درەو: بڕیارە دوای دیدارەكەی مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی وەفدی باڵای دانوستانكاری یەكێتی و پارتی رێككەوتنی بەڕێوەبردنی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان واژۆ بكەن. چاوەڕوان دەكرێت سبەینێ بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی و مەسرور بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی لە پیرمام كۆببنەوە، تایبەت بە هەنگاوەكانی رێككەوتنی یەكێتی و پارتی لەسەر پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و دواتر لەم هەفتەیەدا وەفدی دانوستانكاری نێوان هەردوولا رێككەوتنی حوكمڕانی واژۆ بكەن. رێككەوتنی حوكمڕانی كە لەلایەن تیمی هاوبەشی تەكنیكی پارتی و یەكێتیەوە ئامادەكراوە زیاتر لە (50) خاڵ لەخۆدەگرێت و پێكدێت لە (9) تەوەرو لە (16) لاپەڕەدا كۆكراوەتەوە. چۆنیەتی بەڕێوەبردنی (حكومەت- پەرلەمان- پەیوەندییەكان- دارایی- پەیوەندی لەگەڵ بەغداد- پێشمەرگە- وزە- دەسەڵاتی دادوەریی) باسكراوە، ئەمە وەكو بنەمای كاركردنی داهاتووی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان دادەنرێت و لەسەر ئەو بنەمایە یەكێتی و پارتی حكومەت پێكدەهێنن، لەدوای واژۆكردنی ئەو رێككەوتنە ئیتر وەفدی دانوستانكاری یەكێتی و پارتی لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان گفتوگۆ دەكەن بەشێوەی دوو ستونی یاخود خاڵ بۆ هەر وەزارەت و پۆستێك. جگە لە پۆستی وەزارەت و پلە تایبەتەكان چوار پۆستی سەرۆكایەتی هەیە: - سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە پارتی سورە لەسەر وەرگرتنی بۆ نێچیرڤان بارزانی - پۆستی سەرۆكی حكومەت كە پارتی سوورە لەسەر وەرگرتنی بۆ مەسرور بارزانی - پۆستی سەرۆكی پەرلەمان ەگەری هەیە بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستان بێت - پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری كە لە ئێستادا لای پارتی دیموكراتی كوردستانە. - پۆستی جێگری سەرۆكی سەرۆكی هەرێم - پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت - پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمان -
(درەو): وەزارەتی نەوتی عراق بۆ لێكتێگەیشتن لەبارەی گرێبەستە نەوتییەكان، كۆمپانیا نەوتییەكانی كەرتی نەوتی هەرێم و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی كوردستانی بانگهێشتی بەغداد كرد. وەزارەتی نەوتی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا بانگهێشتی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم و کۆمپانیا بیانییە نێودەوڵەتییەکانی كرد كە لەژێر چەتری (APICOR)دان و گرێبەستیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکانی هەرێم، رۆژی سێشەممەی داهاتوو 3/4/2025 لە بەغداد ئامادەبن، بەمەبەستی "گفتوگۆکردن و لەسەر بابەتەکانی پەیوەست بەو گرێبەستانەی كراون، بۆ ئەنجامدانی لێکتێگەیشتن و پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکان بە باشترین شێوازی جیهانی، بەشێوەیەک خزمەت بە بەرژەوەندی نیشتمانی بكات". لێدوانەكەی وەزارەتی نەوتی عێراق دوای ئەوە دێت، دوێنێ كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان "ئەپیكور" رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوەو تیایدا رایگەیاند: وەكو ئەوەی چەندین جار رونمانكردوەتەوە، كۆمپانیاكانی ئەندامی ئەپیكور ئامادەن بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان ئەگەر هاتوو رێككەوتنی فەرمی كرا بۆ گەرەنتیكردنی پێدانی پارەی هەناردەی پێشوو و ئایندەی نەوت، بەوجۆرەی كە هاوتایە لەگەڵ مەرجە یاسایی و بازرگانییەكانی گرێبەستەكانی ئێستاماندا، تائێستا هیچ رێككەوتنێك لەبارەی مەرجە یاسایی و بارزگانییەكانی گرێبەستەكانمان نییە، بۆیە كۆمپانیاكانی ئەپیكور هیچ رێككەوتنێكیان نییە بۆ ئەوەی ئەمرۆ هەناردەی نەوت دەستپێبكاتەوە.
(درەو): کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پارتی كرێكارنی كورستان (پە*کە*کە) رایگەیاند، بەمەبەستی جێبەجێکردنی بانگەوازەکەی رێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکرات، لە ئەمڕۆوە ئاگربەست ڕادەگەیەنین، بابەتی چەکدانانیش تەنها بە پێشەنگایەتی پراکتیکیی ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامگیر دەبێت. دەقی ڕاگەیاندراوەکە: “بانگەوازییەکەی ٢٧ـی شووباتی ڕێبەر ئاپۆ بە ناونیشانی “بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک”، ڕێگەی هەموو هێزە ئازادیی و دیموکراسییەکان ڕووناک دەکاتەوە و وەک مانیفیستۆیی سەردەمە. لەبەرئەوەی بۆ گەلەکەمان و مرۆڤایەتی مانیفیستۆی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی زیاد کردووە، بە ڕێزەوە سڵاو لە ڕێبەر ئاپۆ دەکەین جێبەجێ کردنی ناوەڕۆکەکەی بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە زۆر گرنگە لە بانگەوازیی ناوبراودا ئاشکرایە لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قۆناغێکی مێژووی دەستپێکردووە. ئەمەش کاریگەرییەکی مەزن لە پێشکەوتنی بەڕێوەبەری دیموکراتیک و ژیانی ئازاد لە سەرانسەری جیهاندا دەکات. پەیوەست بەمەوە بەرپرسیارێتی دەکەوێتە ئەستۆی هەمووان؛ دەبێت هەموو کەسێک بە ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆی هەستێت و ئەوانە جێبەجێ بکات. بێگومان ئەنجامدانی بانگەوازییەکی لەم شێوەیە گرنگ بوو؛ لە ئێستاوە جێبەجێ کردنی ناوەڕۆکەکەی بە شێوەیەکی سەرکەووتوو زۆر گرنگە. وەک پەکەکە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەشداری ناوەڕۆکی بانگەوازیی ناوبراو دەبین و دیاری دەکەین بە گوێرەی پێویستییەکانی بانگەوازییەکە دەجوڵێینەوە و جێ بەجێیان دەکەین. بەڵام بۆ سەرکەووتن دەبێت هەلومەرجی سیاسەتی دیموکراتیک و زەمینەی یاسایی دابین بکرێت. ئەو هێزەی بەڕێوەبردنی تێکۆشان و ئەو ئەزموونەی پەکەکە ئافراندی دەدرێتە گەل ئاشکرایە پەکەکە، بووە تەڤگەری حەقیقەت و قارەمانێتی مەزنی ئەم نیوسەدەیەی کۆتایی کوردستان. هەموو شتێک بە تێکۆشانی مەزنی قارەمانی، فیداکاری، قوربانی و کاری گەورە بەدەستهێندرا. بە ڕێز، خۆشەویستییەکی زۆر و پێزانینەوە هەموو شەهیدانی قارەمانی ئەم تێکۆشانی ئازادییە یاد دەکەینەوە. لە ئێستا بەداوە بە هەمان ڕۆح و باوەڕی دەستکەوتە مێژووییە ناوبراوەکانەوە دەپەڕینەوە بۆ ناو پرۆسەیەکەی نوێی تێکۆشان. ئەو هۆشمەندییەی ڕێبەر ئاپۆ پێشکەشی کردووە و ئەو ئەزموونە گەورەیەی پەکەکە ئافراندی، باشی، درووستی، جوانی و هێزی بەڕێوەبەری تێکۆشانی ئازادی بە ڕێگەی سیاسەتی دیموکراتیک دەداتە گەلەکەمان. تا هێرش نەکرێت هیچ هێزێکمان چالاکی چەکداری ئەنجام نادات لەم چوارچێوەیەدا، بۆئەوەی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ بێتەئاراوە، لەمڕۆ بەدواوە ئاگربەست ڕادەگەیەنین. تا هێرش لە دژمان ئەنجام نەدرێت، هیچ هێزێکمان چالاکی چەکداری ئەنجام نادات. بابەتی چەکدانانیش تەنها بە پێشەنگایەتی پراکتیکیی ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامگیر دەبێت. بۆ سەرکەوتنی کۆنگرە پێویستە ڕێبەر ئاپۆ خۆی کۆنگرە بەڕێوەببات هەروەها ئێمە ئامادەین کە بەپێی داواکاری ڕێبەر ئاپۆ کۆنگرەی پارتەکەمان ئەنجام بدەین، بەڵام بۆ ئەنجامدانی ئەمە پێویستە هەلومەرجی گونجاو دابین بکرێت و بۆ سەرکەوتنی کۆنگرە پێویستە ڕێبەر ئاپۆ خۆی پێشەنگایەتی کۆنگرە بکات و بەڕێوەی ببات. تا ئێستا لەگەڵ هەموو هەڵە و کەموکوڕییەکانمان بەڕێوەبەرایەتییەکەمان شەڕی کرد؛ بەڵام تەنها ڕێبەر ئاپۆ دەتوانێت پێشەنگایەتی سەردەمی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک بکات. پێویستە هەلومەرجی ئازادیی جەستەیی، ژیان و کارکردنی ئازاد دابین بکرێن ڕاستییە بەرچاوەکان بە ئاشكرا نیشانی دەدەن بۆئەوەی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک بە شێوەیەکی سەرکەوتوو پێک بێت، بۆ دیموکراتیزەکردنی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر بنەمای چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد، بۆ پێشخستنی تەڤگەری دیموکراسی جیهانی، پێویستە مەرجەکانی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجەلان مسۆگەر بکرێن تا ئەوەی بتوانێت بە شێوەیەکی جەستەیی ئازادانە بژی و کار بکات، بتوانێت بەبێ ڕێگری لەگەڵ ئەو کەسانەی دەیەوێت بە هاوڕێکانیشییەوە پەیوەندی دروست بکات. ئێمە هیوادارین کە ئەو هەلومەرجە لەلایەن دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەتەوە جێبەجێ بکرێن. بانگەواز کۆتایی نییە بەڵکو سەرەتایەکی نوێیە گەل و دۆستە بەڕێزەکانمان! بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ بەدڵنیاییەوە کۆتایی نییە، بە پێچەوانەوە سەرەتایەکی نوێیە. وەک لە ڕاگەیاندنەکەدا بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش باس دەکرێت و بە شێوەیەکی ئاشکرا دەیخاتە بەرچاو ئەو شتانەی کە پێویست بوو لە ٣٥ ساڵی ڕابردوودا و بەتایبەتیش لە ٢٠ ساڵی کۆتاییدا ئەنجام بدرێن، بەڵام بە ئەندازەی پێویست لە کاتی خۆیدا نەکراون، ئێستا پێویستە بەدڵنیاییەوە ئەنجام بدرێن. لەم بارەیەوە پێویستە بانگەوازی ڕێبەرایەتی، هۆکارەکانی، تایبەتمەندی و ئەرکەکانی پرۆسە نوێیەکە کە دەستی پێکردووە بە دروستی و تەواوی تێبگەن و پێویستە پێداویستییەکانی بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکەن. پێویستە بە بەرپرسیارێتی و جددیەتێکی گەورەوە نزیک لە ناوەڕۆکی بانگەوازەکە ببنەوە و زۆر گرنگە کە لە هەموو بوارێکدا بە شێوەیەکی سەرکەوتوو جێبەجێ بکرێت. پێویستە هەموومان خۆمان بە بەرپرسیار بزانین بۆ سەرکەوتنی بانگەوازی ڕێبەرایەتی ئێمە لەبیرمان نەچێت کە قورسترین بار هەمیشە ڕێبەر ئاپۆ خستوویەتە سەرشانی، ڕێگامان ڕووناک دەکات و پێشەنگایەتیمان دەکات. ئێستا بە ‘بانگەوازی ئاشتیی و کۆمەڵگای دیموکراتیک هەنگاوێکی نوێ دەنێت و بۆ هەموو ژێردەستان بەتایبەتی ژنان و گەنجان پڕۆسەیەکی نوێی تێکۆشان دەستپێدەکات. بۆیە ئێمە تایبەتمەندییەکانی ئەم پڕۆسە نوێیە بە دروستی تێبگەین و لەسەر بنەمای ئەوەی کە هەمیشە لە بەرامبەر هەر جۆرە ساختەکاری و هێرشێک ئامادە بین، ئەرکەکانی بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکەین. ڕێکخستنبوونی دیموکراتیکی خۆمان و تێکۆشانی ئازادییمان لە هەموو گۆڕەپانێک بە ئازایەتی و فیداکارییەکی گەورە لە کوردستان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە چوار لای جیهان گەش بکەین. پێویستە هەموومان خۆمان بە بەرپرسیار بزانین بۆ سەرکەوتنی بانگەوازی ڕێبەرایەتی. بانگەوازی؛ بەهێزتر خاوەنداری لە ٨ـی ئادار و نەورۆز بکەن ئەوەتا، ئێمە چووینە مانگی ئادارێکی نوێ و لە جۆشێکی ٨ـی ئادار و نەورۆز دەژین. ئێمە شۆڕشی ئازادیی ژنان لەسەر بنەمای ژنۆلۆژی پەرەپێدەدەین و لەسەر هێڵی شارستانییەتی دیموکراتیک ژیانی کۆمەڵگای ئەخلاقی و سیاسی ڕێکدەخەین. هەوڵدەدەین حەقیقەتی ئاپۆیی بە شێوەیەکی دروست و تەواو تێبگەین و شۆڕشی حەقیقەت کە شۆڕشی زیهنییەت و شێوازی ژیانە پەرەپێبدەین. کۆتا بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ لە بنەڕەتدا بانگەوازی بەهێزتر خاوەنداری کردنە لە ٨ـی ئادار و نەورۆز و بە جۆشێکی گەورە پیرۆزی بکەن. لە هەموو کەسێک زیاتر پێویستە ژنان و گەنجان ئەم بانگەوازە بە دروستی تێبگەن، بە بەهێزی پشتگیری لێبکەن و پێداویستییەکانی جێبەجێ بکەن. لەسەر ئەم بنەمایانە ٨ـی ئادار ڕۆژی ژنانی کرێکار و نەورۆز لە هەموو ژنان و گەنجان، گەلی خۆمان و دۆستەکانمان پیرۆز دەکەین و بانگەواز لە هەمووان دەکەین کە بە ڕۆحی ٨ـی ئادار و نەورۆز پشتگیری لە بانگەوازی ڕێبەرێتی بکەن و لە هەموو گۆڕەپانێک تێکۆشانی ئازادیی گەش بکەن! بژی پێشەنگی قارەمانی گەلەکەمان پەکەکە! “بژی ڕێبەر ئاپۆ!”“
نووسینی: سهڵاحهدین دهمیرتاش وهرگێڕانی له توركیهوه: هێمن خۆشناو ئهردۆغان، باخچهلی و ئۆجهلان، له پێناو ئاشتی رۆژههڵاتی ناوهڕاست و ئاشتی مێژوویی كورد – تورك دهستپێشخهریان كردووه. ههموو ههوڵێك دهدهم بۆ سهركهوتنی ئهم سێ سهركردهیه. لهگهڵ چوونه ناو مانگی رهمهزان یهكهمین بهروبوومی ئهم ئهركه نوێیه پێگهیشت كه دهوڵهت باخچهلی، رهجهب تهیب ئهردۆغان و عهبدولڵا ئۆجالان جهختی لێدهكهنهوه. ههیه متمانه بهم سێ سهركردهیه دهكات، كه ههر یهكێكیان كهسیهتی ههره بههێزه له ناو ئهو گرووپهی كه نوێنهرایهتی دهكات، ههشه متمانهیان پێناكات و ههست به نیگهرانی دهكات. بهههر حاڵ، ههردوو لایهنهكه هۆكاری خۆیان ههیه و كهس ناتوانێ نكۆڵی لێبكات. ئا لێرهدا زهحمهتی ئاشتی بهدهر دهكهوێت، بهبێ ههبوونی پڕۆسهیهك كه جێگای متمانه و باوهڕی زۆرینهی كۆمهڵگا بێت، نهمومكینه ئاشتی بهرقهرار بێت. زهحمهتیهكی دیكهش، بریتیه لهو گێرهشێوێنی كه گرووپه بهرژهوهندیخوازه نیشتیمانی، ناوچهیی و جیهانیهكان دهیگرنه بهر، له ترسی لهدهستدانی دهستكهوت و بهرژهوهندیهكانیان كه له شهڕدا بهدهستیدههێنن. ههرچهنده ئاسانیش نیه، بهڵام بهلاوهنانی ئهم زهحمهتیانه مهحاڵ نیه، لهسهر ههموو ئهوانهی كه باوهڕیان به ئاشتی ههیه و ئاشتیخوازن پێویسته ههموو ههوڵێكیان بخهنهگهڕ بۆ زاڵبوون بهسهر ئهم كێشانه. لهم قۆناغهدا لهوانهیه ئهم پرسیاره رهوایهمان لهلا گهڵاڵه بێت:" باشه، ههموو ههوڵێك دهخهینهگهڕ، بهڵام نازانین چی روودهدات و چی بكهین". رێگام بدهن تا بۆتان روون بكهمهوه مهبهست لهمهدا چیه!؟ براكانم دهخوازین، كۆتایی به جهنگ، چهك، توندوتیژی، تیرۆر، خوێن، فرمێسك، مردن و كاولكاری بێت. ئهمه ههموو شتێكه. دهخوازین كۆتایی پێبێت! بێگومان پێویسته ههموو ژێرخانی یاسایی و سیاسی ئهم پڕۆسهیه لهناو پهرلهمانی توركیا ئاماده بكرێت. بۆ ئهوانهی دهڵێن "دڵم بهمه ئاو ناخواتهوه" ئهم روونكردنهوهیه دهخهمهڕوو: - برای بهڕێزم، ئهگهر ئهوانهی چهكیان بهدهسته بڕیاری كۆتاییهێنان به جهنگ بدهن، تۆ بۆچی نیگهران دهبیت؟ - ئایا متمانهت بهخۆ ههیه كه بهردهوام دهبی لهسهر خهباتی سیاسی و مهدهنی؟ ئهگهر به پشتبهستن به چهكی پهكهكه یان دهوڵهت سیاسهت دهكهی، بهدڵنیایی تۆ نیگهران دهبی له كۆتاییهاتنی جهنگ. بـﻪڵام ههموو جهنگێك كۆتایی ههیه، باشتره ئهگهر به شێوهیهكی ئهخلاقیانه خۆمان ئاماده بكهین بۆ پشتگیریكردن له ئاشتی. - ئهگهر دهڵێی " من كوردم مافهكانم چی بهسهردێت؟"، سهرهتا پێویسته متمانهت بهخۆت بكهیت. متمانه به ئهزموون، ژیری و توانایی رێكخراوهیی و سیاسی میللهتهكهت بكهیت. درك بهوه بكهیت كه رێگای ململانێی سیاسی، رێگای بهدهستهوهدان، شكستن و دۆڕاندن نیه. - ئهوانهش كه دهترسێن و دهڵێن:" من توركم، ئهگهر سازش بۆ (تیرۆر) بكهین، وڵاتم، دهوڵهتم پارچه نابێت؟" دهبێت سهرهتا متمانه بهخۆیان و دواتریش به برایهتی ههزار ساڵهی كورد بكهن. ئهگهر ئهم دهوڵهته كوردیش لهباوهش بگرێت، ئهگهر له پێناو ژیانێكی دادپهروهر، یهكسان و ئازاد له رێگای خهباتی سیاسی و ئاشتیانه پشتگیری له كورد بكهیت و دهستی بگریت، نهوهكو پارچهبوون، بهڵكو بهیهكهوه گهوره دهبین. - براكهم ئهگهر دوودڵی و دهڵێیت:" ئهم كاره ئهوهنده ئاسانه، ئایا له ژێرهوه مهترسیهك خۆی حهشار نهداوه؟" ئهوه له وهڵامدا دهڵێم:" ئهم كاره ئهوهنده ئاسانه. بهڵام بۆ ئهوهی ئهم كاره (ئاسانه) جێبهجێبكرێت، پێویستی به ههوڵ، تهقهڵا و پڵانێكی زۆر رشت ههیه. چارهسهری ئاسانه بهڵام پڕه له رشتی. پڕه له رشتی چونكه ئێره رۆژههڵاتی ناوهڕاسته، هێشتا پهنجه لهسهر پهلاپیتكهی چهكه، هێشتا خوێن دهڕژێت. پڕه له رشتی چونكه مردن رشتبوونه و بۆ نهمردنیش یهك شتی دیكهی رشتتر ههیه ئهویش برهودانه به ژیان. ههوڵدان بۆ زاڵبوونی ژیان بهسهر ئهم دوو مهترسیه، ئهوهنده ئاسان نیه وهكو له دهرهوه دهیبینین. له ئاشتی و ئاشتبوونهوه مهترسه براكهم. تورك و كورد دهست لهناو دهست، مهترسن له ههماههنگی و كار كردن بۆ گهورهبوونی توركیا. له هیچ ههنگاوێك مهترسن كه دهبێته مایهی ئاشتی لهناوچهكهدا. مهترسن، ئهمجاره دهتوانین چهك بێدهنگ بكهین و رێگا بدهین سیاسهت قسه بكات. با بهیهكهوه له رێگای ململانێی سیاسی زاڵبین بهسهر ههژاری، بێكاری، برسیهتی، چهوسانهوه و نایهكسانی. با گهرهنتی بكهین كه ئهو ملیار دۆلارانهی له جهنگ خهرج دهكرێن، راستهوخۆ بۆ میللهت خهرج بكرێت. ناشبێت له بیرمان بچێت كه واتای ئاشتی بریتیه له نان، خۆراك و كار. له خودا دهپاڕێینهوه، تا تهمهن درێژی و تهندروستی باش به ئهردۆغان، باخچهلی و ئۆجالان ببهخشێت. بۆ سهركهوتنی ئهم سێ سهركردهیه كه له قۆناخی كۆتایی ژیانیاندا بۆ ئاشتی رۆژههڵاتی ناوهڕاست، ئاشتی مێژوویی كورد – تورك دهستپێشخهریان كردووه زیاتر لهو دهكهم كه له دهستم دێت. ئهگهر دهشڵێی "ئهی ههڵبژاردن؟" ئهوه پهیوهسته به بڕیار و ئیرادهی خۆتهوه ئهی برای ئازیزم. ئێوه میللهتن، ههر ئێوهش بڕیاری كۆتایی دهدهن. ئهمڕۆ كهس داواتان لێناكات، دهنگ بۆ ئهردۆغان یان باخچهلی، یان دهمپارتی و جهههپه بدهن. داواتان لێدهكهن تا به دڵۆپه ئاوێك داری ئاشتی تێر ئاو بكهن. من ناخوازم برای سهربازی ئێشكگرم له چیای گابار، یان برای خوێنیم له قهندیل بمرێت. با ههردووكیان چیتر گولـله نهنێن بهیهكترهوه. سهرهتا بۆ خاتری پهیوهندی ههزار ساڵه وهكو كورد و تورك با یهكتر لهباوهش بگرین، ئهوهی دهشمێنێتهوه ململانێی سیاسی و كاری سیاسیهكانه. هیوادارین مانگی رهمهزان ئاشتی و برایهتی و ئارامی لهگهڵ خۆیدا بێنىت. له پێناو ئهمه پێویسته ههموومان لهگهڵ ئاشتی بین. تا گهیشتنه ئاشتی من لهگهڵ ئاشتیدام.
(درەو): سەرباری هۆشداریدانی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، وەزارەتی نەوتی عێراق بەبێ گوێگرتن لە خواستی كۆمپانیا بیانییەكان، دەیەوێت ئەمڕۆ هەناردەی نەوتی كوردستان دەستپیبكاتەوە، كۆمپانیاكانیش رەتیدەكەنەوە. كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان كە بە "ئەپیكور" ناسراوەو كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوت و غازی هەرێمی كوردستان رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە. ئەپیكور رایگەیاند" وەكو ئەوەی چەندین جار رونمانكردوەتەوە، كۆمپانیاكانی ئەندامی ئەپیكور ئامادەن بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان ئەگەر هاتوو رێككەوتنی فەرمی كرا بۆ گەرەنتیكردنی پێدانی پارەی هەناردەی پێشوو و ئایندەی نەوت، بەوجۆرەی كە هاوتایە لەگەڵ مەرجە یاسایی و بازرگانییەكانی گرێبەستەكانی ئێستاماندا". ئەپیكور پێكهاتووە لە (8) كۆمپانیای بیانی لە كەرتی نەوت و غازی كوردستان كە ئەمانەن (DNO-GENEL ENERGY-GKP-HKN-SHAMARAN-HUNT OIL-WESTREN ZAGROS-MOL) "تائێستا هیچ رێككەوتنێك لەبارەی مەرجە یاسایی و بارزگانییەكانی گرێبەستەكانمان نییە، بۆیە كۆمپانیاكانی ئەپیكور هیچ رێككەوتنێكیان نییە بۆ ئەوەی ئەمرۆ هەناردەی نەوت دەستپێبكاتەوە" راگەیەندراوی كۆمەڵەی پیشەسازی كوردستان وا دەڵێ. ئەم راگەیەندراوەی كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان وەڵامدانەوەی راگەیەندراوی ئەمڕۆی حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراقە سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كوردستان بە بۆریی بۆ بەندەری جەیهانی توركیا لە چەند كاتژمێری ئایندەدا. رۆژی 26ی ئەم مانگە (ماركۆ رۆبیۆ) وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بە تەلەفۆن لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق قسەی كرد، داوای لە سودانی كرد هەناردەی نەوتی كوردستان دەستپێبكاتەوەو حكومەتی عێراق باپەند بێت بە گرێبەستی كۆمپانیا ئەمریكییەكانەوە، بەڵام وادیارە هێشتا كۆمپانیاكان قایل نین بەوشێوەی ئێستا دەست بە هەناردەی نەوت بكەنەوە. بە وتەی وەزیری نەوتی عێراق، ئەمڕۆو لە هەنگاوی یەکەمدا، كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ"، رۆژانە 185 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە دەفرۆشێت، تاوەکو هەنگاو بە هەنگاو دەگاتە ئەو بڕە نەوتەی لە بودجەی گشتیی فیدراڵیدا ئاماژەی پێدراوە (لە بودجەدا باس لە رادەستكردنی 400 هەزار بەرمیلی رۆژانە كراوە، وەزارەتی نەوت 300 هەزار بەرمیلی رۆژانەی بۆ هەناردەكردن دیاریكردووە) .
(درەو): حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری نەوتی عێراق، لە کاتی بەسەرکردنەوەی بەندەری "خۆر ئەلزوبەیر" لە پارێزگای بەسرە، ڕایگەیاند : لە چەند کاتژمێری داهاتوودا، دەستپێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان ڕادەگەیەنین. بە وتەی وەزیری نەوتی عیراق لە هەنگاوی یەکەمدا، سۆمۆ ڕۆژانە 185 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە دەفرۆشێت تاوەکوو هەنگاو بە هەنگاو دەگاتە ئەو بڕە نەوتەی لە بودجەی گشتیی فیدراڵیدا ئاماژەی پێ دراوە . كەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەكان مانگی رابردوو رایگەیاند: لەو ماوەیەی كە هەناردەی نەوتی هەرێم راگیراوە، ئەو زیانەی بەر حكومەتی عێراق و هەرێم كەوتووە زیاتر لە 22 ملیار دۆلار بووە". رۆژی 25ی ئازاری 2023، بە بڕیاری دادگای نێودەوڵەتیی پاریس لەسەر سكاڵایەكی عێراق، هەناردەی نەوتی هەرێم راگیرا.
(درەو): دەقی پەیامی ئۆجەلان لە گرتوخانەی ئیمرالییەوە سەبارەت بە قۆناغی نوێی ئاشتی لە توركیا: بانگەوازیی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک پەکەکە؛ لە سەدەی بیستەمدا، لە توندترین سەدەی مێژوودا دامەزرا، ئەو زەمینەیەی کە پەکەکە تێیدا دامەزرا، زەمینەی دوو جەنگی جیهانیی بوو، سەردەمی سۆسیالیزمی بونیاتنراو سەردەمی جەنگی سارد بوو لە جیهاندا، لەم زەمینەیەدا نکۆڵیکردن لە ڕاستینەی کورد، قەدەغەکردنی ئازادییەکان، بەتایبەت قەدەغەکردنی ئازادیی فکری لە ئارادا بوو. لەڕووی تیۆریی، بەرنامە، ستراتیژو تاکتیکەوە، کاریگەری راستینەی سیستەمی سۆسیالیزمی بونیاتنراوی سەدەکە لەسەر ئەم دەرکەوتنە دروستبووە. لە ساڵانی ١٩٩٠ـەکاندا، بەهۆی ڕووخانی سۆسیالیزمی بونیاتنراو بە هۆکاری ناوخۆیی، شکاندنی نکۆڵیکردن لە ناسنامە لە وڵات و پێشکەوتنی ئازادیی فکریی، بووە هۆی ئەوەی کە پەکەکە لە واتای خۆی ببورێت و خۆی زۆر دووبارە بکاتەوە، بەو هۆیەشەوە ئەویش وەکو ئەوانی دیکە گەیشتووەتە کۆتایی ژیانی خۆی و پێویستی بە هەڵوەشاندنەوەی هەیە. پەیوەندی کوردو تورک؛ لە مێژوویدا زیاتر لە هەزار ساڵە، تورک و کورد بۆ ئەوەی بەردەوامیی بە هەبوونی خۆیان بدەن و لە دژی هێزە هەژموونخوازەکان لەسەر پێی خۆیان بمێننەوە، هەمیشە بە پێویستیان زانیوە، کە بە دڵخوازیی بە هاوپەیمانیی بمێننەوە. لە دوو سەدەی کۆتایی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی، شکاندنی ئەم هاوپەیمانییەی کردووەتە ئامانجی خۆی، ئەو هێزانەی کە کاریگەرییان لەسەرە، لەگەڵ بنەما چینایەتییەکانیان، خزمەتی ئەم ئامانجەیان بە بنەما گرتووە، ئەم پرۆسەیە بە پێناسەکردنی یەکڕەنگیی کۆمار خێراتر بووە. ئەرکی سەرەکی ئەوەیە، کە ئەو پەیوەندیە مێژووییە کە ئەمڕۆ شکاوە، بە ڕۆحی برایەتی و یەکێتیی و پشتگوێنەخستنی متمانە، سەرلەنوێ دەست بە ڕێکخستن بکەین. پێویستیی کۆمەڵگای دیموکراتیک دەستلێبەرنەدراوە، پەکەکە لە مێژووی کۆماردا درێژترین و بەرفراوانترین تەڤگەری سەرهەڵدان و توندوتیژییە. لەبەر ئەوەی کە ڕێگای سیاسەتی دیموکراتیک داخرابوو، پەکەکە بەهێز بوو، پشتگیری بەدەستهێنا. دەوڵەت-نەتەوە جیاوازەکان، فیدراسیۆنەکان، خۆبەڕێوەبەری ئیداریی، ڕێبازە کەلتورییەکان، بوون بە دەرئەنجامی نەتەوەپەرستییەکی توند، ناتوانن ببنە وەڵامدەرەوەی کۆمەڵناسی کۆمەڵگای مێژوویی. ڕێزگرتن لە ناسنامەکان، ئازادیی فکر، بەڕێکخستنبوونی دیموکراسیی، دامەزراندنی کۆمەڵگای-ئابوریی و سیاسیی هەموو پێکهاتەکان، تەنها بە هەبوونی کۆمەڵگاو گۆڕەپانی سیاسیی دیموکراتیک بەدی دێت. ١٠٠ ساڵی دووەمی کۆمار، تەنها کاتێک بە دیموکراسیی ڕەنگڕێژ دەبێت، دەتوانێت ببێت بە خاوەنی یەکگرتوویی و مانەوەو بەردەوامییەکی مسۆگەر، لە دیموکراسیی بترازێت هیچ ڕێگایەکی بەرەوپێشچوون و دامەزراندنی سیستەم نییەو بەدی نایەت، هەماهەنگی دیموکراسیی ڕێبازیی بنچینەییە. پێویستە زمانی سەردەمی ئاشتیی و کۆمەڵگای دیموکراتیکیش، بەگوێرەی ئەم ڕاستییانە پێشبخرێت. ئەو بانگەوازییەی کە بەڕێز دەوڵەت باخچەلی کردی و ئەو ئیرادەیەی کە سەرۆک کۆمار نیشانی دا، نزیکبوونەوەو پەیوەندی ئەرێنی پارتەکانی تر، ئەم قۆناغەی هێنایە بەرهەم، منیش لەم قۆناغەدا داوای دانانی چەک دەکەم و بەرپرسیارێتیی مێژوویی ئەم بانگەوازییەش دەگرمە ئەستۆ. چۆن هەر کۆمەڵگاو پارتێکی سەردەم، هەبوونی بە فشارو زۆرەملێ کۆتایی پێ نەهاتووە، ئێوەش بە دڵخوازییەوە کۆنگرەی خۆتان ئەنجام بدەن و بڕیار بدەن، دەبێت هەموو گروپەکان چەک دابنێن، پەکەکە هەڵبوەشێتەوە، لێرەوە سڵاو بۆ هەمووتان دەنێرم کە بڕواتان بە ژیانی هاوبەش هەیەو گوێ لە بانگەوازییەکەم دەگرن. ٢٥ـی شوباتی ٢٠٢٥ عەبدوڵا ئۆجالان دوای ڕاگەیاندنی پەیامە مێژووییەکە، سری سورەیا ئۆندەر ڕایگەیاند کە ڕێبەر ئاپۆ بە شاندەکەی وتووە: بێگومان بۆ ئەوەی لە پراکتیکدا چەک دابنرێت و پەکەکە خۆی هەڵوەشێنێتەوە، پێویستە سیاسەتی دیموکراسیی و یاسایی بڕەخسێندرێت.
(درەو): ئەنجامەکانی روپێوی ئابوری و کۆمەڵایەتی خێزان لە هەرێمی کوردستان ٢٠٢٣ – ٢٠٢٤ دەریدەخات ئەو خێزانانە مانگانە ٦٨٥٠٠٠ دینار کەمتر خەرجیان هەبێت بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکان دەکەونە ژێر هێڵی هەژاریی. ئهم رووپێوه لهلایهن (دهستهی ئاماری ههرێم) به ههماههنگی و پاڵپشتی تەکنیکی و دارایی (بانكی نێودەوڵەتیی) ئهنجامدرا لە لە ۱٥ـ ۷ـ ۲۰۲۳ دەستیپێکردو لە ۱٥ـ ۷ــ ۲۰۲٤ کۆتایی پێهات. مهبهست له ئهنجامدانی رووپێوهكه زانینی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابوری خێزانهكانه بهشێوهیهكی گشتی و چهندین بواری جۆراو جۆر لهرێگای پرسیارنامهیهك کە پێکهاتووە له ۲٥ بهش کە بابەتەکانی (تایبهتمهندییه دیمۆگرافییهكانی خێزان، پهروهرده، تهندروستی، نیشتهجێبوون، پێوانهكردنی جهسته، كارو بێكاری، ئاسایشی خۆراك، كشتوكاڵ، بهشهخۆراك، داهات و خهرجی تاك و خێزان، قهرز و سولفه، دادپهروهری و...) لهخۆوه دهگرێت. گرنگترین نیشاندەرەکانی ئەم رووپێوە هەژمارکردنی هێڵ و رێژەی هەژاریی، خەرجی و داهاتی تاک و خێزانە کە لە خوارەوە ئاماژەی پێدراوە: ههژاریی هێڵی ههژاریی ههژماركراو ١٣٧,٠٠٠ دینار بۆ ههر تاكێك له مانگێك بۆ ساڵی ٢٠٢٣ – ٢٠٢٤، بۆ نموونە لە هەرێمی کوردستان قەبارەی خێزان پێکهاتووە لە ٥ کەس، واتە ئەو خێزانانە مانگانە ٦٨٥٠٠٠ دینار کەمتر خەرجیان هەبێت بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکان دەکەونە ژێر هێڵی هەژاریی.
(درەو): دوای ئیمزاكردنی (رێككەوتن)، چەند رۆژی ئایندە حكومەتی عێراق (گرێبەست)ی پەرەپێدانی كێڵگەكانی نەوت لە كەركوك لەگەڵ كۆمپانیای (BP) ئیمزا دەكات، وەزیری نەوت دەڵێ"بەرهەمی رۆژانەی نەوت لە كەركوك بۆ 450 هەزار بەرمیل بەرزدەبێتەوە". حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق ئاشكرایكرد، لە چەند رۆژی ئایندەدا گرێبەستی پەرەپێدانی كێڵگەكانی نەوت لە باكور، لەگەڵ كۆمپانیای بریتش پترلیۆم (BP)ی بەریتانی ئیمزا دەكرێت. حەیان عەبدولغەنی كە هاوكات جێگری سەرۆك وەزیرانیشە بۆ كارەباری وزە ئاماژە بەوە دەكات، ئەو رێككەوتنەی كە دوێنێ لەگەڵ كۆمپانیای (BP) ئیمزاكراوە، رێككەوتن بووە لەسەر مەرجەكانی گرێبەست كە دەخرێتە ناو ئەو گرێبەستەی بڕیارە لە رۆژانی ئایندەدا ئیمزا بكرێت. بەپێی قسەی وەزیر، ئیمزاكردنی گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیا بەریتانییەكە بۆ پەرەپێدانی هەر چوار كێڵگەی )بای حەسەن- كەركوك بە هەردوو قوبەی (باباگوڕگوڕو ئاڤانا)- جمبور- خەباز) لە كەركوك، دەستكەوت دەبیت بۆ حكومەتی عێراق و پەرەپێدانی ئەو كێڵگانەی كۆمپانیای نەوتی باكور سودی گەورەی دەبێت، تێكڕای بەرهەمهێنانی نەوت لەو كێڵگانەداا بۆ 450 هەزار بەرمیل لە رۆژیكدا بەرزدەكاتەوە، لەگەڵ بەردەوامیدان بە پرۆسەی بەرهەمهێنان لەم ئاستەدا بەگوێرەی ماوەی گرێبەستەكە، ئەمە جگە لە گەرەنتیكردنی وەبەرهێنان و نۆژەنكردنەوەی دامەزراوەكانی غاز بۆ بەرهەمهێنانی لانی كەمی 400 مەقمەق غاز.
یادگار سدیق گەڵاڵی دوێنێ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە نێوان وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مارکۆ رۆبیۆ و سەرۆک وەزیرانی عێراق سودانی هەبوو. لە دوو بەیاننامەی جیادا لا یەنی ئەمەریکی و عێراقی باسیان ناوەڕۆکی پەیوەندییەکە کرد . نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران بەیاننامەیەکی گشتی بوو بەڵام وەزارەتی دەروەی ئەمەریکا خاڵەکانی گفتوگۆکەی دیاری کردووە. لە ماوەکانی رابوردوودا باسی فشاری ئەمەریکا دەکرا بۆ سەر عێراق سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی تورکیاوە. عێراق رەدی کردەوە کە ئەمەریکا هیچ فشارێکی لێکردبێت ئەمەش چاوە روان کراو بوو، چاوەڕێمان نەدەکرد عێراق بڵێت لەژێر فشاردا بەپەلە لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت رێکەوتین. لە هەفتەی رابوردودا لە چەند چاوپێکەوتنێکدا رامانگەیاند کە فشارە کە زیاتر ئامانج لێی ئێرانە، بەمەبەستی توند کردنەوەی فشار و کاریگەرکردنی گەمارۆکانی سەر ئێرانە، تاوەکو لەم ڕێگەیەوە رێگری بکرێت لەوەی نەوتی هەرێم بە قاچاغ لە ڕێی ئێرانەوە هەناردە بکرێت و پێناچێت ئەمەریکا چیتر چاو پۆشی لێبکات. چونکە لە پاڵ ئامرازەکانی تردا هۆکارێک بوە بۆ دەستکەوتنی دراوی قورس بۆ ئێران کە ئێران بەکاری دەهێنێت، لە وانەش هاوردەکردنی عێراق بۆ کارەبا و گاز لە ئێرانەوە کە ئەمانە کاریگەری گەمارۆکانی کەم کردووەتەوە. بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا فشارەکانی پشت ڕاستکردەوە بەوەی لە بەشێکی بەیاننامەکەدا هاتووە کە "هەردوولا رێکەوتین کە دەبێت عێراق سەربەخۆبێت لە بواری وزەدا". مەبەست لێی هاوردەکردنی غاز و کارەبایە لە ئێرانەوە. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕێگەی دەستبەرداربوونی کاتی لە سزاکانی سەر کەرتی وزەی ئێران، ڕێگەی بە عێراق دەدا کارەبا و گاز لە ئێرانەوە هاوردە بکات. ئەم لێخۆشبوونانە بەهۆی پشتبەستنی زۆری عێراق بە دابینکردنی وزەی ئێرانەوە هات، چونکە لە ساڵی ٢٠١٧ەوە دابینکردنی غازی ئێران گەیشتووەتە زیاتر لە ٥٢ ملیار مەتر سێجا. واشنتن بەشێوەیەکی کاتی مۆڵەتی بە بەغدا بەخشیوە ، هەر 90 یان 120 ڕۆژ جارێک، بۆ ئەوەی ڕێگە بە عێراق بدات غاز و کارەبا لە ئێران بکڕێت. ئەم لێخۆشبوونانە پەیوەست بوون بە پێویستی عێراق بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە ئێران بە پەرەپێدانی کەرتی وزەی خۆی. بەمەرجێک پلانێکی درێژخایەن دابنرێت بۆ وازهێنان لە وزەی ئێران، وەک پەرەپێدانی گازی ناوخۆ و هاوردەکردنی کارەبا لە وڵاتانی کەنداو تورکیاوە. لە ئێستادا لە ژێر ڕۆشنایی بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ قەدەغەکردنی هەناردەکردنی کارەبا و غازی ئێران بۆ عێراق، عێراق ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە لە دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی وزە، بەو پێیەی سیستەمی کارەبای عێراق تا ڕادەیەکی زۆر پشت بە گاز و کارەبای هاوردەکراو لە ئێرانەوە دەبەستێت. عێراق دەتوانێت چەند ڕێوشوێنێکی بەپەلە بگرێتەبەر بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنی بە گاز و کارەبای ئێران و دوورکەوتنەوە لە قەیرانی وزە لە مانگەکانی هاویندا، لەوانە: 1- باشترکردنی ئەدای وێستگەکانی کارەبای ئێستا 2- هاندانی بەکارهێنانی وزەی خۆری لەلایەن ماڵانەوە بە دابینکردنی ئاسانکاری بانکی و قەرز بە هاوڵاتیان، 3- - بەخێرای زیادکردنی بەرهەمهێنانی غاز لە ناوخۆ زیادکردنی وەبەرهێنانی غازی هاوەڵ. چەندین رێکەوتن لەگەڵ چەندین کۆمپانیا کراوە بۆ ئەو بوارە. 4- بەپەلە چالاککردنی هێڵی کارەبای کەنداو عێراق کە لەگەڵ ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو ڕێککەوتووە کە 500 مێگاوات کارەبای بۆ دابین بکات. 5- کڕینی کارەبا لە تورکیا یان ئوردن هەروەها راگەیاندنەکەدەڵێت " کردنەوەی هێڵی بۆری نەوتی عێراق- تورکیا ( دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و پابەندبوون بە گرێبەستە نەوتییەکانی کە لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکیەکان ئەنجامداراوە". واتا داوای دەستپێکردنەوەی هەناردە و داننان و پابەندبوون بەگرێبەستییە نەوتییەکانی هەرێم. ئیدارەی نوێی ئەمەریکا زۆر جدییە لە توندکردنی فشارەکانی سەر ئێران و پەل و پۆ کردنی لە ناوچەکەدا و جێ بەجێ کردنی بەڵێنەکەی بە دابەزینی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ سفر گەر بۆی بکرێت. لەگەڵ ئەوەی دەیەوێت هەناردەی نەوتی ئێران بۆ سفر دابەزێنێت لە ڕیی گەمارۆکانەوە، کە ئەم هەنگاوە یارمەتی دەر دەبێت بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، لە هەمانکاتیشدا ئامانجێتی نرخی سوتەمەنی دابەزێنێت بۆیە دەبینین چۆن ئیدارەی نوێی ترەمپ هەوڵەکانی چڕ کردووەتەوە بۆ وەستانی جەنگی ئۆکراین، ئەوکات بەوەستانی جەنگ گەمارۆکانی سەر روسیا هەڵدەگرێت و بە ئاسانی نەوت و گازی روسی دەگاتە بازارەکانی جیهان و هاوکاردەبێت بۆ دابەزینی نرخی نەوت. هەوروەها و فشارکردن لە سعودیەو و وڵاتانی کەنداو بۆ زیادکردنی بەرهەمیان. هەرچەندە لە خولی پێشوشدا ئیدارەی ترمپ فشاری کرد لەو وڵاتانە بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت بەڵام کاریگەری نەبوو یاخود نەچونە ژێر باری ئەو فشارانە. فشاری ئیدارەی ترمپ بەو مانایە نایەت کە گەمارۆ بخاتە سەر عێراق یان گەمارۆ بخاتە سەر بەرهەم هێنانی نەوتی وڵاتەکە، بەڵکو ئێستا لەهەموو کات زیاتر نەوتی عێراق پێویستە بۆ سەقامگیری بازاڕ و نرخی نەوت. هەر لەو روانگەیەشەوەیە بەشیکی فشارەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمە، بەڵام دەستپێکردنەوەی هەناردەی هەرێم کاریگەریی نابێت لە سەر نرخی نەوت ، تا ئەوکاتەی عێراق پابەندبێت بە ریکەوتنەکەی لە گەڵ رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکەری نەوت (ئۆپیك) و ئۆپیک پلەس. دەکرێت لە کورت مەودادا کاریگەرییەکی زۆر دیاریکراوی هەبێت بە چەند سەنتێک نەک زیاتر، چونکە ریژەی بەرهەمهێنانی عێراق زیاد ناکات لە لایەک وە لەلایەکی تریش هەمان ئەندازە لە ماوەی ساڵی رابوردوشدا لە هەرێم هەربەرهەم هاتووە، بەمانایەکی تر هیج زیاد نەبووە بۆ بەرهەمهێنانی جیهان، چونکە پابەندییەکەی ئۆپیک پلەس بۆ بەرهەم هێنانی نەوتە نەک هەناردەکردن. هەروەها خاڵیکی تری راگەیابدنەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا باسی کەمکردنەوەی نفوزی ئێران و رێگری لە گەرانەوەی داع*ش و تیرۆر و سوریا دەکات. بشێوەیەکی گشتی هەموو تەوەری پەیوەندییە تەبەفۆنییەکە فشارە لەسەر حکومەتی سودانی بۆ رێگری کردن لە نفوزی ئێران لە عێراق، کە سودانی خستووەتە بارودۆخێک وە حەسودی پێ نەبرێت، سودانییەک کە هیچ حیزبێکی سیاسیی گەورەی لەپشت نییە. دەشزانێت هۆشدارییەکانی ئەمەریکا جدییە و ترامپ چیتر قبوڵی بیانوو هێنانەوەی زیاتر ناکات.
(درەو): وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد، باسی هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستانی كردووە، داوای كردووە عێراق پابەند بێت بە گرێبەستی كۆمپانیا ئەمریكییەكانەوە. بۆ یەكەمجار لەدوای دەستبەكاربوونی ئیدارەی نوێی ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی دۆناڵد ترەمپ، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەلایەن (مارکۆ رۆبیۆ) وەزیری دەرەوەی ئەمریکاوە پێگەیشت. نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق هەواڵی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی راگەیاند، بەڵام هیچ وردەكارییەكی لەبارەی ناوەڕۆكی گفتوگۆكە ئاشكرا نەكرد. تامی بروس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشكرایكرد، رۆبیۆ لەگەڵ سودانی کۆمەڵێک بابەتی تاوتوێ کردووە، لەوانە: • کاریگەری ئێران لە ناوچەکە • پێویستیی سەربەخۆیی عێراق لە بواری وزە • وەبەرهێنانە بازرگانییەکانی ئەمریکا بەگوێرەی قسەی تامی بروس، هەردوولا رێککەوتوون لەسەر پێویستی سەربەخۆیی عێراق لەبواری وزەو دەستپێکردنەوەی کارپێکردنی هێڵی بۆری عێراق-تورکیا بەخێرایی (مەبەستی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستانە بۆ بەندەری جەیهانی توركیا كە لە 25ی ئازاری 2023وە راوەستاوە)، هەروەها پابەندبون بە مەرجەکانی گرێبەستی کۆمپانیا ئەمریکییەکان کە لە عێراق کاردەکەن بۆ راکێشانی وەبەرهێنانی زیاتر (لەمەشدا مەبەستی لە گرێبەستی كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستانە كە بەمدواییەو هاوكات لەگەڵ رێككەوتنی هەولێرو بەغداد لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت نیگەرانی خۆیان نیشاندا لەبارەی پابەندبوون بە گرێبەستەكانیان و پێدانی پارەی بەرهەمهێنان و مەرجە بازرگانییەكانی ترەوە).
گفتوگۆی درەو "چین و كاریگەرییەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و هەرێمی كوردستاندا " بۆ (لیۆ جیۆن)، کۆنسوڵی گشتی چین لە هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە ئۆفیسی (دامەزراوەی میدیایی درەو) گفتوگۆكرا لەسەر (سیاسەتی چین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و هەرێمی كوردستاندا) لە گفتوگۆكەدا كونسوڵی گشتی چین باسی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سیاسەتی دەرەوەی چین بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كرد بەتایبەت پرسی (گۆڕانكارییەكانی غەزەو لوبنان و سوریا) لەگەڵ پەیوەندیی نێوان چین و هەرێمی کوردستان و عێراق، بەتایبەت پەیوەندییە ئابورییەكانی نێوان چین و هەرێمی كوردستان چەند بابەتێك جێگای پرس و گفتوگۆی ئامادەبووان بوو: - لە گفتوگۆكەدا پرسی روانینی چین بۆپرسی كورد كرا كە هەرێمی كوردستان لە كوێی ئەجیندای چین دایە، - بابەتی چینی ئەمڕۆ بازاڕەكانی هەرێمی كوردستانی داپۆشیوە، لەسەر چی بنەمایەك و كوالێتیەك بابەتە چینیەكان بەرهەمدەهێندرێن هاوردەدەكرێن. - چین وەك وڵاتێكی گەورەو كاریگەری جیهان، خاوەن پێگەیەكی گەورەی ئابوری و سیاسیە، چی رۆڵێك دەگێڕێت لە گۆڕانكارییەكانی رۆژهەڵاتێ ناوەڕاستدا - رۆڵی چین لە ئێستادا زیاتر لە بواری ئابوری و كلتوری و تەكنەلۆجیدا خۆی دەبینێت ، لە ئێستادا بەرەو رۆڵگێڕانی سیاسی هەنگاوی ناوە
(درەو): كۆمپانیای نەوتی باكور رێككەوتنی پەرەپێدانی چوار كێڵگەی نەوتی لە كەركوك لەگەڵ كۆمپانیای (BP)ی بەریتانی ئیمزا كرد، رێككەوتنەكە (وەبەرهێنانی غازی هاوەڵ و چاككردنەوەو فراوانكردنی دامەزراوەكانی غاز)و (دروستكردنی وێستگەی كارەبا 400 مێگاوات) لە كەركوك لەخۆدەگرێت. كۆمپانیای نەوتی باكور رێككەوتنی پەرەپێدانی (4) كێڵگەی نەوتی كەركوكی لەگەڵ كۆمپانیا بریتش پترلیۆم (BP)ی بەریتانی ئیمزا كرد. محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران و حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی فیدراڵ ئامادەی مەراسیمی ئیمزاكردنی رێككەوتنەكە بوون. ئیمزاكردنەكە دوای رێككەوتن هات لەگەڵ كۆمپانیا (BP) سەبارەت بە پرسە هونەرییەكان و مەرجەكانی گریبەستكردن، لەناویاندا مۆدێلی ئابوری پرۆژەكە پشتبەست بە ئەو یاداشتانەی لێكتێگەیشتن كە لە لەندەن و لەمیانی سەردانی ئەمدواییەی سودانیدا بۆ بەریتانیا ئیمزتا كراون، كە بەوتەی راگەیەندراوی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق "گەرەنتی باشترین مەرج و بەرژوەندییەكانی گرێبەستیان بۆ لایەنی عێراقی تێدا كراوە، دوای دانوستانی وردو دورو درێژ لەگەڵ وەزارەتی نەوت، لەپێناو باشترین وەبەرهێنان لە بواری وزەو فەراهەمكردنی نەوتی خاو بۆ پاڵاوگەكانی باكورو كەمكردنەوەی ئاشتی پشتبەستن بە نەوتی باشور، رێككەوتنەكەش قۆناغی كۆتاییە بەر لە ئیمزاكردنی گرێبەست بەشێوەی كۆتایی". نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق باسلەوە دەكات، رێككەوتنەكە پەرەپێدانی چوار كێڵگە سەرەكییەكەی كەركوك (بای حەسەن- كەركوك بە هەردوو قوبەی (باباگوڕگوڕو ئاڤانا)- جمبور- خەباز) لەخۆدەگرێت، بەو جۆرەی گەرەنتی وەبەرهێنانی غازی هاوەڵ و چاككردنەوەو فراوانكردنی دامەزراوەكانی غاز لە كۆمپانیای غازی باكورو دروستكردنی وێستگەی كارەبا 400 مێگاوات بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی ئەم پرۆژە ستراتیژییە. نوسینگەی سەرۆك وەزیران دەڵێ ئەم پرۆژەیە دەستی كار لە پسپۆڕییە جۆربەجۆرەكان دەڕەخسێنێت لەگەڵ بەكارخستنی كۆمپانیا ناوخۆییەكان و جێبەجێكردنی پرۆژە كۆمەڵایەتییەكان و پەرەپێدانی توانای كارامەیی سەرچاوە ئەندازیاریی و هونەرییەكان.
درەو: بریكاری وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت: لەم قۆناغەدا (185) هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێمەوە هەناردەدەكرێت، لە ئێستادا (300) هەزار بەرمیل بەرهەم دەهێنێت و بەشەكی تری بۆ ناوخۆ بەكاردێت، راگرتنی هەناردەکردن کێشەی بۆ کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم دروستکردووە، پێویستی بە ماوەیەک هەیە بۆ گەڕاندنەوەی توانای بەرهەمهێنانی. درەو: باسم محەمەد خزەیر، بریكاری وەزیری نەوت بۆ کاروباری دەرهێنانی لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراق: ?راگرتنی کارەکانی هەناردەکردن لە هەرێمی کوردستانەوە لە ماوەی رابردودا کێشەی بۆ کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم دروستکردووە. ?پێویستی بە ماوەیەک هەیە بۆ گەڕاندنەوەی توانای بەرهەمهێنانی، بە ئامانجی گەیشتن بە هەناردەکردنی (400)هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، کە نزمترین بڕی دیاریکراوە لە بودجەدا. ?ئەو بڕە لە ئێستادا بۆ هەناردەکردن لە هەرێم (300)هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا. ?بەشێکی بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ تەرخانکراوە، (185)هەزار بەرمیلی دیکەش بۆ هەناردەکردن تەرخاندەکرێت. ?رێککەوتن كراوە لەسەر پێکهێنانی لیژنەی هاوبەش بۆ بەدواداچونی میکانیزمەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت. ?لەلایەن هەرێمەوە ئاگادارکراینەوە کە ئامادەیە بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی هەناردەکردن. ?تیمە تەکنیکیەكانی کۆمپانیای نەوتی باکور و نوێنەرانی هەرێمی کوردستان کاردەکەن بۆ پشکنینی بۆرییەکانی هەناردەکردنی نەوت و دڵنیابون لە گونجاوی و ئامادەیی بۆ دەستپێکردنەوەی ناردنی نەوت لە رێیانەوە. ?وەزارەتی نەوت پەیوەندی بە لایەنی تورکیاوە کردووە بۆ پرسینی ئامادەیی ئەو بۆرییەی کە بۆ هەناردەکردن لە ڕێگەی بەندەری جەهانەوە دیارکریكراوە و چاوەڕوانی وەڵامین لە ماوەی(24)کاتژمێری داهاتودا. ?وه زاره تی نەوت په یوه سته بە به رده وامبونی پرۆسەی هەنارده کردن له ڕێی به نده ڕی جه یهانەوە وه ک به شێک له دیدی ستراتیژی په یوەندی عێراق و تورکیا. ?پەیوەندی بەردەوام هەیە لەگەڵ هەرێم و لایه نی تورکی، بۆ دڵنیابون له بەردەوامی هاوکاری و هه ناردەکردن.
