێتی كروز دوور مەودا دژی پاپۆڕەكان كە ناودەبرێت بە زیركون،كە بەخێراییەك دەڕوات بەرزترە لە خێرایی دەنگ. بە 8 جار.بەپێی وتەی سوپای ڕوسیا. • جۆری نوێ لە دروستكراوە بزوێنەرەكان لەژێر ئاودا كە لە ژێر دەریاییەوە دەتەقێنرێن و پێی دەوترێت ((پۆسیدۆن)). • چی دەزانرێت دەربارەی ئەو تەقینەوەیە؟ ڤالانتاین كۆستیۆكۆف،كە فەرمانبەرێكی دیارە لە ئاژانسی ڕۆساتۆم، دەڵێت (( ئەو 5 ئەندازیارەی كە بونە قوربانی لەو تەقینەوەیەدا كە لە 8 ئابی 2019دا ڕوویدا و لە ئەنجامی كەوتنەوەی ئاگرێكی لەناكاودا بوو لە دەستەبژێری شارەزا و پاڵەوانەكان بوون كە مەترسیەكانیان تاقیكردەوە و تاقیكردنەوەی پێشتریشیان ئەنجامدابوو(( لەژێر دبارودۆخی زۆر سەخت و نائاساییدا)). كۆستیۆكۆف سەنتەری سارۆفی ئەتۆمی بەڕێوە دەبات،كە بریتیە لە دامەزراوەیەكی نهێنی لە قۆناغی جەنگی سارددا و بەرپرسیارە لە كۆگای بۆمبە هایدرۆجینیە ڕوسیەكان. كاتێك تەقینەوەكە لەشارەكەدا ڕوویدا خەڵكی ڕوویانكردە دەرمانخانەكان بۆ كڕینی حەبی یۆد،چونكە حەبی یۆد لە یۆدی تیشكدەر مرۆڤ دەپارێزێت،بەهەمان شێوە لەكاتی ڕوودانی كارەساتی ئەتۆمی بنكەی چێرنۆبێل لە ساڵی 1986دا هەمان داواكاری لەسەر ئەم جۆرە حەبە هەبوو بۆ خۆپاراستن. دەسەڵاتدارانی ڕوسیا پێش ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكە ناوچەكەیان خستبوە ژێر چاودێریەكی وورد و قەدەغەكراوەوە،بەڵام لە دوای یەك ڕۆژ لە تەقینەوەكە لە 9 ئابدا پاپۆرێكی ڕوسی لە ناوچەكەدا بینراوە بەپێی پێگەیەكی پسپۆڕی نەرویجی بۆ هەواڵی جەمسەری باكور.ڕایگەیاند كە ئەو پاپۆڕە كاری كردوە بۆئەوەی هەموو شوێنەوارێكی پیسبوون بە تیشك لاببات و تائێستا لەكاركردن بەردەوامە.ڕەنگە ناوچەكە بەداخراوی بمێنێتەوە بۆ ئەوەی سوتەمەنیە ژەهراویەكەی ڕۆكێتەكە تێكەڵ بە ئاوی دەریاكە نەبێت كە ڕاوچیەكان كاری تیادا دەكەن)). • ئایا ڕۆكێتی بزوێنراوی ئەتۆمی دەبێتە داهێنان و گۆڕانێكی گەورە؟ مارك گالیۆتی دەڵێت((گومانی زۆر هەیە كە ڕۆكێتی پۆریفیستنیك ڕووناكی ببینێت)) و ئاماژەشی بەوەدا كە ڕۆكێتێكی تری نوێ كە پێیدەوترێت ((پۆلاڤا))(( بۆماوەی چەند ساڵێك تاقیكردنەوەكان لەسەری شكستیان هێناوە)). هەردوو ڕۆكێتی زیركۆن و پۆسیدۆن دوو پڕۆژەی زۆر پێشكەوتوون،و پۆسیدۆن لە شێوەی پاپۆرێكی بزوێنراودایە كە لەدوورەوە دەبزوێنرێت لەژێر ئاودا و تائێستا لە قۆناغی نمونەی سەرەتاییدایە.ئەم ڕۆكێتەش چەكێكی كاولكارە وبۆ بەكارهێنان نەشیاوە جگە لە جەنگی ئەتۆمی سەرتاپاگیر. • ئەم ڕۆكێتەی كە تەقیەوە و ناوی(( پۆریفیستنیك))بوو، لەلایەن ڕۆژنامەیەكی حكومەتی ڕوسیاوە ((ڕوسیسكایا گازیتا))وە پێش مانگێك بە ((چەكێكی تۆڵەسەندنەوە))ناودەبرا، هەروەك چۆن نازیەكان بەو ڕۆكێتانەیان دەوت كە دەنران بە بەریتانیاوە لە قۆناغی كۆتایی جەنگی جیهانی دووەمدا.هەمان ڕۆژنامە دەڵێت ئەم ڕۆكێتە توانای فڕینی بۆماوەی دوورودرێژ هەبوو هەروەك چۆن توانای خۆبەدوور گرتنیشی هەبوو لە بەرگریە ئاسمانیەكان، ئامانجەكەشی بریتی بوو لەوەی كە هەر ژێرخانێك مابێت لە دوای لێدانی ڕۆكێتی بالیستی كیشوەر بڕەكانەوە بۆ ناوچەی دوژمن بەم ڕۆكێتە كاول و لەناوببرێت. گالیۆتی دەڵێت (( لەگەڵ هەرەسهێنانی ڕێكەوتنامەی هێزە ئەتۆمیە مام ناوەنجیەكان، ئەمریكاش زیاتر تواناكانی چڕ دەكاتەوە لەسەر پێشخستنی كۆگاكانی لە چەكە مامناوەنجیەكان،كە كارێكی پێویست نیە لەكاتی هەڵایسانی جەنگی سەرتاپاگیریدا)). ئەوەش دەڵێت كە(( ڕوسیا دەیەوێت ئەو چەكە وەدەستبهێنێت بەهۆی مەترسیەكانیشی بەهەمان شێوە لە توانا ئەتۆمی و سەربازیەكانی وڵاتی چینیش)). • بەم شێوەیە بەكارهێنان و تاقیكردنەوە و هەوڵی دروستكردنی جۆری جیاواز و نوێتر لە چەك و تەقەمەنی پێشكەوتوو لەلایەن وڵاتە زلهێزەكانەوە لەلایەك دەبنە مەترسی بۆ سەر زیاتر پیسبوونی ژینگەی گۆی زەوی و كۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەگشتی و دروستبوونی مەترسی لەناوچوون و ڕوودانی كارەسات بۆ ئێستا و ئایندەی نەوەكانی مرۆڤ و سەرجەم زیندەوەرانیش. جا گەر بەم شێوە ناڕەوایە پێشبڕكێ لەنێوان زلهێزە ئەتۆمیەكاندا بەردەوام بێت لەسایەی سیاسەتە هەڵە و سەركێشیەكانی چەند سەركردەیەكی مەغرور و خۆبەزلزانی وەكو پۆتینی ڕوسیا و ترامپی ئەمریكاوە ،ئەوا بەدڵنیایی نەك مافەكانی مرۆڤ و ئازادیەكان و دیموكراسی و دادپەروەریی دەخرێتە ژێر پێیەكانەوە وەكو بنەما مرۆڤایەتی و قۆناغی نوێگەرایی ،بەڵكو هیچ ڕێز و بەهایەكیش بۆ بنەما و دروشمی پاراستنی ژینگەش نامێنێتەوە و مرۆڤ بەدەستی خۆی ئایندەی مرۆڤایەتی دەخاتە مەترسیەوە و كاولكاری و كارەساتی دڵتەزێن دەخوڵقێنن لەجیاتی داهێنان و پێشكەوتنە ئەرێنیەكان.بۆیە گەر ئەم پێشبڕكێ ناڕەوایانە بەردەوام بن ئەوا بەدڵنیایی ئایندەیەكی تاریك و ناڕۆشن و كاولكاری و ماڵوێرانیەكی سەرتاپاگیری گۆی زەوی چاوەڕوانی مرۆڤایەتی دەكات.
+ شێرزاد شێخانی دوای تێپه‌ڕبونی نۆ ساڵ به‌سه‌ر دوایین كۆنگره‌ی یه‌كێتیدا ، تاكو ئه‌مڕۆش ئه‌م حزبه نه‌یتوانیوه كۆنگره‌ی چواره‌می خۆی ببه‌ستێت . هه‌ر جاره‌و به‌بیانوویه‌ك دواخراوه ئه‌گه‌رچی به‌پێی په‌یڕه‌وی یه‌كێتی ئه‌بێ سێ ساڵ جارێك كۆنگره ببه‌سترێت بۆ نوێبوونه‌وه‌ی حزب و سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌ی .. تا ساڵانی دوایی هیچ بیانوویه‌ك نه‌بو بۆ دواخستنی كۆنگره‌ی حزب به‌تایبه‌تیش له‌سه‌رده‌می وجودی مام جه‌لالدا كه به‌پێی هه‌ندێ زانیاری خۆیشی له‌ئه‌دای زۆربه‌ی سه‌ركردایه‌تی حزبه‌كه‌ی نارازی بوو ، به‌ڵام دوای نه‌خۆشكه‌وتن و كۆچی دوایی به‌رێزیشیان به‌ستنی كۆنگره بوو بهزهروورهتێكی حه‌یاتی ، به‌تایبه‌ت كه پێوێست بوو شوێنی ئه‌و پڕ بكرێته‌وه‌و خوێنێكی تازه ببه‌خشرێته حزب . له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو گۆڕانكارییانه‌ی ناوچه‌و هه‌رێمه‌كه‌ش تاكو ئه‌مڕۆش سه‌ركردایه‌تی ئه‌م حزبه نه‌یتوانیوه كۆنگره‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو سازبدات . جا لێره‌دا ئه‌بێ بپرسین هۆكاری دواكه‌وتنی كۆنگره چییه‌و بۆچی بۆته كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی بێ چاره‌سه‌ر. هه‌ڵبه‌ت پێش هه‌موو شتێك پێویسته بوترێ كه غیابی مام جه‌لال به‌هۆی نه‌خۆشیه‌كه‌ی و دواتر كۆچی دوایی ، بۆشاییه‌كی زۆر گه‌وره‌ی له‌ناو حزبدا دروستكرد كه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پر نه‌كرایه‌وه . غیابی مام سه‌ركرده‌ی باڵه‌كانی ناو یه‌كێتی هاندا بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر یه‌كه‌و له‌لای خۆیه‌وه هه‌وڵبدات شوێنی مام بگرێته‌وه و باڵه‌كه‌ی خۆی به‌هێزتر بكات ، بۆ ئه‌مه‌ش باڵه‌كان كه‌وتنه ناو ململانێیه‌كی زۆر سه‌خته‌وه تا راده‌ی بهگژیهكداچوونهوهش ، وه‌كو له جیابوونه‌وه‌ی باڵی ناوه‌ندی بریاردا روویدا . به‌هێزترین باڵی ناو یه‌كێتی تا دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، ئه‌و باڵه بوو كه پێی ده‌وترا ( باڵی ده‌سترۆیشتوو ) به‌سه‌ركردایه‌تی هێرۆخان . به‌پێی حیساباتی زۆربه‌ی شاره‌زایان، له‌كۆی 51 ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی ، 33 ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی له‌و باڵه‌دا كۆبوونه‌وه ، به‌هۆی ده‌ستگرتنی هیرۆخانیش به‌سه‌ر دارایی حزب ، ئه‌م باڵه كاریگه‌ریه‌كی گه‌وره‌ی هه‌بوو به‌سه‌ر بڕیاری حزب له‌ناو یه‌كێتیدا .هیچ بڕیارێك به‌بێ ره‌زامه‌ندی سه‌ركرده‌ی ئه‌م باڵه نهئهدراو، بهواقیعحاڵ ئه‌م باڵه ببووه‌و مه‌رجه‌عی سیاسیی ناو یه‌كێتی . به‌ڵام له‌گه‌ڵ نه‌خۆشكه‌وتن و بێتاقه‌تی هێرۆخان و دوور كه‌وتنه‌وه‌ی له كۆبونه‌وه‌كانی یه‌كێتی ، ئه‌م باڵه تووشی هه‌ژانێكی زۆر گه‌وره بوو ، كه جێگره‌وه‌كانی هێرۆخان نه‌یانتوانی بۆشاییه‌كه‌ی ئه‌ویش پڕ بكه‌نه‌وه ، هه‌رچه‌نده له كۆبوونه‌وه‌كانی مه‌كته‌بی سیاسی وسهركردایهتیشدا هه‌وڵێك درا جۆرێك له‌شه‌رعیه‌ت بدرێته نوێنه‌ره‌كه‌ی هیرۆخان ، كه ئه‌مه‌ش خۆی له‌خۆیدا پێچه‌وانه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی حزب بوو ، له‌لایه‌كی تریشه‌وه هه‌ندێ له ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسیشی زوێر كرد تا راده‌ی دووركه‌وتنه‌وه‌یان له كۆبوونه‌وه‌كان. له‌و لاشه‌وه هێنانی چه‌ند كادێرێكی حزب بۆ به‌شداریكردن له كۆبوونه‌وه‌كانی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تیدا ئه‌ویش تا راده‌یه‌ك مه‌ركه‌زی بڕیاری ناو یه‌كێتی لاوازتر كرد و شه‌ڕی باڵهكانیشی تووندتر كرد . هاتنی ئه‌و كادیرانه كه هیچ ئه‌ندامێتیان له‌سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسی‌دا نه‌بوه ، شه‌رعیه‌تی كۆبوونهوهكانو بڕیاره‌كانی حزبیشی خسته گومانه‌وه، جگه له‌مه‌ش تێپه‌ربوونی زیاتر له‌شه‌ش ساڵ به‌سه‌ر واده‌ی به‌ستنی كۆنگره‌دا ، ئه‌ویش جێگای پرسیارێكی گه‌وره‌تر بوو له‌باره‌ی شه‌رعییه‌تبوونی سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌ی ئێستای یه‌كێتی. یه‌كێك له‌هۆكاره هه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی دواكه‌وتنی كۆنگره‌ی حزب ، ئه‌و ململانێیه تازه‌یه‌ی نێوان باڵه ته‌قلیدیه‌كان و سه‌ركرده تازه گه‌نجه‌كانی ناو یه‌كێتییه . باڵه ته‌قلیدیه‌كه خۆی به‌خاوه‌نی یه‌كێتی ئه‌زانێت و ، شه‌رعییه‌تی شۆڕشگێڕی كردوه به بنه‌مایه‌ك بۆ به‌رده‌وامبونی له‌سه‌ركردایه‌تی حزبدا ، له‌به‌رامبه‌ریشدا تاقمه گه‌نجه‌كه خۆی به مییراتگری مام جه‌لال ئه‌زانێ ، خۆیان وا نمایش ئه‌كه‌ن گوایه پارێزه‌ری رێبازه‌كه‌ی ئه‌ون ، ئه‌مه‌ش هێمایه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی بڵێن ، باڵه ته‌قلیدیه‌كان لهرێبازهكهی مام لایانداوه ، ئه‌مه‌ش هۆكاری سه‌ره‌كی تووندبونی ملمڵانێیهكهیه كه بۆته هۆی نه‌به‌ستنی كۆنگره‌ی حزب . با زیاتر نه‌چینه ناو ورده‌كاری و شێوازی ناته‌ندروستی ململانێی باڵه‌كانه‌وه ، با ته‌ركیز بخه‌ینه سه‌ر هۆكاری نه‌به‌ستنی كۆنگره‌ی چواره‌می حزب . هه‌ڵبه‌ت زۆربه‌ی كادیر‌و ئه‌ندامانی یه‌كێتی به‌په‌رۆشه‌وه چاوه‌ڕیی به‌ستنی كۆنگره‌ی چواره‌م ئه‌كه‌ن، هه‌موو ههوڵێكیشان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته داوه، به‌ڵام به هۆی ترسی زۆربه‌ی باڵه‌كانی سه‌ركردایه‌تی له شكستیان له‌ناو كۆنگره‌دا ، تا ئێستا بڕیار له‌كۆنگره نه‌دراوه ، ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجیشه بڕیاری به‌ستنی كۆنگره كه‌وتۆته ده‌ست ئه‌و باڵانه‌ی كه مه‌ترسی شكستیان هه‌یه له‌ناو كۆنگره‌دا ، هه‌رچه‌نده ئێستا گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره‌ش له‌سه‌ر ئاستی باڵه‌كاندا روویداوه‌و پێكهاته‌كانیان گۆڕاوه .. یه‌كێك له‌و گۆڕانكارییانه‌ش لاوازبوونی باڵی ده‌ستڕۆیشتووه . هه‌ڵبه‌ت نه‌خۆشكه‌وتنی هێرۆخان ودووركه‌وتنه‌وه‌ی له كۆبوونه‌وه‌كانی مه‌كته‌بی سیاسی وسه‌ركردایه‌تی یه‌كێك بوو له هۆكاره سه‌ره‌كیه‌كانی لاوازبوونی باڵه‌كه‌ی . جگه له‌مه‌ش هێنانی گه‌نجه‌كانی بنه‌ماڵه بۆ سه‌ر شانۆی سیاسی وههڵهكانیان و كه‌م ئه‌زموونیان له كاری سیاسه‌ت وحزبدا ، هۆكارێكیتری لاوازبوونی بوو، جگه له‌وه‌ش هاتنی ئه‌و گه‌نجانه‌ی بنه‌ماڵه میسداقییه‌تی سه‌ركردایه‌تیشی خسته گومانه‌وه ، به‌تایبه‌ت له‌مه‌سه‌له‌ی به‌بنه‌ماڵه‌كردنی یه‌كێتیدا . به‌پێی هه‌ندێ زانیاری به‌شێك له ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسی له‌سه‌ر ئه‌م هۆكارانه‌ی سه‌ره‌وه لهباڵهكه دوور كه‌وتنه‌وه . له پرۆسه‌ی دابه‌شكردنی پۆسته‌كانی ئه‌م دواییه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمدا ئه‌م حه‌قیقه‌ته ده‌ركه‌وت كه باڵه‌كه‌ی كاك كۆسره‌ت به‌شی شێری بۆ خۆی برد له‌سه‌ر حیسابی باڵه‌كانی تره‌وه . به‌ر له‌وه‌ی بێینه سه‌ر ورده‌كاری كۆنگره ، پێویسته ئه‌وه بڵیین كه ئێستا به‌واقیع له‌ناو یهكێیتیدا دوو باڵ له ململانێدان ، ئه‌ویش باڵی بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی و باڵی كاك كۆسره‌ته ، چونكه باڵه‌كه‌ی دكتۆر به‌رهه‌م هیچ كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆی نه‌ماوه ، هه‌م به‌حوكمی ئه‌وه‌ی دكتۆر به‌رهه‌م ئێستا له‌به‌غدایه‌و به سه‌رۆك كۆمارییه‌كی مه‌شغوله و ناپه‌رژێته سه‌ر كاروباری به‌رێوه‌بردنی باڵه‌كه‌ی خۆی، هه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ش كه خودی دكتۆر به‌رهه‌م نایه‌وێ خۆی بخاته ناو ململانێكانی یه‌كێتییه‌وه دوای ئه‌وه‌ی به‌ئاواتی خۆی گه‌یشت له پۆستی سه‌رۆك كۆماری‌دا ، بۆیه باڵه‌كه‌ی ئه‌و ئێستا دابه‌شبوونه به‌سه‌ر دوو باڵه‌كه‌ی ترا ، به‌مه‌ش كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆیان نابێت له‌ناو كۆنگره‌ی داهاتوودا ، مه‌گه‌ر به فشاره‌كانی ده‌ره‌كی رۆڵێكی سه‌ركردایه‌تی بدرێته دكتۆر به‌رهه‌م ، ئه‌گینا چانسی سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌ی زۆر ئه‌سته‌مه .. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی به‌شێكی به‌رچاو له‌ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی له باڵه دهسترۆیشتووهكه ده‌رپه‌ڕێنراون ئێستا زیاتر به‌لای باڵه‌كه‌ی كاك كۆسره‌تدا شكاندویانه‌ته‌وه ، هه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌شێكیان له‌لایه‌ن سه‌ركرده گه‌نجه‌كانی بنه‌ماڵه‌وه فه‌رامۆش كراون ، هه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بریاری سیاسی حزب له‌لایه‌ن ئه‌و تاقمه گه‌نجه‌وه مۆنۆپۆڵكراوه . تا ئێستا سێ پرۆژه هه‌یه بۆ كۆنگره ، یه‌كێكیان پرۆژه‌ی لێژنه‌كه‌ی سه‌ركردایه‌تییه ، ئه‌ویتریان پرۆژه‌ی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌نده ، سیێهمیشان پرۆژه‌ی مه‌كته‌بی رێكخستنه .. به‌پێێ خوێندنه‌وه‌ی هه‌ردوو پرۆژه‌كه‌ی سه‌ركردایه‌تی وئه‌نجومه‌نی ناوه‌ند له‌یه‌كه‌وه نزیكن ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی مه‌كته‌بی رێكخستن جیایه . به‌پێی پرۆژه‌كه‌ی سه‌ركردایه‌تی كه له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌كه‌وه ئاماده‌كراوه ، له‌كۆنگره‌ی داهاتوودا سه‌ركردایه‌تیه‌كی تازه دروست ده‌كرێت كه پێكدێت له 130 ئه‌ندام به‌ناوی په‌رله‌مانی حزب ، په‌نجا ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی و هه‌شتا ئه‌ندامی تری هه‌ڵبژێردراو ، ئه‌نجومه‌نێكی سه‌ركردایه‌تی 50 كه‌سی له‌ناو خۆیاندا هه‌ڵده‌بژێرن ، له‌و پێكهاته‌یه‌ش مه‌كته‌بی سیاسی پێك ده‌هێنرێ . پۆستی سكرتێر یاخود سه‌رۆكی حزب هێشتا وازح نییه ، به‌ڵام به‌پێی زانیاریه‌كان پۆستی سكرتێر یا سه‌رۆكی حزب ، پرۆتۆكۆلی ئه‌بێت ، لهتهكیشدا ئهنجومهنٍێكی به‌ڕێوه‌بردن كاره‌كان به‌ڕێوه ئه‌بات . زانیاریه‌كان ئاماژه به‌وه ئه‌كه‌ن بریار وایه به‌ته‌وافوق كۆنگره‌ی داهاتوو به‌ڕێوه ببرێ ، ئه‌مه‌ش به هێشتنه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌ی ئێستا به‌هه‌ر په‌نجا ئهندامهكهیهوه له‌گه‌ڵ 80 كه‌سه هه‌ڵبژێرراوه‌كه ده‌بنه‌وه به سه‌ركردایه‌تی حزب ..ئه‌مه‌ش زیاتر بۆ رازیكردنی ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی ئێستایه كه زۆربه‌یان ترسی ده‌رنه‌چوونیان هه‌یه له‌كۆنگره‌ی داهاتوودا ، بۆ ئه‌وه‌ی دڵیان رازی بكرێت و ترسیان له‌كۆنگره نه‌مێنێ ئه‌م ته‌وافوقه رێكخراوه‌و له پڕۆژه‌كه‌شدا جێگای بۆ كراوه‌ته‌وه . تاقمه گه‌نجه‌كه‌ی بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی تمووحی ئه‌وه‌یان هه‌یه بێنه ناو سهركردایهتییهوهو دواتریش رۆڵیان هه‌بێت له‌بڕیاره سیاسیه‌كانی حزبدا ، بۆیه مانعیان نیه له‌سه‌ر حیسابی پره‌نسیپه دیموكراسیه‌كانیش جۆرێك سازش بكه‌ن له‌پێناو گه‌یشتنیان به سه‌ركردایه‌تییه‌وه ، ئه‌مه‌ش جۆرێك لهشهرعییهتیان پێ ئه‌دات ..باڵه تهقلیدیهكهش ئه‌م ده‌رچه‌یه‌ی پێ باشه ، به‌ڵام ترسیان له‌وه هه‌یه له‌ناو كۆنگره موفاجه‌ئه رووبدات وپه‌شیمانی له به‌ڵێنه‌كان بێته ئاراوه ، بۆیه ناچنه ناو كۆنگره‌وه ئه‌گه‌ر زه‌مانه‌تێكی كۆنكرێتی مانه‌وه‌یان نه‌درێتێ . ئه‌مه هۆكاره هه‌ره سه‌ره‌كی دواكه‌وتنی كۆنگره‌یه . واته به روونی بڵێین ، متمانه له‌نێوان سه‌ركرده كۆن‌و تازه‌كاندا نیه بۆ ئه‌وه‌ی كۆنگره‌یه‌ك ببه‌سترێ ته‌نانه‌ت كۆنگره‌ی ته‌وافوقیش بێت . . هه‌ڵبه‌ت ده‌سه‌ڵاتدار بوون شتێكی خۆشه و كه‌سیش به‌ئاسانی ده‌ستبه‌رداری نابێت ، ئه‌و سه‌ركردانه‌ی ئێستای یه‌كێتی ئه‌وه‌نده ده‌وڵه‌مه‌ند ودسهڵاتدارن ، به‌تایبه‌تیش دوای كۆچی دوایی مام جه‌لال ترسی موحاسه‌به‌یان نه‌ما، بۆیه به ئاره‌زووی خۆیان ده‌سه‌ڵات ئیحتكار دهكهنو پاره‌و پۆست ئه‌به‌ن بۆ خۆیان ، ئاسان نییه له‌م سه‌رده‌مه‌شدا ده‌ستبه‌رداری ئه‌و هه‌مو پاره‌و ده‌سه‌ڵاتانه بن له‌به‌ر خاتری پره‌نسیپه حزبیه‌كان یاخود با بڵێین له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی حزب ومهبادیئهكانی ، بۆیه تا پێیان بكرێ له پۆستی حزبدا ده‌مێننه‌وه بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان . له كۆتاییدا ده‌توانم بڵێم كه كۆنگره‌ی حزب به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نابه‌سترێ به‌و پێوه‌ره‌ی زۆربه‌ی كادیر‌و ئه‌ندامانی یه‌كێتی داوای ده‌كه‌ن ، كۆنگره‌ی داهاتوش به‌هیچ شێوه‌یه‌ك واقیعه تاڵه‌كه‌ی یه‌كێیتی ناگۆڕێ ، هه‌ر ئه‌و تاقمه‌ی ئێستا به گۆڕانگارییه‌كی زۆر بچووكی سهركرادیهتییهكهی به‌رده‌وام ئه‌بێ لهدهستگرتن به‌سه‌ر یهكێتیداو، كۆنگره نابێته ئه‌و هیوایه‌ی زۆربه‌ی یهكٍێتییهكان چاوه‌ڕیی ئه‌كه‌ن . به‌بێ ته‌وافوقی باڵه‌كان و زه‌مانه‌تی به‌رده‌وامبوونیان چاوه‌ڕوانی كۆنگره مه‌بن .. * كادیرێكی پێشكه‌وتوی یه‌كێتی
+ هێمن غازی بەهۆی یەك نەبوون و پەرت پەرت بوونی سیاسی دۆخی كوردستان سەرباری ئەوەی وەك مێكیاژ دۆخی گشتی كوردستان بە باش دەردەخرێت و پێیان وایە حكومەتی نوێ بە سەرۆكایەتی بارزانی كوڕ ئیتر عەسای سحری پێیەو بەیەك شەو و رۆژ هەمووشتەكان دەگۆڕێت، وەك دەزانرێت لە ناو میللەتانی رۆژهەڵاتیدا یەك كەلتور هەیە ئەویش كەس كاری ئەوەی تر تەواو ناكات هەر لەبەر ئەوەش كلتوری روخان و دروستكردنەوە بەشێكی گرنگی پێشینەی میللەتانی رۆژهەڵاتییە كە كوردیش لەو چوار دەورەدا ئەم هاوكێشەیەی رووخان و دروستكردنەوەدایە. ناكۆكی قوڵی سیاسی نێوان مەسرو و نێچیرەڤان بارزانی وەك دوونەوەی بارزانییەكان خەركە بەڕوونی دەردەكەوێت ئەمەش كاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر دۆخی گشتی سیاسی هەرێم چونكە تەسفییەی حساباتی ئەوان وادەكات كە دووبارە كوردستان بچێتەوە ناو بازنەی كێشمەكێش و تەنگ و چەڵەمە ، ئەو دووكارەكتەرە سەرباری ئەوەی یەك خوێنن و لەناو یەك پارتدان بەڵام دوو دنیا بینینی جیاوازیان هەیە، نێچیرەڤان بارزانی كە ئێستا سەرۆكی هەرێمی زۆنی زەردە، رووە و توركیا و ئەردۆگانە بەڵام بارزانی كوڕ كە بۆتە میراتگری بارزانی باوك و مومارەسەری ئەزموونی دەوڵەتداری دەكات رووە و بەغداو ناوەندە تەنانەت باس لەوە دەكرێت لەپرسی نەوت عادل عەبدول مەهدی لە كۆبوونەوەكانی لەگەڵ حكومەتی هەرێم كە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێم و ناوەند روو لە بەغدا بوون لێی پرسیون كە چی لە رێككەوتنی نێوان هەرێم و توركیا دەكەن كە 50 ساڵ بەبەردەوامی ماوەتەوە مەسرور بارزانی باسی لەوە كردووە كە ئیتر من سەرۆكی حكومەتم هەرچەندە روون نییە كە لەبەر خواستی بەغداد پەیوەندییەكانی پارتی و توركیا تێكبداتەوە بەڵام رەنگبێت دەست بۆ گەلێك بوار ببات كە مەبەستییەتی هەیمەنەی نێچیرەڤان بارزانی پێ بشكێنێ و ئەزموونی فەرمان رەواییە دوور مەوداكەی تێكبداتەوە لە بواری ئابوری و سیاسی و سەربازی و دیپلۆماتیش مەسروربارزانی وەها بیر دەكاتەوە كە هەموو ئەمانە لە قۆناغی سەرەتایدان و دەبێت دووبارە بونیاد بنرێنەوە دووبارە بە شكلێكی تر بونیاد بنرێنەوە كە جێپەنجەی سەرۆكی نوێی حكومەتیان پێوە دیار بێت .
+ له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج دوێنێ به‌یانی له گه‌ڵ ره‌نوی كچما كه دوا فریشته‌ی ماڵه‌كه‌یه ئه‌چووم تا له قوتابخانه ناوی تۆمار بكه‌م، له‌ڕێگا به‌یه‌كه‌وه قسه‌مان ده‌كرد، یان راستتر ئه‌وه‌یه بڵێم ئه‌و قسه‌ی ده‌كرد و من گوێم رادێرابوو، وتی ئه‌گه‌ر چوومه قوتابخانه ئیتر وه‌ك "مهمهجان"ده‌كه‌م، وتم مهمهجان چیه وتی ئاغای بچوك، ناچمه پۆله‌وه و رادهكهمهوه، هه‌ڵبه‌ت جاری تریش باسی ئه‌وه‌ی بۆكردوم كه چۆن له فیلمه‌وه فێر بووه ده‌مانچه بته‌قێنێت.شه‌وه‌كه‌ی هه‌رزه‌یه‌ك به دوو چهرخهیهكهوه له به‌نزینخانه‌ی شۆڕش به ده‌مانچه مێردمناڵێكی كوشت، كه كرێكاری ئه‌و شوێنه بوو، گرته‌ی تۆمار كراوی روداوه‌كه‌یان له یه‌ك دوو شوێنه‌وه بۆ ناردم " نابوو به هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌وه بڵاو بێته‌وه " دڵم داخورپا چۆن ده‌بێت ئه‌مه بڵاو بكرێته‌وه، گرته‌كه زۆر ئازار به‌خشه، به‌س نازانم چۆن هه‌ستمكرد ده‌ڵێی ئه‌م جۆره كوشتنهم له فیلم‌دا چه‌ند جارێك بینیوه، ئێستا ده‌زانن ئێمه‌له چ دۆزهخێكداین.دزینی نه‌وت، سوك كردنی مرۆڤ، تاڵانی دار‌و به‌رد، به هه‌ده‌ر دانی سامان، كوشت و بڕی شه‌ڕی ناوخۆ، ده‌رگا كردنه‌وه بۆ ئێرانوتوركیاو میت ولۆمپه‌ن و بێبایه‌خكردن به‌هه‌موو مانایه‌ك، خواردنی ئێكسپایه‌ر، ده‌رمانی به‌سه‌ر چوو، زیادبوونی شێرپهنجهوبه كار هێنانی تلیاك و حه‌شیش و پیسكردنی ژینگه‌و هێنانی هه‌مه جۆر كارگهوكارخانهی بێكهڵك و بێ فلته‌ر، دواجاریش په‌خشكردنی ئه‌و هه‌موو فیلم و زنجیره دراما سه‌قه‌ت و شێواوه، هه‌موو ئه‌مانه ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه داغان و هه‌لا هه‌لا ده‌كه‌ن، كه‌سیش نیه هیمه‌تێ بكات، فریاد ڕه‌سێك نیه، خه‌مخۆرێك نیه بڵێت بیرێ له ئایندهبكهنهوه.هه‌ر چیمان هه‌یه‌و نیه پاشه كشه‌ی كردووه، نه مه‌لا مه‌لای جاران نه‌مامۆستا مامۆستای جاران، نهفیتهر فیته‌ری جاران و نهفێرخواز فێر خوازی جاران و نه‌باوك باوكی جاران.كوشتنی ئه‌و تازه پێگه‌یشتوه به‌و جۆره و ئه‌و خوێنساردیهی بكوژه‌كه، هه‌رچی كوشت و بڕی ئه‌م وڵاته‌یه له 1991ه‌وه تا ئه‌مڕۆ هێنایه‌وه به‌ر دیه‌م، ئه‌م بێبایه‌خكردنی مرۆڤه، كه هه‌ر رۆژه به جۆرێك وانه‌ی كوشتنی فێری مناڵه‌كان ده‌كه‌ن، ئێمه به‌ره‌و چاره‌نووسێكی مه‌ترسیدار ده‌بات.ئه‌وه چ خوێنساردیهكه له پێناو بڕێك پاره‌دا مرۆڤێك بكوژی و زۆر ئاساش وێنه‌كه‌ش به جێبهێڵیت.
+ كەمال محەمەد ئەوەی ئەبینرێت و باس ئەكرێت سەركردەو كادیرەكانی ئەو حیزبەیە كە خوازیاری كۆنگرەیەكن كە ببێتە ڕزگاری و فریاد رەسیان و هێزی تێپەڕاندن و چارەسەری كێشەكان بكەنە بنەمای كۆنگرەیەك كە بتوانێت هێزی خۆنۆژەنكردنەوە بەدەست بهێنێت ،یەكێتی بەم قۆناغەی ئێستای ناتوانێ بەردەوام بێت ،هەربۆیە لەسەر بنەمای گەرەنتیكردنی كۆنگرەیەكی شەفافەوە دەتوانێ بونی خۆی بپارێزێ و سنورێك بەو زمانی ئاخافتن و بیر‌و ڕا جیاوازییانە دابنێ كە لێرەو لەوێ لەنێوخۆی ئەم حیزبەدا ئەكرێ كە ڕێگرە بۆئەوەی هێزی گەیشتن بە كۆنگرەیەكی چارەسەری بەدەست بهێنرێ ، بۆ چۆنێتی گەیشتن بەو بارودۆخەی ئێستای یەكێتی پێویستە سەیرێكی ڕابردوی نزیكی ئەو حیزبە بكرێت ،كە بە بونی جەلال تاڵەبانی دۆخی ناكۆك و بۆشایی گەورەی سیاسی و بڕیاردانی وەك ئێستا بونی نەبو ،لەژێر هیچ بیانو پاساوێكەوە ئەندامانی ئەو حیزبەنەیانتوانیوە كێشەكان وەك ئێستا پەرە پێ بدەن پەردەی لەسەر هەڵماڵن ،بەڵام دەركەوت لەدوای كۆچی سكرتێرەكەیان سەركردەكانی ئەزمونێكی وانەبەخش و فێركراویان وەرنەگرتوە بۆ ئەوەی شكانی پەنجەكان بەكۆتا بێنن یاخود لاوازی بكەن سەرەڕای ئەوەی كە بەردەوام جەختیان لەسەر پاراستنی یەكێتی ناو یەكێتی و دەستگرتن و بەردەامیدان بە رێبازەكەی سكرتێرە كۆچكردوەكەیانەوە كردوە ، پارچەبون وپەرتەوازەیی زیاتری ئێستا كاریگەری لەسەر ئۆرگان و رێكخستنەكانی یەكێتی كردوە ،هێرشە ڕۆژانەییەكانی سەركردەو كادیرەكانی ڕێگای گەیشتن و پێهەڵگرتنی بە سەنتێزێكی سیاسی و بڕیاردان گرتوە ،شكاندنی پەنجەكانی یەكدی نوێ نییە بەڵام دەركەوتنی بەم ڕادەیەی ئێستا كەلێنێكی گەورەی خستۆتە نێو ئەو حیزبەوە ئێستای كێشەكانی یەكێتی تەنها پەیوەندی بە نێو خۆی یەكێتیەوە نییە ،بەڵكو پەیوەندی بەو بویەرو ڕوداوانەشەوە هەیە كەلەئاستی هەرێم و ناوچەكە ڕو ئەدەن ،بەواتا پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆی بە واقیع و راستینەكانی ئێستای پارسەنگی هێزەوە هەیە بەو پێیەی تاكە هێزە لەدوای پارتی كە سنورێكی جوگرافی و هێزی لەدەستدا بێت ،بۆیە پێویستە هەرگیز گومان لەو راستییە نەبەن كەبەردەوامیدان بەم دۆخەی ئێستا نابێتە هۆی چارەسەری كەلێنی نێوان خۆیان ڕاگرتنی بالانسی هێز لە هەرێم و ناوچەكەش ! بۆئەوەی لە ڕوبەروبونەوەی كۆتاییەكی تراژیدیانە ڕزگاری بێت پێویستە راوەستەیەكی زۆر لەسەركێشەكانی ئەمڕۆیان بكەنەوە كەوەك نەخۆشییەك جەستەی ئەو حیزبەی داپۆشیوە هەڵبەتە دۆزینەوەی سەرچاوەی كێشەكان و پەند وەرگرتن لێی و دانانی چارەسەرییەك بۆی ،خاوەندارێتی كردنە لەپێگەی جەماوەری و میراسی سیاسی ئەو حیزبەوە ،بۆیە تەنها بیركردنەوە لەكۆنگرەیەك كە ئامراز و دیسپلینكردنی دەستەیەكی بەرێوەبەری نوێ بۆ سەركردایەتی ئەو حیزبە بە بێ ڕەچاوكردنی مەنسوبییەت و مەحسوبییەت باشتر یارمەتیدەر ئەبێت ،بەواتا كۆنگرەی داهاتو ڕێگەیەك بێت بۆ گونجاندنی هەمویان نەوەك تۆخكردنەوەی تەكەتول بەلاوەنانی یەكدی ،بۆیە كۆنگرەیەكی چارەسەر كاتێك بەدی دێت كەلە رێگەی گفتوگۆی رێكخستنەكان و ئۆرگانەكانەوە هەڵبژێردرێت توانای وەرگرتن و دەركردنی بڕیارەكانی هەبێت و بەرامبەر بە هەموان بەرپرسیار بێت و چیدیكە هەلومەرجەكان دەرفەت بەوە نەدەن كە كۆنگرەی شكاندنی پەنجەكان بێت .
هیوا سەید سەلیم توركیا لە شەستەكانی ئەم سەدەیە بە وڵاتی كودەتاكان ناسرابوو، لەو كاتەدا هەر كاتێك سەرباز حوكمی ئەو وڵاتەیان بەدڵ نەبایە ئەوا كودەتایان بەسەر دەسەڵاتدا دەكرد، وە دەرگای زیندانیان بەڕوووی دەسەلاتداران دەكردەوە، وە هەمیشەش بیانوویان بۆ ئەو كارە بریتی بوو لەوەی ئەو دەسەڵاتە بۆتە مەترسی بەسەر بنەماكانی علمانیەت و كەمالیزم لە توركیا. دوای ئەوەی پارتی دادوگەشەپێدان لە دوای ساڵی 2001دەسەڵاتی لە توركیا گرتە دەست، ڕێوشوێنی توندی گرتەبەر تا ئەمانیش بەدەردی ئەوانی پێش خۆیان نەچن، وە نەبنە قوربانی كودەتایەكی سەربازی، بەڵام لە ماوەی ساڵانی حوكمڕانی ئەكەپە كودەتاكان گۆڕانیان بەسەر داهات، وە كودتاكان چوونە چوارچێوەی سیناریۆی خودی دەسەڵاتداران لە توركیا. لە 15 تەمووزی 2016 لە سیناریۆیەكی گوماناوی ئەردۆغان بەناوی كودەتایی سەربازی كە لە دژی ئەنجام دراوە، توركیا كردە زیندانێكی گەورەی سیاسی، بە شێوەیەك كە لەو كاتەوە تا ئێستا بە هەزاران كەس لە چین و توێژە جیاجیاكانی توركیا لە (فەرمانبەری ئلسایی بگرە، تا دادوەر و پەرلەمانتار و نووسەر و ئەكادیمی ...هتدا) خراونەتە ناو زیندانەكانی توركیا. رۆژی 19( ئابی 2019)ش، ئەردۆغان و حزبەكەی پەنایان بردە بەر جۆرێكی تازە لە كودەتا، كە قوربانیەكانی ناویان ناوە كودەتایی سپی، ئەویش بە لادانی سێ سەرۆك شارەوانی لە گەورە شارەوانیەكانی ( ئامەد ، وان ، ماردین) لە جێدانانی قەییوم لە شوێنی ئەو سەرۆك شارەوانیانە، كە بەدەنگی خەڵك هەلبژێردرابوون. لە هەڵبژاردنی 31 ئاداری ئەمساڵ كە بۆ هەلبژاردنی شارەوانیەكانی توركیا ئەنجام درا، پارتی دیموكراتی گەلان(هەدەپە) درووشمی (قەییومەكان بەسەرشۆڕی دەنێرینەوە لای ئەردۆغان ) هەڵگرتبوو. شایانی باسە دوای هەڵبژاردنی ئەیلولی 2016 كە هەدەپە و پارتی دیموكراتی هەرێمەكان توانی بوویان 104 شارەوانی بەدەست بێنن، دەسەڵاتدارنی توركیا 96 شاروانیان لە كارەكانیان دوورخستەوە و بەشی هەر زۆریشیان وەك چەندین پەرلەمانتار و كادیر و لایەنگری دیكەی هەدەپە خرانە زیندانەكان. لەبەرامبەر ئەو سیاسەتەی ئەكەپە لە دوایین هەڵبژاردنی شارەوانیەكانی توركیا، هەدەپە كاری بۆ تێكشكاندنی سیاسەتی دانانی قەییومەكان كرد، بۆیە تێكشكاندنی ئەو سیاسەتە و دۆڕانی گەورەی ئاكپارتی لە شارەوانیە گەورەكانی توركیا لە نموونەی ( ئەنقەڕە و ئەستنبۆڵ و ئیزمیر و مێرسین ....هتدا) هۆكاری كودتا سپیەكەی ئەمدواییەی ئەكەپە بوون. سەر لەنوێ سەپاندنەوەی دەسەڵاتی قەییومەكان و لادانی ئەو كەسانەی كە بە ئیرادەی خەڵك و لە رێگەی سندوقەكانی دەنگدانەوە ببوونە سەرۆك شارەوانی توركیا، دەسەڵاتی ئەكەپە بەرەو قەیرانی زیاتر دەبەن، ئەمە لە كاتێكدایە كە لایەنی بەرامبەر لە ئیمرالی و ناوەندەكانی بڕیار لە هەدەپە، هەمیشە جەغت لە چارەسەری ئاشتیانە دەكەنەوە. دەسەڵاتدارنی توركیا ئەگەر بەو نەفەسە نادیموكراسیانە مامەڵە لەگەل كێشەكان بكەن، توركیا و ناوچەكە بەرەو تونێلێكی تاریك دەبەن كە دەرچوون لێی ئاسان نەبێت. قەیران و كێشەكانی توركیا لەگەڵ ئەمەریكا و رۆژئاوا، وە هەڕەشە بەردەوامەكانی توركیا بۆ داگیركردنی رۆژئاوای كوردستان، پەلامارە بەردەوامەكانی بۆسەر باشووری كوردستان، كێشەو دەستوردانی ئەو وڵاتە لە كاروباری وڵاتانی عەڕەبی و ئیسلامی گەواهی دەری ئەو ڕاستیەی سەرەوەن كە زوو یان درەنگ دەبێت ئەردۆغان و حزبەكەی باجی گەورەی بۆ بدەن.
+ مەجید ساڵح هەر جارێک تووشی تەنگوچەڵەمەیەکی سیاسی یان سەربازی دەبێتەوە، ئەردۆگان بۆ پاراستنی ئابڕووی سیاسی خۆی دەستێک لە کورد دەوەشێنێت. بەو نیازەی دڵی هەوادارانی خۆی و هاوپەیمانە فاشیستەکانی لە ئەرگەنەکۆن و MHP خۆش کات. دوای شکستە گەورەکەی لە هەلبژاردنی شارەوانی باکوری کوردستان و دۆڕانی لە ئەستەمبوڵ و کەوتنی یەڵدرمی پیاوی یەکەمی دەستە راستی، کێچ کەوتە کەوڵی، بە مەرامی داگیر کردنی قەندیل بە هەموو هێزێکیەوە کەوتە پەلاماردانی قەندیل و باشوری کوردستان، بەڵام بۆی نەچوە سەر.. کە هاوڕێکانی دوێنێی مەسەلەی دامەزراندنی حزبێکی نوێیان لە تورکیا کرد بە عەمەلی و هەنگاوەکانیان دەست پێ‌کرد، بۆ مەشغول کردنی رای گشتی تورکیا هێزێکی زۆری لە رۆژئاوای کوردستان کۆکردەوە و ویستی پەلاماری بدات و ئەزمونی عەفرین لە کۆبانی و قامشلی و سەری کانی دووبارە بکاتەوە، بەڵام پیلانەکەی لە گەڵ پلانەکەی ئەمریکا یەکی نەدەگرتەوە و بە چاوسور کردنەوەیەک رازی بوو بە رێکەوتنێک کە لە بەرژەوەندیدا نەبوو، بۆیە هەڕەشەو گورەشەکانی خاو کردەوە.. ئەردۆگان بە هۆی لاواز بوونی پێگەی جەماوەری خۆی و نەمانی پێگەی جارانی حزبەکەی ، بە تەواوەتی بە گروپە فاشیستەکانی تورک دەورە دراوە و تەسلیمی ئیرادەی ئەوان بووە. بۆیە رێگەی بۆ باڵی فاشیستی ناو حکومەتەکەی خۆش کردوە، پەلاماری HDP و سەرۆکی شارەوانیەکانی دەستی ئەو حزبە بدەن ، بۆ چوار مەرام: ١. لاواز کردنەوەی رۆڵی کورد لە هاوکێشە ناو خۆیی و ئیقلیمیەکان، بە تایبەت لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دوایەدا دەرکەوت کورد پارسەنگ و یەکلاکەرەوەی هیزە لە نێوان فاشیزم لایەنگرانی دیموکراسی. ٢. لێدان لە پەیکەریHDP و دابەشکردنیان بۆ دوو بەرەی شاخ و زیندان. لە ئۆپراسیۆنی ٢٠١٦ بەشی زۆری کادیرانی رادیکالی HDP یان گرت و خستنیە زیندانەوە و هێشتا زۆریان هەر لە زیندانن، بەڵام لە هەڵبژاردنی رابردودا HDP، بە تایبەت کادیرەکانی لایەنگری شاخ خۆیان رێکخستەوەو توانیان سەرکەوتنێکی چاوەڕوان نەکراو بەدەست بهێنن، ئەم ئۆپراسیۆنە بە زۆری ئەو کادیرانە دەگرێتەوە.. ٣. لە ریگەی ئەم ئۆپراسیۆنەوە دەیەوێت بە یار و نەیارەکانی بڵێ هێشتا من پیاوە بەهێزەکەی وڵاتم و هەوساری (جڵەو) دەسەڵات لەدەستی مندایە.. ٤. لەبەرامبەر شکستی لەشکرکێشیەکەی بۆ رۆژئاوای کوردستان و قەندیل، هەر هیچ نەبێ لە ریگەی گرتن و لێسەندنەوە شارەوانیەکانی دەستی کورد سەرکەوتنێکی کاتی بەدەست بهینیت ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن تازە دێوەکە لە شوشەکە دەرچوە و گەڕانەوەی بۆ ناوەوە موستەحیلە، بە مانایەکی دیکە کێشەی کورد لە باکور تازە بووەتە ئەمری واقع و بەم کوتە فاشیتانە و بە زەبری چەک چارەسەر نابێ. ئەردۆگانیش لەو لەحزەیەی کە خەونی سوڵتانیزم دای لە کەلەی و دەستی لە گەڵ فاشیستەکانی ناو تورکیا تێکەڵ کرد، گڵۆڵەی خۆی و حزبەکەی کەوتە لێژی و بەرەو داڕمان چوو.. نە ئۆپراسیۆنی سەربازی و نە ئینقلاب کردن بەسەر دیموکراسیدا، نابنە هۆی راوەستانی ئەو گڵۆڵەیەی کە رۆژ لە دوای رۆژ لە کەمی دەدا. سەرکەوتنێکی وای لێ ناکەویتەوە پێکەنینەکانی جاران بگەڕێنیتەوە بۆ سەر روخسارە زەرد هەلگەڕاوەکەی ئەردۆگان، چونکە ئیرادەیەکی گەورەی سەرکەوتن لە ناو کوردی باکوردا دروست بووە، هەلومەرجی ناو خۆیی تورکیا و گۆڕانکارییە ئیقلیمی و نێو دەوڵەتیەکانیش وەک جاران لەگەڵ بەرژەوەندی هەلگرانی بیری فاشیزم و ئایدۆلۆژیای ئیخوانیدا یەک ناگرنەوە
+ د. شۆڕش حاجی ئەڵقەی دوەم: ئۆرگانە سەرکردایەتییەکانی گۆڕان بزوتنەوەی گۆڕان لە رۆژی سەرهەڵدانیەوە شێوازێکی جیاوازی لە کاری حیزبی‌و پەیکەری رێکخراوەیی پەیڕەو کردوە. کاک نەوشیروان‌و دامەزرێنەرانی گۆڕان لە سەرەتاوە هەوڵیاندا گۆڕان وەک حیزبەکانی تری کوردستانی عیراق کار نەکات. بۆ نمونە، بزوتنەوەی گۆڕان حیزبی هەڵبژاردن بێ، نەک حیزبی دەوامکردن لە بارەگا. هەروەها شێوازی ئاسۆییمان بۆ نوێنەرایەتی لە سەرکردایەتی گۆڕان دانا، نەک شێوازی ستونی هاوشێوەی حیزبە سێنتڕاڵو شێوە ستالینیەکان، کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و کوردستان باوە. ئەمەش لە ئەنجامی دیراسەکردنی ئەزمونو پەیکەری رێکخراوەیی زۆر حیزب‌و رێکخراوی سیاسی لە ئاسیا‌و ئەوروپاو ئەفریقا. بەمەش گۆڕان داهێنانێکی تری خستە سەر خەرمانی نوێخوازی لە کاری سیاسی، حیزبی‌و جەماوەریدا. سەرکردایەتی گۆڕان لە چەند ئۆرگانێک پێکهاتوە. جڤاتی نیشتیمانی باڵاترین ئۆرگانی سەرکردایەتی‌و بڕیاردانە لەناو بزوتنەوەی گۆڕان‌و لە نوێنەری گۆڕانخوازانی هەمو شار‌و دەڤەرەکانی کوردستان، فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان‌و ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، ئەنجومەنی پارێزگا، تیمە حکومییەکانو ژورەکانی گۆڕان پێکهاتوە. هەر یەک لە ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی ئەرکێکی دیاریکراوی بۆ ماوەیەکی دیاریکراو هەیەو هەر کاتێک ئەو کار‌و ئەرکەیان نەما لە سەرکردایەتی گۆڕان نامێنن. خانەی راپەڕاندن‌و رێکخەری گشتی باڵاترین ئۆرگانی جێبەجێکارە لەناو بزوتنەوەی گۆڕان بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی جڤاتی نیشتیمانی لە بوارە جیاکانی کاری گۆڕان. جڤاتی گشتی شانبەشانی جڤاتی نیشتیمانی وەک ئۆرگانێکی راوێژکاری چاودێری کار‌و چالاکییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان دەکاو، پێشنیار‌و راوێژ پێشکەش بە جڤاتی نیشتیمانی دەکات. میکانیزمی هەڵبژاردنی هەر یەک لەو دەزگایانەو ماوەو ئەرکەکانیان لە دەستوری ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان باسکراوە. خاڵی هەرە جەوهەری لە دەستوری ناوخۆ‌و پەیکەری رێکخراوەیی گۆڕان ئەوەیە کە ئەندامانی هیچکام لەو ئۆرگانە سەرکردایەتییانە لە کۆنفرەنسی نیشتیمانی هەڵنابژێردرێن، بەڵکو رێکارو میکانیزمی هەڵبژاردنی تایبەت بەخۆیان هەیە. هەر بۆیە هەڵبژاردن‌و گۆڕینی ئەندامانی دەزگا سەرکردایەتییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لەکاتی خۆیدا کارێکی ئاسان‌و کەم سەرئێشەیە. بەڵام وەک هەمو شتێکی نوێ‌و لەبەر کۆمەڵێک هۆکار نەتوانراوە هەمو ئەو نەخشەو پلانەی کاک نەوشیروان‌و دامەزرێنەرانی گۆڕان بۆ جومگەکانی ئەم حیزبە دامانناوە تا ئێستا جێبەجێ بکرێ. جێبەجێ نەکردنی هەمو پرەنسیپە رێکخراوەییەکانو، هەندێ جاریش، بایەخ نەدان بە جۆرایەتی لە ئاستی سەرکردایەتی گۆڕان، تا کاک نەوشیروان مابو کێشەیەکی ئەوتۆ نەبو. چونکە وجودی ئەو زاتە بەشێکی زۆری کەموکوڕییەکانی بزوتنەوەی گۆڕانی داپۆشیبوو خۆی ئەو کەلێنانەی پڕکردبۆوە. بەڵام کۆچی دوایی کاک نەوشیروان هەلومەجێکی نوێی هێنایە پێش، کە دەبێ هەڵوەستەیەکی جیدی لەسەر بکرێ. جێگای سەرنجە کە تا ئێستاش هەندێ لە گۆڕانخوازان، لە هەمو ئاستە رێکخراوەییەکان، لە گرنگی‌و بایەخی ئەو پەیکەرە رێکخراوەییەی گۆڕان تێنەگەیشتون؛ بەشێکی تریان، کە لەسەر شێوازی کارکردن لە حیزبی تر راهاتون، ئاسان نیە بتوانن لەگەڵ ئەم مۆدێلە نوێیەی کاری حیزبایەتی رابێن. هەروەها ئاستی هوشیاریو توانای شەخسی لە هەندێ جومگەی گرنگی گۆڕاندا بونەتە قوربانیی ئەو شێوازەی ئێستا لە دانان یان هەڵبژاردنی ئەو کەسانە لە جومگە سەرکردایەتییەکانی گۆڕان. ئەمەش وایکردوە هەندێ جار توانای بڕیاردان لە کاتی خۆیداو هەڵوێستی گۆڕانخوازانە سەبارەت بە روداوەکان لەلایەن ئۆرگانە سەرکردایەتییەکانی گۆڕانەوە لە ئاست چاوەڕوانی گۆڕانخوازان‌و هەلومەرجی ئێستای کوردستان نەبێ. بەمەش متمانەی رێژەیەکی هاوڵاتیان بە بزوتنەوەی گۆڕان لاواز بوە. هەمو ئەمانە کاریگەری خراپیان لەسەر کۆی پرۆسەی سیاسی لە هەرێم دروست کردوە. بزوتنەوەی گۆڕان هێزێکی خۆنەویست‌و بوێر بوەو لەسەر پرسە نەتەوەیی‌و چارەنوسسازەکان هێزێکی خاوەن هەڵوێستی نیشتیمانیەو هەرگیز سڵی لە هیچ بڕیار‌و هەڵوێستێک نەکردۆتەوە، کە لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بوبێ. هەروەها سەرسەختانە بەرگری لە داواکارییەکانی هاوڵاتیان کردوە. هەر ئەمانە وایانکردوە بزوتنەوەی گۆڕان ببێتە جێگای ئومێدی زۆربەی خەڵکی کوردستان. بەڵام کاتێک هاونیشتیمانیان لە بزوتنەوەی گۆڕان نیگەران دەبن‌و ناچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان، تەرازوی هێز لە هەرێم دەگۆڕێ. ئەمەش وادەکا هاوڵاتیان لە دوبارەبونەوەی ئەزمونە تاڵەکانی رابردو بترسن. هەر بۆیە لەمڕۆداو لەسەروبەندی هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندن‌و رێکخەری گشتی‌و بڕیاری بەستنی کۆنفرەنسی نیشتیمانی، کۆی پەیامی گۆڕان‌و ئامانجەکانی ئەم جوڵانەوە جەماوەرییە لەبەردەم دوڕیانێکی چارەنوسسازدایە. لێرەدا جڤاتی نیشتیمانی ئەرکێکی مێژویی قورسی لە ئەستۆدایە، چونکە بڕیاری یەکلاکەرەوەی ئەم دو بابەتە هەستیارو گرنگە لای ئەوانە. گۆڕانخوازان چاوەڕێی ئەوە لە جڤاتی نیشتیمانی دەکەن کە لە ئاست ئەو ئەرکو بەرپرسیارێتییەدا بن کە پێیان سپێردراوە. ئەرکی جڤاتی نیشتیمانی لە ئێستادا بریتیە لە یەکەم: خۆئامادەکردن بۆ بەستنی کۆنفرەنسی نیشتیمانی، کە لەلای زۆربەی حیزبەکانی کوردستان بە کۆنگرە ناو دەبرێ. لە کۆنفرەنسی نیشتیمانیدا پێداچونەوە بە دەستوری ناوخۆ‌و بەرنامەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان دەکرێو، ئەدای ئۆرگان‌و فراکسیۆنەکانی گۆڕان بە وردی هەڵدەسەنگێنرێنو نەخشە بۆ چوار ساڵی خەباتی ئایندەی بزوتنەوەی گۆڕان دادەڕێژرێ. دوەم: هەڵبژاردنی رێکخەری گشتی‌و خانەی راپەڕاندن، کە وا بڕیارە پێش بەستنی کۆنفرەنسی نیشتیمانی ئەنجام بدرێ. خانەی راپەڕاندن‌و رێکخەری گشتی باڵاترین ئۆرگانی جێبەجێکاری بزوتنەوەی گۆڕانە. لە دوای هەڵبژاردنی رێکخەری گشتی‌و خانەی راپەڕاندنەوە لە ٢٥/٧/٢٠١٧، زۆرترین رەخنە روبەڕوی ئەم ئۆرگانە بۆتەوەو لەزۆر بۆنەدا بە هۆکاری سەرەکی کەمکردنی دەنگەکانی گۆڕان یاخود لاوازبونی گۆڕان تاوانبار کراون. ئەگەرچی دەسەڵاتی رێکخەری گشتی‌و خانەی راپەڕاندن بەپێی دەستوری ناوخۆ تەنیا جێبەجێکردنی بڕیارەکانی جڤاتی نیشتیمانیە، بەڵام خەڵک بەچاوێکی تر تەماشای رێکخەری گشتی‌و خانەی راپەڕاندن دەکەنو چاوەڕوانی رۆڵی زیاتر‌و گرنگتریان لێدەکەن. بۆیە دەبێ ئەو ئۆرگانە وەک تیمێکی چالاک‌و تۆکمەو بەهێز کار بکاو رێکخەرو کۆکەرەوەی هەمو گۆڕانخوازان بن. هەروەها پێویستە نوێنەرایەتی هەمو گۆڕانخوازان بکەن – لە تێکۆشەری دێرین‌و بەئەزمون لەگەڵ گەنجو نەوەی نوێی بەتوانا. ئەگەر بە وردی کار لەسەر هەڵبژاردنی رێکخەری گشتی‌و خانەی راپەڕاندن نەکرێ ئەوا لە ئایندەدا گۆڕان توشی کێشەو شکستی گەورەتر دەبێ. هەر بۆیە زۆر گرنگە پرۆسەی هەڵبژاردنی بەربژێرەکان لەسەر بنەمای توانا‌و لێهاتوییو سەرکەوتویی لە کاری رابردوی ئەو تێکۆشەرانە بێ، نەک بە عەقڵیەتی دەستەگەری، کە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی پاشەکشەی جەماوەری هەر حیزب‌و رێکخراوێکی سیاسی. کاک نەوشیروان زۆر جار کە باسی کەموکوڕییەکانی کاری حیزبایەتی لە کوردستانی عیراق دەکردو رەخنەی لە ئەدای هەندێ هەڵسوڕاوی گۆڕان دەگرت حیکایەتێکی دەگێڕایەوە. یادی بەخێر دەیگوت: دەڵێن سەردەمێک لە گوندێک نەخۆشی سیل بڵاوبۆتەوەو زۆر لە خەڵکی گوندەکە بەهۆی ئەو دەردەوە مردون. دواجار خەڵکی گوندەکە کۆدەبنەوەو دەڵێن ئەگەر لێرە بمێنینەوە بەردەوام خەڵکمان لێ دەمرێ تا هەمومان لەناو دەچین. بۆیە وا چاکە بڵاوەی لێبکەینو هەر چەند خێزانێکمان بچینە یەکێک لە گوندەکانی ئەم دەوروبەرە. خەڵکەکە لە بری ئەوەی لە گوندەکەی خۆیان چارەسەری نەخۆشەکانیان بکەنو ئەو نەخۆشیە بنبڕ بکەن، بەسەر گوندەکانی ناوچەکە بڵاو دەبنەوە. بەمەش دەردەکەیان لەگەڵ خۆیان بردوە بۆ ئەو گوندانەی بۆی چون‌و خەڵکی ئەو گوندانەشیان، وەک خۆیان، توشی هەمان دەرد کردوە.
سالار مەحمود ململانێی هێزە سیاسیەكانی عیراق لە مانگی ئەیلولەوە پێدەنێتە قۆناغێكی نوێوە. كابینەی عادل عەبدولمەهدی لەبەردەم فشارێكی زۆردایە بەشێكیان پەیوەستە بە داخوازی رەواو بەشێكی تریان پەیوەستە بە خستنی كابینەكە یا بۆ دەنگ كۆكردنەوەیە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاكان. بەشێك لەو ململانێیانە لەناو پەرلەمانی عیراقەوە سەرهەڵدەدەنەوە. كورد لەكام بەرەدا خۆی ببینێتەوە. لە چوار ساڵی رابردوو كە بودجەی كوردستان بڕا حكومەتی عەبادی ئەو بڕینەی لەچیدا خەرجكرد ئایا بو بە خزمەتگوزاری بۆ پارێزگاكانی تری عیراق یان ئەو بودجەیەش بەگەندەڵی بەهەدەر درا؟ لەم ساڵدا كە د عادل لە سەركارە موچەی موچەخۆرانی كوردستان دەدرێ، هەوڵی زیاتر هەیە بۆ بەهێزكردنی پێگەی كوردستان لە عیراقدا. بەشێكی زۆر لە دژەكانی عەبدولمەهدی لەوەوە سەرچاوە دەگرێ كە بۆچی بودجەی كوردستان دەدات یا بۆ پەیوەندیەكان لەگەڵ هەرێم دەباتەوە شوێنی ئاسایی و دەستوریی. ئایا بەدیلەكان كێن؟ تاقیكراونەتەوە پێشتر؟ لەم روانگەیەوە پێویستە كورد خۆی كۆبكاتەوە. هاوپەیمانی فراكسیۆنە كوردستانیەكان دروست بكات لەناو پەرلەمانی عیراق. پشتگیری لەم حكومەتە بكات بۆ بەردەوام بوون لەسەر نەهجی مسۆگەركردنی بودجەی كوردستان لەداهاتوو رێكەوتن لەسەر چارەسەری پرسە دەستوریەكانی تر‌و كاراكردنەوەی مادەی ۱٤٠ پشتیوانی بۆ چاكسازیی و دژایەتیكرنی گەندەڵی و گەڕانەوە بۆ خەڵك. لەم بەرەبەندیەی دروست دەبێ، كوردستان ناتوانێ بێلایەن بێ. لەسەر بنەمای بەرژەوەندی كوردستان و خەڵكەكەی پشتگیری مانەوەی ئەم كابینە بكات و بەدەستهاتوەكان بپارێزێ و داخوازیەكانی تر بەیەك تیمی بباتە پێش. هەر بۆشایەكی سیاسی و قانونی دەرفەت دەڕەخسێنێ بۆ هاتنەژورەوەی ململانێی ئیران_ئەمریكا بۆ ناو خاكی عیراق و هەرێمی كوردستان. متمانە سەندنەوە لەم كابینە، عیراق بەرەو بۆشایی دەبات و دواجار بێچوەكانی داعش بەناوی نوێوەو بەهێزی زۆرترەوە دەردەكەونەوە.
+ د. دانا حەمەعەزیز کۆتایی مانگی ئایاری 1967, جەمال عەبدولناسر, هێزێکی گەورەی لە خەلیجی عەقەبە کۆکردەوە، تەنگەی تیرانا ی لە لە کەشتیەکانی ئیسرایل قەدەغە کرد‌و هەڕەشە ی پەلاماردانی دەوڵەتی عیبریی کرد. هێشتا هیچ نەبو بوو, ناسر پەنجەی سەرکەوتنی بەرز ئەکردەوە, سەدان هەزار عەرەبی بە چەپڵە و دەهۆڵ و زوڕنا و هوتافکێشان لەدژی جولەکە هێنابوە سەرجادە. ئەمریکاو ئەوروپاییەکان تکایان لە ناسر کرد ئارام بگرێ و شەڕە نەکا, چونکە جگە لەتێکدانی ئاسایشی ناوچەکە, میسر زەرەری لێ ئەکا. بەڵام ناسر زیاتر لەخۆی بایی بوو، بەقسەی کەسی نەکرد! ئیسرایل نەیئەویست ئەو شەڕە بکا، بەڵام کاتێ ناسر هەر سوور بوو لەسەر هەڕەشەکانی، سەعات سێی بەرە بەیانی پێنجی حوزەیران، لە ژێر گوشاری جەنراڵەکانی سوپادا، کنێستی ئیسرایل بە نهێنی کۆبۆوە و بڕیاری شەڕی دا، هەر ئەو بەیانیە هێرشی ئاسمانی ئیسرایل، تەواوی هێزی ئاسمانی مسری لەناوبرد، لە ماوەی 72 سەعاتیشدا هەموو نیمچە دوورگەی سینای میسر ی داگیرکرد. بەبێ گەڕانەوەش بۆ(لێڤی ئێشکۆڵ) سەرۆک وەزیر, موشی دایان (وەزیری بەرگری ئەوکات) فەرمانی بە سوپا کرد بەرەو باکور و خۆرهەڵات بجوڵێ و، لەماوەیەکی زۆرکورتدا سوپا، جۆلانی سوریا و کەناری خۆراوای بە (قدس ی خۆرهەڵاتیشەوە) داگیرد. بەر لەم شەڕە, ئیسرایل ئامادە بوو مافی فەلستینیەکان بسەلمێنێ, لەوانە دامەزراندنی دەوڵەتی فەلستین کە پایتەختەکەی قودسی خۆرهەڵات بێ و گێڕانەوەی هەمو ئاوارە فەلەستینیەکانی نیشتەجێی وڵاتانی عەرەب کە لەساڵی 1948 وە لە ئیسرایل هەڵکەندرابوون. ئەوکاتە نە جۆلان و نە باشوری لوبنانیش داگیر نەکرابوون, پەڕ و باڵی سوپای میسر و سوریاش نەکرابوو. ئەگەر سازشی عاقڵانەی سادات و خراپیی ئاستی جەماوەریی ناوخۆی جیمی کارتەر نەبوایە بەهۆی کەوتنی ڕژیمی شای ئێرانەوە لە ساڵی 1979 دا, ڕێکەوتنامەی کامپ دەیڤد نەدەکراو, نیمچە دورگەی (سینا) ش بەدەردی قودس و جۆلان ئەچوو. ئەوەی ئێستا ئیسرایل بە هاتنەدی خەون و خەباتی جولەکە ناوی ئەبا, هەڵە و لەخۆبایی بونی عەرەب بوو کە پەنجا و دوو ساڵ لەمەوبەر جەمال عەبدولناسر کوێرانە بڕیاری لەسەرداو, (موشی دایان) و (ئەزرا وایزمان) و (ئاریال شارۆن) و جەنراڵەکانی تری ئیسرایل چاوتیژانە قۆستیانەوە, جولەکەش بۆهەتایە, نەوە دوای نەوە شانازی پێوە ئەکا. دوای پەنجا ساڵ، هەڵە و لەخۆبایبونی جەمال عەبدولناسر لە کوردوستان دووبارە بۆوە، کورد ڕیفراندۆمی کرد و خەونی سەربەخۆیی زیندەبەچاڵ کرد.
ململانێی ئەمریكاوئێران بەرەوكوێ؟ ئەبو كاروان مێژووی پەیوەندییەكانی ئەمریكا و ئێران لە ھەڵكشان و داكشاند بووە، ساڵانێك ھاوپەیمان و ھاوكار و ھاریكاری یەكتربوون، به‌چه‌شنێك ناودێر ده‌كرا به په‌یوه‌ندیه‌كی زۆر باشی نێوان(پیاوی به‌هێزی ئه‌مه‌ریكی و پۆلیسه به‌هێزه‌كه‌ی كه‌نداو)، ساڵانێكیشە لەململانێی و كێشە و گرفت و ئەگەری بەرپابوونی شەڕدان و بۆەتە قه یران و مه‌ترسی بۆ وڵاتانی دونیا و ناوچەكە. دەرگای نزیكبونەوەی ئەمریكا لەئێران لەو كاتەوە دهستپیدەكات كە به‌ریتانیا بڕیار دەدات لە ڕۆژھەڵاتی ناوڕاست بكشیتەوە یەكێكیش لە ھوكارەكان دەگەڕیتەوە بۆ شكستی شەڕی كەناڵی سوێس له میسر، ئەم بڕیاری كشانەوەیە مایەی نیگەرانی ئەمریكییەكان بوو چونكە بەلایانهوه قورسبوو ده ستبهرداری و كشانه‌وه‌ی له‌كه‌نداو ناوچه كه به‌تایبه‌تی ئه‌مریكا ئه‌و كاته له‌جه‌نگدا بوو به‌رامبه‌ر ڤێتنام و ئاماده‌ش نه‌بوو ئه‌و ناوچه‌یه به‌جێبهێلێت سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی نەیدەویست ڕاسته‌وخۆ بوونی خۆی لەوێدا ئاشكرا بكات، ھەر بۆ ئەو مەبەستە باشترین ده‌وڵەت بۆ مانەوەی نفوزی لە ناوچەكه ئێرانە و لەوێوه چیرۆكی پەیوەندییەكانی ئە مریكاو ئێران و ھاوكاری شا دەستیپیكردوو لە زۆر ڕووداوی جۆراوجۆردا یەك ھەڵویست و ھاوكاری یەكتر بوون تا ڕووخانی شای ئیران و گوڕانكاری له‌سیسته‌می ئه‌و وڵاته. تێكچونی پەیوەندییەكانی ئەمریكاو ئیران لەساڵی ١٩٧٩ و دوای ڕوخانی شای ئێران و دوای شۆڕشی ئێران دەستی پێكردو كه ھەر لەسەرەتاوە گەمارۆی سەفارەتی ئەمریكایانداو دیبلۆماتكارەكانیان بەبارمتە دەسگیر كرد، لێدوانی خومەینی بۆ ناردن و فراوانكردنی شۆڕشی ئیسلامی بۆ وڵاتانی دونیا و ناوچەكە بووە ھۆی مەترسی وڵاتانی كەنداو ناڕەزایەتی ئەمریكا. ئەمریكا تا ئێستا تاكە زلھێزی جیھانە و وەك تاكجەمسەرێش مامەڵەی كردوە و كاریكردووە بۆ بە ھیزبوونی ھەژمونی خۆی لە دونیا‌و پاراستنی بەرژەوەندییەكانی و پەرەپێدانی، ھەر بۆیە ھەرجوڵە و كاركردنێك و سیاسەتكردنێك دژی بەرژەوەندییەكانی بەتوندی وەڵامی ھەبوە و ڕێگری كردوە لەپەرەسە ندنی و سنووری بو داناوە. ئێران لای خویهوە دەوڵەتێكی بەهێزە و كاریكردوە ھەژمونی خۆی بەھیز بكات لەناوچەكەو بەكرداریش سە لماندوویەتی ئەمەش بمانەوێ و نەمانەوێ لە دوولایەنەوە سوودی ھه‌بووە بۆ ئێرانییەكان، لە لایەكەوە شەڕەكەیان تاڕادە یەك دوورخستوەتەوە لە ناوخۆی خۆیان و لەلایهكیترەوە پێگەیانی بەھێزكردووە لە گفتووگۆكاندا، دیارە ئەم شێوازە كاركردنە جێی ناڕەزایەتی ئەمریكایە و ئەنجامەكەی پێقبوڵ نەكراوە و ناكرێت و لێرەوە شێوازەكانی كار‌و فشاری ئەمریكا ساڵانێكە دەستیپێكردووە. ئەم ململانێیە ڕەھەندی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمایه‌تیشی هه‌یه،ڕاستە ئێران دەوڵەتێكی مەزههبی-یه به‌ڵام له‌سه نگه ر و هاوپه‌یمانی رووسیاو و چین و كوریای باكورو، توركیا، سوریا، عیراق، حوسیه كانی یه‌مه‌ن ، فنزویلا، جه‌زائیر و چه‌ندین وه‌ڵاتی تردایه . ئه‌م دەوڵەتانه دەیانەوێ سنورێك بۆ تاكجەمسەری و زیادەڕوی ئەمریكا دابنێن و كاری جدیان كردوە لە ڕیگریكردن لە كار و كردارەكانی ئەمریكا. لێرەدا پرسیارێك دروست دەبێت ئایا دەتوانن تا دوا مەودا بەردەوام بن لەم ئاراستە كاركردنە، بە تایبەتی زۆربەی زوریان پەیوەندییان لەگەڵ ئەمریكادا ھەیە و بەرژەوەندی جیاوازییانیش ھەیە؟ چی ڕوودە دات و ھوكاروو ئامانجە كان چیین؟ ئەمریكا دەوڵەتێكی سیستماتیكە (كونگرس، c.l.A ،بنتاگون، F.B.l، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه) هه‌موویان ڕوڵیان دیارە و سنوردارە و دەبێت پێكەوە بریاڕ بدەن. لە ئەمریكا سەرۆك ناتوانێ بریاری شەڕ بدات و دەبێت ھوكارەكان ئەوەندە بەھیزبن تاكو قه‌ناعه‌ت بهكونگریس بكات له‌كاتێكدا خودی ترامپ كیشەی ھەیە لەكۆنگریس لەگەڵ دیموكراتیەكان و بەئاسانی موافقه ت ناكه‌ن له‌سه‌ر شه‌ڕكردن ئەگەر حماقەتی زیاتری ئێران نەبێت كەدوور نییە لەعقلییهتی ئیرانییهكانهوە بەھەمان شێوەی سەدام حوسەین مامەڵە بكەن. كەواتا ئەمریكا ھەموو تواناكانی بەكاردێنێت بەھاوكاری ئیسرائیل، مصر، سعودیه ئیمارات، به‌حرین، كوێت لەژێر ناوی دیفاعكردن و دوور خستنه‌وه تداخلی ئێرانی لە ناوچەكە و تهنازلكردنی و وابەستەیی بەڕێككەوتنەكانەوە ، گەر پابهندنەبێت بە داواكارییەكانی ئەمریكا و ئەو دوازدە خاڵه‌ی ئاراستەیان كردوون ئەوا تە ن‌ھا دوو بژاردە لەبەردەم ئێران‌دا دەمێنیتەوە: یان قبوڵكردنی شەرتەكان و یان گەیشتن بەوەی كە دەبێت باش بزانن لێیان قبوڵناكرێ. ئەمریكا لە ئاسمانەوە دونیای كونتروڵكردوە، شەڕی دەروونی و ھێز دەكات و پێنج ھەزار فروكەی بێفروكە وانی لە ئەفغانستان، پاكستان، ئۆزپاكستان، عێراق، سعودیه، ئیمارات ئامادەیە لە ڕێگای مانگه دەستگردەكانەوە، ھەموو پەیوەندییە ناوخۆیی و دەرەكیەكان دادەبڕینن وه كو (فرۆكه ، موشك به‌هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه، پەیوەندی سوپا‌و حرس پوری ...)لەكاتی دروستبوونی شەڕدا. شەڕكردن و پەلاماری ئیران بەبێ ڕەزامەندی ڕوسیا زەحمەتە، كەتوانای ئێستای ڕوسیا لەكاتی یەكیتی سوڤیەتی جاران زیاترە لە ھەموو ڕوویەكەوە، دەبێت ئەمریكا كۆمەڵی سازش بكات بۆ ڕوسیا ئەوەش تێپەڕاندنی ئاسان نییە لە كونگیرس، ھەر چەندە من بڕوام وایە جۆرێك لەڕیككەوتن لە نێوان ئەمریكا و ڕوسیا ھەبوبَیت و ڕوسیا دەستبەرداری ئێران بووبێت بەرانبەر ئەوەی ئەمریكا دوور بكەویتەوە لەڤهنزویلابۆ نمونە، ئاخر چۆن دەبێت ئەو ھەموو توانا سەربازی و سیاسیی و ئیعلامییه به كاربێنی بو داكوكێكردن له سوریا كه چی لێدوانیكی كورتیشی نه‌بێت له به‌رانبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌كانی ئهمریكاو په‌لكێشكردنی هێز بۆ ناوچه‌كه ته‌نها هه‌ڵوێستی روسیا ئه‌وه بێت كه داوا بكات ئێران ناوه‌ڕۆكی ڕیككه‌وتنه‌كه جێبه‌جێ بكات، هه‌ر چه‌نده هه‌موو لایه‌ك ئه‌وه ده‌زانن هه‌موو ئه‌و كێشه و پرسانه گریدراون به‌یه‌كه‌وه له ڕوژهه‌ڵاتی ناوڕاست لە به‌ھاری عه‌ره‌بیه‌وه بۆ داعش، ئه‌فغانستان، سوریا‌و توركیا‌و ئێران، یه‌مه‌ن و وه‌لاتانی كه‌ندا و عێراق و لیبیا و سودان. كەواتا لە ھەموو حاڵەتێكدا ئەمریكاو ڕوسیا بەردەوام دەبن لە گفتووگۆ كردن و سازیش ده‌كەن بۆ یەكتری و بە شداری شەڕی ھاوپیمانەكانیان ناكه‌ن . ڕوسیا كار دەكات بۆ ئەوەی ئێران كۆمەڵی ته‌نازولات بكات و گەر نەیەتە ژێربار ئەوا لەسەرەتاوە بەچەند گورزێكی كوشندەلیان ده‌دریت. ئه‌مریكا به‌ئاشكرا ڕایگەیاند كە دیوار دروست دەكات به‌هه‌مان شێوه‌ی دیواری به‌رلین له نێوان ئێران و عێراق ماناكه‌یشی ئه‌وه‌ییه كه ده‌ستبه‌رداری عێراق نابن و هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته سه‌ردانی به‌غدایان كرد‌و ئاگه‌داری (عادل عبدولمهدی) سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقیانكردو. دواتر (عبدولمهد و عه‌بادی و مالیكی و حیكمه ) كوبونهوه به‌مه‌به‌ستی یه‌كخستنی هه‌ڵویستیان كە زه‌حمەتە ڕێكبكەون چونكە دوو ئاراستەی جیاوازن كە ئَیستا بەشیعهی ئیران و شیعه‌ی ئه‌مریكا ده‌ناسرێن و بڕوام وایە عێراق بۆ ئه‌مریكا یه‌كلا دبێته‌وه كەله سهنگەری ئێران نامێنێ. لە كوتاییدا دەڵیم و دووپاتی دەكەمەوە كە دوو ئه‌گەر لەبەردەم ئێران‌دا ھەیە یان جێبەجێكردنی شەرتەكانی ئەمه‌ریكا یان خۆ ئامادەكردن بۆ ئەگە ر و فشارە جۆراوجۆرەكانی ئەمریكا كە ئەنجامەكەی لەبەرژەوەندی ئێران‌دا نابێت.
