راپۆرتی: درەو میدیا كۆمەڵێك دۆسیەی ئاڵۆزو پرسی دڕكاویی لە چاوەڕوانی شەشەم كابینەی حكومەتی عێراقدایە، كە لەدوای ساڵی 2003وە پێكدەهێنرێت و، دەكرێت بە حكومەتی ئاستەنگە ناوخۆیی و دەرەكییەكان، ئاستەنگە ئەمنیی و سیاسی و ئابورییەكان وەسف بكرێت، هاوكات دەكرێت بە یەكەم حكومەتیش دابنرێت كە لە دەرەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن پێكدەهێنرێت، بەوپێیەی سەرۆكەكەی بەشداری هەڵبژاردنی نەكردووە، هەروەك زۆربەی وەزیرە كاندیدكراوەكانیش بۆ پۆستە خزمەتگوزراییەكان بەشدارییان لە پرۆسەكە نەكردووە. لەگەڵ ئەوەی زۆرینەی كوتلە سیاسیيەكان بەشێوەیەكی ئاشكرا پشتیوانی لە عەبدولمەهدی دەكەن، وێڕایی مەرجەعیەتی نەجەف، بەڵام بەشێك لە چاودێران و كەسانی نزیك لە عەبدولمەهدی ترسیان هەیە لەوەی سەرۆكی حكومەت و حكومەتەكەی بتوانن دۆسیەی گەورەو گرنگ یەكلابكەنەوە كە خەڵك چاوەڕوانیی لێیەتی و، سیناریۆی دەستلەكاركێشانەوەش وەك یەكێك لە پێشبینیە چاوەڕوانكراوەكان دەخەنەڕوو، لەحالێكدا عەبدولمەهدی زانی لە شكستەوە نزیكترە لەو ئەركەی پێی سپێردراوە. حكومەتی پسپۆِرییەكان چی پێدەكرێت لە عێراق؟ حكومەتەكەی عەبدولمەهدی بەیەكێك لەو حكومەتانە دادەنرێت كە زۆرترین پسپۆڕی تێدا كۆبوەتەوە بەبەراورد بەحكومەتەكانی ڕابردوو، بەڵام لاوازترینە لەوەستان بەڕووی هێزە سیاسیيەكان كە زۆرینەیان لەگەندەڵییەوە تێوەگلاون و هەموژمنێكی بەهێزیشیان هەیە لەناو دامەزراوەكانی دەوڵەت، بەتایبەت لە وەزارەتەكانی بەرگری و ناوخۆ و دارایی و بازرگانی، وێڕایی بوونی كیانێكی هاوتەریب بە هێزە نیزامییەكان كە ئەویش حەشدی شەعبیە. بەرپرسێكی باڵا لە ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەڕۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدید)ی، ڕاگەیاندووە"حكومەتی نوێ لەلایەن مەرجەعیەتی باڵای نەجەفەوە پشتیوانیيەكی گەورە دەكرێت، بەجۆرێك هیچكام لە حكومەتەكانی پێشوو ئەو پشتوانیيەیان نەبووە". لەبارەی دورو نزیكی حكومەتیش لە میحورەی ئێرانی و ئەمریكی كە ململانێیانە لە عێراق، سەرچاوەكە ڕایگەیاندووە" حكومەتی نوێ لەناوچەی خۆڵەمێشیدا دەمێنێتەوە" واتەخۆی بۆ هیچ لایەكیان یەكلاناكاتەوە. حكومەتی نوێی عێراق ڕوبەڕوی 20 دۆسیەی سەرەكی گەورەو هەستیار دەبێتەوە، كە پێویستە لەسەری بەئەنجامیان بگەیەنێت یان لایەنی كەم بەرەوپێشچونیان تێدا ئەنجامبدات لەماوەی چوار ساڵی داهاتوودا. دیارترین دۆسیە هەڵواسراوەكان * سەرلەنوێ بنیاتانەوەی ناوچە ئازاداكراوەكان لەباكورو ڕۆژئاواو ناوەڕاستی عێراق، كە ژمارەیەیان 48 شارو شارۆچكەیە، بەتێچوی 88 ملیار دۆلار . * دابینكردنی خزمەتگوزرای ئاو و كارەباو ژێرخانی ئابوری لەڕێگاوبان و پرد لەسەرانسەری وڵات و بە دیاریكراوی لەباشور. * چارەسەری قەیرانی ئاو و كەمبونەوەی ئاوی دیجلەو فورات دوای بڕینی 61 سەرچاوەی ئاوی هەردوو ڕوبارەكەو دروستكردنی بەنداو لەسەریان لەلایەن ئێران و توركیاوە. * دۆسیەی هێزی بێگانە: هێزی 13 دەوڵەت لەعێراق بوونی هەیە، دیارترینیان (ئەمریكا- بەریتانیا- فەرەنسا- كەنەداو- ئوسترالیا- ئەلمانیا- ئیتالیا- ئێران- توركیا)و چەند وڵاتێكی دیكەش لەچوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ جەنگ لەدژی تیرۆر. * ڕێكخستنی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێرو بەغدادو چارەسەركردنی دۆسیەی ناوچە كێشەلەسەرەكان لەنێوان هەردوولا، بەشاری كەركوكیشەوە. * دۆسیەی نەوت و غاز. * دۆسیەی بێكاری و هەژاری كە بەشێوەیەكی بەردەوام لەهەڵكشاندایە. * دۆسیەی لەناوبردنی پاشماوەكانی داعش. * دۆسیەی گێڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانی خۆیان كە ژمارەیان دەگاتە نزیكەی 3 ملیۆن كەس. * دۆسیەی كشانەوەی گروپە چەكدارەكان لەناوچە ئازادكراوەكان (هەندێك لەناوچە سونییەكان). * دۆسیەی مافی مرۆڤ وەك پڕبونی بەندینخانەكان لە زیندانی، بەبێ ئاڕاستەكردنی هیچ تۆمەتێك. وێڕایی چەند پرس و دۆسیەی تری تایبەت بە بوارەكانی سیاسی و ئەمنیی و ئابوری و كۆمەڵایەتی وكۆی بوارە ژیارییەكانی تر. عەبدولمەهدی ئەركەكەی سەختە زۆرێك لەئاگایانی دۆخی سیاسی عێراق كۆكن لەسەر ئەوەی، ئەركەكەی عادل عەبدولمەهدی زۆر سەختە، فائق شێخ عەلی پەرلەمانتاری عێراق لەتویتێكدا لەتۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی" ئەو پرۆگرامە حكومییەی عادل عەبدولمەهدی لەپەرلەمانی عێراق پێشكەشی كرد، (چەرچڵ) ناتوانێت جێبەجێیبكات ئەگەر (هێتلەر و سەدام حسێن)یش، پشتیوانی بكەن". درەنگانێكی شەوی ڕابردوو، عادل عەبدولمەهدی "سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو" كابینەی حكومەتەكەی پێشكەش بە پەرلەمانی عێراق كردو دوای مشتومڕێكی زۆرو تێبینی پەرلەمانتاران لەسەر ناوی ژمارەیەك لە وەزیرەكانی كابینەكەی و دواخستنی دانیشتنەكە بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك، سەرەنجام پەرلەمانی عێراق متمانەیدا بە سەرۆكی حكومەت و 14 وەزیری كابینەی حكومەتەكەی. وەزیر متمانە پێدراوەكان و وەزارەتەكانیان 1- وەزیری دەرەوە - محەمەد عەلی حەكیم 2- وەزیری دارایی - فوئاد حسێن 3- وەزیری نەوت- سامر غەزبان 4- وەزیری كشتوكاڵ- ساڵح ئەلحەسەنی 5- وەزیری گەیاندن- د.نەعیم رووبەیعی 6- وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن- بەنگین رێكانی 7-وەزیری كارەبا- لوئەی خەتیب 8-وەزیری لاوان و وەرزش - ئەحمەد عوبەیدی 9-وەزیری تەندروستی- عەلا عەلوان 10-وەزیری پیشەسازی- ساڵح جبووری 11-وەزیری گواستنەوە- عەبدوڵڵا ئەلمالیكی 12-وەزیری سەرچاوە ئاوییەكان- جەمال ئەلعادلی 13-وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی- باسم رووبەیعی 14-وەزیری بازرگانی- محەممەد هاشم جاسم وەزیرە متمانە پێنەدراوەكان 1-فالح فەیاز-وەزیری ناوخۆ 2-فەیسەل فەنەر جەربا-وەزیری بەرگری 3- حەسەن توعەمە گەزار-وەزیری ڕۆشنبیری 4-ئەسما سالم سادق-وەزیری داد 5-قوسەی سوهێل-وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی 6-سەبا خەیرەدین ئەلتائی-وەزیری پەروەردە 7-ئەیاد ساڵح سامەرائی-وەزیری پلاندانان 8-وەزیری كۆچ و كۆچبەران -( )
(درەو میدیا): پارتی پێداگری لەسەر وەرگرتنی چوار وەزارەت دەكات و بەنیازە وەزارەتێك بدات بەسێ لایەنەكە و یەكێتی لە وەزارەت بێبەشبكات. سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بەغداد بە "درەو میدیا"ی ڕاگەیاند" پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراقو بەشێوەیەكی فەرمی عەبدولمەهدی ئاگاداركردووە لەوەی دەبێت پشكی كورد لە كابینەكەیدا لە سێ وەزارەتەوە بكرێت بە چوار وەزارەت". ئەو سەرچاوەیە كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە ئاشكرایكرد" پارتی بەنیازە یەكێتی لە وەرگرتنی وەزارەت لە كابینەی نوێی حكومەتی عێراق بێبەشبكات و، لەو چوار وەزارەتەی كە وەریدەگرێت، سێ وەزارەتی بۆخۆی ببات، كە یەكێكیان وەزارەتی سیادییەو وەزارەتی چوارەمیش بدات بە سێ لایەنەكە (بزوتنەوەی گۆڕانو یەكگرتوی ئیسلامیو كۆمەڵی ئیسلامی)". پارتی دەیەوێت رێككەوتن لەسەر وەرگرتنی ئەو وەزارەتە بۆ سێ لایەنەكە خۆیان بەجێبهێڵێت، بەڵام گریمانە دەكرێت ئەگەر پارتی بتوانێت وەزارەتی چوارەم وەرگرێت، ئەو وەزارەتە بدرێت بە بزوتنەوەی گۆڕان.
(درەو میدیا): لەدوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستانەوە، بەشێك لە كاندیدەكانی لیستی ئازادی گومانیان لە دەنگەكانیان هەیە پێیان وایە جێگۆڕكی بە ناوەكانیان كراوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، (فاخیر رەسوڵ شێخە دێگەی)ی كاندیدی ژمارە (9)ی لیستی ئازادی حزبی شیوعی كوردستان لە دادگای تێهەڵچونەوەی هەولێر سكاڵای تۆماركردوەو گومانی لەوە هەیە دەستكاری دەنگەكانی كرابێت. ئەو كاندیدەی حزبی شیوعی وەكو خۆی دەڵێت" پێشتر لەلایەن كاوە مەحمودی سكرتێری حزەكەیەوە پیرۆزباییان سەركەوتنی بۆ پەرلەمان لێكراوە، بەوپێیەی تەنها لە دەڤەری رانیەو پشدەر 820 دەنگی بەدەستهێناوە". هەر لە لیستی حزبی شیوعی، كاندیدێكی سەرنەكەوتووی تر بەناوی (فەرهاد عەبدوڵا) سكاڵای لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستانو دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر تۆماركردووە بەتۆمەتی گۆڕینی ئەنجامی دەنگەكانی لە بەرژەوەندی سەرۆكی لیستەكە. ئێستا لە حزبی شیوعیدا گفتوگۆی زۆر لەسەر ئەو پرسە دروستبووە، بەرپرسێكی باڵای حزبی شیوعی كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، گومانێك دروستبووە گۆڕانكاری لە دەنگی كاندیدەكاندا كرابێت لەبەرژەوەندی سەرۆكی لیستەكە. سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەكرد، لەناو كادیرانی حزبی شیوعیدا گومانی ئەوە دروستبووە سەرۆكی لیستەكە نزیك بێت لە پارتییەوەو بەوهۆیەوە لەلایەن كۆمسیۆنەوە دەنگی كاندیدەكانی تری حزبی شیوعی پێدرابێت. حزبی شیوعی بە لیستی "ئازادی" بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی كردو (8 هەزارو 63) دەنگی بەدەستهێنا، (محێدین حسێن) سەرۆكی لیستەكە بە كۆكردنەوەی (هەزارو 22) دەنگ سەركەوت بۆ پەرلەمان.
(درەو میدیا): كەناڵی "ڕووداو"بەئاشكراكردنی زانیاری نوێ لەبارەی وەزیرەكانی پارتی لە كابینەی نوێی حكومەتی عێراق، ناڕاستەوخۆ وەڵامی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دەداتەوە. كەناڵی "ڕووداو" كە خاوەندارێتییەكەی بۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمو جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەگەڕێتەوە، ئەمڕۆ زانیاری نوێی لەبارەی پشكی پارتی لە كابینەی نوێی حكومەتی عێراق ئاشكراكردووە. كەناڵی (رووداو) ڕایگەیاند، پارتی (فوئاد حسێن)ی بۆ وەزیری داراییو (بەندی ڕێكانی)ی بۆ وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن كاندیدكردووە. بڵاوكردنەوەی ئەم زانیارییە لەلایەن كەناڵی "ڕووداو"ەوە لەكاتێكدایە، دوێنێ مەكتەبی مەسعود بارزانی لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەدا "ماوەی دوو ڕۆژە تۆڕیی میدیایی ڕووداو لەسەر ناوی بەربژێرەكانو پشكی پارتی لە پۆستە وەزارییەكانی حكومەتی تازەی عێراقو پشكی لایەنە كوردییەكان هەندێ هەواڵو زانیاری بڵاودەكاتەوە، لێرەدا ڕایدەگەیەنین كە ئەو هەواڵو زانیارییانە ڕاست نین". بڵاوكردنەوەی زانیاری نوێ لەبارەی پشكەكانی پارتی لە حكومەتی عێراق لەلایەن كەناڵی "ڕووداو"ەوە، وەڵامدانەوەیەكی ناڕاستەوخۆی ئەو كەناڵەیە بۆ ڕاگەیاندراوەكەی مەكتەبی مەسعود بارزانیو ڕەتكردنەوەی ڕاگەیەندراوەكەی دوێنێی مەكتەبی بارزانییە. بەپێی زانیارییەك كە لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەست (درەو میدیا) كەوتووە، هۆكاری سەرەكی نیگەرانی بارزانی لە بڵاوكردنەوەی ناوی كاندیدەكانی پارتی بۆ وەزارەتەكانی حكومەتی عێراق بەدیاریكراوی پەیوەندی بە ناوی (فوئاد حسێن)ەوە هەیە. بارزانی نایەوێت وەكو هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، جارێكی تر ناوی فوئاد حسێن بكەوێتە ناو ناوان، ئەگەر پێشوەخت زامنی وەرگرتنی پۆستێكی وزاری بۆ نەكردبێت، چونكە بارزانی نایەوێت جارێكی تر فوئاد حسێن دوچاری شكست بكاتەوە.
راپۆرتی: (درەو میدیا) "ساختەكاری" ناونیشانی دیاری دوو هەڵبژاردنی یەك لەدوای یەك بوو، كە لەماوەی كەمتر لەچوار مانگدا لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوون، یەكەمیان هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە (12) ئایارو دووەمیشیان، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە (30) ئەیلول، ئەمساڵ بەڕێوەچوون. (بزوتنەوەی گۆڕانو جوڵانەوەی نەوەی نوێو یەكگرتوی ئیسلامیو كۆمەڵی ئیسلامی)، كە بەهێزە دیارەكانی دەرەوەی یەكێتیو پارتی ناسراون یان وەك هەندێك بە"ناڕازیی" ناویان دەبەن، لەگەڵ دەركەوتنی ئەنجامە سەرەتاییەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئاماژەیان بە ئەنجامدانی ساختەكارییەكی گەورە كرد لەهەردوو هەڵبژاردنەكەو تەواوی پرۆسەكەیان ڕەتكردەوە. "بایكۆتی پرۆسەی سیاسی" یەكێك بوو لەو بژاردانەی زۆرینەی ئەم هێزانە ئاماژەیان پێكرد، وەك كاردانەوەیەك لەبەرامبەر "بردنی دەنگی دەنگدەرانیان"، بەڵام ئەمە ڕای هەموویان نەبوو، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا (جوڵانەوەی نەوەی نوێ) هەر لەسەرەتاوە ڕایگەیاند، هێزە عێراقییەكان ساختەكارییان لێنەكردون تا بەشداری پرۆسەی سیاسی نەكەن، ئەوەی فێڵی لێكردون (پارتی و یەكێتی)یە، سەرەنجام ئەم ڕایە بووە ڕای (گۆڕانو كۆمەڵو یەكگرتوو)ش، بەو پاساوە بەشداری پرۆسەی سیاسی عێراقیان كرد. بەڕای هەندێك لە چاودێران، ئەگەر بەشداریكردن لە پرۆسەی سیاسی عێراق بەو پاساوەی سەرەوە واتە پاساوی ئەوەی "هێزە عێراقییەكان ساختەكارییان لێنەكردوین" تائاستێك لۆژیكو مەعقولیەتی تێدابوبێت، ئەوا بەشداریكردن لە پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان پاساوێكی بۆ نەماوەتەوە، بەتایبەت لەدوای ئەو تۆمەتانەی ئەو هێزانە ئاڕاستەی (یەكیتیو پارتی)یان كرد سەبارەت بە ئەنجامدانی ساختەكارییەكی بەربڵاو. یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان كە یەكێكە لە هێزە"ناڕازییەكان"، دوێنێ ئۆپۆزسیۆنبوونی خۆی ڕاگەیاند، جوڵانەوەی نەوەی نوێ-ش لەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن لەیەكێك لەپێشنیازەكانیدا بۆ هێزەكانی دەرەوەی (پارتیو یەكێتی) داوای "دروستكردنی بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆن دەكات لە پەرلەمان"، (بزوتنەوەی گۆڕان)یش لەمە دورتر دەڕواتو دەڵێ "بەمەرج بەشداری حكومەت دەكات". تائێستا (كۆمەڵی ئیسلامی) هەڵوێستی خۆی ڕانەگەیاندووە، بەڵام لەدوورترین باریدا ڕەنگە بژاردەی ئۆپۆزسیۆنبوون هەڵبژێرێت، ئەگەر بەشداری حكومەت نەكات. ئەوەی لەم بۆچونانە گەڵاڵە دەبێت، هیچكام لەم هێزانە بەنیازی بایكۆتی پرۆسەی سیاسی نین، بەڵكو بژاردەكەیان لەنێوان بەشداریكردنو بەشدارینەكردنە لە حكومەت، نەك بایكۆتی پرۆسەی سیاسی و، پێیانوایە بژاردەی ئۆپۆزسیۆنبوونو بەشداریكردن لە پەرلەمانی كوردستان جۆرێكە لە سزادانی یەكێتیو پارتیو چۆڵنەكردنی گۆڕەپانەكەیان بۆیان، لەكاتێكدا زۆرێكی تر پێیانوایە، وەڵامی "ساختەكاریی" یەكێتیو پارتی نەچوونە پەرلەمانو شەرعیەتنەدانە بە دامەزراوەیەك كە لەسەر بنەمای (باتڵو ساختە) دروستببێت، نەك بژاردەی ئۆپۆزسیۆنبوون كە خۆی لەخۆیدا شەرعیەتدانە بە دامەزاراوەیەك لە دەرەنجامی پرۆسەیەكی ناشەرعی "هەڵبژاردنێكی پر لە ساختەكاری" پێكبێتو بۆ چوارساڵی داهاتوو نوێنەرایەتی خەڵكی كوردستان بكات. بۆچونێكی تریش پێیوایە، بەشداریكردن لە پرۆسەیەك بەم هەموو عەیبو عارەوە وەك پێشتر خۆیان بانگەشەیان بۆ كردووە، خۆی لەخۆیدا ڕازیبوونو تێپەڕاندنی پرۆسەیەكە كە گومانێكی زۆری لەسەر دروستكراوە، جگە لەوەش ئاسایكردنی پرۆسەی ساختەكاریو مامەڵەكردنە لەگەڵی وەك واقیعێكی سیاسی لە هەرێمی كوردستان، كە لەبارە گشتییەكەیدا كاریگەرییەكی نەرێنی لەسەر پرۆسەی دیموكراسی دادەنێتو نائومێدییەكی گەورەش لەسەر ئاستی شەقام دروستدەكات، هاوكات ئەو ڕاستییەش دەچەسپێنێت كە سندوقەكانی دەنگدان گۆڕانكاری دروستناكەنو هەڵبژاردنیش وەك پایەیەكی گرنگی دیموكراسی لەهەموو بەهایەكی خۆی بەتاڵدەكاتەوە، جگە لەوەی تەواوی هێزەكانیش بەڕازیو ناڕازییەوە دەبنە بەشێك لەو پرۆسەیەو پێكیشەوە ئەو وێنە گشتییە تەواو دەكەن كە پێی دەوترێت پرۆسەیەكی سیاسی پڕ لەعەیبو خەوشدار لە هەرێمی كوردستان.
(درەو میدیا): پشكی كورد لە كابینەی نوێی حكومەتی عێراق بۆ چوار وەزارەت زیادكراوە، پارتی دەیەوێت یەكێتیو لایەنەكانی تر لە پۆستە وزارییەكان بێبەشبكات. بڕیارە سبەینێ یاخود دوو سبەی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق لەلایەن عادل عەبدولمەهدییەوە بخرێتە بەردەم پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەری. سەرچاوەیەكی ئاگادار لە دانوستانەكانی تایبەت بە پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، لە كابینەی نوێی حكومەتی عێراقدا پشكی كورد لە سێ وەزارەتەوە كراوە بە چوار وەزارەت. ئەو سەرچاوەیە كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە وتی: پارتی دیموكراتی كوردستان هەوڵدەدات هەر چوار وەزارەتەكەی كورد لە كابینەی نوێی حكومەتی عێراق بۆ خۆی ببات، بەوهۆیەشەوە چەند رۆژێكە وەفێدكی یەكێتی نیشتمانی بە سەرۆكایەتی بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان لەوبارەیەوە لە گفتوگۆدایە. (درەو میدیا) زانیویەتی، بەپێچەوانەی ئەو هەواڵانەی كە پێشتر بڵاوكرانەوە، لە كابینەی نوێی حكومەتی عێراقدا وەزارەتی (داد) بە كورد نەدراوە و ئەو چوار وەزارەتەی كە بۆ كورد دانراوە ئەمانەن: • وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكان • وەزارەتی دارایی • وەزارەتی كۆچو كۆچبەران • وەزارەتی رۆشنبیریو كەشتوگوزار هەمان سەرچاوە بۆ (درەو میدیا) ئاشكرایكرد، كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ وەزارەتی دارایی (فوئاد حسێن)ەو بۆ وەزارەتی كۆچو كۆچبەرانیش (ڤیان دەخیل) دانراوە. ئەوە لە كاتێكدایە حسێن نەرمۆ پەرلەمانتاری یەكێتی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە كە پارتی هەوڵ دەدات پشكی كورد لە كابینەی وزاری بەغداد بۆ خۆی بێت، بەڵام یەكێتی وەزارەتی دادی بەردەكەوێت و كاندیدیشی بۆ ئەو پۆستە هەیە، بەپێی سەرچاوەكانیش كاندیدی یەكێتی بۆ ئەو پۆستە خالید شوانیە
راپۆرتی: محەمەد رەئوف ئەگەر لێكدانەوەیەكی وردتر بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكرێت و بایكۆت و دەنگی لایەنەكانی دەرەوەی دەسەڵات ئەژماربكرێت، پارتی و یەكێتی دەبنە كەمینە و بەپێی شیكارییەكی ( درەو میدیا)ش پارتی و یەكێتی پێكەوە نزیكەی ( 32%)ی دەنگی ئەو هاوڵاتیانەی هەرێمیان بەدەستهێناوە كە مافی دەنگدانیان هەبووە بە دیوێكی تر 68%ی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە دەنگیان بە پارتی و یەكێتی نەداوە. بەپێی ئاماری دەستەی ئاماری هەرێم ژمارەی دانیشتوانی هەرێم (5.577.815) پێنج ملیۆن و پێنج سەد و حەفتاو حەوت هەزارو هەشت سەدو پانزە كەسە، لەو ژمارەیە بۆ هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی 2018 پەرلەمانی كوردستان ( 3,088,642) سێ ملیۆن و هەشتاو هەشت هەزارو شەش سەدو چل و دوو كەس مافی دەنگدانیان هەبوو واتا لە 55%ی كۆی دانیشتوانی هەرێم مافی دەنگدانیان هەبووە . بەپێی راگەیەندراوی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێمیش ( 1.845.979 ) یەك ملیۆن و هەشت سەدو چل و پێنج هەزارو نۆسەد و حەفتاو نۆ كەس بەشداریان لە پرۆسەكەدا كردووە کە دەکاتە رێژەی ( 59%). لەو ژمارەیە (1.242.663) یەك ملیۆن و دوسەد و چل و دوو هەزارو شەش سەدو شەست و سێ كەس دەنگی نەداوە یاخود بایكۆتی هەڵبژاردنیان كردووە كە دەكاتە ( 41%)ی كۆی ئەو كەسانەی كە مافی دەنگدانیان هەبووە. پارتی دیموكراتی كوردستان (686،070 ) دەنگی بەدەستهێناوە ئەگەر رێژەكە لە كۆی ئەوانە وەرگرین كە مافی دەنگدانیان هەبوە كە( 3,088,642) كەسە دەكاتە ( 22.2%) كۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە، واتا( 77.8%)ی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبوە دەنگیان بە پارتی نەداوە وە دەنگەكانی پارتی تەنها لە 12%ی كۆی ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی هەیە لەكۆی ژمارەی دانیشتوانی هەرێم . یەكێتی نیشتیمانی كوردستانیش(319،912) دەنگی بەدەستهێناوە رێژەكە لە كۆی ئەوانە وەرگرین كە مافی دەنگدانیان هەیە كە ( 3,088,642) كەسە دەكاتە ( 10.3%) كۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە ( 89.7%) دەنگیان بە یەكێتی نەداوە. واتا بە یەكێتی و پارتی ( 32.5%)ی كۆی دەنگی ئەو هاوڵاتیانەی هەرێمیان بەدەستهێناوە كە مافی دەنگدانیان هەبووە، واتا ( 67.5%) هاوڵاتیان دەنگیان بە یەكێتی و پارتی نەداوە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی زۆربەی لایەنەكان جەخت لەوە دەكەنەوە كە تەزویر و ساختەكاریی كراوە، تەنانەت بەشیك لە ئەندامانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنیش دانیان بەوەدا نا كە ساختەكاری كراوە ، ئەندامانی پارتی و یەكێتی لە كۆمسیۆن ئەنجامەكەیان پەسەند كرد رایانگەیاند ئەو دەنگانەی كە رەتكراونەتەوە بەهۆی ئەوەی گومانی لەسەر بووە دەستكاریكراوە: - دەنگی هەژمار نەكراو ( 119617 ) سەد و نۆزە هەزارو شەش سەدو حەڤدە بەهۆی قردێلەی سورەوە كە ساختەكاری تیاكراوە. - دەنگی پوچەڵ ( 116383 ) سەدو شانزە هەزارو سێسەد و هەشتاو سێ. - دەنگی بەتاڵ ( 42432 ) چل و دوو هەزارو چوارسەدو سی و دوو. لە كاتێكدا پارتی و یەكێتی هەمیشە بەناوی هاوڵاتیانی كوردستانەوە قسە دەكەن و بڕیار دەدەن و دەڵێن زۆرینەی هاوڵاتیانمان لەگەڵە ، بەڵام بەپێی ئەم شیكاری و لێكدانەوەیەی سەرەوە بێت پارتی 22% ی دەنگی هاوڵاتیانی لەگەڵە و یەكێتی 10%ی دەنگی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانی لەگەڵە، بەهەردووكیشیان لە 32%ی دەنگی هاوڵاتیانیان لەگەڵە، لە كاتێكدا 41%ی هاوڵاتیانی كوردستان بەهۆی نائومێدیان لە حوكمڕانی ئەوان بایكۆتیان كردووەو بەشێكی تریش دەنگی بەلایەنەكانی دەرەوەی ئەو دوو هێزە داوە. كە كۆی گشتی دەكاتە لە 68%ی هاوڵاتیان دەنگیان بەو دوو حزبە نەداوە.
(درەو میدیا): لەدوای گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی نیشتمانی كوردستانو بەشدارینەكردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا، ئێستا چارەنووسی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسیو دادپەروەری لەبەردەم ئاسۆیەكی ناڕووندایە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، چەند رۆژێكە لەناو هاودیدەكانی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسیو دادپەروەری گفتوگۆی چڕ دەستیپێكردووە لەبارەی چارەنوسی حزبەكەیانەوە. سێ بۆچونی جیاواز (درەو میدیا) زانیویەتی، ئێستا هاودیدەكانی هاوپەیمانیو هاوڕێكانی پێشووی بەرهەم ساڵح لەبارەی چارەنوسی حزبەكەیانەوە دابەشبوون بەسەر سێ بۆچونی جیاوازدا. بۆچونی یەكەم: ئەمانە داوا دەكەن هاودیدانی هاوپەیمانی هاوشێوەی بەرهەم ساڵحی سەرۆكی پێشووی هاوپەیمانێتییەكەیان بگەڕێنەوە بۆ ناو یەكێتی نیشتمانی. بۆچونی دووەم: ئەمانە بۆچونیان وایە دەبێت هاوپەیمانی بەردەوام بێتو لەدوای رۆشتنی بەرهەم ساڵحەوە جارێكی تر خۆی رێكبخاتەوەو ئامادەكاری بۆ قۆناغی ئایندەی كاری سیاسی بكات. بۆچونی سێیەم: ئەم بۆچونە داوا دەكات هاوپەیمانی هەڵوەشێندرێتەوەو كۆتایی بە خولی ژیانی نوێترین حزب لەسەر گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی كوردستان بهێنرێت. سێ گروپو یەك چارەنوس ئەو سێ بۆچونەی كە لەناو هاوپەیمانێتیدا هەن سەبارەت بە چارەنوسی حزبەكەیان، دابەشبوون بەسەر سێ گروپی جیاوازدا، كە لەدوای رۆشتنی بەرهەم ساڵحەوە لەناو هاوپەیمانیدا ماونەتەوە. گروپی یەكەم: ئەم گروپە پێكدێت لە پاشخان ئیسلامییەكان، ئەمانە لەگەڵ ئەوە نین بچنە ناو یەكێتیو دەیانەوێت هەرچۆنێك بێت هاوپەیمانی بمێنێتەوەو بەردەوام بێت. گروپی دووەم: ئەم گروپە پێكدێن لەوانەی كە لەناو یەكێتییەوە هاتوونو پێشتر پۆستی باڵاو مامناوەندییان هەبووە لەناو یەكێتیداو ئێستا دەیانەوێت هەرچۆنێك بێ بگەڕێنەوە بۆ ناو حزبی دایكو پۆستەكانیان وەرگرنەوە. گروپی سێیەم: ئەم گروپە بریتین لەو گەنجە ناڕازییانەی كە بەشێكیان پێشتر یەكێتی بوونو بەشێكی تریان گەنجانی ناڕازی دەرەوەی حزبەكان بوون، ئەمانە دەیانەوێت بەمەرجەوە بچنە ناو ریزەكانی یەكێتییەوە. گفتوگۆیەكی نهێنی! بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، ئەو گروپەی ناو هاوپەیمانی كە پێشتر لەناو یەكێتی پۆستیان هەبووە، لە ماوەی رابردوودا چەندجارێك لەگەڵ سەركردەكانی یەكێتی كۆبونەتەوە بەمەبەستی گەڕانەوە، بەڵام سەركردەكانی یەكێتی لەگفتوگۆكانیاندا لەگەڵ ئەو گروپە زۆر جدی نەبوون، رەنگە ئەمەش بەهۆی ئەوە بێت دوای گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح چیتر هاوپەیمانی ئەو جادووەی نەماوە كە یەكێتی ترسی لێی هەبێت. داوای رۆڵی بەرهەم ساڵح دەكرێت گروپی سێیەم لەناو هاوپەیمانی واتە ئەو گروپەی كە پێكهاتوون لە گەنجە ناڕازییەكانو هەندێكیان پێشتر یەكێتی بوون، نیگەرانن لە كۆبونەوەی گروپی یەكێتییە كۆنەكان لەگەڵ سەركردایەتیو یەكێتی. ئەم گروپە داوا دەكەن، هاودیدانی هاوپەیمانی بەشێوەیەكی راستەوخۆو وەكو حزبێكی جیاواز گفتوگۆ لەگەڵ یەكێتیدا بكەن بۆ گەڕانەوە بۆ ناو یەكێتی، نەك وەكو كادری پێشووی یەكێتی. ئەم گروپە پرۆژەیەكیان ئامادەكردووەو بۆ گەڕانەوە بۆ ناو یەكێتیو داوا دەكەن لە گفتوگۆكاندا زامنی جێبەجێكردنی بكرێت، كورتەی پرۆژەی ئەم گروپە خۆی لە دوو خاڵدا دەبینێتەوە: یەكەم: بەفەرمی لەگەڵ یەكێتی دانیشتنو گفتوگۆ بكرێت وەك قەوارەیەكی سیاسی، نەك وەك گروپێك كە پێشتر لەناو یەكێتی بوون. دووەم: سەرۆكی پێشووی قەوارەی هاوپەیمانی (بەرهەم ساڵح) خۆی سەرپەرشتی دانیشتنو گفتوگۆكان بكات لەگەڵ یەكێتی. ناڕەزایەتی لەناو یەكێتیدا (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكی جیاوازەوە زانیاری دەستكەوتووە، لەناو یەكێتی ناڕەزایی دروستبووەو داوا دەكرێت ئەو گروپەی كە پێشتر یەكێتییان جێهێشتووەو چونەتە ناو هاوپەیمانییەوە، بەهەمان پۆستی پێشووتریانەوە لە یەكێتی وەرنەگیرێنەوە، چونكە بەوتەی ئەوانەی بانگەشە بۆ ئەم بۆچونە دەكەن، ئەو هاودیدانەی هاوپەیمانی بەر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان نەگەڕاونەتەوە بۆ ناو یەكێتیو گەڕانەوەی ئێستایان بێسودە.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارەی سەرەتاكانی مانگی داهاتوو دەستبەكاربێت، روخساری گەنج زۆربەی كورسییەكانی داگیركردووە. لە جیهاندا گەنج بەو كەسانە دەوترێت كە تەمەنیاندەكەوێتە نێوان (18 بۆ 40) ساڵی، لە هەرێمی كوردستان هەموو حزبە سیاسییەكان رێكخراو و بەرنامەی تایبەتیان بۆ توێژی گەنجان داناوە، تا لەو رێگەیەوە بتوانن دەنگو سۆزی ئەو توێژە زیندووەی كۆمەڵگە بەلای خۆیاندا رابكێشن. لایەنە سیاسییەكان ئەگەرچی لەواقیعدا نەیانتوانیوە وەكو پێویست خزمەت بە توێژی گەنجان بكەن، بە تایبەتی لەبواری دامەزراندن و رەخساندنی هەلی كار، بەڵام بەمدواییانە هەموویان زیاتر روویان بەرەو لای گەنجان وەرگێڕاوە، ئەمەش بەدیاریكراوی لە كاندیدەكانی ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستاندا رەنگیداوەتەوە. بەتەمەنترین و گەنجترین پەرلەمانتار بەپێی ئەو ئەنجامانەی كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان بڵاویكردنەوە، بە تەمەنترین ئەندامی ئەم خولەی پەرلەمان، پەرلەمانتارێكی پارتییە بەناوی (رێڤنگ هروری) كە لەدایكبووی ساڵی 1951ەو بەپێی یاساش بەهۆی تەمەنەكەیەوە سەرۆكایەتی یەكەم دانیشتنی پەرلەمان دەكات تا ئەوكاتەی پەرلەمان دەستەی سەرۆكایەتی هەڵدەبژێرێت. لە بەرامبەردا گەنجترین پەرلەمانتاری خولی نوێ كاندیدێكی سەركەوتووی پارتی گەشەپێدانی توركمانییە كە ناوی (سارا دڵشاد ئەبوبەكر چاوشلی)ەو لەدایكبووی ساڵی 1992ەو بەهۆی كۆتای كەمینەكانەوە بە (194) دەنگ بووە بە ئەندامی پەرلەمان. پارتی خۆی گەنج كردوەتەوە پارتی دیموكراتی كوردستان كە پیرترین پارتی سیاسی هەرێمی كوردستانە و براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان بوو، لەم خولەی پەرلەماندا سەرباری ئەوەی خاوەنی بەتەمەنترین كاندیدی سەركەوتووە، بەڵام تاڕادەیەكیش خۆی گەنج كردوەتەوە و ناوەندی تەمەن لە لیستی پارتی لەنێوان (1951 بۆ 1991) دایە. (پێشەوا هەورامی) گەنجترین ئەندامی لیستی پارتییە كە لەدایكبووی ساڵی 1991ە، لە لیستی پارتی كاندیدێكی دەرچووی تر هەیە كە تەمەنی (28) ساڵەو لەدایكبووی ساڵی 1990 كە ئەویش (ئەرشەد حسێن محەمەد)ە. گەنجەكانی یەكێتی براوەبوون یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش كە یەكێكی ترە لە پارتە پیرەكانی هەرێمی كوردستان لەڕووی مێژووی دروستبونییەوە، لەم هەڵبژاردنەدا براوەی دووەم بوو. ناوەندی تەمەن لە لیستی یەكێتیدا لە نێوان (1956 بۆ 1990)دایەو سێ كاندیدی دەرچوو لەدایكبووی ساڵی 1990ن، ئەو كاندیدانەش بریتین لە هەریەكە لە (شنۆ عەشقی عەبدوڵا- هاوڕێ پەنا محەمەد- كاروان عەبدولڕەحمان عەبدوڵا). لە بەرامبەردا بەتەمەنترین كاندیدی دەرچووی لیستی یەكێتی بریتییە لە (جەمال حەوێز مستەفا) كە لەدایكبووی ساڵی 1956ە. گۆڕان و گەنج بزوتنەوەی گۆڕان كە ساڵی 2009 دروستبووەو گەنج پێكهاتەیەكی سەرەكییە تێیدا، لەم هەڵبژاردنەدا كەوتە دوای لیستەكانی ترو ناوەندی تەمەن لە لیستەكەیدا لەنێوان (1961 بۆ 1988)دایەو گەنجترین كاندیدی دەرچووە (شیرین ئەمین) هاوسەری رۆژنامەنوسی تیرۆركراو (كاوە گەرمیانی)یە كە لەدایكبووی ساڵی 1988ە. لە بەرامبەردا بەتەمەنترین كاندیدی دەرچووی لیستی گۆڕان (گوڵستان سەعید محەمەد)ە كە لەدایكبووی ساڵی 1961ەو بە كۆتای ژنان و بە (825) دەنگ سەركەوتووە بۆ پەرلەمانی كوردستان. نەوەی نوێ لیستی جوڵانەوەی نەوەی نوێ براوەی چوارەمی هەڵبژاردنە، ناوەندی تەمەن لەم لیستەدا لەنێوان (1974 بۆ 1991)ە. (سیپان ئامێدی) لەدایكبووی ساڵی 1991 گەنجترین كاندیدی دەرچووی جوڵانەوەی نەوەی نوێیە، لەبەرامبەردا بەتەمەنترین كاندیدی دەرچووی نەوەی نوێ بریتییە لە (مەم بورهان قانع)ە كە لەدایكبووی ساڵی 1974ە. كۆمەڵی ئیسلامی لە لیستی كۆمەڵی ئیسلامیش ناوەندی تەمەن لەنێوان (1970 بۆ 1989)دایە، لەم لیستە (روپاك ئەحمەد رەحمان) گەنجترین پەرلەمانتارە و لەدایكبووی ساڵی 1989یە. لەبەرامبەردا (عەبدولستار مەجید) بەتەمەنترین كاندیدی دەرچووی لیستی كۆمەڵە كە لەدایكبووی ساڵی 1970یە. یەكگرتوو پاشەكشێی كردووە لیستی یەكگرتووی ئیسلامی بەپێچەوانەی لیستەكانی ترەوە ناوەندی تەمەن تێیدا بەرزەو لەنێوان (1966 بۆ 1978)دایەو گەنجترین ئەندامی ئەم لیستە بۆ ئەم خولە (هەڵز ئەحمەد محەمەد)ە كە لەدایكبووی ساڵی 1978ە. لە بەرامبەردا بەتەمەنترین كاندیدی دەرچووی لیستەكەی یەكگرتوو بریتییە لە (ئیسماعیل عەلی تەها) كە لەدایكبووی ساڵی 1966ە.
( درەو میدیا): لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كە لە 30ی ئەیلولی 2018دا - ( 1845979 ) یەك ملیۆن و هەشت سەدو چل و پێنج هەزارو نۆسەد و حەفتاو نۆ كەس بەشداریان لە پرۆسەكەدا كردووە - رێژەی بەشداری ( 59%) لە سەداپەنجاو نۆ - دەنگی پوچەڵ ( 116383 ) سەدو شانزە هەزارو سێسەد و هەشتاو سێ - دەنگی بەتاڵ ( 42432 ) چل و دوو هەزارو چوارسەدو سی و دوو - دەنگی هەژمار نەكراو ( 119617 ) سەد و نۆزە هەزارو شەش سەدو حەڤدە - دەنگی درووست ( 1567547 ) یەك ملیۆن و پێنج سەدو شەست و حەوت هەزارو پێنج سەدو صل و حەوت - بەهای كورسیەك ( 15391 ) پانزە هەزارو سێسەد و نەوەد و یەك
(درەو میدیا): عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو لەگەڵ زۆربەی هێزە سیاسییەكان لەسەر ناوی نیوەی زیاتری وەزیرەكانی كابینەكەی گەیشتوەتە ڕێككەوتن و چاوەڕاندەكرێت پێش كۆتایی ئەم هەفتەیە لە دانیشتنێكی ڕەسمی پەرلەمانی عێراقدا پێشكەشی بكات" ئەمە قسەی بەرپرسێكی باڵای عێراقە كە بۆ ڕۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدیدی) قەتەری ئاشكراكردووە. ڕاشیگەیاندووە"ناوەكان كەسایەتی نوێیان تیادایە و بە ئەكادیمی و پسپۆر لەو وەزارتانە ئەژماردەكرێن كە بەڕێوەیان دەبەن." ئەو سەرچاوەیە جەختیشیكردوەتەوە "پشتیوانی ئەمریكا بۆ حكومەتەكەی عەبدولمەهدی مەرجدار دەبێت بەو بڕیارانەی لە ماوەی سێ مانگی یەكەمی حكومەتەكەیدا جێبەجێیاندەكات، بەدیاریكردنی پەیوەست بە دۆسییەی ئەمنیی و مامەڵەكردن لەگەڵ گروپە چەكدارەكانی لایەنگری ئێران و پاپەندبوون بە سزا ئەمریكییەكان لەسەر ئێران و هەروەها دۆسیەی سوریا و ئاستی پەیوەندی بە بەشار ئەسەد سەرۆكی ڕژێمی سوریا". عەبدولمەهدی گوێینەداوە بە فشارەكان هاوكات بەرپرسێكی ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە" پێدەچێت كۆتایی ئەم هەفتەیە وادەی پێشكەشكردنی كابینەی حكومەت بێت بە پەرلەمان، بە دەنگدانی پەرلەمانیش بە كابینەی حكومەت یان نیوەی كابینەكە كارەكانی حكومەتی نوێ دەستپێدەكەن و كۆتایی حكومەتەكەی عەبادییە". ئەو بەرپرسە عێراقیە پێشیوایە، لەگەڵ ناردنی ناوی وەزیرەكان بۆ سەركردە سیاسییەكان لەلایەن عەبدولمەهدییەوە كە پێدەچێت ئەمڕۆ ڕەوانەی بكات، ناوەكان دزەبكات و لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن بڵاوبێتەوە، جەختیشیكردوەتەوە" ئێرانێیەكان خۆشحاڵن بەوپێیەی ئەو حكومەتە تازەیەی بۆ چوارساڵی داهاتوو لە عێراق كارەكان ڕادەپەڕێنێت هیچ بەریەككەوتنێكی لەگەڵ تاران نابێت و ئەو هێزە سیاسییانەشی تاران پشتیوان دەكات لانی كەم 14 وەزارەتیان لە كۆی 22 وەزارەت بەدەستهێناوە، كە ئەوانیش هێزە شیعی و سوننە و كوردەكانی نزیك لە ئێرانن. وەزارەتە خزمەتگوزراییەكان یەكلاكراوەتەوە بە وتەی یەكێك لە نزیكەكانی عەبدولمەهدی كە قسەی بۆ ڕۆژنامە قەتەرییەكە كردووە، سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو، پرۆگرامی حكومەتەكەی تەواوكردووە و هیچ نەماوە جگە لە ڕێككەوتن لەسەر ناوەكان نەبێت، ئاشكراشیكردووە" هیچكام لە وەزارەتە سیادییەكان یەكلانەكراوەتەوە، ئەوەی ڕێككەوتنی لەسەر كراوە تەنها وەزارەتە خزمەتگوزراییەكانە، بۆیە سیناریۆی پێشكەشكردنی حكومەت بەشێوەیەكی ناتەواو بۆ پەرلەمان نزیكترینە". ڕونیشیكردوەتەوە" سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو ڕووبەڕووی فشاری گەورە بوەتەوە، بەتایبەت لەلایەن هێزە سوننیەكانەوە لە پێناوی قبوڵكردنی پەرلەمانتار و وەزیرەكانی پێشوو بە وەزیر لە كابینەی حكومەتەكەی. سەرچاوەكە جەختیشیكردوەتەوە"عەبدولمەهدی سەرجەم فشارەكانی ڕەتكردوەتەوە و بڕیاریداوە بەردەوامبێت لە پێكهێنانی ئەو حكومەتەی كە خۆی قەناعەتی پێیەتی". بەپێی ئەو زانیارییانەی میدیا عێراقییەكان لەبارەی ڕێككەوتنی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو لەگەڵ زۆرینەی كوتلە سیاسییەكان ئەنجامیداوە، حكومەتی داهاتوو لە 22 وەزارەت پێكدێت و داواشكراوە وەزارەتەكانی (كاروباری ژنان و گەشتوگوزار و شوێنەوار یان ژینگە)بگەڕێندرێنەوە. پێكهاتەی شیعە 12 وەزارەتی بەركەتووە بەمشێوەیە: • وەزارەتەكانی هاوپەیمانی سائیرون ( دەرەوە و نەوت وكارەبا). • وەزارەتەكانی هاوپەیمانی فەتح (ناوخۆ و گواستنەوە و خوێندنی باڵا و وەرزش و لاوان). • وەزارەتەكانی دەوڵەتی یاسا( پەروەردە و تەندروستی). • ئەوانەی كشاونەتەوە لە ئیئتیلافی نەسر ( ئاوەدانكردنەوە). پێكهاتەی سوننەكانیش 6 وەزارەتیان بەركەوتووە بەمشێوەیە: • وەزارەتەكانی سوننە( بەرگریی و كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و كشتوكاڵ و پیشەسازی و پلاندانان). پێكهاتەی كورد 3 وەزارەتی بەركەوتووە بەمشێوەیە: • وەزارەتەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان(دارایی و كۆچ و كۆچبەران ). • وەزارەتەكەی یەكێتی ( داد). • وەزارەتی (ڕۆشنبیری) لە نێوان پێكهاتەی توركمان و كریستیانەكان یەكلادەكرێتەوە.
(درەو میدیا): كاندیدێكی دەرچووی پارتی دیموكراتی كوردستان بەتەمەنترین ئەندامی خولی نوێی پەرلەمانی كوردستانەو بەپێی یاسا ئەم پەرلەمانتارە سەرۆكایەتی یەكەم دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان دەكات. ئەو كاندیدە ناوی (رێڤنگ محەمەد محەمەد عەلی)یەو لەدایكبووی قەزای ئامێدی سەربە پارێزگای دهۆكە. سەرۆكی یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی نوێی كوردستان لەدایكبونی (7/1/1951)ەو بە (13 هەزارو 312) دەنگ سەركەوتووە بۆ پەرلەمان. رێڤنگ محەمەد كە بە "رێڤنگ هروری"ناسراوە، خاوەنی بڕوانامەی بەكالۆریۆسە لە هونەردا.
(درەو میدیا): دوای كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بریاری دا" لەم خولەدا بەشداری كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم ناكات و وەك ئۆپۆزسیۆن درێژە دەدات بە خەباتی سیاسی و پەرلەمانی خۆی". وەكو خۆی دەڵێ، یەكگرتوو دەیەوێت" ئەو هەنگاوە بكاتە وێستگەیەك و دەرفەتێك بۆ ئەنجامدانی پرۆسەیەكی بەخۆداچوونەوەی ریشەیی و دەستنیشانكردنی خاڵە لاوازەكان و هۆكارەكانی كەمبوونەوەی دەنگەكان و ئەنجامدانی چاكسازی و گۆڕانكاری ناوخۆیی بەمەبەستی خۆنوێكردنەوەو هەڵسانەوە و تێپەراندنی ئەم قۆناغە نەخوازراوە". دەقی بەلاغی كۆتایی كۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان: بسم الله الرحمن الرحیم ئەمرۆ دووشەممە بەرواری 22/10/2018 ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كۆبۆوونەوەیەكی نائاسایی سازكرد بۆ تاوتوێكردنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان و چۆنیەتی هەڵوێست وەرگرتن لەو بارەیەوە .. سەرەتا كۆبوونەوە هەڵوەستەی جدی كرد لەسەر ئەوپێشێلكاری و ساختەكاریانەی كە هەردوولایەنی دەسەڵات لە پرۆسەكەدا كردوویانە بە مەبەستی گۆڕینی رێژەی دەنگەكان لە بەرژەوەندی خۆیان ، كۆبوونەوە جارێكی تر تەئكیدی كردەوە لەسەر رەتكردنەوەی ئەنجامەكان و گرتنە بەری رێكاری یاسایی پێویست لەو پێناوەدا .. لەتەوەریەكی تردا كۆبوونەوە بژاردەكانی بەردەم یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و چۆنیەتی هەڵوێست وەرگرتن لەو بارەیەوە خستە بەرباس و گفتوگۆكردن .. لەوبارەیەوە ئەنجومەنی سەركردایەتی دوای تاوتیًكردنی ئەنجامی راپرسی كادیران و ئۆرگانەكانی حزب، بریاری دا بەوەی كە یەكگرتوو لەم خولەدا بەشداری كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم ناكات و وەك ئۆپۆزسیۆن درێژە دەدات بە خەباتی سیاسی و پەرلەمانی خۆی لە پێناو بەشداربوونی كارا لە پرۆسەی چاكسازی راستەقینە و دژایەتی كردنی گەندەڵی و دەستەبەركردنی دادپەرەوەری بۆ سەرجەم هاوڵاتیان و چین و توێژەكانی گەلەكەمان .. لەكۆتاییدا ئەنجومەنی سەركردایەتی سوپاس و دەستخۆشی خۆی ئاراستەی سەرجەم ئەندام و لایەنگر و ئۆگانەكانی حیزب كردوو وهەوڵ و ماندووبوونیانی بۆ سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن بەرزنرخاند و بەڵێنی دا كە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتی حیزب كە بریارە لەم رۆژانە سازبكرێت ، بكاتە وێستگەیەك و دەرفەتێك بۆ ئەنجامدانی پرۆسەیەكی بەخۆداچوونەوەی ریشەیی و دەستنیشانكردنی خاڵە لاوازەكان و هۆكارەكانی كەم بوونەوەی دەنگەكان و ئەنجامدانی چاكسازی و گۆڕانكاری ناوخۆیی بە مەبەستی خۆ نوێكردنەوە و هەڵسانەوە و تێپەراندنی ئەم قۆناغە نەخوازراوە.. جارێكی تر سەرفرازی و سەربەرزی بۆ تێكڕای ئەندامان و لایەنگرانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە خوای گەورە داواكارین .. ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتوو 22/10/2018
( درەو میدیا): لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كە لە 30ی ئەیلولی 2018 بەهای كورسیەكی پەرلەمانی كوردستان دیاری كراوە، لەو پرۆسەیەدا كە 100 كورسی گشتی و 5 كورسی توركمان و 5 كورسی مەسیحی و 1 كورسی ئەرمەنە، كۆی گشتی دەنگی درووست لە دەنگادنی گشتی (1,567,547) یەك ملیۆن و پێنج سەدو شەست و حەوت هەزارو پێنج سەدو چل و حەوت دەنگە بەو پێیەش - بەهای كورسیەكی گشتی ( 15,391 ) پانزە هەزارو سێسەد و نەوەد و یەك دەنگە - بەهای كورسیەك بۆ پێكهاتەی توركمان ( 2,290 ) دوو هەزارو دوسەد و نەوەد دەنگە - بەهای كورسیەك بۆ پێكهاتەی كرستیان ( 2,805) دوو هەزارو هەست سەدو پێنج دەنگە. - كەمترین دەنگ لە لیستی دەرچووی پێكهاتەی توركمان ( 885 ) دەنگە كە لیستی لیستی میللەتە، - كەمترین دەنگی دەرچووی لیستی مەسیحی لیستی رافیدەینە كە ( 2626 ) دەنگ كورسیەكی مسۆگەر كردووە - لە پێكهاتەی ئەرمەن كاندیدی دەرچوو ( 615 ) دەنگی بەدەستهێناوە.
