درەو: بەپێی ئەنجامی راپرسیەكی (دامەزراوەیی میدیایی درەو) رێژەی (55%)ی بەشداربووان پێیان وایە ساختەكاری دەكرێت و (22%) پێان وایە دیزاین دەكرێت و تەنیا (15%) پێیان وایە ساختەكاری ناكرێت. بەشی راپرسی لە دامەزراوەی میدیایی درەو، لەماوەی رابردوودا سێ راپرسی ئەنجامداوە بەشێوەی (رووبەڕوو لەناو خەڵك) پەیوەست بە بەشداری و بایكۆت و رێژەی دەنگی لیستەكان و هۆكاری بەشداری و ساختەكاری و گۆمان لەسەر دیزاینی هەڵبژاردن، لێرەدا وەڵامی یەك پرسیار دەخەینە روو: پرسیار: پێت وایە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بە پاكی و بێگەردی بەڕێوەدەچێت؟ - 55%ی بەشداربووان پێیان وایە ساختەكاری دەكرێت - 22%ی بەشداربووان پێیان وایە دیزاین دەكرێت - 15%ی بەشداربوان پێیان وایە پاك و بێگەرد دەبێت - 9%ی بەشداربوان وەڵامەكانیان نازانمە. واتا لەكۆی بەشداربووانی راپرسیەكە تەنیا (15%)ی پێیان وایە هەڵبژاردن پاك و بێگەرد دەبێت، (77%)ی بەشداربوان پێیان وایە ساختەكاری دەكرێت و دیزاین دەكرێت. ئەنجامی راپرسی بەپێی رەگەز: - ساختەكاری دەكرێت: لەناو نێر: 55% و لەناو مێ: 53% - دیزاین دەكرێت: لەناو نێر: 22% و لەناو مێ: 21% - پاك و بێگەرد دەبێت : لەناو نێر: 15% و لەناو مێ: 16% - نازانم : لەناو نێر: 8% و لەناو مێ: 10% - ئەنجامی راپرسی لە شاروناوچەكان: - ساختەكاری دەكرێت: لە راپەڕین: 60%، لە هەڵەبجە: 42% - دیزاین دەكرێت: راپەڕین: 24%، لە هەڵەبجە: 25% - پاك و بێگەرد دەبێت: راپەڕین 6%، لە هەڵەبجە: 26%
مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو) رۆژی ٤ شەمەی رابردوو، رێکەوتی ٢٩-١٠، هەڵبژاردنێکی پێشوەختە بۆ پەرلەمان لە هۆڵەندادا، بەڕێوەچوو. ئەو حکومەتەی بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی پێش ئەم هەڵبژاردنە پێکهێنرابوو، تەنها دوو ساڵ حوکمی کرد و بەهۆی ناکۆکیی ناوەکییەوە، هەڵوەشانەوە. ئەم هەڵبژاردنە تازەیە دوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو حکومەتە هات. لە هەڵبژاردنەکانی دووساڵ لەمەوپێشدا هێزەکەی خێرت ڤیڵدەرز، پارتی PVV، هەڵبژاردنەکەی بردەوە و بوو بە گەورەترین هێزی سیاسیی وڵاتەکە. ئەم هێزە بوو بە خاوەنی ٣٧ کورسی پەرلەمان لە کۆی ژمارەی کورسییەکان کە ١٥٠ کورسییە. ئەم هێزە هێزێکی ڕاسترەوی پەڕگیرە و هەڵگری گوتارێکی راستیستی ترسناکە. خاڵی هەرەسەرەکیی لە گوتاری هەڵبژاردنەکانیدا دژایەتیکردنی کۆچبەران و هێرشکردنە سەر ئیسلامە. سەرجەمی کێشە گەورەکانی وڵاتەکەش دەخاتە ئەستۆی کۆچبەران و ئیسلامیش وەک هەڕەشەیەکی ترسناک بۆسەر وڵاتەکە، نمایشدەکات. (ژمارەی موسڵمانەکان لە هۆڵەندا، ئەوانەی تەمەنیان لە سەروی ١٥ ساڵەوەیە، تەنها ٦%، شەش لە سەدی ژمارەی دانیشتوانی هۆڵەندایە). ئەو حکومەتەی دوو ساڵ لەمەوبەر دروستکرا نەیتوانی ٤ ساڵ تەواوبکات، چونکە هێزەکەی خێرت ڤیلدەرز لە حکومەتەکە کشایەوە بە تەماحی ئەوەی لەم هەڵبژاردنەدا کورسیییەکانی زۆر زیاتر بکات لەو ٣٧ کورسییەی کە هەیبوو. هەموو راپرسییەکان هێمایان بۆ ئەوەدەکرد کە ئەم هێزە کورسییەکانی زۆر زیاتر دەکات و بە ئاسانی دەبێتەوە گەورەترین هێزی سیاسیی هۆلەندا. خێرت ڤیڵدەرز دەیوسیت زۆرینەی دەنگەکان بهێنێت و بتوانێت بە تەنها حوکمڕانی بکات و خۆیشی ببێت بە سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکە. لەبەرئەمەبوو رۆژی ٤ شەمەی رابردوو هەڵبژاردنێکی پێشوەختە ئەنجامدرا. بەڵام ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە شەپازلەیەکی گەورەبوو لە روخساری خێرت ڤیڵدەرز و هێزەکەی. لەم هەڵبژاردنەدا ئەو هێزە ژمارەی کورسییەکانی لە ٣٧ کورسییەوە بۆ ٢٦ کورسی دابەزی. هاوکات پارتی دیموکراتە لیبرالەکان، پارتی D66، ژمارەی کورسییەکانی لە ٩ کورسییەوە بەرزبووەوە بۆ ٢٦ کورسیی و بوو بە براوەی هەڵبژاردنەکە و گەورەترین پارتی سیاسیی لە هۆڵەندادا. لە رووی سیاسییەوە هۆڵەندا وڵاتێکە بەسەر سێ بەرەدا دابەشە: بەرەی چەپی پێشکەوتنخواز، بەرەی ناوەڕاست و بەرەی ڕاستڕەوی پەڕگیر. پارتی D66 سەر بە بەرەی ناوەڕاستە. پارتی D66، بە تایبەتی سەرۆکەکەی، لیبرالێکی سۆشیالە، واتە هەم لیبرالە بە مانا سیاسییەکەی و هەم دژ بە رووە تاریکەکانی جیاوازیی چینایەتیی و کۆمەڵایەتیی، واتە دژ بە نادادپەروەریی کۆمەڵایەتییە. D66 بەرگریکەرە لەو بییرۆکەیەی کە پێویستە هەموو دانیشتوانی وڵاتەکە، بەبێ گوێندانە پاشخانی دینیی و ئەتنیی و کۆمەڵایەتییان، هەمان ئەگەری یەکسانیان لەبەردەمدا بێت. هاوکات سەرکردەی ئەم پارتە پێی وایە بەبێ بوونی ئایدیالی گەورە و بەبێ وێناکردنی سیاسەت وەک ئامرازێک بۆ گۆڕانکاریی، لیبرالیزمی سۆشیال، ناتوانێت بژیی و کاربکات. زۆرێک لە دیدگایانەی D66 دیدگایەکی چەپگەرانەیە و لە گوتاری سۆشیال دیموکراتەکان نزیکە. هۆڵەندا خاوەنی چینێکی ناوەندی گەورەیە کە بڕیاردەری سەرەکیی هەڵبژاردنەکانە، ئەم چینە زۆربەیجار لە ناوەندی کایەی سیاسیدا نیشتەجێیە، واتە نە خوازیاری دروستبوونی هەزێکی راسترەوی پەرگیریی راسیستییە، نە سەر بە دیدگای هێزە چەپەکانە کە بەرگریکەری ژمارە یەکی بەشە نەدار و هەژار و کەم دەرامەتەکانی ئەم وڵاتەیە. دیموکراتەکانی ٦٦، D66، بە تایبەت ئەم سەرۆکەی ئێستایان، باوەڕیان بە دوو شتە. لەسەرێکەوە یەکێتیی میلەتی هۆلەندا بە هەموو پێکهاتەکانییەوە. لەسەرێکی دیکەوە، باوەڕبوون بەوەی ئەم یەکێتییە مانای هاوشێوەبوون و لەیەکتریچوونی هەمووان لە هەمووان نییە، بەڵکو مانای داننان بە پلورال بوون و جیاوازبوون و لێکنەچوونە. بۆیە نابێت کەمایەتییە دینیی و ئەتنییە جیاوازەکان لەسەر دین و ئەتنیەتیان پەلاماربدرێن، کارێک کە هێزەکەی خێرت ڤیلدەرس نزیکەی ٢٠ ساڵە ئەنجامیئەدات. هێزەکەی ڤیڵدەرس کۆمەڵگاکە بە شێوەیەکی شاقوڵیی دابەشدەکات بۆ هۆڵەندیی پاکژ و ئەسڵى، بەرامبەر بەوانەی بە بێگانە و ناپەسەند، ناونوسیان دەکات. لەم هەڵبژاردنەدا بەشی هەرەزۆری هێزە سیاسییەکانی هۆڵەندا هێزەکەی خێرت ڤیڵدەرزیان بەوە تاوانبارکرد کە بەردەوام خەریکی بەرهەمهێنان و گەشەدانە بە «سیاسەتی رق» و «پارچەپارچەکردنی وڵاتەکە»، «ترسناندن و توڕەکردنی بەردەوامی خەڵک»، «گەورەکردنی بەدگومانیی بەرامبەر بە دەوڵەت و دەزگا دیموکراسییە سەرەکییەکان»، «پێشێلکردنی مافە دەستورییەکان و پرنسیپە سەرەکییەکانی سیستمی دیموکراسیی»، «جنێودان و پەلاماردانی نەشیاوی کەسانی تر»، «دژایەتیکردنی ئەوروپای یەکگرتوو» هتد.. وەک زۆربەی جار لە هۆڵەندادا رووئەدات، لەم هەڵبژاردنەشدا هیچ هێزێک زیاتر لە ٢٠% دەنگەکانی نەهێناوە، بۆیە دروستکردنی حکومەت پێویستی بە بەشدارکردنی زیاد لە هێزێکە بۆئەوەی بتوانن زۆرینەی پەرلەمانی مسۆگەر بکەن. خاڵی هەرە گەشیی ئەم هەڵبژاردنە کۆتایهێنانە بە دەسەڵاتی راسترەوە پەرگیر و راسیسییەکان. ئێستا هۆلەندا لەبەردەم دوو ئەگەردایە، یان ئەگەری دروستکردنی حکومەتێکی ناوەندگری روو لە چەپ، یان حکومەتێکی ناوەندگری روو لە ڕاست. لە هەردوو دۆخەکەدا ئەوەی رووئەدات کۆتاییهێنانە بە دەسەڵاتی راسترەوە پەرگیرە راسیستەکان. ئەم هێزە ئەگەرچی ٢٦ کورسی پەرلەمانی هێناوە، بەڵام هیچ هێز و پارتێکی سیاسیی هۆلەندا، نایانەوێت لەگەڵ ئەو پارە راسیستەدا حوکمڕانبن. واتە هەموویان بایکۆتی سیاسیی ئەو هێزەیان کردوە. هۆڵەندا یەکێکە لە وڵاتە دیموکراسییە پێشکەوتوەکانی جیهان، تەمەنی دیموکراسیەت لەم وڵاتەدا نزیکەی دوو سەدەیە و چەندان هێزی جیاواز لە ململانێدان بۆ بردنەوەی باوەڕی خەڵک و سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکاندا. بەڵام وەک هەر کۆمەڵگایەکی دیکە رووبەڕووی چەندان کێشەی هەمەجۆر بووەتەوە. لە هەڵبژاردنی ئەم جارەدا ئەم کێشانە کێشە سەرەکییەکانی هەڵبژاردنەکە بوون. یەکەم، قەیرانی شوێن و کێشەی نیشتەجێبوون. هۆڵەندا پێویستی بە نزیکەی یەک ملیۆن خانوی تازە هەیە، بۆ جێکردنەوەی خەڵکەکەی، بە تایبەتی بۆ ئەوە نەوە گەنجانەی ناچارن لە ماڵی باوک و دایکیاندا بمێننەوە و نەتوانن شوێنێکی گونجاو بۆ ژیانێکی سەربەخۆ بدۆزنەوە. دووهەم، کێشەی داهاتی تاکەکەس و مەسەلەی بەرزکردنەوەی لانی هەرەکەمی کرێی کارکردن، لە هەلومەرجێکدا نرخی کاڵاکان لە بەرزبوونەوەیەکی بەردەوامدان. ئەمەش بۆتە هۆکاری دروستبوونی کەسانێکی هەژار کە توانای دابینکردنی تێچونەکانیان نییە. سێهەم: کێشەی کۆچبەران و سیاسەتی وەرگرتنی پەناهەندە لە وڵاتەکەدا. لە راستیدا ئەم کێشەیە یەکێک لە کێشە هەرە گەورەکانی ئەم هەڵبژاردنە و هەڵبژاردنەکانی پێشوتریش بوو، بە تایبەتی لە لایەن هێزە راسترەوە پەڕگیرەکانەوە. لەسەر ئەم مەسەلەیە ناکۆکییەکی بەرچاو لە نێوان پارتە سیاسییە جیاوازەکاندا هەیە و هەبووە. بۆ نموونە، ناکۆکی لەسەر ژمارەی کۆچبەران، لەسەر سیاسەتی گەڕاندەوەیان بۆ وڵاتەکانی خۆیان، لەسەر چۆنیەتی دابەشکردن و بڵاوکردنەوەیان لە وڵاتەکەدا، لەسەر سیاسەتی وەرنەگرتن و داخستنی سنوورەکان. چوارهەم: مەسەلەی دابینکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستیی و کەمی کارمەندان لەم بوارەدا. هەروەها رێگرتن لە بەرزبوونی نرخی دابینکردنی ئەم خزمەتگوزارییانە و دەستنەگەیشتنی بەشێکی کۆمەڵگاکە، پێیان. جیاکردنەوەی دابینکردنی ئەم خزمەتگوزاریانە لە لۆژیکی بازار و قازانج و زیانکردن. پێنجەم: مەسەلەی ژینگە و کەشوهەوا و کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی و پاراستنی سروشت. شەشەم: سیاسەتی باج و کەشوهەوای بازرگانیی و چۆنیەتی دەستەبەرکردنی سەقامگیری ئابووریی و سەقامگیریی بازاڕی خانووبەرە. هەر پارتێکی سیاسیی دیدگا و سیاسەتی تایبەتی خۆی بۆ وەڵامدانەوەی ئەو کێشانە هەیە. ئەوەی ئەم هەڵبژاردنە نیشانیداین، دووشتە. یەکەم پشتکردنە چارەسەری هێزە چەپەکان بۆ ئەو مەسەلانە. دووهەم پشتکردنە چارەسەری هێزە راسترەوە پەرگیر و راسیستییەکانیش. لە کۆتاییدا دەمەوێت شەش سەرنج لەسەر ئەم هەڵبژاردنە، بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردن لای خۆمان، بخەمەڕوو. یەکەم، دەنگدان لەم وڵاتەدا دەنگدان نییە بەم یان بەو پارتی سیاسیی، بەڵکو دەنگدانە بە بەرنامە و ئەو کێشانەی ئەو پارتە بە کێشەی سەرەکیی کۆمەڵگاکەیان دەزانێت و بە پلان و شێوازی چارەسەرکردنی ئەو کێشانە. شتێک لە هەڵبژاردنەکانی لای ئێمەدا وونە و بوونی نییە. دووهەم، دەستگۆڕکێی دەسەڵات و تاپۆنەکردنی حوکمرانیی لەسەر هیچ هێز و گروپێک. سێهەم، نەبوونی تەزویر و فشار و ترس و تۆقاندن و هەڕەشە لە دەنگدەران. نەبوونی دیزاینی پێشوەختە. چوارەم: ڕێژەی گەورەی بەشداربووان لە هەڵبژاردنەکەدا، کە لە ٨٠ لە سەد نزیکدەبێتەوە. پێنجەم، وازهێنانی سەرۆکی سۆشیال دیموکراتەکان و جێهێشتنی پێگەکەی بۆ کەسێکی دیکەی ناو پارەتەکە. دوای کۆتایی هەڵبژاردنەکان و ژماردنی سەرەتایی دەنگەکان ئەم سیاسییە هاتە قسە و ووتی من نەمتوانی پارتەکەمان بکەم بە گەورەترین پارتی هۆڵەندا و دەنگی دەنگداران رابکێشم، لەو کارەدا سەرنەکەوتم، بۆیە واز لە سەرکردایەتی دەهێنم و تەسلیمی نەوەی دوای خۆمی دەکەم. شەشەم، نزیکەی چل هەزار کەس کارتی دەنگدانەکانیان بە سپێتیی خستۆتە ناو سندوقەکانەوە، واتە دەنگیان بە هێز و لایەنێک نەداوە. واتە ئەمانە بەشداربوون لە دەنگدانەکەدا بەڵام دەنگیان بەکەس نەداوە. واتە بایکۆتیان نەکردوە.
ئەحمەد تەها ئەحمەد - ئەندازیاری پلانسازی شار فێستیڤاڵی هەنار بۆ خزمەت و دڵخۆشی خەڵکە نەک بۆ تێکدانی شێوازی ژیانیان! ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە چالاکییەکی گرنگە بۆ بواری کشتوکاڵی و کۆمەڵایەتی و ئابوری و گەشتیاری پێویستە گرنگی پێبدرێت و دەستخۆشی لە رێکخەرانی فێستیڤاڵەکە دەکەم هەربژین بەهیوای بەردەوامییان.. ?? بۆیە قەرەباڵغی لە فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە نیشانەی زۆری بەشداربووانە بەڵام دروستبوونی کێشە و ئاستەنگی هاتوچۆ شکستێکی گەورەی فێستیڤاڵەکەیە کە دەبووایە پێشتر پلاندانانێکی وردی بۆ بکرایە.. ? وەکو ئەندازیارێکی پلانسازی شار بە کورتی چەند سەرنجێک دەخەمە روو بۆ فێستیڤاڵی ساڵی داهاتوو دەکرێت سوودی لێوەربگیرێت: ? دروستکردنی Traffic Management Plan لەلایەن ئەندازیارێکی پلانسازی شارەوە کە پلاندانێکی ورد بۆ نەخشەکەی بکرێت و ئامادەکارییەکان لەسەر ئەو نەخشەیە بکرێت چۆن؟ بەم شێوەیە ?? یەکەم: ئامادەکردنی نەخشەی هاتن و دەرچوون (Entry & Exit Routes) بە دەستنیشانکردنی ڕێگاکانی چوون بۆ ناو فێستیڤاڵ و دەرچوون بە شێوەیەکی جیاواز بۆ ئەوەی قەرەباڵغی دروست نەبێت. بە پلانی A و B و C. ئەگەر لەو لۆدە تێپەری کرد پلانی تر بەردەست بێت. دووەم: دروستکردنی پارکینگ لە دەرەوەی ناوچەکە (Outer Parking Zones) بۆ ژمارەیەک زیاتر بێت لە تارگێتی فێستیڤاڵ سێیەم: دابینکردنی پاسی (Shuttle Bus) لەناو پارکینگەکەدا بۆ گەیاندنی سەردانیکەران بۆ ناو فێستیڤاڵ و گەڕاندنەوەیان. چوارەم: جیاکردنەوەی رێگەی پیادەرەو بۆ فێستیڤاڵەکە. پێنجەم: جیاکردنەوەی رێگەی کەسانی خاوەنپێداویستی تایبەت دابینکردنی ئامێری گواستنەوەی تایبەت بۆیان شەشەم: دابینکردنی پاسکیل بۆ ئەو کەسانەی بیانەوێت وەک وەرزشێک بۆ تەندروستیان بچنە نێو فێستیڤاڵەکەوە حەوتەم: دانانی رێگەی تایبەت بۆ فریاگوزاری ئیمێرجنسی ئامبولانس و پۆلیس و ئاگرکوژێنەرەوە هەشتەم: هەر 100 مەترێک تیمێکی هاتووچۆ و رێکخەر هەبن بۆ رێنمایی کردنی سەردانیکەران لەگەڵ پۆلیس و کارمەندی هاتوچۆ و تیمی تەندروستی نۆیەم: دروستکردنی ئەپێک بۆ رێکخەرانی فێستیڤاڵ کە (Real-Time info system) لە خۆبگرێت لەو ئەپەوە رێکخەران و تیمەکان ئاگاداری دوایین پێشهاتەکانی هاتووچۆ ببن و هاوڵاتییانیش لە شوێنی پارکینگ و شوێنی پاسەکان ئاگاداربن دەیەم: دابینکردنی شوێنی دەستشۆر و WC لە ناوچەکاندا یانزەیەم: زیادکردنی رۆژەکانی فێستیڤاڵی هەنار بۆ چەند رۆژێک تاوەکو هەموو کەس هەوڵ نەدات بەیەک رۆژ بەشداریبکەن دوانزەیەم: ئەگەر حساباتێکی لەم شێوەیەی بۆ بکرابایە ئەو خەڵکەشی ئەمرۆ لەماڵەوە سەیری فێستیڤاڵەکەی دەکرد ئەوانیش سەردانی ناوچەکەیان دەکرد!! لەکۆتاییدا تەنها ئەوەندە دەنوسم، لە فێستیڤاڵەکاندا ئەوەندەی پلان بۆ سەر ستەیجەکەی دادەنرێت پلان بۆ ترافیکی فێستیڤاڵەکان ئامادەناکرێت!!! داواکارم لەمەودوا رێکخەران هۆشیاری ئەوەیان هەبێت کە پێویستە پلاندانێکی ورد لەلایەن ئەندازیارێکی پلانسازی شارەوە بۆی بکرێت. چونکە دڵ و رۆحی فێستیڤاڵەکە پلاندانانی نەخشەکەیەتی نەک سەر ستەیجەکەی.
درەو: ماڵپهڕی شەفافیەت بۆ چاودێری و رێكخستنی داهاتە نانەوتییەكانی پارێزگای( سلێمانی و هەڵەبجە) و ئیدارەکانی (راپەڕین و گەرمیان) بڵاویكردەوە: داهاتی هەفتەی رابردووی سنوری سلێمانی 25/10 – 31/10/2025: ( 12 ملیار و 509 ملیۆن )دینار بووە، بەجۆرێك كە 95%ـی داهاتەكە بەشێوەی نەختینەیە و 5%ـی داهاتەكە بەشێوەی چەك بووە. داهاتی هەفتەی رابردووی سنوری سلێمانی 18/10 – 24/10/2025:: ( 14 ملیار و 311 ملیۆن )دینار بووە. - داهاتی مانگی تشرینی یەكەمی سنوری سلێمانی تا ئێستا بریتی بووە له ( 69 ملیار و 7 ملیۆن) دینار - داهاتی مانگی ئەیلول سنوری سلێمانی تا ئێستا بریتی بووە له ( 66 ملیار و 681 ملیۆن) دینار - داهاتی مانگی ئابی سنوری سلێمانی تا ئێستا بریتی بووە له ( 62 ملیار و 924 ملیۆن) دینار ، كه 85%ی بهشێوهی نهختینه بوه و 15%ی بهشێوهی چهك بوه. - داهاتی مانگی تەمووزی سنوری سلێمانی بریت بووە له ( 118 ملیار و 926 ملیۆن) دینار ، كه 28%ی بهشێوهی نهختینه بوه و 67%ی مەقاسە بووەو 5% بهشێوهی چهك بوه. - داهاتی مانگی حوزەیرانی سنوری سلێمانی ( 139 ملیار و 173 ملیۆن دینار) بووە، كه (76) ملیار دینار بەڕێژەی 54% كەمیكردووە.
درەو: كۆی دەنگی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە هەرێم و ناوچە جێناكۆكەكان لە هەڵبژاردنەكانی رابردوو (657 هەزار) دەنگە. دەنگی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 2024: - هەولێر: 111،102 - سلێمانی: 257،359 - دهۆك: 28،557 - هەڵەبجە: 12،530 كۆی گشتی دەنگی یەكێتی لە هەرێم: 409،548 كۆی گشتی دەنگی یەكێتی لە ناوچە جێناكۆكەكان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە 2023دا: كۆی دەنگی یەكێتی: (247,777 )دەنگ و (9) كورسی • كەركوك: 157,639دەنگ و (5) كورسی • نەینەوا: 50,606 دەنگ و (2) كورسی • دیالە: 28,648 دەنگ و (1) كورسی • سەڵاحەدین: 10,884 دەنگ و (1) كورسی كۆی دەنگی یەكێتی: - هەرێم: 409،548 - ناوچە جێناكۆكەكان: 247,777 كۆی گشتی دەنگی یەكێتی لە هەرێم و ناوچە جێناكۆكەكان: 657،325 دەنگ
درەو: كۆی دەنگی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەرێم و ناوچە جێناكۆكەكان لە هەڵبژاردنەكانی رابردوو (ملیۆنێك و 15 هەزار) دەنگە. دەنگی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 2024: - هەولێر: 374،786 - سلێمانی: 57،916 - دهۆك: 402،152 - هەڵەبجە: 4940 كۆی گشتی دەنگی پارتی لە هەرێم: 812،794 كۆی گشتی دەنگی پارتی لە ناوچە جێناكۆكەكان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە 2023دا: كۆی دەنگی پارتی : ( 202,535) دەنگ و (6) كورسی • كەركوك: 52,278 دەنگ و (2) كورسی • نەینەوا: 141,052 دەنگ و (4) كورسی • دیالە: 7,790 دەنگ و (0) كورسی • سەڵاحەدین: 1,415دەنگ و (0) كورسی كۆی گشتی دەنگی پارتی لە ناوچە جێناكۆكەكان: ( 202,535) كۆی دەنگی پارتی: - هەرێم: 812،794 - ناوچە جێناكۆكەكان: 202،535 كۆی گشتی دەنگی پارتی لە هەرێم و ناوچە جێناكۆكەكان: 1،015،329
درەو: ? كۆی دەنگی یەكێتی: (247,777 ) • كەركوك: 157,639دەنگ و (5) كورسی • نەینەوا: 50,606 دەنگ و (2) كورسی • دیالە: 28,648 دەنگ و (1) كورسی • سەڵاحەدین: 10,884 دەنگ و (1) كورسی ?كۆی دەنگی پارتی: ( 202,535) • كەركوك: 52,278 دەنگ و (2) كورسی • نەینەوا: 141,052 دەنگ و (4) كورسی • دیالە: 7,790 دەنگ و (0) كورسی • سەڵاحەدین: 1,415دەنگ و (0) كورسی
درەو: ئەمڕۆ ئەندرۆ بیزلی، كونسوڵی گشتیی نوێی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان و ستافی دیپلۆماسی كۆنسوڵخانە خاتوو( جولیا هۆوەرد ) بەرپرسی مەلەفی سیاسی بۆ ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان و ( د.هەنار معروف ) بەرپرسی سیاسی لە کونسوڵخانەی گشتی بەریتانیا سەردانی ئوفیسی دامەزراوەی میدیایی (درەو)یان كرد لە سلێمانی. مەبەستی سەردانەكە گفتوگۆكردن بوو لەسەر پرسی ئازادی رۆژنامەگەری و پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، (درەو) سەرەرای خستنەڕویی كتێب و بڵاوكراوەو شیكارییەكانی بە ئامار و داتا سەبارەت بە هەڵبژاردنەكان بۆ كونسوڵ و ستافی دیپلۆماسی كونسوڵخانەی بەریتانیا خستەڕوو، بەتایبەتیش خستنەڕووی چەند راپرسیەك سەبارەت بە هەڵبژاردنەكان و شیكردنەوەی دەنگ و رێژەی لیستەكان لە رابردوو و پێشبینی بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەكان.
درەو: ژمارەیەک تۆڕ و ڕێکخراو چاودێری مامەڵەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن لەگەڵ ڕێکخراوە حیزبیەکان ئەمڕۆ چوارشەممە، (51) تۆڕ، ڕێکخراو و کەسایەتی، بانگەوازێکیان بڵاوکردەوە، کە ئاڕاستەی نوێنەرانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کراوە، کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن. لە بانگەوازەکەدا هاتووە، هەنگاوێکی پلان بۆ داڕێژراوە هەیە بۆ دانانی ڕێکخراوە نا حکومییەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ژێر کۆنترۆڵدا و بۆ ئەو مەبەستە چەند ساڵێکە ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕێکخراوی ناحکومی دامەزراون کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆیان لەگەڵ حزبە سیاسییە دەسەڵاتدارەکان و کەسایەتییە سیاسییەکاندا هەیە. بەو هۆیەوە لەناو زیاتر لە شەش هەزار ڕێکخراوی نا حکومی لە هەرێمی کوردستان، گروپێک رێکخراو جیاکراونەتەوە و مۆڵک و بودجەی گشتی وەردەگرن، بەبێ میکانیزمێکی ڕوون و بوونی شەفافیەت و لێپرسینەوە. ئەم تەرزە لە ڕێکخراو، نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکی سیاسیی و حزبی دیاریکراو دەکەن، نەک پێداویستییە ڕاستەقینەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی. ڕێکخراوەکان، راشیانگەیاندووە: ئەوەی جێگەی نیگەرانیی ئێمەیە، ماوەیەکە زۆرینەی نوێنەرانی وڵاتان و لایەنە پارەبەخشە نێودەوڵەتییەکان، پشتیوانیی دارایی پێشکەش ئەو جۆرە ڕێکخراوانە دەکەن یان هاوکاریان دەکەن بۆ گەیشتن بە سەرچاوەی دارایی و فراوانکردنی پەیوەندییەکانیان. لە کۆتایشدا هاتوو: داواکارین لە بەڕێزتان پێداچوونەوە بە میکانیزمەکانی هەڵسەنگاندن (Due Diligence)دا بکەن و پرۆسەیەکی وردتر بۆ هەڵسەنگاندنی ڕێکخراوە هاوبەشەکانتان پەیڕەو بکەن، بۆ دڵنیابوون لە سەربەخۆیی سیاسی و داراییان. ئێمەش، داوای مامەڵەیەکی دادپەروەرانە و ڕاستەوخۆ دەکەین لەگەڵ ڕێکخراوە نا حکومییە، لەمەودواش چاودێریی هاوبەشەکانمان لە ڕیکخراوەکان و هاوبەشەکانیان دەکەین و ڕاپۆرت لەسەر ئەو پرسە بڵاودەکەینەوە. دەقی بانگەوازەکە: بانگەوازێک بۆ پاراستنی بێلایەنی و شەفافیەت لە هاوبەشیکردن لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ بەڕێزان: باڵیۆزخانە و کونسوڵگەرییەکان ئاژانسە نێودەوڵەتییەکانی بواری گەشەپێدان ڕێکخراوە ناحکومییە نێودەوڵەتییەکان لە سایەی ئەو گۆڕانکارییە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییە دژوارانەی کە لە کۆتاییەکانی سەدەی ڕابردووەوە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و عێراق و هەرێمی کوردستانی بە تایبەت گرتووەتەوە، چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسی و کارکردن بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی گەورە بوونەوە. لە جەنگە یەک لە داوی یەکەکانەوە، تا پاکتاوی نەتەوەیی و شەڕی ناوخۆ، زنجیرەیەکی سەد ساڵەیە. تا دەگاتە پرۆسەی ئازادیی عێراق، کە هەم دەرفەت بوو، هەم دەیان کێشەی تر کۆن و نوێ سەریهەڵدایەوە، لە پێشیانەوە توندڕەوی و تیرۆر. ئەم چەند دێڕە لە مێژووی ناوچەکە، پێویستی بەردەوامی ئەو هەوڵانە دووپات دەکاتەوە کە پرۆسەی مرۆڤ سازی و بە دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگە، قۆناغی زۆری لەبەردەم ماوە و پێویستی بە بەردەوامی هەموو هاوبەشەکانییەتی لە ناوخۆی و لە دەرەوە. تا گەشەی دیموکراسی و پێکەوەژیان بەردەوام بێت. لەم سۆنگەیەوە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی، ڕێکخراوە مرۆڤ دۆستەکان و هاوپەیمانان بە تایبەتی، ڕۆڵێکی بەرچاوییان گێڕاوە لە پشتیوانیکردنی پرۆسەی دیموکراسی و بنیاتنانی کۆمەڵگەی مەدەنی. ئەو کۆمەک و پاڵپشتییە دارایی و مەعنەوییانەی کە پێشکەش بە ڕێکخراوە نا حکومییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان کراون، کاریگەرییەکی ئەرێنی و بەرچاویان هەبووە لەسەر بەرەوپێشبردن لە هەموو ئاستەکان. بەڵام ئێمە نیگەرانی دیاردەیەکن لە هەرێمی کوردستان و دەمانەوێت بەم نامەیە ئێوەش ئاگاداربکەینەوە. بەداخەوە ڕاستییە، کە بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان ماوەیەکی درێژە کۆنترۆڵی هەموو جومگە هەستیارەکانیان کردووە، ئەوەی ئێستاش ڕوودەدات، هەنگاوێکی پلان بۆ داڕێژراوە بۆ دانانی ڕێکخراوە نا حکومییەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ژێر هەمان کۆنترۆڵدا. تێبینیمان کردووە کەماوەی چەند ساڵێکە ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕێکخراوی ناحکومی دامەزراون کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆیان لەگەڵ حزبە سیاسییە دەسەڵاتدارەکان و کەسایەتییە سیاسییەکاندا هەیە. بەو هۆیەوە لەناو زیاتر لە شەش هەزار ڕێکخراوی نا حکومی لە هەرێمی کوردستان، گروپێک رێکخراو جیاکراونەتەوە و مۆڵک و بودجەی گشتی وەردەگرن، بەبێ میکانیزمێکی ڕوون و بوونی شەفافیەت و لێپرسینەوە. ئەم تەرزە لە ڕێکخراو، نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکی سیاسیی و حزبی دیاریکراو دەکەن، نەک پێداویستییە ڕاستەقینەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی. ئەوەی جێگەی نیگەرانیی ئێمەیە، ماوەیەکە زۆرینەی نوێنەرانی وڵاتان و لایەنە پارەبەخشە نێودەوڵەتییەکان، پشتیوانیی دارایی پێشکەش ئەو جۆرە ڕێکخراوانە دەکەن یان هاوکاریان دەکەن بۆ گەیشتن بە سەرچاوەی دارایی و فراوانکردنی پەیوەندییەکانیان. ئەم کارە چەندین لێکەوتەی نەرێنی هەیە: ١.لاوازکردنی ڕێکخراوە سەربەخۆکان: کاتێک سەرچاوە و پشتیوانییە نێودەوڵەتییەکان بەرەو ئەو ڕێکخراوانە دەڕۆن کە پشتگیری حیزبیان هەیە، ڕێکخراوە دێرین و سەربەخۆکان پەراوێز دەخرێن و توانای کارکردنیان سنووردار دەبێت. ٢.بەهێزکردنی سیستەمێکی نادیموکراسی: هاوکارییە دەرەکییەکان، دەبێتە هۆی بەهێزکردنی تۆڕی بەرژەوەندییە سیاسییەکان و زیاترکردنی گەندەڵی، کە دواجار پایەکانی دیموکراسی لاواز دەکات. ئەمەش تەنها پرسی مامەڵەی نایەکسان نییە، بەڵکو خراپ بەکارهێنانی پشتیوانیی نێودەوڵەتییە بۆ پتەوکردنی گەندەڵیی ناوخۆیی. ٣.بێهیواکردنی گەنجان و پاڵنانیان بەرەو کۆچ: کاتێک گەنجان و چالاکوانان دەبینن کە دەرفەتەکان بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە دابەش دەکرێن و پشتیوانیی نێودەوڵەتیش دەچێتە خزمەتی هەمان سیستەمەوە، بڕوایان بە گۆڕانکاریی ناوخۆیی نامێنێت. ئەم بێهیواییە، تا دێت فراوانتر دەبێت، دەنگی نوێنەری پێشووی نەتەوەکگرتووەکان لە عێراق لەسەر ئەو دیاردانە و دەرەنجامەکانی بەرز بوو. ئێمە باوەڕمان وایە، کە ئێوە خوازیاری کۆمەڵگەی مەدەنی کاران، وەک چۆن لە وڵاتەکانی خۆتان هەموو کارێکتان کردووە بۆ ئەو خەونە، ئێمەش بە پشتیوانی ئێوە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ کۆمەڵگەیەکی مەدەنی ڕاستەقینە و کاریگەر. لەبەر ئەوە، داواکارین لە بەڕێزتان پێداچوونەوە بە میکانیزمەکانی هەڵسەنگاندن (Due Diligence)دا بکەن و پرۆسەیەکی وردتر بۆ هەڵسەنگاندنی ڕێکخراوە هاوبەشەکانتان پەیڕەو بکەن، بۆ دڵنیابوون لە سەربەخۆیی سیاسی و داراییان. ئێمەش، داوای مامەڵەیەکی دادپەروەرانە و ڕاستەوخۆ دەکەین لەگەڵ ڕێکخراوە نا حکومییە، ڕاستەقینە سەربەخۆکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بەبێ جیاوازی. لەمەودواش چاودێریی هاوبەشەکانمان لە ڕیکخراوەکان وهاوبەشەکانیان دەکەین و ڕاپۆرت لەسەر ئەو پرسە بڵاودەکەینەوە. چاوەڕوانی وەڵام و هەنگاوی کرداریتانین ناوی تۆڕ و ڕێکخراوەکان: 1- فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکان، لە (10) رێکخراو، (10) چالاکوان پێکهاتووە 2- تۆڕی ڕێکخراوەکانی هەڵەبجە، لە (24) ڕێکخراو پێکهاتووە 3- سەکۆی هاودەنگی ڕێکخراوەکانی هەڵەبجە، لە (8) ڕێکخراو پێکهاتووە 4- سەکۆی پەروەردەی سەردەم، لە (٤) ڕێکخراو پێکهاتووە 5- ڕێکخراوی پاسەوان بۆ توێژینەوەی سیاسەتە گشتییەکان 6- دامەزراوەی واڵا بۆ گەشەپێدانی بەردەوام 7- رادیۆی دەنگ 8- ڕێکخراوی بیمە بۆ مافە ئابوری و کۆمەڵایەتییەکان 9- دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان *ئەندامانی فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی: 1. سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ (DHRD) 2. ڕێکخراوی ئاران 3. ڕێکخراوی دابین 4. ڕێکخراوی ئازادبوون 5. ڕێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان (WOLA) 6. ڕێکخراوی هەڵوێست 7. ئەکادیمیای ژنان 8. ماڵی سەرکەوتن بۆ گەشەپێدانی تواناکان 9. ڕێکخراوی کوردستان بۆ هەموان 10. سەنتەری گەشەپێدانی چالاکی لاوان چالاکوانانی ئەندام لە فیدراسیۆن: 11. شۆڕش ئەمین 12. ئاوات محەمەد 13. بەختیار عەبدوڵڵا 14. سالار فەتاح 15. عالییە فەرەج 16. کنێر عەبدوڵلا 17. قەیسەر ڕەحمان 18. فەرەیدون حەسەن 19. ئەشواق نەجیب 20. ڕوناک رەفیق • ئەندامانی سەکۆی هاودەنگی ڕێکخراوەکانی هەڵەبجە: 1. ڕێکخراوی نوێ بۆ پاراستنی ژینگە و مافەکانی ژنان 2. ڕێکخراوی کەمئەندامانی هەڵەبجە 3. ڕێکخراوی ئارامی هەڵەبجە بۆ پاراستنی مرۆڤ و ژینگە 4. ڕێکخراوی دارێ 5. ڕێکخراوی تواناسازی ژنان 6. ڕێکخراوی مرۆڤ سەنتەر 7. ڕێکخراوی ژینگەی تەندرووست 8. ڕێکخراوی ژینگە دۆستی • تۆڕی ڕێکخراوەکانی هەڵەبجە: 1. سەنتەری گەشەپێدانی چالاکی لاوان 2. کۆمەڵەی کوردستانێکی سەوز 3. سەنتەری پەرەپێدانی لاوان 4. ڕێکخراوی شنرۆیی کاکەی بۆ پەرەپێدانی مرۆیی 5. ڕێکخراوی سینا بۆ توێژینەوە و پەرەپێدان 6. دەستەی چاوێریی پارێزگای هەڵەبجە 7. ڕێکخراوی توانست بۆ گەشەپێدانی تواناکان 8. ڕێکخراوی شارێ بۆ پەرەپێدانی تاک 9. ڕێکخراوی دڵ بۆ پەروەردە و خزمەت 10. ڕێکخراوی پەیوەندی خوێندکاران و لاوانی کوردستان 11. ڕێکخراوی هەنار بۆ کشتوکاڵ و ژینگە 12. ڕێکخراوی نیشتیمانی کورد بۆ پەروەردە و ژینگە 13. ئینستتیوتی ژیار بۆ پەروەردە و گەشەپێدانی مرۆیی 14. ڕێکخراوی گەشەپێدانی قوتابیانی کوردستان 15. ڕێکخراوی پەیوەندی ئیسلامی خوشکان 16. یەکگرتووی خوشکانی ئیسلامی کوردستان 17. کۆمەڵەی شاخەوانی هەڵەبجە 18. ڕێکخراوی گورچیلە پارێزی کورستان 19. دەستەی داکۆکی لە زانکۆ و پەیمانگاکان 20. ڕێکخراوی خوشکانی ئیسلامی کوردستان 21. ڕێکخراوی سروشتی کوردستان 22. ڕێکخراوی بژێوی کورد 23. ڕێکخراوی هاریکاری یاسای ژنان 24. ڕێکخراوی ژیوای • سەکۆی پەروەردەی سەردەم: 1. ڕێکخراوی پەروەردەی سەردەم 2. ڕێکخراوی گەشەپێدانی پەروەردە 3. ڕێکخراوی پەروەردەی نوێ 4. ڕێکخراوی پەروەردەی هاوچەرخ
سلێمان مستەفا حەسەن هەنگاو بە هەنگاو؛ خشتەی زەمەنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە دەستوور دا هاتووە چوار ساڵ جارێک هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران ئەنجام دەدرێت، وەک بڕیاری لێ دراوە ڕۆژی ١١/ ١١ /٢٠٢٥ ڕۆژی هەڵبژاردنی ئەندامانی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانە، بێ گومان ٤٨ کاتژمێر بەر لەو وادەیە دەنگدانی تایبەت ئەنجام دەدرێت، پاڵپشت بە بڕگەی یەکەمی ماددەی ٢٢) یاسای ژمارە (٤) ی ساڵی ٢٠٢٣ یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگان، ژمارە (١٢) ی ساڵی ٢٠١٨. بەپێی خاڵی (ب) بڕگەی یەکەمی ماددەی (٣) لە سیستەمی دەنگدان و هەژمار کردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان ژمارە (٩) ی ساڵی ٢٠٢٥ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن، دەنگدان لە کاتژمێر (٧ بەیانی بۆ ٦ئێوارە) دەبێت، دوای ئەو وادەیە ئامێرەکانی دەنگدان لە کار دەکەون و هیچ دەنگدەرێکی تر بۆی نییە دەنگ بدات. بەپێی یاسا هەڵبژاردن، یاسای کۆمیسیۆن و سیستەمی تانە و سکاڵای ژمارە (١٠) ی ساڵی ٢٠٢٥کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن، حیزب و کاندیدان و دەنگدەران بۆیان هەیە لە ڕۆژی دەنگدان سکاڵای پێشکەش بە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن بکەن، وەک لە بڕگەی سێیەمی ماددەی (٤) ی سیستەمی تانە و سکاڵادا هاتووە، سکاڵای ڕۆژی دەنگدان لە کاتژمێر (٧) بەیانی لەگەڵ دەست پێکی دەنگدان دەست پێ دەکات بۆ ماوەی ٤٨ کاتژمێر، دوای ئەو وادەیە هیچ سکاڵایەک وەرناگیرێت. بۆ دڵنیا بوون لە پاکی هەڵبژاردن، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن پابەند کراوە، لە ماوەی (٢٤) کاتژمێر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ڕابگەێنت، وەک لە خاڵی (آ) بڕگەی (١) ی ماددەی (١٠) یاسای ژمارە (٤) ی ساڵی٢٠٢٣ یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاکان ژمارە (١٢) ی ساڵی ٢٠١٨ دا هاتووە. بەپێی ماددەی (٢٠) لە یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن ژمارە (٣١) ساڵی ٢٠١٩دوای یەکلایی کردنەوەی سکاڵاکان لە لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمسیاران، لایەنە زەرە مەندەکان بۆیان هەیە لە ماوەی (٣) ڕۆژ لە ڕۆژی دوای بڵاو کردنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەن تایبەت بە سکاڵاکان، تانە لە بڕیاری ئەنجوومەن بدەن لەبەردەم دەستەی دادوەری هەڵبژاردن، پێویستە کۆمیسیۆن لە ماوەی (٧) ڕۆژ وەڵامی پرسیار و داواکارییەکانی دەستەی دادوەری هەڵبژاردن بداتەوە، دەبێت دەستەی دادوەری هەڵبژاردنیش لە ماوەی (١٠) ڕۆژ لە ڕۆژی وەرگرتنی وەڵامی کۆمیسیۆن وەڵامی تانەکە بداتەوە بڕیاری کۆتاییان لە بارەوە بدات، بەپێی بڕگەی سێیەم لە ماددەی (١٩) لە یاسای کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن بڕیارەکەی دەستە دادوەری هەڵبژاردن بنبڕن، دوای یەکلایی کردنەوەی تانەکان لە لایەن دەستەی دادوەری هەڵبژاردن ئەنجامی کۆتایی ڕادەگەێنرێت و بە نووسراوێکی فەرمی تەواوی ئەنجامەکان و داتاکان و بەرکەوتەی لیستەکان و کاندیدە براوەکان بۆ دادگای فیدراڵی دەنێردرێن بە مەبەستی پەسەند کردنی ئەنجامەکان و ئەندامیەتی ئەندامانی ئەنجوومەن وەک لە ماددەی (٩٣) دەستوور و بڕگەی دووەم و سێیەمی ماددەی (١٠) ی پەیڕەوی ناوخۆی دادگای فیدراڵی ژمارە (١) ی ساڵی ٢٠٢٥ داهاتووە، دادگای فیدراڵی لە ماوەی (٣) ڕۆژ لە گەیشتنی دۆسیەکە بڕیار لە وردبینی دەدات یان ماوەیەکی تر کە بە پەسەندی بزانێت، دادگای فیدراڵی دوای پەسەند کردنی ئەنجامەکان و پەسەند کردنی دروستی ئەندامیەتی ئەندامانی ئەنجوومەن بە نووسراوی فەرمی هەر سێ سەرۆکایەتی ئاگادار دەکاتەوە. هەنگاوی دوای پەسەند کردنی ئەنجامەکان و دروستی ئەندامیەتی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ خولی شەشەم لە لایەن دادگای فیدراڵی؛ وەک لە ماددەی (٥٤) دەستووردا هاتووە، پێویستە سەرۆکی کۆمار لە ماوەی (١٥) ڕۆژ لە ڕۆژی پەسەند کردنی ئەنجامەکان، بانگهێشتی کۆ بوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران بکات. ئەنجوومەنی نوێنەران یەکەم کۆ بوونەوەی لە لایەن بەتەمەنترین ئەندامەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و دوای ئەوە ئەندامان سوێندی یاسایی دەخۆن، پێویستە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و جێگرەکانی هەڵببژێررێن وەک لە ماددەی (٥٥) دەستووردا هاتووە، هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران پێویستی بە (زۆرینەی ڕەهای ژمارەی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەن) هەیە، هەروەها بە پێی ماددەی (٥٦) ی دەستوور ڕۆژی سوێند خواردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران بە ڕۆژی دەست پێکی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەران دادەنرێت. دوای هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و جێگرەکانی لە یەکەم کۆ بوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە، پێویستە لە ماوەی (٣٠) ڕۆژ لە ڕۆژی ئەنجامدانی یەکەم کۆ بوونەوە ئەنجوومەن سەرۆکی کۆمار هەڵببژێرێت وەک لە خاڵی (ب) ی بڕگەی دووەمی ماددەی (٧٢) ی دەستووردا هاتووە، پێویستە بەربژێری سەرۆکی کۆمار (دوو لەسەر سێی) دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران بەدەست بهێنێت، ئەگەر ئەو ڕێژەی لە دەنگەکان بەدەست نەهێنا ئەوا هەڵبژاردن دووبارە دەکرێتەوە لەنێوان ئەو دوو کاندیدەی کە زۆرترین دەنگیان بەدەست هێناوە، وەک لە ماددەی (٧٠) دەستووردا هاتووە. دوای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار پێویستە لە ماوەی (١٥) ڕۆژ لە ڕۆژی هەڵبژاردنی گەورەترین لیست ڕابسپێرێت بۆ پێکهێنانی کابینە وەک لە بڕگەی یەکەمی ماددەی (٧٦) دەستووردا هاتووە. دەبێت سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی ڕاسپێر دراو لە ماوەی (٣٠) ڕۆژدا کابینەی وەزاری پێشکەش بکات وەک لە بڕگەی دووەمی ماددەی (٧٦) ی دەستووردا هاتووە. لە کاتی شکستهێنانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی ڕاسپێر دراو بە پێشکەش کردنی کابینەی وەزاری، ئەوا بەپێی بڕگەی سێیەمی ماددەی (٧٦) دەستوور سەرۆک کۆمار پاڵێوراوی نوێ ڕابسپێرێت بۆ پێکهێنانی کابینە. کۆ بەند؛ بەپێی ئەو خشتە زەمەنی یە، لە ڕۆژی (١١/ ١١/ ٢٠٢٥) بۆ پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و دروستی ئەندامیەتی ئەندامانی ئەنجوومەن لە لایەن دادگای باڵای فیدراڵ یەوە، پێویستی بە (٤٠ بۆ ٦٠) ڕۆژ هەیە. بەپێی خشتەی زەمەنی دەستوور، لە ڕۆژی یەکەم کۆ بوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران و سوێند خورادنی ئەندامان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و ڕاسپاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، پێویستی بە لانی کەمی (٩٠) ڕۆژ هەیە. بەپێی دەستوور و یاسا و پەیڕەوەکانی کۆمیسیۆن و دادگای فیدراڵی و خشتە زەمەنی کات بەندیەکان بێت، لە ڕۆژی دەنگدانەوە بۆ پەسەند کردنی ئەنجامەکان و ناردنیان بۆ دادگای فیدراڵی و پەسەند کردنی ئەندامیەتی ئەندامانی ئەنجوومەن، لانی کەمی ماوەی (٤٠ بۆ ٦٠) ڕۆژی دەوێت، هەروەها لەگەڵ دەست پێکی یەکەم کۆ بوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ پێکهێنانی کابینە و متمانە پێدانی لانی کەمی (٩٠) ڕۆژی پێویستە، بەم شێوەیە ڕۆژژمێری پێکهێنانی کابینەی حکومەتی نوێ دەکەوێتە کۆتای مانگی نیسان و ناوەڕاستی مانگی ئایاری ساڵی ٢٠٢٦، واتە پێویستی بە (١٣٠ ڕۆژ بۆ ١٥٠ ڕۆژ) هەیە، بۆ بەرچاو ڕوونی زیاتر بڕوانە خشتەی ڕۆژمێری هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکومەت، لە کاتێکادا ئەگەر هەڵبژاردنەکە پاک و بێگەرد بێت و دڵخوازی لایەنەکان بێت و سکاڵا و تانەکان لە سنووری پەسەند کرا و دابن و پێشهات و ناکۆکییەکان زۆر قووڵ نەبن و بارودۆخەکە بە ئاراستەیەکی نا ئاسایی دا نەبەن، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و دەستەی دادوەری هەڵبژاردن و دادگای باڵای فیدراڵی کاتی کەمتریان دەوێت بۆ کۆتایی هێنان بە هەنگاوی یەکەم ، بەهەمان شێوە دەکرێت هەنگاوی دووەمیش کاتی کەمتری بوێت ئەگەر حیزبە براوەکان هاودەنگ بن زوو بسازێن، دەکرێت شەمەندەفەرەکە لە وادەیەکی زووتر بە ئاسایی بەرێ بکەویت و بگاتە دوا قۆناخی، چونکە شاراوە نییە ئەزموونی خولەکانی ڕابردوو شایەتی ناکۆکی و بن پێ کردنی دەستوورن، بۆیە لەنێوان پەنابردن بۆ دادگای فیدراڵی و دۆزینەوەی کە لە بەر و درز بۆ مانۆڕی سیاسی و سوود وەرگرتن لە کات و هەژموونی وڵاتانی جیهان و ئەقلیمی لە لایەکی تریش بێ گەردی هەڵبژاردن هەموو ئەوانە پێکەوە کاریگەریان هەیە لەسەر وادەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵی.
درەو: كونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەرێمی كوردستان سەردانی دامەزراوەیی میدیایی درەوی كرد، بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پرسی هەڵبژاردن و ئازادی رۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان. ئەلبرێشت فۆن ڤیتکە، كونسولی گشتی ئەڵمانیا لە هەرێمی كوردستان و رێبیكا ماتێس، كونسوڵی كاروباری سیاسی و ئابوری و راگەیاندن و ئیحسان وەڵزی راوێژكاری كاروباری سیاسی و پەیەوەندییە گشتییەكان سەردانی (دامەزراوەی میدیایی درەو)یان كرد لە سلێمانی. لە دامەزراوەی میدیایی درەو، بە داتا و گرافیك پرسی هەڵبژادنەكان خرایە روو، تیایدا بە پشت بەست بەو كتێب و بڵاوكراوانەی دامەزراوەی میدیایی درەو بەرهەمی هێناوە، لەگەڵ خستنەڕوی ئەنجامی چەند راپرسیەك و ئاست و پێگەی حزەكان لە هەڵبژاردنەكان و گرفتەكانی بەردەم پرۆسەكە گفتوگۆی لەسەركراو شیكرایەوە .
راپۆرتی درەو: دەنگی حزبەكان لە دەنگدانی تایبەتدا (2013-2018-204) و جیاوازی دەنگی حزبەكان لە دەنگدانی تایبەتدا لە هەڵبژاردنەكانی رابردوودا.. لەگەڵ دەنگدانی تایبەت لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق كە بڕیارە لە 11/11/2025 بەڕێوە بچێت. كۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە لە هەڵبژاردنی 11/11/2025 - كۆی گشتی: 3،883،501 - ئەوانەی بایۆمەتریان نوێكردووەتەوە: 3،068،350 بەڕێژەی 79% - ئەوانەی بایۆمەتریان نوێ نەكردووەتەوە: 815،151 بەڕێژەی 21% - كۆی گشتی دەنگدەر: 3،068،350 - دەنگدەری گشتی: 2،844،052 بەڕێژەی 93% - دەنگدەری تایبەت: 224،333 بەڕێژەی 7% - بازنەی هەولێر - دەنگدانی گشتی و تایبەت لە بازنەی هەولێر - گشتی: 1،002،087 بەڕێژەی 92% - تایبەت: 85،793 بەڕێژەی 8% كۆی گشتی: 1،087،880 بازنەی سلێمانی - گشتی: 1،119،111 بەڕێژەی 93% - تایبەت: 82،547 بەڕێژەی 7% كۆی گشتی: 1،201،846 بازنەی دهۆك - گشتی: 722،853 بەڕێژەی 93% - تایبەت: 55،993 بەڕێژەی 7% كۆی گشتی: 778،846 ئەنجامی دەنگدانی تایبەت لە هەڵبژاردنی 20/10/2024 لە كۆی (165 هەزار) دەنگی جیاكراوە، دەنگی درووست (138،724) دەنگە، دەنگی پوچەڵ (26،644) كۆی هەردووكیان دەكاتە ( 19%)، پارتی (39%) و یەكێتی (24%) و نەوەی نوێ (6%)ی دەنگەكانیان بەدەستهێناوە. لە دەنگدانی تایبەتدا (215 هەزارو 960) كەس مافی دەنگدانی هەبوو، رێژەی دەنگدان (97%) بوو واتا (208 هەزارو 521) كەس دەنگی داوە، بەم شێوەیە: - بازنەی هەولێر (89 هەزارو 791) كەس مافی دەنگدانی هەبووە لە دەنگدانی تایبەتدا (97%) دەنگی داوە وتا (87 هەزارو 513) كەس. - بازنەی سلێمانی (78 هەزارو 661) كەس مافی دەنگدانی هەبووە لە دەنگدانی تایبەتدا (97%) دەنگی داوە وتا (76 هەزارو 501) كەس. - بازنەی دهۆك (40 هەزارو 956) كەس مافی دەنگدانی هەبووە لە دەنگدانی تایبەتدا (98%) دەنگی داوە وتا (40 هەزارو 206) كەس. - بازنەی هەڵەبجە (952) كەس مافی دەنگدانی هەبووە لە دەنگدانی تایبەتدا (96%) دەنگی داوە وتا (917) كەس. - دەنگی لیستەكان لە چوار بازنەكەی هەرێمی كوردستان بەم شێوەیە بووە: لە دەنگدانی تایبەتدا (215 هەزارو 960) كەس مافی دەنگدانی هەبوو، ئەوە تا ئێستا لەبەر دەستدایە (165 هەزارو 368) دەنگە، دەنگی درووست (138،724) دەنگە، دەنگی پوچەڵ (26،644) كۆی هەردووكیان دەكاتە ( 19%). دەنگی لیستەكان لە بازنەكانی هەرێمی كوردستان بەم شێوەیەیە: - پارتی دیموكراتی كوردستان: (64،585) دەنگ بەرێژەی (39%) - یەكێتی نیشتمانی كوردستان (39،823) دەنگ بەرێژەی (24%) - نەوەی نوێ: ( 9034) دەنگ بەرێژەی (6%) - یەكگرتوو: (2384) دەنگ بەرێژەی (1%) - هەڵوێست: (2037) دەنگ بەرێژەی (1%) - كۆمەڵ: (1979) دەنگ بەرێژەی (1%) - بەرەی گەل: (1869) دەنگ بەرێژەی (1%) - گۆڕان: (450) دەنگ بەرێژەی (0.3%) بازنەی هەولێر: لە بازنەی هەولێر (89 هەزارو 791) كەس مافی دەنگدانی هەبووە لە دەنگدانی تایبەتدا (97%) دەنگی داوە واتا (87 هەزارو 513) كەس. لە كۆی دەنگی جیاكراوەی ( 62 هەزارو 285) دەنگ دەنگی دروست: ( 54,094 ) دەنگ دەنگی پوچەڵ: (8،191 ) دەنگ بەڕێژەی (13%) - پارتی دیموكراتی كوردستان: 37،595 دەنگ - یەکێتی نیشتمانی كوردستان : 4،486 دەنگ - نەوەی نوێ: 3،113 دەنگ - کۆمەڵی دادگەری: 622 دەنگ - هەڵوێستی نیشتمانی: 507 دەنگ - یەکگرتووئیسلامی كوردستان: 476 دەنگ - بەرەی گەل: 406 دەنگ - هاوپەیمانی کوردستان: 136 دەنگ پارێزگای سلێمانی لە بازنەی سلێمانی (78 هەزارو 661) كەس مافی دەنگدانی هەبووە لە دەنگدانی تایبەتدا (97%) دەنگی داوە واتا (76 هەزارو 501) كەس. لە كۆی دەنگی جیاكراوەی ( 71 هەزارو 745) دەنگ دەنگی دروست: ( 55،645) دەنگ دەنگی پوچەڵ: (16،100 ) دەنگ بەڕێژەی (23%) - یەکێتی نیشتمانی كوردستان: 33،681 دەنگ - نەوەی نوێ: 4،825 دەنگ - پارتی دیموكراتی كوردستان: 3،897 دەنگ - بەرەی گەل: 1،415 دەنگ - هەڵوێستی نیشتمانی: 1،314 دەنگ - کۆمەڵی دادگەری: 1،250 دەنگ - یەکگرتوی ئیسلامی: 932 دەنگ - هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان: 532 - بزووتنەوەی گۆڕان: 438 دەنگ - لیستی سەردەم: 241 دەنگ پارێزگای دهۆک لە بازنەی دهۆك (40 هەزارو 956) كەس مافی دەنگدانی هەبووە لە دەنگدانی تایبەتدا (98%) دەنگی داوە وتا (40 هەزارو 206) كەس. - لە كۆی دەنگی جیاكراوەی ( 31 هەزارو 338) دەنگ - دەنگی دروست: ( 28،985) دەنگ - دەنگی پوچەڵ: (2،353) دەنگ - پارتی دیموكراتی كوردستان: 23،093 دەنگ - نەوەی نوێ: 1،096 دەنگ - یەکێتی نیشتمانی كوردستان: 1،656 دەنگ - یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان: 940 دەنگ - هەڵوێست: 216 دەنگ - کۆمەڵی دادگەری کوردستان: 107 دەنگ - بزوتنەوەی گۆڕان: 12 دەنگ - هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان: 45 دەنگ بازنەی هەڵەبجە لە بازنەی هەڵەبجە (952) كەس مافی دەنگدانی هەبووە لە دەنگدانی تایبەتدا (96%) دەنگی داوە وتا (917) كەس. ئەوەی تا ئێستا زانراوە: - یەكێتی نیشتمانی كوردستان: 509 - یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان: 35 دەنگ - نەوەی نوێ : 28 دەنگ - كۆمەڵی دادگەری: 20 دەنگ - پارتی دیموكراتی كوردستان: 12 دەنگ - رەوتی هەڵوێست: 10 دەنگ - بەرەی گەل: 6 دەنگ جیاوازی دەنگی حزبەكان لە دەنگدانی تایبەتدا لە سێ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا (2013 - 2018 - 2024) لە هەڵبژاردنی 21/9/2013 دا لە كۆی(154 هەزارو 50 ) كەس ( 144 هەزار و 434 ) كەس دەنگیان دا بە رێژەی (93.8% ) بەپێی ئەنجامی كۆتایی دەنگدانی تایبەت لەسەر ئاستی سێ پارێزگاكەی هەرێم بەم شێوەیە بووە: لە هەڵبژاردنی 2013 پارتی دیموكراتی كوردستان ( 59794) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی 41.4%ی دەنگەكان، بەڵام لە هەڵبژاردن 2018 دا پارتی دیموكراتی كوردستان ( 62.656 ) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی 40%ی دەنگەكان، واتا رێژەی دەنگەكانی ( 1.4%) زیادیكردووە، لە هەڵبژاردنی 2013 یەكێتی نیشتمانی كوردستان( 36349) دەنگی هێناوە بەرێژەی 25.2% ، بەڵام لە 2018 دا یەكێتی نیشتمانی كوردستان( 44.870) دەنگی هێناوە بەرێژەی 28.7%، واتا رێژەی دەنگەكانی ( 3.4%) زیادیكردووە. لە هەڵبژاردنی 2013 بزوتنەوەی گۆڕان( 24130) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی (( 16.7%)، بەڵام لە هەڵبژاردنی 2018 دا بزووتنەوەی گۆڕان ( 9.303 ) دەنگی هێناوە بەرێژەی ( 6%)،واتا ئاستی دەنگەكانی بەرێژەی ( 10.7%) كەمیكردووە، وەكو ژمارەش بە نزیكەی ( 14 هەزار ) دەنگ كەمیكردووە بەرێژەی 60%. - لە هەڵبژاردنی 2013 كۆمەڵی ئیسلامی ( 3990) دەنگی هێناوە بەرێژەی (2.8%) بەڵام لە هەڵبژاردنی 2018دا كۆمەڵی ئیسلامی ( 4.095) دەنگی هێناوە بەرێژەی (2.6%) واتا دەنگەكانی نزیكە لە یەكەوە، لە هەڵبژاردنی 2013 یەكگرتوو (4923) دەنگی هێناوە بەرێژەی ( 3.4%) بەڵام لە هەڵبژاردنی 2018دا بەرەو ئیسڵاح(1.907) دەنگی هێناوە بەرێژەی ( 1.2%)، واتا بەرێژەی ( 2.2%) كەیمكردووە، وەك ژمارەی دەنگ ( 3 هەزار دەنگ ) كەمیكردووە، واتا بە رێژەی 300% دەنگەكانی كەمیكردووە. دەنگی لیستەكان لە چوار بازنەكەی هەرێمی كوردستان 2024 بەم شێوەیە بووە: لە دەنگدانی تایبەتدا (215 هەزارو 960) كەس مافی دەنگدانی هەبوو. دەنگی لیستەكان لە بازنەكانی هەرێمی كوردستان بەم شێوەیەیە: - پارتی دیموكراتی كوردستان: (82،979) دەنگ - یەكێتی نیشتمانی كوردستان (51،345) دەنگ - نەوەی نوێ: ( 11،207) دەنگ - یەكگرتوو: (2885) دەنگ - هەڵوێست: (2492) دەنگ - كۆمەڵ: (2391) دەنگ - بەرەی گەل: (2110) دەنگ - گۆڕان: (705) دەنگ راپۆرتی پەیوەندیدار ئەنجامی دەنگدانی تایبەت لە هەڵبژاردنی 2013 و 2014 بەراوردی دەنگی تایبەت لە نێوان هەڵبژاردنی 2013 بۆ 2018 دەنگی پوچەڵ زیاتر لە (26) هەزار دەنگ بووە بەڕێژەی (19%)
راپۆرتی شیكاری: درەو بەشی پێنجەم ? نەوەی نوێ بەشداری (2) هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و (2) هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی کردووەو تاکە هێزە لە هەرێمی کوردستان ژمارەی دەنگەکانی هەڵکشابێت بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشتر، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر ئاستی هەرسێ پارێزگاکەی هەرێم (152 هەزار و 965) دەنگی بەدەستهێناوە، ? لە هەڵبژاردنی 10/10/2021 لەسەر ئاستی هەرسێ پارێزگاکەی هەرێم (204 هەزار و 855) دەنگی بەدەستهێناوە، واتە ژمارەی دەنگەکانی لەم هەڵبژاردنە (52 هەزار و 210) دەنگ بە ڕێژەی (34%) زیادی کردووە. ? لە هەڵبژاردنی 20/10/2024 ى پەلەمانی کوردستان لەسەر ئاستی چوار پارێزگاکەی هەرێم (292 هەزار و 32) دەنگی بەدەستهێناوە، واتە ژمارەی دەنگەکانی لەم هەڵبژاردنە بەراورد بە یەکەم ئەزمونی بەشداریکردنی لە هەڵبژاردن (139 هەزار و 67) دەنگ بە ڕێژەی (91%) زیادی کردووە. پوختە جوڵانەوەی نەوەی نوێ پارتێکی سیاسییە کە لە ساڵی (2017)دا لەلایەن "شاسوار عەبدولواحید"ەوە دامەزراوە، لە (29ی کانوونی دووەمی 2018)، جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ھاوپەیمانێتی لەگەڵ تەڤگەری ئازادی و بەرەی دیموکراسی بۆ ھەڵبژاردنەکانی عێراق و کوردستان ڕاگەیاند. لە ھەڵبژاردنی (2018)ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، نەوەی نوێ توانی (4) کورسی بەدەست بھێنێت. ھەروەھا لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان توانی (8) کورسی بەدەست بھێنێت. لە ھەڵبژاردنی پێشوەختەی (2021)ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ھەر (15) بازنەکەی ھەرێم و کەرکووک (15) کاندیدی دیاری کرد لەو ژمارەیە (9) کانیدیان توانیان دەنگی پێویست بەدەست بھێنن و کورسی پەرلەمان مسۆگەر بکەن. لە هەڵبژاردنی 20/10/2024ی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لەسەر ئاستی چوار پارێزگاکەی هەرێم (292 هەزار و 32) دەنگی بەدەستهێناو (15) کورسی مسۆگەر کرد. واتە نەوەی نوێ بەشداری (2) هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و (2) هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی کردووەو تاکە هێزە لە هەرێمی کوردستان ژمارەی دەنگەکانی هەڵکشابێت بەراورد بە یەکەم ئەزمونی بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر ئاستی هەرسێ پارێزگاکەی هەرێم (152 هەزار و 645) دەنگی بەدەستهێناوە، بەڵام لە هەڵبژاردنی 20/10/2024 ى پەلەمانی کوردستان لەسەر ئاستی چوار پارێزگاکەی هەرێم (292 هەزار و 32) دەنگی بەدەستهێناوە، واتە ژمارەی دەنگەکانی لەم هەڵبژاردنە بەراورد بە یەکەم ئەزمونی بەشداریکردنی لە هەڵبژاردن (139 هەزار و 67) دەنگ بە ڕێژەی (91%) زیادی کردووە. خشتەی ژمارە (1) تەوەری یەکەم؛ دەنگ و پێگەی نەوەی نوێ لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یەکەم؛ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 12/5/2018 لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، كە لە 12/5/2018 بەڕێوەچوو، لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان (1 ملیۆن و 799 هەزار و 686) كەس دەنگیانداوە. نەوەی نوێ لەم هەڵبژاردنە لەسەر ئاستی هەرسێ پارێزگاکە بەڕێژەی (4%) و (152 هەزار و 645) دەنگی بەدەستهێناوە بەجۆرێك؛ - لە پارێزگای هەولێر (642 هەزار و 232) هاوڵاتی دەنگیداوە. نەوەی نوێ لەم پارێزگایە بەڕێژەی (11%) و (70 هەزار و 833) دەنگی بەدەستهێناوە. - لە پارێزگای سلێمانی (664 هەزار و 146) هاوڵاتی دەنگیداوە. نەوەی نوێ لەم پارێزگایە بەڕێژەی (10%) و (63 هەزار و 760) دەنگی بەدەستهێناوە. - لە پارێزگای دهۆكیش كە (489 هەزار و 308) هاوڵاتی دەنگیداوە. نەوەی نوێ لەم پارێزگایە بەڕێژەی (4%) و (18 هەزار و 52) دەنگی بەدەستهێناوە. دووەم؛ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 10/10/2021 لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، كە لە 10/10/2021 بەڕێوەچوو، لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان (3 ملیۆن و 450 هەزار و 773) كەس مافی دەنگدانیان هەبووە و (1 ملیۆن و 233 هەزار و 451) دەنگیانداوە، بەرێژەی (35.7%). نەوەی نوێ لەم هەڵبژاردنە لەسەر ئاستی هەرسێ پارێزگاکە بەڕێژەی (17%) و (204 هەزار و 855) دەنگی بەدەستهێناوە بەجۆرێك؛ - لە پارێزگای هەولێر (ملیۆنێک و 238 هەزار و379) مافی دەنگدانیان هەبووە و (444 هەزارو 253) دەنگیداوە، بە رێژەی (35.9%). نەوەی نوێ لەم پارێزگایە بەڕێژەی (18%) و (79 هەزار و 245) دەنگی بەدەستهێناوە. - لە پارێزگای سلێمانی (ملیۆنێک و 425 هەزارو 705) كەس مافی دەنگیدانیان هەبووە و (392 هەزار و667) دەنگیانداوە، بەڕێژەی (%27.5). نەوەی نوێ لەم پارێزگایە بەڕێژەی (27%) و (106 هەزارو 318) دەنگی بەدەستهێناوە. - لە پارێزگای دهۆكیش كە (822 هەزار و 703) مافی دەنگدانیان هەبووە، (395 هەزار و977) كەس دەنگیانداوە بەڕێژەی (48.1%). نەوەی نوێ لەم پارێزگایە بەڕێژەی (5%) و (19 هەزار و 292) دەنگی بەدەستهێناوە. تەوەری دووەم؛ دەنگ و پێگەی نەوەی نوێ لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان یەکەم؛ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان 1. هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە 30/9/2018 بەڕێوەچوو. 2. (3 ملیۆن و 85 هەزارو 461) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3. (ملیۆنێک و 845 هەزارو 979 ) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (60%). 4. هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان بەیەك بازنە بەرێوە چوو. 5. نەوەی نودێ بە لیستی سەربەخۆ بەشداری ئەم هەڵبژاردنەی کرد و لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (127 هەزارو 115) دەنگیان بەڕێژەی (4%) بەدەستهێنا و (8) کورسی پەرلەمانیان مسۆگەر کرد. دووەم؛ نەوەی نوێو هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژاردنی (خولی شەشەم)ی پەرلەمانی کوردستان لە 20/10/2024 بەڕێوەچوو. بۆ یەکەم جار بوو لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەرێمی کوردستان دابەشی (4) بازنەی هەڵبژاردن بکرێت. لەم هەڵبژاردنەدا (2 ملیۆن و 899 هەزارو 578) كەس مافی دەنگدانی هەبوو، بە ڕێژەی (65%) و (ملیۆنێک و 882 هەزار و 448) کەس لەسەر ئاستی چوار پارێزگاکەی هەرێم بە دروستی دەنگیان دابوو. نەوەی نوێ لەسەر ئاستی هەر چوار بازنەکە (292 هەزارو 32) دەنگی بەدەستهێنا بە ڕێژەی (10%)ى کۆی دەنگە دروستەکان و (15.51%)ى کۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە (15) کورسی پەرلەمانی کوردستانی بەدەستهێنا، بەجۆرێک؛ - دەنگی نەوەی نوێ لە پارێزگای هەولێر (104 هەزارو 222) دەنگ بوو بەرێژەی (15.6%)ی دەنگە دروستەکانی پارێزگاکە کە ژمارەیان (669 هەزار و 273) دەنگ بوو لە کۆی (ملیۆنێک و 22 هەزار و 906) کەس کە مافی بەشدارییان هەبوو. بەم پێیەش نەوەی نوێ (5) کورسی پارێزگاکەی بردەوە لە کۆی ئەو (32) کورسییە گشتییەی تەرخانکرابوو بۆ پارێزگای هەولێر. - دەنگی نەوەی نوێ لە پارێزگای سلێمانی (136 هەزارو 447) دەنگ بوو بەرێژەی (21.8%)ی دەنگە دروستەکانی پارێزگاکە کە ژمارەیان (626 هەزار و 224) دەنگ بوو لە کۆی (ملیۆنێک و 87 هەزار و 73) کەس کە مافی بەشدارییان هەبوو. بەم پێیەش نەوەی نوێ (8) کورسی پارێزگاکەی بردەوە لە کۆی ئەو (36) کورسییە گشتییەی تەرخانکرابوو بۆ پارێزگای سلێمانی. - دەنگی نەوەی نوێ لە پارێزگای دهۆک (46 هەزارو 631) دەنگ بوو بەرێژەی (8.5%)ی دەنگە دروستەکانی پارێزگاکە کە ژمارەیان (548 هەزار و 15) دەنگ بوو لە کۆی (729 هەزار و 347) کەس کە مافی بەشدارییان هەبوو. بەم پێیەش نەوەی نوێ (2) کورسی پارێزگاکەی بردەوە لە کۆی ئەو (24) کورسییە گشتییەی تەرخانکرابوو بۆ پارێزگای دهۆک. - دەنگی نەوەی نوێ لە پارێزگای هەڵەبجە (4 هەزارو 732) دەنگ بوو بەرێژەی (12.2%)ی دەنگە دروستەکانی پارێزگاکە کە ژمارەیان (38 هەزار و 936) دەنگ بوو لە کۆی (60 هەزار و 252) کەس کە مافی بەشدارییان هەبوو. بەم پێیەش نەوەی نوێ هیچ کورسییەکی پارێزگاکەی نەبردەوە لە کۆی ئەو (3) کورسییە گشتییەی تەرخانکرابوو بۆ پارێزگای هەڵەبجە. دەنگەکانی نەوەی نوێ لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا - بە گرافیک- سەرچاوە - دامەزراوەی میدیایی درەو، هەڵبژاردنەکانی کوردستان؛ نەوەی نوێ، چاپی دووەم، 2025.
مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو) لە کتێبی «هەلومەرجی مرۆڤ»دا ژنە فەیلەسوفی ئەڵمانی هانا ئارێنت، باس لە لەدایکبوونی مرۆڤ دەکات و ئەم لەدایکبوونەش وەک رووداوی هەرە گرنگی ناو بوون نمایشدەکات. لەدایکبوون لێرەدا تەنها دیاردەیەکی بایۆلۆژی نییە، بەڵکو دیاردەیەکی ئینسانی گرنگە. ئارێنت ئەم لەدایکبوونە وەک توانایەک بۆ دروستکردنی «سەرەتای تازە»، بۆ دەستکاریکردنی جیهان، بۆ دروستکردنی شتی جیاواز، کە پێشتر نەبووبێت و نەناسراو بێت، واتە بۆ داهێنانی جیهانێکی تەواو تازە، دەناسێنێت. بەجۆرێک لەگەڵ لەدایکبوونی هەر منداڵێکدا ئەگەری دەسکاریکردن و گۆرانی جیهانیش لەدایکدەبێت. چەمکی «لەدایکبوون» لێرەدا تەنها لەدایکبوونێکی بایۆلۆژیی نییە، تەنها هاتنی منداڵ یان مرۆڤی تازە بۆ ناو جیهان نییە وەک رووداوێکی بایۆلۆژیی، بەڵکو رووداوێکی سیاسیشە، پێداگرتنە لەسەر توانای ناوەکیی مرۆڤ وەک ئەگەرێکی گەورە و بەهێز بۆ دەسکاریکردن و گۆڕین و تازەکردنەوەی جیهان. بەڵام وەگەڕخستنی ئەم توانا ناوەکییە و ئەم ئەگەری دەستکاریکردنەی جیهان، شتێکی خۆبەخۆ و ئۆتۆماتیکی نییە، مرۆڤ بۆ ئەوەی بتوانێت دەسکاری جیهان بکات، بەر لە هەمووشتێک، پێویستی بە ئازادییە. ئازادیی ئەوەی بتوانێت قسەبکات و توانای پەیوەندیکردنی بە مرۆڤەکانی ترەوە هەبێت و لەم رێگایەشەوە بکرێت گفتوگۆ بکەن لەسەر ئەوەی چی باشە بیکەن و چی سود بە پێکەوەبوون و ژینگەکەیان دەگەیەنێت، ئەنجامیبدەن. ئینجا ئازادیی ئەوەیشیان هەبێت کردە و هەڵسوکەوت و پراکتیکیان هەبێت، واتە بتوانن لە ڕێگای کردارەوە شتێکی تازە دەستپێبکەن و شێوازی بەڕێوەچوونی شتەکان بگۆڕن. مرۆڤ پێویستە ئەو دوو جۆرە ئازادییەی هەبێت بۆ دروستکردنی جیهانێکی تازە. یەکەمیان، توانای پەیوەندیکردنێکی ئازاد لەگەڵ جیهان و کەسەکان و ئەو ژینگەیەدا کە دەکەوێتە ناوییەوە. دووهەمیان، ئازادیی ئەوەی بتوانێت کردە و پراکتیکی هەبێت. ئەگەر لەدایکبوونی هەر منداڵێک، وەک ئارێنت دەڵێت، ئەوەمان وەبیربهێنێتەوە کە جیهان کراوەیە بۆ تازەکردنەوە و دەسکاریکردن، جیهان هەرگیز پرۆژەیەکی نەگۆڕ و جێگیر و تەواوبوو نییە. توانای سەرلەنوێ دەستپێکردنەوە و دروستکردنی سەرەتای تازەش، تەنانەت لە بەرامبەر چەقبەستوویی جیهاندا، یان لەناو دۆخێکی تەواو نائومێدیشدا، هەر هەیە و دەتوانێت ئامادەبێت. بەڵام، وەک ووتم، ئەم توانایە گرێدراوی ئەوەیە ئایا مرۆڤ ئازادە و دەتوانێت کردەی ئازاد پیادەبکات. ئایا جیهان خۆیشی شتێک لە کرانەوەی تێدایە، یاخود تەواو قوفڵدراو و داخراوە. هەموو ئەمانە مانای ئەوەیە، مەرجی یەکەمی دروستبوونی دۆخێک مرۆڤ بتوانێت تیایدا جیهان دەسکاریبکات، ئازادییە. کە ئازادیی نەبوو، وەک ئەوە وایە مرۆڤ کەوتبێتە ناو قەڵا و نەفەقێکی داخراوەوە. گەورەکان بە هێنانی مرۆڤێکی نوێ بۆ ناو جیهان، هەم بەرپرسیارێتی پاراستنی ئەو میوانە و هەم بەرپرسیارێتی پاراستنی جیهانیشیان لەسەرە، بەجۆرێک ئەو جیهانە بتوانێت نەک تەنها ژیانی ئەو بوونەوەرە تازەیە لەئامێزبگرێت و بپارێزێت، بەڵکو خودی ئەو میوانە تازەیە وەک بوونەوەرێکی ئازاد و خاوەن ماف و خاوەن متمانە بهێنێتە جیهانەوە. جیهان پێویستە جێگەیەکی متمانەپێکراو بێت بۆ نیشتەجێبوون و سەرزەمینێکیش بێت بکرێت تیایدا مانا و بەرپرسیارێتی بەرهەمبهێنرێت. بەرپرسیارێتیی ئەخلاقیی مانای ئەوەیە دان بەوەدا بنرێت کە جیهان موڵکی ئەو بوونەوەورە تازەیەشە کە تازە هاتۆتە ناوییەوە، وەکچۆن موڵکی ئەوانەیشە بەر لەو و دوای ئەویش هاتوون و دێنە ناو ئەو جیهانەوە. جیهان موڵکی مرۆڤە وەک شوێنێک بتوانێت تیایدا قسەبکات و دەربکەوێت و بڕیاربدات و کاربکات، لەم رێگایانەشەوە دەسکاری ئەو جیهانە بکات و تازەیبکاتەوە. مەرجێکی دیکەی توانای دەسکاریکردنی جیهان، هەبوونی ئەو بەرپرسیارێتییەیە. وەک ووتم، لە دیدگای هانا ئارێنتەوە، هاتنی هەر منداڵێک بۆ جیهان تەنها کردەیەکی بایۆلۆژیی نیە، بەڵکو کردەیەکی سیاسیی و ئەخلاقیی قوڵیشە کە بەرپرسیاریەت ژێرخانە مرۆییەکەیەتی. مرۆڤ لەاناو ئەو کردە سیاسیی و ئەخلاقییەدا، لەناو ئەو بەرپرسیارێتیەدا، جارێکی دیکە لەدایکدەبێتەوە. ئەم لەدایکبوونەوەیەش کردەیەکی سیاسییە چونکە دەشێت پرۆژەی دەسکاریکردنی جیهان بێت. هەموو کردەیەکی گۆڕین و تازەکردنەوە کردەیەکی سیاسییە. هاوکات کردەیەکی ئەخلاقیشە، چونکە هاتنی هەر منداڵێک پێویستی بە جۆرێک لە پێشوازیی و ئامێزبۆکردنەوە هەیە، وا لەو منداڵە بکات متمانە بە جیهان بکات. بوونی «متمانە بە جیهان» مەرجێکی گرنگی خواست و ویستی دەسکاریکردنی جیهانە. متمانە لێرەدا رۆڵێکی سەرەکیی و دەستنیشانکەر دەبینێت. متمانەی مرۆڤ بەو ژینگەیەی تیایدا دێیتە ناو جیهانەوە، متمانە بەوانەیش لەو ژینگەیەدا دەژین و هاتنی ئەو بۆ ناو جیهان وەک رووداوێکی تایبەت دەبینن و مامەڵەدەکەن. جیهان لەم ئەزموونە ئینسانییەدا دەگۆڕێت بۆ ماڵ، ماڵێک تیایدا متمانە بە بوونی پەناگایەک بۆ پاراستن، هەبێت. ماڵێک هەمووان بە هەمان ماف و بەرپرسیاریەتەوە داڵدەبدات. بەمەش هەم ڕادەی متمانەکردن بەو ماڵە و هەم بەو جیهانەیش کە ئەو ماڵە لە ئامێزدەگرێت، گەورەتر و هەمەلایەنتر، دەبێت. هەموو ماڵێکیش لەناو فەزایەکی مەجازیی و فەزایەکی لە وشە و زمان دروستکراودا نیشتەجێیە. هەموو ماڵێک لەناو کۆمەڵێک گوتاردا نیشتەچەیە. زمان لەناو ئەو گوتارانەدا تەنها ئامرازیی پەیوەندیکردن نییە، بەڵکو ئامراز و سەرچاوەی مانا و خەون و متمانەشە. ئەوەی دەگوترێت و دەنووسرێت، دەبێت شایانی ئەوەبێت متمانەی پێبکرێت، بکرێت وەک بوونەوەرێکی خاوەن ماف لەگەڵیدا بژیت، پێویستی بە گومان و پشکنینی بەردەوام نەبێت، کاری بەرهەمهێنانی رق و بوغز و دوژمنایەتی نەبێت. ئەو بڕەیش لە راستیی تێدابێت کە قابیلی باوەڕ و متمانەپێکردن بێت. زمان بەشێکە لە فەزایەکی مەجازیی گەورەتر. ئەم فەزا مەجازیەش پێویستە فەزایەکی کراوەبێت و توانای گەشەکردن بۆ کەسە جیاوازەکان دابینبکات. یەکێک لە ئاکارە سەرەکییەکانیشی ئەوەبێت کە دەشێت دەسکاریی جیهان بکرێت و سەرلەنوێ بنیاتبنرێتەوە. فەزایەک خەیاڵی کەسەکان ئازادبکات بۆ وێناکردنی ئەلتەرناتیڤی جیاواز و ئەو باوەڕە لەناو مرۆڤدا بچێنێت، کە دەشێت لە جیهانێکی دیکەدا بژین. بەو مانایانەی سەرەوە، چەمکی لەدایکبوون لای ئارێنت چەند چەمکێکی وجودیی و بوونگەرایانەیە، باس لە هاتنی کەسێک بۆ ناو بوون لە جیهاندا، دەکات، هاوکات چەمکێکی سیاسیشە و گرێدراوە بە توانا و ئەگەری دەسکاریکردن و گۆڕینی جیهانەوە. گرێدراو بەو بیرۆکەیەوە کە ئەوەی لە ئێستادا هەیە و دروستکراوە، ئەبەدیی و هەمیشەیی نییە و ژیانی هیچ مرۆڤ و کۆمەڵگایەک بە تەواوی لەلایەن ئەم، یان ئەو هێز و ئەم یان ئەو نەوە و سەردەمەوە، قۆرخ و دیارینەکراوە. سەرجەمی ئەو چەمک و مانایانەی لەسەرەوە باسمکردن، بەشێکن لە سیاسەت بە مانا راستەقینەکەی سیاسەت. سیاسەت وەک چالاکیی بەرهەمهێنانی ژیانێکی گشتیی هاوبەش، تیایدا مرۆڤەکان هەم دەربکەون و بەشداربن و کردەیان هەبێت، هەم گفتوگۆبکەن و رابگۆرنەوە و گوێ لەیەکتریی بگرن. سیاسەت لێرەدا سەرزەمینی دەسەڵات و باڵادەستبوون و تەماحی کۆمەلایەتیی نییە، بەڵکو دەرەنجامی کۆبوونەوەی کەسەکانە کاتێک بەیەکەوەدەژین و بیردەکەنەوە و گفتوگۆدەکەن و کردەی تایبەت لە پەیوەندیدا بە ژیانی هاوبەش و پێکەوەییانەوە ئەنجامئەدەن. لەناو ئەمانەشدا جیهان لەگەڵ یەکتریدا دابەشدەکەن. جیهانێک هەم دەگمەنبوون و تایبەتمەندبوونی هەر یەکێک لەو کەسانە نیشانبدات، هەم ئازادیشیان بەرز بنرخێنێت و بپارێزێت، هەم کەسەکان بگۆرێت بۆ بکەری ژیانی خۆیان و ژیانی پێکەوەییان. سیاسەت لێرەدا ئامرازێک نییە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجی تر، لەوانەش، بۆ نموونە، ئامارزی بەدەستهێنانی دەستکەوتی ئابووریی و دەستەبەرکردنی قازانجی تایبەت، بەڵکو بریتییە لە چالاکیی تەعبیرکردنێکی تاکەکەسیی و دەستەجەمعی کەسەکان لە ئازادییان، تەعبیرکردن لە پێکەوەبوونیان لەناو جیهاندا. ئەمەش لە دونیای ئەمرۆدا مانای تەعبیرکردنی کەسەکان لە خۆیان لەو جیهانەدا، وەک هاوڵاتیی یەکسان و بەرپرسیار، هاولاتیی خاوەن هەمان ماف و هەمان بەرپرسیاریەت. هەم سیاسەت و هەم هەڵبژاردن لە دونیای ئێمەدا، تەواو پێجەوانەی ئەو شتانەن باسمکردن. سیاسەت و هەڵبژاردن کردەیەکن نە متمانە دروستدەکەن، نە ئازادیی و نە هاوڵاتیبوونیش. کردەیەکن سەرجەمی ئەو ئەگەرانە دەسڕنەوە کە مرۆڤ دەکاتە بوونەوەرێکی جیهان دروستکەر و جیهانگۆڕ. بۆیە ئاساییە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانیش، هەڵمەتی درۆکردن و خڵەتاندن و وادەی درۆ و سڕینەوەی متمانە بە هەمووشتێک، بن. ئەگەر پێشوازیکردن لە منداڵ بۆ ناو جیهان، لای ئارێنت، دانپێدانانێکی قووڵ و هەمەلایەن بێت بە توانای مرۆڤدا بۆ دروستکردنی سەرەتا و دەستپێکی نوێ، پابەندبوون بێت بە دروستکردنی جیهانێکەوە بتوانێت ئەو توانا تایبەتە، بگرێتەخۆی و بیپارێزێت. ئەوا سیاسەت و هەڵبژاردن بەو جۆرەی لە دونیای ئێمەدا هەن و ڕووئەدەن، ساتەوەختێکن تەواو دژ بە توانای دەسکاریکردنی جیهان.
درەو: (ئاییندەی ژینگە) گۆشەیەكی هەفتانەیە مەعروف مەجید سەرۆكی رێكخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە رۆژانی شەممە بۆ (درەو) دەینوسێت ? لە وڵاتێکداین، سەرەڕای ئەوەی گرفتە ژینگەییەکانی ساڵ لە دوای ساڵ ڕوو لە زیادبوون دەکەن، لەگەڵ هاتنی وادەی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران، پەرلەمانی کوردستان، ئەنجومەنی شارەوانییەکان، حزب و لیست و قەوارە سیاسییەکان، پەنا دەبەنە بەر بانگەشەی هەڵبژاردن، ئەویش لە ڕێگەیەک، کە هەر لەسەرەتای کارەکەوە تا کۆتایی مەترسی و گرفتن بۆ سەر ژینگە. ? لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، (6 هەزار و 464) شوێنی چاپ بوونی هەیە، لەناویشیاندا، (6) کارگەی گەورەی چاپی پەڕۆ هەن، هەر چەندە هەندێ جار کاری فلێکسیش دەکەن، ئەوانەی بە تەنها کاری فلێکس دەکەن پلەدوون، نزیکەی (3 هەزار) چاپخانەن. ? بانگەشەکانی هەڵبژاردن لە ڕێگەی فلێکس و کاغەز و پەڕۆوە، کەمترین کاریگەری لەسەر گۆڕینی بۆچوون و ئاراستەی دەنگدەر دەکات. ? بۆ ئەوەی ژینگەی وڵاتەکەمان نەشێوێت و تێک نەچێت، دەتوانین بیر لە چارەسەری ژینگەییانە بۆ بانگەشەکانی هەڵبژاردن بکەینەوە، لایەنی کەم ئەگەر نەتوانین دۆستی ژینگەش بین بیر لە دانانی دەیان کارگەی ڕیسایکڵین بکەینەوە لایەنی کەم ئەو پاشماوانە کۆبکرێنەوە و جارێکی تر ڕیسایکڵ بکرێنەوە. بانگەشەیەک بە کەلو پەلی دوژمنی ژینگە سەرەڕای پێشکەوتنەکانی تەکنەلۆژیا و بوونی دەیان هۆکاری گواستەوە و گەیاندن، لە کوردستان لە ساڵی (1992)ەوەو لە عێراقیش لە ساڵی (2005)ەوە بانگەشەکانی هەڵبژاردن لە ڕێگەی فلێکس و کاغەز و پەڕۆوە ئەنجام دەدرێن. ئەوە لە کاتێکدایە، بە پێی لێکۆڵینەوە زانستییەکان کەمترین کاریگەری لەسەر گۆڕینی بۆچوون و ئاراستەی دەنگدەر دەکات و زیاتر کارێکی ڕواڵەتییە. هەرێمی کوردستان و بانگەشەی هەڵبژاردن چوار ساڵ جارێک لە هەرێمی کوردستان، هەڵبژاردنی پەرلەمان ئەنجام دەدرێ، هەندێ جار وادەکەشی دوادەکەوێت، لە نێوان حزب و قەوارە و کەسایەتییە سەربەخۆکان، زۆرترین فلێکس بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاردەهێنرێت، بە تایبەتی ئەگەر هەڵبژاردنەکان یەک بازنە بێت، ئەو کات بانگەشەکان لەسەر ئاستی شارەکان زیاتر گرنگی پێدەدرێت. (عومەر زۆرباش - سهرۆكى كۆمهڵهى چاپخانهكانی کوردستان) بە گۆشەی ئایندەی ژینگەی ڕاگەیاند؛ لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، (6 هەزار و 464) شوێنی چاپ بوونی هەیە، لەناویشیاندا، (6) کارگەی گەورەی چاپی پەڕۆ هەن، هەر چەندە هەندێ جار کاری فلێکسیش دەکەن، ئەوانەی بە تەنها کاری فلێکس دەکەن پلەدوون، نزیکەی (3 هەزار) چاپخانەن. (سیروان حەمە مەحموود - خاوەنی یەکێک لە کارگەکانی چاپکردن)، ئاماژە بەوە دەکات، تەنها لە کارگەکەی ئەوان بۆ شارەکانی عێراق بڕی، (ملیۆنێک) تیشێرت، (2 ملیۆن) ملپێچ، (700 تا 800) کڵاو، (2 تا 3 ملیۆن) ئاڵا درووست کراوە. بۆ بانگەشەی لیستی پارتیش بڕی (4 ملیۆن) ئاڵا، (250 هەزار) تیشێرت، (100 هەزار) ملپێچ، چەند هەزار کڵاوێکیش درووست کراون و ئەم ژمارەیە زیاتر دەبێت. لیست و قەوارەکان چیان بۆ بانگەشە درووستکردووە؟ کۆمەڵی دادگەری کوردستان، لە سێ بازنە کاندیدی هەیە، لەلایەن مەکتەبی هەڵبژاردنی ئەو حزبەوە (5 هەزار) مەتر فلێکس بۆ سەرجەم بازنەکان چاپکراوە، جگە لە هەندێ کاندید بۆخۆیان فلێکسی تریان درووست کردووە. بە پێی زانیارییەکان، ڕەوتی هەڵوێست بۆ (37) کاندید لەسەرجەم بازنەکان، هەر کاندیدێک (50) فلێکسیان بۆ درووست کراوە، لەناویشیاندا کاندید هەیە فلێکسی بۆ خۆی درووست کردووە. دەربارەی لیستەکانی، یەکێتی و پارتی و یەکگرتوو و نەوەی نوێ، زانیارییمان دەست نەکەوت، وێڕای پەیوەندی کردن بە سەرۆکی لیست و کاندیدەکانیانەوە، بەشێک لە کاندیدەکان ئاماژەیان بەوە کرد، لەلایەن حزبەوە فلێکسیان بۆ دابینکراوە و نازانن چیان بۆ کراوە، خۆشیان بەشێکی تریان درووست کردووە. بەپێی زانیارییە نافەرمییەکان، هەرێمی کوردستان، تەنیا لە بانگەشەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان نزیکەی (3 ملیۆن) مەتر فلێکس بەکارهێنراوە. عێراق بە گشتی: بە لەبەرچاوگرتنی ژمارەی پارێزگاکان، ژمارەی زۆری کاندید (بە تایبەت لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە هەزاران کەس خۆیان کاندید دەکەن) و چڕی بانگەشە لە پارێزگا گەورەکانی وەک بەغدا، نەینەوا و بەسرە، پێشبینی دەکرێت ئەو ڕێژەیە لە سەرانسەری عێراقدا چەندین هێندەی ئەو ژمارەیە بێت، کە لە هەرێمی کوردستان بەکارهێنراوە، واتا چەندین ملیۆن مەتر فلێکس بەکاردەهێنرێت. تێچووی زۆر: بەپێی هەندێک سەرچاوە، کۆی خەرجی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن لە عێراقدا دەگاتە زیاتر لە (100 ملیار) دینار، کە بەشێکی زۆری ئەو خەرجییە بۆ چاپکردن و دانانی فلێکسەکان دەڕوات. لە کاتی هەڵبژاردنەکانی عێراقدا، بە تایبەت لە شارە گەورەکان و ناوچە کێشە لەسەرەکان، بەکارهێنانی فلێکس و پۆستەر دەگاتە ئاستێکی زۆر، کە زیانی گەورەی ژینگەیی و شێواندنی سیمای شارەکانی لێدەکەوێتەوە. تێچووی دارایی فلێکسی بانگەشە بەکارهێنانی ملیۆنەها مەتر فلێکس تێچوویەکی زۆری دەوێت، بۆ نمونە: نرخی چاپکردن: نرخی چاپکردنی یەک مەتر چوارگۆشە لەسەر فلێکس نزیکەی (3، 5 و 6) دۆلاری ئەمریکییە، بەبێ چوارچێوە، ئەمە جگە لە نرخی ماددە خامەکان و کرێی کار. خەرجی گشتی: بەپێی هەندێک لێکۆڵینەوەی ئابووری، پێشبینی دەکرێت کۆی ئەو پارەیەی لایەنە سیاسییەکان و کاندیدەکان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن لە سەرانسەری عێراق خەرجی دەکەن، بگاتە زیاتر لە (100 ملیار) دینار، کە بەشێکی بەرچاوی ئەم پارەیە بۆ فلێکس و پۆستەر دەڕوات. کرێی شوێن: زۆرجار کرێی دانانی تابلۆ گەورەکان لەسەر باڵەخانە و شوێنە گشتییە دیارەکان بۆ ماوەی بانگەشە زۆر بەرزە و دەگاتە دەیان ملیۆن دینار. عێراق، لە یەکەم ڕۆژی بانگەشە، یەک ملیوێن وێنە و فلێکسی تێپەڕاند ناوەندی ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق ڕۆژێک دوای بانگەشەی هەڵبژاردن ئاشکرای کرد، ژمارەی وێنەی کاندیدەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە سەرانسەری پارێزگاکانی عێراق یەک ملیۆن وێنەی تێپەڕاندووە، لە ماوەی یەکەم و دووەم ڕۆژی دەستپێکردنی فەرمی بانگەشەی هەڵبژاردن. حازم ڕوداینی، جێگری سەرۆکی سەنتەرەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەوەی ئاشکراکردووە، "ژمارەی ئەو پۆستەرانەی لەسەر شەقامەکان دانراون ملیۆنێکیان تێپەڕاندووە، کە زۆرینەی ئەو پۆستەرانە لە دیوی ڕەسافەی بەغدای پایتەخت بوون". بەغدا گەورەترین بازنەی هەڵبژاردنی هەیە، بە لەبەرچاوگرتنی ژمارەی دانیشتوانی پایتەخت کە زیاتر لە (9 ملیۆن) کەسە و زیاتر لە نیوەی ئەو ژمارەیە لە دیوی ڕەسافەی شارەکە نیشتەجێن. روداینی پێشبینی زیادبوونی ژمارەی پۆستەر و بانگەشەی ڕیکلامی کرد لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتا ڕۆژی بانگەشەی هەڵبژاردن. زیانە ژینگەییەکانی پاشماوەی فلێکس بەکارهێنانی فلێکس و پۆستەری زۆر، کاریگەرییەکی نەرێنی گەورەی لەسەر ژینگە و سیمای شارەکان هەیە: ماددەی ژەهراوPVC) : ) ماددەی سەرەکی فلێکس، کە بریتییە لەPolyvinyl Chloride - PVC)) ماددەیەکی ژەهراوییە. کاتێک دەسووتێندرێت، گازی ژەهراوی دەردەدات، کە مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی هەناسە زیاد دەکات. پیسبوونی ژینگە: دوای کۆتاییهاتنی بانگەشەکان، ئەو فلێکس و پۆستەرانە وەک پاشماوەیەکی زۆر دەمێننەوە. زۆرجار بە شێوەیەکی نادروست فڕێدەدرێن یان دەسووتێندرێن، کە دەبێتە هۆی پیسکردنی زەوی و ژینگە. پیسبوونی هەوا: لە کاتی سووتاندنی گازی ژەهراوی وەک دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و کلۆر و دایۆکسین و فۆسجین دەردەکەن، کە هەوا پیس دەکەن و کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی هەناسەدان دروست دەکەن. پیسبوونی خاک و ئاو: پلاستیکەکان زۆر بە هێواشی شی دەبنەوە و خاک و ئاوی سەرزەوی پیس دەکەن، کە لەوێدا ماددە کیمیاییە ژەهراویەکان و مایکرۆپلاستیکەکان دەتوانن بچنە ناویانەوە. کاریگەری لەسەر ژیانی دەریایی: پاشماوەی فلیکس لە زەریاکاندا کۆدەبێتەوە، لەوێدا دەخورێت یان بە زیندەوەرە دەریاییەکانەوە دەلکێت، ئەمەش زیان بە ئیکۆسیستەمی دەریایی دەگەیەنێت. شێواندنی دیمەنە سروشتییەکان: پلاستیک بە ئاسانی بەهەڵم نابێت، دیمەنی شارەکان دەشێوێنێت و سەرنجڕاکێشی بینینیان کەمدەکاتەوە. کاریگەری لەسەر بەرهەمە کشتوکاڵییەکان: دەتوانێت چینێکی عەزلی بەسەر خاکدا دروست بکات، کاریگەری لەسەر گەشەی ڕووەکەکان و بەپیتی خاک دەبێت. کاریگەری لەسەر جۆراوجۆری زیندوو: پاشماوەی پلاستیک دەتوانێت سوڕی ژیانی سروشتی ئاژەڵان تێکبدات، وەک پرۆسەی زاوزێ، ئەمەش دەبێتە هۆی تێکچوونی زنجیرە خۆراکییەکان. شێوازەکانی فڕێدانی مەترسیدار سووتاندن: زیانبەخشترین ڕێگایە، بەو پێیەی پیسکەری زیانبەخش و گازی ژەهراوی دەخاتە هەوا. زبڵدان: پاشماوە بۆ سەدان ساڵ لە زبڵدانەکاندا دەمێنێتەوە، ئەمەش بەشدارە لە پیسبوونی خاک و ئاوی ژێر زەوی و مەترسی لەسەر تەندروستی گشتی و ژینگە دروست دەکات. بانگەشەی هەڵبژاردنی دۆستی ژینگە چۆنە؟ پاڵنەرەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی دۆستی ژینگە، بزووتنەوەیەکی گەشەسەندووە، کە چارەسەری ئەو پاشەڕۆ و شوێنپێی کاربۆنی بەرچاو دەکات، کە بەهۆی شێوازە تەقلیدییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانەوە دروست دەبن، لە ئێستادا لە وڵاتە پێشکەوتووەکان کاری لەسەر دەکرێت. دەستپێشخەری سەرەکی بۆ "هەڵبژاردنی سەوز" ڕێبازی "هەڵبژاردنی سەوز" تیشکدەخاتە سەر کەمکردنەوەی کاریگەرییە ژینگەییەکانی تەواوی پرۆسەی هەڵبژاردن. بوارە سەرەکییەکانی گرنگیدان بریتین لە: کەمکردنەوەی پاشماوەی پلاستیک و کاغەز: هەوڵ بدرێت کەمترین بەکارهێنانی ماددە زیندووەکان وەکو پلاستیکەکانی تاک بەکارهێنانSUP) ) لە بانەر و پۆستەر و ئامرازەکانی تری هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا، کە زۆرجار دوای هەڵبژاردنەکان دەبنە پاشماوەی بەڕێوەنەچوو. پێشخستنی بەکارهێنانی کاغەزی ڕیسایکل کراو، ئاڵای قوماش، کەرەستەی دووبارە بەکارهێنەرەوە وەک بەدیل. هاندانی دیجیتاڵکردنی پرۆسەکانی ناوخۆ لەناو دەستەکانی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکان و پارتە سیاسییەکان، بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کاغەزی چاپی نوێ. گواستنەوە بۆ کەمپەینی دیجیتاڵی: بەکارهێنانی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان (ماڵپەڕ، سۆشیال میدیا، ئیمەیڵ، شاشەی ڤیدیۆی گشتی) بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن، ئەمەش پێویستی بە کەرەستەی فیزیکی و بەفیڕۆدان و تێچووی پەیوەندیدار کەمدەکاتەوە. کەمکردنەوەی شوێنپێی کاربۆن: هاندانی کەمکردنەوەی گەشتکردن بە ئۆتۆمبێل بۆ گەشتەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردن و دانانی ڕەقەمی پاسکیل لە ئۆفیسەکاندا بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەهراوی ئۆتۆمبێل. بەکارهێنانی ئامێری دەنگدانی ئەلیکترۆنی EVM)) لە هەندێک وڵاتدا وەک بژاردەیەکی دۆستی ژینگە سەیر دەکرێت کە ملیۆنان تۆن کاغەز پاشەکەوت دەکات. تەنانەت هەندێک لایەن بەدواداچوونیان بۆ دەردانی کاربۆنی هەڵمەتەکەیان کردووە (لە ئۆتۆمبێل و کارەباوە) و دواتر بە چاندنی نەمام قەرەبوویان کردووەتەوە. بە کورتی، بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی دۆستی ژینگە هەم هەوڵی ناوخۆیی بۆ کەمکردنەوەی شوێنپێی ئیکۆلۆژی خودی هەڵمەتەکان و هەم هەوڵی دەرەکی بۆ دڵنیابوون لە سیاسەتەکانی ژینگە و کەشوهەوا ناوەندی مشتومڕی سیاسی گشتی و کارنامەی یاسادانان لەخۆدەگرێت. لە کۆتایدا، ئێمەش دەتوانین وەکو هەر وڵاتێکی تر بۆ ئەوەی ژینگەی وڵاتەکەمان نەشێوێت و تێک نەچێت، بیر لە چارەسەری ژینگەییانە بۆ بانگەشەکانی هەڵبژاردن بکەینەوە، لایەنی کەم ئەگەر نەتوانین دۆستی ژینگەش بین بیر لە دانانی دەیان کارگەی ڕیسایکڵین بکەینەوە لایەنی کەم ئەو پاشماوانە کۆبکرێنەوە و جارێکی تر ڕیسایکڵ بکرێنەوە.
