Draw Media

■ ‎بەیان ئیبراهیم ‎جیهان لەبەردەم گۆڕانکاری گەورەدایە ، ئەگەرهێلەک زەردەکان سەرەتای دەرکەوتنی وریاکردنەوەی ئەم گۆڕانکاریە بێت ئەوا دەکرێت بڵیین ئەی ئێمە دەکەوینە کوێ ی ئەم گۆڕانکاریانەوە ، یان بە مانا جێندەریەکەی ژنانی باشور چی وانەیەک لە ژنانی وەک (بریسیلیا لۆدۆکسی) وەردەگرن کە بە ڕابەری شۆڕشی هێلەک زەردەکان ناسرا . ‎ئەگەر نەزمی نوێ ی جیهان ئەوەی پێ ی دەوترێ سیستەمی سەرمایەداری و دیموکراسی و لیبڕاڵی دوا دەرهاویشتەی بیری مرۆڤ بێت بۆ ئاستی بەڕێوەبردن و جۆرێک لە دادی کۆمەڵایەتی و ڕۆژئاواییەکان بەردەوام ڕۆژهەڵاتیەکانیان بە لاسای کەرەوەی خۆیان زانیبێت و لێرەش جۆرێک لە هاوردەی بیری ڕۆژئاوا هەبوبێت وەک نەزمی باشیترین سیستەم ، ئەوا دەکرێت بڵێین ئەمڕۆی هێلەک زەردەکان لە فەرەنساوە بۆ بەلیجیکا و بۆ هۆڵەندا و دەکرێت زۆرێک لە وڵاتانی تریش بگرێتەوە چی نامەیەک بە سیستەمی نوێ جیهان دەگەیەنێت ، ئایا دیموکراسی و لیبڕاڵی دوا قۆناغی مێژوە ( فۆگۆ یاما ) . ‎خۆ ئەگەر سیستەمی سەرمایەداری لە کورتریتن پێناسەدا بریتی بێت لە بازاڕی ئازاد و هەڵبژاردن و مافی تاک ، ئەوا ئەوەی لەسەر ئاستی بەریەککەوتنی وڵاتە گەورەکان ڕو دەدات چی دەگوزورێنێ ، هەر لە بەریەککەوتنی چین و ئەمریکا و ڕوس و ئەمریکا و ئێران و ئەمریکا و کۆریای باکور و ئەمریکا و هاوپەیمانێەتی ئەروپا و ئەمریکا و جیابونەوەی بەریتانیا و بچوکتر دروستکردنی ناتۆی عەرەبی ، هەمو ئەمانە چی کاریگەریەکیان لەسەر تاک دەبێت بۆ ژیانێکی ئاسایی کە بە پێ ی مافی مرۆڤ هەمو بەشەرێک مافی ژیانێکی ئاسایی هەیە ، کە ئەم مافانە دەرهاویشتەی سیستەمی ئەم وڵاتانەن کە ئێستە هێلەک زەردەکان ڕژاونەتە سەر شەقامەکانی وڵاتانی دەهۆڵ ژەنی دیموکراسی و مافی مرۆڤ . ‎ئەگەر ژنێک بوبێتە سەرەتایەک لە دوکانێکی بچوکی ئارایشتەوە داوایەک ئاراستەی خەڵک بکات و لە ماوەی یەک هەفتەدا ببێت بە ٤٠ هەزار کەس و دواتر بەرەو ١٣٠ کەس و دواتر بچێتە شەقامەکانی هۆڵەندا و بەلجیکا و پێ بچێت زۆرێکی تریش بگرێتەوە ، تەنها لەبەرامبەر زیادکردنی نرخی سوتەمەنی ، ژنێک و ژنانێک توانیبێتیان ڕۆڵی سەرەکی بگێڕن ، ئایا ئەمەش نابێتە ئەوەی کە ژن جارێکی تر دەیسەلمێنێ کە دەتوانێت شۆڕش بەرپا بکات ، دەپرسین ئایا لای خۆمان ژینگەی کۆمەڵایەتی و ژن خۆی دەتوانێت چەند (بریسیلیا) بەرهەم بهێنێت ، کە دەکرێت بەرواردێکی هێجگار گەورە هەبێت لە نێوان ژنانی باشور و ژنانی باکور و ڕۆژئاوا ، کە بەداخەوە ژنان لە باشور نەک دەتوانن بەرهەمهێنی ژنانێکی وەک (بریسیلیا) بن ، بەڵکو بونتە بارگرانی بەسەر کۆی مافە جێندەرەکان و ناتوانن ڕوبەڕوی کلتور و ئەو ژینگەیە ببنەوە ، کە بەرەو وێران بونی مافی ڕەگەزی و مرۆڤ بونی و هیومانستی خۆیان دەچن ، خۆ ئەگەر لە فەرەنسا و بەلجیکا و هۆڵەندا ڕێکخراوەکانی ژنان و ئەو ژنانەی کە لە ڕێکخراوەکانی تردان و هێلەکی زەردیان پۆشیوە بوبێتنە بەشێکی گەورە ، ئایا ژنانی باشور بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان کە نەک سوتەمەنی بەڵکو کوشتنی ژنانی و ناچارکردنی ژنان بە خۆ کوشتن و خۆ خنکاندن تا چەندێ دەتوانێت کە کۆڕایەک لەسەر پۆشینی هێلەکێکی سور بکات (وەک نیشانەیەک بۆ کوشتنی ژنان) نەک سوتەمەنی ، کوشتنی ژنان و ناچارکردنی ژنان بە خۆ کوشتن دەبو ئێستە ببوایەتە شۆڕشێک بۆ پۆشینی هێلەکی سور لە بری زەرد لە پێناو بەخشینەوەی ژیان بە ژنان دواتر بۆ نرخی کاڵا و پێداویستیەکان . ‎باشور تەواو جیاوز لە باکور و ڕۆژئاوا ، کە دەکرێت بڵێین ئەو شۆڕشەی کە دەکرێت لە باکور و ڕۆژئاوا (ژنانی هەپەدە و شەرەڤانانی ژن ) گەر گەورەتر نەبن لە شۆڕشی هێلەک زەردەکان ئەوا کەمتر نین ، هەمومان ئەوەمان لە بیرە کە داعش هەڕەشە بو بۆ سەر جیهان چۆن شاشەکانی ئەوانەی هێلەکی زەردیان پۆشیوە لەگەڵ لاپەڕەی یەکەمی گۆڤار و ڕۆژنامەکان و تی ڤی دەبونە وێنەی شەرەڤانانی ژن (یەپەژە) ، بۆیە گەر پێمان وابێت هێلەک زەردەکان سەرەتای دەرکەوتنی شۆڕشێکی تر و ڕەخنەیەکی توندە بۆ سیستەمی سەرمایەداری و دیموکراسی کە ژنێک سەرەتای دەرکەوتنی بوە ، کورتر خەباتی ژنانی باکور و ڕۆژئاوا  بەروارد بکەین بە ژنانی باشور ئەوا دەبێت بڵێین دەکەوینە کۆێ ی ئەم هاوکێشەیەوە ، کە ژن دەکوژرێت و بەردەوامی هەیە و ڕێکخراوەکانی ژنانیش زیاتر و قەبە تر دەبن .


■ د. یاسین سەردەشتی ئاڵۆزیی په‌ره‌سه‌ندنی هاوكێشه‌ سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه‌ زۆربه‌ی سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كانی گه‌یاندۆته‌ ئه‌و واقیعه‌ی بۆ بردنه‌پێشه‌وه‌ی ئه‌جێنداكانیان په‌یوه‌ندییان به‌ هێزه‌ ده‌ره‌كییه‌ هه‌رێمیی و جیهانییه‌‌‌ كاریگه‌ره‌كانه‌وه‌ هه‌بێ، لێره‌شه‌وه‌ ئه‌وانه‌ ته‌نیا له‌به‌رده‌م یه‌ك تاڵه‌مو له‌نیوان نه‌ته‌وه‌په‌روه‌ریی و خیانه‌تكارییدا خۆیان بینیوه‌ته‌وه‌، چونكه‌ هه‌ركات ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ به‌ئامانج و قازانجی بردنه‌ پێشه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی گشتیی بووبێ به‌ره‌و دۆخی یه‌كه‌م و ئه‌گه‌ر بۆ به‌رژه‌وه‌ندی و هه‌ژمونی تایبه‌ت و شه‌خسیی و تاقمخوازیی خۆی بێ به‌ره‌و دۆخی دووه‌می بردووه‌. هه‌ربۆیه‌ بابه‌تێكی هه‌ره‌ ئاڵۆزو جێی مشتومڕی مێژوو, پێگه‌ی ئه‌و سه‌ركردانه‌یه‌ له‌نێوان قاره‌مانێتیی و خیانه‌تدا! ‌‌روونكردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ش ئه‌ركی هه‌ره‌ قورسی مێژوونووسه‌ كه‌ دوای بڕیاردان و سه‌لماندنیشی نابێته‌ حه‌قیقه‌تی ره‌ها و برواپێكراو له‌لایه‌ن هۆگرانی ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌! بۆنمونه‌ چ مێژوونوسێك ده‌توانێت ‌وا له‌شاپه‌رستیك یان به‌عسییه‌ك یان نازییه‌ك بكات بڕوا به‌وه‌ بێنن كه‌ ره‌زاشا و سه‌دام و هێتله‌ر قاره‌مان نه‌بوون و به‌ ناوی نه‌ته‌وه‌و نیشتیمانپه‌روه‌رییه‌وه‌‌ بۆ مانه‌وه‌و به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان هه‌ڵسوڕاون؟!!!  ئه‌وه‌ش پێمان ده‌ڵێت، بۆچی سه‌ركرده‌ هاوشێوه‌كانی ئه‌وانه,‌ باكیان به‌ حوكمی مێژوو نییه‌!! به‌ڵام سێ بنه‌ما زۆر گرنگن بۆ جیاكردنه‌وه‌ی خائینی نیشتیمانیی له‌قاره‌مانی میللیی كه: دكتاتۆریی و گه‌نده‌ڵیی و نادادپه‌روه‌ریی یه! سه‌ركرده‌ دكتاتۆرو گه‌نده‌ڵ و خوێنڕێژه‌ سته‌مكاره‌كان هه‌رگیز نابنه‌ قاره‌مان و دواجاریش نه‌ته‌وه‌ تووشی تێكشكان و داڕزان و وڵات و نیشتیمان تووشی قه‌یران و داڕوخان ده‌كه‌ن.


■  د. ئیسماعیل نامیق دیموکراسى لەسادەترین وکورتترین مانایدا، واتە رێزگرتن لەکاتى هەڵبژاردن لەهەمو ئاست وشوێن وبوارەکاندا، وە پابەندبون بەدەرەنجامەکانیەوەو کارپێکردنى، لەپاڵ ئەوەدا پێویستە رێز لەمافەکانى مرۆڤـ بگیرێت و رێگەش لەئازادیە گشتیەکان نەگیرێت، هەروەها پابەندێتى تەواو بەدەستور ویاسا کارپێکراوەکانەوە، ئەوەش بەو کەسانە دەکرێت کە لەناخى خۆیاندا باوەڕیان بەدیموکراسى هەیە، واتە دیموکراسى پێویستى بەخەڵکى دیموکرات هەیە، ئەگەر کەسێک لەناخى خۆیدا باوەڕى بەدیموکراسى نەبێت، ئەستەمە بتوانێت قەناعەت بەخەڵک بکات کەئەو دیموکراسى دەچەسپێنێ، ئەو بانگەشانەش کە لەوبوارەدا دەیانکات دەچنە خانەى دوڕویى وهەڵخەڵەتاندنەوە، چونکە دیموکراسى بەکەسێک ناچەسپێ کە خۆى دیموکراتیخواز نەبێت، بۆیە سەرەنجام رەوڕەوەى حوکمڕانى بەرەو دواوە دەگەڕێتەوە وکەسى خۆکردوش بەدیموکراتیخواز شکست دەخوات.  لەهەرێمى کوردستاندا نادیموکراتەکان خاوەن دەسەڵات وبڕیارن، ئەوان سەرگوزەشتەى دیموکراسى بۆ خەڵک دەخوێننەوەو، وانەى مافى مرۆڤـ ودەستورو یاسا فێرى هەموان دەکەن، وە لەبەر ئەوەى بەفریودان وترساندن یان بەتەزویرکردن رێگە بەخەڵک نادەن گوزارشت لەویستى راستەقینەى خۆى بکات، بۆیە ناتوانرێت چاودێریەکى راستەقینە لەسەر ئەم نادیموکراتانە بکرێت، سەرەنجام هەرخۆیان بەپارێزەرى دیموکراسى ئەمێننەوە. ئەم مرۆڤە نادیموکراتانە هەروەکو چۆن لەناو دەسەڵاتى گشتى وپلەکانى سەرەوەى کایەى حوکمڕانیدا جێ پێى خۆیان قایمکردوە، بەهەمان شێوە لەناو زۆربەى حیزبەکان ورێکخراو وکۆمەڵەکانیشدا هەڵسوڕێنەر وخاوەن بڕیارن. لەسەردەمى نادیموکراتەکاندا، خوێندەوارەکان قسەى باش ئەکەن، بەڵام نەخوێندەوارەکان کارى خراپ، نەخوێندەوارەکان خاوەن دەسەڵات وخاوەن بڕیارن، بەڵام خوێندەوارەکان رۆڵى پاسەوان وشاگرد دەگێڕن. لەزەمەنى نادیموکراتەکاندا نەخوێندەوارەکان دەبنە مامۆستاى دیموکراسى وخوێندەوارەکانیش چاملوسى دنیا ئەکەن تا بکرێنە گوێگرى ئامۆژگارى نەخوێندەوارەکان وجانتا هەڵگریان. لەژێر قەڵەمڕەوەى نادیموکراتەکاندا هەموو شتێک مومکینە، خوێندەوار نەخوێندەوارە، نەخوێندەوار خوێندەوارە، دەسەڵاتدار بێدەسەڵاتە، بێدەسەڵات دەسەڵاتدارە، مامۆستا خوێندکارە، خوێندکار مامۆستایە، تاوانبار دادوەرە، دادوەر تاوانبارە، پزیشک نەخۆشە، نەخۆش پزیشکە، هەژار دەوڵەمەندە، دەوڵەمەند هەژارە، زانا نەزانە، نەزان زانایە. بەکورتى لەسەردەمى نادیموکراتەکاندا ولەژێر قەڵەمڕەوەى ئەواندا نابێت باسى مەعقول و مەنتیق بکرێت، چونکە پێویستە هەموو شتێک بەویستى ئەوان بێت. جا لەزەمەنى نادیموکراتەکاندا چاوەڕێکردن وبەتەمابوونى دیموکراسى خۆخەریکردن، بگرە خۆ هەڵخەڵەتاندنە، چونکە رێگەى گەیشتن بەدیموکراسى بەوێستگەى لادان وکەنارگیرکردنى نادیموکراتەکاندا تێپەڕ دەبێت، تا ئەو وێستگەیە نەبڕدرێت، مەحاڵە دیموکراسى بچەسپێ.


■ مەسعود حەیدەر لە مێژووی نوێی کورد لە دەوڵەتی عێراقی جمھوری، گەلی کورد بە چەند قۆناغێکی مێژوویی تێپەریوە کە دەبێت بیکەینە ھاندەر بۆ بونیادنانی کوردستانێکی بەھێز، لە چەند خاڵێک کورتی دەکەینەوە؛ ١- پشتیوانی شۆڕشی ١٤ تەموز و پاشان لە دوای سێ ساڵ ھەڵگیرسانی شەڕ ٢- لە ساڵی ١٩٦١ ھەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلول ٣- لە ساڵی ١٩٧٠ رێکەوتنی ١١ی ئازار ٤- لە ساڵی ١٩٧٤ نسکۆی شۆڕش ٥- لە ساڵی ١٩٧٦ ھەڵگیرسانەوەی شۆرش ( شۆرشی گوڵان و شۆرشی نوێ) ٦- ساڵی ١٩٨٧ و ١٩٨٨ ئەنفال و کیمیابارانی کورد ٧- لەساڵی ١٩٨٩ دروستکردنی بەرەی کوردستانی ٨- لە ساڵی ١٩٩١راپەرینە مەزنەکەی کورد ٩- لە ساڵی ١٩٩٢ دروستکردنی پەرلەمان و حکومەتی ھەرێمی کوردستان. لە ساڵی ١٩٩٢ ھەرێمی کوردستان بە قۆناغی ھەستیاری جیاوازدا تێپەریوە تا ساڵی ٢٠٠٣ و روخانی رژێمی بەعس و بوژانەوەی بەرچاوی ھەرێمی کوردستان. قۆناغی حوکمڕانی بەرێز نێچیرڤان بەرزانی دەکرێ دابەشی بکەین بەسەر دوو قۆناغ: ١- قۆناغی بونیادنان و ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی ھەرێمی کوردستان تا ئەو رادەی کە کۆچی پێچەوانە دەستی پێکردەوە لە ھەندەرانەوە بۆ کوردستان وە قۆناغێکی زێڕینە لە مێژووی ھەرێمی کوردستان کە تێیدا ھەرێم چووە سەر نەخشەی وزەی جیھان. ٢ قۆناغی بەرگری و پاراستنی کیانی فیدرالی ھەرێمی کوردستان. لەم قۆناغە ئابلۆقەی دارایی خرایە سەر ھەرێم و شەڕی داعش و ھەبوونی دوو ملیۆن ئاوارە کە زیاتر بوو لە ٣٠٪‏ دانیشتوانی ھەرێم و پاش ١٦ ئۆکتۆبەر پەلاماردانی سەربازی و ھەوڵی ھێنانی سوپاو حەشد بۆ گشت کوردستان و سەپاندنی ئابلۆقەی دارایی و سیاسی و دیبلۆماسی لەسەر ھەرێم. لەلایەک بە گیانفیدایی و خۆڕاگری پێشمەرگەو فەرماندەیی گشتی ھێزە چەکدارەکان پەلاماری سەربازی تێکشێکنرا. بۆ یەکەم جارە بە سیاسەتی ھێزی نەرم (القوە الناعمە) ئابلۆقەی ئابوری و سیاسی و دیبلۆماسی سەر ھەرێم لەلایەن سەرۆکی حکومەتی ھەرێم و بە سەرپەرشتی جەنابی بارزانی مەرجع تێکشکێنرا و ھەرێمی کوردستان لە ئارامی سیاسی گیرسایەوە. دەبێ ئاماژە بە رۆلی ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێم و دەزگاکانی تر بکەین بۆ زامنکردنی سەقامگیری و ئارامی لە ھەرێم کە ئەرکی زۆر گەورەیان ئەنجامداوە.  بەرەچاوکردنی ئەو خالانەی سەرەوە، پێویستە ئاماژەش بەوە بکەین کە ئەزمونەکەمان بێ کەموکوری نییەو پێویستە بنەماکانی دەوڵەت و حوکمڕانی مۆسسات بچەسپێنین و بەھێزی بکەین، بۆ ئەمەش ئێستا بارودۆخی ھەرێمی کوردستان لە ھەر کاتێک گونجاوترە، ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان واقعی سیاسی نوێی ھێناوەتە کایەوە کە دەبێتە مایەی سەقامگیری سیاسی. سەقامگیری سیاسی و ئەمنی لە ھەرێم دوو فاکتەری گرنگن بۆ حکومەتێکی بەھێز و دەستکراوە بۆ چەسپاندن و بەھێزبوونی کاری مۆسسات. حکومەتی داھاتووی ھەرێم درێژەپێدەرو تەواوکاری حکومەتی ئێستای ھەرێمە بە دیدگای نوێ کە سەرۆکی حکومەتی راسپێردراو بەرێز مەسرور بارزانی ھەیەتی بۆ پەرەپێدانی ئابوری و سەروەری یاسا لە کوردستانێکی بەھێز کە لێخۆشنەبوون لە گەندەڵی (#Zero_tolarance_corruption) یەکێک لە ئامانجە سەرەکێکان دەبێت.  ئەرکی نیشتمانی ھەر دوو حزبە بەشداربۆکەی حکومەتە ( یەکێتی و گۆران) کە یەکلابن لە پشتیوانی ھەموو ھەنگاوەکانی حکومەتی ھەرێم کە پارتی دیموکراتی کوردستان سەرۆکایەتی دەکات و پابەند بن بە کارنامەی حکومەتەوە بۆ زامنکردنی سەقامگیری و باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەلکی ھەرێم، ھەروەھا ئەرکی نیشتمانی حزبەکانی ئۆپۆزسیۆنیشە کە بەرپرسانەو بونیادنەرانە رەخنەو پرۆژەکانیان ئاراستەی حکومەت و پەرلەمان بکەن. سیاسەتی دێوەزمەکردن و شەیتانکردنی بەرانبەر و زمانی زبر خزمەت بە کۆمەڵگای کوردی پرۆسەی سیاسی ھەرێم ناکات. لە چوارساڵی داھاتوو ھەموو تێروانینەکان بە ئاراستەی حکومەتێکی بەھێزو کوردستانێکی بەھێزە، ئەوەش بە ھەوڵ و تێکۆشانی ھەموو لایەنەکان و خەڵکی خۆڕاگری کوردستان دەبێت.  


■ لاوك سڵاح  ساڵی "١٩٨٨"ە لە پۆلی چواری زانکۆی موستەنسرییەم لە بەغدا، دونیا ئالۆزە، شەری هەشت ساڵەی جەنگی عێراق و ئێران وردە وردە پێ دەنێتە کۆتاییە سەرکێشەییەکانییەوە، سوپای عێراق لە باکوور، لە هەڵەبجە شکستی هێناوە و لە باشوور توانای گرتنەوەی "فاو"ی نییە، سوپای عێراق هەرچەند دەکات توانای بەرەنگاربوونەوە و دژە هێرشی نەماوە، سوپایەکی شەکەت و ئیدارەیەکی بێ ورە و میللەتێک رووخساری جەنگ بە تەواوی بە رەفتاری کۆمەڵایەتی و دۆخی ئابووری و بەها مرۆڤایەتییەکانیشیەوە دیارە. لەو دۆخەدا بەنهێنی لەگەڵ هەندێ برادەردا هەندێ کۆمەکی بچووکمان بۆ هاورێ هەڵەبجەییەکانمان کۆدەکردەوە، ئەوان نەوەک یارمەتی کەس و کاریان پێنەدەگەیشت بەڵکو نەیاندەزانی کەس وکاریان زیندون یان قوربانی و شەهیدن. هەڵەبجە لەو کاتەوە بووە شوناس. لە پەلامەردانەکەی دوو تاوەرەکەی ئەمەریکا لە ساڵی ٢٠٠١، زۆربەی ئەمەریکییەکان دەمارگیربوون، بەرامبەر شوناسی ئەمەریکی خۆیان گرژ دەبوونەوە و کوێر دەبوون، زۆریان پارەیان بە رێکخراوە خێرخوازییەکان دەدا بۆ یارمەتیدانی لێقوماوەکان، کاری خۆبەخشییان دەکرد بۆ ئەوەی شەقامەکان پاک بکەنەوە، کە رەنگە هەر ئەو ئەمەریکاییانە دونیایەک رەخنەیان لە سیاسیەتی ئەمریکا هەبوو بێت بەڵام لەبەردەم ماڵەکانیاندا ئاڵای ئەمەریکایان دەچەقاند. بێگومان ئەوە کارێکی تەواو عاتیفانەیە، ئێمەش باس لە زۆرینەی خەڵک دەکەین کە بەو شێوازە بیردەکەنەوە . کارەساتی دوو تاوەرەکە بووە شوناسێکی نوێی ئەمەریکییەکان. بریتانییەکان لە مردنی دیانادا، خەمی کۆچی ئەو کۆی کردنەوە و پرسەکەی بووە بۆنەیەکی نیشتمانی. کۆچی ئەو هەموو دامەزراوە رەسیمییە گشتییەکان و رێکخراوە ناحکومییەکانی کۆمەڵگەی لە خەمدا کۆکردەوە، دیانا بووە شوناسی بریتانییەکان. لە ئێستادا بیر لەو راستییە دەکەمەوە بۆ کە چرکەساتی خۆی دەهات، چرکەساتی چارەنووساز، بۆ لە رووداوە چارەنووسازەکاندا وەک خەڵک نەوەک پارتی سیاسی هەموو هەڵەبجەیی و گەرمیانی بووین، هەموو ئەمەریکی بووین، هەموو بریتانی بووین، بیر لە چرکەساتی رووداو بکەرەوە، نەوەک بیرکردنەوەی پاش رووداو، بەو مانایەی مرۆڤ هەندێ جار گوێ ناداتە ئەوەی ساتی بڕیاردانی شیاوە یان گونجاوە ئەوەندە بیر لەوە دەکاتەوە کە بڵێ ئەمە منم. هەندێ جار زۆر لە حیکمەتت دەدۆرێنیت هەر بۆ ئەوەی هەناسەیەکی کورت بدەیت. لە کۆرەوەکەدا هەموو یەک نەتەوە و یەک میللەت بووین؟ کە بەر لەوە، لە یەک دوو دۆڵدا، هەندێکمان یەکێتی و هەندێکمان شیوعی وهەندێکمان پاسۆک و هەندێکمان پارتی بووین؟ ئایا ئێمە کۆمەڵگەیەکین دابەشبووینەتە چەند گروپێک کە لە ناوەوە کۆمەڵێک تۆڕی پەیوەندی شاراوەیی خێڵ بەیەکەوەی گرێداوە و لە دەرەوە بە تەکنەلۆجیا خۆی دادەپۆشێت یان ئێمە هەر حەزمان لە تەکەتولی خۆرسکانەیە؟ تا چەند ئەو دۆڵانەی ئەوسا کە خۆمان تیایدا حەشاردەدا جیاوازە لە دۆڵە تەکنەلۆجیاکانی ئیستا لە ناو ماسنجەر و ڤایبەر. لە نێوان هەردووکیاندا شوناس چۆن دەناسرێتەوە، ئایا دیارە؟ ئەگەر کۆرەوێکی تر رووبداتەوە، ئەم جارە چۆن رەفتار دەکەین؟، دڵنیام زۆرتان بەرلەوەی بڵێن یەک هەڵوێست دەبین، ئەو خۆنەویستنەی جاران دەبێتە جێگای مشتومڕتان، ئایا لەو بڕوایەدانین کە ئێستا خۆویستی " ئەنانیەتی" سیاسی بنەمای گروپ گروپێنەی سیاسی ئەم چرکەساتەیە، ریفراندۆم زەقترین نموونە. لە نێوان هەڵەبجە و ریفراندۆمدا چەندان دوڵ و نشێو و زەمەنی سیاسی و هەڵبەزین و دابەزینی بەها سیاسییەکان هەن، بەداخەوە، تێگەیشتنەکانمان بەندە بەوەی سەر بەچ گروپێکی سیاسیین یان بەرژەوەندییە خۆویستە سیاسییەکانمان سەر بە چ جوگرافیایەکە! من لەو بڕوایەدام گروپ گروپێنە پرسێکی وجودیانەیە بەر لەوەی سیاسی بێت، لانی کەم لە سەرەتادا، لەبەرئەوەی زەمەنێکت دەوێت تا لە رووی سیاسییەوە کامڵ بیت و گەمە سیاسییەکان و بوونی خۆت لە نێوانیاندا بناسیتەوە. ئایا مرۆڤ بە سروشتی خۆرسکی خۆی دەچێتە پاڵ ئەو کەسانەی کە شوناس و باکگراوند و پاشخان و خوێن و هەمان رووداو و کیمیا کۆیان دەکاتەوە، ئایا دەچێتە پاڵ ئەوانەی لە خۆی دەکەن بۆ ئەوەی خۆی لە هەرەشەکانی دەرەوە بپارێزێت؟ بۆ مرۆڤ پێویستی بەوەیە ببێتە ئەندام لە گروپێكدا؟ چی بۆ زیاد دەکات؟ بەداخەوە، رەنگە کاتی هەڵبژاردن بۆ چوونە ناو گروپێکەوە زۆر جیاواز بێت لە کاتی هاتنە دەرەوە لێی، هەندێ جار کەسەکە خۆی ناناسێتەوە، رەنگە بەرەکان و گروپەکانیش زۆر کات گوزارشت لە خۆیان نەکەن. رەنگە بەسەلامەتی نەیەیتە دەرەوە کە زۆر جار ئەوە حەقیقەتەکەیە. گروپێنکردن ئەوەندەی رووخسارت دەشێوێنێت ئەوەندە ئەو بەهایانایەی کە رۆژگارێک بڕوات پێبوون نایەنە دی و لە هەر وێستگەیەکیشدا چەندان کەس یان دادەبەزن، یان ون دەبن یان ون دەکرێن تا دەگاتە ئەو ئاستەی کە ئیتر ئەندامەکانی گروپکە یەکتر ناناسنەوە، حزبی بەعس وەک نموونە. ئەمانە وروژاندنی کۆمەڵە پرسیارێکی سەرەتایی بوون کە پەیوەستن بە وجود و شوناس وگروپی سیاسی و ساتە زیندووەکانی بڕیاردان.


■  كورتوڵوش تاییز- رۆژنامەی ئەكشام - و. نامیق رەسوڵ  لە راستیدا شەڕی ناوخۆی توركیا كۆتاییهاتووە، دوژمنی گۆڕەپانەكە" داعش" شكستپێهێنرا و چیتر مەترسی دروستناكات، هێزەكانی كە نوێنەرایەتی گەلی سوریا دەكەن، زۆرینەیان لە توركیاوە نزیكن و چەكەكانیان بێدەنگ كردوووە و چاوەڕوانی گەیشتن بە ئاشتەوایی و چارەسەرن، بەڵام سروشتی دۆخەكە وایە كە جەنگەكە بەوشێوەیە كۆتایی نەهات كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئارەزووی دەكات وئەو وڵاتە دامەزراندنی سیستمێكی سیاسی نوێ دوادەخات و لە راستیدا ئەو هێزەی  كە ئەمڕۆ تەگەرە دەخاتە بەردەم چارەسەری سیاسی لە سوریا جگە لە ویلایەتە یەكگرتووەكان كەسی تر نییە. ئێستا دۆخەكە زۆر بە تەواوی گونجاوە بۆئەوەی دەستورێكی نوێ دابنرێت و هەڵبژاردن بكرێت و قۆناغی ئینتیقالی دەستپێبكات، بەڵام ئەمریكا نایەوێت ئەو نەخشە رێگایە جێبەجێبكرێت, كە توركیا و روسیا و ئێران بۆ پێكهێنانی رژێمێكی نوێ لە سوریا ئامادەیان كردووە، لەبەرئەوەی واشنتۆن هێشتا لە باكوری سوریا هەنگاوەكانی بۆ پێكهێنانی " هەرێمی كوردیی" تەواونەكردووە و ویلایەتە یەكگرتووەكان دەیەوێت هەموو وردەكارییەكانی تایبەت بە " هەرێم" تەواوبكات پێش ئەواەی بچێتە دانوستانێكەوە كە چارەسەری سیاسی تێدا دەربكەوێت. ویلایە یەكگرتووەكانن ناچێتە دانوستان بۆ چارەسەری سیاسی هەتا سوپایەكی ئامادەكراو بەتەواوەتی پێكنەهێتێت و حكومەتێكی سەربەخۆ دانەمەزرێنێت و ناوچەكە لە ئاسمانەوە نەخاتە ژێر كۆنترۆڵەوە، لەم حاڵەتەشدا هیچ شتێك لە بەردەم رژێمی سوریا  وڵاتانی تر نامێنێتەوە جگە لە قبوڵكردنی بوونی " یەكینەكانی پاراستی گەل" كە ئەوەش ئامانجی جموجوڵەكانی ئەمریكایە لە باكوری سوریا. هەر ئەمەش هۆكاری ئەو دەستی دەستیكردنەی ئەمریكایە كە سەبارەت بە مەنبەج و خۆرهەڵاتی فورات بە توركیای دەكات، مەنبەج بایەخێكی زۆری هەیە چونكە دەروازەی كرانەوەیە بەڕووی خۆرهەڵاتی فوراتدا، و زۆر قورسە كە واشنتۆن دەستبەرداری ئەم دەروازە ستراتیژییە بێت بۆ توركیا. دوای ئەوەی خۆرهەڵاتی فوراتی خستەژێر كۆنترۆڵ و پارێزگاری خۆیەوە، رەنگە ویلایەتە  یەكگرتوەكان ئامادەبێت دەستبەرداری مەنبەج بێت بۆ توركیا، ئەوەش بەندە بەو ئامادەكارییانەی كە لە ناوخۆیدا دەیانكات. واشنتۆن هەتا ئێستا سوپایەكی 8 بۆ 10 هەوار كەسی مەشق پێكردووە و ئامانجیشی ئەوەیە كە 40 هەزار شەڕڤان ئامادە و پڕچەك بكات و لە رووی دابینكردنی چەكەوە، ئەمریكا هیچ كێشەیەكی نییە و ئاشكرایە كە هەوڵدەدات سوپایەكی لانیكەم 50 هەزار شەڕكەری پڕچەك بكات و خۆرهەڵاتی فورات بخاتەژێر ركێفی خۆیەوە  و لە رێگەی ئەو بنكە سەربازیی و خاڵە چاودێرییانەی دایمەزراندوون لە توركیا بیپارێزێت. دوای ئەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكان ئامادەكارییەكانی لە خۆرهەڵاتی فورات تەواوكرد، بەشداری دانوستانەكانی چارەسەری سیاسی تایبەت بە سوریا دەكات و بەسەر لایەنەكانیدا دەسەپێنێت كە دان بە "هەرێمی كوردی" لە سوریا بنێن. دامەزراندنی دەوڵەتێكی كوردی لە خۆرهەڵاتی فورات، پرۆژەیەكە ماوەی 100 ساڵە خۆرئاوا كاری بۆدەكات، توركیا سەدەیەك لەمەوبەر كاتێك لە لاوازترین دۆخیدا بوو ئەم پلانەی رەتكردەوە، و ئەمڕۆش بەهیچ شێوەیەك نابێت ئەنكەرە ئەوە قبوڵبكات. ئەنكەرە هەوڵدەدات ئامادەكاریی بكات  و حسابایتی خۆی بكات و هاوسەنگی خۆی بەشێوەیەكی باش رێكبخات و خۆی ئامادەبكات بۆئەوەی هەلی گونجاو بقۆزێتەوە و دەستوەردان بكات.


■ لەتیف فاتیح فەرەج  1 بە جێهێشتنی كۆمەڵی ئیسلامی لە لایەن گۆڕانەوە ، جۆرێكە لە بێوەفای سیاسی ، كۆمەڵی ئیسلامی كە بەردەوام و لە هەموولایەكەوە تەڵەو داوی بۆ دەنرێتەوە ، لەوەتەی گۆڕان دروست بووە ، بۆ یەكچركە بە جێی نەهێشتوە ، سەرەڕای جیاوازی بیرو ڕاو ئایدۆلۆژیا ، ئێستا كە بزوتنەوەی گۆڕان زۆر پێداگری لە چوونە ناو حكومەت دەكات و ئەوەش لە زاری هەموو ئەوانەوە دەگوترێ‌ كە رەنگە ئامانجێكیان هەبێت لەوەدا ، پرسیاری ئەوە ناكرێت ، كە لە حكومەتا بوون چی ، ئەی چی لە هاوپەیمانەتیە ئاكاریەكەی نێوان خۆیان كۆمەڵی ئیسلامی دەكەن ، كە نەوشیروان مستەفا زۆری بەلاوە گرنگ بوو ئەو هاوپەیمانەتیە بەهێز ترو فراوانتر بكرێت . 2 بزوتنەوەی گۆڕان لە بری سیاسەت بكات لە نێوان پارتی و یەكێتیدا یاری دەكات ، ئێستا كە لە یەكێتی كویسە ، هۆیەكەی ئەوەیە تەققە لە بارەگای سەرەكی بزوتنەوەكەو وێنەی نەوشیروان مستەفا كرا ، هەڵبەت ئەوە راستە، بەڵام تا ئێستا ڕون نیە پلانەكە چۆن بوو ، چ دەزگایەكی موخابەراتی لە پشتیەوەیەتی ، بۆ ئەوە كرا ، بۆ دیوارێكی بەردین خرایە نێوان گۆڕان و یەكێتیەوە كە دوای مەرگی نەوشیروان مستەفاو مام جەلال لە هەردوو لاوە كۆدەنگیەك دروست بووبوو بۆ ئەوەی رێكەوتنەكەی دەباشان بەرەو سەر بەرن . 3 بزوتنەوەی گۆڕان هەقی خۆیەتی بیر لەوە بكاتەوە بچێتە حكومەتەوە و لە تەك پارتیا رێكەوتن بكات ، لێ‌ دەبێت ئەوە بزانێ‌ پارتی و یەكێتی هەردوك ئازاریان داوە ، ئەگەر بیانوی ئێستای گۆڕان ئەوە بێت كە یەكێتی دەیەوێ‌ گۆڕان نەهێڵێت ، دەی با زەحمەت بكێشێت هەواڵێكی گۆڕانەكانی بادینانیش بپرسێت ، با پرسیاری ئەوەش لە پارتی بكات ، ئەرێ‌ ئەو حزبە خۆی كادیری كەمە تا مەسعود حەیدەرو حەمەحاجیەكانی ناوگۆڕان بەرێت و بیانكاتە شت . 4 بزوتنەوەی گۆڕان لە بری بیركردنەوە لە چونە ناو حكومەت هەقە بیر لە حاڵی شێوای ناو ماڵەكەی خۆی بكاتەوە و رێگەش نەدات ئەوەندە رەخنە گرەكانی ئەو بزوتنەوەیە بە سەگ و شتی تر بچوێنرێن، كاك نەوشیروان هەرگیز رەخنە گرەكانی بە سەگ نەچواند ئەم داهێنانە لەكوێوە هات ، سەدان هەزار كەس ئومێدیان بە گۆڕان بوو ، دەیان هەزار كەس بۆ ئەو بزوتنەوەیە هەموو دەسكەوتێكیان توڕداو هەندێك كەوتنە سەر ساجی عەلی ، ئەرێ‌ ئەم بزوتنەوەیە بیر كەرەوەیەكی تیا نەماوە .


■ حه‌سه‌ن جودی له‌دوای راپه‌ڕینی شاڵی 1991وه‌ رۆژ به‌رۆژ داگیركارانی كوردستان – به‌تایبه‌تی توركیا و ئێران – و ده‌وڵه‌ته‌ زلهێزه‌كانی جیهان له‌هه‌وڵی داگیركردن و خۆسه‌پاندن بوون به‌سه‌ر باشووری كوردستاندا. ئه‌مه‌شیان له‌میانه‌ی سوود وه‌رگرتن بووه‌ له‌ ناكۆكیی و ململانێی نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كانی باشوور و پابه‌ندنه‌بوونیان به‌ ستراتیژیی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیی و تێكشكاندنی كه‌سێتی تاكی كورد و لێكترازانیی پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵگادا. له‌ئاكامی ئه‌مه‌دا؛ ئه‌مڕۆ هه‌وڵدانه‌كانیان بۆ داگیركاریی و خۆسه‌پاندن گه‌یشتۆته‌ ترسناكترین قۆناخی خۆی، ئه‌گه‌ر رێگیرییه‌كی جددی نه‌بێت، ئه‌وا باشوور به‌ته‌واوی و له‌ڕووی ئابووری و سیاسی و فه‌رهه‌نگی و ئیدی سه‌ربازییش داگیر ده‌كرێت، ئیدی باشوور، به‌ خاك و خه‌ڵكییه‌وه‌، له‌ژێر مه‌ترسیدارترین پیلانی داگیركاریی دایه‌ و ته‌نانه‌ت بۆته‌ گۆڕه‌پانی شه‌ڕێكی‌ جیهانیی و هه‌رێمیی ئه‌وتۆ كه‌ كۆتاییه‌كه‌ی دیار نییه‌.  لێره‌دا؛ هۆكار و ده‌رئه‌نجامه‌كانی ئه‌و داگیركاریی و خۆسه‌پاندنه‌ زۆر و هه‌مه‌ لایه‌نه‌ن، ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ده‌كرێ چی بكرێ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و داگیركارییه‌ چیتر به‌رده‌وام نه‌بێت و له‌نێو گێژاوی خۆرهه‌ڵاتی ناوین و ئێراق و كوردستاندا، هه‌م ده‌سكه‌وته‌كانی گه‌له‌كه‌مان بپارێزرێت و له‌و ململانێ و شه‌ڕ و ناكۆكییه‌ی ئێستای ناوچه‌كه‌ به‌كه‌مترین زیان لێی ده‌ربچین، هه‌میش بتوانرێت وه‌ك گه‌لی كوردستان پێگه‌ی شایسته‌ی خۆی له‌داهاتوودا به‌ده‌ستبێنێت. مسۆگه‌ر به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داگیركاریی به‌ بێده‌نگبوون، به‌ ملكه‌چیی و وابه‌سته‌بوون پێی و كه‌وتنه‌ نێو بازنه‌ی سیاسه‌ت و ستراتیژییه‌كانی داگیركارانه‌وه‌ نایه‌ته‌دی، به‌ڵكو به‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ده‌بێت له‌هه‌موو ئاست و كایه‌كاندا. بچووكترین سازكاریی له‌گه‌ڵ داگیركاراندا، ده‌بێته‌ هاوكاریی و پشتیوانیی لێی. ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌گوزه‌رێ چییه‌؟ ده‌سه‌ڵاتێكی سته‌مكار و تاڵانكاری وابه‌سته به‌ داگیركاران له‌ باشووردا باڵاده‌سته، كه‌‌ هه‌بوون و مانه‌وه‌ی خۆی له‌ هه‌بوون و مانه‌وه‌ی هه‌ژموونی داگیركاراندا ده‌بینێته‌وه‌. هه‌رچی رژێمه‌ داگیركاره‌كانیشن هه‌رچییه‌كیان بوێت له‌ڕێی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی باشووردا جێبه‌جێی ده‌كه‌ن. بێگومان ئه‌و رژێمانه‌ دژ به‌ ره‌وت و بزووتنه‌وه‌ نیشتمانپه‌روه‌ریی و نه‌ته‌وه‌یی و دیموكراتیخوازییه‌كانن، بۆیه‌ ده‌سه‌ڵاتی باشووریش بێئه‌ملاو ئه‌ولا له‌به‌رامبه‌ر به‌‌و ره‌وت و بزووتنه‌وانه‌دا ئه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كات كه‌ ئه‌وان ده‌یانه‌وێت. بۆیه‌ پێویست ده‌كات به‌هه‌موو شێوه‌ و رێبازێك به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داگیركاریی و وابه‌سته‌یی ببینه‌وه و نه‌ك هه‌ر رێگه‌ نه‌درێت ئه‌و داگیركارییه‌ بگاته‌ سه‌ركه‌وتنی خۆی، به‌ڵكو ده‌بێت هه‌رچی پێگه‌ و ستووندی داگیركاریی هه‌یه‌ هه‌ڵوه‌شێنرێته‌وه. به‌مه‌ش ده‌توانرێت‌‌ قۆناخێكی نوێ له‌ باشوور ده‌ستپێده‌كات كه‌ به‌ئاراسته‌ی بونیادنانی سیسته‌مێكی دیموكراتیی نیشتمانیی له‌ باشوور بونیاد بنرێت و باشوور له‌ناوه‌ندی شه‌ڕی تایبه‌تی داگیركارییه‌وه‌ ببێته‌ ناوه‌ندی ئازادی و دیموكراتی و دادپه‌وه‌ریی خاوه‌ن سه‌روه‌ریی و شكۆداریی خۆی. ‌ 


■ كه‌مال ره‌ئوف چەند ساڵێك لەمەوبەر برادەرانی پارتی لەرێگەی دوو گۆڤاری سێبەرەوە كتابێكیان بەناوی رێكخستنی یەكێتیەوە لەسەر بەندە بڵاوكردەوە، ناوەرۆكەكەی ئەوە بوو گوایە لەرێگەی كەسایەتیەكی سلێمانیەوە، بومەتە یەكێتی و مانگانەیان بۆ بریومەتەوە.  دوای ئەوەی داوای یاسایم لەسەر گۆڤارەكان تۆمار كرد، كیسەكەیان بۆدەستی دەستی حەواڵەی هەولێر كرد، هەموو جارێكیش لەبری ئەوەی ئەوانەی كتابەكەیان تەزویر كردوە منیان بەگیر ئەهێناو هەرەشەی دەستگیركردنیان ئەكرد، بەڵام خۆشبەختانە یەكێك لەسەر نووسەرەكان پاش چەند ساڵێك ویژدانی جوڵاو روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و ئەوەی نوسی كە ئەو كتابە تەزویر بووە.  زەریبەی ئەو كاتبە تەزویرە ئەوەبوو لەو ماوەیەدا بەندە رۆڵم هەبوو لە نزیكردنەوەی بزووتنەوەی گۆران و یەكێتی، بۆ ئەو مەبەستە چەندجارێك مام جەلالم بینیبوو.  ئەوەی مەبەستمە بیڵێم، لەو كاتە كۆمەڵێك بەناو "رەخنەگر"، ئەوەیان بڵاو كردەوە، گوایە لە بەرامبەر ئەو چاوپێكەوتنە چەند دۆنمێك زەویم وەرگرتوە، وەك ئەوەی تاڵەبانی پەكی لەسەر ئەوە كەوتبووبێت، لە میدیایەكی كوردی مقابەلەی بكرێت!.  لە چەند رۆژی رابردوو، لەپەیجێك كە خۆیان بەدۆستی گۆران و نزیك لەوان ئەزانن، بابەتێك لەسەر بەندە بڵاوكرایەوە، بەناونیشانی "كەمال رەئوف" چەكە نوێكەی یەكێتی، لەراستیدا ئاستی هەڵمەتەكە ئەوەندە نزم و گاڵتە ئامێز بوو، بەباشم زانی وەڵامی نەدەمەوە و بێدەنگەم لێكرد، چونكە پێشتر چەند جارێك لەمیدیاكانەوە بەوە تۆمەتبار كرابووم كە گۆرانم و ئیش بۆ ئەوان ئەكەم.  لەیەك دوورۆژی رابردو، جارێكی تر نوسراوێكی تری تەزویر، بەڵام ئەمجارە بەناوی پارتییەوە بڵاوكراوەتەوە، گوایە شەش هەزار دۆلار بۆ بەندە خەرج كراوە، دیارە ئەم نوسراوە هی هەر كەس و لایەنێك بێت، پارتی لێ بێبەرییە، چونكە هیچ نەبێت ئەوان ئەزانن ناوی دەزگاكەی خۆیان بەراستی بنوسن، كە لەم نوسراوەدا كاكی تەزویر چی ناوەكەی بەهەڵە نوسیوە، لەنوسراوەكەدا ناوی ( ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی پارێزگای سلێمانی ) هاتووە ، لەكاتێكدا خۆی ناوی راستی ( ئەنجومەنی سەركردایەتی سلێمانی - هەڵەبجە)یە. من سوپاسی تەزویر چییەكان ئەكەم، چونكە هەرجارە شتێك بڵاوئەكەنەوە، هەڵەیەكی جەرگ برئەكەن و دەستەكەیان دەكەوێتە روو، لەوەی یەكەمجاری لای برادەرانی پارتی نوسراوەكەیان بەناوی رێكخستنی تایبەتەوە كردبوو، كە یەكێتی نەئەوساو نەئێستاش شتێكی نییە بەناوی رێكخستنی تایبەتەوە. هەرچۆنێك بێت لام سەیر نییەو خۆم دەزانم دەردی ئەم كتابە تەزویرە تازەیەش چییەو دەشزانم برادەرانی تەزویرچی كوێیان ئێشێت، بەدوریشی نازانم لە لەئایندەیەكی نزیكدا بەهەمان شێوە پەلاماری چەند كەسێكی تر بدرێت و لەسەر ئێمەش چەند بارەی بكەنەوە، بەڵام ئەوەی لام سەیرە ئەوەیە كۆمەڵێك كە بەحساب لەگەڵ دەسەڵات نین، حەزیان لەوەیە ریوایەت بۆ ئەم تەزویرچیانە بهۆننەوە، جا ئەمە یان كاڵفامییە، یان هەر حەزیان لەوەیە هەموو دنیا ناشرین بكەن تاجوانی خۆیان دەرخەن.. كەمال رەئوف


■  بەیار عومەر عەبدوڵا به‌هۆی ئه‌م سیسته‌مه‌ مه‌ركه‌زیه‌وه كشتوكاڵ به‌ گشتی و‌ ده‌شتی شاره‌زور به‌ تایبه‌تی كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ده‌شته‌ هه‌ره‌ به‌پیته‌كانی جیهان فه‌رامۆشكراون، به‌ڵام له‌ سایه‌ی سیسته‌می لامه‌ركه‌زی و فیدراڵیدا ده‌كرێت ببوژێنرێنه‌وه‌‌ و به‌رهه‌می كشتوكاڵی نه‌ك هه‌ر به‌شی پێداویستی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان بكات، به‌ڵكو لێشی هه‌نارده‌ بكه‌ین. ئه‌مه‌ش ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ هاوڵاتی ده‌خاته‌ سه‌ر كار و ئاسایشی نیشتیمانیش ده‌پارێزێت. هه‌روه‌ها ده‌ستكراوه‌ترمان ئه‌كات له‌ بڕیاره‌ سیاسیه‌ چاره‌نوسسازه‌كاندا؛ واته بۆ نمونه‌‌ ئه‌گه‌ر سه‌ربه‌خۆییمان ڕاگه‌یاند، بێمنه‌ت ئه‌بین له‌ هه‌ڕه‌شه‌ی دراوسێكان و داخستنی سنور. وه‌ك چۆن گرنگه‌ كه‌ سوپایه‌كی نیشتیمانی یه‌كگرتوی پڕچه‌كمان هه‌بێت كه‌ بتوانێت به‌رگری له‌ خاكی هه‌رێمی كوردستان بكات، به‌ هه‌مان شێوه‌ گرنگه‌ كه‌ خاوه‌نی كشتوكاڵ و پیشه‌سازی خۆماڵی بین و ئه‌وه‌نده‌ چاوله‌ده‌ستی ئێران و توركیا نه‌بین. به‌ كورتیه‌كه‌ی ئابوریه‌كی نیشتیمانی به‌هێز له‌پاڵ سوپایه‌كی یه‌كگرتوی نیشتیمانی ڕێگه‌ی ڕاسته‌قینه‌ن بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، نه‌ك دروشمبازی و موزایه‌ده‌ی سیاسی و ڕیفراندۆمی ساخته‌ و فریوده‌ر. له‌ سایه‌ی سیسته‌می لامه‌ركه‌زی و فیدرالیدا، ئه‌كرێت سود له‌ پاره‌ی په‌ترۆدۆلار و په‌ترۆگاز وه‌ربگیرێت به‌شێكی بۆ موچه‌ و به‌شێكیشی بۆ ڕاكێشانی ئاو و كاره‌با و خزمه‌تگوزاریه‌كانی تر هه‌م بۆ هاوڵاتیان و هه‌م بۆ كارگه‌ و كێڵگه‌كان. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی داخه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌هۆی سیسته‌می مه‌ركه‌زیه‌وه‌، كشتوكاڵ و پیشه‌سازی نه‌ك په‌ره‌یان پێنه‌دراوه‌، به‌ڵكو دژایه‌تیش كراون. له‌ ساڵی ٢٠٠٦ ه‌وه‌ بۆ ٢٠١٥، نزیكه‌ی ١٣ ملیار دۆلار له‌ پارێزگای سلێمانی وه‌به‌رهێنان كراوه‌، له‌مه‌ ٨ ملیاری بۆ پیشه‌سازی بوه‌، وه‌ له‌م ٨ ملیار دۆلاره‌ی پیشه‌سازیش، زیاد له‌ ٣ ملیار دۆلاری بۆ كارگه‌كانی چیمه‌نتۆ بوه‌. ئه‌گه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ نه‌بوایه‌ كه‌ مه‌واده‌ خامه‌كه‌ی له‌ پارێزگای سلێمانیدایه‌، به‌رپرسانی زۆنی زه‌رد ئه‌و كارگه‌ی چیمه‌نتۆیانه‌شیان ئه‌گواسته‌وه‌ بۆ سنوری خۆیان. به‌ڵام كه‌ بۆیان نه‌كراوه‌ بیگوێزنه‌وه‌، به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵدان بۆ‌ په‌كخستنی. به‌م جۆره‌ ئه‌قلیه‌ته‌ حیزبۆكراتی و ململانێ ڕوخێنه‌ره‌وه‌‌ چۆن ئابوری به‌هێز و ده‌وڵه‌ت دروست ده‌كرێن؟!!! له‌ كاتێكدا عێراق دۆستی نزیكی ئێرانه‌، به‌ڵام حكومه‌تی عێراق گومرگێكی زۆری خستۆته‌ سه‌ر چیمه‌نتۆی ئێرانی بۆ ئه‌وه‌ی پارێزگاری له‌ پیشه‌سازی ناوخۆیی بكات و هاوڵاتیان ناچار بكات زیاتر چیمه‌نتۆی عێراقی بكڕن، به‌ڵام له‌ هه‌رێمی كوردستاندا هیچ پارێزگاریه‌ك له‌ پیشه‌سازی خۆماڵی نه‌كراوه‌ و هیچ گومرگێكی ئه‌وتۆ نه‌خراوه‌ته‌ سه‌ر چیمه‌نتۆی ئێرانی، بۆیه زۆرینه‌ی هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان چیمه‌نتۆی ئێرانی ده‌كڕن. سه‌ره‌نجام كارگه‌كانی چیمه‌نتۆش له‌ پارێزگای سلێمانی ناچار زۆرترین به‌رهه‌میان بنێرن بۆ‌ باشوری عێراق، چونكه‌ له‌وێ حكومه‌تی عێراقی پارێزگاری له‌ پیشه‌سازی خۆماڵی ئه‌كات و وایكردوه‌ كه‌ چیمه‌نتۆی عێراقی بتوانێت كێبڕكێی چیمه‌نتۆی ئێرانی بكات له‌ نرخ و كوالیتیدا. حكومه‌تی هه‌رێم نه‌ك پارێزگاری له‌ پیشه‌سازی خۆماڵی نه‌كردوه‌، به‌ڵكو سزاشی داوه‌. بۆ نمونه‌ حكومه‌تی هه‌رێم كه‌ پارتی زاڵه‌ به‌سه‌ریدا، ده‌زانێت كه‌ پارێزگای سلێمانی هه‌ندێك پیشه‌سازی هه‌یه‌، ده‌یه‌وێت په‌كیانبخات، بۆیه‌ به‌رده‌وام نرخی ئاو و كاره‌بایان له‌سه‌ر زیادده‌كات. هه‌روه‌ها‌ چیمه‌نتۆی پارێزگای سلێمانی كه‌ ده‌چێت بۆ كوردستانی ڕۆژئاوا بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ له‌ پاش جه‌نگ، وه‌ختێك چیمه‌نتۆكه‌ به‌ سنوری زه‌ردا تێپه‌ڕده‌بێت، هه‌ندێك جار ڕێگری لێده‌كرێت، هه‌ندێك جاریش به‌رامبه‌ر به‌وه‌ی كه‌ ڕێگه‌ی تێپه‌ڕبونیان پێده‌درێت، سه‌رانه‌یان لێده‌سه‌ندرێت.    بۆیه‌ گه‌ر بمانه‌وێت به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی هه‌نگاوبنێین و ده‌وڵه‌ت دروستبكه‌ین، ده‌بێت سیسته‌می لامه‌ركه‌زی و فیدرالی په‌یڕه‌وبكه‌ین و‌ ده‌سه‌ڵات و داهات به‌ شێوه‌یه‌كی ئاسۆیی شۆڕبكه‌ینه‌وه‌ بۆ سه‌رجه‌م پارێزگا و شار و شارۆچكه‌كان، كه‌ ئه‌مه‌ش واده‌كات كێبڕكێیه‌كی دروستكه‌ر دروستبێت و كه‌رته‌كانی كشتوكاڵ و پیشه‌سازی له‌ سه‌رجه‌م شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا گه‌شه‌بكات. ئه‌مه‌ش ده‌بێت به‌ سه‌ره‌تایه‌ك بۆ بنیاتنانی ئابوریه‌كی نیشتیمانی به‌هێز و ئاسایشی خۆراك دابینئه‌كات، كه‌ پێشمه‌رجی دروستكردنی ده‌وڵه‌ت و ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیین.


■  چیا عەباس زۆربەی دەسەڵاتدارانی ئێستای گۆڕان بزوتنەوەکەیان بە دۆخێک گەیاندوە کە نەیار و رکابەرەکانی بە خەونیش خوازیاری نەبون، لە باڵێکی ناسراو بە ریفۆرمی ناو یەکێتیەوە هاتبون.  ئەم بەرێزانە خەبات و قوربانی زۆریان بە نەتەوەکەیان بەخشیوە، کاتێک لاپەرەکانی مێژوی زۆربەیان لە دوای راپەرینەوە هەڵبدرێنەوە کەمن ئەوانەی بە مانا رەسەنەکەی ریفۆرم ریفۆرمکار بون. ئەوانی تر لێرە و لەوێ داوای چاکسازیان کردوە، بەڵام لە ناو یەکێتی ململانێی دەسەڵات و پێگەیان کردوە و زیاد لە مافی خۆیان سودمەندیش بون لە دەسکەوت و ئیمتیازاتی تایبەت. ئەم هەڵسەنگاندنە بێ داتا و بەڵگە و ناو نیە، چەند دۆکیۆمێنتی بڵاوکراو لە لایەن ویکیلیکسەوە باسیان لەو واقیعە کردوە. بەشێکی زۆر بچوکی ئەو باڵە پێش هاتن بۆ ناو گۆڕان مەرج و داخوازی تایبەتیان هەبو، کاک نەوشیروان بە رێگەی چەند هاورێیەکی نزیک لێی لە پەیوەندیدا بو لە گەڵیان تا بێنە ناو گۆڕان و گوێی بو خواست و داواکاریەکانیان شل کردبو. کاتێک هاتنە ناو گۆڕانەوە بە ناوی یەکێتی نیشتمانی کوردستان – ریفۆم هاتن، بەو بۆنەیەشەوە بەیانێکیان دەرکرد، دواتر کاک نەوشیروان قەناعەتی پێکردن هەمویان لە ژێر چەتری گۆڕاندا کاربکەن. زەمانە هات و زەمانە رۆیشت، گۆڕان بوە خاوەنی دەستور و دامەزراوەکانی خۆی، بریار بو راستەوخۆ دوای یەکەم کۆنفرانسی نیشتمانی گۆڕان لە ٢٠١٣ خانەی راپەراندن پێک بهێنرێت، بەڵام چوار ساڵ دواتر و بە ماوەیەکی کورت دوای کۆچی دوایی کاک نەوشیروان ئەو کارە ئەنجامدرا. کاک نەوشیروان لە دوا ساتەکانی ژیانیدا نامە بەناو بانگەکەی بۆ هاورێکانی نارد بۆ دروستکردنی خانەی راپەراندن، ئەوانیش درێغیان نەکرد یەکێک لە داواکاریە بنەرەتیەکانی رێکخەرە کۆچکردوەکەیان پشتگوێ خست. پێموایە ئەو پشتگوێخستنە سەرەتای کاڵکردنەوەی سەردەمی کاک نەوشیروان بو لای بەشێک لەو دەسەڵاتدارە تازانەی گۆڕانەوە. هۆکارەکانی پشت دواخستنی دروستکردنی خانەی راپەراندن لە لایەن کاک نەوشیروان ەوە چی بون؟ گەران بەدوای وەڵامەکانی ئەم پرسیارە زۆر شتی گرنگمان بۆ رون دەکاتەوە، ئەمەش کەوتۆتە سەر ویژدان و ئەمەکی کاراکتەر و شایەتحاڵە بە ئاگاکان لە روداوەکان کە چەند لە راستیەکان دەدرکێنن.   نزیکەی ئەو دو ساڵەی کاک نەوشیروان بەهۆی نەخۆشیەوە لە کوردستان دور بو، دەسەڵاتەکانی خۆی بە هاورێکانی دابو، کاتێک گەیشتە ئەو باوەرەی ئەوان وەک پێویست ناتوانن ئیدارەی گۆڕان بکەن رێنماییە ناودارەکەی بۆ دروستکردنی گروپی راوێژ لەو بەرێزانە دەرکرد. دیاریکردنی ئەرک و پێگەی راوێژ لە رێنماییەکەدا بۆ هاورێکانی بە ورد و خەستی دید و هەڵسەنگاندنی کاک نەوشیروان دەردەخات.   کاک نەوشیروان لە کوردستان و لە بەریتانیا بەردەوام بۆ ئەو گروپە هەڵسوراوان و دۆستانەی سەردانیان دەکرد چەندین پرسی دەوروژاند، لەوانە: - بۆچی بەشێکی بەرچاوی پەرلەمانتارانی گۆڕان ناو بە ناویش بێت ناگەرێنەوە بۆ ئەو جەماوەرەی دەنگیان پێداون و لە نزیکەوە لە بار و دۆخی ژیانیان ناپرسنەوە؟ - بۆچی وەزیرەکانی گۆڕان، تایبەت دارایی و پێشمەرگە، دوای دورخستنەوەیان لە حکومەت بە دەنگێکی بەرز باسی پرۆژەکانی گۆڕان بۆ کابینەی هەشت ناکەن؟ - بۆچی چەند هەڵسوراوێکی باڵا کردیان بە رۆژی حەشر تا پەیوەندیە رێکخراوەییەکانی خۆی لە گەڵ بەرپرسە نارەزاکانی گۆڕان ئاساییان بکاتەوە، کە ئەوەشی کرد هەر هەمان ئەو هەڵسوراوانە کەوتنە گیانی نارەزاکان و گۆڕان یان کردە گۆرەپانی ململانێی توند لە گەڵیاندا؟  - بۆچی ئەوانەی خۆیان بە بەرپرسی گۆڕان دەزانن خەمی پەیاکردنی سەرچاوەی داراییان بۆ بزوتنەوەکە نەخستۆتە ئەستۆی خۆیان؟ - بۆچی ئەوەندە سەرقاڵی مومتەلەکاتی گۆڕانن، لە کاتێکدا رۆڵێکی ئەوتۆیان لە بەدەسهێنانیان نەبوە، ئایا ئەو زەماناتانە چین کە نەریتی کۆمپانیاکانی حزبە دەسەڵاتدارەکان لە ناو گۆڕاندا دوبارە نابێتەوە؟ هەرچۆنێک بێت ئێستا شتەکانی ناو گۆڕان زۆر رون و ئاشکران، دەرکەوت لە سایەی  ئەقڵیەت و ئەو کاراکتارانەدا گۆرانکاری لە ناو گۆڕان نەک هەر ئەستەمە بەڵکو روداوەکان ئاماژەن کە دۆخەکە بەرەو خراپتر دەروات. پرسیارێکی سەرەکی ئەوەیە بۆچی؟ ئەو بەرێزانەی ئێستا لە گۆڕاندا باڵادەستن لە بواری رێکخراوەییدا گۆشەکراو و پەروەردەکراوی چەمکەکانی لینینزمن، بۆ ئەوان دەسەڵاتی هەرەمی بناغەی بنەرەتی بەرێوەبردنی حزبە، باوەریان بەوە هەیە هەرچی بۆچون و رای جیاواز و رەخنە و پێشنیازی بنکەکانی رێكخستنە دەبێت بە رێگەی ئەو دامەزراوانەی ئەوان کۆنترۆڵیان کردون و پریان کردونەتەوە بەوان بگات، بە مزاجی خۆشیان بریاریان لێبدەن. لە کاتێکدا کاک نەوشیروان ماڵەکەی کراوە بو، رۆژانە خولیای ئەوە بو راستەوخۆ گوێبیستی بۆچون و رای دەیان هەڵسوراو و گۆرانخواز بێت، بە رێزەوە گفتوگۆی لە گەڵ دەکردن و وەڵام و هەڵسەنگاندنی خۆی راشکاوانە رادەگەیاند. بەردەوام دەشیگوت نەریتی حزبە ستالینستەکان بە سەرچوە، بۆیە پێکهاتەی ئاسۆیی کردە کۆڵەلەکەیەی بنەرەتی رێکخراوەیی بزوتنەوەکە. دەسەڵاتدارانی ئێستای گۆڕان لە چەند گروپ و تاقمی نەگونجاو لە گەڵ یەکتر پێکهاتون، زۆربەیان هزر و فکرێکی دیاریکراوی هاوبەشیان نیە تا دەستی پێوە بگرن، بۆیە هەر سات و ئانێک جیا لە یەکتر لێدوان و قسەی جیاوازی فرە ئاراستە دەکەن، دیاردەیەک بۆتە هۆکاری سەر لێشواندن و چەواشەکاری بۆ گۆرانخوازان، لە کاتێکدا کاک نەوشیروان بە یەک دو رستە بابەتەکانی رون و یەکلایی دەکردەوە. ئەم بەرپرسانەی ئێستا خاوەنی دیدگای تایبەتی خۆیان بۆ گەشەکردنی و بەهێزکردنی گۆڕان نین، ئەوەی بە دەستیانەوە ماوە ئەزمونە رێکخراوەییە کلاسیکیە بەسەرچوەکانە لە گەڵ مناوەرەی سیاسی لە رەوشی ئاڵۆزی کوردستان تا لە سایەیاندا بتوانن بەردەوام بن، بۆیە گۆڕان ئێستا دوای روداوەکان دەکەوێت و توانای خەڵقاندنی روداوی نەماوە. بە پێچەوانەوە کاتێک گۆڕان لە لوتکەی هێزیدا بو و بەشدار بو لە حکومەت، کاک نەوشیروان بۆ پێداگری لە پرەنسیپەکانی راشکاوانە رایگەیاند سەرجەم پرۆسەی پەرلەمانی و سیاسی لە کوردستان کەوتونەتە ژێر پرسیارەوە و نەکەوتە ژێر باری بایکۆت و فشارەکانی دەسەڵاتەوە. ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێستا زۆر ئاسایی پێشوازی لە تەقەکەرانی مەکۆی سەرەکی گۆڕان لە سەر مەزاری کاک نەوشیروان دەکەن، لە کاتێکدا کاک نەوشیروان لە سەر تەعەدایەک، هەرەشەیەک و چاوسورکردنەوەیەک لە هەڵسوراوێکی گۆران ئامادەبو چی پێ دەکرێت بیکات. ئەم نوخبە دەسەڵاتدارەی گۆڕان ئێستا بە پاساوی کەمکردنەوەی فشار نیەتی جدیان هەیە لە حکومەتی هەرێم بەشدار بن، هاوکاتیش بانگەشە بۆ کۆنفرانسی نیشتمانی دەکەن، کە دەبێت بکرێتە رێگەی چارەسەری کێشەکان. مەخابن بەشێکی گرنگی ئامادەکاریەکانیان بۆ کۆنفرانسەکە نادەستوریە و سەرقاڵی ئەوەشن دەرئەنجامەکان بە خواستی خۆیان بێت. ئەم بەرێزانە کاری زۆریان بۆ گۆڕان کردوە، ماندو بون و دڵسۆزی کوردایەتین، ئەم خەسڵەتە بەرزانە ئەو راستیە داناپۆشن کە ئەم نوخبە دەسەڵاتدارە ناتوانن گۆرانکاری و چاکسازی پێویست لە ناو بزوتنەوەی گۆڕان بە رێبکەن. کەوتۆتە سەر شانی هەڵسواراوان چۆن گۆڕان لەم مەینەتیەی تێی کەوتوە رزگار بکەن!        


■ ژوان ئەحمەد سەعید بەر لە چەند مانگێك لە روخانی یەكێتی سۆڤێت، بۆریس یەلتسن ی سەرۆك مەرسومێكی دەركرد كە بە كردار كاری حزبی شیوعی لە كارخانەو زانكۆكان‌و گشت شوێنكارەكانی تری روسیادا قەدەغە كرد وەك هەنگاوێك بۆ چاكسازی، بەڵام ئەو مەرسومە بوێرانەیەی یەلتسن لە هەندێك لایەنەوە پێویست نەبون، چونكە حزبی شیوعی یەكێتی سۆڤێت كە سەردەمانێك چەكێكی ڕێكخراوەیی ترسناك‌و كاریگەر بوو، كەوتبوە بارودۆخێكی خراپ‌و لەگیانەڵادا بوو لەڕوی هەژمون‌و گونجان لەگەڵ ئاراستە‌و بیركردنەوەی كۆمەڵ، بەویش بە هۆكاری دڕندایەتی‌و نەبونی توانای زۆر تیایدا بە جۆرێك كە ئیدی خەڵك گوێیان پێنەدەدا. ساڵانێكە هەمان سیناریۆ لە تەواوی جیهاندا دەبینین، هەندێك حزب كە سەردار‌و گەورە‌و مەزن بون لە وڵاتەكەیاندا، توشی شكست‌و پاشەكشەی مەترسیدار دەبنەوە، هەندێكیان بە پلان هەڵدەستنەوەو هەندێكی تر لە قوڵایی خەونەكانیاندا ئامادە نین بێداربن تا كۆتایی دێن، ئەگەر ئەوەی حزبی شیوعی سۆڤێتی لێكدانەوەیەكی لۆژیكی بۆ بكرێت، ئەوا كشانەوەی حزبەكانی وەك فەرەنسا‌و هیند‌و پاشان بەراورد كردنیان بە لای خۆمان هەروا سانا نیە، بە تایبەت لە بەرامبەر حزبە كۆنەپارێزەكان وەك دەگوترێ ئەم پاشەكشەیە بكەیت. لە فەرەنسا ئیمانوێل ماكرۆن پاش یەك ساڵ لە تەمەنی بزوتنەوەكەی توانی زۆرینە بەدەست بهێنێت، بەوەش توانی ئەگەرچی بە رواڵەتیش بێت حزبی سۆسیالیست رەوانەی زبڵدانی مێژوویی ترۆتسكی بكات، حزبی كۆماریخوازەكانیش كە سەر بە چەپە میانرەوەكانە دۆخی لەو باشتر نەبوو. لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوش، لە هیندستان، حزبی كۆنگرەی هیندی، حزبەكەی جەواهیر لال نەهرۆی یەكەمین سەرۆك وەزیر، ئەو حزبەی سەركردایەتی هندستانی كرد بەرەو سەربەخۆیی، ئەم حزبە لە سایەی سەركردایەتی لاوازی بنەماڵەیی لەلایەن سۆنیا گاندی ( هاوسەری راجیف گاندی سەرۆك وەزیری پێشوو و نەوەی جەواهیر لال نەهرۆ‌و ئەندێرا غاندی سەرۆك وەزیر) هەروەها رائول ی كوڕی، وای بەسەرهاتوە كە ناتوانێ لەو شوێنانەش پارێزگاری لە قەڵەمڕەوی‌و دەنگەكانی بكات كە بە مۆڵگە‌و سەربازگەی حزبی كۆنگرە دادەنرا‌و تەنانەت باس لەوە دەكرێت حزبی بهاراتیا جاناتا لە ئێستاوە سەركەوتنی لە هەڵبژاردنی 2019 دا مسۆگەر كردوە. لە ئەفریقای باشور، حزبی كۆنگرەی نیشتمانی ئەفریقی، كە سەركردایەتی وڵاتەكەی كرد بۆ ڕزگاربون لە سیاسەتی ئاپارتاید، دوای 18 ساڵ لە رۆیشتنی نیلسۆن ماندێلا لە سەرۆكایەتی، حزبەكە خەریكە هەرەس دەهێنێت بە هۆی سەركردایەتی پەڕپوت‌و گەندەڵكارانەی جاكوب زومای سەرۆكی پێشووی وڵات، ئەگەرچی سیریل رامافوزای سەرۆكی نوێ كەمێك هیوای بەخشی بەڵام هێشتا ئەو هیوایانە بۆ چاكسازی نەبونەتە راستی بە تایبەت لەناو حزبدا كە هێشتا سایەی زومای بەسەرەوەیە. لە كەنەدا پارتی پارێزگاران بە تەواوی لەسەر شانۆی سیاسی سڕایەوە پاش ئەوەی لە پرۆسەی هەڵبژاردندا شكستی گەورەی توش بوو، بە جۆرێك لە كۆی 151 كورسی تەنیا دوو كورسی لەدەست نەدا. شیكردنەوەی جیاجیا هەیە بۆ شكست‌و پاشەكشەی ئەو حزبە زەبەلاحانەی دونیا، بەڵام بەپێی وڵاتان ئەو هۆكارانە جیاوازن، بۆ نمونە لە حزبی كۆنگرەی هیندی، خۆسەپاندنی بنەماڵەیی بوە هۆی شكست، لە جەواهیر لال نەهرۆ بۆ راجیف‌و تا دەگاتە رائول، بنەماڵەی غاندی وەك ئەوە سەیری سەركردایەتی حزبی كۆنگرەیان دەكرد كە مافێكی بۆماوەیی یە‌و ناكرێت رەت بكرێتەوە، بەبێ ئەوەی توانا‌و لێوەشاوەیی ئەندامانی بنەماڵە لەبەر چاو بگیرێت ( بەشێك لەمەش لە حزبەكانی خۆمان بەدی دەكرێت). لە حزبی كۆنگرەی نیشتمانی ئەفریقی سەپاندنەكە شێوەیەكی دیكەیە، كە دەچێتەوە سەر ئەوەی لە حزبی شیوعی سۆڤێتی رویدا، كە بریتی بوو لە هەست كردن بەوەی دەوڵەت‌و هەرێمەكان موڵكی خۆیانەو ئیدی گەندەڵی‌و چەتەیی‌و سەرانە سەندن ببوە مافێكی پێدراو بە هەڵبژاردن بۆیان، ئەمەش حزبی لە لایەنگرە راستەقینەكانی دورخستەوە‌و تەنیا گروپێك لە ملكەچ‌و كاسەلێس مانەوە بۆ پیاهەڵدانی سەركردەكانیان، بۆیە لایەنگرانیش یەك ڕێگەچارەیان بۆ ماوەتەوە كە بە شوێن حزب‌و بەرنامەیەكی جێگرەوەدا بگەڕێن‌و هەرچی نوێ یە بە هیوای چاكسازی تاقی بكەنەوە ( ئەمە تا رادەیەك دەچێتەوە سەر دۆخی حزب لای خۆمان). مەرگی حەتمی یان بورانەوە؟؟!! بەڵام مەرگی حزبەكان هەمیشە حەتمی نیە لە جیهانی سیاسەتدا، حزب هەیە بەر لە گیانەڵا فریای بەخۆداچونەوەو چاكسازی دەكەوێت‌و خۆی لە مەرگی بێباكی ڕزگار دەكات، بەوەش خزمەت بە خۆی‌و وڵاتەكەشی دەكات. بۆ نمونە حزبی شۆڕشگێڕانی دامەزراوەیی لە مەكسیك بۆ ماوەی 71 ساڵ سەرداری وڵات بوو، هیچ هێزێك نەیتوانی شانبەشانی سیاسەت بكات یان ڕكابەری بكات، بەڵام لە ساڵی (2000) نوچێكی گەورەی دا‌و كەوتە دواوە، بە جۆرێك كە زۆر لە لێكۆڵەر‌و چاودێران مەرگی ئەو حزبەیان جاڕدا‌و پێیان وابوو كە هەرگیز ناتوانێت جارێكی تر هەستێتەوە یان دەسەڵات بگرێتەوە دەست. بەڵام ئەم حزبە بە بەرنامەیەكی تۆكمە توانی لە ساڵی 2012 بگەڕێتەوە دەسەڵات كاتێك ئینریكی بینیا نیتۆ گەیشتە سەرۆكایەتی وڵات‌و تا كۆتایی 2018 لەدەسەڵات مایەوەو لە ماوەی دەسەڵاتیدا ئاستی توندوتیژی كەم كردەوەو جەنگی بەرامبەر بە ماددەی هۆشبەر راگەیاند، بەر لەوەی لە 2018 مانوێل لۆپێز ئۆبرادۆ بەسەریدا سەركەوێت كە سەر بە پارتی نوێبونەوەی نیشتمانی یە. لەوانەیە هەر ئەم ئەگەرە هۆی ئەوە بوبێ كە بنەماڵەی غاندی‌و زوما گوێیان بە داڕزانی حزبەكەیان نەدابێ بەوەی هیوایان هەبێت كە حزبەكەیان دەتوانێ لەناو گۆڕستانی سیاسی هەستێتەوە، بەڵام تا ئێستا ئایندەیان نادیارە. یەكێتی پاشەكشەی بەردەوامی جەماوەری؟؟ یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بە سەرۆكایەتی جەنابی مام جەلال، لە مێژوو‌و خەبات هیچی لەو حزبانەی وەك كۆنگرەی هیندی‌و كۆنگرەی نیشتمانی ماندێلا كەمتر نیە، سەركردایەتی چەندین قۆناغی هەستیاری لە مێژووی كوردستاندا كردوە. لەدوای هەرەسی شۆڕش، یەكێتی شانی دایە بەر هەستانەوەی شۆڕش، لە دوای ئەنفال‌و كیمیاباران خۆی ڕاگرت، ئەندازیاری ڕاپەڕین بوو، نەخشە داڕێژەری دروست كردنی حكومەتی هەرێم بوو، هەڵگری بەیداخی فیدراڵیەت‌و مافی چارەی خۆنوسین بوە، لە عێراقی دوای 2003 یش رۆڵی كاریگەری هەبوە، لە گشت ئەو قۆناغانەش روبەروی چەندین پیلانگێڕی بۆتەوەو بە سەركەوتووی لێی دەرچوە هەر لە كارەساتی هەكاری تا ناپاكی 31 ی ئاب. بەڵام یەكێتی لە قۆناغی دەسەڵات، بە تایبەت دوای پرۆسەی ئازادی عێراق‌و بە بە تایبەتتریش پاش نەخۆش كەوتنی مام جەلال، تا دێت لەو یەكێتی یە دور دەكەوێتەوە كە سەرەتا دامەزرا‌و لەناو خەڵك بوو، ئەویش شیكردنەوەی خۆی هەیە كە نوسەر‌و رۆشنبیران تا هاوڵاتی سادە دركی پێ دەكەن چونكە لەناوخۆماندان. یەكێتیەكانی سەرەتای راپەرین، سەركردەكانی ئەو سەردەمە، تەنانەت سەركردەكانی دوای شەڕی ناوخۆ، هیچ سیمایان ناچێتەوە سەر ئەوانەی ئێستا دەیانبینین، ئەو كات لەناو خەڵك بون‌و ئێستا لە سەرو خەڵك‌و دور لە خەڵكن. تەنیا سەركردە‌و كادران نین، بەڵكو یەكێتی خەریكە دەبێـە مۆدێلێكی خراپتری تەوریس‌و ئاكاری خراپی حزبە كلاسیكیەكانی دیكە، بە جۆرێك بە تەواوی خۆی لە نوێكردنەوەو چاكسازی دورخستۆتەوە، وا بۆ نزیكەی دەهەیەكە نە كۆنگرەی بەستوە‌و نە لە ئاسۆشدا هیوایەك بەدی دەكرێت بۆ كۆنگرە، بێگومان جۆری كۆنگرەكەش هەر هیوابەخش نیە!! هۆكارە خودی‌و تایبەتەكان زۆرن كە سەركردەكان چیان بەسەر یەكێتی هێناوە، ئەمەش زەمینەیەكی بابەتی خولقاندوە كە یەكێتی توشی ئیفلیجی كردوە، بەوەی حزبێك داینەمۆی گۆڕانكاری بوو لە عێراق‌و كوردستان، پەلوپۆی پەیوەندی تا ئەوپەڕی وڵاتانی زلهێزی جیهان رۆیشتبوو، ئێستا ناتوانێت لەناو خۆیدا بڕیار بدات، دیسپلین‌و پەیڕەوی ناوخۆ دیل‌و زەلیل كراوە‌و سەركردەكانی بە خواستی خۆیان بڕیار دەدەن. باسەكە لەوە تێپەڕیوە كە چەند كوڕی ئەو بەرپرس یان كچی ئەم بەرپرس یان برازا‌و خوشكەزای هێنراونەتە پێشەوەو بونەتە بەرپرسی كەسانی ماندوو، لەوەش تێپەڕیوە كە چەند كەسی تێكۆشەر‌و پێشمەرگەی دێرین‌و زیندانی سیاسی دەبینیت بێدەرتان فرمێسك بۆ رابردوو هەڵدەڕێژێت. هۆكاری ئێستای یەكێتی تێكەڵەیەكە لە ئەزمونی هەموو ئەو حزبانەی باسمان كرد، لەجیاتی بنەماڵەیی، تەوریسی سیاسی‌و دەسەڵاتی بنەماڵەكان بونی هەیە، گەندەڵی‌و بێباكی نەك سەركردایەتی بەڵكو ئاستەكانی تریشی گرتۆتەوە، چ لە حزب یان لە حكومەت، ئەمەش رەنگدانەوەی هەبوە لەسەر سۆز‌و لایەنگری جەماوەر بۆ یەكێتی. ئەگەرنا هیچ لۆژیكێك ئەوە ناگرێتەوە لە شارێكی وەك سلێمانی، كە لە شەڕی ناوخۆدا خێزانەكان لە دەمی خۆیان دەگرتەوەو نان‌و هێلكە‌و خواردنیان بۆ پێشمەرگەی یەكێتی ئامادە دەكرد، شارێك دوای 31 ی ئاب سەركردەكانی یەكێتی بە كۆڵ دەهێنێتەوە ناو بارەگاكانیان، شارێك كە سەربازگەی قایمی یەكێتی بوە لە 1976 بۆ دوای ڕاپەڕین، ئێستا دەنگ نەدات بە یەكێتی. لەوانەش بگەڕێ رەنگە هەندێك پێیان وابێ ڕستەی سۆزدارین، بابێینە سەر ژمارە: یەكێتیبەرامبەر بە پارتی لە هەڵبژاردنەكاندا دەنگی بەم شێوەیە بوو: 1992 :  پارتی 437.889 دەنگ یەكێتی: 423.833 دەنگ لە هەردوو هەڵبژاردنی 2005 و 2009 لەگەڵ پارتی بە یەك لیست دابەزین بە هۆی ڕێكەوتنی ستراتیژی. لە هەڵبژاردنی 2013: پارتی: 743.984 دەنگ یەكێتی: 350.500 دەنگ لە هەڵبژاردنی 2018: پارتی: 688.984 دەنگ یەكێتی: 319.912 دەنگ ئەگەر بەراوردێك بكەیت لە نێوان تەنیا پارتی‌و یەكێتی، تەنانەت بە لەبەرچاوگرتنی گشت فاكتەرەكانی جیابونەوەو گەشەی حزبەكانی تریش، یەكێتی نەیتوانیوە پارێزگاری لە دەنگەكانی خۆی بكات چجای ئەوەی زیادی بكات یان گەشەی پێ بدات، سەرەڕای ئەوەی لە 1992 تا ئێستا 26 موالیدی تریش داخڵی هەڵبژاردن بون بەڵام یەكێتی پشكی تیا نیە. باسی هەڵبژاردنی پارلەمانی عێراق هەر ناكرێ چونكە جیاوازی‌و داكشانەكە ڕێژەیەكی زۆر زیاترە. ئەوەی كە ئێستا سەركردەكان خۆیان یان كادرانی یەكێتی پێ سەرمەست دەكەن گوایا یەكێتی سەركەوتوە كە (21) كورسی بەدەست هێناوە لە هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان، جگە لە خۆفریودان هیچی تر نیە، چونكە یەكێتی، هەڵبژاردن لە دوای هەڵبژاردن دەنگی كەمی كردوە تا دەگاتە ئێستا، جگە لەوەی پارتی دوو هێندەو زیاتریش كورسی لە یەكێتی هێناوە، هەڵبەت بەرپرسیارێتی گەورەش لەمەدا سەركردایەتی یەكێتی یە لە جێگری سكرتێر بۆ خوارەوە. یەكێتی چی دەكات؟ بەپێی هەموو پێوەر‌و لێكدانەوەیەك، پێویستە ئەوانەی لافی خاوەندارێتی یەكێتی لێدەدەن، هەڵوەستەیەكی جدی لە ئاستی ئەم پاشەكشە بەردەوامەی دەنگی یەكێتی بكەن، هۆكار‌و ڕیشەكەی دیاری بكەن‌و چارەسەری بۆ بدۆزنەوە، راستە بۆ ئەم قۆناغەش دۆخەكە وا دەخوازێت بەپێی دەنگ مامەڵە لەگەڵ یەكێتی نەكرێت‌و بون‌و پێگەكەی لە زۆنی سەوز بۆتە پارسەنگی دەنگەكان‌و ئەبێت وەك دیفاكتۆ مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، بەڵام بۆ داهاتوو بەو شێوەیە بەردەوام نابێت. بەشێك لە چارەسەرەكان چارەسەری بڕیاردان‌و ڕەفتارین، بە تایبەت لەوانەی كە لەناو یەكێتی لە كەیسی گەندەڵی یان بازرگانی تێوەگلاون‌و وێنەیەكی خراپیان بۆ یەكێتی دروست كردوە لەبەردەم جەماوەردا. بەشێكی تریش پەیوەندی بە تەمەنی سەركردایەتی یەكێتی‌و نەبەستنی كۆنگرەوە هەیە، چونكە هەموو ئەوانەی بە ناوی خوێنی نوێ خزێنرانە ناو سەركردایەتی یەكێتیەوە، لە ڕاستیدا نەوەی نوێ‌و خوێنی نوێ نین، بەڵكو نەوەی دوەمی شۆڕشگێڕەكان خۆیانن كە بۆ بەردەوامیدان بە بون‌و بەرژەوەندی خانەوادەكانیان دانراون، جگە لەوەی لە بواری فكری، بە هیچ گەنج‌و بیركردنەوەی نوێیان نیە، چجای ئەوەی پرۆژەی نوێ‌و گەنجانەیان هەبێت. تاكە چارەسەر بۆ دۆخی چەقبەستوو و خراپی یەكێتی، بەستنی كۆنگرەیەكی ئازاد‌و چارەسەر ئامێز‌و گۆڕانكاریە، كۆنگرەیەك كە دەست بخاتە سەر برینەكان، گۆڕانكاری لە پەیكەرەی یەكێتی، شێوازی ئیدارەدانی یەكێتی، شێوازی كاری ڕێكخستن، هەروەها گۆڕانكاری لە سەركردایەتی یەكێتیدا بكات، كە مەرج نیە گۆڕانكاریەكە تەنیا پەیوەست بێت بە تەمەنەوە، بەڵكو پەیوەستە بەگۆڕینی ئەوانەی كە ڕەفتار‌و كردەوەكانیان بۆتە هۆی ناشرین كردنی وێنەی یەكێتی، لە قۆرخ كردنی بازاڕ‌و دروست كردنی كۆمپانیا‌و تێوەگلان لە سەودانامەی گوماناوی بازرگانی‌و شەراكەت‌و سەرانە سەندن لە سەرمایەدارە گوماناویەكان. بەگوێرەی گشت هەڵوێست‌و كۆبونەوكانیش بێت، تا ئێستا كۆمیتەی سەركردایەتی یەكێتی بڕیاری نەداوە كۆنگرە بكرێت، ئەگەر كۆنگرەش ببەستن ئەوا لیستێكی ڕەشی خۆیان دەبێت كە لەناو كۆنگرەدا تەنیا بە دەست بەرزكردنەوەو دەنگدانی ئەندامانی كۆنگرە سپی دەكەنەوە وەك پارە گوماناویەكان‌و بگرە بەشێكیان ترسیان هەیە ئەگەر كۆنگرە ببەستن پێگەكانیان لەدەست بدەن، ئەگەر دواتریش بڕیار بدات ئەوا وەك بڕیارەكانی بۆریس یەلتسن تەنیا بڕیاری پێش مەرگ‌و بێكاریگەری دەبێت، خۆ ئەگەر ئەوەش ببێتە ڕاستی، ئەوا مانای وایە یەكێتی لە دوڕیانی كۆنگرەی گۆڕانكاری‌و مەرگی هێواشدا، ڕێگەی مەرگەكە هەڵدەبژێرێت، بەو هیوایەی كە مەرگ نەبێت‌و تەنیا غەیبوبە‌و بورانەوە بێت. بەڵام ئایا كەستان بینیوە لە گۆڕستانی كۆما ( غەیبوبە) هەستابێتەوەو توانیبێتی باشتر لە جاران كاربكات؟؟ بە هیواین یەكێتی ئەو ڕێگەیە هەڵنەبژێرێت‌و تا زووە بڕیاری كۆنگرەی گۆڕانكاری بدات‌و كادرانیش لەو كۆنگرەیەدا بە چاوی ویژدانیانەوە یەكێتیەكەیان شەن‌و كەو بكەن، ئەوانە سزا بدەن كە بەرپرسن لەم رۆژە‌و كەسانێكیش بكەنە شۆفێری شەمەندەفەرەكەی یەكێتی كە بتوانێت بەرەو كەنارێكی ئارامتر‌و پڕ دەسكەوت بۆ حزب‌و خەڵك ئاراستەی بكات.


دڵشاد ئەنوەر  یەکێتی و پارتی و گۆڕان بەتەمای چین ؟ کەرکوک بەرەو کوێ ؟ پارتی چی لە بەغدا وتوە ؟ حکومەتی هەرێم، چۆن پێکدەهێنرێ ؟  . ئەوانەی سەرەوە کۆمەڵێک پرسیارن ، زۆریان لەبارەوە دەوترێ و دەنوسرێ ، بەڵام بەشی زۆری زانیاریەکان هەڵەن ، کە رەنگە لایەنەکان خۆیان بەهەڵە بیدەنە میدیا یاخود لەو رێگەیەوە هەوڵی لە خشتە بردنی ڕای گشتی بۆ مەبەستی جیاواز بدرێ. کەرکوک لە کۆبونەوەی ئەمرۆی نێوان یەکێتی و پارتی دا ، زۆر لەسەر کەرکوک هەڵوەستە نەکراوە، واتە رێک پێچەوانەی ئەوەی دەوترێ گوایە لەسەر دانانی پارێزگارێک بۆ کەرکوک رێککەوتون . کەرکوک وەکو چۆن فاکتەری درزە قوڵەکەی نێوان یەکێتی و پارتی بوو لە ١٦ ی ئۆکتۆبەردا، ئاواش رێککەوتنی ئەم دوولایەنە لەسەری ئاسان نابێ. لەسەردانەکەی بارزانی بۆ بەغدا، باسی کرکوک کراوە بەم شێوە، بارزانی زۆر پێداگیری لەسەر رێککەوتن لەسەر نەوت و گاز کردووە ، لەبەرانبەر ئەمەدا ، زور لاری لە پۆستی پارێزگاری کرکوک نەبووە، کە بدرێتە چی پێکهاتەیەک. تەبعەن لایەنە عێراقیەکان یاری دەکەن ، پارتی چی دەڵێت ، دەیگەیەننە یەکێتی و بە پێچەوانەشەوە . ئێرانیش کردویەتیە مەرج بەسەر لایەنە عێراقیەکانەوە، دەبێت مامەڵە لەگەڵ پارتی دا بکەن ، چونکە پارتی حیزبێکی تۆکمە ترە، لەکاتێکدا یەکێتی کۆمەڵێک گروپ و تاقمن و رۆژیک جۆرن و رۆژیک دژن. مەرجی ئێران بۆ رێکەوتنی بەغدا لەگەڵ پارتی ، ئەوەیە ئێران تموحی هەیە لە حاڵەتی توندکردنەوەی گەمارۆکانی سەری، لە حاجی ئۆمەران و لەتورکیاوە شمەک بۆ وڵاتەکەی هاوردە بکرێ. ئەو دوو خاڵە وایکرد ، واتە باند باندی یەکێتی و تموح لە حاجی ئۆمەران ، بەغدا نە وەزیری داد بداتە یەکێتی ، نە لەمەسەلەی کرکوکدا زور گوێی لێبگرێ . رێککەوتن لەگەڵ بەغدا کرۆکی ریککەوتنی پارتی لەگەڵ بەغدا ئەوەیە، هەموو داهاتە ناوخۆییەکان رادەستی بەغدا بکرێ ، تەنانەت لەمەسەلەی کرکوک و هەندێ مەسەلەی تریشدا تنازول بکەن ، بەڵام تەنها لەمەسەلەی نەوت و غازدا حسابێکیان بۆ بکرێ و بێ بەش نەکرێن. پارتی لەنێوان گۆڕان و یەکێتی دا پارتی لەگەڵ بەغدا رێککەوتوە و ئەوێی مسۆگەر کردووە ، لەهەرێمیش براوەی هەڵبژاردنە ، بۆیە کاتی یاری کردنیەتی بەویستی خۆی. گۆڕان لە داڕوخانی جەماوەری نزیک بۆتەوە ، کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی دیسان تەواو زەق بۆتەوە، بۆیە پارتی دەیەوێ بەسود وەرگرتن لە رێکەوتنەکەی لەگەڵ بەغدا، لێرەش ئیشی خۆی بکات . یەکێتی لە کۆبونەوەکە، داوای ٤٠% ی پۆستەکانی کردوە، گوایە ١٠% بدرێتە گۆڕان و ٥٠% بۆ پارتی ، بەڵام لەسەر ئەمە هیچ رێککەوتنێ نەکراوە، پێناچێ نە پارتی رازی بێت ، بێگومان گۆڕانیش ڕازی نیە ، ئێستا شەری گۆران و یەکێتی لەسەر جێگرەکانە. بەکورتی و کوردی، پارتی بەغدای زەمان کردووە ، لە هەرێمیش براوەیە ، شەر و ململانێ کەوتوتە نێوان گۆران و یەکێتی، پارتیش گرفتی لەگەڵ درەنگ و زوو نیە، چونکە ئیشی خۆی کردووە و بەرچاوی ڕوونە.


■ مەلا بەختیار  هەڵبژاردن، بەوشێوەیە بەڕێكرا، كە بەڕێكرا. ئێستا، ئیدی پارتی یەكەمی هەرە زۆرینەو یەكێتیی دووەم‌و گۆڕانیش سێهەم لایەنی براوەن. لایەنەكانی دیكەش، كۆمەڵی ئیسلامی پێشی دانەوە. سۆسیالیست‌و كۆمۆنیستە كوردستانییەكانیش، كورسییە تاقانەكەیان، هێنایەوە. كۆتاكانیش، دەرچێندرانەوە! رەوتە پۆپۆلیستییە لەناو قەیراندا سەرهەڵداوەكەی "نەوەی نوێ‌"یش، تاویان سەندووە. لەم هەڵبژاردنەدا پەندە خانەقینییەكە پڕ بەپێستێتی كە پێشینان فەرمویانە: گشتمان لەكین، برای یەكین. بۆ؟ -چونكە؛ لایەكی دەسەڵات، ناتوانێ‌ لایەكی دیكەی باڵادەست، بە بەڵگەوە تاوانبار بكات‌و رەخنەشیان بەرامبەر یەكدی هەس! -چونكە؛ لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن، سەرەنجامی سیاسەتی هەڵبەزو دابەزی رابردوویان، هەرلایەكیان بەئەندازەی پاشماوەی كاریگەریان، دەنگیان هێناگە. لەناویاندا، نەوەی نوێ‌، گەرچی لاتاریكیشە لەهەموو لایەك. -چونكە؛ رێژەی دەنگە هێنراوەكانی یەكێتیی‌و پارتی، ئەو راستییەی نەگۆڕی، كە نە پارتی بەبێ‌ یەكێتیی و نە یەكێتیش بەبێ‌ پارتی، حكومەتی زۆرینەیان پێ‌ پێكنایەت. پارتی كە زۆرینەی هێناوە، پێویستی بە یەكێتییە، یەكێتیش كە لەنیوەی پارتی كەمتریشی هێناوە، ئەمجارەش، بۆ كابینەی نۆهەم، سەلمایەوە كە هەر یەكێتییە، دەركەوت، بەزۆرینەی بادینی، دەڤەری سەوز حوكم ناكرێ‌. بەڵێ‌، نە پارتی بەسیاسەتی حاكمییەتی زۆرینە كوردستانی پێ‌ بەڕێ‌ دەچێ‌‌و نە یەكێتیش، بەزۆربەركێ‌ (موزایەدە)ی سیاسی، پارتی پێ‌ لاواز دەكرێ‌. ئەوانەی لەناو پارتی پێیانوابوو، ئەگەر دوو بەرامبەر یەكێتیی دەنگ بێنن‌و لیستی كۆتاش بكەنە دۆستی خۆیان، دەتوانن یەكێتیی بخەنە دەرەوەی بازنەكە، شكستیانخوارد. رەوتی موزایەدەخوازی یەكێتیش، كاڵفامیان دای لەتاشە بەردی هاوكێشە سیاسییە راستەقینەكان. ئۆپۆزسیۆنیش، كە پێیانوابوو، ئەگەر بتوانن زۆرینەی كورسی وەدەستبهێنن، یان خۆیان‌و تەكەتولی هەلپەرستی یەكێتیی ببنە زۆرینە، دەتوانن پارتی بچوك بكەنەوە، ئەمانیش، رێژەی دەنگەكانیان، ناچاری كردن، پاشەكشە بكەن‌و لایان داوەو بایان داوە. ئیستا، دوو هەفتەیەكمان ماوە، دەربكەوێ‌، چ لایەك دەچێتە حكومەت‌و چ لایەكیش، دەبێتە ئۆپۆزسیۆن. بەڵام بیرمان نەچێ‌ نیوەی خەڵك دەنگیداوە (قەیناكە با وابڵێین!) نیوەكەی تریشی دەنگی نەداوە (ئەگەر زیاتریش نەبن!!). لێرەدا دەمەوێ‌، سەرنجی ئەو لایەنانە بۆ ئەم راستییانە رابكێشم كە پێكەوە رێكدەكەون‌و كابینەی نۆهەم پێكبهێنن. كە ئەمەی خوارەوەیە: هەموو لایەنەكان ببینن كە، بەهەموو توانای راگەیاندن‌و، هێزی چەكدارو دەستڕەنگینی لەهەڵبژاردندا، نەتوانرا نیوەی خەڵك، لەدەرەوەی بازنەی هەڵبژاردن، كەمەندكێش بكرێنە ناو بازنەكە. ئەمە ئاماژەیەكی دڕدۆنگی سیاسی‌و كۆمەڵایەتی‌و سایكۆلۆژیە...تد. هۆی سەرەكی ئەم دڕدۆنگییە، لاوازبوونی متمانەی خەڵكە، بەسەركردایەتی‌و سیاسەت‌و بەڵێنەكانی سەرجەم لایەنەكان. كە ئەمەش، سەرەنجامی كەڵەكەبونی گرفت‌و گەندەڵی‌و ئەو بارە نالەبارەی خەڵكە.  ئەم بێ‌ متمانەییە، كە جارێ‌ بە بەشداری نەكردنی هەڵبژاردن دەردەبڕدرێ‌، لەم دۆخەی عیراق‌و كوردستان‌و ناوچەكەدا، پێویستە لەكابینەی نۆیەمدا، بەقوڵی لێكبدرێتەوە. ئەگینا، بەدوری نەزانین، دەروازەی دۆخەكە لەگرێژنە دەربچێ‌‌و لەم هەلومەرجەشدا، كە فەرەنسای پێشەنگێكی وڵاتانی دیموكراسی، لەسەر باج زیادكردنی سوتەمەنی، دەسوتێندرێ‌، دوور نییە، كێشە كۆنە چارەسەر نەكراوەكان، لەسایەی كابینەی نوێدا، لەم قۆناغەی گواستنەوەی دیموكراسیدا، لەكوردستانی دواكەوتودا، ئاوێتەی دۆخی نەخوازراو بن‌و، هەر ئەگەرێكی ئاڵۆزی ناوچەكەش، یان لەعیراق‌و یاخود لەكوردستاندا، كارلێك لەتەك كێشەی كۆنی پاشكەوتی مووچە بكات، بیرمان نەچێ‌ كێشەی نێوان ئەمریكا‌و دەوڵەتانی كەنداو‌و ئێران، هەروەها كێشەی كۆمەڵایەتی، ئابوریی‌و سیاسی چارەسەر نەكراوی تەواوی ناوچەكە، ئەمە جگە لە لێكەوتەكانی بەهاری عەرەبی، هاوكات كێشەی نێوان شیعەكانی عیراق، هەروەها سوننەكانی عیراق، ئینجا ئەو رێژە كەمەی كە لەبەغداد‌و ناوچەكانی تری عیراق بەشداریان كردووە، خۆپیشاندانەكانی بەسرەو پارێزگاكانی تر، لەكاتێكدا هێشتا پاشماوەی جەنگی داعش‌و ناوچە وێرانكراوەكانی جەنگ ساڵەهای ساڵی دەوێ‌ چارەسەر بكرێن، ئەمانە دەبێ‌ هەموویان لەبەرچاو بگیرێن كە كاریگەریان لەسەر كوردستان‌و عیراق‌و ناوچەكەش هەیە. بێگومان یەكانگیربوونی هەموو ئەم رووداوانەو كاریگەریان لەسەر هەست‌و هەڵوێستی خەڵكی كوردستان، خرۆشانی خەڵك دەكاتە ئەنجامێكی مەترسیدار بۆ سەر هەمووان.  لەدۆخێكی نەخوازراوی واشدا، جڵەوی رووداوەكان كە لەدەست دەرچوون، نەلایەنەكانی دەسەڵات‌و، نەلایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنیش، ناتوانن ببنە خاوەنی شەقامی توڕە. ڕەنگە، لەهەلومەرجێكی ئاوهاشدا، چەند رابەرێكی دەركەوتووی سۆسیال-مێدیا، بۆ ماوەیەك بتوانن روداوەكان، بەئاراستەی پۆپۆلیستی‌و ئاژاوەگێڕی، رابەرایەتی بكەن. بەتایبەتی هەلپەرست‌و پۆپۆلیستە شكستخواردووەكانی كوردستان لەدەهەی رابردوودا، تاقیكردنەوەی سودبەخشیان بۆ پۆپۆلیستە دەرنەكەوتووەكان، جێهێشتووە. دەمێنێتەوە بڵێین: كابینەكانی پێشوو، قەیرانیان بەقەیران سپاردو تەقینەوەی قەیرانەكانیش، دووچاری كابینەی هەشتەم كرا. ئەمانیش ناچاری پاشكەوتی موچە بوون. بەڵام ساڵێكیشە، بەرەبەرە چارەسەریان هێنایە ئارا. دڵنیام، مێژوو، ئابوری بایۆمەتری‌و چارەسەری قەیرانی ئابوری، وەكو دەستكەوتی گەورە، بۆ كابینەی هەشتەم تۆمار دەكات


■  ئومێد قه‌ره‌داخی له‌دوای په‌لاماری داعشه‌وه‌ بۆ سه‌ر ئێزدییه‌كان ، ژنێكی رزگاربوو له‌ چنگی كۆیلایه‌تی ، به‌ ده‌نگێكی دلێره‌وه‌ ده‌ركه‌وت ، ئه‌م ژنه‌ قسه‌كه‌رێكی جدی و ئازایه‌تییه‌كی بێوینه‌ی له‌ گێرانه‌وه‌ی راستگۆیانه‌ی روداوه‌كاندا نیشاندا ، له‌سه‌ر شانۆی جیهانیدا به‌شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو پێشوازی لێكراو و چه‌ندین خه‌ڵاتی گرنگی جیهانی به‌ده‌ستهێنا، دواترینیشیان خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتی بوو ، وه‌گرتنی ئه‌م خه‌ڵاته‌ و ئه‌م پێشوازییه‌ جیهانییه‌ له‌م ژنه‌ و چیرۆكه‌كانی كۆمه‌ڵێك مانای راسته‌قینه‌ی هه‌یه‌ ، كه‌ من لێره‌دا له‌سه‌ر سێ مانای سه‌ره‌كی رائه‌وه‌ستم: یه‌كه‌م : پێشوازی گه‌وره‌ له‌ نادیه‌ موراد و چیرۆكه‌ به‌ ئازاره‌كانی به‌ كه‌نیزه‌ككردنی ژنان ، پێش هه‌ر شتێك شه‌رمه‌زاركردنی جۆرێكه‌ له‌ تێز و دنیا بینی كه‌ هێشتا باوه‌ری به‌ كه‌نیزه‌ككردنی ژنان هه‌یه‌ ،باوه‌ری به‌وه‌ هه‌یه‌ جیاوازی ئایین پاساو بێت بۆ ئه‌وه‌ی ژن وه‌ك ده‌سكه‌وتنی جه‌نگ، وه‌ك غه‌نیمه‌ت سه‌یر بكرێت و هاو شێوه‌ی جۆره‌كانی دیكه‌ی غه‌نیمه‌ت له‌ بازاری كۆیله‌ فرۆشیدا بكردرێت و بفرۆشرێت ، ئه‌م تێزه‌ ئه‌گه‌رچی له‌سه‌ر ده‌ستی بزووتنه‌وه‌یه‌كی توندره‌وه‌ی وه‌ك داعشدا و دژ به‌ هاوڵاتیانی ئێزدی پیاده‌كرا، به‌ڵام مه‌سه‌له‌ی به‌ كه‌نیزه‌ككردن قوڵایه‌كی فیقهی و تیوری هه‌یه‌ له‌ كه‌لتووری ئیسلامیدا و كارێكی رێگا پێدراوه‌ ، ئێستاش كتێبه‌ فیقهییه‌كان پرن له‌و به‌ند و ده‌ستورانه‌ی كه‌ پێویسته‌ ره‌چاو بكرێن بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كه‌نیزه‌ك ، پێویسته‌ ره‌چاو بكرێن له‌ كڕین و فرۆشتنی كچانی به‌كه‌نیزه‌ككراودا ، به‌مه‌ش داعش تاكه‌ هێز نیه‌ ، تاكه‌ ئاراسته‌ی فیكری و سیاسی نیه‌ كه‌ له‌ پشتییه‌وه‌ باوه‌ری به‌ كه‌نیزه‌ككردنی ئینسان راوه‌ستاوه‌ ، به‌ڵكو به‌شێكی هه‌ره‌ زاڵ و به‌رینی ئیسلامی باڵاده‌ست له‌ جیهانی ئیسلامیدا وه‌ك پره‌نسیپ باوه‌ری به‌ كه‌نیزه‌ك هه‌یه‌، تا ئێستاش جورئه‌تی ئه‌وه‌یان نه‌كردوه‌ كتێبه‌ فیقهیه‌كان له‌ باس و خواسه‌كانی كه‌نیزه‌ك پاك بكه‌نه‌وه‌ ،ته‌نانه‌ت جورئه‌تی ئه‌وه‌شیان نه‌بوه‌ به‌ كه‌نیزه‌ككردن وه‌ك ئه‌ركێكی ئایینی رێگاپێدراو سه‌یر نه‌كه‌ن، هه‌ربۆیه‌ دوای تاوانی بوكه‌نیزه‌ككردنی نزیكه‌ی چوار هه‌زار ژنی ئێزدی ره‌وت و دامه‌زراوه‌ ئیسلامگه‌راییه‌كانی كورد و جیهانی ئیسلامیش ، ئه‌گه‌رچی تاوانه‌كانی داعشیان مه‌حكوم كرد، به‌ڵام هه‌رگیز پره‌نسیپی به‌ كه‌نیزه‌كردنیان ره‌تنه‌كردوه‌ ، هه‌رگیز نه‌یانتوانی كه‌نیزه‌ككردن وه‌ك پره‌سێكی نا ئینسانی و نا ئه‌خلاقی وێنا بكه‌ن، ئه‌مه‌ش شه‌رمه‌زاری و له‌ هه‌مانكاتدا مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌یه‌ ، جیهانی ئیسلامی ئه‌مرۆ نه‌توانن كتێبه‌ فیقهیه‌كانی خۆیان له‌ بابه‌تێكی وه‌ك كه‌نیزه‌ك پاك بكه‌نه‌وه‌ و ره‌وایه‌تی ئایینی له‌ كرین و فرۆشتنی مرۆڤ بسه‌ننه‌وه‌ ، ده‌ركه‌وتنی نادیه‌ موراد وه‌ك كه‌نیزه‌یه‌كی ئازاد بوو ، وه‌ك ژنێك كه‌ به‌ جورئه‌ته‌وه‌ چیرۆكی به‌ كه‌نیزه‌كبوونی خۆی ئه‌گێرێته‌وه‌ ، ئه‌مه‌ پێش شه‌رمه‌زاركردنی داعش شه‌رمه‌زاركردنی ئه‌و هزر و ئاراسته‌ دینییه‌یه‌ كه‌ هێشتا باوه‌ری به‌ كه‌نیزه‌كردنی ئینسان هه‌یه‌، هێشتا ئاماده‌یه‌ ئیسنان وه‌ك غه‌نیمه‌ت و كه‌ره‌سته‌ی جه‌نك سه‌یر بكات و به‌سه‌ر جه‌نگاوه‌ره‌كانیدا دابه‌شی بكات دووه‌م : ده‌ركه‌وتنی نادیه‌ موراد له‌ شانۆی نێوده‌وڵه‌تیدا ئاشكرابوونی سكانداڵی ده‌سه‌ڵاته‌ هه‌رێمی و ناوچه‌ییه‌كانه‌ له‌ پاراستنی كه‌مایه‌تییه‌ ئایینیه‌كاندا، فه‌شه‌لی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌یه‌ به‌ ئیمتیاز ، ناوچه‌ی شه‌نگال و كه‌مایه‌تی ئێزدی كه‌ به‌ سنووری جوگرافی به‌شێكه‌ له‌ خاكی عێراق و ، له‌ رووی كارگێری و ده‌سه‌ڵاتداریی ناوچه‌ییه‌وه‌ به‌ كرده‌وه‌ له‌ژێر ده‌ستی پارتی دیموكراتی كوردستاندا بوه‌ ، پارتی و ده‌سه‌ڵاته‌ ناوچه‌ییه‌كه‌ی به‌رپرسیار بوو له‌ پاراستنی شه‌نگال و گیانی ئێزدییه‌كان ، به‌ڵام له‌یه‌كه‌مین تاقیكردنه‌وه‌دا ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ شكستی هێنا ، له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م په‌لاماری داعشدا پارتی و هه‌زاران چه‌كداری بێ هیچ به‌رگرییه‌ك شه‌نگالیان ته‌سلیم كرد ،به‌م كاره‌ش یه‌كێك له‌ كه‌مایه‌تیه‌ ئایینیه‌ ره‌سه‌نه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست كه‌وته‌ به‌رده‌م ئه‌گه‌ر جینۆساید، به‌ پێی ئاماره‌ فه‌رمییه‌كانی به‌رێوبه‌رایه‌تی كاروباری ئیزدییه‌كان 3548 سێ هه‌زار و پێنج سه‌د و چل و هه‌شت ژنی ئێزدی كراون به‌ كه‌نیزه‌ك، 2869 پیاوی ئێزدی فرێندراون وه‌ك كۆیله‌ كاریان پێكراوه‌ ، تا ئێستا 71 گۆری به‌ كۆمه‌ڵی ئێزدی دۆزراونه‌ته‌وه‌ ، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌ كۆی 550000 پێنجسه‌د و په‌نجا هه‌زار هاوڵاتی ئێزدی، 360000 سێ سه‌د و شه‌ست هه‌زاریان ئاواره‌ بوون ، له‌و ژماره‌یه‌ نزیكه‌ی 100000 سه‌د هه‌زاریان ئاواره‌ی ولاتانی ده‌ره‌وه‌ بوون ، ئه‌م جینۆسایده‌ گه‌وره‌یه‌ به‌رهه‌می فه‌شه‌لی حوكم و به‌رپرسیارێتی پارتیه‌ ، ده‌ركه‌وتنی نادیه‌ موراد و خه‌ڵاتی نوبڵه‌كه‌شی ئاشكراكردنی ئه‌م شكسته‌ قوڵه‌یه‌ له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و له‌سه‌ر شانۆی جیهانیدا سێیه‌م : ده‌ركه‌وتنی نادیه‌ موراد وه‌ك ده‌نگێكی عیراقی ، وه‌ك كه‌مایه‌تییه‌ك له‌ باكوری عێراقدا و كه‌متر گرێدانه‌وه‌ی جینۆسایدی ئێزدییه‌كان به‌ جینۆسایدی كورده‌وه‌ ، له‌راستیدا به‌ڵگه‌ی فه‌شه‌لێكی روون وقه‌یرانێكی ئه‌خلاقی و سیاسی و فیكری گه‌وره‌یه‌ له‌و تایپه‌ له‌ ناسیۆنالیستی كه‌ به‌سه‌ر گوتاری ناسیۆنالیستی كوردستانی عێراقدا بوونی هه‌یه‌ ، گوتارێك كه‌ كه‌ هیچ رێزێك بۆ پره‌نسیپی هاوڵاتیبوون و یه‌كسانی هه‌موان له‌به‌رده‌م یاسادا دانانێت، گوتارێك كه‌ ناتوانێـت پلورالیزمی ئایینی و كه‌لتووری وه‌ك به‌شێكی بنه‌ره‌تی له‌ بیری ناسیۆنالیستی ته‌ماشا بكات ، گوتارێك كه‌ ئازادی تاكه‌كه‌س و ئازادی سیاسی راسته‌قینه‌ له‌ژێر وه‌همی دوژمنی ده‌ره‌كیدا په‌راوێز ئه‌خات ، له‌ گوتارێكی له‌م شێوه‌یه‌دا ئاساییه‌ ئێزدی جینۆساید بكرێت، چاوه‌روانكراوه‌ كه‌ ئایین و ئایینداری ئێزدی زوك شه‌یتان په‌رست و وه‌ك كه‌مایه‌تیه‌كی په‌راوێزخراو سه‌یر بكرێت، ئیدی ئه‌وه‌ش چاوه‌روانكراوه‌ كه‌ نه‌ نادیه‌ موراد و نه‌ك هیچ ئیزدییه‌ك ئینتیمایان بۆ پرسێكی نه‌ته‌وه‌یی به‌ ناوی پرسی كورد نه‌بیت ، ته‌نانه‌ت بۆ كوردبوونیش ، ئه‌مه‌ش به‌لای منه‌وه‌ بابه‌تێكی ئاساییه‌ ، ئینتیمای مرۆڤ بۆ هه‌ر شتێك مافێكی تایبه‌تیه‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا ئێزدی كه‌مایه‌تییه‌كی ره‌سه‌نی ئه‌م ناوچه‌یه‌ن و كوردن ، به‌ڵام ناسیۆنالیزمی خێله‌كی، بێ فكر و بێ پرۆژه‌، ئه‌وانی له‌ كوردبوون تۆراندوه‌.  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand