(درەو میدیا): گومانو دوودڵییەكی زۆر هەیە لای بەشێك لەو كاندیدانەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە دەرنەچوون، هەندێك لە كاندیدە دەرنەچووەكان پێیانوایە ئاڵوگۆڕ بە ناوەكانیان كراوەو كاندیدی تر كە دەنگی پێویستیان نەهێناوە خراونەتە شوێنی ئەوان بۆ ئەوەی سەركەون بۆ پەرلەمان، ئەم گومانە لای كاندیدی زۆربەی لیستەكان هەیە. حەوت هەزار دەنگی هێناوەو دەرنەچووە! مەلا سەعید عەبدولڕەحمان كاندیدی ژمارە (27)ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، سەرسوڕمانی دەربڕیوە كە (7 هەزارو 688) دەنگی بەدەستهێناوە، بەڵام ناوی لە لیستی كاندیدە دەرچووەكاندا نییە. ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی قسەی ئەو كاندیدەی پارتی، كەمترین دەنگی كاندیدی پارتی كە سەركەوتبێت بۆ پەرلەمان (3 هەزارو 551) دەنگەو لە پیاوانیش كەمترین دەنگ (4 هەزارو 560) دەنگە. كاندیدەكەی پارتی دەڵێ" ئەم غەدرە قبوڵ ناكەمو سكاڵای یاسایی تۆماردەكەم". "بەقودرەتی قادر دەرچوون" كاندیدێكی بزوتنەوەی گۆڕان كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە بە (درەو میدیا)ی راگەیاند" دڵنیام دەرچومو دەنگی پێویستم هێناوە، بەڵام كاندیدی تر خراوەتە شوێنەكەم". ئەو كاندیدەی بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوەكرد" بەشێك لە كاندیدەكان دركیان بەوە كردووە چەند كاندیدێك دەنگی زۆر كەمیان هێناوە، بەڵام بە قودرەتی قادر، دەرچوون". ئەو كاندیدەی بزوتنەوەی گۆڕان ناوی چەند كاندیدێكی لیستەكەی ئاشكراكرد، كە بەوتەی ئەو دەنگی كەمیان هەبووە، بەڵام بەهۆی نزیكییان لە بەرپرسانی حزبەوە دەنگەكانیان بۆ زیادكراوە، (درەو میدیا) بەهۆی نەبوونی بەڵگەی سەلمێنەرەوە، ناوی ئەو كاندیدانە بڵاوناكاتەوە كە گومان لە دەرچونیان هەیە بۆ پەرلەمان. هونەر عومەر كاندیدی ژمارە 31ی بزوتنەوەی گۆڕان لە ئاكاونتی تایبەتی خۆی گومانی خۆی لە بردنی دەنگەكانی دەربڕیوە و نوسیویەتی" جەند بەلگەیەك بۆ دەنگدەرانم وب زوتنەوەی گۆڕان دەخەمە ڕوو دەرهەقی بەو زولم و غەدرەی لێمكرا بەلگەی یەكەم تەنها لە سنوری قەزای شەقلاوەیە كۆی دەنگەكانم بەگشتی بە هەموو كوڕیەكانیشەوە لەوقەزایەدا946 دەنگە وەلەقەزای ڕەواندوز92 لەكۆمەلگای بەحركە81لەناحیەی دارەتوو37دەنگ جگەلەناوسەنتەری هەولێرودەوروبەری كەزۆرینەی خزم وكەس وكارم لەناوسەنتەری هەولێرنیشتەجێن بەلگەی دووەمیش جەند قەزایەكی ناوجەی سلێمانین جگە لەدەنگەكانم لەدەنگدانی تایبەت ئەگەر تەنها لێرە دەنگەكانم كۆبكەمەوە یەك دەنگیشم لەهیج شوێنێكی تر بۆ نەهاتبێت كۆی دەنگەكانم 1323خەلكیش هەیەلەهەمان لیستەكەی من بە1268دەنگ كراوە بەپەڕلەمانتار ئەوەش گومانی زۆری لای من لەسەركۆی پڕۆسەكەدرووست كردوە" (درەو میدیا) زانیاری هەیە، لەدوای تەواوبونی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانو لەسەروبەندی جیاكردنەوەو ئەژماركردنی دەنگەكاندا، ژمارەیەك كاندیدی بزوتنەوەی گۆڕان نوسراوێكیان ئاڕاستەی ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەكەیان كردووەو تێیدا هۆشدارییانداوە لە ئەگەری دەستكاریكردنی دەنگەكانیان. دەنگی قوباد تاڵەبانی بە كێ دراوە؟ كاندیدێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش كە ناوەكەی لای (درەو میدیا) پارێزراوە باسی لەوەكرد، دەنگەكانی قوباد تاڵەبانی سەرۆكی لیستی یەكێتی بەشی نزیكەی (12) كورسی بووە، ئەو دەنگە زیادانە دراون بەو كەسانەی كە خۆیان مەبەستیان بووە سەركەون، بەڵام دەنگی كەمیان هێناوە. كاندیدەكانی كۆمەڵ گومانیان هەیە لەگەڵ راگەیاندی ناوی كاندیدە دەرچووەكاندا لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنو راپرسی هەرێمی كوردستان لەناو كاندیدەكانی كۆمەڵی ئیسلامیدا مقۆمقۆ دروستبوو. كاندیدێكی كۆمەڵی ئیسلامی كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە بە (درەو میدیا)ی راگەیاند" پێشتر دەنگی كۆمەڵێك كاندیدی لەپێشەوە بووەو بەپێی دەنگەكانیان دەرچووبونو لە میدیاكانیشەوە بڵاوكرانەوە، بەڵام دواتر ناوی تر هاتەپێشەوە، بۆیە ئەمە گومانی لای بەشێك لە كاندیدەكانی كۆمەڵی ئیسلامی دروستكردووە". شیوعیش بە گومانە بەشێك لە كادرانی حزبی شیوعی بە گومانن لە گۆڕینی دەنگی كاندیدەكانیان و پێیان وایە كاندیدی ژمارە (9)ی حزبەكەیان دەنگی زۆری هێناوەو زۆرینەی ئەندامانی حزبی شیوعی پیرۆزباییان لێكردووە، بەڵام دواتر سەرۆكی لیستەكەیان دەرچووە، ئەمە جۆرێك لە گومان و دوو دڵی لای كادرانی حزبی شیوعی دروستكردووەو لەئێستادا گفتوگۆی چڕ لەناو كادران و سەركردایەتی حزبی شیوعی هەیە لەوبارەیەوەو هەندێكیان پێیان وایە ئەوە دەستی لایەنەنێكی دەسەڵاتداری هەرێمی لەپشتە. كۆمسیۆن چی دەڵێ؟ بەهۆی فرەڕەنگیو جیاوازی بیروڕا لەناو كارمەندانو كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، دەستكاریكردنی دەنگی كاندیدەكان ئەستەمە. ئیسماعیل خورماڵی ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیارانو بڕیاردەری كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بە (درەو میدیای) راگەیاند:" تیمێكی شەست كەسیی ئەنجامەكانیان داخڵكردووە، تیمێكی پێنچ كەسی هەمەڕەنگ سەرپەرشتیان كردووە، بۆیە هیچ گۆڕانكاریەك نەكراوەو ناكرێت". خورماڵی وتی: ئەوەندەی ئێمە ئاگاداربین، ئەنجامەكان بەوشێوەیە بووەو دەستكاری نەكراوە". شارەزایانی هەڵبژاردنی چی دەڵێن؟ ئارام جەمال بەڕێوەبەری پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن لە لێدوانێكدا بۆ (درەو میدیا) ئاماژەی بەوەكرد" لە هەموو هەڵبژاردنێكدا بەتایبەت لە لیستی نیمچەكراوە، ئەو گومانانە دروستدەبێت، بەڵام دەستكاریكردنی دەنگی كاندید بۆ بەرژەوەندی كاندیدێكی دیكە، كارێكی ئەستەمە". بەڕێوەبەری پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن ئەوەشی ئاشكراكرد" تەنها لەكاتێكدا دەستكاری دەنگەكان دەكرێت كە ساختەكارییەكی رێكخراو بكرێت". سەبارەت بە رەوینەوەی ئەو گومانەش، ئارام جەمال رونیكردەوە" ئەو كەسانەی گومانیان هەیە دەتوانن سكاڵا تۆماربكەن و داوای فۆرمی ژمارە 52 بكەن كە ژمارەی دەنگی كاندیدەكانی تێدایە".
(درەو میدیا): دوای چەند كاتژمێرێك لە ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، كە ڕۆژی 30ی ئەیلولی ئەمساڵ بەڕێوەچوو، لایەنە بەشداربووەكانی پرۆسەكە لەنێوان پێشوازیو ڕەتكردنەوەی ئەنجامەكاندا، دابەشبوون. پارتی بەدڵیەتیو یەكێتی رازییە (خەسرەو گۆران) بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان كە حزبەكەی بە بەدەستهێنانی (45) كورسی پلەی یەكەمی بەدەستهێناوە، دەڵێت"پارتی ئەنجامی هەڵبژاردنی بەدڵە". بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی، بەماڵپەڕی فەرمی پارتەكەی ڕاگەیاندووە:" ئێمە زۆر دڵخۆشین بە ڕاگەیاندنی ئەنجامەكانو بەدەستهێنانی 45 كورسی لەكۆی 100 كورسی، سەركەوتنێكی گەورەیە بۆ پارتی لەساڵی 1992وە تائێستا". (سەعدی ئەحمەد پیرە) وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەبارەی ڕاگەیاندنی ئەنجامەكانەوە وتی"سەرباری تێبینیەكان، بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان قبوڵ دەكەین" . سەعدی پیرە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كە ئەمڕۆ ڕێكیخست، رایگەیاند:" سەرباری تێبینیەكان، یەكێتی لەبەر بەرپرسیارێتیو بەرژوەندی هاوڵاتیان بەئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ڕازییە". نەوەی نوێو یەكگرتوو ئەنجامەكان ڕەتدەكەنەوە ئەنجومەنی سیاسی یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان لەبەیاننامەیەكدا نیگەرانە لە ئەنجامەكانو دەڵێت:" ئەم ئەنجامانە پەسەندناكەینو تانەیان لێدەدەینو هەموو ڕێكارێكی یاسا بۆ ڕەتكردنەوەی دەگرینەبەر". یەكگرتووی ئیسلامی لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ بزوتنەوی ئیسلامیو ڕەوتی چاكسازی بە لیستی (بەرەو ئیسڵاح) بەشداری هەڵبژاردنی كردو بەپێی ئەنجامە ڕاگەیەندراوەكان (5) كورسی بەدەستهێناوە. جوڵانەوەی نەوی نوێ-ش، لەڕاگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ بڵاویكردەوە، وێڕایی "ڕەتكردنەوەی ئەنجامەكان"، داوا لە لایەنەكانی دەرەوەی پارتیو یەكێتی دەكات، گوتاری سیاسیان یەكبخەن بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەم دۆخە. "جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەڕاگەیەندراوەكەیدا سێ ڕێگاچارە دەخاتەڕوو كە ئەوانیش بریتین لە: • كشانەوە لە پرۆسەی سیاسی • دروستكردنی بەرەیەكی بەهێزی ئۆپۆزسیۆن لەناو پەرلەمانی كوردستان • ڕەتكردنەوەی شەریكایەتی لەگەل یەكێتیو پارتی نەوەی نوێ داواش لەهەرسێ لایەنی (بزوتنەوەی گۆڕانو یەكگرتوی ئیسلامیو كۆمەڵی ئیسلامی) دەكات، بەزوترین كات هەنگاوبنێن بۆ دروستكردنی ئەو بەرەیە. بزوتنەوەی گۆڕان هەڵوێستی خۆی ڕانەگەیاندووە بزوتنەوەی گۆڕان كە یەكێكە لەهێزە سەرەكییەكانی بەشدار لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تائێستا هیچ هەڵوێستێكی فەرەمی ڕانەگەیاندووە، ئەوە لەكاتێكدایە جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەكە لەدواین كۆبونەوەیدا كە دوێنێ شەممە بەڕێوەچوو، لەڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت:" لەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان هەڵوێستی فەرمی سەبارەت بە قبوڵكردنی دەرەنجامی هەڵبژاردنو بەشداریكردن یان نەكردن لە حكومەتی داهاتووی هەرێم ڕادەگەیەنێتو هەموو بژاردەیەك لەبەردەم بزوتنەوەی گۆڕاندا كراوەیە. هاوپەیمانی: كورسییەكەمان براوە هاوپەیمانی بۆ دیموكراسیو دادپەرەوەریش لە بەیاننامەیەكدا ڕایدەگەیەنێت، لەچەند ڕۆژی ڕابردوو بەپێی ڕێژەی 85%ی دەنگی جیاكراوە، هاوپەیمانی كورسییەكی بەدەستهێنابوو، بەڵام لەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی كورسییەكی هاوپەیمانی دراوە بەلایەنێكی سیاسی بەبێ ئەوەی ناوبهێنێت، بەپێی ڕێژە ڕاگەیەندراوەكانی پێشووش، كورسییەكەی هاوپەیمانی بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان رۆشتووە. درەنگانێكی شەوی ڕابردوو كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنو ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی ڕاگەیاندو بەپێی ئەنجامەكان: • پارتی دیموكراتی كوردستان: (686 هەزارو 70) دەنگی بەدەستهێناوەو ژمارەی كورسییەكانی گەیشتوەتە (45) كورسی. • یەكێتی نیشتمانی كوردستان: (319 هەزارو 912) دەنگی بەدەستهێناوەو ژمارەی كورسییەكانی (21) كورسییە. • بزوتنەوەی گۆڕان: (186 هەزارو 903) دەنگی بەدەستهێناوەو (12) كورسی بردوەتەوە. • جوڵانەوەی نەوەی نوێ: (127 هەزارو 115) دەنگی بەدەستهێناوەو (8) كورسی بردوەتەوە. • كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان: (109 هەزارو 494) دەنگی بەدەستهێناوەو (7) كورسی بردوەتەوە. • هاوپەیمانی بەرەو ئیسڵاح: (79 هەزارو 434) دەنگی بەدەستهێناوەو (5) كورسی بردوتەوە. • هاوپەیمانی سەردەم (یەكگرتوو- بزوتنەوە- رەوتی گەشە): (15 هەزارو 581) دەنگی بەدەستهێناوەو كورسییەكی بردوەتەوە. • لیستی ئازادی (شیوعی): (8 هەزارو 63) دەنگی بەدەستهێناوەو كورسییەكی بردوەتەوە. • لەگەڵ ئەنجامی هەڵبژاردن بۆ (11) كورسی كۆتای كەمینەكان. پێش ڕاگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، نوێنەرانی بزوتنەوەی گۆرانو كۆمەڵی ئیسلامیو یەكگرتوی ئیسلامی لە كۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردن كە ژمارەیان (4) ئەندامە لەبەیاننامەیەكدا ڕایانگەیاند" لە كۆبونەوەیەكی نایاسایدا ئەنجامی هەڵبژاردن بەبێ هیچ گفتوگۆیەك خراوەتە دەنگدان، بەبێ ئەوەی گوێ لە داواكانیان بگیرێتو بەزۆرینەی دەنگ ئەنجامەكان تێپەڕێندراوە".
(درەو میدیا): بەپێی ئەو ئەنجامانەی كە دوێنێ شەو كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنو راپرسی هەرێمی كوردستان بڵاویكردنەوە، ژمارەیەك كاندید لە لیستە جیاوازەكانی بەشدار لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە دەرەوەی سیستمی كۆتای كەمینەكان، بە كەمتر لە (هەزار) دەنگ سەركەوتن بۆ پەرلەمان. ئەو كاندیدانەی كە بەكەمتر لە (هەزار) دەنگ سەركەوتن: • گوڵستان سەعید (لیستی بزوتنەوەی گۆڕان)، بە (825) دەنگ سەركەوت بۆ پەرلەمان • شادی نەوزاد (لیستی جوڵانەوەی نەوەی نوێ)، بە (561) دەنگ سەركەوت بۆ پەرلەمان • شوكریە سمایل (لیستی كۆمەڵی ئیسلامی)، بە (955) دەنگ
( درەو میدیا): وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت سەرباری تێبینییەكانیان، بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان قبوڵدەكەن. لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سەعدی پیرە وتەبێژی یەكێتی وتی:" سەرباری تێبینییەكان، یەكێتی لەبەر بەرپرسیارێتی و بەرژەوەندی هاوڵاتیان بە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ڕازییە". وتیشی:" یەكێتی دەرگای كراوەیە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم". لەسەر پرسی پەیوەندییەكانی نێوان حزبەكەی و پارتی دیموكراتی كوردستانن وتەبێژی یەكێتی رایگەیاند لەگەڵ پارتی دەیان تەنگژەیان پێكەوە بەڕێكردووە و ئیدارەدانی كوردستان بەپلەی یەكەم لەسەر شانی یەكێتی و پارتییە.
( درەو میدیا): بەبەراورد بە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان 2013 دەنگی زۆربەی لایەنەكان كەمیكردووە لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان 2018. جیاوازی دەنگی لایەنەكان لەهەردوو هەڵبژاردنی 2013 – 2018:. - پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی 2018 دا (686،070 ) دەنگی بەدەستهێناوە لە هەڵبژاردنی 2013 دا (743,984) دەنگی بەدەستهێنابوو ، واتا (57914 ) دەنگ كەمیكردووە بەرێژەی ( 7.8%) - یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە هەڵبژاردنی 2018 دا (319،912) دەنگی بەدەستهێناوە لە هەڵبژاردنی 2013 دا (350,500) دەنگی بەدەستهێنابوو ، واتا (30588 ) دەنگ كەمیكردووە بەرێژەی ( 8.7%) - بزووتنەوەی گــۆڕان لە هەڵبژاردنی 2018 دا (186،903) دەنگی بەدەستهێناوە لە هەڵبژاردنی 2013 دا (476,736 ) دەنگی بەدەستهێنابوو ، واتا (289833) دەنگ كەمیكردووە بەرێژەی ( 60.8%) - كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لە هەڵبژاردنی 2018 دا (109،494) دەنگی بەدەستهێناوە لە هەڵبژاردنی 2013 دا (118,574 ) دەنگی بەدەستهێنابوو ، واتا (9080) دەنگ كەمیكردووە بەرێژەی ( 7.7%) - بەرەو ئیسڵاح لە هەڵبژاردنی 2018 دا (79،434) دەنگی بەدەستهێناوە لە هەڵبژاردنی 2013 دا (186,741 ) دەنگی بەدەستهێنابوو ، واتا (107307) دەنگ كەمیكردووە بەرێژەی ( 57.4%)، هەرچەندە پێشتر یەكگرتوو بە یەك لیست بوو بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا ( بزوتنەوەی ئیسلامی و رەوتی گەشەشی ) لەگەڵ بوو. - سەردەم لە هەڵبژاردنی 2018 دا (15،581) دەنگی بەدەستهێناوە لە هەڵبژاردنی 2013 دا (12501) دەنگی بەدەستهێنابوو ، واتا (3080) دەنگ كەمیكردووە بەرێژەی ( 19.8%) هەرچەندە پێشتر سۆسیالیست بە یەك لیست بوو بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا لەگەڵ (پارتی كرێكاران و رەنجدەرانی كوردستان و یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان) لەگەڵ بوو، بەو پێیە بێت دەنگی سۆسیالیستیش كەمیكردووە. - ئازادی لە هەڵبژاردنی 2018 دا (8،063 ) دەنگی بەدەستهێناوە لە هەڵبژاردنی 2013 دا (12392) دەنگی بەدەستهێنابوو ، واتا (4329) دەنگ كەمیكردووە بەرێژەی ( 34.9%).
( درەو میدیا): بەبەراورد بە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان 2013 لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان 2018گۆڕانكاری بەسەر ژمارەی كورسی لایەنەكاندا هاتووە وەك. جیاوازی كورسی لایەنەكان لەهەردوو هەڵبژاردنی 2013 – 2018:. - پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی 2018 دا (45) كورسی بەدەستهێناوە لە هەڵبژاردنی 2013 دا (38) كورسی بەدەستهێنابوو ، واتا (7) كورسی زیادیكردووە بەرێژەی ( 18.4%) - یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە هەڵبژاردنی 2018 دا (18) كورسی بەدەستهێناوە لە هەڵبژاردنی 2013 دا (21) كورسی بەدەستهێنابوو ، واتا (3) كورسی زیادیكردووە بەرێژەی ( 16.6%) - بزووتنەوەی گــۆڕان لە هەڵبژاردنی 2018 دا (12) كورسی بەدەستهێناوە لە هەڵبژاردنی 2013 دا (24) كورسی بەدەستهێنابوو ، واتا (12) كورسی زیادیكردووە بەرێژەی ( 50 %) - كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لە هەڵبژاردنی 2018 دا (7) كورسی بەدەستهێناوە لە هەڵبژاردنی 2013 دا (6) كورسی بەدەستهێنابوو ، واتا (1) كورسی زیادیكردووە بەرێژەی ( 16.6%) - بەرەو ئیسڵاح لە هەڵبژاردنی 2018 دا (5) كورسی بەدەستهێناوە لە هەڵبژاردنی 2013 دا (10) كورسی بەدەستهێنابوو ، واتا (5) كورسی زیادیكردووە بەرێژەی ( 50%) - سەردەم لە هەڵبژاردنی 2018 دا (1) كورسی بەدەستهێناوە لە هەڵبژاردنی 2013 دا (1) كورسی بەدەستهێنابوو ، وەك خۆی. - ئازادی لە هەڵبژاردنی 2018 دا (1) كورسی بەدەستهێناوە لە هەڵبژاردنی 2013 دا (1) كورسی بەدەستهێنابوو، وەك خۆی
( درەو میدیا): كاتژمێر 12ی ئەمشەو كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی راگەیاندو ئاماژەی بەوەكرد كە 96 بنكەی دەنگدان كە دەكاتە ( 119117 ) هەزار دەنگ پووچەڵكرانەوە، كە لە دهۆك 11 بنكە، لە سلێمانی 27 بنكە و هەولێر 59 بنكە پووچەڵكراونەتەوە. دەنگ و كورسی لایەنەكان بەم شێوەیەیە:. پارتی دیموكراتی كوردستان: 686،070 دەنگ- 45 كورسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان: 319،912 دەنگ- 21 كورسی بزووتنەوەی گــۆڕان: 186،903 دەنگ- 12 كورسی جوڵانەوەی نەوەی نوێ: 127،115 دەنگ- 8 كورسی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان: 109،494 دەنگ- 7 كورسی هاوپەیمانی بەرەو ئیسڵاح: 79،434 دەنگ - 5 كورسی هاوپەیمانی سەردەم: 15،581 دەنگ - 1 كورسی لیستی ئازادی: 8،063 دەنگ - 1 كورسی كورسی پێكهاتەكان: - ھاوپەیمانی یەكێتی نەتەوەیی: 3 كورسی - گەشەپێدانی توركمانی: 2 كورسی - چاكسازی توركمانی: 1 كورسی - لیستی میللەت: 1 كورسی - بەرەی توركمانی: 1 كورسی - لیستی رافیدەین: 1 كورسی - ئەنجوومەنی گەلی كلدانی سریانی ئاشووری، 1 كورسی - قەوارەی تاكی ئەرمەن: 1 كورسی هاوكات دەنگی بەشێك لە سەرۆكی لیستەكان بەم شێوەیە بووە:. * قوباد تاڵەبانی، یەكێتی: 182 هەزار و 551 دەنگ * شاسوار عەبدولواحید، نەوەی نوێ: 106 هەزار و 289 دەنگ * عەلی حەمە ساڵح، گۆڕان: 91 هەزار و 934 دەنگ هێمن هەورامی، پارتی: 47 هەزار و 436 دەنگ * سۆران عومەر، كۆمەڵی ئیسلامی: 42 هەزار و 459 دەنگ * شێركۆ جەودەت، بەرەو ئیسڵاح: 11 هەزار و 70 دەنگ ناوی كاندیدە دەرچووەکانی پارتی: 1. هێمن هەورامی: 47،436 2. هێڤیدار ئەحمەد: 32،322 3. جەلال پەرێشان: 30،444 4. سەروان محەممەد هەرکی: 24،286 5. پێشەوا هەورامانی: 24،125 6. بەهجەت عەلی سپینداری: 23،636 7. سەباح مەحموود زێباری: 16،272 8. شەعبان عەلی شەعبان: 15،347 9. رزگار عیسا سوار: 13،940 10. رێڤینگ محەممەد هرووری: 13،312 11. حیکمەت محەممەد ئەبو زێد: 12،972 12. ئومێد خۆشناو: 12،536 13. شوان کەریم: 11،942 14. عەبدولسەلام دۆڵەمەڕی: 11،930 15. بژار خالید عەبدوڵڵا: 11،366 16. رێبوار بابکەیی: 10،352 17. وەیسی سەعید: 10،309 18. موحسین حوسێن، 9،342 19. د. ڤالا فەرید: 8،548 20. سەفین ئاغا گەردی: 8،467 21. مەم ئەسکەندەر مەم ئەسکەندەر: 8،435 22. ئەرشەد حوسێن لۆلانی: 8،426 23. زانا مەلا خالید: 7،962 24. ئیحسان محەممەد: 7،707 25. بەهمەن عەبدوڵڵا: 7،552 26. بەختیار شوکری سلێمان: 7،548 27. جیهاد حەسەن: 7،544 28. سەعید مستەفا: 7،441 29. خەدیجە عومەر: 6،882 30. ئیدریس ئیسماعیل: 6،860 31. نزار مەلا عەبدولغەفار: 6،731 32. چیا حەمید: 6،702 33. تاهر محەممەد: 6،666 34. هەدیە موراد: 6،273 35. جوان یونس: 5،990 36. لیز فەلەکەدین کاکەیی: 5،978 37. رۆژان ئیبراهیم: 5،947 38. لەیلا عەبدولجەبار: 5،873، 39. نەجات شەعبان: 4،560 40. سەوسەن محەممەد: 4،555 41. گوڵیزار رەشید: 4،532 42. گەلاوێژ عوبێد عوسمان: 4،489 43. ژیان تاهر ئەحمەد: 4،078 44. حەسیبە سەعید: 3،962 45. گولستان باقی: 3،551 ناوی كاندیدە دەرچووەکانی یەکێتی: 1. قوباد تاڵەبانی، 182،551 2. بێگەر تاڵەبانی، 8،097 3. رێواس فایەق ، 5،982 4. شنۆ ئەشقی 5،534 5. رۆژان محەممەد 5،296 6. جەمال حەوێز 3،900 7. زیاد جەبار 3،783 8. عوسمان کەریم 3،765 9. سەرکۆ ئازاد 3،560 10. هەژان حەسەن 3،358 11. عەباس فەتاح 3،079 12. فەیسەڵ عەباس 2،909 13. لوقمان حەمەد 2،721 14. هێرش حەسەن 2،695 15. هاوڕێ بەنا 2،602 16. شەمۆل میرە 2،558 17. بالامبۆ محەممەد 2،476 18. کاروان عەبدولڕەحمان 2،434 19. زیکرا ئەحمەد 2،277 20. عەبدولناسر ئەحمەد 2،216 21. سەلمە فاتح 1،719 ناوی كاندیدە دەرچووەکانی گۆڕان: 1. عەلی حەمە ساڵح، 91،934 2. شیرین ئەمین، 13،919 3. گۆران عومەر 7،675 4. ئامینە محەممەد 3،378 5. یاسین خزر 3،205 6. رزگار محەممەد 3،157 7. ئاشنا عەبدوڵڵا 3،121 8. جەلال محەمەد 2،803 9. شاخەوان رەئووف 2،782 10. دابان محەممەد 2،283 11. بەڵێن ئیسماعیل 1،268 12. گولیستان سەعید 825 ناوی كاندیدە دەرچووەکانی نەوەی نوێ: 1. شاسوار عەبدولواحید، 106،289 2. کازم فارووق، 2،207 3. کاوە عەبدولقادر 1،694 4. دیاری ئەنوەر 1،393 5. سیپان سالم 1،355 6. مەم بورهان 1،147 7. موژدە محەممەد 1،080 8. شادی نەوزاد 561 ناوی كاندیدە دەرچووەکانی کۆمەڵ: 1. سۆران عومەر، 42،459 2. عەبدولستار مەجید، 19،143 3. عوسمان کانی کوردەیی 10،862 4. هەورامان گەچێنەیی 4،179 5. موسلیم عەبدوڵڵا 4،072 6. بەدریە سیوەیلی 1325 7. شوکریە سمایل 955 ناوی كاندیدە دەرچووەکانی بەرەو ئیسڵاح: 1. د. شێرکۆ جەودەت: 11،070 دەنگ 2. ئیسماعیل سگێری: 9،983 دەنگ 3. ئەبوبەکر هەڵەدنی: 6،292 دەنگ 4. سەرچنار ئەحمەد: 2،084 دەنگ 5. هەلەز ئەحمەد: 1،230 دەنگ ناوی كاندیدی دەرچووی لیستی سەردەم: 1. عەبدوڵڵا مەحموود، 7،774 ناوی كاندیدی دەرچووی لیستی ئازادی: 1. محێدین حەسەن، 1،222 کۆتاکان: ھاوپەیمانی یەکێتی نەتەوەیی: 3 کورسی رومیو حوزیران 3،252 جەنان جەبار 1599 روبینە ئویلمک 815 - گەشەپێدانی تورکمانی: 2 كورسى محەممەد سەعدەدین 2،187 سارە دڵشاد، 194 - چاکسازی تورکمانی: 1 كورسى مونا نەبی، 2،236 - لیستی میللەت: 1 كورسى ئازاد ئەکرەم، 346 - بەرەی تورکمانی: 1 کورسی ئایدن مەعرووف، 866 - لیستی رافیدەین: 1 کورسی فەرید یەعقوب 869 - ئەنجوومەنی گەلی کلدانی سریانی ئاشووری، 1 کورسی کلارا عودیشو 678 - قەوارەی تاکی ئەرمەن: 1 کورسی فاهیک کەمال، 615 دەنگ
( درەو میدیا): لە راگەیەنراوێكدا جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت" لە دوای راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان هەڵوێستی فەرمی خۆی سەبارەت بە قبوڵكردنی دەرەنجامی هەڵبژاردنو بەشداریكردن یان نەكردن لە حكومەتی داهاتوی هەرێم رادەگەیەنێتو هەمو بژاردەیەك لە بەردەم بزوتنەوەی گۆڕاندا كراوەیە" بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەشیان خستۆتە روو كە " داوای لێبوردن لە دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان دەكەین بۆ هەر كەموكوڕیو كەمتەرخەمییەك كە لەلایەن ئێمەوە بوبێو كاریگەری لەسەر كەمبونەوەی دەنگی بزوتنەوەی گۆڕان دروست كردبێت" دەقی راگەیەنراوەكە راگەیەنراوێك لە جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە: ئەمڕۆ، 20/10/2018، جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان كۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا. لە كۆبونەوەكەدا چەند تەوەرێكی گرنگ تاوتوێ كرانو بڕیاریان لەبارەوە درا. كوردستانو عێراقو ناوچەكە بە بارودۆخێكی هەستیاردا تێدەپەڕێتو گەلەكەمان لە بەردەم ئاڵنگاری گەورەدایە. جڤاتی نیشتیمانی لە سۆنگەی پەرۆشی بۆ پاراستنی دەستكەوتەكانی خەڵكی كوردستانو چارەسەركردنی سەرجەم ئەو كێشەو قەیرانانەی روبەڕوی هاوڵاتیان بوەتەوە تاوتوێی بارودۆخی ئێستاو داهاتوی كرد. هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستانو دەرهاویشتەكانی یەكێك بو لە تەوەرە سەرەكییەكانی كۆبونەوەكە. هەروەها هەڵسەنگاندنو پێداچونەوە بە كارەكانی بزوتنەوەی گۆڕان تەوەرێكی دیكەی كۆبونەوەكە بو. هاوڵاتیانی كوردستان... ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانو رێژەی كەمی بەشداریكردنی دەنگدەران، بەڵگەی حاشاهەڵنەگرن لە نیگەرانی خەڵكی كوردستان لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستانو حوكمڕانیانو ئەو بارودۆخە ناهەموارەی بەرۆكی هاوڵاتیانی گرتوە. هەروەها نیشانەی نائومێدی دەنگدەرانە بە پرۆسەی هەڵبژاردن. هەمو ئەو ساختەكاریو پێشێلكارییانەی لە لایەن پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە ئەنجامدران، كاریگەریو رەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر هەڵبژاردنو پرۆسەی سیاسیو ناووناوبانگی هەرێمەكەمان دروست كرد. ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان سوپاسی هاوڵاتیانی كوردستانو دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان دەكەین كە بەشدارییان لە پرۆسەی هەڵبژاردندا كرد. سوپاسو پێزانینی زۆرمان بۆ هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان، كە شێلگیرانە كاریان بۆ سەرخستنی لیستی (148)ی بزوتنەوەی گۆڕان كرد. لە هەمان كاتدا داوای لێبوردن لە دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان دەكەین بۆ هەر كەموكوڕیو كەمتەرخەمییەك كە لەلایەن ئێمەوە بوبێو كاریگەری لەسەر كەمبونەوەی دەنگی بزوتنەوەی گۆڕان دروست كردبێت. جڤاتی نیشتیمانی لە دوای راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان هەڵوێستی فەرمی خۆی سەبارەت بە قبوڵكردنی دەرەنجامی هەڵبژاردنو بەشداریكردن یان نەكردن لە حكومەتی داهاتوی هەرێم رادەگەیەنێتو هەمو بژاردەیەك لە بەردەم بزوتنەوەی گۆڕاندا كراوەیە. لە كۆتاییدا جڤاتی نیشتیمانی بڕیاریدا بە بەستنی كۆنفرانسی نیشتیمانی لە ماوەیەكی دیاریكراودا، بۆ پێداچونەوەو هەڵسەنگاندنی ئەدای دامەزراوەكانی بزوتنەوەی گۆڕانو دەستورو دانانی نەخشەی داهاتوی بزوتنەوەی گۆڕانو ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ناوخۆیی لە سەرجەم ئۆرگانەكانی بزوتنەوەی گۆڕاندا. بزوتنەوەی گۆڕان 20/10/2018
(درەو میدیا): بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان كە لە خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان یەك كورسی هەیە، چاوی لەوەیە لە پەرلەمانی نوێدا پارێزگاری لە تاكە كورسییەكەی بكات. بزوتنەوەی ئیسلامی لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ (یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانو رەوتی چاكسازیو گەشە) بە لیستێكی هاوبەش بەناوی لیستی "بەرەو ئیسلاح" بەشداری هەڵبژاردنی كرد. سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو بزوتنەوەی ئیسلامی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، ئەگەر ژمارەی كورسییەكانی لیسی بەرەو ئیسلاح لە پێنج كورسییەوە ببێت بە شەش كورسی، پێشبنی دەكەن بە دەنگی كۆتای ژنان (لەیلا عەلی عەبدولعەزیز) كچی رابەری پێشووی بزوتنەوەكەیان سەركەوێت بۆ پەرلەمانی كوردستان. ئەو سەرچاوەیە كە خۆی داویكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە، وتی: ئەگەر ژمارەی كورسییەكانی لیستی بەرەو ئیسلاح وەكو خۆی بمێنتەوەو نەبێت بە شەش كورسی، چاوەڕێ دەكەن (عەبدوڵا وەرتێ) لە بزوتنەوەی ئیسلامی سەركەوێت بۆ پەرلەمان. ئەگەر بزوتنەوەی ئیسلامی هیچ كاندیدێكی سەرنەكەوێت بۆ پەرلەمان، ئایا یەكگرتووی ئیسلامی كاندیدێكی خۆی دەكێشێتەوە بۆ ئەوەی كاندیدی بزوتنەوە شوێنی بگرێتەوە، ئەمە پرسیارێكە كە لەناو لایەنە ئیسلامییەكان دروستبووە، بەتایبەتیش لەلای ئەندامانی كۆمەڵی ئیسلامی، كە پێشتر تۆمەتبار دەكران بەوەی ناهاتونەتە ناو لیستی بەرەی ئیسلامییەكانەوە بۆ هەڵبژاردن. (درەو میدیا) بۆ وەرگرتنی وەڵامی ئەم پرسیارە پەیوەندی بە سەلام كەریم ئەندامی سەركردایەتی بزوتنەوەی ئیسلامییەوە كردو ئەو رایگەیاند، ئەوەی ئەوان لەچوارچێوەی یەك لیستدا كۆبونەتەوە، بەجێهێنانی ئەركی ئاینی بووە لەپێناو یەكڕیزی موسوڵمانان، واتە ئەوان لەسەر بنەمای باگراوەندی سیاسی كۆنەبونەتەوە، بەڵكو لەسەر بنەمای باگراوەندی ئاینی كۆبونەتەوە. لەبارەی ئەوەی ئایا یەكگرتوو ئامادەیە دەست لە كورسییەكی خۆی هەڵگرێت بۆ بزوتنەوە، سەلام كەریم وتی: ئێمە بەهیچ جۆرێك لەسەر ئەوە رێكنەكەوتوینو هەركەسێك سەركەوێت بۆ پەرلەمان لە هەر لایەكمان بێت مافی خۆیەتی. لە خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستاندا شولن قەڵادزێی تاكە نوێنەری بزوتنەوەی ئیسلامی بوو لە پەرلەمانی كوردستان و كەسایەتیەكی رێز لێگیراوبوو لەناو هەموو فراكسیۆنەكاندا، شوان قەڵادزێی لە روداوێكی هاتوچۆدا گیانی لەدەستداو پاش ماوەیەك بزوتنەوەی ئیسلامی ئاری عەبدوللەتیفی لە شوێنی دانا. بزوتنەوەی ئیسلامی لەیەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا لە 19/5/1992 لە ژێر ناوی ( لیستی ئیسلامی) بەشداری هەڵبژاردنی كردوو ( 49108 ) دەنگی بەدەست هێنا بەرێژەی ( 5.05%) بەڵام نەیتوانی بەربەستی یاسایی ( 7%) تێپەرێنێت بۆیە هیچ كورسیەكی بەدەست نەهێنا، لە كاتێكدا دەنگەكانی بەشی چوار كورسی پەرلەمان بوو.
( درەو میدیا) : بەپێی ئەو زانیاریانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان دەست (درەو میدیا) كەوتووە، كاندیدە دەرچووەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بریتین لە: 1- عەلی حەمە ساڵح 2- گۆڕان عومە ( گۆرانی ئینزیبات) 3- یاسین خدر 4- شاخەوان رەئوف بەگ 5- رزگار محەمەد 6- جەلال محەمەد ئەمین 7- دابان محەمەد 8- بەڵێن ئیسماعیل 9- شیرین ئەمین 10- د. شایان 11- ئاشنا عەبدوڵا 12- گوڵستان سەعید هەر بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، ئەگەر گۆڕان كورسیيەكی بۆ زیاد بكرێت، (دلێر عەبدولخالق) سەردەكەوێت بۆ پەرلەمان.
راپۆرتی: درەو میدیا لە خشتەیەكدا كە ئاراستەی سەرۆكی لیژنەی وزەی پەرلەمانی عێراق كراوە لەلایەن سۆمۆوە ( كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق)بڕی هەناردەی نەوتی رۆژانەو مانگانەی هەرێمی كوردستان رون دەكاتەوە لە 1/1/2018 تا 19/10/2018 بەجۆرێك، تێكڕای هەناردەكردنی رۆژانەی نەوتی لە مانگی 10 تشرینی یەكەم( 433,782 )بەرمیل بووە، خۆ ئەگەر ئەو تێكرایە بۆ تەواوی مانگی 10 دابنرێت ئەوا هەرێم لە مانگی ( 13 ملیۆن و 13 هەزار 460 ) بەرمیل رەوانە دەكات، تەنانەت لە رۆژی 1/10/2018 هەناردەی نەوتی هەرێم ( 534,914 ) بەرمیل بووە لەو رۆژەدا، لە ماوەی 19 رۆژی ئەم مانگەدا هەرێمی كوردستان ( 7 ملیۆن و 808 هەزار 069 ) بەرمیلی رەوانە كردووە. نرخی بەرمیلێك نەوت لە بازاڕەكانی جیهان نزیكەی 80 دۆلارە نەوتی هەرێم كەمتر لە 10 دۆلار دەفرۆشرێت، واتا داهاتی نەوتی تەنها ئەو 19 رۆژەی مانگی 10 دەكاتە ( 546 ملیۆن و 564 هەزار دۆلار) خۆ ئەگەر تێكڕای مانگی 10 وەربگرێن ئەوا داهاتی مانگی 10ی نەوتی هەرێم دەكاتە ( 910 ملیۆن دۆلار ) هەر بەپێی خشتەكە تێكڕای هەناردەی رۆژانەی نەوتی مانگی ئەیلولی هەرێمی (405,378 ) بەرمیل بووە و لە مانگەكەشدا ( 12,161,328 ) بەرمیلی رەوانەكردووە كە داهاتەی ئەو نەوتە دەكاتە ( 851 ملیۆن دۆلار ) كە نزیكەی ( 200 ملیۆن دۆلار)ی بۆ خەرجی كۆمپانیا و كرێی گواستنەوەو قەرزەكان دەڕوات، بەو پێیەش ( 651 ملیۆن دۆلار)ی دەمێنێتەوە كە دەكاتە ( 781 ملیار دینار) لەگەڵ پارەكەی بەغداد كە ( 317 ملیار دینار)ە لەگەڵ پارەی ئەمریكیەكانی كە ( 30 ملیار دینار)ە لەگەڵ ( 120 ملیار دینار)ی داهاتی ناوخۆ، كۆی گشتی دەكاتە ( یەك ترلیۆن و 250 ملیار دینار) هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهانی توركی لە 1/1/2018 ەوە - لە مانگی یەكی 2018 دا هەرێم رۆژانە ( 310هەزار و 705 ) بەرمیل نەوتی رەوانكردووە كە لەو مانگەدا ( 9 ملیۆن و 631 هەزارو 845 ) بەرمیل نەوتی هەناردەكردووە. - لە مانگی دوو واتا شوباتی 2018 هەرێم برشی ( 8 ملیۆن و 479 هەزارو 95 ) بەرمیل نەوتی هەناردەكردووە بە تێكڕای رۆژانە دەكاتە ( 302 هەزارو 825 ) بەرمیل نەوت، - لە مانگی سێ واتا ئازاری 2018 دا هەرێم بڕی ( 10 ملیۆن و 189 هەزارو 950 ) بەرمیل نەوتی هەناردەكردووە كە رۆژانە دەكاتە ( 328 هەزارو 708 ) - لە مانگی چوار واتا نیسانی 2018 دا هەرێم بڕی ( 9 ملیۆن و 386 هەزارو 387 ) بەرمیل نەوتی هەناردەكردووە كە رۆژانە دەكاتە ( 312 هەزارو 880 ) - لە مانگی پێنج واتا ئایاری 2018 دا هەرێم بڕی ( 10 ملیۆن و 496 هەزارو 853 ) بەرمیل نەوتی هەناردەكردووە كە رۆژانە دەكاتە ( 338 هەزارو 608 ) - لە مانگی شەش واتا حوزەیرانی 2018 دا هەرێم بڕی ( 10 ملیۆن و 329 هەزارو 825 ) بەرمیل نەوتی هەناردەكردووە كە رۆژانە دەكاتە ( 344 هەزارو 328 ) - لە مانگی حەوت واتا تەموزی 2018 دا هەرێم بڕی ( 11 ملیۆن و 743 هەزارو 816 ) بەرمیل نەوتی هەناردەكردووە كە رۆژانە دەكاتە ( 378 هەزارو 833 ) - لە مانگی هەشت واتا ئابی 2018 دا هەرێم بڕی ( 11 ملیۆن و 556 هەزارو 702 ) بەرمیل نەوتی هەناردەكردووە كە رۆژانە دەكاتە ( 372 هەزارو 797 ) - لە مانگی نۆ واتا ئەیلولی 2018 دا هەرێم بڕی ( 12 ملیۆن و 161 هەزارو 328 ) بەرمیل نەوتی هەناردەكردووە كە رۆژانە دەكاتە ( 405 هەزارو 378 ) - لە مانگی دە واتا تشرینی یەكەم 2018 دا ( تەنها 19 رۆژ )هەرێم بڕی ( 7 ملیۆن و 808 هەزارو 069 ) بەرمیل نەوتی هەناردەكردووە كە رۆژانە دەكاتە ( 433 هەزارو 782 )
( درەو میدیا): " ململانێی نێوان یەكێتی و پارتی سەنگی كوردی بەتەواوی لە بەغداد لاواز كردووە، بە جۆرێك ئێستا لایەنە عێراقیەكانیش ئەو حیسابە بۆ كورد ناكەن، بەو پێیەی بڕیارە لە كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی سێ وەزارەت بۆ كورد دیاری بكرێت، كە ئەوانیش ( وەزارەتی داد و كۆچ و كۆچبەران و دارایی)یە كە وەزارەتی داد بۆ یەكێتی دەبێت و خالید شوانی كاندیدی یەكێتیە بۆ ئەو پۆستەو دوو وەزارەتەكەی تریش بۆ پارتیە" ئەمە لێدوانی كاوە محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی گۆڕانە كە بۆ "درەو میدیا " دوا. كاوە محەمەد، ئاماژەی بەوەشكرد" ئێمە لە فراكسیۆنی گۆڕان، هەوڵ ئەدەین ژمارەی وەزارەتەكانی كورد بكرێتە چوار وەزارەت لە پێناو خۆمان نا، بەڵكو لە پێناو ئەوەی ئەم دابەشكارییە نەبێتە بنەما بۆ سەنگی كورد لە حكومەتی عێراق، چونكە بەم شێوەیە كورد 13% دەبێت لە حكومەتی عێراق لە كاتێكدا لە پەرلەمانی عێراق كورد 18%، هەروەها 5 بۆ 6 بۆ سونە دیاریكراوەو شیعە 12 بۆ 13 وەزیر دیاریكراوە، ئەو لاوازیەی كورد دەگەڕێتەوە بۆ ململانێی نێوان یەكێتی و پارتی لە بەغداد" سەبارەت بە كاتی پێشكەشكردنی كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی بە پەرلەمان، كاوە محەمەد ئاماژەی بەوەكرد كە پێش وادەی كۆتایی خۆی رۆژی دووشەممە یان چوارشەممەی داهاتوو كابینەكەی پێشكەشدەكات كە پێدەچێت 17 وەزارەت پێشكەشبكات، لە كۆی 22 وەزارەت كە پێدەچێت وەزارەتە ئەمنییەكان دوابخرێت بۆ كاتی تر" سەبارەت بە جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراقیش كە لە كاابینەكانی پێشوو كورد جێگرێكی سەرۆك وەزیرانی هەبووە( جگە لە كابینەكەی عەبادی كە دوایی لایبرد ) و پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر بە رەسمی داوای پۆستی جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراقی كردووە كاوە محەمەد ئاماژەی بەوەكرد" ئەگەرێكی لاواز هەیە عادل عەبدولمەهدی جێگر دابنێت، هەوڵێكیش هەیە كە ئەو وەزارەتە سیادییەی كە دەدرێت بە كورد بكرێتە جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری دارایی كە بەر پارتی دەكەوێت و وەزارەتی دارایی دەبێت" لە كابینەكانی پێشوی حكومەتی عێراق( كابینەی ئەیاد عەلاوی ، ئیبراهیم جەعفەری ، نوری مالیكی ، حیدەر عەبادی) كورد پێنج وەزارەت و جێگری سەرۆك وەزیرانی هەبووە.
راپۆرتی / محەمەد رەئوف رۆژ لەدوای رۆژ لەگەڵ بەرزبونەوەی نرخی نەوتدا داهاتی هەرێمی كوردستان زیاد دەكات، بەجۆرێك ئێستا كۆی داهاتەكانی هەرێم زیاتر لە یەك ترلیۆن دینارە. داهاتەكانی هەرێم خۆی لە ( داهاتی نەوت ، بەشە پارەی بەغداد، داهاتی ناوخۆ، پارەی ئەمریكا) كە كۆی گشتی ئەو داهاتانە بەشی تەواوی موچەی موچەخۆران و پرۆژە خزمەتگوزارییەكانیش دەكات. یەكەم/ داهاتی نەوت هەرێمی كوردستان لە مانگی ئەیلولی 2018 دا رۆژانە ( 399.032 ) بەرمیل نەوتی رەوانەكردووە كە كۆی گشتی ئەو مانگە ( 12.370.000) بەرمیل نەوتی رەوانەی بەندەری جیهانی توركیا كردووە، كە بەپێی راپۆرتی (گۆشەی ئابوری ژووری توێژینەوەی بزوتنەوەی گۆڕان)، لە مانگی ئەیلولدا نرخی بەرمیلێك نەوت 77 دۆلار بووەو هەرێمی كوردستان بە 8 دۆلار كەمتر لە جیهان فرۆشتویەتی بۆ یە نرخی بەرمیلێك نەوتی هەرێم بە 69 دۆلار فرۆشراوە، بەو پێیەش داهاتی مانگی ئەیلولی هەرێمی كوردستان ( 853.530,000 $) هەشت سەدو پەنجاو سێ ملیۆن و 530 هەزار دۆلار بووە، لەو بڕە پارەیە ( 135 ملیۆن دۆلار) قەرز دەداتەوە بە توركیا و 25 ملیۆن دۆلار كرێی گواستنەوەو 35 دۆلاریش بۆ كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانە، واتا مانگانە ( 195 ملیۆن دۆلار)ی دەڕوات كەواتا كۆی داهاتی نەوت بۆ مانگی ئەیلول ( 658,503,000$) شەش سەدو پەنجاو هەشت ملیۆن و 530 هەزار دۆلار ئەمە داهاتی نەوتە بۆ یەك مانگ دەكاتە ( 790,236,000,000 ) حەوت سەدو نەوت ملیارو 236 ملیۆن دینار. دووەم/ داهاتی ناوخۆ داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بە پێی وتەی وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان ( 120 ملیار دینار) ە كە زیاتر بۆ خەرجی وەزارەتەكانە سێیەم/ پارەی عێراق ئەو پارەیەی كە مانگانە لە عێراقەوە دێتە هەرێمی كوردستانەوە ( 317 ملیار دینارە)، چاوەڕەوان دەكرێت لەدوای پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقەوە زیادبكرێت. چوارەم/ پارەی ئەمریكا ئەو پارەیەی كە مانگانە ئەمریكا بۆ پێشمەرگەی تەرخان دەكات ( 25 ملیۆن دۆلار) ە واتا ( 30 ملیار دینار) . بەو پێیەش كۆی گشتی داهاتەكانی هەرێم دەكاتە : داهاتی نەوت ( 790,236,000,000 ) حەوت سەدو نەوت ملیارو 236 ملیۆن دینار + داهاتی ناوخۆ ( 120 ملیار دینار) ە + پارەی بەغداد ( 317 ملیار دینارە) + پارەی ئەمریكا ( 30 ملیار دینار)، كۆی گشتی دەكاتە = 1,257,236,000,000 ( یەك ترلیۆن و 257 ملیار و 236 ملیۆن دینار ) بە وتەی بەرپرسانی هەرێمی كوردستان مانگانە بۆ موچە پێویستیان بە ( 897 ملیار دینار) هەیە بەو پێیەش داهاتی مانگانە (1,257,236,000,000 دینار - 897,000,000,000 دینار = 366,000,000,000 دینار لەكۆی موچە دەمێنێتەوە واتا داهاتی هەرێم بەشی موچەی تەواوەتی موچەخۆران دەكات و 366 ملیار دیناریشی زیادە كە بۆ خەرجی وەزارەتەكان و پرۆژە خزمەتگوزارییەكان دەبێت. ئەمە لە كاتێكدایە كە تا ئێستاش حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرەوامە لەسەر پاشەكەوت موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان.
راپۆرتی: درەو میدیا ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان هەنگاوەكانی چڕكردوەتەوە بۆ هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی و گۆڕانكاری لە تەواوی ئۆرگانەكاندیدا، بەتایبەتیش دوای كەمبونەوەی دەنگ و كورسییەكانی لە هەردوو هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق و 30ی ئەیلولی پەرلەمانی كوردستان، هەندێك هەڵبژاردن و گۆڕانكارییە ناوخۆییەكان بە تاكە رێگەی چارەسەركردنی كێشەكانی گۆڕان و دەربازبونی لە قەیرانە ناوخۆییەكانی لێكدەدەنەوە كە خوێنی نوێ و دەم و چاوێ نوێ دێنە پێشەوەو تاكە رێگەی چارەسەركردنی كێشەكانێتی، لەبەرامبەردا هەندێك پێیان وایە كە گۆڕانكاریە ناوخۆییەكانی گۆڕان لە جەوهەردا بۆ تەسفیەكردن و دەرپەڕاندنی بەشێك لە دەنگە ناڕازیەكانە. هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی گۆڕان دەبوو 12/12/2016 هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان ئەنجامبدرایە، پێش ئەو وادەیە نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری كۆچكردووی بزوتنەوەكە كە ئەوكات بەهۆی ناجێگیری دۆخی تەندروستییەوە لە بەریتانیا بوو، نامەیەكی بۆ بەرپرسانی بزوتنەوەكە نارد و لە یەكێك لە خاڵانەكانی داوای كردبوو هەڵبژاردنە ناوخۆییەكان بۆ ماوەیەك دوابخرێت، بەهۆی نەگونجاوی بارودۆخەكەوە. هەندێك خوێندنەوەی ئەوە بۆ ئەو داوایەی نەوشیروان مستەفا دەكەن "لەو كاتەدا خۆی لە هاوكێشەی بڕیاردان دووربووە و ترسی هەبووە لە دەستوەردان و قوڵكردنەوەی ململانێیە ناوخۆییەكان، وێڕایی نالەباری دۆخی سیاسی و ئابوری و هەڕەشەی تیرۆر لەسەر هەرێمی كوردستان". ئەوە لە كاتێكدایە، لە پەیڕەوی ناوخۆی گۆڕاندا هیچ بڕگەیەك ئاماژەی بەدواخستنی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی نەكردووە، هەروەك ئەوەشی تیادا نەنوسراوە "كێ" یان كام "ئۆرگانە"ی، گۆڕان مافی دواخستنی هەڵبژاردنی هەیە. ڕەنگە تاكە بڕگەیەك كە جۆرێك لە شەرعەیەتی دابێت بەدواخستنی (كۆنفرانسی نیشتمانی) بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەبێت، كە چوار ساڵێك جارێك و پێش هەڵبژاردنی گشتی(پەرلەمان) لە هەرێمی كوردستان ئەنجامدەدرێت، بەوەش بەهۆی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كۆنگرەی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان دواخراوە، بەڵام دیسان ئەمە ناكاتە پاساو بۆ دواخستنی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكان، كە بەهەڵبژاردنی دەستەی بازنە و ڕایەڵەكان دەستپێدەكات و دواتر ئەوانیش لەسەر ئاستی قەزاكان دەستەی قەزاكان هەڵدەبژێرن، ئەوانەی لە هەڵبژاردنەكەدا بۆ باژێڕوانی قەزاكان سەردەكەون ئۆتۆماتیكی دەبنە ئەندامی جڤاتی نیشتمانی و نوێنەرایەتی شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن لەو دامەزراوەیە، كە بەدامەزراوەی سەركردایەتیكردنی گۆڕان و ناوەندی بڕیاری سیاسی ئەو بزوتنەوەیە دادەنرێت، ڕێكخەری ژوورەكانیش كە ژمارەیان(12)یە، لەڕێی ڕێكخەری گشتییەوە دیاریدەكرێن و ناوەكانیان ڕادەستی جڤاتی نیشتمانی دەكات بۆ پەسەندكردن. بەپێی دەستوری بزوتنەوەی گۆڕان هەڵبژاردنی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی هەر دوو ساڵ جارێك ئەنجام دەدەرێت، بە وپێیەش ئەم جڤاتەی ئێستا كە لە 12/12/2014 هەڵبژێردراوە دەبوو لە 12/12/2016 خولەكەی تەواوبكات و سەرلەنوێ هەڵبژاردنی بۆ بكرێتەوە، بەڵام ماوەی دوو ساڵە هەڵبژاردنی بۆ نەكراوە و بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی حزبەكە بێت دوو ساڵە شەرعیەتی ڕێكخراوەیی بەسەرچووە، لەگەڵ ئەوەشدا لە 25/7/2017 ڕێكخەری گشتی و خانەی ڕاپەڕاندنی هەڵبژاردووە، كە ماوەی تەمەنی ئەوانیش(2)ساڵە. خاڵێكی تر كە جێگەی باسە لەم ڕاپۆرتەی "درەومیدیا" دا، لە هەندێك شار و ناوچەی وەك (كەركوك و بادینان و كەلار) لەسەرەتای دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە تائێستا هەڵبژاردنی ناوخۆیی تیادا بەڕێوەنەچووە. لەگەڵ ئەوەی كۆنفرانسی نیشتمانیش (كۆنگرە) پاساویشی هەبووبێت بۆ داخستن، هۆكارێك بۆ ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی گۆڕان نەخراوەتەڕوو، چونكە كاری سەرەكی كۆنفرانسی نیشتمانی دانانی بەرنامەی سیاسییە بۆ چوارساڵی داهاتوو, هەڵسەنگاندنی كاری ڕێكخراوەییە لە چوارساڵی ڕابردوودا، هاوكات توانای ئەوەشی هەیە دەستكاری پەیڕەوی ناوخۆیی بزوتنەوەكە بكات، واتە بەپێچەوانەی حزبەكانی تر، بزوتنەوەی گۆڕان لە كۆنفرانسی (نیشتمان)یدا، هیچ جۆرە هەڵبژاردنێك ئەنجامنادات. خواستی گۆڕانكاریی لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و دابەزینی كورسییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ نیوە، داواكاری گۆڕانكاری و تازەبوونەوە بووە داواكارییەكی پێویست و لەوچوارچێوەیەدا ژمارەیەك لە هەڵسوڕاوانی ئەوحزبە فشارەكانیان بەو ئاڕاستەدا چڕكردەو ەو داوای پێداچونەوەی گشتگیریان كرد لەڕێی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ناوخۆیی بۆ سەرجەم ئۆرگانەكانەكانی بزوتنەوەی گۆڕان، پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش جارێكی تر ئەم دوایە بەچڕی سەرهەڵدایەوە و بەچەند ڕۆژێك پێش هەڵبژاردن كە ڕۆژی 30 ئەیلولی ڕابردوو بەڕێوەچوو، ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند، دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان ئەنجامدەدەن و گۆڕانكاری لە تەواوی ئۆرگانەكانی بزوتنەوەكەدا دەكەن. تائێستا بزوتنەوەی گۆڕان بەڕەسمی هیچ ڕاگەیەندراو، یاخود نوسراوێكی لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانەوە بڵاونەكردوەتەوە، كەناڵی ( KNN) كە زمانحاڵی ڕەسمی ئەو حزبەیە، بەبێ ناوهێنانی هیچ سەرچاوەیەكی ڕەسمی، شەوی دووشەممەی ڕابردوو لە ڕاپۆرتێكدا كە لە شێوەیەی زانیاری بەدەستهاتوو بڵاویكردەوە، ڕایگەیاند" لەماوەی كەمتر لە دوو مانگدا بزوتنەوەی گۆڕان ڕێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ناوخۆیی، هەر لەو ماوەیەدا هەنگاوە كردارییەكان بۆ خۆڕێكخستنەوەی بزوتنەوەی گۆڕان دەستپێدەكات كە بریتین لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ناوخۆیی و بەستنی كۆنفرانس و كۆنگرە". ڕاشیگەیاندوو"بەشێكی دیكەی هەنگاوە كردارییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان ڕاستەوخۆ لەدوای بەستنی كۆنگرە، بریتی دەبێت لە بڕیاردان لەسەر ئەنجامدانی گۆڕانكاری لە ئۆرگانەكانی بزوتنەوەكە، كە هەر لە ڕێكخەری گشتیەوە تاكو ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن و ئەندامانی هەردوو جڤاتی نیشتمانی و گشتی و بەرپرسی ژوورەكان و باژێڕوانەكان دەگرێتەوە. لە ڕاپۆرتەكەی كەناڵی "KNN"دا، هاتووە، ئامانجی ئەو گۆڕانكارییانە" چونەوە سەر شاڕێی ئامانجە سەرەكییەكانی بزوتنەوەی گۆڕانە". هەڵبژاردن چی دەگۆڕێت بەپێی زانیارییەكانی "درەو میدیا" بزوتنەوەی گۆڕان پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكان، (كۆنفرانسی نیشتمانی) ڕێكدەخات و بۆ بەداواچونی ئەو پرسە، پرسیاری لەزیاد لە سەرچاوەیەكی ئاگادار كرد كە ئاخۆ گۆڕان دەتوانێت پێش هەڵبژاردن كۆنگرەی نیشتمانی بكات؟ لە وەڵامدا سەرچاوەكانی "درەو میدیا" ئاماژە بەوەشكرد كە هیچ بڕگەیەكی پەیڕەوی ناوخۆ نیە ڕێگری لەو كارەبكات. ڕەنگە ئامانجی پێشخستنی "كۆنفرانسی نیشتمانی" پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردن بۆ دەستكاریكردنی پەیڕەوی ناوخۆی بزوتنەوەكە و گۆڕینی هەندێك لە بڕگە و مادانە بێت كە لەگەڵ ئەو هەلومەرجە تازەیەی هاتوەتە پێشەوە ناگونجێ، یان لە رابردوودا بەربەست و ڕێگری بۆ هەندێك لەو هەنگاوانە داناوە كە بەرپرسانی بزوتنەوەكە ویستویانە بینێن و دەستورەكە ڕێگر بووە، كۆنفرانسی نیشتمانی ئەو دەرفەتەیان دەداتێ دەستكاری بكەن و هەمواری بكەنەوە. هاوكات لە چەند رۆژی رابردوودا عەلی حەمە ساڵح, هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان لە نوسینێكدا كە لاپەڕەی تایبەت خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردوەتەوە دەڵێت"بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاری گۆڕانكاری داوە لە سەرجەم ئۆرگانەكان، لە ماوەی دوو مانگی ئایندەدا كۆنفرانسی ناوخۆیی و هەڵبژاردنە ناوخۆییەكان دەكەین، لە خوارەوە بۆ سەرەوە گۆڕانكاری دەكرێت، بە هەڵبژاردنی جڤاتێكی نوێ و خانەی ڕاپەڕاندن و ڕێكخەری گشتی". خاڵێكی تر كە مایەی ڕاوەستانە، چی لە ڕاپۆرتەكەی كەناڵی (KNN) هەم لە نوسینەكەی (عەلی حەمە ساڵح)دا، ئاماژە بە گۆڕینی ڕێكخەری گشتی و خانەی ڕاپەڕاندن كراوە، لە كاتێكدا بە پێچەوانەی جڤاتەكان كە دووساڵە ماوەكەیان تەواوبووە، ڕێكخەر و خانەی ڕاپەڕاندنیش هێشتا نزیكەی 10 مانگیان ماوە بۆ تەواوكردنی دوو ساڵەكەیان و دوای كۆنفرانسی نیشتمانی و تەواوبونی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانیش، نزیكەی 7 مانگ ماوەیان دەمێنێت. رێكخەری گشتی و ئەركەكانی بەگوێرەی دەستوری ناوخۆی گۆڕان كە لە یەكەمین كۆنگرەی نیشتمانی ئەو حزبەدا پەسەندكراوە رێكخەری گشتی ئەم ئەركانەی هەیە: - سەرپەرشتی كۆبوونەوەكانی خانەی راپەڕاندن و جڤاتی نیشتمانی دەكات. - لەبەردەم جڤاتی نیشتمانیدا بەرپرسیارە. - لەكاتی ئامادەنەبوونیدا، یەكێك لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن رادەسپێدرێت بۆ ئەنجامدانی ئەركەكانی. هەڵبژاردنەوەی رێكخەری گشتی بە گوێرەی مادەی یانزەیەمی دەستوری گۆڕان، لە كاتی چۆڵبوونی جێگەی رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە لە سۆنكەی وازهێنانی یان هەر هۆیەكی ترەوە بۆ پڕكردنەوەی هەڵبژاردن دەكرێت و ئەمانە بۆیان هەیە خۆیان بۆ ئەو پۆستە كاندید بكەن. - ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی - ئەندامانی جڤاتی گشتی - كەسایەتی دیاری بزوتنەوەی گۆڕان لە دەرەوەی هەردوو جڤات هەڵبژاردنی رێكخەری گشتی لەناو جڤاتی نیشتمانیدا دەكرێت و بە دەنگدانەی نهێنی و راستەوخۆ بە زۆرینەی رەها هەڵدەبژێرێت، ئەگەر لە جاری یەكەمی هەڵبژاردندا دەنگی پێویستی نەهێنا، بۆ جاری دووەم هەڵبژاردن بۆ یەكەمین و دووەمین كەس دەكرێت كە زۆرترین دەنگیان هێناوە و ئەوسا زۆرینەی سادە بەسە بۆ هەڵبژاردنی.
راپۆرتی: درەو میدیا بە تۆمەتی (بەقاچاغبردنی نەوت و سپی كردنەوەی پارە) ژمارەیەك بەرپرسی ئەمنیی هەولێر دەستبەسەركراون و هەندێكیشیان هەڵاتوون، بەپێی زانیارییەكانی " درەو میدیا" ماوەی زیاتر لە دوو هەفتە بە دیاریكراویش لە 6 و 7 ی ئەم مانگەوە دەستكراوە بە لێكۆڵینەوە لە ژمارەیەك بەرپرسی ئەمنی بە تۆمەتی كونكردنی بۆری نەوت و بە قاچاغبردنی و سپیكردنەوەی پارەی ئەو نەوتە بەقاچاغبراوە. سەرەداوی روداوەكە دوای ئەوەی ئاسایشی هەولێر دەستدەگرێت بەسەر زیاتر لە ( یەك ملیۆن و 380 هەزار) دۆلار واتا ( 138 دەفتەر دۆلار) كە لە ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگردا بووەو هێنراوە بۆ بازاڕەكانی هەرێم و ساغكراوەتەوە، لە رێگەی مەخمور هەولێر دەستگیردەكرێت، كە پارەكە لە گەیارە و شەرگاتەوە هاتووە،، گومانەكە زیاتر دەبێت كاتێك دەردەكەوێت شۆفێری ئەو ئۆتۆمبیلە بارهەڵگرە پاسەوانی یەكێك لەو ئەفسەرانەیە كە ئێستا دەستبەسەركراوە، كاتێك دەردەكەوێت هێنانی پارەكە بۆ سپیكردنەوەیەو بەهۆی بەقاچاغبردنی نەوتەوە دەستكەوتووە، لەوێوە دەزگا ئەمنییەكان دەستدەكەن بە لێكۆڵینەوە. تێوەگلانی بەرپرسانی ئەمنی زانیارییەكانی " درەو میدیا" ئاماژە بەوە دەكەن كە ئێستا نزیكەی ( 28 ) كەس دەستگیركراون، بە تۆمەتی سپیكردنەوەی پارە و بەقاچاغبردنی نەوت لە نێو ئەو كەسانەدا بەپێی زانیارییەكان هەریەك لە جێگری بەڕێوەبەری ئاساییشی هەولێر، بەرپرسی جموجوڵی ئاساییشی هەولێر، بەرپرسی دژە تیرۆر لە ئاساییشی هەولێر، بەڕبوەبەری ئاساییشی ( بنەسڵاوە ، بەحرەكە، گوێر) و بەرپرسی ژمارەیەك بازگە و ژمارەیەك بەرپرسی پێشمەرگە و پۆلیسیش تێوەگلاون، بەشێكیان دەستگیركراون و بەشێكیشیان دەستبەسەرن و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە. قاچاغچی نەوت دەستگیركردنی ئەو بەرپرسانە بە تۆمەتی كونكردنی بۆری نەوتە، كە ماوەیەكی زۆرە نەوتی لێوە بە قاچاغ دەبەن و لە بازاڕی رەشی هەرێمدا ساغی دەكەنەوە و تۆڕێك لە بەرپرسانی ئەمنی تێوەگلاون و بازرگانیان بە نەوتەوە كردووە وپارەیان سپیكردوەتەوە، ئەو بۆریە نەوتەی كە نەوتی لێوە بە قاچاغبراوە، بۆری بیرە نەوتییەكانی چەڵتوك لە مەخمور و چل هەوێزە و كێڵگە نەوتییەكانی گوێرن كە بە بۆری دەچنە پاڵێوگەی كار ، ئەو بۆریە نەوتە كونكراوەو رۆژانە نزیكەی 30 تەنكەر نەوتیان لێوە بردووەو بە قاچاغ لە بازاڕەكانی هەرێم ساغیانكردوەتەوە، پارەی ئەو نەوتەشیان لە بازارەكانی هەرێمدا سپیكردوەتەوە. هەڵوێستی بەرپرسانی حكومەت لەگەڵ ئەوەی برپرسانی حكومەتی هەرێم دان بەوەدا دەنێن كە روداوەكە راستە و لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن، بەڵام بەشێك لە بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوە رەتدەكەنەوە كە ئەو تۆڕەی دەستگیركراوە بەرپرسی ئەمنییان تێدا بێت، هەروەك بەڕێوەبەری ئاساییشی هەولێر ئەگەرچی دانی بەوەدا نا کە ئەفسەرێكیان بۆ لێكۆڵینەوە رەوانەكردووە، بەڵام دەنگۆی تێوەگلانی بەرپرسانی ئەمنی رەتكردوەتەوە< سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هەواڵەكەی پشتڕاست كردەوە و رایگەیاند دەستگیركردنی ئەو بەرپرسانە لەسەر بنەمای هەندێك راپۆرت بووە و ئێستاش لێكۆڵینەوەیان لەبارەوە دەكرێت. بە سودوەرگرتن لە ئەزمونی رابردوو بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو كەیسانە، چاوەڕەوان دەكرێت ئەو كەیسەش وەك دەیان كەیسی تری هاوشێوە " دیزە بەدەرخۆنە بكرێت"، بەو پێیەی ئەو كەیسە بەرپرسی ئەمنی لە پشتەوەیە و رەنگە بەشێك لەو بەرپرسانە لە هەرەمی دەسەڵاتدابن و بەتایبەتیش لە حزبی باڵادەست بۆیە چاوەڕەوان ناكرێت لێپرسینەوەی جدی بكرێت و ئەو كەیسە بكاتە ئامانج.
