Draw Media
هه‌واڵ / كوردستان

(درەو میدیا): ژمارەیەك نوسەرو رۆژنامەنوس‌و ئەكادیمی‌و چالاكی مەدەنی لەبەیاننامەیەكدا ناڕەزایەتی خۆیان ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان‌و رایگشتی كرد سەبارەت بە بڕیارێكی دادگای هەولێر. لەبەیاننامەكەدا، هەنگاوی دادگایی هەولێر بۆ دەستگیركردنی رۆژنامەنوستان:" هەوڵێكە بۆ سانسۆركردن‌و سنورداركردنیی ئازادی رۆژنامەوانیی‌و ئازادی رادەربڕین". دەقی راگەیەنراوی ناڕەزایەتی ژمارەیەك رۆژنامەنوس‌و ئەكادیمی‌و چالاكوانی كۆمەڵی مەدەنی بۆ/ جەماوەری ئازایخوازی كوردستان پەرلەمانی كوردستان دەستەی مافی مرۆڤ  داواكاری گشتی  سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان نوسینگەی یونامی لە هەرێمی كوردستان رێكخراوی پەیامنێرانی بێسنور رێكخراوی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی رێكخراوەكانی بواری ئازادی‌و مافەكانی مرۆڤ‌و ئازادی رادەربڕین بابەت/ راگەیەنراوی ناڕەزایی دەربڕین رۆژی 27ی ئەم مانگە لەشاری هەولێر، سكاڵایەكی یاسایی لەلایەن مەتین بارزانی برازای نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم لەسەر رۆژنامەنوسان (نیاز عەبدوڵڵا‌و محەمەد رەئوف‌و فازڵ رەفعەت‌و نامیق رەسوڵ) سەرنوسەر‌و ئەندامانی دەستەی نوسەرانی ماڵپەڕی (درەو میدیا)‌و رۆژنامەنوس هێمن مامەند سەبارەت بە رووداوی (هۆقەباز) تۆماركراوە‌و راستەوخۆ بڕیاری دەستگیركردنیان بۆ دەركراوە. تۆماركردنی سكاڵاكە بەپێی ماددەی 2ی قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردنە، لەكاتێكدا پێشتر دادوەر نووسراوی ئاڕاستەی سەندیكای رۆژنامەنووسان كردووە‌و دادگا بەڕوونی زانیویەتی كە ئەوان رۆژنامەوانن‌و ئەندامی سەندیكای رۆژنامەنووسانن، بەڵام لە دەرەوەی یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007و ماددەی 9ی یاساكە، بە ماددەی 2ی خراپ بەكارهێنانی ئامێرە پەیوەندیكردن‌و مۆبایل تۆمەتباركراون. رۆژی 27ی ئۆكتۆبەر، رۆژنامەنوس (نیاز عەبدوڵڵا) لەبەردەم دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر ئامادەبووە‌و دادوەر بەپێی ماددەی 2ی یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان، لە بەرژەوەندی سكاڵاكار بڕیاری داوە‌و بە كەفالەتی پێنج ملیۆن دینار ئازادیكردووە، سەرەڕای ئەوەی كە چەند پارێزەرێك داوایان كردووە یاساكە بگۆڕێت بۆ یاسای ژمارە (35)ی ساڵی 2007ی كاری رۆژنامەگەری‌و ماددەی 9، بەڵام دادوەر داواكە رەتكردونەتەوە. هەر لەهەمان رۆژدا‌و بەهەمان ماددە، هەمان دادوەر، رۆژنامەنووس (هێمن مامەند)ی بەند كردووەو تا 3ی 11ی 2019. ناڕەزایەتی‌و نیگەرانی ئێمە لەوێوە سەرچاوەی گرتووە، كە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم رۆژنامەنوسانە بەگوێرەی یاسای رۆژنامەگەری نیە، بەڵكو بەپێی یاسای قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردنە، تەنها بۆ ئەوەی بە قورسترین شێوە سزایان بدەن لەبەرئەوەی سزای راگرتن‌و بەندكردنی تێدایە. ئەم هەنگاوەی دادگای لێكۆلێنەوەی هەولێر، بە ئامانجێكی سیاسی دەزانین‌و هەوڵێكە بۆ سانسۆركردن‌و سنورداركردنیی ئازادی رۆژنامەوانیی‌و ئازادی رادەربڕین. هاوكات، داوا لە دەسەڵاتی سیاسی لە هەولێر دەكەین، كە رێز لە بانگەشەكانی خۆیان بۆ پاراستنی ماف‌و ئازادییەكانی هاوڵاتیان‌و سیستمی دیموكراسی هەرێم بگرن‌و چیتر دادگا‌و دادوەرەكان بۆ مەبەستی سیاسی‌و سەركوتكردنی ئازادییەكان بەكارنەهێنن. بەتایبەتی ئەمە هەمووی لەكاتێكدایە كە گەلەكەمان زیاتر لەهەر كاتێك پێویستی بەیەكگرتوویی هەیە بەرامبەر ئەو دوژمنكارییەی كە دەسەڵات‌و سوپای توركیا بەرامبەر نەتەوەكەمان ئەنجامی دەدات، لێرەوە بەكورتی داوا دەكەین: یان سكاڵاكان لەسەر ئەو رۆژنامەنوسانە هەڵگرن، یان لانی كەم بەگوێرەی یاسای ژمارە 35 كاری رۆژنامەنوسی ساڵی 2007 مامەڵەیان لەگەڵدا بكەن. واژۆ:  ئاسۆس هەردی- رۆژنامەنوس موحسین ئەدیب- نوسەرو مامۆستای زانكۆ شوان محەمەد- رۆژنامەنوس شێركۆ كرمانج- نوسەر‌و ئەكادیمی كەمال چۆمانی- نوسەر ئارام جەمال- چالاكوانی كۆمەڵی مەدەنی شۆخان حەمەڕەشید- پارێزەر‌و چالاكوانی كۆمەڵی مەدەنی سەردار محەمەد- رۆژنامەنوس یاسین تەها- رۆژنامەنوس عەلی كەریمی- نوسەر رەزا مەنوچەهری- رۆژنامەنوس بەهمەن تاهیر نەریمان- نوسەر‌و ئەكادیمیی هەڵشۆ عەبدولفەتاح- چالاكوانی مافی مرۆڤ بەرهەم خالید- راگەیاندكار‌و مامۆستای زانكۆ هاوكار حسێن- رۆژنامەنوس عومەر محەمەد- چالاكی بواری مافی مرۆڤ عەزیز رەئوف- نوسەر‌و ئەكادیمی ئاسۆ هاشم- پارێزەری راوێژكار ئازاد عوسمان- رۆژنامەنوس شەرمین عەلی- رۆژنامەنوس دڵشاد ئەنوەر- رۆژنامەنوس ئومێد قەرەداغی- نوسەر‌و ئەكادیمی سیروان رەشید- رۆژنامەنوس كاوە شێخ عەبدوڵڵا- رۆژنامەنوس ژووان ئەحمەد سەعید- رۆژنامەنوس سوهەیب شێخ ئەحمەد- رۆژنامەنوس كامەران عوسمان- چالاكی مەدەنی مەریوان هەڵەبجەیی- نوسەر‌و وەرگێڕ هانا بابان- چالاكی مەدەنی  كامیل عومەر- راگەیاندكار‌و مامۆستای زانكۆ محەمەد سەڵاح- چالاكی مەدەنی گمۆ محەمەد- چالاكی مەدەنی جبار عەزیز- چالاكی مەدەنی وریا فەتاح- رۆژنامەنوس ئاوات محەمەد- پیروەیس چالاكی مەدەنی بابان جەعفەر- چالاكی مەدەنی  


سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان داوا دەكات كەیسی رۆژنامەنوسانی داواكراو (محەمەد رەئوف، فازل حەمەڕەفعەت، نامیق رەسوڵ، نیاز عەبدوڵا) سەرنوسەرو ئەندامانی دەستەی نوسەرانی (درەو میدیا)، لە رێگەی یاسای ژمارەی 35 ی ساڵی 2007 رۆژنامەوانییەوە، یەكلابكرێتەوە نەك یاساییەكی تر. دەسبەجێ هیمن مامەند بە كەفالەت ئازاد بكرێت. رۆژی دووشەمە هەردوو رۆژنامەنوس (نیاز عەبدوڵا) ئەندامی دەستەی نوسەرانی (درەو میدیا)‌و (هێمن مامەند) ئەندامی دەستەی نوسەرانی سایتی (مەودا پرێس) لەسەر سكاڵایەكی یاسایی هاوڵاتی (مەتین دلۆڤان بارزانی) چوونە بەردەم دادگای هەولێر. سكاڵاكە پەیوەندیدارە بە راپۆرتێكی رۆژنامەوانییەوە كە لە رۆژی 17ی تەموزی ئەمساڵ لە سایتی (درەو میدیا) بڵاوبوەتەوە، سەبارەت بە رووداوی كوشتنی (دیپلۆماتكارێكی توركیا) لە ریستۆرانتی (هۆقەباز)، لە هەولێر. پاش وەرگرتنی وتەی داواكراوان، دادگا بە كەفالەتی (5 ملیۆن) دینار رۆژنامەنوس (نیاز عەبدوڵا)ی ئازادكرد‌و رۆژنامەنوس (هێمن مامەند) راگیرا تاكاتی بەڕێوەچوونی دادگاییەكەی. لە فەرمانی دەستگیركردنەكەدا ناوی هەریەكە لە (محەمەد رەئوف، فازل حەمەڕەفعەت، نامیق رەسوڵ، نیاز عەبدوڵا) سەرنوسەرو ئەندامانی دەستەی نوسەرانی (درەو میدیا) هاتووە. سایتی (درەو میدیا) بڵاویانكردوە "هیچ ئاگاداركردنەوەیەكیان لەلایەن دادگاوە پێنەگەیشتووە، بەڵام بەبێ ئاگاداركردنەوەی پێشوەخت، دادوەر فەرمانی دەستگیركردنی دەركرد‌و‌وە." سەنتەری میترۆ داوا دەكات لەبری سانسۆر و رێوشوێنە یاساییەكان ئەو كەسانەی زەرەرمەندن لە هەواڵ و راپۆرتی رۆژنامەنوسان رێگەی وەڵامدانەوە هەڵبژێرن، ئەگەر رێگەی یاسایش دەگرن، ئەوە دادگاكان لە چوارچێوەی یاسای "تایبەت"ی رۆژنامەگەری و بە پشتبەستن بە مەدەئی (الخاص یقید العام)، لێكۆڵینەوەكانیان لەگەڵ رۆژنامەنوساندا بكەن. سەنتەری METRO داوا دەكات كەیسی رۆژنامەنوسانی داواكراو (محەمەد رەئوف، فازل حەمەڕەفعەت، نامیق رەسوڵ، نیاز عەبدوڵا) سەرنوسەرو ئەندامانی دەستەی نوسەرانی (درەو میدیا)، لە رێگەی یاسای ژمارەی 35 ی ساڵی 2007 رۆژنامەوانییەوە، یەكلابكرێتەوە نەك یاساییەكی تر، دەسبەجێ هیمن مامەند بە كەفالەت ئازاد بكرێت. METRO CENTER سەنتەری میترۆ لە ئابی 2009 بە هەوڵی كۆمەڵێك رۆژنامەنوس و بەرگریكاری مافی مرۆڤەوە، بە هاوكاری رێكخراوی پەیمانگای رۆژنامەنوسانی جەنگ‌و ئاشتی دامەزاروە، بە ئامانجی چاودێری رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی لە هەرێمی كوردستانی عێراق، مۆڵەتی رەسمی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتووە. میترۆ لەسەرەتای دامەزراندنیەوە لە رێگەی پرۆەوە، هەریەك لە رێكخراوەكانی پەیمانگای رۆژنامەنوسانی جەنگ‌و ئاشتی (IWPR) و رێكخراوی گەلی نەرویژی (NPA) و پاڵپشتی میدیای نێودەوڵەتی (IMS)، رێكخراوی (Internews) ی ئەمریكی، وەزراەتی دەرەوەی ئەمریكا، پاڵپشتی كردوە.


درەو میدیا: بڕیارەكەی ئەمڕۆ ئەنحومەنی نوێنەرانی عێراق سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان بە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكیشەوە، كۆتایی بە دانانی پارێزگاری كەركوك هێنا لەلایەن یەكێتی نیشتیمانی و كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستانەوە رێككەوتنی لەسەركرابوو لە رێككەوتنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان كە لە 11ی تەمموزی رابردوودا رایانگەیاند، هەردوولا لەسەر دانانی ( تەیب جەبار) رێككەوتن بۆ پارێزگاری كەركوك و بڕیاریاندا لەماوەی (45) رۆژدا لەلایەن لیستی برایەتی كەركوكەوە  دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام بەهۆی ناكۆكیەكانی نێوانیان نەتوانرا ( تەیب جەبار) وەك پارێزگار لەناو ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك هەڵبژێردریت كە لیستی برایەتی كەركوك لەكۆی (41) ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا(26) ئەندامیان هەبوو، بەو پێیەش بە ئاسانی ئەیانتوانی پارێزگار هەڵبژێرن. بەڵام ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكانی پەسەندكرد تا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كە بریارە لە 1ی نیسانی 2020 بەرێوە بچێت پەرلەمان خۆی سەرپەرشتیی پارێزگاكان دەكات. ئەو كارتەی دەستی كوردی سوتاند لەدانانی پارێزگارێك بۆ كەركوك.  


(درەو میدیا): ئەو پیاوەی ساڵانێكی زۆرە شەقامی كردوەتە گۆڕەپانی پاكتاوكردنی ململانێ سیاسییەكانی‌و دەیان شەو خەوی لە چاوی بڕیاربەدەستانی ناوچەی سەوز زڕاندووە، ئێستا خەمی سەرەكی بوەتە ئەوەی شەقام خۆی بەجێنەهێڵێ‌و بەڕەكە لەژێرپێی دەرنەهێنن. سەرەتای مانگی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ، دەیان هەزاران كەس بەبێ‌ "تویت"‌و بەیاننامە، خۆڕسكانەو توڕەتر لە جاران دژی نادادی كۆمەڵایەتی‌و نەبوونی خزمەتگوزری‌و هەلی كار، رژانە سەر شەقامەكانی بەغدادی پایتەخت، رەنگە ئەم پێشهاتە تازەیە هاوشێوەی زۆرینەی سیاسییەكانی تر، بۆ (موقتەدا سەدر)یش مایەی شۆك‌و تێڕامانبوبێت، چونكە تا ئەو ساتەش لەو بڕوایەدا بووە كە شەقام موڵكی خۆیەتی‌و، ئەو تاكە سەركردەیە بتوانێت لە چاوتروكاندنێكدا سەدان هەزار كەس كۆبكاتەوە، بەڵام ئەو تەقینەوە گەورە جەماوەرییەی كە لەماوەی چەند كاتژمێرێكدا پەلیكێشا بۆ زۆرێك لە پارێزگاكانی ناوەڕاست‌و باشوری عێراق، شتێكی تری پێوتن.   بەنیاز نەبوو بەشداری بكات   ئەوانەی چاودێری دۆخی عێراق دەكەن پێیانوایە، سەدر لەسەرەتادا وایدەزانی خۆپیشاندانەكان كەف‌و كوڵێكەو بەزوویی دادەمركێتەوە، یان وەك ئەو خۆپیشاندانانەی رێكیدەخات، بە تویتێك كۆیاندەكاتەوەو بە ئیشارەتێكیش دەیانێرێتەوە بۆ ماڵەكانیان، بۆیە لە رۆژی دووەمی خۆپیشاندانەكاندا وتی:" ئێمە نامانەوێ‌‌و بە بەرژەوەندیشی نازانین ئەو خۆپیشاندانە میللیە بگۆڕێت بۆ خۆپیشاندانێكی (ڕەوت ئاسا)، (لەلایەن رەوتێكی سیاسییەوە ئاڕاستە بكرێت)، ئەگینا فەرمانمان دەكرد شۆڕشگێڕانی چاكسازی بەشداربن تێیدا، دەمانەوێت پارێزگاری لە میللیی بونەكەی بكەین".  بەم واتایە بێت، موقتەدا سەدر نیازی نەبووە ببێت بە بەشێك لەو خۆپیشاندانانە، بەوتەی خۆی تا ئەو بەرگە میللی‌و خۆرسكەی لێ‌ دانەماڵێت، بەڵام وەك دەوترێت بەردەوامی خۆپیشاندانەكان‌و ترس لە بەجێمانی، سەدر هەنگاو بەهەنگاو گۆڕانكاری لەم بۆچونەیدا كرد، دوو رۆژ دوای ئەو تویتە، سەدر داوای لە كوتلەی سائیرون كرد ئەندامێتیان لە ئەنجومەنی نوینەرانی عێراق هەڵپەسێرن، داواشی لە حكومەت كرد دەست لەكاربكیشێتەوە.  لەدوای ئەم هەڵوێستەوە، سەدر رۆژانە پەیامی هەڕەشەی بۆ دەزگا ئەمنییەكان‌و پشتیوانی بۆ خۆپیشاندەران هەبوو، تا سەرەنجام بەناوی پاراستنی خۆپیشاندەرانەوە (سەریا سەلام)ی كردە پاسەوانیان‌و داواشی لەلایەنگرانی كرد بەشداری لە خۆپیشاندانەكانی 25 ئەم مانگە بكەن.  فشار بۆ دەستكەوتی تایبەت  ئەوانەی بەگومانەوە لەهەنگاوەكانی سەدر ئەڕوانن دەڵێن، لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا ئەوەندی شەقامی بۆ بەرژوەندی خۆی‌و رەوتەكەی بەكارهێناوە‌و دەستكەوتی سیاسی پێچنیوەتەوەو نەیارەكانی پێترساندوە، بەقەد ئەوە نەیتوانیوە ژیانی خەڵك بەهۆی خۆپیشاندانە ملیۆنییەكانییەوە بگۆڕێت، دەشڵێن، وێڕایی ترسی بە جێمانی لە شەقام، ترسێكی گەورەی سەدر لەخۆپیشاندانەكانی ئەمجارە، روخاندنی حكومەت‌و سیستمی سیاسییە، كە شیعەكان رابەڕایەتی دەكەن، هاتنە ناوەوەشی زیاتر بۆ لە قاڵبدانی خۆپیشاندانەكان‌و ریگریكردنە لە گۆڕینی  ئاڕاستە‌و دروستبونی سەركردایەتییەكی نوێ، كە رەنگە ببێتە مەترسی بۆ هەموو بڕیار بەدەستانی عێراق بە سەدر خۆشیەوە. بەشێكی تری رەخنەكان لەسەدر لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەگەر تا خۆپیشاندانەكانی 2016ش، كە لایەنگرانی توانیان بچنە ناوچەی سەوزو پەلاماری دامەزراوەكانی دەوڵەت بدەن، بۆچونەكانیان سەبارەت بە دەسەڵات جۆرێك لە رەوایەتی تێدا بوبێت، بەوپێیەی خۆیانیان لە پەراوێزدا دەبینی‌و، حزبی دەعوە بڕیار بەدەستی یەكەمی عێراق بوو، ئەوا بۆ ئەم قۆناغە قسەكردن بەزمانی ئەوكاتە جۆرێكە لە چەواشەكاری‌و هەڵخەڵەتاندنی شەقام.  خۆی بنیاتی ناوە نایڕوخێنێت لە دوای هەڵبژاردنی 2018، هاوپەیمانی (سائیرون) كە پلەی یەكەمی لەسەر ئاستی عێراق بەدەستهێنا، سەدر بووە بڕیاردەری سەرەكی‌و پێكهێنەری بنەڕەتی حكومەت، لەژێر فشاری موقتەدا سەدردا حزبی دەعوە كە لە ساڵی 2005وە، لە ترۆپكی بڕیاردان دابوو لە عێراق، دورخرایەوە، وێڕایی سەپاندنی كەسایەتییەكی بێلایەن (عادل عەبدولمەهدی) بە سەرۆك وەزیرانی عێراق، هەر وەزیرێك لەم كابینیەدا سەدر تێبینی لەسەری هەبوبێت، ئەگەر لەلایەن كوتلەكانی تریشەوە كاندیدكرابێت، نەیتوانیوە قاچ بخاتە هیچ وەزارەتێكەوە، تەنانەت چەند مانگێك پۆستەكانی هەردوو وەزارەتی ناوخۆو بەرگری چۆڵ بوون، چونكە سەدر ڕازی نەبوو بدرێت بەزۆرێك لەو كاندیدانەی دیاریدەكران.  خۆی ناكات بەخاوەنی یەكێك لەو رەخنەنانەی تر كە لە موقتەدا سەدر دەگیرێن، دەربازكردنی خۆی‌و هەڵواسینی شكستە بەملی ئەوانەی تردا، بەڕای هەندێك داواكاری دەستلەكاركێشانەوەی حكومەت لەلایەن موقتەدا سەدرەوە هەم داواكارییەكی جدی نییە‌و هەم رەوایەتیشی تێدانییە، جدی نییە بەوپێیەی ئەگەر سەدر مەبەستی بێت لەگەڵ عامری كە پێكەوە (عەبدولمەهدی)یان هێناوەتە پێشەوە، دەتوانن بە ئاسانی دوریبخەنەوە، ئەوە لەكاتێكدایە بەپێی زۆرێك لەسەرچاوە ئاگادارەكان هەر لەسەرەتای خۆپیشاندانەكانەوە سەرۆك وەزیرانی عێراق خواستی دەستلەكاركێشانەوەی هەبووە، بەڵام لەژێر فشاری هێزە سیاسییەكاندا كە دورنییە سەدر لایەنێكی سەرەكی بێت، عەبدولمەهدی پەشیمانكراوەتەوە. ناڕەوایەتیەكەشی لەوەدایە، كە سەرۆك وەزیرانی عێراق پیاوێكی تەنهاو بێكەسە، زۆرێك لەو وەزیرانەشی ئێستا لەكابینەكەیدان سەپێنراون بەسەریدا، لەكاتێكدا پێشتر بەرنامەی هەبوو لەڕێی سیڤییەوە خەڵكی پسپۆڕو شارەزا لەپۆستە وزارییەكان دابنێت، بەڵام ململانێی كوتلە سیاسییەكان رێگەی نەدا، بەم پێودانگەش ئەگەر حكومەت كەموكورتی هەبێت، پێش عەبدولمەهدی ئەو لایەنانە بەرپرسن كە بڕیارەكانی خۆیان بەسەر عەبدولمەهدی دا سەپاندەوە نەك پێچەوانەكەی.  وێڕای هەموو ئەو رەخنانەش كە ئاڕاستەی موقتەدا سەدر دەكرێن، بۆچونێكی تریش هەیە دەڵێت، موقتەدا سەدر تاكە سیاسییە لە عێراق كە بەردەوام لەناو خەڵك‌و هەڵگری خەمەكانیان بووە، زۆرێك لەو چاكسازییانەشی حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق كردویانە لەژێر هەڕەشەو فشاری ئەودا بووە.


(درەو میدیا): دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كوژرانی ئەبوبەكر بەغدادی راگەیاند  قسەكانی ترەمپ لەبارەی كوژرانی ئەبوبەكر بەغدادی خەلیفەی "داعش"ەوە: ? هێزێكی ئەمریكی شەوی شەممە ئەبوبەكر بەغدادییان لەگەڵ ژمارەیەك هاوەڵیدا كوشت. ? بەغدادی كوژرا دوای ئەوەی هێلەكە بۆمبڕێژكراوەكەی تەقیوەتەوە. ? ژمارەیەكی زۆر لە هاوڕێكانی بەغدادیش كوژراون. ? لە پرۆسەكەدا هیچ كەسێك لە هێزەكەی ئەمریكا نەكوژراوە. ? دوای ئەو پشكنینانەی كە دوای هێرشەكە ئەنجامدراوە، ناسنامەی بەغدادی دیاریكراوە. ? هێزە تایبەتەكانی ئەمریكا زانیاری گرنگیان دەستكەوت لەبارەی شوێنی ئۆپراسیۆنەكە لە پارێزگای ئیدلبی باكوری سوریا. ? ئەو هێزەی كە ئۆپراسیۆنەكەی جێبەجێكردووە، بۆماوەی نزیكەی دوو كاتژمێر لە شوێنی ئۆپراسیۆنەكە ماونەتەوە. ? هەشت هێلیكۆپتەر بەشدارییان لە ئۆپراسیۆنەكەدا هاتووە. ? بەر لە مانگێك ئاماژەی ئەرێنیمان لەبارەی شوێنی بەغدادییەوە پێدەگەیشت. ? بەر لە دوو هەفتە توانیمان شوێنی بەغدادی دیاری بكەین. ? من لەگەڵ مایك پێنس‌و كەسانی تر راستەوخۆ تەماشای ئۆپراسیۆنەكەمان دەكرد. ? هێزەكەی ئەمریكا لەكاتی گەیشتی بەو كۆمەڵگەیەكی كە ئەبوبەكر بەغدادی تێدا بوو، روبەڕووی تەقەلێكردن بووەوە. ? دەروازەی سەرەكی كۆمەڵگەكە بۆمبڕێژكرابوو. ? لەكاتی هێرشەكەی ئەمریكادا بەغدادی 3 منداڵی كوشتووە، بەڵام 11 منداڵی تر كە لە شوێنەكەدا بوون، لە پرۆسەكەدا بەرنەكەوتوون. ? سوپاسی روسیا، توركیا، سوریا، عێراق، هێزە كوردییەكان دەكەم بەهۆی یارمەتییەكانیان لە ئۆپراسیۆنی كوشتنی بەغدادیدا. ? روسیا بەشێوەیەكی جوان مامەڵەی لەگەڵ كردین، لەكاتی جێبەجێكردنی ئۆپراسیۆنەكەدا بواری ئاسمانی خۆیان بۆ كردینەوە.


(درەو میدیا): مەسعود بارزانی پشتیوانی خۆی بۆ مانەوەی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق و جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی بۆ چاکسازی راگەیاند. فاڵح فەیاز راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە سەرۆکایەتی شاندێک گەیشتە پیرمام و لەگەڵ مەسعو بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبووەوە. بەپێی هەواڵی سایتی (بارەگای بارزانی)، لە كۆبوونەوەکەدا "بیروڕا لەبارەی گرژی و خۆپێشاندانەكانی بەغدادو پارێزگاكانی باشووری عێراق ئاڵوگۆڕ كراوە، هەردوولا پاڵپشتیی خۆیان بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراقی دووپاتكردەوە لە جێبەجێكردنی چاكسازی و داوكارییە رەواكانی هاووڵاتیان و خۆپێشاندەران". پاڵپشتیکردنی بارزانی لەمانەوەی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەکاتێکدایە خۆپیشاندەران لە شەقام داوای هەڵوەشاندنەوەی حکومەتەکەی دەکەن. هەڵوێستی بارزانی هاوتەریبە لەگەڵ هەڵوێستی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکان لە عێراق کە پشتیوانی مانەوەی عەبدولمەهدی و جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانە دەکات کە بۆ چاکسازی داویەتی. بارزانی کە هیچ پۆستێکی حکومی نییە، لەبری حکومەت و پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم هەڵوێستی کوردی سەبارەت بە رووداوکانی عێراق راگەیاند. بارزانی پێشترو لەسەرەتای خۆپیشاندانەکانی عێراقەوە لە دیدارێکدا لەگەڵ ئەیاد عەلاوی پشتیوانی خۆی بۆ مانەوەی عەبدولمەهدی راگەیاندو وتی:" هەرێم دژی هەر رێوشوێنێکە لە دەرەوەی دەستور بۆ گۆڕینی سەرۆک وەزیران". بارزانی کە کوڕەکەی (مەسرور بارزانی) سەرۆکی حکومەتەو برازاکەی (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆکی هەرێمە، یەکێک بوو لەوانەی پشتوانی دانانی عەبدولمەهدی کرد لە پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەو چاوی لەوەیە عەبدولمەهدی بۆماوەی ساڵێکی تر بەبێ رادەستکردنی نەوت بە بەغداد، لە بودجەی عێراق پارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین بکات، ئەمەش خواستێکە کە روبەڕووی ناڕەزایەتی لایەنە شیعەکانی عێراق بووەتەوەو بووە بە فشار لەسەر عەبدولمەهدی. بارزانی وەکو یەکێک لە دۆستەکانی کورد تەماشای عەبدولمەهدی دەکات و دەیەوێت بۆ سێ ساڵی ئایندە تا کۆتایی خولەکەی بمێنێتەوەو هاوکارو پاڵپشتی مەسرور بارزانی کوڕی بێت کە ئێستا یەکەم ئەزموونی خۆی لە پۆستی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەبات.  


(درەو میدیا):  لەسەر سكاڵای برازایەكی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، دادگای هەولێر بڕیاری دەستگیركردن بۆ تەواوی ستافی (درەو میدیا)‌و رۆژنامەنوس (هێمن مامەند) دەركرد. ئەمڕۆ هەردوو رۆژنامەنوس (نیاز عەبدوڵا) ئەندامی دەستەی نوسەرانی (درەو میدیا)‌و (هێمن مامەند) ئەندامی دەستەی نوسەرانی سایتی (مەودا پرێس) لەسەر سكاڵایەكی یاسایی مەتین دلۆڤان بارزانی چوونە بەردەم دادگای هەولێر. دوای وەرگرتنی وتە لێیان، دادگا بە كەفالەتی (5 ملیۆن) دینار رۆژنامەنوس (نیاز عەبدوڵا)ی ئازادكرد‌و رۆژنامەنوس (هێمن مامەند) راگیرا تاكاتی بەڕێوەچوونی دادگاییەكەی.  چەند پارێزەرێك لە دادگای هەولێر بە (درەو میدیا)یان راگەیاند، مەتین بارزانی سكاڵای یاسایی لەسەر تەواوی ستافی (درەو میدیا) تۆماركردووە‌و سكاڵاكە پەیوەندیدارە بە راپۆرتێكی رۆژنامەوانییەوە كە لە رۆژی 17ی تەموزی ئەمساڵ لە سایتی (درەو میدیا) بڵاوبوەتەوە، سەبارەت بە رووداوی كوشتنی "دیپلۆماتكارێكی توركیا" لە ریستۆرانتی "هۆقەباز" لە هەولێر. لە فەرمانی دەستگیركردنەكەدا ناوی هەریەكە لە (محەمەد رەئوف، فازل حەمەڕەفعەت، نامیق رەسوڵ، نیاز عەبدوڵا) سەرنوسەرو ئەندامانی دەستەی نوسەرانی (درەو میدیا) هاتووە. مەتین بارزانی لە رۆژی 22ی تەموزی رابردوو سكاڵا یاساییەكەی تۆماركردووە، بەڵام تا ساتی نوسینی ئەم هەواڵە ستافی (درەو میدیا) هیچ ئاگاداركردنەوەیەكی لەلایەن دادگاوە پێنەگەیشتووە، بەڵام بەبێ ئاگاداركردنەوەی پێشوەخت، دادوەر فەرمانی دەستگیركردنی دەركرد‌و‌وە. بەپێی ئەو زانیارییانەی كە پارێزەرەكان لە هەولێرەوە بە (درەو میدیا)یان راگەیاندووە، مەتین بارزانی بەپێی یاسای ژمارەی (2)ی خراپ بەكارهێنانی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان سكاڵای لەسەر ئەو (5) رۆژنامەنوسە تۆماركردووە، ئەوە لەكاتێكدایە ئەو بابەتەی كە بڵاوبوەتەوە، بابەتێكی رۆژنامەوانییە‌و دەبوو بەپێی یاسای ژمارەی 35 ی ساڵی 2008 كاری رۆژنامەوانی، سكاڵاكە تۆماربكرایە.  


درەو میدیا:  لە كۆی ( 3 هەزار و 322 )كۆمپانیای بیانی ( 1423 )كۆمپانیای توركین كە دەكاتە(43%)ی كۆی كۆمپانیا بیانییەكانی هەرێمی كوردستان. بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تۆماری كۆمپانیاكان، تاوەكو كۆتایی مانگی ئەیلولی ئەمساڵ تێكڕای ژمارەی كۆمپانیا تۆماركراوەكان لە هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە( 30 هەزار و 99) كۆمپانیا، لەم ژمارەیەش( 26 هەزار و 777 )كۆمپانیا خۆماڵین و( 3 هەزار و 322 )كۆمپانیاش بیانین. ئاراس شێخ رەئوف، بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری كۆمپانیاكان بە وەكالەت بە روداوی راگەیاندووە:  لە هەرێمی كوردستان لق و ئۆفیسی( 3322 )كۆمپانیای (85 )وڵاتی بیانی هەن. توركیا بە كردنەوەی لق و ئۆفیسی( 1423 )كۆمپانیا كە دەكاتە(43%)ی كۆی كۆمپانیا بیانییەكان، بە پلەی یەكەم دێت. ئێران بە كردنەوەی لقی (361 )كۆمپانیا بە رێژەی( 11% )بە پلەی دووەم دێت، پلەی سێیەم بەر  ئیمارات كەوتووە بە كردنەوەی لقی(185 )كۆمپانیا. بەریتانیا(147 )لقی كۆمپانیای لە كوردستان هەیە، ئەمریكا( 140) و ئوردن(109 )لقی كۆمپانیای لە كوردستانە.


درەو میدیا: لە كەمپەینی كۆكردنەوەی هاوكاری بۆ رۆژئاوای كوردستان بەرێوەبەری پەروەردەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی ( 250 ملیۆن ) دیناریان بۆ رۆژئاوای كوردستان كۆكردۆتەوە. دڵشاد عەبدولڕەحمان بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بڕی ئەو پارەیە خستە روو كە لە بەرێوەبەرێتی پەروەردەكانەوە كۆكراونەتەوە بەم شێوەیە: •    بەرێوەبەرێتی پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانی 43 ملیۆن دینار  •    بەرێوەبەرێتی پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی 33 ملیۆن دینار  •    پەروەردەی رانیە 33 ملیۆن دینار  •    پەروەردەی دوكان  20 ملیۆن دینار  •    پەروەردەی چەمچەماڵ 33 ملیۆن دینار  •    پەروەردەی پێنجوێن 8 ملیۆن دینار  •    پەروەردەی شارەزوور 9 ملیۆن دینار  •    پەورەردەی شارباژیر 5 ملیۆن دینار  •    بەرێوەبەرێتی خوێندنی ناحكومی 5 ملیۆن دینار   •    پەروەردەی سەید سادق 17 ملیۆن دینار  •    پەروەردەی دەربەندیخان 21 ملیۆن دینار  •    پەروەردەی قەرەداغ 863 هەزار دینار  •    پەروەردەی پشتدەر 12 ملیۆن دینار   https://www.facebook.com/drawmedia/videos/554039728676575/


درەو میدیا: بەپێی نەخشەی  رێككەوتنەكەی نێوان روسیا و توركیا، رۆژئاوای كوردستان بەسەر چەندین زۆنی سەربازی دابەشدەكرێت و مەزڵوم كۆبانیش رێككەوتنەكەی روسیا و توركیا بە سەركەوتنی سیاسەتی كوردی ناودەبات بەپێی رێككەوتنە 10 خاڵیەكەی نێوان توركیا – روسیا "لە كاتژمێر 12:00ی نیوەڕۆی 23ی ئۆكتۆبەری 2019ەوە پۆلیسی سەربازی رووسیا و پاسەوانی سنووری سووریا لە دیوی سووریا لە ناوچەی سنووری نێوان توركیا و سووریا و لە دەرەوەی ناوچەی ئۆپەراسیۆنی "كانی ئاشتی" دەبێت بۆ كارئاسانی گواستنەوەی یەكینەكانی پاراستنی گەل و چەكەكانیان بۆ قوڵایی 30 كیلۆمەتر لە دووری سنووری توركیا، پێویستە ئەو پرۆسەیە لە ماوەی 150 كاتژمێردا كۆتایی بێت. لەو چركە ساتەوە، دەورییەی هاوبەشی رووسیا و توركیا لە خۆرئاوا و خۆرهەڵاتی ناوچەی ئۆپەراسیۆنی "كانی ئاشتی" بە قوڵی 10 كیلۆمەتر جگە لە شاری قامیشلۆ لە ئەركدا دەبن". بە پێی نەخشەی رێككەوتنەكەی روسیا – توركیا كە میدیاكانی توركیا بڵاویانكردەوە،  رۆژئاوای كوردستان بۆ پێنج زۆنی سەربازی دابەشكراوە: •    ناوچەی ئۆپەراسیۆنی كانی ئاشتی. •    ناوچەی ژێر كۆنترۆڵی سوپای توركیا - ڕوسیا. •    ناوچەی ئارام و داماڵراو لە هەسەدە. •    ناوچەی ژێر كۆنترۆڵی یەپەگە •    قەڵغانی فوڕات و ناوچەی ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتون. •    ناوچەی ڕژێمی (ئەسەد) سوریا.  دوای رێككەوتنەكە مەزڵوم كۆبانی فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات رایگەیاند" بەبەراورد بە شەری دڕندانە رێككەوتنەكەی نێوان روسیا – توركیا سەركەوتنێكی گەورەیە بۆ سیاسەتی كوردی، هێزە كوردییەكان لەتەواوی ناوچەكانیان دەمێننەوە كە ئێستای بونیان هەیە تیایدا" دەقی رێككەوتنە 10 خاڵییەكەی نێوان رووسیا – توركیا یەكەم: هەردوولا بەڵێندەدەن پارێزگاری لە یەكێتی سیاسی و یەكپارچەیی خاكی سووریا و ئاسایشی نیشتمانی توركیا بكەن. دووە: هەردوولا جەختیان لەسەر بەرەنگاربوونەوەی هەموو چەشنەكانی تیرۆر و تەواوی هەوڵە جوداخوازییەكان لە خاكی سووریا كردەوە. سێیەم: بە قووڵایی 32 كیلۆمەتری ئۆپەراسیۆنی كانی ئاشتی كە گرێ سپی و سەرێ كانی لەخۆدەگرێ، پارێزگاری لێدەكرێت. چوارەم:  هەردوولا گرنگی رێككەوتننامەی ئەدەنە پشتڕاستدەكەنەوە. رووسیا لە هەلومەرجی پێویستدا ئاسانكاری بۆ رێككەوتننامەی ئەدەنە دەكات. پێنجەم:  لە 23ی تشرینی یەكەمی 2019 دوای كاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆوە پۆلیسی سەربازی رووسیا لەگەڵ پاسەوانانی سنووریی سووریا ئەو سنوورەی سووریا - توركیا كە دەكەوێتە دەرەوەی سنووری ئۆپەراسیۆنی كانیاوی ئاشتی بەرەو سنووری سووریا دەچنەژوورەوە، بۆ كارئاسانكردنی كشاندنەوەی یەپەگە و چەكەكانی بە مەودای 30 كیلۆمەتر لە سنووری توركیا - سووریاوە. ئەم كارە لە ماوەی 150 كاژێردا تەواوبكرێت. لەوكاتەدا لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای سنووری هەنووكەیی ئۆپەراسیۆنی كانی ئاشتییەوە بە فراوانیی 10 كیلۆمەتر 'جگە لە قامشلۆ' گەڕانی هاوبەشی توركیا - رووسیا دەستیپێدەكرێت. شەشەم:  تەواوی ئەندامانی یەپەگە بە چەكەكانیانەوە لە منبج و تەلڕەفعەت دەكرێنە دەرەوە. حەوتەم:  هەردوولا هەنگاوی پێویست دەگرنەبەر بۆ رێگریكردن لە دزەكردنی یەكە تیرۆریستییەكان. هەشتەم:   هەوڵی هاوبەش دەستپێدەكات بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بە شێوەیەكی ئارەزوومەندانە و پارێزراو. نۆیەم: میكانیزمێكی هاوبەشی چاودێریكردن و پشتڕاستكرنەوە دادەمەزرێندرێت بۆ چاودێریكردن و جێبەجێكردنی ئەم لێكتێگەیشتنە. دەیەم:  هەردوولا بەردەوامدەبن بۆ كاركردن سەبارەت بە دۆزینەوەی چارەسەرێكی هەمیشەیی سیاسی بۆ قەیرانی سووریا لە چوارچێوەی میكانیزمی ئاستانا و پشتیوانی كۆمیتەی دەستووری دەكەن.  


راپۆرت: فازڵ حەمە رەفعەت – محەمەد رەئوف سبەینێ لە شاری سلێمانی تەرمی دوو سەركردەی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە مەراسیمێكدا بەرێ دەكرێت، ئەوان هەفتەیەك لەمەوبەر لە هێرشێكی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی توركیادا لە چیای ئەزمەڕ تیرۆركران. زیاتر لە دوو ساڵە، شەڕی توركیا لەدژی پارتی كرێكارانی كوردستان پێی ناوەتە قۆناغێكی نوێوە، ئێستا سوپا‌و هەواڵگری توركیا تەنیا لە ناوچە سنورییەكان شەڕ ناكەن، تیرۆری سەركردە سیاسی‌و سەربازییەكانی (پەكەكە)یان گواستوەتەوە بۆ ناو شارەكانی هەرێمی كوردستان‌و لەماوەی ساڵێكدا (5) ئەندامی كۆنسەی سەرۆكایەتی (كەجەكە) تیرۆركراون، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا وردەكاری شەڕەكە لەسەر خاكی هەرێمی كوردستان‌و شكستهێنانی هەوڵێك بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی ئاشكرادەكات. ئێوارەیەك لە ئەزمەڕ ! هەفتەیەك لەمەوپێش‌و بەدیاریكراوی لە ئێوارەی رۆژی 15ی مانگدا، هەواڵی روودانی تەقینەوەیەك لە چیای ئەزمەڕ لە شاری سلێمانی، بڵاوبووەوە، ئەوكات چەند سەرچاوەیەك بە (درەو میدیا)یان راگەیاند، روداوەكە هێرشی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركیا بووە‌و دوو سەركردەی (پەكەكە) لە هێرشەكەدا تیرۆركراون. رۆژی دوای تەقینەوەكە، (درەو میدیا) پەیوەندی بە سەركەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانییەوە كرد، ئەو پێی راگەیاندین، هیچ شتێك لەسەر رووداوی تەقینەوەكەی چیای ئەزمەڕ نازانێت‌و ئەو كەیسە لای ئاسایشە‌و ئەوان لێكۆڵینەوەی لەسەر دەكەن. بەلەبەرچاوگرتنی هەستیاریی رووداوەكە لەسەر بارودۆخی هەرێمی كوردستان‌و نەبووی سەرچاوەی پێویست بۆ پشتڕاستكردنەوەی زانیارییەكان، (درەو میدیا) خۆی لە بڵاوكردنەوەی زانیارییەكان بەدورگرت، دواتر زانیارییە پشتڕاستنەكراوەكان دزەیانكردە ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان. ئاسایشی هەرێم چی دەڵێت ؟ دواجار‌و دوای هەفتەیەك لە رووداوەكە، بەیانی ئەمڕۆ (دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان) بەفەرمی هەواڵی تیرۆركردنی دوو بەرپرسەكەی (پەكەكە)ی پشتڕاستكردەوە‌و رایگەیاند:" ئێوارەی رۆژی 15/10/2019 لەنێوان سەعات 17:10 دەقیقە بۆ 17:15 دەقیق، دوو كادری باڵای پارتی كرێكارانی كوردستان بەناوەكانی (جەمیل)‌و (دەمهات) لەسەر شاخی ئەزمەڕ لەناوچەیەكی گەشتیاری‌و لەناو خەڵكی مەدەنیدا بەشێوەیەكی دڕندانە كراونەتەئامانج". دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە رونكردنەوەكەیدا بۆ رایگشتی جەختی لەسەر چەندخاڵێك كردووە كە ئەمانەن: •    ئەو دوو كەسەی كە كراونەتەئامانج، ئەندامی باڵای كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە)ن. •    بێ ئاگاداری لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان هاتونەتە ناوچەكە. •    لەلایەن فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكانی توركیاوە لەناو خەڵكی مەدەنیدا كراونەتەئامانج. •    ئەوەی رویداوە دەستپێشخەری‌و پێشهاتێكی مەترسیدارە‌و خزمەت بە ئاسایشی هاوبەش‌و پێكەوەژیان ناكات (واتە لەنێوان توركیا‌و هەرێمی كوردستان)دا. •    ئیدانەی هەموو پێشێلكارییەك دەكەین لە خاك‌و سیادەی عێراق‌و هەرێمی كوردستان. •    داوا لە هەموو لایەك دەكەین خاكی عێراق‌و كوردستان بەكارنەهێنن بۆ هێرشكردنەسەر وڵاتانی دراوسێ. •    ئاسمانی هەرێمی كوردستان لەژێر كۆنترۆڵی دەسەڵاتی فڕۆكەوانی مەدەنی عێراقدایە، ئەو رادارەی كە كەشفی ئاسمانی هەرێمی كوردستان دەكات لەژێر كۆنترۆڵی هەرێمدا نییە. كەجەكە چی دەڵێت ؟ لەدوای راگەیەندراوەكەی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستانەوە، كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) كە چەتری كۆكەرەوەی دامەزراوەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)یە، راگەیەندراوێكی بۆ رایگشتی بڵاوكردەوە‌و ئاشكرایكرد، تەرمی ئەو دوو كەسەی كە لە چیای ئەزمەڕ كرانەئامانج، سبەینێ لە شاری سلێمانی بەخاكدەسپێردرێن، بەپێی ئەوەی لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە: •    ئەو دوو كەسەی كە كراونەتە ئامانج لە چیای ئەزمەڕ یەكێكیان ناوی (سەیدخان ئایاس)ە بە "دەمهات عەگید" ناسراوە، ئەوی تر ناوی (ئەسەر ئرماك)ە‌و بە "جەمیل ئامەد" ناسراوە. •    ئەو دوو كەسەی كە كراونەتە ئامانج، یەكەمیان بۆ كاری "سیاسی‌و دیپلۆماتی" لە سلێمانی بووە، دووەمیشیان برینداری سەنگەر بووە‌و بەهۆكاری "تەندروستی" لە سلێمانی بووە. •    ئەو دوو كەسە لە ئۆپراسیۆنێكی سەربازی "ئاسمانی"دا بەئامانجگیراون. •    هەندێك "هێزی هەرێمی"‌و "سیخوڕ" لەم هێرشەدا هاوكاری توركیایان كردووە. •    پێویستە یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و پەرلەمان‌و حكومەتی هەرێم رونكردنەوە لەسەر هێرشەكە بدەن. •    نابێت مافی ژیان بەو كەسانە بدرێت كە خۆفرۆش‌و سیخوڕن، گەل دەبێت وەڵامی ئەو هێرشە بداتەوە. كورتەیەكی پێویست رۆژی 3ی ئابی ساڵی 2017 هێزێكی تایبەتی (پەكەكە) لە سنوری قەزای دوكانی سەربە پارێزگای سلێمانی دوو ئەفسەری سەربە دەزگای هەواڵگری توركیا (میت)یان رفاند، بەپێی قسەی (پەكەكە)، ئەو كەسانە پلانیان داڕشتبوو بۆ تیرۆركردنی (جەمیل بایك) هاوسەرۆكی (كەجەكە). رفاندنی ئەو دوو ئەفسەرە لەلایەن (پەكەكە)وە لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتی، لە ناوخۆی توركیا كاردانەوەی زۆری لێكەوتەوە، لە یەكەم كاردانەوەدا توركیا رۆژی 24/8/2018 (بەهرۆز گەڵاڵی) نوێنەری یەكێتی نیشتمانی لە ئەنكەرە دەركرد‌، گەڵاڵی گەڕایەوە بۆ هەرێمی كوردستان‌و دواتر نوێنەرایەتی یەكێتی لە ئەنكەرە كرایەوە. رووداوی رفاندنی ئەفسەرەكانی (میت) لەلایەن (پەكەكە)وە سەرەتای دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێی روبەڕووبونەوەی نێوان توركیا‌و (پەكەكە) بوو لەسەر گۆڕەپانی هەرێمی كوردستان بەدیاریكراویش لە زۆنی "سەوز"ی ناوچەی قەڵەمڕەویی یەكێتی. لەدوای ریفراندۆمەكەی هەرێمی كوردستانیش، توركیا گەشتە ئاسمانییەكانی هەردوو فڕۆكەخانەی هەولێرو سلێمانی داخست، پاش گەڕانەوەی كورد بۆ بەغداد‌و كۆتایهاتنی ریفراندۆم‌، توركیا لە رۆژی 24ی ئازاری 2018دا دوای (پێنج) مانگ ئاسمانی خۆی بەڕووی گەشتەكانی فڕۆكەخانەی هەولێر كردەوە، بەڵام دوای ساڵێك‌و چوارمانگ ئاسمانی خۆی بەڕووی گەشتەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانیدا كردەوە. بەرپرسانی ئەنكەرە یەكێتی نیشتمانی تۆمەتبار دەكەن بەوەی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی كردوەتەوە بۆ پەكەكە. ساڵی رابردوو كەناڵێكی تەلەفزیۆنی توركیا بەناوی (ئەی خەبەر) راپۆرتێكی لەبارەی جموجوڵەكانی (پەكەكە) لە شاری سلێمانی بڵاوكردەوە‌و تێیدا وێنەی پەرلەمانتارێكی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی نیشان دەدات كە لەگەڵ جەمیل بایك هاوسەرۆكی (كەجەكە) دایە. راپۆرتەكەی ئەو كەناڵەی توركیا دیمەنی رێستۆرانتێكی شاری سلێمانی نیشان دەدا كە وێنەی سێ سەركردەی (پەكەكە)ی هەڵواسیوە، ئەو سێ سەركردەیە بریتین لە هەریەك لە (جەمیل بایك- دۆران كاڵكان- مورد قەرەیلان) كە نەك توركیا، بەڵكو ئەمریكاش خەڵاتی دارایی داناوە بۆ هەر كەسێك كە زانیاری لەبارەی شوێنیانەوە بدات.  رۆژی شەشی تەمموزی ساڵی رابردوو، مەولود چاوەشئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی توركیا لە دیدارێكدا لەگەڵ سەرنوسەرانی ئاژانسی (ئەنادۆڵ)ی وڵاتەكەی ئاشكرایكرد:" لەگەڵ وەزیرێكی سەربە یەكێتی نیشتمانی لە حكومەتی هەرێم كۆبوەتەوە‌و ئەو وەزیرە پێی راگەیاندووە پەكەكە لەناو یەكێتیدا خاوەنی هەژمون‌و بڕیارە". پەیوەندییەكی ناجێگیر ! رۆژی 4ی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، هاكان كاراچای كونسوڵی گشتی توركیا لە هەولێر سەردانی سلێمانی كرد‌، لە دەباشان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی كۆبوەوە، هەر ئەوكات لە بەغداد فاتیح یەڵدز باڵیۆز توركیا لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار‌و جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كۆبوەوە. لەوكاتەدا سەركردەكانی یەكێتی هەوڵێكیان دەستپێكردبوو بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ توركیا‌، ئامانجی هەوڵەكە كردنەوەی ئاسمانی توركیا بوو بەڕووی گەشتەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانیدا. ئەوكات (درەو میدیا) ئاشكرایكرد، توركیا چەند مەرجێكی هەبووە بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی، یەكێك لە مەرجەكان كۆتاییهێنان بوو بە جموجوڵەكانی (پەكەكە) لە زۆنی سەوز‌.  27ی تشرینی یەكەمی 2018، هێزێكی ئاسایشی سلێمانی بارەگای (تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگەی كوردستان)ی لە گەڕەكی (چوارباخ)ی شاری سلێمانی، گەمارۆدا، ئاسایش ماوەی (24) كاتژمێر مۆڵەتی بە تەڤگەری ئازادی دا بارەگاكەی دابخات، ئەمەش بە بەهانەی ئەوەی ئەو حزبە مۆڵەتی یاسایی نییە. تەڤگەری ئازادی ساڵی 2014 دامەزراوە، باڵی سیاسی (پەكەكە)یە لە هەرێمی كوردستان‌و درێژكراوەی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان (پەچەدەكە)یە كە پێشتر خۆی هەڵوەشاندەوە. دوای نزیكەی سێ مانگ لە داخستنی بارەگای ئەو پارتە لە سلێمانی، توركیا ئاسمانی خۆی بەڕووی گەشتەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی كردەوە. پەیوەندی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و توركیا بەدرێژایی سێ دەیەی رابردوو بەردەوام پەیوەندییەكی پڕ لە هەڵبەرزو دابەرزو ناجێگیر بووە. نەوەدەكانی سەدەی رابردوودا لە سەردەمی سەرۆكایەتی تۆرگۆت ئۆزال (1989-1993)، جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی هەوڵیدا پەیوەندییەكانی حزبەكەی لەگەڵ توركیا توندوتۆڵ بكات‌، ساڵی 1992 تاڵەبانی لەگەڵ ئۆزال كۆبوەوە. هەر لەو ساڵەدا یەكێتی‌و پارتی شەڕیان لەدژی (پەكەكە) راگەیاند، بە بەهانەی ئەوەی بەهۆی ئەوانەوە هەرێمی كوردستان كەوتوەتەبەر هەڕەشەی هێرش‌و گەمارۆی توركیا. لەدوای نەخۆشكەوتنی جەلال تاڵەبانی‌و دووركەوتنەوەی لە شانۆی سیاسی، سەركردەكانی یەكێتی سەرباری ئەوەی حزبەكەیان لە ئەنكەرە نوێنەرایەتی هەبوو، بەشێوەیەكی ئاشكرا پەیوەندییان لەگەڵ (پەكەكە) توندوتۆڵ كرد، بەتایبەتیش لەسەروەختی شەڕەكانی رۆژئاوای كوردستان‌و ئازادكردنی شاری (كۆبانێ) دا. لەوكاتەوە بەرپرسانی یەكێتی جۆرێك لە كرانەوەیان بۆ جموجوڵی لایەنگرانی (پەكەكە) لە سنوری دەسەڵاتی خۆیان دروستكردووە، ئەم هەنگاوە لەكاتی خۆیدا وەكو موزایەدەی سیاسی یەكێتی‌و بۆ پەردەپۆشكردنی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی لێكدرایەوە، بەم هەنگاوە یەكێتی جارێك پشتیوانی (پەكەكە)ی بەدەستهێنا‌و سەركردەكانی (پەكەكە) لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا لە ساڵی 2014 داوایان لە لایەنگرەكانیان كرد لە هەرێمی كورستان دەنگ بە یەكێتی نیشتمانی بدەن. تیرۆری كۆنسە لە باشور ! لەدوای روداوی رفاندنی ئەفسەرەكانی (میت) لە قەزای دوكان، شەڕی نێوان (سوپای توركیا)‌و (پەكەكە) لەسەر خاكی باشوری كوردستان پێی نایە قۆناغێكی ترەوە، لەوكاتەوە تائێستا ئەم رووداوانە لەناوچەكە رویانداوە: •    15ی ئابی 2018 زەكی شەنگالی یەكێكە لە فەرماندە باڵاكانی (پەكەكە)و ئەندامێكی كۆنسەی بەڕێوەبردنی (كەجەكە) لە هێرشێكی فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكانی توركیا لە شەنگال تیرۆركرا. •    21ی ئازاری 2019 سەرحەد ڤارتۆ (ئەمروڵڵا دورسون) ئەندامی كۆمیتەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كەجەكە لە هێرشێكی فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكانی توركیادا تیرۆركرا.  •    5ی تەموزی 2019 دیار غەریب، ئەندامی كۆنسەی سەرۆكایەتیی (كەجەكە) لە هێرشێكی فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكانی توركیادا لە قەندیل تیرۆركرا.  •    15ی ئۆكتۆبەری 2019 دەمهات عەگید بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (كەجەكە) لە چیای ئەزمەڕی شاری سلێمانی لە هێرشێكی فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكانی توركیا تیرۆركرا.  •    15ی ئۆكتۆبەری 2019 جەمیل ئامەد (كەجەكە) لە چیای ئەزمەڕی شاری سلێمانی لە هێرشێكی فڕٍۆكە بێ فرۆِكەوانەكانی توركیاوە تیرۆركرا. •    هەر بەمدواییە چەند روداوێكی تر لە هەرێمی كوردستان رویانداوە كە وابەستە كراون بە شەڕی نێوان پەكەكە‌و توركیا، لەوانە تیرۆركردنی دیپلۆماتكارێكی توركیا (هەندێك لە سەرچاوەكان دەڵێن ئەفسەری هەواڵگری میت) لە ریستۆرانتی "هۆقەباز" لە شاری هەولێر لە رۆژی 17ی تەموزی ئەمساڵدا، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ژمارەیەك لە ئەنجامدەرانی هێرشەكەی دەستگیركرد‌و رایگەیاند (پەكەكە) لە پشت هێرشەكەوە بووە، بەڵام تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە (پەكەكە) نكولی لەوە دەكات رۆڵی لەو هێرشەدا هەبووبێت‌و جەمیل بایك هاوسەرۆكی (كەجەكە) دەڵێ:" روداوەكە پەیوەندی بە ململانێی نێوان توركیاوە هەبووە". •    سەرباری ئەم رووداوانە بەردەوام سوپای توركیا لە لەشكركێشیدا بووە بۆ ناو سنوری هەرێمی كوردستان بەبیانووی بوونی (پەكەكە)وە لە ناوچەكە. هەوڵێكی شكستخواردوو لەدوو ساڵی رابردوودا بەردەوام سوپای توركیا لە شەڕدا بووە بۆ لێدان لە (پەكەكە)‌و هیچ هەوڵێك بۆ ئاگربەست‌و دەستپێكردنەوەی دانوستانی ئاشتی لە ئارادا نەبووە. بەڵام بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان كە داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە، بە (درەەو میدیا)ی راگەیاند، لەگەڵ دەستبەكاربونیدا وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی لەسەردانێكیدا بۆ توركیا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی ئەو وڵاتە كۆبوەتەوە‌و پرسی دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێی دانوستانی لەگەڵ كورد پێشنیازكردووە. سەرچاوەكە وتی:" ئەردۆغان تاڕادەیەك پێشنیازەكەی نێچیرڤان بارزانی پەسەندكردووە"، بەوتەی ئەو رووداوی تەقەكردنەكەی ریستۆرانی "هۆقەباز" لە شاری هەولێر، هەوڵێك بووە بۆ تێكدانی كارەكەی نێچیرڤان بارزانی، تاوەكو (پەكەكە)‌و توركیا دەست بە دانوستان نەكەوە. پەكەكە لە هەرێمی كوردستان  (پەكەكە) لە ساڵی 1978 دامەزراوە، یەكەم كۆنفرانسی خۆی لە ساڵی 1981 ئەنجامداوە، لە ساڵی 1984ەوە شۆڕشی چەكداری دەستپێكردووە، لەوكاتەوە بنكەو بارەگای لە باشوری كوردستان كردوەتەوە. لەدوای پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و یەكخستنی هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە، لە یەكەم هەنگاودا بە فشاری توركیا هێزی پێشمەرگە لە ساڵی 1993 چووە شەڕی براكوژییەوە لەگەڵ هێزەكانی (پەكەكە)، هێزی پێشمەرگە نەیتوانی شەڕەكە یەكلابكاتەوە‌‌و (پەكەكە) لەناوچەكە دەربكات، بەڵام نیازپاكی بەرپرسانی هەرێمی نیشانی توركیادا. ئێستا بنكەو بارەگاكانی (پەكەكە) تەواوی ناوچە شاخاوی‌و سنورییەكانی رۆژهەڵات‌و باشور تا رۆژئاوای كوردستانی گرتوەتەوە، ناوچەیەكی فراوانیان بۆخۆیان كۆنترۆڵكردووە، لەگەڵ فراوانبوونی ناوچەی چەكداریان، جموجوڵی سیاسی‌و مەدەنیشیان لە باشوری كوردستان زیادیكردووە. لە باشوری رۆژهەڵاتی هەرێمی كوردستان، واتە سنوری نێوان هەرێمی كوردستان‌و ئێران، ناوچەیەكی فراوان‌و ناوەندی دەسەڵاتی (پەكەكە)ی تێدایە، ئەوەش زنجیرە چیای "قەندیل"ە، كە لە سنوری قەزاكانی (قەڵادزێ، رانیە، چۆمان، رەواندوز، سۆران) پێكدێت، واتا دەسەڵاتیان لە سنوری قەزای قەڵادزێوە درێژ دەبێتەوە بۆ باڵەكایەتی‌و سیدەكان‌و حاجی ئۆمەران، لەم ناوچەیەدا (62) گوند لەژێر دەسەڵاتی شارەوانییەكانی (پەكەكە)دایە.  بەپێی بەدواداچونێكی رۆژنامەی (رووداو)ی نزیك لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان زیاتر لە (658) گوند لەژێر كۆنترۆڵی (پەكەكە)دان، زیاتر لە 34%ی كۆی خاكی پارێزگای دهۆك لەژێر كۆنترۆڵی (پەكەكە)دایە.  زۆرترین سنوری دەسەڵاتی (پەكەكە) لە ناوچەی قەزای ئامێدیە، كە نزیكەی (250) گوندی ئەو ناوچەیە لەژێر كۆنترۆڵی (پەكەكە)دایەو زۆرینەی بنكەو بارەگا سەربازییەكانی توركیاش لەو قەزایەدایە كە بنكەكانی (بامەڕنێ، دێرەلوك، كانی ماسی) دەگرێتەوە، بەواتایەكی تر جێگیركردنی ئەو بنكە سەربازیانەی توركیا تەواو لەبەرمەترسی هەژموونی (پەكەكە)دایە، لە كۆی (2700) كیلۆمەتر دوجای خاكی ئەو قەزایە، زیاتر لە 70%ی لەژێر كۆنترۆڵی (پەكەكە)دایە. لەدوای ئامێدی، زۆرترین سنوری جوگرافی ژێر دەسەڵاتی (پەكەكە) لە قەزای زاخۆیە، بەوپێیەی زیاتر لە (120) گوندی ئەو قەزایە لەژێر دەستی (پەكەكە)دایە، واتە 35% خاكی قەزاكە، لە قەزای ئاكرێش زیاتر لە (20) گوندی لەژێر دەستی (پەكەكە)دایە. بەگشتی لە سنوری پارێزگای دهۆك، بەوپێیەی هەرێمەكانی بادینانی پەكەكە لەوێیە، (پەكەكە) پێگەیەكی گەورەی هەیە، كە بە نزیكەی 30% بۆ 36%ی خاكی پارێزگای دهۆك ئەژماردەكرێت، واتا تەواوی ناوچە شاخاوی‌و سنورییەكانی پارێزگای دهۆك لەژێر كۆنترۆڵی پەكەكەدایە. لە سنوری قەزای مێرگەسور كە ناوچەكانی (بارزان‌و پیران‌و شیروان) دەگرێتەوە، زیاتر لە (150) گوند لەژێر كۆنترۆڵی (پەكەكە)دایە، واتا بەگشتی لە سنوری قەزاكانی پارێزگای هەولێر زیاتر لە (200) گوند لەژێر كۆنترۆڵی پەكەكەدان، جگە لە مەخمور كە كەمپێكی گەورەی (پەكەكە)ی تێدایە.  لە رۆژئاواشەوە لە سنوری قەزای شەنگال ناوچەیەكی بەرفراوان‌و دەیان گوندو بەرزایی بەدەست (پەكەكە)وەیە، بەگشتی زۆرینەی بنكەو بارەگاو پێگەی پەكەكە لە سنوری ناوچەی جێنفوزی پارتیدایە، تا ئەو رادەیەی دەتوانرێت بوترێت "پەكەكە بەتەواوی  پارتی گەمارۆداوە". توركیا لە هەرێمی كوردستان توركیا دەیان بنكەو بارەگای لە ناو خاكی هەرێمی كوردستاندا هەیە، لەدوای هاتنی داعش، بە بیانوی رزگاركردنی موسڵ، لە مانگی كانوونی یەكەمی 2015دا توركیا هێزێكی گەورەی هێنایە باشیكی نزیك موسڵ كە نزیكەی 900 سەرباز و 16 تانك‌و 20 زرێ پۆشبوون، بیانوی توركیا بۆ هێنانی ئەو هێزە شەڕی روبەڕووبونەوەی "داعش" بوو، بەڵام لە ماوەی ساڵی 2015 دا لە كۆی (300) هێرش‌و ئۆپەراسیونی ئاسمانی سوپای توركیا، تەنها (3) هێرشیان بۆسەر "داعش" بوو، لەبەرامبەردا (297) هێرشی بۆسەر بنكەو ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی (پەكەكە) بوو، واتا بەڕێژەی 1% هێرشەكانی توركیا بۆسەر "داعش"‌و 99%ی هێرشەكان بۆسەر (پەكەكە) بووە. ئەمە لەكاتێكدایە توركیا لە هەرێمی كوردستان چەندین بنكەی سەربازی دیكەی هەیە، بەتایبەتیش لەدوای شەڕی ناوخۆوە بەرەزامەندی پارتی دیموكراتی كوردستان‌و لەچوارچێوەی هێزی "ئاشتیپارێز" هێزێكی گەورەی توركیا لە 1997 لە بامەڕنێی سەربە قەزای ئامێدی جێگیر بووە، كە لە فڕۆكەخانەیەكی سەربازی‌و 38 دەبابەو 738 سەربازی تورك پێكهاتووە. هەر لە ساڵی 1997دا توركیا سێ بنكەی دیكەی سەربازی لە ناحیەی دێرەلوكی سەربە قەزای ئامێدی كە 40 كم دەكەوێتە باكوری ئەو قەزایەوە كردەوە، هەمان ساڵ بنكەیەكی دیكەی سەربازی لە ناحیەی كانی ماسی سەربە قەزای ئامێدی‌و لە گوندی سێرسی كە 30كم باكوری شاری زاخۆیە، بنكەیەكی دیكەی سەربازی جێگیركرد. تەواوی بنكە سەربازییەكانی سوپای توركیا لە خاكی هەرێمی كوردستان، لە نزیكی سنوری نێوان ناوچەی جێنفوزی (پەكەكە)و (پارتی)دان. لەشكركێشی سوپای توركیا بۆ ناو خاكی هەرێم بە پێشیلكردنی سەروەری خاكی عێراق دادەنرێت، بەڵام تا ئێستا عێراق بێدەنگە، چونكە عێراق‌و توركیا لە ساڵی 1982دا رێككەوتنێكیان واژووكردووە، بەپێی ئەو رێككەوتنە تائێستاش هەریەكەیان دەتوانن (20 كیلۆمەتر) سنوری خاكی یەكدی ببەزێنن بەبیانوی پاراستنی سنورەكانەوە، كە ئەوكاتیش ئامانجی سەرەكی رێككەوتنەكە لێدانی (پەكەكە) بوو. ساڵی 1995 رێككەوتنێكی تر لەنێوان عێراق‌و توركیا واژووكرا، ساڵی 2007 رێككەوتنەكەی ساڵی 1982 نوێكرایەوە، بەڵام بەزاندنی سنور لە (20 كیلۆمەترەوە) زیادكرد بۆ (25 كیلۆمەتر)، ئەم رێكەوتنانە هەموویان لەسەر داوای توركیا بووەو فشار بووە لەسەر عێراق بۆ وەردەرنانی گەریلاكانی (پەكەكە) لەسەر خاكی عێراق. بەپێی راپۆرتێكی تۆڕی ناڕەزایەتییەكانی باشوور كە لەمانگی كانونی یەكەمی 2015دا بڵاوكراوەتەوە، ژمارەی هێزەكانی توركیا  لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا بەمشێوەیەیە: •    توركیا (3 هەزارو 235) ئەفسەرو سەربازو ژەندرمەی لەناو خاكی هەرێمدا هەیە. •     (58) تانك، (27) زرێپۆش، (31) تۆپ، (26) هاوەن، (17) ئاڕ بی جی، (10) دۆشكە، (40) ئۆتۆمبیلی سەربازی، جیهازێكی پێشكەوتووی دەنگهەڵگری سیخوڕی، سەدان پارچە چەكی مامناوەند، هەزارانی بچوكی لە هەرێمی كوردستان هەیە.   


درەو میدیا: كۆمیتەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كەجەكە لە ڕاگەیەنراوێكدا پشتڕاستی كردەوە كە لە شاری سلێمانی دوو هەڤاڵیان بە ناوەكانی سەییدخان ئایاز (دەمهات عەگید) و ئەسەر ئیرماك (جەمیل ئامەد) لە لایەن دەوڵەتی توركی داگیركەر بە هاوكاری سیخورەكان شەهید كراون. كۆما جڤاكی كوردستان داوای ئاشكراكردنی پلانەكە دەكات" پێویستە لە سەرەتادا یەكێتی نیشتمانی كوردستان (یەنەكە) و پەرلەمان و حكومەتی باشوور پلانەكە ئاشكرا بكەن. پێویستە لە هەرێمێك كە لە ژیر دەسەڵاتی حكومەتی باشووری كوردستاندایە، ئەم پلانە كە هەڤاڵەكانمان شەهید بوون كەجە راشی دەگەیەنێت:هەر دوو هەڤاڵمان كە خەباتی نەتەوی، سیاسی و دیپلۆماسیان بەڕێوەدەبرد و بە هۆی كێشەی تەندروستیەوە سەردانی سلێمانیان كردبوو لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی ئاسمانیدا شەهید كران دەقی ڕاگەیەندراوی كەجەكە: لە ڕۆژی ١٥ی تشرینی یەكەمی ٢٠١٩ دوو هەڤاڵمان بە ناوەكانی دەمهات عەگید (سەییدخان ئایاز) كە لە باشووری كوردستان خەباتی یەكێتی نەتەوەیی و لەدژی داگیركەری دەوڵەتی تورك لەسەر ڕۆژئاوا خەباتیان بەرێوەدەبرد و جەمیل ئەحمەد (ئەسەر ئرماك) كە پێشتر لە شەڕدا بریندار ببوو و بۆ نەخۆشی سەردانی سلێمانی كردبوو، لە لایەن هێزە نێودەوڵەتی و دەولەتی تورك و هاوبەشە قێزەونەكانیان شەهید كران. هەر دوو هەڤاڵمان كە خەباتی نەتەوی، سیاسی و دیپلۆماسیان بەڕێوەدەبرد و بە هۆی كێشەی تەندروستیەوە سەردانی سلێمانیان كردبوو لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی ئاسمانیدا شەهید كران. ئەم هێرشە جارێكیتر نیشانەی ئەوەیە پیڵانگێڕی نێودەوڵەتی لە چوار پارچەی كوردستان بەردەوامە. بەم هێرشە هێزە نێودەوڵەتیەكان ئیرادەی ئازاد و ڕێكخستنی گەلی كوردیان كردووەتە ئامانج. ئەم پیلانگێڕیەی كە لە لایەن دەوڵەتی توركی فاشیستی داگیركەر ئەنجامدراوە، بێگۆمان دەستی هێزە نێودەوڵەتی و هەرێمیەكانیشی تێدایە. ئەو هێزانە لە ڕێگەی ئامانجگرتنی خەباتی سیاسی، كۆمەڵایەتی و دیپلۆماسی دەیانەوێت ئیرادەی گەلەكەمان لاواز بكەن. پێویستە لە سەرەتادا یەكێتی نیشتمانی كوردستان (یەنەكە) و پەرلەمان و حكومەتی باشوور پلانەكە ئاشكرا بكەن. پێویستە لە هەرێمێك كە لە ژیر دەسەڵاتی حكومەتی باشووری كوردستاندایە، ئەم پلانە كە هەڤاڵەكانمان شەهید بوون، نەبێتە قوربانی بەرژەوەندیەكانی هەرێمی و پێویستە ئۆپەراسیۆنەكانی دڕندەی دەولەتی تورك ڕەتبكرێنەوە و شەرمەزار بكرێن. پێویستە چۆنیەتی پێشێلكردنی ئاسمانی شارەكە لە لایەن دەوڵەتی توركەوە بە باشی ئاشكرا و ڕوون بكرێتەوە. هەم ئێمە و هەم گەلەكەمان چاوەڕێی ئاشكراكردنی چۆنیەتی ئەنجامدانی پلانەكەین. دەزانرێت كە دەوڵەتی فاشیستی تورك پێشتریش هەڤاڵەكانمانی كە خەباتی نەتەوی و دیپلۆماسیان دەكرد بە هەمان شێوەیە و بە هاوكاری سیخورەكانیان شەهید كردووە. هەم ئەم هەڤاڵانەمان و هەڤاڵانیی ترمان لە ئەنجامی پلانێكدا بوونەتە ئامانج. ئەم كۆمەڵكوژیە كە هاوتەریب لەگەڵ هێرشەكانی سەر ڕۆژئاوای كوردستان ئەنجامدراوە ، نیشانەی ئەوەیە داگیركەری تورك لە هەموو شوێنێك هێرش دەكاتە سەر گەلی كورد. ڕژێمی توركی فاشیست كە گەلی كورد بە ڕێكوپێكی كۆمەڵكوژ دەكات، بە تایبەتی هێرش دەكاتە سەر كەسایەتی كورد و ڕێكخستنەكانی خاوەن ئیرادە و عەقلیەتی كوردی. دەوڵەتی تورك بەم كۆمەڵكوژیە هێرشی كردە سەر ئیرادە و ڕۆحی یەكێتی نەتەوەیی لە چار پارچەی كوردستان. هەردوو هەڤاڵمان بە كارە نەتەوەیی و سیاسیەكانیان هەموو كاتێك هەوڵیان دەدا یەكیتی نێوان هێزە كوردیەكان بەهێز بكەن. دەوڵەتی تورك هێزێكی قڕكەرە كە لە هەموو شوێنێك هێرش دەكاتە سەر گەلی كورد. عەقلیەتی ٢٠١٣ كە هێرشكرایە سەر ژنانی كورد لە پاریس و شەهیدیان كردن، لە سڵێمانیش هەمان عەقلیەتە كە دوو هەڤاڵی ئێمەیان شەهید كرد. كورد و هێزە دیموكراتەكان وڵامی ئەو كۆمەڵكوژیە دەدەنەوە. گەلەكەمان لە باشووری كوردستان كە ئازاری زۆریان چەژتووە. ئەنفال و كیمیاباران كراون. بە هەڵوێستی بەشەرەفیان هیچ كاتێك سەریان دانەنەواندووە. لە دژی بەكۆكانی سەدەی ٢١ كە دەولەتی توركی داگیركەر دەیانكات سیخور و لەدژی گەل بەكاریان دەهێنێت، پێویستە بە ڕۆحێكی نەتەوەیی هەڵوێست نیشان بدەن و ماژی ژیان بە خایین و سیخورەكان نەدەن. لە سەرەتادا هێزەكانی سیاسی باشووری كوردستان بانگەوازیمان بۆ هەموو لایەنەكان ئەوەیە یەكێتی نەتەوەییان بەهێز بكەن و خاوەنداری لە شەهیدان بكەن. بانگەوازیمان بۆ گەلەكەمان و هیزە سیاسیەكان ئەوەیە، لە ٢٣ی تشرینی یەكەمی ٢٠١٩ دا لە سلێمانی بەشداری لە مەراسیمەكە ببن و هەڵوێست نیشان بدەن. ئێمە وابەستەی شەهیدەكانمانین. لە سەرەتادا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی هەردوو هەڤاڵمان دەمهات عەگید و دەمیل ئامەد و ڕێبەر ئاپۆ و هەموو گەلی كورد دەكەین. جارێكیتر بەلێن دەدەین، تێكۆشانمان لەپیناو خەباتی گەورەی شەهیدەكانمان بەردەوام دەبێت.      


درەو میدیا:  دەزگای ئاساییشی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت لەلایەن فرۆكەی بێفرۆكەوانی توركیاوە دوو ئەندامی باڵای كۆماجڤاكێن كوردستان لە سلێمانی كراونەتە ئامانج. لە راگەیەنراوەكەی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستاندا هاتووە  "كاژێر 17:10 خولەك بۆ 17:15 خولەك) دوو كادیری باڵای پارتی كرێكارانی كوردستان بەناوەكانی (جەمیل) و (دەمهات)، لەسەر شاخی ئەزمەر لە ناوچەیەكی گەشتیاری و لەناو خەڵكی مەدەنیدا بەشێوەیەكی دڕندانە كراونەتە ئامانج".   دەزگای ئاسایی بێ ئاگایی خۆی نیشان دەدات لە هاتنی ئەو دوو ئەندامەی كۆما جڤاكێن كوردستان "دوای لێكۆڵینەوەی چڕ و پڕ و بەدەستهێنانی بەڵگەی پێویست لە شوێنی روودانی تاوانەكە بۆمان دەركەوتووە كە ئەو دوو ئەندامە باڵایەی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە). لە كاتێكدا بەبێ ئاگاداری لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان هاتوونەتە ئەو ناوچەیە، لەلایەن فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی توركیا و لەناو خەڵكی مەدەنی و لە شاری سلێمانی لە شوێنی گەشتیاریدا كراونەتە ئامانج و ئەمەش پێشێلكاری و دەستپێشخەری و پێشهاتێكی مەترسیدار "    


راپۆرت: محەمەد رەئوف - فازل حەمە رەفعەت  لیستی هاوبەشی لایەنە كوردییەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا لە ناوچە جێناكۆكەكان لە كۆتایی كارەكانی نزیكبووەتەوە، كێشەی رەنگی قاوەیی كە یەكگرتووی ئیسلامی داوای دەكرد چارەسەركرا، یەكێتیش داوای ژمارەی تاكی دەكرد، ئەو بابەتە لەبەرژەوەندی خۆی یەكلاكردەوە، بەڵام لایەنەكانی دوچاری گومان‌و دوودڵی كردووە، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا دواین زانیارییەكان لەبارەی لیستە هاوبەشەكەوە بڵاودەكاتەوە. كۆبونەوەیەكی تر ئەمڕۆ لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە سلێمانی، لیستی هاوپەیمانی كوردستان كە لیستی هاوبەشی لایەنە كوردییەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، كۆبووەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لەو كۆبونەوەیەدا لایەنەكانی ناو هاوپەیمانێتییەكە لەسەر دیاریكردنی ژمارەی كاندیدەكانی ناو لیستی هاوپەیمانی كوردستانی رێككەوتوون. یەكگرتوو داوای رەنگی قاوەیی دەكات (درەو میدیا) زانیوەیەتی، لە كۆبونەوەی پێشتردا نوێنەری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان نیگەرانی دەربڕیوە لەسەر رەنگەكانی ناو لۆگۆی هاوپەیمانی كوردستانی. نوێنەری یەكگرتوو داوایكردووە رەنگی قاوەیی بۆ رەنگەكانی ناو لۆگۆكە زیادبكرێت كە رەنگی ئاڵای یەكگرتووی ئیسلامییە.  (درەو میدیا) زانیویەتی، ئیبراهیم خەلیل نوێنەری یەكگرتووی ئیسلامی لە كۆبونەوەكەدا گومانی هەبووە لەوەی دەستكاری رەنگەكان كراوەو  رەنگی خوارەوەی لۆگۆكە قاوەیی بووە، بەڵام دواتر لە دەستكاریكردندا رەنگەكە بۆ پرتەقاڵی گۆڕدراوە. لەسەر داوای نوێنەری یەكگرتوو، جارێكی تر لۆگۆی هاوپەیمانی كوردستانی دروستكراوەتەوە‌و لە لۆگۆ تازەكەدا، دوو رەنگی تر زیادكراوە، یەكێكیان رەنگی قاوەییە كە تایبەتە بە یەكگرتوو، ئەوی تر رەنگی شینی ئاسمانییە كە تایبەتە بە حیزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان. یەكێتی داوای ژمارە تاكەكان دەكات چەند سەرچاوەیەكی نزیك لە هاوپەیمانێتییەكە بە (درەو میدیا)یان راگەیاند، رزگار عەلی نوێنەری یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی ئەو حزبە لە كۆبونەوەكانی هاوپەیمانێتییەكەدا پێداگیری لەسەر ئەوە دەكات "دەبێت ژمارە تاكەكان ناو لیستەكە بدرێت كاندیدەكانی سەربە یەكێتی"، ئەم داواكارییە گومانی لای نوێنەری لایەنە بەشدارەكانی تری ناو هاوپەیمانی كوردستانی دروستكردووە، بۆیە لایەنەكان پێشنیازەكەی یەكێتی رەتدەكەنەوە لەبارەی ژمارەكانەوە، هەرچەندە ئێستا ئەو ژمارانە بۆ یەكێتی یەكلابووەتەوە. دابەشبوونی كاندیدەكان بەپێی ژمارە (درەو میدیا) زانیویەتی، بەپێی ئەو رێككەوتنەی كە لەنێوان لایەنە بەشدارەكانی لیستی هاوپەیمانی كوردستانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كراوە، كاندیدەكانی لیستەكە بەپێی ژمارەكان بەمشێوەیە دابەشبووە بەسەر لایەنەكاندا. 1-     یەكێتی نیشتمانی كوردستان 2-     پارتی دیموكراتی كوردستان 3-     یەكێتی نیشتمانی كوردستان 4-     پارتی دیموكراتی كوردستان 5-     بزوتنەوەی گۆڕان  6-     یەكگرتوو ئیسلامی كوردستان 7-     یەكێتی نیشتمانی كوردستان 8-     كۆمەڵ ئیسلامی كوردستان 9-     یەكێتی نیشتمانی كوردستان 10-    توركمان 11-    یەكێتی نیشتمانی كوردستان 12-    حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان 13-    یەكێتی نیشتمانی كوردستان 14-    بزوتنەوەی ئیسلامی 15-    حزبی زەحمەتكێشان  16-    پارتی دیموكراتی كوردستان 17-    هاوپەیمانی نیشتمانی 18-    حزبی شیوعی كوردستان  19-    حزبی پێشكەوتنخوازی كوردستان 20-    ئاشتیخوازان  21-    پارتی دیموكراتی كوردستان 22-    پارتی دیموكراتی كوردستان 23-    یەكێتی نیشتمانی كوردستان 24-    پارتی سەوزی كوردستان 25-    یەكێتی نیشتمانی كوردستان 26-    رەوتی كەركوك   لە لیستەكەدا یەكێتی كاندیدی ژمارە (1)ی هەیە‌و بەگشتی (8) كاندید سەربە یەكێتی دەبن، پارتی كاندیدی ژمارە (2) دادەنێت‌و بەگشتی (5) كاندیدی دەبێت، بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی‌و یەكگرتووی ئیسلامی‌و بزوتنەوەی ئیسلامی‌و حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان هەریەكەیان (1) كاندیدیان هەیە. لیستی هاوپەیمانی لە نەینەوا لیستی هاوپەیمانی كوردستانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، ریزبەندی لیستی كاندیدەكان بەشێوەیەك دانراوە، كاندیدی ژمارە (1) لای پارتی بێت‌و كاندیدی ژمارە (2) لای یەكێتی بێت. هاوپەیمانی لە دیالە بەپێی رێككەوتنەكە، لیستی هاوپەیمانی كوردستان لە پارێزگای دیالە ریزبەندی كاندیدەكانی بەجۆرێك دەبێت كاندیدی ژمارە (1) لای یەكێتی دەبێت‌و كاندیدی ژمارە (2) لای پارتی دەبێت. هاوپەیمانی لە سەلاحەدین بەپێی زانیارییەكان پارتی‌و یەكێتی‌و لایەنەكان رێككەوتوون لەسەر ئەوەی كورد لەو پارێزگایە یەك كاندیدی هەبێت‌و لەناو یەكێك لە لیستە عەرەبییەكان بپاڵێورێت‌و پشتیوانی سەركەوتی بكرێت. بڕیارە هەمویان پێكەوە ژنێك وەكو كاندیدی كورد بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای سەلاحەدین دیاری بكەن. لەبارەی لیستی هاوبەشەوە سەرەتای ئەم مانگە، دوای سێ كۆبونەوە، 16 لایەنی كوردی  هاوپەیمانێتییەكیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە ناوچە جێناكۆكەكان رایگەیاند بەناوی "هاوپەیمانی كوردستانی". (عەبدولڕەحمان مستەفا) پارێزگاری پێشووی كەركوك وەك سەرۆكی هاوپەیمانێتیەكە دیاریكرا، بەپێی رێككەوتنەكە: •    سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی كوردستانی  لە پارێزگای كەركوك، واتە كاندیدی ژمارە (1 ) بۆ یەكێتی دەبێت. •    سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی كوردستانی لە نەینەوا، واتە كاندیدی ژمارە (1 ) بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان دەبێت. •    سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی لە دیالە، واتە كاندیدی ژمارە (1) بۆ یەكێتی دەبێت. •    لە پارێزگای سەلاحەدین یەك كاندیدی هاوبەش دەدەنرێت. رۆژی 22ی تەموزی ئەمساڵ، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی پەسەندكردو رۆژی 1ی نیسانی 2020 ی دیاریكرد بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بە پارێزگای كەركوكیشەوە، جگە لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان. بەپێی یاسا هەمواركراوەكە (14) كورسی بۆ ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دیاریكراوە، كە (13 كورسی گشتی‌و  1 كورسی كۆتای)ە، كورسییە گشتییەكان بەپێی ژمارەی دانیشتوان دیاریكراوە، ژمارەی دانیشتوانی كەركوك بە (یەك ملیۆن‌و 639 هەزارو 953) كەس دیاریكراوە، ئەمە لەكاتێكدایە ئێستا ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك (41) ئەندامە، ئەمە بەپێی  یاسای ژمارە 71ی پۆڵ بریمەری حاكمی مەدەنی عێراق بووە، كە بۆ هەر پارێزگایەك 41 كورسی دیاریكرابوو، كەركوك تەنها بەشداری لە یەك هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی كردووە، بۆیە ژمارەی كورسییەكانی بەوشێوەیە ماوەتەوە، بەڵام ئەمجارە ئیتر ژمارەی كورسییەكانی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ (14) كورسی كەمدەبێتەوە. ئاستەنگەكانی بەردەم كورد  ئێستا كورد لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەكۆی (41) كورسی (26) كورسی هەیە، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو كێشەو بەربەستەكانی بەردەم كورد زۆرن‌و ئەستەمە بتوانێت پارێزگاری لە پێگەكەی خۆی بكات. ئەمە لەكاتێكدایە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ژمارەی كورسییەكانی لە (41) كورسییەوە بۆ (14) كورسی كەمدەبێتەوە، بۆیە بەپێی رێژەی كورسییەكانی كورد ئێستا (63%)ی كۆی ئەنجومەنی پارێزگا پێكدەهێنێت، ئەگەر كورد لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ئەم رێژەیە بهێنێتەوە، ئەوا لەكۆی (14) كورسییەكە دەبێت (9) كورسی بەدەستبهێنێت. كێشەو بەربەستەكانی بەردەم كورد لە پارێزگای كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان: •     لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە كۆتایی بە دەسەڵاتی 14 ساڵەی كورد هات لە كەركوك، كورد پارێزگارو زۆرینەی پۆستە هەستیارەكانی لەدەستدابوو، بەڵام هەمووی لەدەستداو ئێستا بە 26 كورسی ئەنجومەنی پارێزگاوە توانای دانانی پارێزگاری كەركوكی نیە،  •     كورد لیستی هاوبەشی پێكهێناوە، بەڵام هێشتا متمانە نیە لەنێوانیاندا، بەو پێیە تائێستاش سەرەڕای چەندین رێككەوتن لەنێوان یەكێتی و پارتی نەیانتوانیوە پارێزگار دابنێن. •    بەپێی یاسای هەڵبژاردن، رێگە نادرێت هیچ سندوقێك لەدەرەوەی كەركوك دابنرێت، لە كاتێكدا ژمارەیەكی زۆر كە بە زیاتر لە 50 هەزار كەس ئەژمار دەكرێن لەدەرەوەی كەركوكن‌و لە هەولێرو چەمچەماڵ‌و سلێمانی نیشتەجێن‌و رێگە نادرێت سندوقی دەنگدان لەو ناوچانە دابنرێت، بەوەش دەنگێكی زۆری كورد لەدەستدەچێت، ئاوارەیەكی زۆری پارێزگای نەینەوا كە بە نزیكەی 250 هەزار كەس ئەژمار دەكرێت لە دهۆك‌و هەولێرن، كە زۆرینەی زۆری دەنگی كوردە، ئەگەر سندوقی دەنگدانیان بۆ دادەنرێت، چیتر دەتوانن دەنگ بدەن. •     بڕیاردراوە لە رۆژانی هەڵبژاردندا قەدەغەی هاتوچۆ لە نێوان پارێزگاكاندا بكرێت، واتا ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە لە ناوچەكانی دەرەوەی كەركوك و موسڵن ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ دەنگدان. •     هێنانی ژمارەیەكی زۆری عەرەب بۆ كەركوك‌و ناوچەكانی دەوروبەری كە بە واژۆی بەرپرسی ئۆفیسی كەركوكی مادەی 140 بووە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لەماوەی سێ مانگدا زیاتر لە (600)  خێزانی پێكهاتەی عەرەب لە پارێزگاكانی سەڵاحەدین، دیالە، ئەنبار‌و بەغداد، دەگەڕێنرێنەوە بۆ پارێزگای كەركوك، كە ئەمەش كاریگەری لەسەر كەمبونەوەی دەنگی كورد لەو پارێزگایە دەگەڕێتەوە.  •     ئەو ناوچانەی كە بایۆمەتریان نەكردووە ئەتوانن بە یەكێك لە ناسنامەكانیان دەنگبدەن، كە ئەمەش زیاتر بۆ هاوڵاتیانی ناوچەی حەویجەیە كە زۆرینەیان بایۆمەتریان نیە. كەركوك لە هەڵبژاردنی 2005دا  لە هەڵبژاردنی 30/1/2005ی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكدا، لیستی (برایەتی كەركوك) كە لایەنە كوردییەكانی لەخۆدەگرت، لەكۆی (385 هەزارو 861) دەنگدەر ( 261 هەزارو 577) دەنگی بەدەستهێناوە، واتە رێژەی ( 67.8%) دەنگەكان، بەجۆرێكی تر لە كۆی(41) كورسی پارێزگە (26)كورسی بەدەستهێنا، بەرێژەی ( 63.4%) كۆی كورسییەكانی ئەو پارێزگایە. لەبەرامبەردا بەرەی توركمانی (8) كورسی بەدەستهێنا، بەرێژەی (19.5%)ی كورسییەكان،  گردبوونەوەی عەرەبی (5) كورسی بەرێژەی (12.2%)و هاوپەیمانی ئیسلامی توركمانی (1) كورسی بەرێژەی (2.4%)و گردبوونەوەی نیشتیمانی عێراقی (1) كورسی‌و بەرێژەی (2.4%) كورسی. •    لیستی برایەتی ( 261577 )دەنگ بەڕێژەی ( 67.8%) •    بەرەی توركمانی ( 54213 ) دەنگ بەڕێژەی ( 14%) •    بەرەی عەرەبی بۆ دیالۆگی نیشتیمانی (17275) دەنگ بەرێژەی (4.5% ) •     بەرەی تەوافوقی عێراقی (14458) دەنگ بەڕێژەی (3.7% ) •     هاوپەیمانی عێراقی یەكگرتوو (12051) بەڕێژەی (3%) •     لیستی عێراقیەی نیشتیمانی (9262) بەڕێژەی (2.4%) •     یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان (5739) بەڕێژەی (1.5% ) كەركوك لە هەڵبژاردنی 2010 دا  لە هەڵبژاردنی 7/3/2010 ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا كە كورد بە چەند لیستێك بەشداری كرد، لەكۆی (557 هەزارو 37) دەنگدەری پارێزگای كەركوك، لە لیستە سەركەوتووەكاندا لیستی هاوپەیمانی كوردستانی كە لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان‌و چەند پارتێكی دیكە پێكهاتبوو، (37%)ی دەنگەكانی بەدەستهێنا. •     لیستی هاوپەیمانی كوردستانی (206 هەزارو 542) دەنگ، بەڕێژەی (37%)ی دەنگەكانی ئەو پارێزگایە، 6 كورسی لە كۆی 12 كورسی پشكی ئەو پارێزگایە. واتە كورد رێژەی (50%)ی كورسییەكانی پارێزگای كەركوكی بردەوە.  •     لیستی عێراقیە (211 هەزارو 336 ) دەنگ، بەڕێژەی (37.9%)ی دەنگی لیستە سەركەوتوەكانی ئەو پارێزگایە، 6 كورسی بەدەستهێنا واتە (50%)ی كۆی كورسییەكانی پارێزگاكە.  •      لیستی رافیدەین (28 هەزارو 78) دەنگ، بەڕێژەی (5%)، كورسییەكی كۆتای پارێزگای كەركوكی بردوەتەوە.  جگە لیستی هاوپەیمانی كوردستانی كە (206 هەزارو 542) دەنگی بەدەستهێنابوو، دەنگی سەرجەم لیستە كوردییەكان لەو پارێزگایە (278هەزارو 170) دەنگ بوو، بەرێژەی (49.9%)ی دەنگی ئەو پارێزگایە، بەوپێیەی لیستی گۆران (36هەزارو 554) دەنگ‌و یەكگرتووی ئیسلامی (24هەزارو 274) دەنگ، كۆمەڵی ئیسلامی (7 هەزارو 175) دەنگی بەدەستهێنابوو، حیزبی شیوعی (3 هەزارو 397) دەنگی بەدەستهێنا بوو، كە نزیكەی (70 هەزار) دەنگە، ئەو لایەنانە بەهۆی ئەوەی دەنگی پێویستیان نەهێنا بۆ كورسییەك كە بەهای كورسییەك (46 هەزارو 419) دەنگ بووە، هیچ كورسییەكیان بەدەستنەهێناو دەنگەكانیان سوتا. بەو پێیەش دەنگی كورد لە نێوان 2005 بۆ 2010 لە (63.4%) دەنگی ئەو پارێزگایەوە بۆ (49.9%) دابەزی، واتا بەڕێژەی (13.5%)ی دەنگەكانی دابەزی، رێژەی كورسیەكانیشی بەهەمان شێوە (13.4%) دابەزی. كەركوك لە هەڵبژاردنی 2014دا  بەڵام لە هەڵبژاردنی 30/4/2014ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقددا، لە پارێزگای كەركوك، لە كۆی (570795) دەنگدەری كە 12 كورسی بۆ پارێزگاكە تەرخانكرابوو، یەكێتی (209964) دەنگ‌و 6 كورسی بەدەستهێنا، پارتی (63076) دەنگ‌و 2 كورسی بەدەستهێنا، بەهای كورسییەك لەو پارێزگایە (47566) دەنگ بوو . * یەكێتی 209964 دەنگ، 6 كورسی  * پارتی 63076 دەنگ، 2 كورسی * بەرەی توركمانی 71492 دەنگ، 2 كورسی  * هاوپەیمانی عەرەبی 53796 دەنگ، 1 كورسی  * هاوپەیمانی عەرەبی كەركوك 38328 دەنگ، 1 كورسی   كەركوك لە هەڵبژاردنی 2018دا  لە دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا لە 12ی ئایاری 2018 بەڕێوەچوو، لە پارێزگای كەركوك پارتی دیموكراتی كوردستان بەشداری هەڵبژاردنی نەكرد، لە كۆی (12) كورسی‌و (487 هەزارو 142) دەنگدەر: * یەكێتی نیشتیمانی 6 كورسی‌و (177 هەزارو 920) دەنگی بەدەستهێنا. * هاوپەیمانی عەرەبی لە كەركوك، 3 كورسی‌و (86 هەزارو 452) دەنگی بەدەستهێنا. * بەرەی توركمانی 3 كورسی‌و (82 هەزارو 33) دەنگی بەدەستهێنا. * لیستی نیشتیمانی (گۆڕان، هاوپەیمانی، كۆمەڵ) لە كەركوك (14 هەزارو 914) دەنگی بەدەستهێنا بەبێ كورسی. * نەوەی نوێ (13 هەزارو 665) دەنگی بەدەستهێنا. * حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان (7 هەزارو 509) دەنگی بەدەستهێنا. * یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان (4 هەزارو 784) دەنگ.   دەنگ‌و كورسییەكانی كورد كەمدەكات؟ لەیەكەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا لە كەركوك، كورد زۆرینەی رەها (50+1)ی دەنگ‌و كورسی ئەنجومەنی پارێزگای بەدەستهێنا، بەڵام چاوەڕەوان ناكرێت كورد بتوانێت ئەو دەنگ‌و كورسیانە بەدەستبهێنێتەوە.  لە هەڵبژاردنی 30/1/2005ی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكدا لیستی برایەتی كەركوك كە لایەنە كوردییەكانی لەخۆدەگرت، لە كۆی 41 كورسی پارێزگە 26 كورسی بەدەستهێنا، بەرێژەی (63.4%) كورسی ئەو پارێزگایە، واتە (68%)ی دەنگی پارێزگای كەركوكی بەدەستهێناوە. بەڵام لەدوای هەڵبژاردنی 2005ەوە لە زۆربەی هەڵبژاردنەكاندا كورد نیوە یان كەمتر لە نیوەی كورسییەكانی ئەو پارێزگایەی بەدەستهێناوە، بۆ هەڵبژاردنی داهاتووش، رێوشوێنەكان زۆر توندكراون، بەتایبەت بەرامبەر بەو ناوچانەو شوێنانەی كە زۆرترین دەنگی كوردی تێدایە، بەدیاریكراویش رێگرتن لە دانانی سندوق لەناوچە ئاوارەنشینەكان، قەدەغەی هاتوچۆ، بایۆمەتری‌و نەمانی دەسەڵاتی كورد لەو پارێزگایە كە هەمویان پێكەوە كاریگەرییان لەسەر ئاستی دەنگەكان دەبێت. 


راپۆرتی: فازل حەمەرەفعەت – محەمەد رەئوف (100) رۆژە مەسرور بارزانی وەكو سەرۆكی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم دەستبەكاربووە، زیاتر لە (12) بڕیاری دەركردووە بەڵام زۆربەیان جێبەجێ نەكراون، بەڵێنی بەهێزكردنی ئابوری كوردستان تائێستا هیچی لێ سەوز نەبووە‌و تەنانەت موچەی فەرمانبەران لەوادەی خۆیدا دابەشناكرێت، پرسی چاكسازی‌و روبەڕووبونەوەی گەندەڵی هێشتا كابینەكانی پێشووی تێنەپەڕاندووە، لە (100) رۆژدا مەسرور بارزانی (19) بروسكەی پرسە‌و پیرۆزبایی ناردووە‌و (42) جار پێشوازی لە هاتنی وەفدەكان كردووە، سەرۆكایەتی (11) كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی كردووە. 100 رۆژو 11 كۆبونەوە ئەمڕۆ (100) رۆژ بەسەر دەستبەكاربوونی مەسرور بارزانی وەكو سەرۆكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم‌و كوردستان تێپەڕی كە پارتییەكان پێی دەڵێن "براگەورە". بەپێی ستانداردی جیهانی هەڵسەنگاندنی كاری هەر دامەزراوەو رێكخراوێك ماوەی (100) رۆژی مۆڵەتی پێویستە لەدوای دەستبەكاربوونەوە، ئێستا كە مەسرور بارزانی وەكو سەرۆكی حكومەت (100) رۆژەكەی تەواوكردووە، (درەو میدیا) هەڵسەنگاندنێكی بۆ كارو بڕیارەكانی لەو ماوەیەدا كردووە. لە (100) رۆژی رابردوودا، كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان (11) كۆبونەوەی كردووە، یەكەم كۆبونەوە 15ی تەموزدا بەڕێوەچوو، دواین كۆبونەوەش بەر لە نوسینی ئەم راپۆرتە، لە رۆژی 16ی ئۆكتۆبەر بەڕێوەچوو.  لەو ماوەیەدا بەپێی ئەوەی سایتی فەرمی حكومەت‌و پەیجی تایبەتی سەرۆكی حكومەت بڵاویانكردوەتەوە، مەسرور بارزانی ئەم كارانەی كردووە:  •    (19) جار بروسكەی پرسە‌و پیرۆزبایی بۆ كەس‌و لایەنەكان ناردووە. •    (42) جار پێشوازی لە هاتنی وەفد‌و میوانەكانی كردووە. •    12 جار بەشداری مەراسیمە تایبەتەكانی كردووە. •    5 كۆبونەوەی كردووە (ئەمە لە دەرەوەی كۆبونەوە فەرمییەكانی ئەنجومەنی وەزیران). بڕیارەكانی مەسرور بارزانی  دوای دەستبەكاربوونی وەكو سەرۆكی حكومەت، مەسرو ر بارزانی لە 100 رۆژدا ژمارەیەك بڕیاری دەركردووە كە زۆرینەیان تائێستا نەخراونەتە بواری جێبەجێكردن‌و هاوڵاتی بەروبومەكەی نەبینیوە، بریارەكان ئەمانەن: •    لە یەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا لە 15ی تەموز، مەسرور بارزانی بڕیاریدا بە پابەندكردنی وەزیرو پلەباڵاكان‌و سەرجەم فەرمانبەران بە دەوامی فەرمی حكومەتەوە. (بەپێی بەدواداچوونەكانی درەو میدیا، لەدوای بڕیارەكەوە گۆڕانكارییەكی ئەوتۆ لە شێوازی دەوامكردندا روینەداوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەنجومەنی وەزیران بەباشی چاودێری جێبەجێكردنی بڕیارەكەی خۆی ناكات، بەڵام باسلەوە دەكرێت حكومەت لیژنەیەكی هەیە كە بەشێوەی كتوپڕ خۆیان بە فەرمانگە‌و دامەزراوەكاندا دەكەن‌و تائێستا سەردانی چەند فەرمانگەیەكیان كردووە) •    هەر لە یەكەم كۆبونەوەیەدا مەسرور بارزانی بڕیاریدا بە نەهێشتنی رۆتین‌و بەرتیلدان‌و بەرتیل وەرگرتن لە دامەزراوەكانی حكومەتدا. (100 رۆژ تێپەڕێوە‌و خەڵك لەمبارەیەوە هەست بە گۆڕانكاری ئەوتۆ ناكەن) •    یەكێك لە بڕیارەكانی تر كە مەسرور بارزانی لە یەكەم كۆبونەوەی حكومەتدا دەریكرد بڕیاری پابەندكردنی فەرمانبەران بوو بە پاراستنی نهێنی ئەو دەزگایەی كە كاری تێدا دەكەن. (ئەم بڕیارە والێكداریەوە مەسرور بارزانی دەیەوێت بەشێوەیەكی پۆلیسی حكومەت بەڕێوەببات) •    لە كۆبونەوەی رۆژی 30ی تەموزی ئەنجومەنی وەزیراندا، مەسرور بارزانی بڕیاریدا ئەو وەزارەتانەی كە داهاتیان هەیە، گشت داهاتەكانیان بنێردرێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی. (وەزیری دارایی سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە، بەمدواییە میدیایی فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، وەزیری دارایی كە ئاوات شێخ جەنابە ئاگاداری سەرچاوەی داهاتی هەرێمی كوردستان نییە بەدیاریكراوی داهاتی نەوتی رادەستنەكراوە، دواتر لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ درەو میدیا ئاوات شێخ جەناب راستی ئەو قسانەی میدیای حیزبەكەی رەتكردەوە‌و رایگەیاند ئاگاداری داهاتەكانە) •    هەر لە كۆبونەوەی 30 تەموزدا، مەسرور بارزانی بڕیاریدا گفتوگۆی پێویست لەبارەی پرۆژەیاسای چاكسازییەوە بكرێت‌و لەنزیكترین كاتدا رەوانەی پەرلەمان بكرێت. (پرۆژەیاسای چاكسازی یەكێك لەو پرۆژانەی كە بزوتنەوەی گۆڕان جێبەجێكردنی وابەستەكردووە بە بەشداربوونی لە كابینەی نوێدا، عەلی حەمەساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان دوای بەشداربوونی بزوتنەوەكەی لە حكومەت رایگەیاند، ئەگەر پرۆژەی چاكسازی لەماوەی دوو مانگدا پەسەندنەكرێت، رێككەوتنی نێوان پارتی‌و گۆڕان جگە لە درۆیەكی گەورە هیچی تر نییە، ئێستا 40 رۆژ تێپەڕێووە بەسەر وادەی دوو مانگەكەدا‌و هێشتا حكومەت پرۆژە یاسای چاكسازی رەوانەی پەرلەمان نەكردووە، لەسەر ئەم پرۆژەیە یەكێتی تێبینی هەیە‌و پێناچێت بەزووی بگاتە پەرلەمان)  •    لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا كە رۆژی 7ی ئاب بەڕێوەچوو، مەسرور بارزانی بڕیاریدا پێداچونەوە بە لیستەكانی موچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكاندا بكرێت‌و موچەی (13 هەزار) خاوەن پێداویستی تایبەت خەرجبكرێت. (بەپێی بەدواداچوونی درەو میدیا تائێستا ئەم بڕیارە جێبەجێنەكراوە، بڕیاردرابوو دوای جەژنی قوربانی رابردوو موچەی 13 هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت بدرێت، بەڵام تائێستا موچەكە نەدراوە، لەسەر ئەم كەیسە جۆرێك لە ناكۆكی لەنێوان وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی كە سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە لەگەڵ مەسرور بارزانی دروستبووە، وتەبێژی حكومەت بەیاننامەیەكی لەسەر بەڵێنی وەزیر بۆ پێدانی پارەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان دەركرد‌و وەڵامی دایەوە). •    لە كۆبونەوەی رۆژی 4ی ئەیلولی ئەنجومەنی وەزیراندا، مەسرور بارزانی بڕیاریدا لیژنەیەك لە وەزارەتەكانی پەروەردە، خوێندنی باڵا، دارایی‌و پلاندانان دروستبكرێت بۆ دەستنیشانكردنی پێداویستییەكانی ساڵی نوێی خوێندن. (بەهۆی ئەوەی كابینەی نوێی حكومەت تائێستا بودجە‌و سەرچاوەی داهاتی دیارنییە، نازانرێت كابینەی نوێ لە 100 رۆژی رابردوودا چەنێك پارەی بۆ كەرتی پەروەردە‌و خوێندنی باڵا خەرجكردووە). •    لە كۆبونەوەی رۆژی 11ی ئەیلولدا، مەسرور بارزانی بڕیاریدا شاندێكی حكومەتی هەرێم بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی بودجە‌و نەوتەوە سەردانی بەغداد بكات. (ئەم بڕیارە تائێستا جێبەجێ نەكراوە‌و وەفدەكە سەردانی بەغدادی نەكردووە) •    لە كۆبونەوەی رۆژی 18ی ئەیلولدا، مەسرور بارزانی بڕیاری پێكهێنانی لیژنەیەكی یاساییدا بۆ دەستنیشانكردنی ئەو پرۆژەیاسایانەی كە پێویستە لەم وەرزەدا حكومەت ئاڕاستەی پەرلەمانی بكات. (بەپێی بەدواداچونەكانی درەو میدیا، لەماوەی 100 رۆژی رابردوودا كابینەكەی مەسرور بارزانی هیچ پرۆژەیاسایەكی رەوانەی پەرلەمان نەكردووە، كە ئەمە یەكێكە لە كارە سەرەكییەكانی حكومەت) •    لە كۆبونەوەی 16ی ئۆكتۆبەردا مەسرور بارزانی بڕیاریدا سێ یەكەمەكانی زانكۆ حكومییەكان بۆ ساڵی 2015-2016 دابمەزرێنرێن. (تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە 4 رۆژ بەسەر بڕیارەكەدا تێپەڕێوە، درەو میدیا چاودێری بڕیارەكە دەكات بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێكردن یان جێبەجێ نەكردنی لە داهاتوودا) كابینەیەكی دەڵەمە ! 100 رۆژ بەسەر دەستبەكاربونیدا وەكو سەرۆكی حكومەت تێپەڕیوە، هێشتا مەسرور بارزانی نەیتوانیوە پێگەی كابینەكەی بەتەواوەتی جێگیر بكات، هێشتا رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەت دەڵەمەیە‌و مەترسی لەسەرە. قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت یەكێك لە ئاڵنگارییە هەستیارەكان بەردەم مەسرور بارزانی بوو لە (100) رۆژی رابردوودا، قوباد تاڵەبانی هەرچەند لەڕووی مەسرور بارزانی خۆی هیچ قسەیەكی ئەوتۆی نەكرد، بەڵام لە پشتەوە‌و لەڕێگەی حزبەكەیەوە (یەكێتی نیشتمانی) فشاری خستەسەر مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت، تاوەكو بەپێی بڕیارێك دەسەڵاتەكانی ئەو وەكو جێگری سەرۆكی حكومەت دیاری بكات. دواجار بەبێ ئەوەی هیچ بڕیارێك بۆ رایگشتی لەبارەی دەسەڵاتەكانی جێگری سەرۆكی حكومەتەوە بڵاوبكرێتەوە، مەسرور بارزانی لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا لەبەردەم وەزیرەكاندا لەبارەی كێشەكەی قوباد تاڵەبانییەوە وتی:" هەڵە تێگەیشتن هەبووە‌و ئێستا لەگەڵ كاك قوباد لێكتێگەیشتن هەیە". مەسرور بارزانی لەسەرەتاوە رەتیدەكردەوە هیچ دەسەڵاتێكی ئەوتۆ بە قوباد تاڵەبانی بدات، ئەو پێدانی دەسەڵاتی بە قووباد تاڵەبانی وەكو تۆخكردنەوەی دوو ئیدارەیی لە هەرێم لە قەڵەمدا‌و رەتیكردەوە ئەو دەسەڵاتانە بە قوباد تاڵەبانی بداتەوە كە پێشتر نێچیرڤان بارزانی ئامۆزای لە حكومەت پێی دابوو. جگە لە كێشەی جێگری سەرۆكی حكومەت، كابینەكەی مەسرور بارزانی هێشتا لەژێر چاودێری لایەنە بەشداربووەكانیدایە، بەدیاریكراویش بزوتنەوەی گۆڕان‌و یەكێتی نیشتمانی. بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو میدیا) لە كابینەی نوێدا (6) پۆست هەن كە هێشتا پڕنەكراونەتەوە، كە ئەمانە: •    پۆستی سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم كە بەر یەكێتی كەوتووە‌و (رەوەند مەلا مەحمود)ی بۆ كاندیدكراوە. •    پۆستی سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار، ئەم پۆستە بەر یەكێتی كەوتووە‌و (عوسمان شوانی)ی بۆ كاندیدكراوە. •    پۆستی سەرۆكی دەستەی گشتی كاروباری مین، ئەم پۆستەش بەر یەكێتی كەوتووە‌و (ئیسماعیل مەحمود) كاندیدكراوە بۆ وەرگرتنی، بەڵام رەتیكردوەتەوە.  •    پۆستی سەرۆكی سندوقی داهاتە نەوتییەكان، ئەم پۆستە بەر بزوتنەوەی گۆڕان كەوتووە‌و هێشتا پڕنەكراوەتەوە. •    یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی، ئەم پۆستە بەر بزوتنەوەی گۆڕان كەوتووە‌و (شوان قلیاسانی ) كاندیدە بۆ وەرگرتنی پۆستەكە، بەڵام هێشتا پڕنەكراوەتەوە، ئەم پۆستە پێویستی بە دەكردنی یاسایەك هەیە لە پەرلەمانی كوردستان. •    پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، ئەم پۆستە بەر پارتی دیموكراتی كوردستان كەوتووە، ئاشتی هەورامی وەزیری پێشوو دورخراوەتەوەو كراوە بە یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری وزە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، پێدەچێت لەم كابینەیەدا ئەم پۆستە ناوەكەی بگۆڕدرێت بۆ وەزارەتی نەوت هاوشێوەی ئەوەی لە عێراق هەیە، هەندێك زانیاری تر هەن باسلەوە دەكەن رەنگە بەیەكجاری پۆستەكە لاببرێت‌و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت خۆی ئیدارەی دۆسیەی نەوت بدات، لەهەردوو حاڵەتەكەدا هێشتنەوە یاخود لابردنی وەزارەتەكە پێویستی بەوە هەیە لە پەرلەمانەوە یاسایی بۆ دەربكرێت. ئەمە سەرەڕای ئەوەی دوای (100) رۆژ لە دەستبەكاربوونی مەسرور بارزانی، هێشتا بریكاری وەزیرو راوێژكارو بەڕێوەبەرە گشتییەكانی یەكێتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان دانەنراون. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو میدیا) بزوتنەوەی گۆڕان زۆر جەخت لەسەر وەگرتنی هەموو ئەو پۆستانە دەكاتەوە كە بەپێی رێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی، لە حكومەت بەریكەوتووە. بزوتنەوەی گۆڕان گومانی هەیە پارتی هەموو پۆستەكانی رادەستبكات، سەرچاوەی گومانەكە بۆ كابینەی هەشتەم دەگەڕێتەوە، كاتێك پارتی تا دواساتەكانیش زۆربەی ئەو پۆستانەی رادەستی گۆڕان نەكرد كە رێككەوتنیان لەسەر كرابوو. یەكێتی بەهۆی ئەوەی لە زۆنەكەی خۆی جڵەوی دەسەڵاتی بەدەستەوەیە، كەیسی رادەستكردنی پۆستەكانی بە قەبارەی بزوتنەوەی گۆڕان بەلاوە گرنگ نییە، ئەوەی بەلایەوە گرنگە پشكی داهاتی نەوتە كە رادەستی نوێنەرەكانی بكرێت لەناو حكومەت.  كابینەی یاریدەدەر  یەكێك لە دیارترین گۆڕانكارییەكان لە كابینەی نوێی حكومەتدا لەماوەی (100) رۆژی رابردوودا، دانانی ژمارەیەكی زۆر یاریدەدەرە لەلایەن مەسرور بارزانییەوە، تا ئەو رادەیەی پێشتر (درەو میدیا) لە راپۆرتێكدا نازناوی "كابینەی یاریدەدەری" بە حكومەتەكەی مەسرور بارزانی بەخشی. مەسرور بارزانی جگە لە جێگری سەرۆكی حكومەت تائێستا (4) یاریدەدەری بۆ خۆی دیاریكردووە، ئەمە لەكاتێكدایە لەكابینەكانی پێشوودا سەرۆكی حكومەت هیچ یاریدەدەرێكی نەبووە، سەرباری ئەوە، بابەتی دانانی یاریدەدەر لە دەرەوەی رێككەوتنی لایەنەكانە بۆ پێكهێنانی حكومەت (جگە لە پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی كە بەر بزوتنەوەی گۆڕان كەوتووە‌و تائێستا دانەنراوە بەهۆی ئەوەی پۆستەكە پێویستی بە دەركردنی یاسا هەیە لە پەرلەمان)، ئەمە لایەنەكانی نیگەران كردووە، چونكە لەو پۆستانە هیچ شتێكیان بەرناكەوێت‌و سەرباری ئەوە مەترسییان هەیە ئەو یاریدەدەرانە لە داهاتوودا رۆڵی وەزیرەكان لاواز بكەن‌و ببن بە وەزیری سێبەر. تائێستا مەسرور بارزانی فەرمانی بۆ (4) یاریدەدەر دەركردووە كە ئەمانەن: •    ئاشتی هەورامی- یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری وزەو سامانە سروشتییەكان •    رێباز حەملان- یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری وەبەرهێنان‌و راژەی گشتی  •    محەمەد حاجی- یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری تەندروستی  •    رانیا مەجید- یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری ئابوری حكومەت‌و چاوەڕوانییەكانی خەڵك مەسرور بارزانی سەرۆكی كابینەی نوێی حكومەت، لەوتاری دەستبەكاربوونیدا وتی:" بەهۆی قەرزو قەیرانە كەڵەكەبووەكانی كابینەكانی پێشووترەوە، كابینەی نوێی حكومەت لە دەستپێكدا دوچاری بارودۆخی ئابوری سەخت دەبێتەوە". یەكەم پەیامی سەرۆك وەزیران پەیامێكی نائومێدكەر بوو بۆ هاوڵاتیان، بەڵام وتنی راستییەك بوو كە ئێستا دوای (100) رۆژ لە دەستبەكاربوونی حكومەت، هەستی پێدەكرێت. یەكێك لە بەڵێنەكانی مەسرور بارزانی ئەوە بوو، پەیوەندی نێوان حكومەتی هەرێم‌و بەغداد ئاسایی بكرێتەوە‌و ئابوری كوردستان بەهێز بكرێت، دوای (100) رۆژ لە دەستبەكاربوونی، هێشتا حكومەتی هەرێم نەگەیشتوەتە هیچ رێككەوتنێكی ئەوتۆ لەگەڵ حكومەتی بەغداد لەبارەی بودجەوە. خەڵك هێشتا نیگەرانن لەوەی جارێكی تر قەیرانی دارایی‌و بڕینی موچەی فەرمانبەران سەرهەڵبداتەوە، بەتایبەت لەكاتێكدا كابینەی مەسرور بارزانی تائێستا نەیتوانیوە وادەی دابەشكردنی موچەی فەرمانبەران مانگانە لە رۆژێكدا جێگیر بكات. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو میدیا)، مەسرور بارزانی هێشتا سیاسەتێكی جێگیری نییە لەبارەی چارەسەركردنی پرسی نەوت‌و بودجە لەگەڵ بەغداد، لە هەندێك كۆبونەوەدا باسلەوە دەكات هەرێم نەوتەكەی رادەستی بەغداد دەكات، لە هەندێك كۆبونەوەی تردا رەتیدەكاتەوە هەرێم نەوت رادەسبكات. نەوت لەكابینەی نوێدا وەزارەتی نییە، جڵەوی كەیسی نەوت هێشتا بەتەواوەتی لە دەستی مەسرور بارزانیدا نییە، دۆسیەی نەوتی هەرێم درێژكراوەی ئەو گرێبەست‌و رێككەوتنە ئابوری- سیاسییانەیە كە لە كابینەكانی پێشوودا نێچیرڤان بارزانی ئامۆزای كردویەتی، بەتایبەتی لەگەڵ توركیا. ئێستا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم كوردستانە، خاڵی بەهێزی ئەو دۆسیەی نەوت‌و ئەو پەیوەندییە بەهێزەیە كە لەبارەی وزەوە لەگەڵ توركیا هەیەتی، ئەمە وایكردووە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت نەتوانێت وەكو پێویست هەنگاو بۆ رێككەوتن لەگەڵ بەغداد هەڵگرێت. كابینەی نوێ هێشتا خاوەنی پرۆژەیاسای بودجەی تایبەت بەخۆی نییە، بەڵام باسلەوەدەكرێت بۆ ساڵی 2020 حكومەت پرۆژەیاسای بودجەی دەبێت، ئەمەش لەسەر رێككەوتنی نێوان هەرێم‌و بەغداد راوەستاوە. دیارترین بڕیاری دارایی مەسرور بارزانی لە (100) رۆژی رابردوودا بڕیاری خەرجكردنی (500 ملیار) دینارە بۆ بنیادنان‌و گەشەپێدانی ژێرخانی ئابوری كوردستان لە بوارەكانی (كارەبا- ئاو و ئاوەڕۆ)، ئەوەی جێگەی سەرەنجە مەسرور بارزانی لە بڕیاردان بۆ خەرجكردنی ئەم بڕە پارەیە بەهیچ جۆرێك نەگەڕایەوە بۆ وەرگرتنی رەزامەندی لە پەرلەمانی كوردستان، واتە پەرلەمان وردەكاری خەرجكردنی پارەكە نازانێت‌و لەچاودێریكردنی خەرجكردنەكەدا دوچاری ئاستەنگ دەبێتەوە. رەخساندنی هەلی كاریش هێشتا هیچ ئاسۆیەكی دیارنییە‌و كابینەی نوێ جگە لە بڕیارێك بۆ دامەزراندنی سێ یەكەمەكانی زانكۆ هیچ بڕیارێكی نوێی نییە بۆ كردنەوەی دەرگای دەمەزراندی دەرچوان كە ساڵانە نزیكەی (35) كەس زیاد دەكات‌و بەپێی بەدواداچوونی (درەو میدیا) لە ساڵی 2014وە كە دەرگای دامەزراندن داخراوە، نزیكەی (200 هەزار) كەس لە زانكۆ‌و پەیمانگاكان دەرچوون



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand