Draw Media

درەو میدیا: عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، دووجار پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجامداوە.  بەپێی زانیارییەكانی ( درەو میدیا) بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە، عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجامداوەو پیرۆزبایی جەژنی لێكردووە. زانیارییەكانی ( درەو میدیا) ئاماژە بەوەش دەكەن لەدوای ئەو پەیوەندیە تەلەفۆنیەوە، بۆ جاری دووەم پەیوەندی تەلەفۆنی لە نێوان هەردولا ئەنجامدراوەتەوە و باس لە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا كراوە.  كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان تا دواساتەكان  ئارەزووی بەشداریكردنی هەبوو لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان مەیلی بەشداریكردنی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستانی نەبووە، بۆیە بانگهێشتی رەسمی كۆمەڵیان نەكرد بۆناو كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم.     


 (درەو میدیا): ژمارەیەك پەرلەمانتاری كوردستان لەم خولەدا  لەپێناو وەرگرتنی كورسی حكومەت، كورسییەكانی خۆیان لەناو پەرلەمان بەجێهێشت. •    قوباد تاڵەبانی: لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا كە 30ی ئەیلولی 2018 بەڕێوەچوو، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بوو، دەنگی یەكەمی لەسەر ئاستی كاندیدی هەموو حزبەكان بەدەستهێنا، بەڵام هەرگیز نەچووە ناو پەرلەمانەوە‌و كورسییەكەی خۆی بۆ (راهی رەهبەر سەید ئیبراهیم) لە لیستی یەكێتی بەجێهێشت، قوباد تاڵەبانی نەچووە پەرلەمان بۆ ئەوەی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت وەرگرێت، ئێستا بە فەرمی كاندیدی یەكێتییە بۆ ئەم پۆستە. •    عەبدوڵا مەحمود محەمەد ناسراو بە (عەبدوڵای حاجی مەحمود): ئەم پیاوە برای محەمەدی حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستانە، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بوو، كاتێك پارتی دیموكراتی كوردستان پۆستی وەزارەتی شەهیدان‌و ئەنفالكراوانی بە حزبەكەیدا، لە پەرلەمان كشایەوە‌و ئێستا كاندیدە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی شەهیدان‌و ئەنفالكراوان، عەبدوڵای حاجی مەحمود پێشتریش لە دوو خولی تردا ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بووە، بە رۆشتنی عەبدوڵای حاجی مەحمود بۆ ناو حكومەت، حزبی سۆسیالیست تاكە كورسییەكەی لە پەرلەمان لەدەستدەدات، چونكە ئەو كورسییە، كورسی دەنگی سێ لایەنی هاوپەیمان بوو لە هەڵبژاردندا (حزبی سۆسیالیست- پارتی كرێكاران‌و رەنجدەران- یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان)، سۆسیالیست پۆستەكەی حكومەتی هەڵبژارد‌و كورسییەكەی پەرلەمانی جێهێشت بۆ هاوپەیمانەكانی، (باپیر كامەلا) سەرۆكی پارتی كرێكان‌و رەنجدەران لەسەر كورسییەكەی عەبدوڵای حاجی مەحمود لە پەرلەمان دادەنیشێت. •    بێگەرد دڵشاد شكرڵڵا ناسراو بە (بێگەرد تاڵەبانی): ئەم خاتوونە ئەندامی خولی نوێی پەرلەمانی كوردستان‌و سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتییە، لە خولی پێشووی پەرلەماندا بە هەمان شێوە سەرۆكی فراكسیۆن بوو، لە كۆتاییەكانی خولەكەشدا پۆستی سكرتێری پەرلەمانی وەرگرت، بێگەرد تاڵەبانی لەم خولەدا كاندید بوو بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، بەڵام دواجار لەلایەن حیزبەكەیەوە كاندیدكرا بۆ پۆستی وەزیری كشتوكاڵ‌و سەرچاوەكانی ئاو، بێگەرد تاڵەبانی بۆ ئەم پۆستە حكومییە پەرلەمانی كوردستان بەجێدەهێڵێت‌و (شیرین یونس) كاندیدی حزبەكەی لە سنوری كۆیە كورسییەكەی لە پەرلەمان پڕدەكاتەوە.  •     ڤالا فەرید: ئێستا سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانە، بڕیارە پۆستەكەی بۆ رێواس فایەق چۆڵبكات، دوای لادانی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، ئەم خاتوونە لە پەرلەمان نامێنێتەوە‌و وەكو وەزیری هەرێم لە كابینەی نوێی حكومەت دەستبەكاردەبێت، ڤالا فەرید لە خولی پێشووشدا ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بووە‌و لە خولی پێشوودا سەرۆكی لیژنەی یاسایی بووە‌و یەكێكە لە كارەكتەرە شارەزاكانی پارتی لە بواری یاسادا، (لەنجە دزەیی) كورسییەكەی ڤالا فەرید لە پەرلەمان پڕدەكاتەوە. •    ئایدن مەعروف: سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانییە لە پەرلەمانی كوردستان، لەدوو خولی پێشوودا ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بووە، ئێستا كاندیدە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی هەرێم، دوای وەرگرتنی متمانە، پەرلەمان بەجێدەهێڵێت‌و (هیمداد سەباح بیلال) لە لیستی بەرەی توركمانی شوێنەكەی لە پەرلەمان پڕدەكاتەوە. 


(درەو میدیا): ئەگەرچی وا باسدەكرا كە هیچ بەرپرسێكی كابینەی هەشتەم لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا دانانرێتەوە، بەڵام دوای بڵاوكردنەوەی ئەندامانی كابینەكە بە رەسمی‌و راگەیاندنی بەرپرسەكانی تری، دەردەكەوێت چەند وەزیر‌و بەرپرسێكی كابینەی پێشوو لەم كابینەیەشدا پۆستیان وەرگرتوەتەوە‌و ماونەتەوە. ئەو وەزیر‌و بەرپرسانەی كابینەی هەشت كە لە كابینەی نۆیەمدا ماونەتەوە سەرجەمیان پۆستەكانیان گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، جگە لە قوباد تاڵەبانی، كاندیدی جێگری سەرۆك وەزیران‌و د. ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران كە پارێزگارییان لە پۆستەكانی پێشوویان كردووەو لە هەمان پۆستدا ماونەتەوە. ئەوانەی لە كابینەی نۆیەمدا بەردەوام دەبن ئەمانەن: * قوباد تاڵەبانی: لە كابینەی پێشوودا جێگری سەرۆك وەزیران بوو، لەم كابینەیەشدا پارێزگاری لە پۆستەكەی كردو مایەوە. * پشتیوانی سادق: لە كابینەی پێشوودا وەزیری پەروەردە بوو، كاتێك وەزیرەكانی گۆڕان لە حكومەت دەركران پۆستی وەزارەتی ئەوقافی بەڕێوەدەبرد‌و لە كابینەی نۆیەمدا بۆ وەزارەتی ئەوقاف كاندیدكراوە. * كەمال موسلیم: لە كابینەی هەشتەمدا وەزیری ئەوقاف بوو، بەڵام دواتر لەلایەن پارتییەوە لەگەڵ وەزیری دارایی‌و بازرگانیدا لە حكومەت دەركرانو لە كۆتایی تەمەنی كابینەكەشدا دەستیلەكاركێشایەوە. لە كابینەی نۆیەمدا كەمال موسلیم لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕانەوە بۆ وەزارەتی بازرگانی‌و پیشەسازیی كاندیدكراوە، كاندیدكردنی لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا مشتومڕی دروستكردووە، ئەم وەزارەت لەناو گۆڕاندا پشكی پارێزگاری هەولێربوو، هەریەك لە داهێن هاشم، چالاكی موهەندیس‌و بەشدار حەسەن كاندیدبوون، برز‌وۆ مەجیدیش لە هەوڵێ‌ ئەو پۆستەدابوو، بەهۆی رێكنەكەوتنی ئەمانەوە كەمال موسلیم بۆ وەرگرتنی وەزارەتەكە كاندیدكرا. * ئاشتی هەورامی: لە كابینەی هەشتدا وەزیری سامانە سروشتییەكان بوو، بڕیاربوو لەم كابینەیەشدا بەردەوام بێت، بەڵام مەسرور بارزانی سیڤی ئەوی پێشكەشی پەرلەمان نەكردووە بۆ متمانە پێبەخشین، بە گوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا) ئاشتی هەورامیی لەم كابینەیەدا پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی بۆ كاروباری وزە بۆ دادەتاشرێت‌و وەزارەتی  سامانە سروشتییەكان دەبێت وەزارەتی نەوت‌و كەسێكی تری بۆ كاندید دەكرێت. * سەفین دزەیی: كوڕی موحسین دزەییە كە كەسایەتییەكی نزیكبووە لە مستەفا بارزانییەوە, لە كابینەی پێشوودا وتەبێژی رەسمی حكومەت بوو بە پلەی وەزیر، لە كابینەكانی پێشووتریشدا وەزیری پەروەردە بووە، لە كابینەی نۆیەمی مەسرور بارزانیدا پۆستی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم. * ئامانج رەحیم: لە كابینەی پێشوودا سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران بووە، لەم كابینەیەشدا پارێزگاری لە پۆستەكەی كردووە.  دووبارەبووەكانی تر جگە لە پۆستەكانی تایبەت بە حكومەت‌و ئەنجومەنی وەزیران، لەم خولە نوێی حكومڕانی هەرێمی كوردستاندا چەند كاراكتەرێكی تر هەن كە بۆ خەڵك ناسراون‌و لە خولەكانی پێشوودا پۆستی حكومییان هەبووە لەوانە: *  مستەفا سەید قادر: لە كابینەی هەشتەمدا وەزیری پێشمەرگە بوو، پاشان لەلایەن پارتییەوە لەگەڵ وەزیرەكانی تری بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت دوورخرایەوەو دواتر دەستیلەكاركێشایەوە. مستەفای سەید قادر ئێستا كاندیدی بەهێزی بزوتنەوەی گۆڕانە بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم ئەم پیاوە دەوترێت ئەندازیاری ئەو رێككەوتنە سیاسییە یە كە بۆ پێكهێنانی ئەم كابینەی حكومەت لە نێوان بزوتنەوەی گۆڕان‌و پارتی دیموكراتدا ئیمزاكراوە. مستەفا سەید قادر كە لە كابینەی پێشوودا لەلایەن پارتییەوە لە حكومەت دوورخرایەوە، ئەمە واینەكرد پەیوەندییە تایبەتەكانی لەگەڵ پارتی تێكبدات‌ولەلایەن زۆرینەی سەركردەكانی پارتییەوە وەك كەسایەتییەكی رێزلێگیراو مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت‌و پشتیوانی لێدەكرێت بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم. * جەعفەر شێخ مستەفا: لە كابینەی حەوتی حكومەتی هەرێمدا وەزیری پێشمەرگە بووەو لە كابینەی هەشتەمیشدا بەرپرسی هێزەكانی حەفتای یەكێتی بوو، ئێستا بە فەرمی لەلایەن یەكێتییەوە بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم كاندیدكراوە. جەعفەر شێخ مستەفا لە كاتی ریفراندۆم‌و پاشان لێكەوتەكانی لە رۆژی 16ی ئۆكتۆبەر‌و رۆژانی دوایی پشتیوانێكی سەرسەختی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو.


درەو میدیا: ئەمڕۆ لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا دەنگدان لەسەر  بڕینی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە یاسای بودجەی گشتی عێراقدا شكستیهێنا. د. رێبوا كەریم ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ( درەو میدیا)ی راگەیاند: بڕگەیەكی كاری ئەمرۆی پەرلەمانی عێراق تایبەت بوو بە هەمواری مادەی 58ی یاسای بودجەی گشتی عێراق، كە مادەیەكی تر دابنرێت و تایبەتە بە پڕكردنەوەی پۆستە بەوەكالەتەكانی پلە تایبەتەكانی عێراق. لە كاتی دەنگدان لەسەر هەمواری ئەو مادەیەیەدا، یوسف كلابی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح پرۆژە یاسایەكی خستەروو كە ئیمزای زیاتر لە 50 پەرلەمانتاری لەسەر بوو، داوای كردبوو هەمواری مادەی 10 بڕگەی ج یاسای بودجە بكرێت و ئەو بڕگەیە بگۆڕدرێت بەوەی( هەرێمی كوردستان نەوتەكەی رادەستی سۆمۆبكات، ئینجا موچەی فەرمانبەرانی بۆ بنێردرێت) بۆیە ئەو پێشنیازە خرایە دەنگدانەوەو تەنها دەنگی 49 پەرلەمانتاری بەدەستهێنا، هەربۆیە ئەو پەرلەمانتارە گرژی و پشێوی دروستكرد" د. رێبوار كەریم ئاماژەی بەوەشكرد" وەك پەرلەمانتارانی كورد هەموومان كۆدەنگ بووین لەسەرئەوەی كە نابێت موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ببڕدرێت و دڵنیایی دەدەینە موچەخۆرانی هەرێم كە موچەكەیان لە بەغداوە بەردەوام دەبێت و نابڕدرێت"  ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشكرد كە" سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا رۆژی پێنج شەممەی داهاتوو وەزیرانی دارایی و نەوت و نوێنەری ئەنجومەنی وەزیران میوانداری بكرێن "


درەو میدیا: پۆستەكانی ناو ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستانەوە كاندیدان بۆ دیاریكراوە، لەوانە :  شەعبان شەعبان چالی - بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆك وەزیران ، پێشتر لە ئەنجومەنی ئاساییش بوو ئومێد سەباح - سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، وتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێم بوو سەفین دزەیی - بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وتەبێژی حكومەتی هەرێم بوو. د. ئامانج رەحیم - سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، پێشتریش سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران بوو د. محەمەد شوكری محەمەد سەعید - سەرۆكی دەستەی وەبەرھێنان. د. عەبدولحەكیم خەسرۆ- سەرۆكی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون. د. جوتیار عادل ئاكرەیی - وتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پەرلەمانتاری پێشوی عێراق بوو نورەدین سەعید وەیسی - بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیران، بەرێوەبەری كوردستان 24  


 درەو میدیا:  لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان نامێنێت‌و لەبری وەزارەتی نەوت پێكدەهێنرێت، ئاشتی هەورامیش دەكرێتە یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری وزە. بە گوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكەوە دەستی كەوتووە، مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان گۆڕانكاری لە حكومەتدا دەكات‌و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان هەڵدەوەشێنێتەوە‌و هاوشێوەی حكومەتی بەغداد وەزارەتی نەوت دادەمەزرێنێت. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) وەزارەتی نەوت كە پێكدەهێنرێت لە كابینەی نۆیەمدا بە كاندیدێكی تر دەسپێردرێت‌و ئاشتی هەورامی وەزیری پێشووی سەرچاوە سروشتییەكانی هەرێمیش دەكرێتە یاریدەدەری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری وزە. ئەمڕۆ دووشەممە مەسرور بارزانی لیستی ناوی كابینەكەی‌و سیڤییەكانی پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كرد بۆئەوەی متمانەیان پێبدات‌و لە لیستەكەدا وەزارەتی نەوت یان سامانە سروشتییەكانی تێدانیە.


درەو میدیا: دەرباز كۆسرەت رەسوڵ لە كاندیدبونی بۆ وەزارەتی پلاندانان كشایەوەو لە هەوڵی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستاندایە.   سەرچاوەیەكی باڵا لە ناو یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە ( درەو میدیا)ی راگەیاند" دەرباز كۆسرەت رەسوڵ لە نێوان وەزارەتی پلاندانان و سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێم، سەرۆكی دەزگاكەی هەڵبژاردووەو لە ئێستاشدا هەوڵی جدی هەیە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە كە بە پلەی وەزیرە و بارەگا سەرەكییەكەی لە هەولێرە"  لەدوای كشانەوەی لە كاندیدبونی دەرباز كۆسرەت رەسوڵ پەیامێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند" لە ڕوانگەی هەستكردن بە لێپرسراویەتی بەرامبەر بە هەڤاڵەكانمان و كادیرو ڕێكخستنەكان لە سنووری جوگرافی پارێزگای هەولێر وامان بە باش زانی كە ئەو دەرفەتە بدەین بە یەكێك لە كادیرە پێشكەوتووەكانی شارەكەمان" بەڵام سەرچاوەكەی ( درەو میدیا) وەرگرتنی ئەو پۆستەی بە دەرباز كۆسرەت رەسوڵ بە كارێكی ئاسان نەزانی پێی وابوو "بەهۆی ئەوەی باڵی كۆسرەت رەسوڵ لە دابەشكردنی پۆستەكاندا پشكی زۆریان برد، ئاسان نیە ماڵباتی مام جەلال بە پێدانی ئەو پۆستە بەدەرباز كۆسرەت رەسوڵ رازی بن، لە كاتێكدا هەوڵیش هەیە كە شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ بكرێتە فەرماندەی هێزەكانی 70ی یەكێتی لەدوای كاندید بونی جەعفەر شێخ مستەفا بۆ جێگری سەرۆكی هەرێم"  دەزگای ئاساییشی هەرێم بەپێی (یاسای بودجەی هەرێمی كوردستان 2013) بودجەیەكی بۆ دیاریكراوە كە بڕەكەی ( 487 ملیار و 443 ملیۆن) دینارەو ژمارەی كارمەندەكانی ( 31 هەزارو 421 ) كەسە، بودجەی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان ناچێتە ژێر چاودێری هیچ دام و دەزگایەكی چاودێرییەوە. دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە شەش بەڕێوەبەرایەتی گشتی پێكهاتووەو ( خەسرەو گوڵ محەمەد) لە 3/5/2012 ەوە سەرۆكی دەزگاكەیەو هاوكات جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانیشە.


(درەو میدیا):  دوای هەمواركردنی یاسای ژمارەی (3)ی پارێزگاكان، پارتی دیموكراتی كوردستان دەیەوێت پارێزگارەكانی (هەولێر، دهۆك) بگۆڕێت. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بۆ پۆستی پارێزگاری هەولێر لە جێگەی (نەوزاد هادی)، پارتی (فەرسەت سۆفی) پەرلەمانتاری پێشووی حزبەكەی لە پەرلەمانی كوردستان كاندیدكردووە.  (درەو میدیا) زانیویەتی، بۆ پۆستی پارێزگاری دهۆك، لە جێگەی (فەرهاد ئەتروشی)، پارتی (سەربەست لەزگین) بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی كاندیدكردووە. زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن لە پارێزگای سلێمانیش یەكێتی دەیەوێت هەڤاڵ ئەبوبەكر لە پۆستی پارێزگار لابدات‌و لە جێگاكەی (عیزەت سابیر) دابنێت.  


راپۆرت: سایتی كەناڵی ئەلحوڕە     وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ       ئێران رایگەیاند ئەو رێككەوتنە ئەتۆمییە دەشكێنێت كە ساڵی 2015 لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوای ئیمزای كرد‌و رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم لەو رێژەیە زیاتر بەرزدەكاتەوە كە لە رێككەوتنەكەدا رێگەی پێدراوە‌و بریتیە لە رێژەی 3.67%. یۆرانیۆم چۆن دەپیتێنرێت؟  ئەو یۆرانیۆمە خاوەی كە لە كانەكاندا دەردەهێنرێت رێژەی لەسەدا یەكی (ئەكسیدی یۆرانیۆم)ی تێدایە،  ئەمە ئەو مادە سەرەتاییەیە كە بۆ پرۆسەی بەرهەمهێنانی وزە پێویستە. یۆرانیۆمی خاو بە مادەی كیمیایی تر چارەسەردەكرێت بۆ دەرهێنانی ئۆكسیدی یۆرانیۆم‌و دروستكردنی ئەو مادەیەی كە پێی دەوترێت " كێكە زەردەكە" كە هاڕاوەیەكە‌و رێژەی 80%ی بریتیە لە ئۆكسیدی یۆرانیۆم. پێش بەكارهێنانی یۆرانیۆم لە وێستگە ئەتۆمییەكان یان بۆمبەكاندا، پێویستە سەرەتا‌و یەكەمجار یۆرانیۆمەكە بپیتێنرێت، ئەوەش لەبەرئەوەی یۆرانیۆمی سروشتی بڕێكی زۆر كەم لە (یۆرانیۆم – 235)ی تێدایە كە ناوكەكانی بە ئاسانی پارچەپارچە دەبن‌و بڕێكی زۆر وزە بەرهەمدەهێنن. (یۆرانیۆم – 235) جۆرێكە لە یۆرانیۆم، ژمارەی گەردیلەكانی 235ەو جیاوازە لە یۆرانیۆمی سروشتی (یۆرانیۆمی – 238) لە رووی ژمارەی نیوترۆنەكانی نێو ناوكی گەردیلەكانیان. یۆرانیۆمی خاو تەنها رێژەی 0.7% ی ( یۆرانیۆم- 235)یی تێدایە‌و ئەوی تری كە دەمێنێتەوە بریتیە لە ( یۆرانیۆم- 238). بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم ( كێكە زەردەكە) دەگۆڕدرێت بۆ گازێك كە بە " یۆرانیۆم هیكسافلۆراید" ناودەبرێت‌و پاشان دەخرێنە ناو ئامێری سێنتەر فیوچ كە بە خێراییەكی زۆر دەسوڕێتەوە‌و بەوەش یۆرانیۆم- 238 دەچێتە دەرەوە‌و یۆرانیۆم – 235 دەمێنێتەوە كە كێشی سوكترە. یۆرانیۆم‌و چەكی ئەتۆمیی ئەو یۆرانیۆمەی لە وێستگە ئەتۆمییەكاندا بەكاردەهێنرێت بە رێژەی 4% پیتێنراوە، بەڵام بۆ دروستكردنی چەكی ئەتۆمیی دەبێت بە رێژەی 90% بپیتێنرێت. بە گوێرەی دەقی ئەو رێككەوتنە ئەتۆمییەی كە ئێران ساڵی 2015 لەگەڵ وڵاتانی خۆرئاوا ئیمزایكرد، نابێت یۆرانیۆم بەرێژەی 3.67% زیاتر بپیتێنێت، بەڵام تاران رایگەیاند پابەندی ئەوە نابێت‌و رێژەی پیتاندن بەرزدەكاتەوە‌و هیچ بەربەرستێكی تەكنیكیش لەبەردەمیدا نییە تا رێگری لێبكات، چونكە قۆناغەكانی سەرەتای پیتاندنی یۆرانیۆم زۆرترین هەوڵ‌و وزەی پێویستەو هەتا رێژەی پیتاندنەكە بەرزببێتەوە پرۆسەكە ئاسانتر دەبێت. لە پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆمدا بەڕێژەی 90%، نیوەی هەوڵ‌و وزەی بەگەڕخراو دەڕوات بۆ بەرزكردنەوەی رێژەی پیتاندنەكە لە 0.7%ەوە بۆ 4% و دوای گەیشتن بە رێژەی 20%ی پیتاندن, كە بە (یۆرانیۆمی بەرز پیتێنراو) ناودەبرێت، پرۆسەكە بۆ بەكارهێنانی یۆرانیۆم لە بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمییدا بەرێژەی 90% تەواوبووەو هەتا رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم زیاتربێت، ئەو بڕەی كە لە بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمییدا بەكاردەهێنرێت كەمتر دەبێتەوەو بۆ دروستكردنی چەكێكی ئەتۆمی لە یۆرانیۆمی پیتێنراو بە رێژەی 20% بڕی 400 كیلۆگرام بەكاردەهێنرێت، بەڵام لەكاتی بەركارهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراو بە رێژەی 90% بڕەكە بۆ 28 كیلۆگرام كەمدەبێتەوە.


درەو میدیا: بەپێی زانیارییەكانی ( درەو میدیا) بزوتنەوەی گۆڕان كاندیدەكانی بۆ پۆستە وزارییەكان یەكلاكردەوە، بەم شێوەیە:   - مستەفای سەید قادر، جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان  - ئاواتی شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری  - كوێستان محەمەد، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی  - كەمال موسلیم ، وەزیری بازرگانی  - دانا عەبدولكەریم، وەزیری ئاوەدانكردەوە 


 راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف- نامیق رەسوڵ بەدەستپێشخەری ژمارەیەك پەرلەمانتاری سەربە پارتی‌و یەكێتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان، لە پەرلەمانی كوردستانەوە بە یاسایەك تەمەنی پارێزگارو ئەنجومەنی پارێزگاكان درێژدەكرێتەوە، پارتی دەیەوێت پارێزگاری هەولێر بگۆڕێت، گۆڕان دەیەوێت پارێزگارو پۆستەكانی سلێمانی بهێڵێتەوە، یەكێتیش دەیەوێت پۆستێكی نوێ بۆ سەركردەكانی ئامادە بكات. زیاتر لە ساڵێكە وادەی یاسایی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە هەرێمی كوردستان كۆتایی هاتووە، ئەم ئەنجومەنانە‌و پارێزگارەكانیش بەبێ بوونی هیچ پاڵپشتییەكی یاسایی كاروباری خۆیان بەڕێوەدەبەن. سێ پارێزگای هەرێمی كوردستان (هەولێر، سلێمانی، دهۆك) دوچاری ئەم كێشەیە یاساییە بوون، پارێزگای هەڵەبجە بەهۆی ئەوەی پارێزگایەكی تازەدروستكراوە، دۆخی تایبەتی هەیە‌و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای تێدا نەكراوە، ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە بڕیاربوو بەرێككەوتنی سیاسی نێوان لایەنەكان‌و بەشێوازی دامەزراندن پێكبهێنرێت، بەڵام ئەوەش بەهۆی ناكۆكی نێوان لایەنەكانەوە تائێستا دروستنەكراوە، پارێزگاری هەڵەبجەش لەچوارچێوەی رێككەوتنی سیاسی نێوان یەكێتی نیشتمانی‌و بزوتنەوەی گۆڕان بەشێوازی دامەزراندن دانراوە. پارێزگارو ئەنجومەنی پارێزگاكان بەپێی یاسای كارپێكراو، كارەكانیان لەچوارچێوەی وەزارەتی ناوخۆدایە، رۆژی 29ی ئایاری ئەمساڵ وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بە نوسراوێك هەموو ئەنجومەنەكانی ئاگاداركردەوە بەهیچ جۆرێك هیچ    بڕیارێك دەرنەچوێنن. وەزارەتی ناوخۆ ئەم نوسراوەی بە پشتبەستن بە رادەربڕینێكی ئەنجومەنی شورای هەرێم كردوو، كە رۆژی 19ی ئازاری ئەمساڵ دەرچووە‌و تێیدا هاتووە" بڕیارەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە دوای رۆژی 21/9/2018وە نایاساین"، واتە لەو رۆژەوە ئەنجومەنەكان شەرعیەتیان لەدەستداوە، پارێزگارەكانیش كە لەلایەن ئەنجومەنەكانەوە هەڵبژێردراون، ئەوانیش شەرعیەتی یاساییان نەماوە. پارێزگارو ئەنجومەنی پارێزگاكان كە پێشتر بە هەڵبژاردن‌و دەنگدان خەڵك دروستكراون، ئێستا بۆ مانەوە پەنایان بۆ پەرلەمان بردووە.  چەند رۆژێكە پەرلەمانی كوردستان سەرقاڵی ئەوەیە دەرچەیەكی یاسایی نوێ بۆ كاری ئەنجومەنی پارێزگاكان بدۆزێتەوە‌و بەشێوەی یاسایی وادەی كاركردنیان درێژبكاتەوە تا ئەو كاتەی هەڵبژاردنێكی نوێ دەكرێت یاخود بە هەر شێوازێكی تر چارەنوسی ئەم ئەنجومەنانە یەكلادەكرێتەوە. چارەسەرێكی یاسایی ! (19) پەرلەمانتار لە هەرسێ فراكسیۆنی (پارتی، یەكێتی، گۆڕان) لە پەرلەمانی كوردستان بە ئیمزای خۆیانەوە پرۆژەیەكیان پێشكەش كرد بۆ هەمواركردنەوەی یاسای ژمارەی (3)ی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان. پەرلەمانی كوردستان هەر زوو بۆ ئەم پرسە هاتەدەست، ئەمڕۆ لە كۆبونەوەیەكدا بەشێوەیەكی خێرا خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرد‌و هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان بە ئیمزای خۆیەوە پێشنیازی هەموارە یاساكەی رەوانەی لیژنە پەیوەندیدارەكان كرد بەمەبەستی ئامادەكردن راپۆرتی كۆتایی. بڕیارە سبەینێ كاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆ پەرلەمان جارێكی تر كۆببێتەوە بۆ خوێندنەوەی دووەمی پرۆژە هەموارەكە‌و پەسەندكردنی. كاتژمێر 12ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەر دوای كۆبونەوەی پەرلەمان، بەشێوەیەكی خێرا هەردوو لیژنەی (كاروباری یاسایی)و لیژنەكانی (پێشمەرگەو ناوخۆو ئاسایش‌و ئەنجومەنە خۆجێیەكان) كۆبونەوە بەمەبەستی ئامادەكردنی راپۆرتی كۆتایی. پارێزگار لە دەرەوەی ئەنجومەن ئەو پرۆژە یاسایەی كە ئێستا لەبەردەم پەرلەماندایە ناوی "پێشنیازی یاسای هەمواری یاسای ژمارەی 3ی ساڵی 2009 یاسای پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان"ە. ماددەی یەكەمی ئەم پرۆژە یاسایە داوای هەمواركردنی خاڵی (1) لە بڕگەی سێیەمی ماددەی (شەشەم)ی یاساكە دەكات. "هەڵبژاردنی پارێزگار لەنێوان ئەندامانی ئەنجومەن بەزۆرینەی رەهای ژمارەی ئەندامان ئەنجومەن.." ئەمە ئەو دەقە یاسایەیە كە داواكراوە هەموار بكرێتەوە. هەموارە نوێیەكە دەڵێت" هەڵبژاردنی پارێزگار لە دەرەوەی ئەندامانی ئەنجومەن یان لەنێوانیاندا بەزۆرینەی رەهای ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەن دەبێت..". جیاوازی نێوان یاسا بنەڕەتییەكە‌و پێشنیازە هەمواركراوەكەی ئەوەیە، بەپێی یاسا بنەڕەتییەكە رێگە بە كەس نادرێت ببێت بە پارێزگار ئەگەر ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا نەبێت، بەڵام هەموارەكە كە ئێستا پەرلەمان دەیەوێت پەسەندی بكات، دەرگا لەبەردەم ئەوە دەكاتەوە كەسێك لە دەرەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكانیش پۆستی پارێزگار وەرگرێت، بەڵام لە هەردوو حاڵەتەكەدا دەبێت پارێزگار بە دەنگی زۆرینەی رەها واتە دەنگی (50+1) كۆی ئەندامانی ئەنجومەن هەڵبژێردرێت. بۆیان درێژدەكرێتەوە پرۆژە یاساكەی پەرلەمانی كوردستان تەمەنی یاسایی ئەنجومەنی پارێزگاكان تا هەڵبژاردنی خولێكی نوێی ئەنجومەنی پارێزگاكان درێژدەكاتەوە، ئەمەش لەكاتێكدایە تائێستا هیچ وادەیەك بۆ بەڕێوەچوونی ئەو هەڵبژاردنە دیارینەكراوە. دەقی هەموارەكە بەشێوەیەكە، ئەو ماوەیەشی كە ئەنجومەنەكان لەدەرەوەی شەرعیەتی یاسایی كاریان كردووە، كارەكانیان بۆ كراوە بە یاسایی، چونكە دەقی هەموارەكە دەڵێ" بەدەر لە حوكمی بڕگەی دووەم لەماددەی چواردەهەمی یاساكە، ئەم خولەی پارێزگاكان لە پیادەكردنی تایبەتمەندییەكانیان لەكاتی (كۆتایهاتنی ماوەی یاساییان تا هەڵبژاردنی خولێكی نوێی ئەنجومەن) بەردەوام دەبن". چەند سەرەنجێكی تر پەیمانگەی كوردی بۆ هەڵبژاردن لە راپۆرتێكدا بۆچونی خۆی لەبارەی ئەو هەموارە بڵاوكردەوە كە ئێستا لەبەردەم پەرلەمانی كوردستاندایە، لە راپۆرتەكەدا پەیمانگەكە چەند تێبینییەكی خستوەتەڕوو كە ئەمانەن: * ئامانج لە دەرچوونی یاسای پارێزگاكان قوڵكردنەوەی پرەنسیپی لامەركەزییە لەڕێگەی هەڵبژاردنی نوێنەرانی خۆجێی پارێزگاكان، بەڵام ئەم هەمواركردنە مافی هەڵبژاردن بۆ دیاریكردنی پارێزگار لە هاوڵاتیان دەسەنێتەوەو ئەوەش كوشتنی رۆحی لامەركەزیەتە. * چەسپاندنی لامەركەزیەتی كارگێڕی پێویستی بە زیاد لە یاسایەكەو تەنها بە یاسای پارێزگاكان رووماڵناكرێت، چ جای ئەوەی وەك ئێستا بە پەلەپروزكێ‌و پینەوپەڕۆ ئەو دوو بڕگەیەی یاساكە هەمواربكرێتەوە.   * لەبری ئەوەی ماوەی كاركردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان درێژبكرێتەوە، شەرعیەتی یاسایی‌و دیموكراسی ئەوە دەخوازێت، هەڵبژاردن بۆ خولی سێهەمی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ئەنجامبدرێت. * هەڵبژاردنی پارێزگار لەدەرەوەی ئەنجومەنی پارێزگا، دەرگا لەسەر دەرچوونی ئەو پاڵێوراوانە دەكاتەوە كە دڵخوازی مەكتەب سیاسی حزبەكانن بە بەڵگەی ئەوەی دەنگی راستەوخۆی هاوڵاتیانی بەدەستنەهێناوە. هەموارەكە بۆچی ؟ پرۆژە یاساكە پێشنیازكراوەكەی پەرلەمانی كوردستان لەبارەی هۆكاری دەرچواندنی ئەم یاسایەوە دەڵێ" بەمەبەستی دروستنەبوونی بۆشایی یاسایی لە ئەنجومەنی پارێزگاكان‌و بەردەوامبوونی ئەنجومەنەكان لەپیادەكردنی تایبەتمەندییەكانیان بەمەبەستی فەراهەمكردنی‌و گەیاندنی خزمەتگوزارییەكان بۆ هاوڵاتیان بەشێوەیەكی باشتر، ئەم یاسایە دەرچوێندرا". بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بەدەر لەم پاساوە یاساییە كە لە پرۆژە پێشنیازكراوەكەدا نوسراوە، بەهانەی گرنگتر لە ئارادایە كە وایكردووە پەرلەمانی كوردستان‌و بەدیاریكراویش هەرسێ لایەن (پارتی، یەكێتی، گۆڕان) بەپەلە دەستبكەن بە هەمواری یاسای ژمارەی (3)ی پارێزگاكان. پاساوی پارتی پارتی دیموكراتی كوردستان سەركردایەتی هەوڵی هەموارەكە دەكات، پارتی دەیەوێت (نەوزاد هادی) پارێزگاری هەولێر بگۆڕێت، بەڵام لەناو ئەندامانی فراكسیۆنەكەی لە ئەنجومەن هیچ بەدیلێكی نییە كە بتوانێت جێگاكەی نەوزاد هادی پربكاتەوە، پارتی دەیەوێت لە دەرەوەی ئەندامانی فراكسیۆنەكەی لە ئەنجومەنی پارێزگا كەسێكی تر بكات بە پارێزگار. بەگوێرەی زانیارییەكان، پارتی پۆستێكی وزاری لەكابینەی نوێی حكومەت بە نەوزاد هادی دەدات‌و لەبری ئەو (فرسەت سۆفی) لە پۆستی پارێزگاری هەولێر جێگیر دەكات، فرسەت سۆفی پێشتر پەرلەمانتاربووە‌و ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا نییە، بەبێ ئەم هەموارە یاساییە ناتوانێت ببێت بە پارێزگار. سەرباری ئەمە، پارتی داوا دەكات ئەنجومەنی پارێزگاكان هەڵوەشێندرێنەوە‌و لەبری ئەوان ئەنجومەنی شارەوانییەكان كارا بكرێنەوە، پارتی كار لەسەر ئەم پرسە دەكات، دیارنییە كەی لایەنەكان دەگەنە رێككەوتن، چارەنوسی ئەنجومەنی پارێزگاكانیش نادیارە، بۆیە پارتی دەیەوێت تائەو كاتەی چارەسەری پرسی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەكرێت، پارێزگارەكانی لەناو چوارچێوەی یاسایدا كاربكەن. پاساوی بزوتنەوەی گۆڕان بزوتنەوەی گۆڕان كە رۆژگارێك دژی درێژكردنەوەی ماوەی یاسایی دامەزراوەكان بوو بەدیاریكراویش ماوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئێستا پشتیوانی درێژكردنەوەی ماوەی یاسایی ئەنجومەنی پارێزگاكان‌و پارێزگارەكان دەكات. بزوتنەوەی گۆڕان هاوشێوەی پارتی بەهانەی خۆی هەیە بۆ پشتیوانی لە هەموارە یاساییەكە، بزوتنەوەی گۆڕان پۆستی پارێزگاری سلێمانی‌و كۆمەڵێك پۆستی تری قایمقام‌و بەڕێوەبەری ناحیە‌و فەرمانگەكانی لە سنوری سلێمانی‌و هەڵەبجە‌و ئیدارەی گەرمیان‌و راپەڕین بەدەستەوەیە، بەهۆی ئەو رێككەوتنەی لەگەڵ پارتی لەبارەی پێكهێنانی حكومەت كردویەتی، پەیوەندییەكانی لەگەڵ یەكێتی تێكچووە‌و بەردەوام ترسی هەیە یەكێتی بەپشتبەستن بەتەواوبوونی وادەی یاسایی ئەنجومەنی پارێزگاكان، پۆستە ئیدارییەكانی لێوەرگرێتەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، درێژكردنەوەی تەمەنی یاسایی ئەنجومەنی پارێزگاكان یەكێك لەو تەوەرانە بووە كە لە پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ پارتیدا رێككەوتنی لەسەر كردووە، رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت كە پێشتر بزوتنەوەی گۆڕان بەهیچ جۆرێك نەچووە ژێر باری فشارەكانی یەكێتی بۆ دوركەوتنەوە لە پارتی. سەرباری ئەمە، بزوتنەوەی گۆڕان لە دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان رێژەی دەنگەكانی 50% كەمیكرد، 30 نیسانی 2014 كاتێك هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان 24 كورسی هەبوو، بەڵام ئێستا ژمارەی كورسییەكان 12 كورسییە، گۆڕان ئێستا لە كۆی (32) كورسی، لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی (12) كورسی هەیە‌و كورسییەكی لە یەكێتی زیاترە، بەدرێژكردنەوەی ماوەی یاسایی ئەنجومەنی پارێزگاكان پارێزگاری لەو زۆرینەیە دەكات كە لە ئەنجومەنەكەدا هەیەتی، بەڵام لە هەر ئەگەرێكی تردا پۆستەكانی لەدەستدەدات. لەلایەكی ترەوە بزوتنەوەی گۆڕان بەهۆی ئەو پاشەكشێی لە دەنگەكانیدا كردویەتی، لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكاندا نییە‌و چاوی لەوەیە كۆتایی بە كێشە ناوخۆییەكانی بهێنێت‌و جارێكی تر بەهێزەوە بگەڕێتەوە بۆ ناو گۆڕەپانە سیاسییەكە، بزوتنەوەی گۆڕان تەنانەت لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش نەبوو، ساڵی رابردوو هەوڵی زۆریدا هەڵبژاردنی پەرلەمان دوابخرێت، بەڵام هەوڵەكانی سەركەوتوو نەبوو.  پاساوی یەكێتی ئێستا یەكێتی لە كۆی چوار پارێزگای كوردستان تەنیا یەك پۆستی پارێزگاری بەدەستەوەیە كە پۆستی پارێزگاری هەڵەبجەیە‌و لەچوارچێوەی رێككەوتنی سیاسیدا ئەو پارێزگارەی بەشێوەی "تعین"كردن بۆ دانراوە. بەڵام بەرپرسانی یەكێتی هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی بە نوێنەری خۆیان دەزانن‌و پشتیوانی لێدەكەن، ئەمە لەكاتێكدایە هەڤاڵ ئەبوبەكر وەكو نوێنەری دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان ئەو پۆستەی وەرگرتووە.  یەكێتی پشتیوانی هەمواری یاسای ژمارەی (3)ی پارێزگاكان دەكات‌و ئیمزای لەسەر كردووە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، پاساوی سەرەكی یەكێتی بۆ پشتیوانی لە پرۆژە هەموارەكە زیاتر بەهۆی ئەو بڕگەیەوەیە كە دەرفەت دەدات پارێزگار كەسێك بێت لە دەرەوەی ئەندامانی ئەنجومەن، سەركردەكانی یەكێتی لە داهاتوودا ئەگەر بیانەوێت پارێزگار بە دیاریكراوی پارێزگاری سلێمانی لە پۆستەكەی دوربخەنەوە، دەرفەتی ئەوەیان دەبێت یەكێك لە سەركردەكانی حزبەكەیان لە پۆستی پارێزگاردا جێگیر بكەن، نەك ناچار بن پەنا بۆ هەڵبژاردنی ئەندامێكی ئەنجومەن ببەن كە هیچ پۆستێكی حزبی ئەوتۆیان نییە. ئیمتیازی ئەنجومەنەكان ئێستا لە هەرێمی كوردستان سێ ئەنجومەنی پارێزگا هەن كە ئەمانەن: •    ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر: پێكهاتووە لە (30) ئەندام •    ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی: پێكهاتووە لە (32) ئەندام •    ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك: پێكهاتووە لە (28) ئەندام واتە بە تێكڕا ئێستا (90) كەس وەكو ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا لە هەرێمی كوردستان موچە وەردەگرن. موچەی مانگانەی هەر ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگا بە موچەی بنەرەتی‌و دەرماڵەوە (3 ملیۆن) دینارە، واتە مانگە (270 ملیۆن) دینار تەنیا بۆ موچەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەڕوات، ئەمە جگە لە موچە‌و دەرماڵەی پارێزگارەكان. پێشتریش هەر ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگاكان بە رێژەی (80%)ی كۆی موچەكانیان خانەشینكراون، واتا هەر ئەندامێكی خانەنشینكراوی ئەنجومەنەكان مانگانە (2 ملیۆن‌و 400 هەزار) دینار موچەی خانەشینی وەردەگرن، (121) كەس وەكو ئەندامی خولی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگاكان موچەی خانەنشینی وەردەگرن، كۆی ئەو پارەیەی بەم خانەنشینكراوانە دەدرێت مانگانە (290 ملیۆن‌و 400 هەزار) دینارە. بەتەنیا ئەو پارەیەی كە لەساڵێكدا وەكو موچە بۆ ئەندامانی خانەنشینكراوی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەڕوات، (3 ملیارو 484 ملیۆن‌و 800 هەزار) دینارە، ئەمەش پارەیەكی زۆرە‌و لەئاست بودجەی وەزارەتێكدایە. لەبارەی ئەنجومەنەكانەوە یەكەمین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە هەرێمی كوردستان ساڵی 2005 بەڕێوەچوو، ئەمە هەڵبژاردنێك بوو لە چوارچێوەی هەڵبژاردنی پارێزگاكانی عێراق، ئەوكات هەرێم خاوەنی یاسای تایبەت بە پارێزگان نەبوو، هەڵبژاردنەكە بەپێی بڕیاری ژمارەی (71)ی دەسەڵاتی مەدەنی ئەمریكا لە عێراق "پۆل بریمر" بەڕێوەچوو. ئەوكات بۆ هەر پارێزگایەك بەبێ لەبەرچاوگرتنی ژمارەی دانیشتوان‌و پێودانگكردنی بە كورسی، بۆ ئەنجومەنی هەر پارێزگاكایەك (41) كورسی دیاریكرا. ساڵی 2010 دەبوو هەرێمی كوردستان لەگەڵ پارێزگاكانی تر عێراق هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بكات، بەڵام بۆ خولی نوێی هەڵبژاردنی نەكرد‌و هاوشێوەی ئێستا ئەنجومەنەكە تەمەنی خۆی درێژكردەوە.  ساڵی 2014 دووەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، ئەم هەڵبژاردنە هاوكات لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بەڕێوەچوو، بەڵام دەسەڵاتی ئەنجومەنەكان‌و پارێزگارەكان بەپێی یاسای ژمارەی (3) پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دیاریكرا كە ساڵی 2009 دەرچوو بوو. ئێستا كە پەرلەمانی كوردستان دەیەوێت تەمەنی یاسایی ئەم خولەی ئەنجومەنی پارێزگاكان درێژبكاتەوە، پەنای بۆ یاسای ژمارە (3)ی پارێزگاكان بردووە. لە عێراقیش بەهەمان شێوە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەوادی یاسایی خۆی دواكەوتووە، بڕیارە لە نیسانی ساڵی داهاتوو عێراق هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بكات، بەڵام دیارنییە هەرێم كوردستان لەگەڵ عێراق ئەو هەڵبژاردنە دەكات یاخود نا. چارەنوسی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم تائێستا ناڕوونە، پارتی دیموكراتی كوردستان كە ئێستا گەورەترین هێزی پەرلەمانییە داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەكات‌و دەخوازێت لەبری ئەو، ئەنجومەنی شارەوانییەكان كارابكرێنەوە، بەڵام یەكێتی نیشتمانی لەئێستادا بۆچونی پێچەوانەی هەیە.      


درەو میدیا: یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە تەوافوقی پێشوەخت و دەنگدان لەناو ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كاندیدەكانی بۆ پۆستەكان یەكلاكردەوە. بەپێی زانیارییەكانی ( درەو میدیا) ئێوارەی ئەمڕۆ لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیدا كاندیدبونی هەریەك لە (قوباد تاڵەبانی بۆ جێگری سەرۆكی حكومەت، رێواز فایەق بۆ سەرۆكی پەرلەمان ، جەعفەر شێخ مستەفا بۆ جێگری سەرۆكی هەرێم) یەكلاكراوەتەوە. ( درەو میدیای) زانیویەتی، لە كۆبونەوەی دوێنێ ئێوارەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا تەواوفوق لەسەر پۆستەكان كراوەو ئەمڕۆش لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا دەنگدانی  لەسەركراوە.  شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ لە كاندید بونی بۆ جێگری سەرۆكی حكومەت لەبەرژەوەندی قوباد تاڵەبانی كشایەوە بەمەش باڵی كۆسرەت رەسوڵ بوون بە براوەی یەكەمی پرۆسەكەو جگە لە پۆستی وەزارەتی پلاندانان پۆستی وەزارەتی خوێندنی باڵاشیان بۆخۆیان زامنكرد.   لە كۆبونەوەكەدا بەم شێوەیە كاندیدەكان بۆ پۆستەكان دیاریكران: -  رێواز فایەق      سەرۆکی پەرلەمان - قوباد تاڵەبانی    جێگری سەرۆکی حکومەت -  جەعفەر مستەفا     جێگری سەرۆکی هەرێم - شۆرش ئیسماعیل    وەزیری پێشمەرگە - بێگەرد تاڵەبانی     وەزیری كشتوكاڵ - دەرباز كۆسرەت رەسول    وەزیری پلاندانان - خالید شوانی     وەزیری پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا - حەمەی حەمەسەعید    وەزیری رۆشنبیری  - ئارام حەمەی مینا    خوێندنی باڵا - رەوەند مەلا مەحمود     دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم  - عوسمان شوانی    دەستەی گەشتوگوزار - ئیسماعیل مەحمود    دەستەی گشتی كاروباری مین


راپۆرتی: محەمەد رەئوف تەنها 48 كاتژمێر ماوە لەبەردەم یەكێتی نیشتیمانی كوردستاندا تا كاندیدەكانی بۆ پۆستەكان یەكلابكاتەوە، خۆ كاندیدكردنی شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، هاوكێشەی ناو یەكێتی ئاڵۆزكردووە، مەسرور بارزانی لەبەردەم سەرۆك پەرلەمانێكی یەكێتیدا سوێندی یاسایی دەخوات بەڵام پارێزگاری كەركوك لەگەڵ  سوێندخواردنی مەسرور بارزانیدا هەڵنابژێردرێت و تەنها كاندیدی پارێزگار دیاری دەكرێت. یەكێتی بۆی یەكلادەكرێتەوە؟ رۆژی یەكشەممەی داهاتوو دوایین وادەیە بۆ ئەوەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كاندیدەكانی بۆ پۆستەكان یەكلابكاتەوە، بڕیارە پاشنیوەڕۆی سبەینێ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆببێتەوە و بڕیار لەسەر كاندیدەكان بدات و دوای ئەوەی جەمسەرەكانی یەكێتی تەوافوق لەسەر كاندیدەكان دەكەن. یەكلاكردنەوەی پۆستەكانی یەكێتی ئەگەرچی لە ئێستادا بە دۆخێكی ئاڵۆزدا تێدەپەرێت، بەڵام بەهۆی زۆری پۆستەكان و بەدیلی جیاوازەوە، ئەگەری چارەسەر لەدواچركەكاندا هەیە، خۆ ئەگەر لەماوەی 48 كاتژمێری داهاتودا یەكێتی كاندیدەكانی یەكلابكاتەوە، كە ئەگەرێكی بەهێزە لەدوای رازی بوونی پارتی دیموكراتی كوردستان بە دیاریكردنی كاندیدی پارێزگاری كەركوك هیچ رێگەیەكی تر لەبەردەم یەكێتیدا نەماوە، بەیەكلاكردنەوەی كاندیدەكانیشی ئەو روانینەی بەرپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر خۆی لادەبات كە پێشتر بەردەوام رایاندەگەیاند " یەكێتی كێشەی كەركوكی نیە، بەڵكو كێشەی یەكلانەكردنەوەی كاندیدەكانی هەیە"     لە نێوان قوباد و شاڵاودا خۆكاندیدكردنی شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ بۆ جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، بەتەواوی هاوكێشەی ناو باڵەكانی یەكێتی ئاڵۆزكردووە، بەجۆرێك رەنگە راستەوخۆ كاریگەری لەسەر پۆستەكانی دیكەش بكات، بەو پێیەی پێشتر  ناوی شاڵاو لە ناو كاندیدەكاندا نەدەهات و تەنها دەرباز كۆسرەت رەسوڵ وەك كاندید بۆ پۆستی وەزیری پلاندانان دەهات، خۆكاندیدكردنی شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم چەند لێكدانەوەیەكی بۆ دەكرێت:. •    بەپێی زانیاریەكانی ( درەو میدیا) شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ لە خۆكاندیدكردنی جدیەو دەیەوێت پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت مسۆگەر بكات و بەو هەنگاوەش، قوباد تاڵەبانی دەبێتە جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان، زانیاریەكانی ( درەو میدیا) كە لەچەند سەرچاوەیەكی ناو یەكێتیەوە دەستیكەوتووە، ئەگەر بەدەنگدان لە ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی پۆستەكان یەكلابكرێتەوە، شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ بە ئاسانی لە قوباد تاڵەبانی دەباتەوە، چونكە بەشی زۆری سەركردایەتی یەكێتی لە بڕیار و هەڵوێستەكانی رابردوی قوباد تاڵەبانی نیگەرانن. •    شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ خۆكاندیدكردنی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت وەك كارتێك بەكار دەهێنێت بۆ مسۆگەركردنی  بەشێك لە پۆستە باڵاكانی بەركەوتەی یەكێتی بۆ باڵی كۆسرەت رەسوڵ، بەتایبەتیش لە سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەماندا. •    شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ بە خۆكاندیدكردنی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت، دەیەوێت گرنتی پۆستێكی دیكەی وەك وەزارەتی پلاندانان مسۆگەر بكات، بەو پێیەی وەزیری پلاندانان ( ئەندامی ئەنجومەنی نەوت و غازی هەرێمی كوردستان)ە .  مەسرور بارزانی لەبەردەم یەكێتیەكدا سوێند دەخوات  لە كۆبونەوەی 30ی حوزەیرانی رابردوی نێوان وەفدی یەكێتی و پارتیدا هەردولا رێككەوتون كە بەر لە سوێندخواردنی مەسرور بارزانی و كابینەكەی، دەبێت ئاڵۆگۆر لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستاندا بكرێت و كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دەستبەكار بێت،لە ئێستاشدا لیژنەی كاروباری یاسایی پەرلەمانی كوردستان سەرقاڵی چۆنیەتی بەرێوەچونی ئەو ئاڵوگۆڕە یاساییەن، بەو پێیەش مەسرور بارزانی لەبەردەم سەرۆكی پەرلەمانی یەكێتیداسوێندی یاسایی دەخوات.  تا ئێستاش كێبەركێی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لە نێوان (بێگەرد تاڵەبانی و رێواز فایەق)دایەو هەردوكیان سورن لەسەر وەرگرتنی پۆستەكە، بەڵام لەماوەی 48 كاتژمێری داهاتوودا دەبێت یەكێكیان پاشەكشە بكەن یاخود لە ناو ململانێی باڵەكانی یەكێتیدا یەكێكیان دەبنە قوربانی، بەڵام پێدەچێت بە پێدانی وەزیر بە یەكێكیان، چارەسەری ئەو پرسە بكەن و بەرلە سوێندخواردنی سەرۆكی كابینەی نۆیەم و وەزیرەكانی، سەرۆكی نوێی پارلەمانی كوردستان سوێندی یاسایی بخوات و سەرۆكی ئێستای پەرلەمانی كوردستانیش ( ڤالا فەرید) بكرێتە وەزیر لە كابینەكەی مەسرور بارزانیدا.  جێگری سەرۆكی هەرێم تا ئێستا كێبەركێی توند لە نێوان ( عومەر فەتاح كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتی و جەعفەر شێخ مستەفا ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و فەرماندەی هێزەكانی 70 ی یەكێتی)دایە، یەكلاكردنەوەی ئەم پۆستە پەیوەندی بە گفتوگۆی نێوان باڵەكانی یەكێتیەوە هەیە لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان، ئەگەر لە پرۆسەی یەكلاكردنەوەی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم ( قوباد تاڵەبانی) لە جێگری سەرۆكی حكومەتەوە بۆ جێگری سەرۆكی هەرێم نەگوازرێتەوە، ئەوا دەبرێتە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی و لەوێ بەدەنگدان یەكلادەكرێتەوە، كە چانسی جەعفەر شێخ مستەفا زیاترە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری پێشمەرگە.     پۆستە وزارییەكان بە پێی رێككەوتنی نێوان وەفدی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا یەكێتی هەریەك لە وەزارەتەكانی(پێشمەرگە، رۆشنبیری، خوێندنی باڵا، پلاندانان، كشتوكاڵ، وەزیری هەرێم بۆ كاروباری ناوچە دابڕاوەكان) و ژماریەك دەستەو راوێژكار و بەرێوەبەری گشتی بەردەكەوێت. بەپێی زانیاریەكانی ( درەو میدیا) پۆستی وەزارەتی پلاندانان، كە هاوكات ئەندامی لیژنەی نەوتی غازی هەرێمی كوردستانیشە، دەكرێتە گفتوگۆی یەكلاكردنەوەی پۆستەكانی جێگری سەرۆكی حكومەت و هەرێم و (پۆستی رازی كردنی پۆستە باڵاكان) دەبێت، ئەگەر دەرباز كۆسرەت رەسوڵ ئەو پۆستە وەرنەگرێت، ( عوسمان شوانی) كاندیدێكی بەهێزی ئەو پۆستەیە. پۆستی وەزارەتی خوێندنی باڵا، كە تا ئێستاش ( د. یوسف گۆران )چاوی لەو پۆستەیە بەڵام بەپێی زانیاریەكانی ( درەو میدیا) د. یوسف گۆڕان لەناو سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا چانسی دانانەوەی كەمە، تەنها چانسی وەركرتنی ئەو پۆستە لەلایەن د. یوسف گۆران، پاڵپشتی قوباد تاڵەبانیە، ئەگەرنا چانسی وەرگرتنی ئەو پۆستەی زۆر لاوازەو هەریەك لە ( د. شێركۆ مەنگۆڕی، د. سامان فەوزی، د. دانا سەعید سۆفی ) كاندیدی بەهێزی ئەو پۆستەن.  بۆ پۆستی وەزارەتی رۆشنبیری چانسی ( حەمەی حەمە سەعید ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی) بەهێزە، هەرچی پۆستی وەزارەتی پێشمەرگەیە چانسی ( شۆڕش ئیسماعیل ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی) بەهێزە، ئەگەرچی (مستەفا چاورەش و جەبار یاروەر) چاویان لەو پۆستەیە. وەزیری كشتوكاڵ، ئەگەر بڕیاری كۆتایی بدات بۆ سەعدی ئەحمەد پیرە یەكلا بۆتەوە، بەڵام بەپێی زانیاریەكانی ( درەو میدیا) سەعدی ئەحمەد پیرە قەلەقە لە وەرگرتنی ئەو پۆستەو چاوەڕەوانی یەكلاكردنەوەی تیمی حكومەت دەكات. رەوەند مەلا مەحمود جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی بۆ سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم تا ئاستێك یەكلا بۆتەوە.  یەكێتی پاشەكشە دەكات! بەپێی زانیارییەكانی ( درەو میدیا) لە كۆبونەوەو گفتوگۆكانیاندا وەفدی پارتی دیموكراتی كوردستان بە وەفدی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانیان راگەیاندووە، كە تا ناوی كاندیدە وزارییەكان رادەستی سەرۆكی كابینەی راسپێردراو نەكرێت، ناوی كاندیدی پارێزگاری كەركوك وەرناگرن. زانیارییەكانی (درەو میدیا) ئاماژە بەوە دەكەن كە لەگەڵ سوێندخواردنی سەرۆكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، پارێزگاری كەركوك هەڵنابژێردرێت، بەڵكو تەنها ناوی كاندیدەكە وەردەگیرێت، كە هەردولا لەسەر ( تەیب جەبار) بۆ پارێزگاری كەركوك رێككەوتوون، پارتی دیموكراتی دوای رەتكردنەوەی زیاتر لە ( 40 ) كاندیدی یەكێتی رەزامەندی لەسەردا، كە رەنگە بەشێكی پەیوەندی بەوە هەبێت كە یەكێك بوو لەلایەنگرانی ( ریفراندۆم) و كە ئێستا لە ناوەندە میدیاییەكان بە ( ریفراندۆمچی) ناودەبرێن، هەربۆیە بەر لە دیاریكردنی، پارتی دیموكراتی كوردستان بانگهێشتی هەولێریانكردووەو قسەیان لەگەڵكردووە. ( درەو میدیا) زانیویەتی كە پرۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوك دەكەوێتە دوای پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم، ئەویش لەدوای رێگەخۆشكردن بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك و ئامادەكاری بۆ كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە ئامادەبونی تەواوی ئەندامانی لیستی برایەتی، دواتر پارێزگاری كەركوك هەڵدەبژێردرێت، كە بەپێی رێككەوتنەكانی نێوان پارتی و یەكێتی دیاریكردن و هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوك هاوتەریب دەبێت لەگەڵ پێكهێنانی حكومەت و سوێندخواردنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان. 


راپۆرت: فازل حەمەرەفعەت- نامیق رەسوڵ بزوتنەوەی گۆڕان سێ‌ مانگ لە رێگەی لیژنەیەكەوە سەرقاڵی یەكلاكردنەوەی ناوی كاندیدبوو بۆ پۆستە حكومییەكان، ئەمڕۆ بە بڕیاری جڤاتی نیشتمانی، ئەو لیژنەیەو كارەكانیشی هەڵوەشاندەوە. ئەمڕۆ جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ یەكلاییكردنەوەی پرسی دیاریكردنی كاندیدەكانی بزوتنەوە بۆ پڕكردنەوەی پشكی بزوتنەوەكە لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا  كۆبوەوە. پێشتر (درەو میدیا) ئاشكرایكرد جڤاتی نیشتمانی تاوتوێی سێ‌ پێشنیازدەكات لەبارەی پرسی چۆنیەتی یەكلاكردنەوەی كاندیدەكانی بزوتنەوە بۆ پۆستەكان، بەڵام جڤاتی نیشتمانی هیچ كام لەو پێشنیازانەی پەسەندنەكرد‌و پێشنیازی چوارەم هاتەكایەوە‌و جڤات پەسەندیكرد. پێشنیازی چوارەم پێشنیازی چوارەم ئەوەیە كە جڤاتی نیشتمانی وەك باڵاترین دەسەڵاتی بڕیاردان لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا دەسەڵاتی خۆی لە یەكلاكردنەوەی كاندیدەكان بداتە عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە. بەپێی زانیارییەكانی ( درەو میدیا) پێشترو بەر لە كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی چەند كەسێك لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن ئەم پێشنیازەیان خستوەتە بەردەم رێكخەری گشتی، بەڵام ئەو كات رەتیكردوەتەوە دۆسیەی یەكلاكردنەوەی كاندیدەكان بگرێتەدەست، بەپاساوی ئەوەی هیچ رێككەوتنێكی پێشوەخت نەكراوە‌و ململانێی توند لە نێو جەمسەرەكانی بزوتنەوەكەدا هەیە لەسەر پۆستەكان. سێ‌ پێشنیازەكەی تر كە ئەمڕۆ رەتكرانەوە بریتی بوون لەمانە: * خانەی راپەراندن كە ئێستا لە شەش كەس پێكدێت بڕیاربدات لەسەر دیاریكردنی كاندیدەكان. * جڤاتی نیشتمانی نیشتمانی بڕیاربدات. * جڤاتی نیشتمانی‌و جڤاتی گشتی پێكەوە بڕیاربدەن. رێكخەر چۆن یەكلایدەكاتەوە؟ ئەمە یەكەمجار نیە كە بزوتنەوەی گۆڕان دەكەوێتە بەردەم ئاڵنگاری یەكلاكردنەوەی لیستی كاندیدەكانی بۆ حكومەت، لە كابینەی هەشتەمدا بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری لە حكومەتدا كرد، ئەوكات نەوشیروان مستەفا دامەزرێنەری بزوتنەوەكە لە ژیاندا بوو، هەژمونی فراوانی بەسەر بزوتنەوەكەیدا هەبوو، ئەو بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ جڤات‌و دامەزراوەكانی بزوتنەوەكەی لیستی كاندیدەكانی پێشكەشكرد، بەڵام ئەمجارەیان دۆخەكە بۆ رێكخەری گشتی ئێستای بزوتنەوەكە تەواو جیاوازە. پێش ئەوەی پرسی یەكلاكردنەوەی كاندیدەكان بە رێكخەری گشتی گۆڕان بسپێردرێت، لیژنەیەكی 13 كەسی بزوتنەوەكە بۆ هەر پۆستێكی كە بەر گۆڕان دەكەوێت سێ‌ كەسی دیاریكردووە‌و  پرۆسەی " شۆرت لیست"ی بۆ ناوی ئەو كاندیدانە كردبوو كە سیڤیان پێشكەشی بزوتنەوە كرد. ئێستا زانیاری جیاواز هەن لەبارەی چارەنوسی شۆرت لیستەكەوە، هەندێك لە بەرپرسانی گۆڕان دەڵێن شۆرت لیستەكە لەلایەن ئەندامانی لیژنەكە ئیمزاكراوە‌و رادەستی خانەی راپەڕاندن كراوە، هەندێكی تر دەڵێن شۆرت لیستەكە لەلایەن ئەندامانی لیژنەكەوە ئیمزای لەسەر نەكراوە‌و بەهۆی ناكۆكیان لەسەری ماوەتەوە‌و رادەستی خانەی راپەڕاندن نەكراوە. شۆرت لیستەكە گەیشتبێتە خانەی راپەڕاندن یان نا، پێناچێت رێكخەری گشتی  شۆرت لیستەكە بەهەند وەربگرێت، چونكە خودی خۆی یەكێكە لە نەیارە سەرسەختەكانی ئەو شۆرت لیستە، هەرچەندە ئەوانەی پشتیوانی بڕیارەكەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتمانی دەكەن بۆ هێوركردنەوەی ناڕەزایەتییەكان دەڵێن رێكخەری گشتی لە بڕیاردان لەسەر كاندیدەكان شۆرت لیستەكەو تێبنییەكانی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی لەبەرچاودەگرێت. بزوتنەوەی گۆڕان دوای سێ‌ مانگ لە دیاریكردنی میكانیزم‌و لیژنە‌و تاوتوێكردنی سیڤی‌و لێكۆڵینەوەو دواقۆناغیش شۆرت لیستكردن بەم بڕیارەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتمانی جارێكی تر گەڕایەوە چوارگۆشەی یەكەم. پێشتر بەر لە پێكهێنانی لیژنەكەی یەكلاكردنەوەی كاندیدەكان لە مانگی نیساندا (درەو میدیا) لە راپۆرتێكیدا ئاشكرایكرد كە جەمسەرە بەهێزەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بەدیاریكراوی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا( نما‌و چیا) دەیانەوێت كە یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستەكان بكەوێتە ساتەكانی كۆتایی، تا بە پاساوی نەمانی كاتی پێویستەوە لیستی كاندیدەكان لە دەنگدانی جڤاتی نیشتمانی بپارێزرێت كە پێشبینیدەكرا ناكۆكی گەورەی لێبكەوێتەوە. ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان تەنها 48 كاتژمێری لەبەردەمدایە بۆئەوەی ناوی كاندیدەكانی بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكان رادەستی مەسرور بارزانی كاندیدی راسپێردراو بۆ سەرۆك وەزیران بكات. هەموو پێشبینی‌و سەرچاوەكانی زانیاری بەو ئاراستەیەن كە رێكخەری گشتی كە دەسەڵاتی یەكلاكردنەوەی كاندیدەكانی پێسپێدراوە، میكانیزمێكی دیاریكراوی نابێت بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدەكان‌و دەگەڕێتەوە بۆسەر ئەو رێككەوتنەوەی لە پشتی پەردەوە لە نێوان خۆی و كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا لەلایەك و ئەندامانی تری خانەی راپەڕاندن لەگەڵ كوڕەكانی نەوشیروان مستەفادا هەیانە. كاندیدەكانی ناو شۆرت لیستەكە: زیاتر لە 400 كەس سیڤیان بۆ وەرگرتنی پۆستە باڵاكانی گۆڕان لە حكومەتدا پڕكردوەتەوە، لیژنەكەی بزوتنەوەی گۆڕان لە شۆرت لیستێكدا ناوی كاندیدەكانی بەمشێوەیە بۆ پۆستەكان كورتكردەوە، ئەمەش ئەمڕۆ بە بڕیاری جڤاتی نیشتمانی كۆتایی پێهێنراو بەشێوەی فەرمی كاری لەسەر ناكرێت‌و رەتكراوەتەوە. كاندیدەكانی شۆرت لیستەكە ئەمانەبوون: • وەزارەتی دارایی‌و ئابوری/ ئاوات شێخ جەناب- هاوار شێخ رەئوف- شۆڕش حەمید • وەزارەتی بازرگانی/ داهێن هاشم- كاروان هاشم- چالاكی موهەندیس- بەشدار حسێن • وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە‌و نیشتەجێكردن/ دانا عەبدولكەریم- هیوا قلیاسانی- بەختیاری رانیە • وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی/ ئاراس وەلی- چیمەن حەمەڕەشید- هەژار مەعروف پۆستەكانی گۆڕان بەپێی ئەو رێككەوتنە سیاسییەی لەگەڵ پارتی كردویەتی، بزوتنەوەی گۆڕان  4 وەزارەت‌و دوو  پۆستی باڵا وەردەگرێت، ئەوەی ئێستا بڕیارە رێكخەری گشتی یەكلای بكاتەوە تەنها كاندیدی پۆستە وزارییەكانە. بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم لەناو گۆڕاندا سێ‌ كەس خۆیان كاندید كردووە كە بریتین لە مستەفا سەیدقادر، محەمەد تۆفیق رەحیم، جەمال حاجی محەمەد، بەپێی زانیارییەكانی "درەو میدیا" هیچ كەسێك لەم سێ‌ كەسە سیڤیان پڕنەكردوەتەوەو كاندیدن بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە. تائێستا دیار نیە كاندیدی ئەم پۆستە باڵایە لەناو گۆڕاندا بە میكانیزمێك یەكلادەكرێتەوە، ئایا جڤاتی نیشتمانی بڕیاردەدات یان رێكخەری گشتی؟، یاخود وەك ئەوەی باس دەكرێت بە رێككەوتن‌و پاشەكشێكردن بۆ یەكتری كاندیدەكە یەكلادەكرێـتەوە. (درەو میدیا) زانیویەتی تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە محەمەد توفیق رەحیم، جەمال حاجی محەمەد ئەندامانی خانەی راپەڕاندن سورن لەسەر كاندیدبوونیان‌و ئامادەنین بۆ مستەفا سەید قادر بكشێنەوە، ئەمە لە كاتێكدایە مستەفا سەیدقادر خۆی یەكێكە لە ئەندازیارانی رێككەوتنەكەی نێوان گۆڕان‌و پارتی لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت‌و سەرەڕای ئەمەش كاندیدی بەهێزی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفایە. سەبارەت بە پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆچاكسازی كە بەر بزوتنەوەی گۆڕان كەوتووە، پێناچێت ئەم پۆستە بەمزوانە قسەوباسی لەسەر بكرێت، چونكە پۆستێكی نوێیە لەم كابینەیەدا تایبەت بۆ بزوتنەوەی گۆڕان داهێنراوەو پێناچێت لەگەڵ دەستبەكاربونی كابینەی نوێی حكومەت،ئەم پۆستە دەستبەكاربێت، چونكە پێویستە پەرلەمان یاسای بۆ دەربكات، بەڵام سەرباری ئەمەش لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا چەند كەسێك خۆیان بۆی كاندید كردووە. جەلال جەوهەر، ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان كە لەلایەن رێكخەری گشتیەوە پشتگیری دەكرێت، چاوی لە وەرگرتنی پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتە بۆ كاروباری چاكسازی بەوپێەی خۆی پرۆژەی دانانی ئەم پۆستەی ئامادەكردووە‌و دانوستانی لەگەڵ پارتیدا لەسەر كردووە، جەلال جەوهەر هاوشێوەی ئەندامانی تری خانەی ڕاپەڕاندن كاندیدە‌و سیڤیشی پێشكەشنەكردووە. جگە لە جەلال جەوهەر، كاندیدێكی تریش لەناو گۆڕاندا بۆ ئەم پۆستە هەیە كە ئەویش (شوان قلیاسانی)یە‌و كاندیدێكی بەهێزەو هەڵسوڕاوێكی دیاری بزوتنەوەی گۆڕان بووەو یەكێك لە هاوڕێ نزیكەكانی نەوشیروان مستەفا.


(درەو میدیا): لیژنەی نەزاهەی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت كە دۆسیەیەك دەربارەی هەردوو وەزارەتی نەوت‌و دارایی لەلای لیژنەكەیە هەیەو لە داهاتوودا لێپرسینەوە لە هەریەك لە سامر غەزبان، وەزیری نەوت‌و فوئاد حسێن وەزیری دارایی دەكرێت. لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا، پەرلەمانتار یوسف كلابی، ئەندامی لیژنەی نەزاهەی پەرلەمانی عێراق وتی:" دۆسیەی وەزارەتی نەوت تەواوبووە‌و ئیمزای پێویست بۆ لێپرسینەوە لە وەزیری دارایی تەواوبووە‌و پێشكەشی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كراوە بۆئەوەی وادەی لێپرسینەوەكە دیاریبكات". كلابی ئاشكراشیكرد، چەند دۆسیەیەكیش دەربارەی پێشێلكاری‌و گومانی گەندەڵی گەورە لەسەر وەزارەتی نەوت هەن‌و لە قۆناغی داهاتوشدا لێپرسینەوە لە سامر غەزبان وەزیری نەوتیش دەكرێت.  پەرلەمانی عێراق لە خولی پێشوویشدا لێپرسینەوەی لە چەند وەزیرێكی كابینەكەی حەیدەر عەبادی كرد‌و متمانەش لە هەریەك لە خالید عوبەیدی وەزیری بەرگری‌و هۆشیار زێباری وەزیری دارایی سەندەوە.  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand